له یادی یه‌که‌مین ساڵڕۆژی به‌رده‌باران کردنی دوعا دا
حه‌سه‌ن مه‌عروف…..
زۆر ده‌مێکه،
دڵم له جانتای سه‌فه‌ره‌که‌م ده‌رهێناوه،
له‌سه‌ر ڕه‌فه‌یه‌ک دامنابوو
سه‌رولامل تۆزاوی،
هێشتا هیلاکی هه‌شتاکان و نه‌وه‌ده‌کان
به‌ده‌موچاوییه‌وه دیاربوو.
دڵێک وه‌ک چۆله‌که سرک بوو
ئێستا ده‌ستی ناوه‌ته ژێر چه‌نه‌ی و
ئای چه‌ند هیلاکه،
له ناو قه‌فه‌سی سنگمدا
کروشکه‌ی کردووه
ته‌مه‌ڵانه خوێن دێنێ و ده‌با.
ئه‌مشه‌و نه‌م ئه‌ویست شیعر بنووسم،
شیعرێک هات و
له به‌ر پێم‌دا خۆی سه‌ربڕی.
ئه‌مشه‌و نه‌م ئه‌ویست ماچێک بکه‌م،
هۆنراوه‌یه‌ک هات و
یه‌خه‌ی خۆی له به‌ر ده‌ممدا دادڕی.
با ئه‌م دڵه ئۆقره نه‌گرتووه‌م
هێنده شپرزه نه‌بێت؟
په‌نام برده به‌ر (دوعا)
شفای بۆ بێت.
گیان و به‌رد
باوه‌شیان کردوه به یه‌کدا
له‌بانیژه‌یه‌کی ئیلهامه‌وه
بۆ شایی و لۆغانیان ده‌ڕوانم
کچ و مه‌رگیش
دوو ده‌سته خوشکی لێو به‌خه‌نده
نه ئه‌م له‌و بێزار ده‌بێت و
نه ئه‌ویش له سه‌ما کردن له‌گه‌ڵی
له‌ودیوو په‌رده‌ی چپه‌چپه‌وه
گوێم هه‌ڵخستوه،
کچ: دایه گیان ئه‌وه چۆن نه‌کوژراوی.
دایک: ڕۆڵه گیان من وه‌ک تۆ نه‌بووم
که هاتن بۆ داوام یه‌کێ له مه‌رجه‌کانیان
" ده‌بێ له مه‌رگ بترسیت"
په‌سه‌ندم کرد
به‌ڵام به‌ڵام
تۆ جه‌ند ئاشقی له‌گه‌ڵیدا و
سه‌ما ده‌که‌یت له‌گه‌ڵیداو
تۆ خۆت به مه‌رگ ده‌ڵێیت نه‌ترسیت
ئه‌م له‌چکه‌ی له مندالیمه‌وه ئاڵاوه له سه‌رم
مه‌رگ و ترسی پێکه‌وه ئاڵاندۆته ملم
من وه‌ک تۆ نیم
من وه‌ک تۆ نه‌بووم
من مه‌رگم وه‌رده‌گرت و
ده‌بوایه بیپێچم له خه‌نده و خۆشییه‌کانم
من له‌گه‌ڵ مه‌رگدا
هه‌رگیز وه‌ک تۆ لاسار نه‌بووم.
له ناوه‌ڕاستی شارێکی
بچووک، بێ باونیشان
ژنانی (کوردستان) (دوعا)یان کرد
ووتیان ئێستا هه‌رچی ناوی کچان و ژنان هه‌یه
کوژراوێکیان هه‌یه
ئه‌وان هه‌موو به ده‌نگی به‌رز(دوعا)یان کرد به‌نوێنه‌ریان
به م م س*
دوای ئه‌وه‌ی کوژراوێک و ده‌یان و سه‌دان
هه‌تا گه‌یشته هه‌زارانیان
چووه ناو مۆبایله‌کانمان
چووه ناو ئیمێڵه‌کانمان
من خۆم له وێب سایتی بی بی سی بینیم.
نوێنه‌رێکی له خوێندا گه‌وزاو
دوعا، بوو به مه‌سیحی ژنانی کوردستان.
ئه‌و بوو،
له به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ردانه‌ی که به سه‌ر سه‌رو
لامل و پرچ و مه‌مکه‌کانیا
دا ئه‌بارین هاواری ده‌کرد
ئێره مه‌مله‌که‌تی ژن کوشتنه
ئێره قه‌سابخانه‌ی ژنانه
لێره بڕیاری کوشتنی ژنێک و
خواردنه‌وه‌ی په‌رداخێک ئاو وه‌کو یه‌که.
دوعا
له ژێر به‌رد و بلۆکه‌کاندا هاته‌ده‌رێ و
ووتی من دڵنیام
دوعاتان ناگاته جێی خۆی.
منیش کاتێک له (دوعا) ڕامام،
بینیم، براکه‌م چووه خوا بکوژێت
که‌چی
خوشکه‌کانم، چوونه‌ته سه‌ر گۆڕی پیاوچاکێک و
بۆی ده‌پاڕێنه‌وه،
تا خوا بیخاته به‌هه‌شت
و له گوناهه‌کانی خۆش بێت.
دوعا ووتی:
کێ باوه‌ڕ ده‌کات ؟
برا خوشکی خۆی بکوژێت.
باوك کچی خۆی بکوژێت.
مێرد ژنی خۆی بکوژێت.
مام کچه برازای خۆی بکوژێت.
خاڵ کچه خوشکه‌زای خۆی بکوژێت.
کوره دڵدار خۆشه‌ویسته‌که‌ی خۆی بکوژێت.
پاڵه‌وانه‌کانی ده‌سته‌ی ئیختیالاته‌کان،
کچانی کۆلانه‌که‌ی خۆیان بکوژن.
هه‌موو سه‌ریان راده‌وه‌شان، باوه‌ڕناکه‌ین.
دوعا ووتی:
وه‌رن له به‌عشیقه
له که‌رنه‌ڤاڵی به‌رده‌باران کردنی مندا بیبینن
ئێستا دوعا
هه‌ر ئه‌و نزا و پاڕانه‌وه‌یه نیه،
هه‌ر ده‌چێت به‌ره‌و ئاسمان و
هیچ دیار نیه.
دوعا خۆی به منی ووت
ده‌نکێ له (ترێ)که‌ی (به‌کر عه‌لی)م* خوارد
چه‌ند شیرین بوو!
ئێستاش جێ که‌لاوه‌که‌ی ماڵیان
پارکی ئازادی یه
دوعا
له ژێر له‌ته بلۆک و به‌رده‌کانه‌وه هاته ده‌رێ
له ژێر لێوی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی له کوردستانا کوژراون
هاته ده‌رێ
له سه‌ر سه‌کۆی مه‌یتخانه‌کان هاته ده‌رێ
له ئاوه‌که‌ی دوکانه‌وه
لاشه‌ی(نیشتیمانی)* ڕاکێشایه ده‌رێ
له ژێر شمشێر ملی کچانی هێنایه ده‌رێ
له ناو ئه‌م ڕسته‌یه‌دا(نسائکم حرث لکم)
ناوی ژنانی هێنایه ده‌رێ
ووتی ئیتر
دوعا مه‌که‌ن
ئازاری 2008
* م م س مه‌به‌ستم mms مۆبایل فۆنه.
* لێره‌دا مه‌رگی دوعام به‌وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌ک داناوه بۆ لێک گرێدانی مه‌رگه‌ساتی له گه‌ڵ به‌کر عه‌لی شاعیردا.
* نیشتیمان، ئه‌و کچه بوو به فه‌رمان و له‌ژێر چاودێری(شێخ سمایلی ته‌لان) کوژرا و لاشه‌که‌یان به‌ست به به‌رده‌وه و فرێیان دایه ناو ئاوه‌که‌ی دوکان.