ئیتر بەس نیە ؟ … عومەر محەمەد
لەكۆمەڵكوژی ئەنفالدا لە كۆی سەدان هەزار كەس تەنها 13 كەس دەربازبون، لەناوئەوانیشدا بەداخەوە سێ كەسیان لە ژیاندا نەماونو ئێستا تەنها 10 كەسیان ماون، ئەوانیش بەشێوەیەكی گشتی لە ژیانێكی خراپو خراپتردا دەژین، كە دەڵێم خراپتر مەبەستم ئەوەیە لەناو خۆشیاندا هەیانە ژیانو گوزەرانی لەوانی تر خراپترە، بەداخەوە هەریەك لە (عوزێرو واحیدو ڕەمەزان) لەوڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاو (هاشمو ئەبابكر) لە كوردستان لە ژیانێكی زۆرخراپدا دەژین،ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەوژمارە كەمە لە دەربازبووانی گۆڕی بەكۆمەڵ دەبوایە كۆمەڵگای كوردستانوحكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو بیلبیلەی چاوی خۆی بیان پارێزێ، دەبوایە ماڵی ئەوان لەماڵی سەرۆكەكانو لەمالًی پەرلەمانو پەرلەمانتاران پۆشتەتروسەلامەت تربوایە وەلی ئەفسووس .. ئەوەی من لەسەر ژیانوگوزەرانی عوزێرو ئەبابكروهاشم دەیزانم حەقیقەتێكی زۆرتاڵوشەرمهێنەرە..فەرەجی تۆپخانە بۆی گێرامەوە ووتی: هەرچۆنێك بێت ئێمە دەژینو رای دەكێشین بەڵام ئەوەی زۆر مەغدورە كاك عوزێرە هەڵوەستەیەكی كردوو ووتی: عوزێر لەوێ پیتزا بەسەرماڵاندا دەگێَرێ بە سەیارەوبەنزینی خۆی، شەوێكیان سەیارەكەی لەبەفردا چەقی بوو، چەندی كردبوو كۆشابوو بۆی دەرنەچووبووكەسیش هاوكاری نەكردیوو، بۆیە ئەویش بەناچاری هەموو جلەكانی داكەندبوو خستبوویە ژێر تایەی سەیارەكەی تادەری كردبوو كەگەیشتبووەوە ماڵەوە بەتەواوی كەسیرە ببوو) ئەمە حاڵی دەربازبوانی گۆری بەكۆمەڵە..!! كەچی لەملاشەوە هەربابایەو بەناوی ئەنفالو لەسەر ئێسكوپرسكو چیرۆكە قورسەكانی ئەنفال خەریكی سەفەرو گەشتو گوزارە، بێئەوەی هەرگیز بیریان بەلای ئەوەدابچێت كە هەتا ئەو دەربازبووانە وەستابن قسەكردن بۆ ئەوان نەهاتووە .
ئەو وێنەیەی سەرەوە بەسە بۆ ئەوەی لە روخساریاندا هەموو مەینەتیەكی ئەم قوربانیانەو نەتەوەكەیان لةلايةكء نادادپەرەوەریو بێباكی حكومەت لةلايةكى تر بخوێنینەوە.
ماوەیەكی زۆرە كە زیاد لەجارێك پرۆژەیەك لەلایەن ( ناوەندی چاكو ساڵنامەی ئەنفالستان)ەوە دراوەتە پەرلەمانی كوردستانو وەزارەتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوان. كەچەند خالێكی لەخۆگرتووە وەكو دابینكردنی ژیانو سەلامەتیان ( دروستكردنی مالێك یان ئۆفیسێك بۆ ئەم دەربازبوانە) تا هەر لێكۆلیارو رۆژنامەنوسێك بتوانن لەوێ بیانبینن، هەروەها مەراسیمێكیان لەسەر ئاستی هەرێم بۆسازبكرێو تیایدا مەدالیای شكۆمەندی (ویسام شرف) یان پێبەخشرێ بەهەموو ئیمتیازاتەكانیانەوەو داوتریش ئەم مافە لەیاسای كاروباری شەهیدانوئەنفالكراواندا بچەسپێ .
بەڵام بەداخەوە تا ئەم چركە ساتە نە وەزارەتی شەهیدانو نەپەرلەمان هیچ وەڵامێكی ناوەندی چاكو ساڵنامەی ئەنفالستانی نەداوەتەوەو حسابێكیشی بۆ ئەو دەربازبوانە نەكردووە..! ئیتر كە ئەمە حاڵی ئەو دەربازبوانە بێت نازانم بۆچی بەبۆنەو بێبۆنە ئەو قسانە دوبارە دەكەنەوە كە دەڵێن شەهیدانو ئەنفالكراوان تاجی سەرمانن ..!! ئیتر نازانم ئەم قسانە كەی دەبن بەكردەوەو دەربازبوانی گۆڕی بەكۆمەڵ كەی ئاوڕیان لێدەدرێتەوەو ژیانیان چاك دەكرێت . ؟!
ئەم وتارە لە ژمارە 812 ی رۆژنامەی ( هاوڵاتی) بەرواری 26/2/2012 لەژێر ناونیشانی ئازارەكانی دەربازبوانی گۆڕی بەكۆمەڵ بڵاوكراوەتەوە لەراستیدا ئەو ناونیشانە هاوڵاتی بۆی هەڵبژاردووە، بۆیە من وای بەباش دەزانم هەربەناونیشانەكەی خۆمەوە بڵاوی بكەمەوە