من راوێژكاری فلمی (بەكرێگیراوی سپیم )
ئەوە كێیە ئەوەندە جاهلو مەرگدۆستە شین بۆ مردوكان دەكاو بەرد بۆ زیندووەكان دەهاوێ.؟!
عومەر محەمەد
ژمارە (5)ی گۆڤاری (برین) بەناو نیشانی (فلمێ ئەز كرێگرتیە سپی مە) بابەتێك بڵاوكراوەتەوە، گوایا فلمەكە بەباشی باسی ڕۆڵی موستەشاران دەكات.! یاران ئەمە چ قسەیەكی خوارو خێچو نابەرپرسیارانەیە؟ ئەرێ ستافی (برین) فلمە كەیان دیووە ؟ هەتا وەها شەكرێكی لەبارەوە بشكێنن؟ ئەی ئەو جورئەتی بێباكیە لەكوێوە هاتووە ؟ !
كە هەواڵی فلمی دۆكۆمێنتاری ( من بە كرێگیراوی سپیم) بڵاوكرایەوە. كەسێكی لەهەموو كاسەدا ئەسكوێ، دیسان خۆی سەغلەتكردو كەوتەوە هەراو غەلبەغەڵبو قسە فرێدان. بەڵام بەهەندمان نەگرتو ناچارنەبووین قسەیەكی لەبارەوە بكەین، بێگومان ئەم وەڵامەش تەنها بۆ گۆڤاری (برین)ە لەبەرئەوەی زمانحاڵی سەنتەرێكی ئەنفالە، دەنا قسەكانی ئەویش شایانی وەڵامدانەوە نین، هەرچەندە دەبوو بزانن لەكەداركردنی ئەو فلمە بێڕێزییە بەسینەمای كوردیو بەو هەزاران ئینسانەی جاشێك بووە فریاد رەسیانو ئێستا لە گەرمیان بە زیندووییو سەلامەتی دەژین..
بەداخەوە (برین) پشتی بەقسەی كەسێك بەستووە كە ڕوون نیە بۆچی ناوی ناهێنێ ؟! ئەو كەسە بەخەیاڵی خاو هەولێدابوو دەنگی كەسوكاری ئەنفالكراوان بەگژ ئەم فلمەدا هەڵخرێنێو كەمپین لەدژی دروستبكات..! بێخەبەر لەوەی زۆرترین كارەكتەرو قسەكەری فلمەكە كەسوكاری ئەنفالكراوان خۆیانن..بەلای كەمەوە سێ كەسیان ئەندامی كۆمەڵەی داكۆكی قوربانیانی ئەنفالن، چواریان تاكە دەربازبووی خانەوادە ناسراوەكانی گەرمیانو یەكێكیشیان ساڵح هەلاجی شاعیرە، كە شیعرو هاوسەرو منداڵەكانی پێكەوە ئەنفالكراون . راوێژكاری فلمەكەش بەندە” سەرنوسەری گۆڤاری ئەنفالستان” م. دوای ئەو هەموو هەڵا بێبنەمایە ئیتر خێرە گۆڤاری برین لەو دورەوە كەوتووەتە تەقە ؟
ستافی برین هەق بوو نرخی قسە بزانن، نەك بەبێ بەڵگەو لەگۆترە بنوسن: (وەزارەتا ڕۆشنبیریو لاوان یا حكومەتا هەریما كوردستانێ ڤەهاتیە ڕاوەستاندن لیژنەكا ڤەكۆلینێ ل سەر ناڤەرۆكا فلمێ هاتیە دانان ) ئەگەر ڕاست دەكەن بائەنجامی لیژنەكە بڵاوبكەنەوە. ؟ بابزانین ناوی ئەندامانی ئەو لیژنەیە كێن ؟ كەئەوەیان نەكردووە ئیتر قسەی بێبناغە لەپای چی..؟
من وەكو راوێژكاری فلمەكە بێمنەتم لەهەرلیژنەیەك، چونكە كارەكە بەرپرسیارانە كراوەو ئەوەندەش شارەزایی هونەریمان هەیە كە هەستی ئینسانی خۆمان وكەسوكاری ئەنفال نەكەینە قوربانی، دەزانین ئەركی خۆمانو وەزیفەی هونەرە چی یە، ئەوەندە بەرچاورونین تێبگەین هەر كارێكی هونەری لەپێناوی شكۆی مرۆڤو بۆ ئاسودەیی مرۆڤ نەبێت بێبەهاو فاشلە. ئیتر گوناهی ئێمە نیە كەسێك ئەركی خۆی نازانێو وەكو رادیۆ هەر قسەدەكاو نابیستێ.
نوسیویانە وەزارەتی رۆشنبیری لیژنەی لێكۆلینەوەی بۆ فلمەكەپێكهێناوەو ڕای گرتووە..! خۆزگە راگەیاندنی كوردی ئەوەندە فلتەری شاش نەدەبوو، ئەم شەكر شكاندنە كاتێكبوو كە هێشتا فلمەكە مونتاژی تەواو نەكرابوو ..! ئیتر چی رادەگرن ؟! باشە باگریمانەی ئەوە بكەین راستەو فلمەكە تەواو كراوەو وەزارەتی رۆشنبیری رای گرتووە. ئینجا ئەوە مۆراڵە مرۆڤ شانازی بە سانسۆرەوە بكات ؟ رێگەگرتنی فلمەكان چەندە وێرانكەرە ؟ بێجگەلەجەهلودواكەوتوویی چی ترە.؟ ئێستا فلمەكە ئامادەیە بۆنمایش، درەنگ یان زوو لەڤیستڤاڵێكی سینەماییدا نمایش دەكرێ، ئەو سا چی وەڵامێك دەدەنەوە ؟ خۆزگە وەكو لەپێشەوە جورئەتی قسەی بێ بەڵگەیانكردووە، لەدوایدا كە زانرا ڕاستتان نەفەرموو، ئەوەندە جورئەت بكەن پەشیمانییەكەیان نەشارنەوە .
بڵێی وەزارەتی رۆشنبیری ئەوەندە هەژارو ماڵوێرانبێ..؟ ئەگەر بریاری راگرتنی فلمەكەی دابێ، هەقوایە ئەو كارەی بكەینە نوكتەی كابینەی شەشەم ..! دەنا خێرە رێگەلە سیدی مۆنتاژكراو كاری ناهونەری ناگرن كەمنداڵانی كورد سەقەت دەكەن، لەفلمێكەوە دەهاڵێن كەهێشتا مۆنتاژی تەواو نەبووە ؟! .
هەر ئێستا بریكارێكی وەزیری رۆشنبیری خەریكی نوسینی كتێبێكە دەربارەی هەمان موستەشار، هیوادارم وەزارەتی ڕۆشنبیری بتوانێ بلێ چاپی ناكەینو سەنتەری ئەنفالیش جورئەتی قسە بكات.
ئەرێ گۆترەكاری بۆ ( زمانحاڵی سەنتەری ئەنفال) شەرم نیە ؟ عەیب نیە پشت بەدرۆی كەسێك ببەستێ كە حەسودیو گرێَی دەرونی شپرزەی كردووە.؟! سەیر لەوەدایە نازانن باسی چی دەكەن ! مەبەستیان كام سەعیدو كام موستەشارە ؟! گوایا ئەو جاشەی كردوومانە بەپاڵەوانی فلمەكە سكاڵای لەسەرەو لە دادگا داواكراوە، شێخ رەزا ووتەنی: “شێڕڕڕڕڕڕ.وانە بوو” . وەك بڵێی ئێمەلەگوێی گادا نوستبین و پێویستمان بە ڕاویژی كەسانێك بێ كەگا بە گونان دەناسنەوە.؟ من قسەی هەموو كەس بەهەند ناگرم، بەڵام بەگۆڤاری برین دەڵێم: سەهوویت. مادام زمانحاڵی سەنتەری ئەنفالن ئەركتان بوو بەبەرپرسیارێتیەوە قسەتان بكردایە، ئەی كە ئەوەتان نەكردووە خۆتان بۆ شۆكی دوای نمایشكردنی فلمەكە ئامادەكردووە ؟.
ئەرێ سەرنوسەری گۆڤارێكی تایبەت بەئەنفال، شكاندنی خەڵكیش بەچالاكی دەزانێ ؟ بوختانیش هەر حسێبە ؟ بەلام دیارە كەسێك لانی كەمی مافو كەرامەت بۆ مرۆڤ قایل نەبێت..؟ ئەوەندەش رێزلەخۆی ناگرێت كەبەدرۆ نەخرێتەوە ؟ ئەرێ كوا شیاوە چالاكوانی ئەنفال درۆ بەدەم خەڵكەوە بكاتو كەرامەتی خەڵكی بۆ گرنگ نەبێت ؟ ئەی چۆن رێز لەئەنفالكراوان دەگرێ..!؟ كە دەلێن : دەرهێنەری فلمەكە داوای نۆبلی ئاشتی بۆ جاش كردووە ؟ درۆیان فەرموو چونكە هەرگیز ناتوانن ئەو قسەیە بسەلمێنن .
چ عەنتیكەیە، چ جەهالەتێكە هەربەناو بكەویو قسەلە بابەتێك بكەیت كە هێشتا نەتدیووە ؟ ئەرێ زمانحاڵی سەنتەرێكی ئەنفال چۆن توتی ئاسا قسەی نەزانێك دەكاتەوە ؟ نابرادەرینا ئێمەش ئەوەندە غەشیم نین خۆمان بكەین بە قوربانی جاشەكان، ئەوەندەش غافڵ نین خۆمان بكەینە نێچیرو بنێشتەخۆشەی ژێرددانی خەڵكی بێرەحمو نەفام هەتا بەكەیفی خۆیان بەردمان تێبگرن .؟
لە ساتەوەختەكانی ” كورد قڕان ” دا ڕزگاركردنی هەزاران كەس لە دۆزەخی ئەنفال جا لەلایەن باشەوە بووبێت یان جاش، نەك هەر شایانی ئەوەیە فلمێكی بۆ دروستبكرێ، هەقە شاكاری ئەدەبیو هونەری لەسەر بنوسرێت، ئەگەر ڕزگاركردنی سەدان كورد شایانی رێزلێنان نەبێ لەلایەن سەنتەری ئەنفالو چالاكوانانی ئەنفالەوە ئیدی قسەكردنیان چ بایەخێكی هەیە ؟. ئەو جاشە هەر عەیبێكی هەبێ بەوە شكۆمەندە نەیهێشت تۆوی كورد لەگەرمیان ببڕێ..! هیچی نەكردبێ گۆرێكی بەكۆمەڵی لەبیابان كەمردووەتەوە. ئەرێ ئەو چالاكوانەی ئەنفال كێَە ئەوەندە جاهلو مەرگدۆستە شین بۆ مردوەكان دەكاو بەرد بۆ زیندووەكان دەهاوێ .؟! خوابكەم گێچەڵەكە ئەوەنەبێ كە چۆن جاشەكە نا ماقوڵی وای كردووە خەڵكی رزگاركردووە..؟ هەردەبێ ئاوا لەدنیا تێگەیشتبن، هەتا ژمارەی شەهیدەكانمان زیاتر بن سەرمان بڵندترە ..!! هەتا قەبرستانەكانمان فراوانتربن شانسی بەدەوڵەت بوونمان زیاترە ..