سیسته‌می مێتافیزیکای ئایدیاڵ
کتێبی (فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتون) یه‌کێکه له نوێترین به‌رهه‌مه فه‌لسه‌فییه‌کانی (د. محه‌مه‌د که‌مال)، که خوێندنه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوان و سه‌رله‌به‌ری ژیان و فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون – پلاتۆ Plato)یه. گومان له‌وه‌دا نییه، که (ئه‌فلاتون) یه‌کێکه له فه‌یله‌سووفه کاریگه‌ره‌کان، (ئه‌فلاتون) هه‌میشه ئاماده‌ییی له کایه هزرییه‌کاندا هه‌بووه، چونکه یه‌که‌م فه‌یله‌سووفه بۆ یه‌که‌مینجار سیسته‌می مێتافیزیکی دامه‌زراندووه. بۆیه گه‌ڕانه‌وه بۆ (ئه‌فلاتون)، مانای گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ یه‌که‌مین سیسته‌می فه‌لسه‌فی، که زۆربه‌ی کێشه فه‌لسه‌فییه‌کانی له خۆ گرتووه.
ئه‌م کتێبه خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) و شیکردنه‌وه‌ی ره‌هه‌نده هزرییه‌کانی ئه‌م فه‌یله‌سووفه‌یه، که ئاخۆ فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) چ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی هزریی هه‌بووه له‌و کاته‌ی (ئه‌فلاتون) له ژیاندابووە، تاوه‌کو پاش مردنی. سه‌ره‌تا نووسه‌ر به شیکردنه‌وه و باسکردنی ژیانی (ئه‌فلاتون) گه‌شته فه‌لسه‌فییه‌که‌ی خۆی ده‌ست پێ ده‌کات. کاریگه‌رییه گه‌وره‌کانی ژیانی (ئه‌فلاتون)یش له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌که‌ی دهردهخارت. نووسه‌ر له دوو خاڵدا کاریگه‌ریی گرنگ له‌باره‌ی (ئه‌فلاتون)ه‌وه ده‌ستنیشان ده‌کات، خاڵی یه‌که‌م ئاماژه به‌وه ده‌دات (ئه‌فلاتون) وه‌کو منداڵی خێزانێکی ده‌وڵه‌مه‌ند خراوه‌ته به‌ر خوێندن و فێربوون، که ئه‌مه‌یش کاریگه‌ریی بنچینه‌ییی بە سەر (ئه‌فلاتۆن)دا جێ هێشتووە. له خاڵی دووه‌مدا ئەوە پێشان دەدات، که به حوکمی ده‌سته‌ڵاتی خێزانه‌که‌ی له بارودۆخی گه‌نده‌ڵیی ڕامیاری ئاگادار بووه (ل12). به هه‌مان شێوه ئه‌و خاڵه‌یش کاریگه‌ریی خۆی لە بیروباوه‌ڕی (ئه‌فلاتون) کردووە لەوەدا چۆن له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌وه بکۆڵێتەوە.
خاڵیکی دیکه‌ی گرنگ، که (د. محه‌مه‌د که‌مال) له کتێبه‌که‌یدا باسی کردووه، کاریگه‌ریی (سۆکرات)ی فەیلەسووفە، به‌تایبه‌تی رووداوی کوشتنی له لایه‌ن دەستەڵاتی ئه‌وسای یۆنان، چونکه (ئه‌فلاتون) خۆیی به قوتابیی (سۆکرات) زانیوه، ئه‌گه‌رچی ئێمه له ڕێگه‌ی (دیالۆگه‌کانی (ئه‌فلاتون)ه‌وه ئاشنای سۆکرات ده‌بین، چونکه ئه‌و فه‌یله‌سووفه هیچ به‌رهه‌مێکی نووسراوی له دوای خۆیه‌وه جێ نه‌هێشتووه. هه‌ر وه‌کو له‌م کتێبه‌دا هاتووه، (ئه‌فلاتون) له ته‌مه‌نی لاوی‌دا ئاشنایه‌تیی لەگەڵ شیعر، ئه‌ده‌ب، هونه‌ره‌وه زۆر گه‌رموگوڕ بووه، ته‌نانه‌ت شێوه‌کاریش بووه، به‌ڵام له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا گۆڕانێکی گه‌وره له دنیابینیی (ئه‌فلاتون)دا ڕووی داوە، ئەویش به هۆی ناسینی (سۆکرات)ه‌وه بووە، کە دنیابینیی (سۆکرات) وای کردووە ئه‌م فەیلەسووفه واز له نووسینی شیعر و هونەری شێوه‌کاری بهێنێت و روو بکاته جیهانی به‌رینی فه‌لسه‌فه. هاورێیه‌تیی (سۆکرات) و (ئه‌فلاتون) نۆ ساڵی خایاندووه و یه‌که‌م فه‌یله‌سه‌فه کاریگه‌ریی بە سەر (ئه‌فلاتون)دا جێ هێشتبێت.
یه‌کێک له کاره فه‌لسه‌فییه‌کانی (ئه‌فلاتون) له ژیانیدا دامەزراندنی ئه‌کادیمیایه، هه‌ر وه‌کو نووسه‌ر ده‌ڵێت: “دامه‌زراندنی ئه‌کادیمیا له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا رووداوێکی گرنگه. ل36” (ئه‌کادیمیای ئه‌فلاتون) یه‌که‌م فێرگه‌ی فه‌لسه‌فییه، که تاکو پاش مردنی (ئه‌فلاتون)یش به‌رده‌وام بووه و کاریگه‌ریی تایبه‌تی هه‌بووه له په‌روه‌رده‌کردن و درێژه‌پێدانی رێبازه فه‌لسه‌فییه‌کانی (ئه‌فلاتون). (د. محه‌مه‌د که‌مال) مێژووی ئه‌کادیمیاکه بۆ سێ قۆناغ دابه‌ش ده‌کات، که ئه‌وانیش قۆناغی (کۆن، ناوه‌ڕاست و نوێ)ن. به وردی سیما و خەسڵەتەکانی ئەو قۆناغانە دەستنیشان ده‌کات تا ئه‌و کاته‌ی له‌لایه‌ن رژێمه‌وه داده‌خرێت.
له‌باره‌ی به‌رهه‌مه‌کانی (ئه‌فلاتون)ەوە، نووسه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌کاته‌وه، که تاکو ئێستا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی له (ئه‌فلاتون)ه‌وه پێمان گه‌یشتوون، سی و پێنج دیاڵۆگ، له‌گه‌ڵ سێزده نامه، هه‌ندێک له‌و نامانهیش نه‌وه‌ک هه‌موویان هیی (ئه‌فلاتون) نین (ل43).
هه‌ر له‌باره‌ی دیالۆگه‌کانی (ئه‌فلاتون)ه‌وه نووسه‌ر باسی کێشه‌ی دیارنه‌بوونی مێژووی نووسینی دیاڵۆگهکان ده‌کات، چونکه ریزکردنی دیاڵۆگهکان به پێی بابه‌ت بووه، نەوەک به پێی کات. دواتر نووسه‌ر چه‌ند پێوه‌رێک بۆ ریزکردنی کاتی دیاڵۆگهکان دادەنێت، یه‌کێکه له پێوه‌ره‌کان زمانی نووسینیانه، هه‌ر وه‌ک شیی کردووەتەوە، که ئه‌گه‌ر دوو دیوانی (شێرکۆ بێکه‌س) بۆ نموونه (ده‌ربه‌ندی په‌پووله) و (تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست) به‌رواورد بکه‌ین، به مه‌رجێک نه‌زانین ئه‌و شاعیره کامه کۆمه‌ڵه شیعری پێشتر نووسیوه، ئەوسا له رێگه‌ی زمان و شێوه‌ی ده‌ربڕینه‌کانیانه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت شاعیر (ده‌ربه‌ندی په‌پووله)ی پاش تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست نووسیوه(ل56). ئه‌مه یه‌کێکه له پێوه‌ره گرنگه‌کان و ئێمه له رێگه‌ی ئه‌م کتێبه‌وه ئاشنای ده‌بین. هه‌روه‌ها نووسه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته باسی دیدی (تایله‌رTaylor) ده‌کات، بەوەی له کتێبی (Plato: The Man and his work) خستوویەتیە ڕوو و نووسیوویەتی، کە ناکرێت دیاڵۆگی (پرۆتاگۆراس) له‌به‌ر شێوازی زمان و جوانیی ده‌ربڕینی کێشه فه‌لسه‌فییه‌کان به یه‌کێک له نووسراوه‌کانی قۆناغی سه‌ره‌تاییی (ئه‌فلاتون) دابندرێت (ل56). بۆ ئەوەی خوێنەر زیاتر له‌و باره‌یه‌وه تێبگات، پێویسته خۆی ئه‌م کتێبه بخوێنێته‌وه. هه‌ر له دوای باسکردنی کێشه‌ی مێژووی نووسینی دیاڵۆگهکان، نووسه‌ر گه‌شتێک به نێو گشت دیاڵۆگهکانی (ئه‌فلاتون)دا ده‌کات. ئه‌م گه‌شته‌یش له لاپه‌ره (61) ئه‌م کتێبهوە تاکو لاپه‌ره (93) بەردەوام دەبێت.
له به‌شی سێیه‌می ئه‌م کتێبه‌دا توێژه‌ر باسی گه‌شه‌کردنی بیرکردنه‌وه‌ی مێتافیزیکیانهی (ئه‌فلاتون) ده‌کات، بەوەی یه‌که‌م فه‌یله‌سووف بووە بیرکردنه‌وه‌ی مێتافیزیکیانهی خۆی دامه‌زراندووە. دیاره مێتافیزیک چه‌مکێکی یۆنانییه و له دوو وشه پێک هاتووه، (مێتا) واته ئه‌ودیو، (فیزیک)یش مانای سرووشت دەگەیەنێت. له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که مێتافیزیک گوزارشته له بوونێک له‌ودیو سرووشته‌وه. هه‌ر وه‌ک له‌م کتێبه‌دا هاتووه به‌ر له (ئه‌فلاتون)یش بیرکردنه‌وه‌ی مێتافیزیکیانه کاردانه‌وه‌ی لەسەر بیروباوەڕی فه‌یله‌سووفانی وه‌کو (پیتاگۆرس) و (هیراکلیتس)دا هەبووە، به‌ڵام وه‌کو (ئه‌فلاتون) له‌نێو سیسته‌مێکی فه‌لسه‌فیدا دایان نه‌مه‌زراندووه (ل95). هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و میتۆده کێشه‌کانی بوون و فه‌لسه‌فه‌ی (پیتاگۆرس) و (هیراکلیتس) به قووڵی و خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێوه شی کردووەتەوە و له‌وێدا له‌سه‌ر کێشه‌کانی (بوون و نه‌بوون) ده‌وه‌ستێت و خوێندنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیانه‌ی له باره‌یه‌وه کردوون.
هه‌ر له‌و به‌شه‌دا نووسه‌ر له‌باره‌ی (بیردۆزی فۆرمه هه‌مه‌کییه‌کان) و جیهانی (ئایدیا) ده‌کۆڵێته‌وه، به‌وه‌ی (ئایدیا) وشه‌یه‌کی لاتینییه و له (ئایدۆس)ی یۆنانییه‌وه وه‌رگیراوه، به‌کارهێنانی هه‌ردوو وشه‌که بۆ فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) بووەته باو(ل126). وشه‌ی (ئایدیا Idea) له زمانی عه‌ره‌بی واته (فكرة) و له زمانی کوردیش‌دا واته (بیر، هزر یان بیرۆکه). به‌ڵام به‌کارهێنانی وشه‌ی (ئایدیا) له زمانی ئینگلیزی‌دا بۆ فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) واتای (فۆرم) ده‌دات، ئه‌مه‌ش پێوه‌ندیی به فه‌لسه‌فه‌ی (پلاتۆ)وه هه‌یه و چه‌مکێکی تایبه‌ت به خۆیه‌تی. له‌م به‌شه‌دا شیکارییه‌کی قووڵ له‌باره‌ی مه‌به‌ستی (فۆرم) لای (پلاتۆ)ه‌وه کراوه، (د. محه‌مه‌د که‌مال) پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆیشی تێدا ده‌ورووژێنێت، بۆ نموونه به بڕوای (ئه‌فلاتون) هه‌ر شتێک، که لێره هه‌یه به‌شێکی بچووکی فۆرمی جیهانی به‌رزه، جیهانی به‌رزیش تەنیا فۆرمه رهوشتییهکان له خۆ ده‌گرێت. نووسه‌ر ئه‌و پرسیاره ده‌ورووژێنێت، که ئه‌گه‌ر تەنیا فۆرمه رهوشتییهکان له جیهانی به‌رزی ئایدیاکان (World of Ideals)دا هه‌ن و هه‌موو شتێکیش له‌م جیهانه وه‌رگیراوی فۆرمی به‌رز بێت، ئه‌ی که‌واته (خراپه) و (ناشیرینی) له کوێوه هاتوون؟ ئایا ده‌شێت ئه‌و دووانه له جیهانه به‌رزه پاکه رهوشتییهکهوه هاتبن؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌یه له رێگه‌یه‌وه نووسه‌ر ڕەخنە له بیروباوه‌ڕی (ئه‌فلاتون) ده‌گرێت (ل141). (ئه‌فلاتون) (زانین Knowledge) به بیرکه‌وتنه‌وه یان بیره‌وه‌ری و به‌رهه‌می هونه‌رییش به لاساییکردنه‌وه داده‌نێت. به‌ڵام نووسه‌ر ڕایه‌کی لۆجیکمهندانه دەورووژێنێت، ئه‌وش ئه‌وه‌یه تابلۆی (گۆرنیکا)ی پیکاسۆ به به‌رهه‌می ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده داده‌نێت و ده‌ڵێت له مه‌وپێش نه‌بووه و ئه‌و هونه‌رمه‌نده هێناویه‌تییه کایه‌وه(ل141). ئه‌و شێوازه ده‌ربڕینه له ناوه‌وه‌دا هه‌ڵگری خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییانه‌ی تایبه‌ت به خۆیه‌تی. توێژه‌ر به نموونه‌ی ساده چه‌مکه قووڵه‌کانی به خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت، بۆ نموونه له‌باره‌ی فۆرمه‌وه ئه‌وه شی ده‌کاته‌وه، که ساردیی زستان به تەنیا بارینی بەفر نییه، به‌ڵکو خودی فۆرمی ساردییشه (ل140)، ئه‌م نموونه‌یه یارمه‌تیی خوێنه‌ر ده‌دات به ئاسانی بتوانێت له چه‌مکێکی قووڵ تێبگات. ئه‌م شێوازه من لای (جی دی کاستێن J.D. Casten)یشدا ده‌یبینم، به تایبه‌تی له بابه‌تی (هایدیگه‌ر: له دوای ته‌واوی ته‌کنه‌لۆجیاوه به‌ره‌و شیعر) ئه‌م نووسه‌ره نموونه‌ی زۆر ساده ده‌هێنێته‌وه بۆ تێگه‌یشتن، یه‌کێک له نموونه‌کانی ئه‌وه‌یه: ” هه‌بوونی بۆشایی له هه‌ر یه‌کێک له دازاین (Dasein)ەکاندا فراوانکردنی هه‌ر ژیرییه‌که: هه‌ر له دووره‌وه تۆ ده‌توانی هه‌ست بکه‌یت خۆتی، کاتێک سه‌یری خۆرئاوابوون ده‌که‌یت بە سەر چیاکان‌دا، خۆر و چیاکان و هه‌موو دره‌خته‌کان و جیوه‌جیوی (chirping)ی باڵنده‌کان له دواوه‌ی (گشت ژینگه) به یه‌کسانی له نزیک ئه‌وانه‌وه ئاماده‌ییی پێشکه‌شکردنی ڕاستەوخۆی له هه‌ر یه‌ک دازاینێکدا هه‌یه(1). بۆ هه‌ر خوێنه‌رێک تێگه‌یشتن له (دازاین Dasein) که ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تایبه‌ت به )هایدیگه‌ر(ە و له کتێبی (بوون و کات) کاری پێ کردووە، له زمانی ئنگلیزییشدا هه‌ر وه‌ک خۆی به کار هاتووه، قورسایی و قووڵیی خۆی هه‌یه، به‌ڵام هونه‌ری نووسین یان ده‌ربڕین، که ئه‌رکی لێکۆڵەرەوەرهیە تێیدا قووڵ ببێته‌وه، توانای ئاسانکردن و ده‌ربرینی هه‌ر چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌یه‌کی هه‌یه.
لە به‌شی چواره‌مدا نووسه‌ر شیکردنه‌وه له‌باره‌ی هه‌ردوو چه‌مکی (زانین و ڕاسته‌قینه) له فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) و چۆنییه‌تی و مامه‌ڵه‌کردنی (پلاتۆ) له‌گه‌ل ئه‌و دوو چه‌مکه ده‌کات. له سه‌ره‌تادا بۆچوونی (کرۆمبی M. Crombie) ده‌هێنێته‌وه، که پێی وایه کێشه‌ی زانین له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا له (پرۆتاگۆراس)ەوە (بیریاری سۆفیست) سه‌ر هه‌ڵده‌دات و ده‌که‌وێته گه‌ڕ (ل146). به‌ڵام (د. محه‌مه‌د که‌مال) کێشه‌ی زانین له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا سه‌ره‌تا له هۆنراوه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیی (پارمه‌نیدس) ده‌بینێت و پێی وایه یه‌که‌مجار لای ئه‌و سه‌ری هه‌ڵداوه. هه‌ر وه‌ک ده‌ڵێت (له هۆنراوه‌یه‌کدا خاتوو خواوه‌ندێک به پارمه‌نیدس ده‌ڵێت، ده‌رگای هه‌سته‌کانی دابخات، چونکه هه‌ستکردن ده‌ستکورته و به ڕاسته‌قینه ناگات، بەڵکو پێویسته پشت به هۆش ببه‌ستێت”ل147″). بۆیه پێی وایه له‌ژێر رۆشناییی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌دا ده‌توانین (پارمه‌نیدس) به پێشه‌وای فێرگه‌ی هۆشه‌کی و (ئه‌فلاتون)یش به یه‌کێک له شوێنکه‌وتووانی دابنێین (ل147). ده‌ستنیشانکردنی ئه‌م کێشه فه‌لسه‌فییه تەنیا شیکارکردنی دیدی (ئه‌فلاتون) نییه، به‌ڵکو دیاریکردنی مێژووی ئه‌م کێشه فهلسهفییهیشه و نووسه‌ر توانیویه‌تی بە شێوازی خۆی شیکاری بکات، شیکارییه‌ک بۆ خوێنه‌ری هه‌موو زمانێک گرنگه و هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تی. دواتر به‌راوردێک له‌نێوان (پرۆتاگۆراس) و (پارمه‌ندیس) ده‌کات له‌باره‌ی زانینه‌وه و له‌وێدا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌کاته‌وه گرنگیی زانین له ڕه‌هه‌ندی کاریگه‌رێتیی زانیندا ده‌رده‌که‌وێت (ل149)، گرنگیی زانین له‌وه‌دایه کاتێک مرۆڤ په‌یدای ده‌کات، ئەوا ئه‌و که‌سه له ناخەوە گۆڕانی بە سەردا بێت و ببێته که‌سێکی چاکتر، هه‌ر وه‌کو ده‌ڵێت: (زانین ژیان ده‌گۆڕێت، جوانتر و چاکتری ده‌کات، چونکه مرۆڤ به‌و پایه‌یه ده‌گه‌یه‌نێت (ڕاستی) بناسێت و به فۆرمه به‌رزه‌کان بگات “ل149”)، به بڕوای من نووسه‌ر له‌م بۆچوونهیدا کێشه‌یه‌کی قووڵی فه‌لسه‌فیی شیکار کردووه، زۆر لۆجیکمهندانه بابه‌ته‌که‌ی لێک داوەتەوە. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر من هیچ شتێک له‌باره‌ی بوونی خۆمه‌وه نه‌زانم، ئه‌وا ناتوانم گۆڕان له بوونی خۆمدا بکه‌م، چونکه زانینم له‌باره‌ی بوونمەوە نییه و پرۆژه‌کانی بوونیش به بێ زانین ئه‌نجام نادرێن. له‌م به‌شه‌دا کێشه‌کانی زانین و ئه‌پستمۆلۆجی له رێگه‌ی ئه‌زموونی هه‌سته‌کی لای (ئه‌فلاتون) شی کردووەتەوە و به هێنانه‌وه‌ی نموونه‌ی (ئه‌شکه‌وت)ه‌که‌ی (ئه‌فلاتون)، خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ بۆ ئه‌م دوو چه‌مکه ده‌کات. له‌وێدا رۆڵی فه‌یله‌سووف له هوشیارکردنه‌وه و بینینی ڕاستەقینەی سێبه‌ره‌کان ده‌بینێته‌وه. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا جیاوازیی له‌نێوان (زانین) و (باوه‌ڕ )دا کردووه. ئینجا دێته سه‌ر باسی ڕەخنەکانی (ئه‌فلاتون) لەباره‌ی زانینی هه‌سته‌کی، که له (پرۆتاگۆراس)ی ده‌گرێت و ئه‌و کۆجێکته ره‌ت ده‌داته‌وه. نووسه‌ر له‌ژێر ئه‌و رۆشناییه‌دا ئاماژه به‌وه ده‌دات هه‌ستکردن له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکی دیکه ده‌گۆڕێت، هه‌ر وه‌ک ئه‌و شته‌ی له نزیکه‌وه گه‌وره‌یه و له دووره‌وه بچووکه (ل170). ئه‌م شێوازه شیکردنه‌وه‌یه یارمه‌تی خوێنه‌ر ده‌دات له دیدی خۆیه‌وه چه‌مکه فه‌لسه‌فییه‌کان لێکبداته‌وه. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا دێته سه‌ر باسی ماتماتیک و دیدی (ئه‌فلاتون) له‌باره‌ی زانسی ماتماتیکەوە، که زانستی ژمێریاری به پێشمه‌رجێک بۆ خوێندنی فه‌لسه‌فه له (ئه‌کادیمیا) دابنێت (181). دواتر باس له‌و هۆکارانه ده‌کات (ئه‌فلاتون) به بیریارێکی ریالیستی یان ئایدیالیستێکی ریالیست داده‌نێت (182). توێژه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌کاته‌وه (ئه‌فلاتون) (بوون) بۆ ئایدیاکان یان فۆرمه به‌رزه‌کان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه‌یه (هایدیگه‌ر)ی فه‌یله‌سووف به هۆیه‌وه ڕەخنە له (ئه‌فلاتون) و فه‌یله‌سووفانی پاش (ئه‌فلاتون) ده‌گرێت، چونکه به لای (مارتین هایدیگه‌ر)ەوە بوون بنه‌ره‌تی هه‌موو شتێکی له‌سه‌ر دامه‌زراوه. له کۆتاییی ئه‌م به‌شه‌دا نووسه‌ر ئه‌نجامی ده‌ستکه‌وتنی (زانین) بۆ لای مرۆڤێکی ئازاد و فه‌یله‌سووف ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، نه‌وه‌ک بۆ لای کۆیله‌یه‌کی نێو دۆگمای ئه‌شکه‌وت (ل185). ئه‌مه هه‌ر ئه‌و بیرۆکه‌یه‌یه نووسه‌ر له زۆر به‌رهه‌می خۆیدا پێی له‌سه‌ر داگرتووه، (ئازادی) لای نووسه‌ر پێشمه‌رجێکی ئۆنتۆلۆجییه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بتوانێت ئازادانه پرۆژه‌کانی بوونی خۆی هه‌ڵبژێرێت.
به‌شی پێنجه‌می ئه‌م کتێبه قووڵبوونه‌وه‌یه له بابه‌تی (بوونی مرۆڤ: ده‌روون و له‌ش) له دیدی (ئه‌فلاتون)دا. بۆیه سه‌ره‌تا ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، که (پیتاگۆرس) باوه‌ڕی به لاشهگۆڕین هه‌بووه. لاشهگۆڕین بە عەرەبی (التناسخ)ی پێ دەگوترێت و له زمانی ئینگلیزییشدا واته (Reincarnation)، له فه‌رهه‌نگی (کامبریج Cambridge)دا به‌م شێوه‌یه پێناسه کراوه: “ئه‌و باوه‌ڕه‌یه پاش مردن گیان له جه‌سته‌یه‌کی تردا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ژیان. (هیندی و بووداییه‌کان باوه‌ڕیان به ریانکۆرنهیشتن هه‌بوو)”. دواتر نووسه‌ر بیروباوه‌ڕه‌کانی خۆیشی له‌و باره‌یه‌وه ده‌خاته روو. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه نووسه‌ر پێی وایه (پتیاگۆراس) و ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به لاشهگۆڕین هه‌یه، تێگه‌یشتنی جیاوازییشیان بۆ مردن هه‌یه و مردن بۆ ئه‌وان کۆتاییی بوون نییه، ژیان له فۆرمێکی دیکه و ده‌روونیش له‌نێو له‌شێکی دیکه به‌رده‌وام ده‌مێنێته‌وه (ل 188). له‌وێدا جیاوازی له‌نێوان بۆچوونی سۆفییه موسڵمانه‌کان و ئهوانەی باوه‌ڕیان به لاشهگۆڕین هه‌یه، ده‌کات، به‌ڵام مه‌به‌ستی هه‌موو ئه‌و سۆفییه موسڵمانانه له‌گه‌ڵ مه‌به‌ستی پیتاگۆرس هاوته‌راز راده‌وه‌ستێت و پێوه‌ندیی به گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌روونیی تاکه‌کان بۆ سه‌رچاوه هه‌یه (ل 188)، ئه‌وه‌یش روون ده‌کاته‌وه (سۆکرات)یش هه‌مان بۆچوونی هه‌یه له‌باره‌ی ده‌روونه‌وه. به‌ڵام نووسه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه ره‌ت ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: “ده‌روون به هه‌موو خهسڵهتهکانیهوه ده‌بێت به دیارده‌ی له‌ش و له‌گه‌ڵ تێکشکانی له‌شدا له‌ناو ده‌چێت (ل190)”. دیاره ئه‌مه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مانایه بۆ جه‌سته و له‌و دیده‌وه ئێمه تێدهگەین ده‌روون و جه‌سته یه‌کێکن. به بڕوای (مێرلۆپۆنتی)یش جه‌سته نه‌ک شتێک نییه له خۆمان جیاواز بێت، بگره هه‌ر خۆمانین و ئه‌و ڕێگایه‌مانه، که ته‌عبیری پێ له خۆمان ده‌که‌ین(2). هه‌ر له‌و به‌شه‌دا دابه‌شکردنی سێ چینی کۆمه‌ڵ (فه‌رمانڕه‌وا، پاسه‌وان و کرێکار) له فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون)دا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه به دابه‌شکردنی ده‌روون به سێ به‌شه‌وه. دواتریش باوه‌ڕی (ئه‌فلاتون)مان له‌باره‌ی مردنی ده‌روونه‌وه بۆ روون ده‌کاته‌وه، بەوەی (ئه‌فلاتون) باوه‌ڕی به نه‌مری و مانه‌وه‌ی ده‌روون، یان ژیانی پاش مردن هه‌یه و له دیدی ئه‌وه‌وه تەنیا به‌شێکی ده‌روون نه‌مره و به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی له کاتی تێکشکانی له‌شدا له‌ناو ده‌چێت، ئه‌و به‌شه‌ی به نه‌مری ده‌مێنێته‌وه، به‌شی هۆشه‌کییه و به‌شی ناهۆشهکیش ڕوو له مردنه (ل 203).
به‌شی شه‌شه‌می ئه‌م کتێبه لێکۆڵینه‌وه‌یه له‌باره‌ی (ده‌وڵه‌ت و دادوه‌ری) له دیدی (ئه‌فلاتون)دا، واته فه‌لسه‌فه‌ی ڕامیاری. نووسه‌ر ده‌ڵێت: (له سه‌ره‌تاوه پێویسته ئه‌و خاڵه‌مان له بیر نه‌چێت، که (ئه‌فلاتون) یه‌که‌م بیریاره له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی ڕامیاری بنووسێت و له سیسته‌مه‌که‌یدا باسی یۆتۆپیایهکمان بۆ بکات به دامه‌زراندنی مرۆڤ بتوانێت به‌خته‌وه‌ر بێت و کۆمه‌ڵگایه‌کی دادوه‌ر بهێنێته کایه‌وه (ل215). له‌ژێر ئه‌م رۆشیناییهدا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت، که فه‌لسه‌فه‌ی ڕامیاری لای (ئه‌فلاتون) سه‌ری هه‌ڵدا و بۆ لای (ئه‌ریستۆ) درێژ بووه‌وه و بووه زانستێکی سه‌ربه‌خۆ. (ئه‌ریستۆ) ده‌ڵێت: ئامانجی سیاسه‌ت خۆشگوزه‌رانییه بۆ تاکه‌کان(3). هه‌ر له‌و به‌شه‌دا له دیدی (ئه‌فلاتون)ه‌وه شیکاری له‌باره‌ی پێوه‌ندی تاکی خراپ و ده‌وڵه‌تی چاک کراوه، به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر تاکه‌کان به تێکرا خراپ بن، ئه‌وا ناتوانن ده‌وڵه‌تێکی چاک دابمه‌زرێنن، به هه‌مان شێوه خراپیی ده‌وڵه‌ت هاووڵاتییان به‌خته‌وه‌ر ناکات (ل216)، ئه‌رکی فه‌یله‌سووفیش له‌و نێوه‌نده‌دا شی ده‌کاته‌وه. دواتریش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات دابه‌شکردنی ده‌روون لای (ئه‌فلاتون) زیاتر له فه‌لسه‌فه‌ی (ڤێدهنتا)ه‌وه نزیکه و (کارڵ مارکس)ی فه‌یله‌سووفیش به ته‌واوه‌تی ره‌تی ئه‌و دابه‌شکردنه ده‌داته‌وه (ل218). ئینجا ئاڕاسته‌ی باسه‌که بۆ شیکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی نێوان چه‌مکی (به‌خته‌وه‌ری) و (چاکه) و (دادوه‌ری) ده‌بات، (ئه‌فلاتون) بڕوای وایه به‌خته‌وه‌ری بە بێ دادوه‌ری ناهێته دی، توێژه‌ره پێی وایه ده‌گونجێت سه‌رۆکێکی دیکتاتۆر و خوێن‌ڕێژ خۆی به به‌خته‌وه‌ر دابنێت و له رێگه‌ی سته‌م و زۆردارییه‌وه هه‌موو پێویستییه‌کانی ژیانی دابین بکات (ل219)، به‌ڵام لای (ئه‌فلاتون) پێچه‌وانه‌یه و پێی وایه هه‌رچه‌ند پێویستییه‌کانی ژیانی سه‌رکرده‌یه‌کی زۆردار و گه‌نده‌ڵ مسۆگه‌ر بن، هێشتا که‌سێکی به‌خته‌وه‌ر نییه (ل219). ئه‌م جیاوازییه هزرییه وا ده‌کات خوێنه‌ری ئه‌م کتێبه له چه‌ند دیدگایه‌کی جیاواز بڕوانێته چه‌مکه فه‌لسه‌فییه‌کان و به ئاسانی لێیان تێبگات. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا باسی دیاڵۆگی سۆکراتی ده‌کات، له‌و دیاڵۆگانهدا کاتێک (سۆکرات) پرسیار ده‌کات، وا خۆی پێشانی بەرانبەرهکهی ده‌دات ئه‌و هیچ له‌باره‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارهوە نازانێت، دوای ئه‌وه‌ی پێناسه‌ی بەرانبەره‌کانی وه‌رده‌گرێت، بیروڕاکانیان ههڵدهسهنگێنت و ڕەخنەیان لێ ده‌گرێت، ئه‌مه ئه‌و شێوازه‌یه (سۆکرات)ی فه‌یله‌سووف له کاتی دیاڵۆگهکانیدا په‌یڕه‌وی ده‌کرد.
(د. محمه‌د که‌مال) ڕەخنە له شێوازی ده‌ربڕینی پێناسه‌کان ده‌گرێت، نموونه‌ی یه‌کێک له دیاڵۆگهکانی (ئه‌فلاتون) ده‌هێنێته‌وه، که له به‌شی یه‌که‌می کتێبی (کۆمار)دا هاتووه و هه‌ر خۆیشی ئه‌و کتێبه‌ی له ئینگلیزییه‌وه وه‌رگێڕاوه، دیاڵۆگهکه ئه‌مه‌یه: (که‌سێک سوودبه‌خش بووبێت و ئێستایش سوود بگه‌یه‌نێت، به هاوڕێ داده‌نرێت. که‌سێکیش سوودبه‌خش بووبێت و ئێستایش سوودبه‌خش نه‌بێت، هاوڕێ نییه. به‌م جۆره‌یش وا بیر له دوژمن ده‌کرێته‌وه به گوێره‌ی ئه‌م پێناسه‌یه، که‌سێکی چاک هاوڕێ و خراپیش دوژمنه). ڕه‌خنه‌ی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه، که ئه‌م پێناسه‌یه به‌ستراوه به چۆنیه‌تی و به‌ستنه‌وه‌یان به داکه‌وتی هه‌سته‌کی و ڕوودانی هه‌نده‌کییه‌وه. وه‌کو ئه‌وه وایه که‌سێک پێناسی باران بکات و بڵێت، ئه‌و ئاوه‌یه له‌سه‌ره‌وه به‌ره‌وخوار دێت (ل 223)، نووسه‌ر پێی وایه ئه‌مه به‌شێک له زانیاری به ده‌سته‌وه ده‌دات، به‌ڵام ده‌توانین زوو هه‌ڵی بوهشێنینهوه.
دوای ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دیدی (فۆرسته‌ر)، (ده‌یڤد ساکسی) و (مابۆت) و بیروڕا و ڕەخنەکانیان بەرانبەر به چه‌مکی (دادوه‌ری) لای (ئه‌فلاتون) ده‌خاته ڕوو. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا لێکچوونی دابه‌شکردنی به‌شه‌کانی ده‌روون له‌نێوان (ئه‌فلاتون) و (فرۆید) له دیدی هه‌ندێک له‌و بیریارانه‌ی له‌باره‌ی (ئه‌فلاتون)ه‌وه نووسیویانه، دەردەخات، له‌وانه (نیکۆڵاس پاپاس) به‌ڵام نووسه‌ر لەگەڵ ئەو لێکچوونەدا نییە و پێی وایه جیاوازییه‌کی گه‌وره له‌نێوان هۆش و منی به‌رزدا هه‌یه و (ئه‌فلاتون)یش وه‌ک فه‌یله‌سووف نه‌ک وه‌ک ده‌روونناس مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م کێشه‌یه‌دا کردووه (ل227)، پێیشی وایه بۆچوونه‌که‌ی (ئه‌فلاتون) زیاتر له فه‌لسه‌فه‌ی (ڤێدهنتا)ه‌وه نزیکه، نه‌وه‌ک لە ده‌روونشیکاریی (فرۆید). نووسه‌ر ئاماژه به کتێبی (سه‌رمایه)ی (کارڵ مارکس) ده‌کات، که له‌وێدا ڕەخنە له (ئه‌فلاتون) دەگرێت لە به‌ستنه‌وه‌ی دابه‌شکردنی ده‌روون به چینه‌کانی کۆمه‌ڵ و له‌و باوه‌ڕه‌دایه ده‌روون یان سایکۆلۆجی نابێته بنه‌مای سه‌رهه‌ڵدانی چینه ئابوورییه‌کانی کۆمه‌ڵ (ل331)، پێیشی وایه (ئه‌فلاتون) له‌ژێر کاریگه‌ریی شارستانییه‌تی میسردا بووه، چونکه ئه‌و کاته میسر له ڕووی ئابووری و پیشه‌سازییه‌وه پێشکه‌وتوو بووه و یۆنانییه‌کان به نموونه‌یه‌کی به‌رزیان داناوه. بۆیه نووسه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له باسکردنی فه‌لسه‌فه‌ی (مارکس) و دیدی ئه‌و فەیلەسووفه ده‌خاته ڕوو. نووسه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ دەردەخات (ئه‌فلاتون) باوه‌ڕی به دابه‌شکردنی کار لەنێوان ژن و پیاودا نییه و هه‌موو به‌ڵگه کۆمه‌ڵایه‌تی و بایلۆجییه‌کان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی توانا و دەستەڵاتی ژن له‌نێو کۆمه‌ڵدا ڕه‌ت ده‌داته‌وه (ل234). واته له سیسته‌می مێتافیزیکی (پلاتۆ)دا ژن و پیاو جیاوازییان نییه و ئه‌و دوو توخمه هاوسه‌نگن له په‌روه‌رده‌کردن و بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییانه‌دا. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ لای (پلاتۆ)، له‌وه تێده‌گه‌ین، که مرۆڤ له ماڵدا ناتوانێت خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیانه‌ی خۆی بێت، چونکه ماڵ ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنه بێت ئاڕاسته‌ی دڵنیایی و سه‌قامگیری باڵی به سه‌ردا کێشابێت، ئه‌وا بیرکردنه‌وه‌ی پڕ ترس و فه‌لسه‌فیانه له‌وێدا مه‌حاڵ ده‌که‌وێته‌وه(4). له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌دا (ئه‌فلاتون) یه‌که‌م فه‌یله‌سووفه دژی جیاوازیی ژن و پیاو وه‌ستابێته‌وه، به له به‌رچاوگرتنی کۆمه‌ڵگای باوکسالاری، بۆیه (ئه‌فلاتون) پێشنیاری ئه‌وه ده‌کات (زمان) گۆڕانی بە سەردا بێت و خۆی له‌ژێر کاریگه‌رێتی باوکسالارییدا ڕزگار بکات (ل235). بۆ زیاتر روونکردنه‌وه‌ی گۆڕینی زمان، نووسه‌ر زمانی (عه‌ره‌بی) به نموونه ده‌هێنێته‌وه، که یه‌کێکه له‌و زمانانه‌ی که‌لتووری باوکسالاریی تێدا باڵاده‌سته و ده‌ڵێت: (له‌م زمانه‌دا ئه‌و کاته‌ی که‌سێک له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ژن‌دا ده‌دوێت و له‌نێویاندا پیاوێک هه‌یه، شێوازی ڕێزمانی نێرینه بۆ ده‌ربڕینه‌که‌ی به کار ده‌هێنێت و به جۆرێک ده‌دوێت، که ئه‌وانه‌ی به‌رانبه‌ری هه‌موو پیاو بن و بوونی ژنه‌کان ناخوێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه له‌وێدا ئاماده نه‌بین یان گوێمان له ده‌نگی بێت، وا هه‌ست ده‌که‌ین بەرانبەر کۆمه‌ڵێک پیاو ده‌دوێنێت و جێگه بۆ ژن ناکاته‌وه. (236))، نووسه‌ر له په‌راوێزی هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا، ئاماژه به‌وه ده‌دات زمان ده‌ستکردی که‌لتووره و له‌نێو بۆشاییدا په‌یدا نابێت. ئه‌م شیکردنه‌وه فه‌لسه‌فیانه تایبه‌تمه‌ندیی گرنگ و کاریگه‌ریی خۆیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر که‌سێک بیه‌وێت له‌باره‌ی زمانه‌وه بزانێت، زۆر ئاسان ده‌توانێت زانیاریی گرنگ له‌م کتێبه به ده‌ست بهێنێت. خاڵێکی دیکه به بڕوای من له‌باره‌ی زمانه‌وه گرنگه، ئه‌وه‌یه، به لای (د. محه‌مه‌د که‌مال) زمان مرۆڤ بۆ ته‌عبیرکردن له خۆی هێناویه‌ته بوون، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیروڕایانه‌یه، که پێیان وایه زمان بنه‌ڕه‌ته و خۆی هه‌ر هه‌بووه و مرۆڤ نه‌یهێناوه‌ته بوون. مرۆڤ زمان فێر بووه، چونکه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه توانای فێربوون و گوزارشتکردنی له خۆی هه‌یه، لەنێوان ئه‌و زمانانه‌ی که‌لتوور و دابونه‌ریتیان لە یەکەوە نزیکه، خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له وشه‌ی (Deity) که له زمانی ئینگلیزی‌دا به مانای (خوایه‌تی) دێت، شیکار بکه‌ین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م وشه‌یه له (Deus)ی یۆنانییه‌وه وه‌رگیراوه، یۆنانییه‌کانیش له وشه‌ی دووانه (که مه‌به‌ستی دوو خوایه، خوای ئه‌هریمه‌ن و ئههرهموزادهی ئایینی زه‌رده‌شت) وه‌ریان گرتووه، دواتر خوای شه‌ڕ وشه‌ی (دێ‌و) خرایه پاڵ، هاوکێشه‌که‌ی به‌م شێوه‌یه (دێ‌و/ Deus / Deity)، ئه‌مه میراتی ئارییه‌کانه و یۆنانییه‌کان گواستیانه‌وه بۆ خۆیان و دواتریش گوازرایه‌وه بۆ ئه‌وروپا. وشه‌ی (دووانه)یش بوو به (dualism) ئێستا بووەتە چه‌مکێکی فه‌لسه‌فی، که له زمانی ئینگلیزی‌دا به کار دێت و بە بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به بنچینه‌که‌ی بکه‌ین. زمان مه‌ته‌ڵێکی ئاڵۆزە و بۆ تێگه‌یشتن لێی، پێویسته له زۆر ڕوانگەوه شیکاری بکه‌ین. ئه‌م نموونه‌یه زیاتر بۆ روونکردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌که‌ی نووسه‌رە. له‌باره‌ی به‌کارهێنانی ئامڕازی نێر له زمانی (عه‌ره‌ب)ی‌دا، ئه‌وا نووسه‌ر مه‌به‌ستی نییه، که بوونی ئامڕازی (نێر) و (مێ) نیشانه‌ی جیاوازیکردنه، به‌ڵکو مه‌به‌ستی له به کارهێنانیدایه. وه‌کو دیکه ئێمه زۆر وشه‌مان هه‌یه یه‌ک ما‌نایان هه‌یه، به‌ڵام له به‌کارهێنانی بۆ (نێر) و (مێ)دا جیاوازی هه‌یه، بۆ نموونه هه‌ردوو وشه‌ی (Blond) و (Blonde)ی ئینگلیزی یه‌ک ما‌نایان هه‌یه واته (قژزەرد)، به‌ڵام یه‌که‌میان بۆ پیاوه و دووه‌میان بۆ ژنه، ئه‌مه به مانای جیاوازیی مرۆڤی نایه‌ت، به‌ڵکو به‌کارهێنانی له شێوازی دربڕین و سڕینه‌وه‌دا مانای نه‌گه‌تیڤ و نایه‌کسانی ده‌گه‌یه‌نێت. دوای شیکردنه‌وه‌ی دیدی (ئه‌فلاتون) له‌باره‌ی (ژن)ه‌وه. ئاڕاستەی گه‌شته فه‌لسه‌فییه‌که به‌ره‌و خستنه‌ڕووی فه‌لسه‌فه‌ی (په‌روه‌رده) لای (ئه‌فلاتون) ده‌بات و به درێژی له باره‌یەوه ده‌دوێت. دواتر نووسه‌ر شیکردنه‌وه له‌باره‌ی (خاوه‌ندارێتی) و (فه‌رمانڕه‌وایی) ده‌کات، له دیدی (ئه‌فلاتون)دا خاوه‌نداریه‌تی بە سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵیی ڕامیاری داده‌نێت، واته ئه‌و که‌سه‌ی، که فه‌رمانڕه‌وایه، نابێت خاوه‌نی (خێزان) و هه‌ر شتێکی دیکه بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بیر له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی بکاته‌وه، نه‌وه‌ک هیی تایبه‌تی. لەمەوە بۆمان ده‌رده‌که‌وێ (پلاتۆ) دژی ئه‌وه‌یه که‌سی فه‌رمانڕه‌وا خێزان پێک بهێنێت، له‌به‌ر ئه‌و تێروانینه و هه‌ندێک بۆچوونی دیکه‌ی (ئه‌فلاتون)، نووسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌دات که (کاڕل پۆپه‌ر) پێی وایه (ئه‌فلاتون) دژی کۆمه‌ڵگای کراوه‌یه و ڕەخنەکانی خۆیشی له‌و باره‌یه‌وه ده‌خاته ڕوو (249). دواتر دێته سه‌ر خاڵێکی دیکەی گرنگ، که (کۆمار)ی (ئه‌فلاتون) جێگای منداڵی که‌مئه‌ندام ناکاته‌وه و له‌ناویان ده‌بات، وه‌ک نازییه‌کان(252). به گشتی به‌شی شه‌شه‌می ئه‌م کتێبه چه‌ندین شیکردنه‌وه و کێشه‌ی قووڵی فه‌لسه‌فیی له خۆ گرتووه و خوێنه‌ر پێویسته بۆیان بگه‌ڕێته‌وه.
به‌شی حه‌وته‌می ئه‌م کتێبه خستنه‌ڕووی چه‌مکی (جوانی)یه له دیدی (ئه‌فلاتون)دا، نووسه‌ر سه‌ره‌تا ئه‌و پرسیاره ده‌ورووژێنێت ئاخۆ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی جوانی لای (ئه‌فلاتون) بکه‌ین؟ ئایا (ئافلاتون) جوانیناسه؟ بۆچوونه‌کانی سه‌باره‌ت به جوانی چ کاریگەرییهکان بە سەر هونه‌ره‌وه هه‌یه؟ (ل262) ئه‌مانه و چه‌ندین پرسیاری دیکه له سه‌ره‌تای ئه‌م به‌شه‌دا ورووژێندراون و توێژه‌ر به هۆیانه‌وه گه‌شته فه‌لسه‌فییه‌که‌ی خۆی ده‌ست پێ ده‌کات. نووسه‌ر بۆمان شی دەکاتەوە چۆن فه‌لسه‌فه‌ی ڕامیاری و بیردۆزه سایکۆلۆجییه‌که‌ی پێوه‌ندییان به بۆچوونی مێتافیزیکیانهی (ئه‌فلاتون)ه‌وه هه‌یه، هه‌ر له‌ژێر ئه‌و رۆشناییهشدا له فه‌لسه‌فه‌ی جوانی ده‌کۆڵێته‌وه. وه‌ک ده‌زانین مێتافیزیکی (پلاتۆ) مامه‌ڵه له‌گه‌ل جیهانی ئایدیاڵ ده‌کات و پێی وایە هه‌موو شته جوانه‌کانی ئه‌م جیهانه؛ به‌شێکن له فۆرمی ڕاستەقینەی جیهانی ئایدیاڵ. بۆیه ئه‌م خاڵه ده‌بێته ده‌ستپێکی شیکردنه‌وه‌ی فه‌له‌سه‌فه‌ی جوانیی (ئه‌فلاتون) لای نووسه‌ر. کاتێک ئێمه بایەخ به شتێک ده‌ده‌ین و ده‌ڵێین جوانه، ئه‌وا خودی ئه‌و شته جوان نییه و خودی جوانییش ئه‌م شته نییه (ل263). به‌و هۆیه‌وه توێژه‌ر پێوه‌ندیی (بابه‌ت) و (جوانی) ده‌خاته ڕوو؛ کتێبێک جوانه، به‌ڵام کتێب وه‌ک بابه‌ت تەنیا جوان نییه، به‌ڵکو ده‌شێت گه‌وره یان بچووکیش بێت. ئه‌مه ئه‌و خاڵه‌یه (د. محمه‌د که‌مال) له‌م به‌شه‌دا شیکردنه‌وه‌ی بۆ کردووە، بۆیه ئه‌وه‌ی له‌م جیهانه به جوانی ده‌بیندرێت، به‌شێک له خودی جوانیی ڕاستەقینەی پێ دراوه. نووسه‌ر له سێ دیاڵۆگدا ئه‌م کێشه فه‌لسه‌فییه‌مان بۆ شی ده‌کاته‌وه، ئه‌وانیش (هیپاسی گه‌وره)، (سمپۆزییهم) و (کۆمار)ن. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا نووسه‌ر دیدی (ئه‌ریستۆ) له‌باره‌ی جوانی ده‌خاته ڕوو. (ئه‌ریستۆ) پێچه‌وانه‌ی (پلاتۆ) ده‌ڕوانێته جوانی و پێی وایه ناتوانین ئێمه به بێ شتێکی جوان بیر له خودی جوانی بکه‌ینه‌وه. بۆ نموونه‌ی ئێمه کاتێک ده‌ڵێین ئه‌م سرووشته جوانه، ئه‌وا به‌شه جوانه‌که‌ی سرووشت وامان لێ ده‌کات بیر له جوانیی ڕاستەقینە بکه‌ینه‌وه. له‌م رۆشناییه‌دا تێده‌گه‌ین جیاوازییه‌کی گه‌وره له‌نێوان سیسته‌می مێتافیزیکی (ئه‌فلاتون) و (ئه‌ریستۆ)دا هه‌یه. نووسه‌ر باسی ئه‌وه ده‌کات ڕاستە (ئه‌فلاتون) ڕەخنە له جوانیی رێژه‌یی ده‌گرێت و به خه‌سڵه‌تێکی که‌م و ناته‌واوی داده‌نێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده جوانپه‌رست و عاشقی جوانییه، ده‌یه‌وێت جوانیی ته‌واو و نه‌گۆڕ په‌یدا بکات (ل 268). به لای (ئه‌فلاتون)ه‌وه جوانییه ههندهکییهکانی ئه‌م جیهانه ناتوانن له گۆڕانی شوێنکاته‌وه ڕزگاریان ببێت، ئه‌مه خاڵی ره‌شبینیی (ئه‌فلاتون)ه بەرانبەر جوانیی هه‌نده‌کیی ئه‌م جیهانه. بۆیه هه‌ر وه‌ک له‌م کتێبه‌دا هاتووه، ئه‌و جوانییه‌ی (ئه‌فلاتون) به دوایدا ده‌گه‌ڕێت و عاشقیەتی، له‌م جیهانه‌دا نییه، به‌ڵام ئه‌م جیهانه ده‌بێت به به‌ستنێک بۆ گه‌ڕان به دوایدا (ل 268). له دیدی (پلاتۆ)ه‌وه تەنیا فه‌یله‌سووفه‌کان به خودی جوانیی ڕاستەقینە ده‌گه‌ن، وه‌ک نووسه‌ر ڕوونی کردووەتەوە به لای (ئه‌فلاتون)ەوە بۆ دۆزینه‌وه خودی جوانی ده‌بێت رێگای فه‌لسه‌فه بگرینه به‌ر، چونکه فه‌یله‌سووف ده‌توانێت به جیهانی به‌رز بگات و فۆرمه به‌رزه‌کان ببینێت. بە بێ تێگه‌یشتن له جیهانی نموونه‌یی (ئایدیاڵ ideal)ی (ئه‌فلاتون) که سیسته‌می فه‌لسه‌فه‌ی خۆیی له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه دامه‌زراندووه، ناتوانین له دیدی (پلاتۆ) لە جوانی تێبگه‌ین. نووسه‌ر پێوه‌ندیی (زانین) و (بۆچوون) به جوانییه‌وه ده‌خاته ڕوو و بۆمان شی ده‌کاته‌وه (رێژه‌گه‌ری) کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یه لای (ئه‌فلاتون)، وه‌ک ده‌ڵێت: “ئه‌وه‌ی هه‌یه له هه‌مان کاتدا ڕاست و ناڕاسته، جوان و ناشیرینه و پێوه‌ندیی به (بۆچوون)ه‌وه هه‌یه نه‌وه‌ک بە (زانین)ەوە”(ل 270). ئه‌گه‌ر له‌م دیده ورد ببینه‌وه، ده‌توانین جیاوازیی نێوان (بۆچوون) و (زانین) بکه‌ین، به‌وه‌ی (بۆچوون) سه‌رچاوه‌ی رێژهگهرییه، (زانین) مه‌ودای بۆچوونی که‌متر تێدا ده‌بێته‌وه. من له چه‌ند گوتارێکی دیکەیشمدا ئه‌و وته‌یه‌ی (ئه‌لبێرت ئه‌نیشتاین)م هێناوه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: “خه‌یاڵ زۆر گرنگتره له زانین، زانین سنوورداره، خه‌یاڵ ئابڵۆقه‌دانی جیهانه” مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم سنوورداریی (زانین) که‌متر مه‌ودای بۆچوونی تێدا ده‌بێته‌وه، بۆچوونیش سه‌رچاوه‌ی رێژهگهرییه، بۆ نموونه بوونی خوا رێژه‌ییه و ڕەها نییه، چونکه ئێمه له‌باره‌ی خودی خواوە که‌م ده‌زانین، ئه‌و وێنانه‌ی بۆ خوا هه‌ن، وه‌کو بوونێکی پڕاوپڕ، بوونێک وه‌کو له سوڕه‌تی (الاخلاص)ی کتێبی (قورئان)دا هاتووه، خوا نه له که‌س بووه و نه که‌سیشی لێ بووه (لم يلد ولم يولد/ He has not begotten and has not be gotten) (5) (وشه‌ی begottenی ئینگلیزی لە دابه‌شبوونی سێیه‌می کاری (past participle)ی begetه‌وه هاتووه، به مانای (خستنه‌وه) دێت، ئه‌م وشه‌یه له کتێبی (بایبڵ Bible)دا بۆ (ئاده‌م) به کار هاتووه، که که‌ین Cain و ئه‌بێڵ Abel ی خسته دنیاوه. دیاره (د. محه‌مه‌د مه‌حمود غالی)یش له وه‌رگێرانی (قورئان)دا سوودی له وه‌رگێرانی کتێبی (بایبڵ)ه‌وه وه‌رگرتووه، ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ی (د. محه‌مه‌د مه‌حمود غالی) ئه‌گه‌رچی قورسه و ئاسانتر له هیی ئه‌و هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌یان زیاتر جێگه‌ی متمانه‌یه، چونکه زانکۆی (ئه‌زهه‌ر) سه‌رپه‌رشتیی کردووه و وهرگێڕانهکهیشی زۆر شێوازێکی مانادارانه‌ی زمانه‌وانیی هه‌یه. به‌کارهێنانی دووه‌میشی بۆ هۆکارێکی ره‌سمییه، بۆ نموونه هه‌ژاری، خستنه‌وه‌ی برسییه‌تییه و و برسییهتییش خستنه‌وه‌ی تاوانه. به‌م شێوه‌یه: “Poverty begets hunger, and hunger begets crime “.) هه‌ر ئه‌و دێره شیعره‌ی (پارمه‌ندیس)م دێنێته‌وه یاد که ده‌ڵێت: “ئه‌وه‌ی بڕوای به بوون هه‌یه/ له‌سه‌ر رێگای ئه‌م هێمایانه دایده‌مه‌زرێنێت؛/ بوون له‌ناو ناچێت و هه‌رگیز ناڕوخێت،/ بێکۆتاییه و له هه‌موو لایەکیەوە پڕ و ته‌واوه. نه هه‌بووه و نه ده‌بێت؛ نه ڕابردوو و نه داهاتووی هه‌یه/ بوون یه‌ک شته و هه‌میشه به‌رده‌وامه (6)”. بۆیه ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یزانین سه‌رچاوه‌ی بۆچوونمانه نه‌وه‌ک هیی زانینمان. به‌ڵام وه‌ک له تێکسته ئایینییه‌کاندا ده‌بینین بۆچوون ده‌بێته زانینێکی ڕەها، له ئه‌نجامدا باوه‌ڕکردن به‌و بۆچوونه دروست ده‌بێت و که‌سانی ناو ئه‌شکه‌وته‌که‌ی (پلاتۆ) نایه‌نه‌وێت بنچینه‌که‌ی بزانن.
ئایا جوانیی له فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون)دا فۆرمێکی سه‌ربه‌خۆیه؟ توێژه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (جوانی) وه‌کو (دادوه‌ری)، (چاکه) و (ئازایه‌تی) له مێتافیزیکای (ئه‌فلاتون)دا فۆرمێکی سه‌ربه‌خۆی دراوه‌تێ (ل271). لەباره‌ی سوودبه‌خشیی جوانییه‌وه، نووسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌دات (ئه‌فلاتون) بڕوای وایه جوانی سوودبه‌خشه… به‌ڵام نووسه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه ره‌ت ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: (نه‌شته‌رگه‌ری بۆ نه‌خۆشێک جوان نییه، که‌چی سوودبه‌خشه) (ل 273). ئه‌م ره‌تدانه‌وه‌یه مه‌ودای تێڕامانی زیاتر به‌ڕووی خوێنه‌ردا ده‌کاته‌وه. له‌باره‌ی چێژی جوانییه‌وه ئاخۆ دیدی (ئه‌فلاتون) چۆنه، توێژه‌ر پێی وایه لای (ئه‌فلاتون) جوانی چێژ به هه‌سته‌کان ده‌دات، نووسه‌ریش له‌گه‌ل ئه‌م بیروڕایه‌ی (ئه‌فلاتون) هاوڕایه و پێی وایه کاتێک ئێمه گوێمان لە گۆرانییه‌کی خۆش ده‌بێت، ئه‌وا خۆشی به گوێچکە ده‌گات و تابلۆیه‌کی جوانیش چێژ ده‌به‌خشێته چاو (ل273). دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دیدی (ئه‌فلاتون) بەرانبەر به هونه‌ر و ئه‌ده‌به‌وه. له سه‌ره‌تادا بۆمان ده‌رکه‌وت، که (ئه‌فلاتون) زانین به بیره‌وه‌ری و هونه‌ریش به لاسایی داده‌نێت، بۆیه (ئه‌فلاتون) بڕوای وایه که‌س وه‌کو فه‌یله‌سووف هۆگر و شه‌یدای جوانی نییه و تەنیا ئه‌و ده‌توانێت خودی جوانی به ده‌ست بهێنێت. بۆ ئه‌م کێشه فه‌لسه‌فییه (د. محه‌مه‌د که‌مال) نموونه‌ی تابلۆی (مۆنالیزا)ی (لێوناردۆ داڤینشی) ده‌هێنێته‌وه، که (مۆنالیزا)ی نێو تابلۆکه‌ی (داڤینشی) وه‌رگێڕانی جوانیی مۆنالیزایه و جوانیی مۆنالیزایش وه‌رگیراوی فۆرمی جوانییه (ل 276). نووسه‌ر پێمان ده‌ڵێت بۆچوونه‌کانی (ئه‌فلاتون) تا ڕاده‌یه‌ک دروستن، به‌ڵام پێیشی وایه مه‌رج نییه هه‌موو به‌رهه‌مێکی هونه‌ری کۆپیی ته‌واوی شته‌کان بێت. بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتری بۆچوونه‌که‌ی نووسه‌ر، من تابلۆی ( Birth of a New World له دایکبوونی جیهانێکی نوێ)ی (سه‌لڤادۆر دالی) به نموونه ده‌هێنمه‌وه، له‌و تابلۆیه‌دا وێنه‌ی (ئه‌سپ)، (مرۆڤ)، (ئامێری مۆسیقا)، (رێگا) و… تاد هه‌ن و وه‌رگیراوی فۆرمی ڕاستەقینەی ئه‌م جیهانه‌ن و کارێکی لاساییه، به‌ڵام ئایا له واقیعدا ئه‌م وێنانه ئاوا کار لێک ده‌که‌ن؟ ره‌نگه‌کان به‌و شێوه‌یه کۆ ده‌بنه‌وه و جیهانێکی سوریالی پێک دەهێنن؟ بۆیه هونه‌ر تێکشکاندنی واقیعه به کۆی به‌ربه‌سته شوێنکاتییهکانیهوه. یان ده‌توانین نموونه‌ی موزیکی (سۆناتا)ی (بێتهۆڤن) بهێنینه‌وه، ئایا ئه‌م ده‌نگه له واقیعدا هه‌یه؟ ئه‌مه خاڵی ناکۆکه له‌باره‌ی هونه‌ره‌وه. بۆ (زانین)یش هاوکێشه‌که هه‌ر گونجاوه، ئه‌گه‌ر زانین بیره‌وه‌ری بێت، بۆچی کاتێک (گالیلۆ) گوتی (زه‌وی به ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێته‌وه)، خه‌ڵک ئه‌و زانینه‌یان بیر نه‌هاته‌وه؟ توێژه‌ر به شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان ئاماژه به‌و کێشه فه‌لسه‌فییانه ده‌دات و له‌باره‌ی ئه‌ده‌ب و شیعریش له دیدی (ئه‌فلاتون)ه‌وه ده‌دوێت. دواجار بۆمان ڕوون ده‌کاته‌وه بۆچی هونه‌رمه‌ند و شاعیران جێگه‌یان له کۆماره‌که‌ی (ئه‌فلاتون)دا نهبووەوه؟
به‌شی هه‌شته‌می ئه‌م کتێبه له‌ژێر تایتڵی (نه‌ریتی فه‌لسه‌فیی (ئه‌فلاتون)ی (ئه‌فلاتونیزم)دایە، واته پاش مردنی (ئه‌فلاتون)، کاردانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌که‌ی چۆن بووە. نووسه‌ر سه‌ره‌تا به‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که پاش (ئه‌فلاتون) و داخستنی (ئه‌کادیمیا)که‌ی له لایه‌ن دەستەڵاتی ئه‌و کاتی یۆنان، دەستەڵاتێکی ئایینیانه‌ی دژی هه‌ر جیاوازییه‌ک هاته کایه‌وه، که دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ هه‌موو بۆچوونێکی ده‌ره‌وه‌ی بڕوای ئایینی ده‌کرد. تا ئه‌و ئاسته‌ی کتێبه ئایینییه‌کانیان به سه‌رچاوه‌ی هه‌موو باوه‌ڕ و فه‌لسه‌فه‌یه‌ک ده‌زانی و له کەموکوڕی به‌ده‌ر بوو (ل 284 – 285). بۆیه ئه‌م دۆخه رێگه‌خۆشکه‌ر بوو بۆ له‌ناوبردنی ئه‌وانه‌ی خۆیان به فه‌لسه‌فه و زانسته‌وه ماندوو ده‌کرد و ده‌یانویست له ڕوانگەیه‌کی دیکه‌وه بڕوانه ڕاستییه‌کان. (گیۆردانۆ برونۆ) و (گالیلۆ گالیلی) به نموونه ده‌هێنێته‌وه، که (گیۆردانۆ برونۆ)ی فه‌یله‌سووفی ئیتاڵییان سوتاند کاتێک بڕوای وابوو گه‌ردوون له کۆتایی به‌ده‌ره و ئه‌گه‌ری ژیانیش له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌کانی دیکه هه‌یه. دوای ئه‌مه ئه‌و فهیلهسووفانهمان پێ ده‌ناسێنێت، که ده‌یانویست فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) له بڕوای ئایینی نزیک بکه‌نه‌وه و بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی (ئه‌فلاتون)یش ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ بۆچوونی ئایینی‌دا ناکۆک نه‌بوو (ل 286). بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه من دوو ئه‌گه‌ر بۆ خوێنه‌ر ده‌خه‌مه ڕوو، یه‌که‌میان: بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی (ئه‌فلاتون) بووەتە سه‌رچاوه‌ی بڕوای ئایینه یه‌کتاپه‌رسته‌کان، چونکه مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) پێش مێژووی په‌یدابوونی ئایینه یه‌کتاپه‌رسته‌کان ده‌که‌وێت. دووه‌میان: فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) به‌و خوێندنه‌وانه‌ی بۆی کراون، هه‌وڵی گونجاندنی له‌گه‌ڵ بیروڕای ئایینی دراوه. به بڕوای من هه‌ر دوو ئه‌گه‌ره‌که گونجاون، چونکه ئه‌و جیهانه نموونه‌یه‌ی (ئه‌فلاتون) باسی ده‌کات، جیاوازییه‌کی که‌می هه‌یه له‌گه‌ڵ جیهانی به‌ر له هاتنه بوون و پاش مردن لای ئایینه یه‌کتاپه‌رسته‌کان. بۆ نموونه (ئه‌فلاتون) پێی وایه هه‌ر شتێکی ئه‌م جیهانه به‌شێکه له فۆرمی ڕاستەقینەی جیهانی ئایدیاڵ، وه‌ک له ئایینه یهکتاپهرستهکانیش بیروڕایان وایه خۆشییه‌کانی ئه‌م جیهانه فۆرمی به‌شێکی که‌می خۆشییه‌کانی به‌هه‌شتن، ناخۆشی و ئازاری ئه‌م جیهانهیش نموونه‌ی به‌شێکی که‌می دۆزه‌خن، یان ده‌ڵێن ئاگری دۆزه‌خ نه‌وه‌دونۆ ئه‌وه‌ندەی ئاگری ئه‌م جیهانه به‌تینه. ئه‌و جیهانه ئایدیاڵه‌ی (پلاتۆ) خه‌ونی پێوه ده‌بینێت و به سه‌رچاوه‌ی ڕاستەقینەی خودی جوانیی ده‌زانێت، هه‌ر ئه‌و جیهانه‌یه ئایینه یه‌کتاپه‌رسته‌کان به (به‌هه‌شت) ناوه‌زه‌دی ده‌که‌ن. (پلاتۆ) له کۆماره‌که‌یدا باسی (دۆزه‌خ)یشی کردووه، کە ئه‌و شوێنه‌یه سته‌مکاره‌کان له‌دوای مردن تێیدا سزا ده‌درێن. توێژه‌ر نموونه‌ی ئەو بیریارانە ده‌هێنێته‌وه، که هه‌وڵی گونجاندنی فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) و ئایینیان داوه. له‌وانە (ئهفلوتین)ی فه‌یله‌سووفێکی (ئه‌فلاتونی)ی مه‌سیحییه و به زمانی یۆنانی نووسیویه‌تی. نووسه‌ر ئه‌وه‌مان بۆ شی دەکاتەوە ئه‌م بیریاره له‌و باوه‌ڕه‌دایه فۆرمی چاکه‌ی به‌رز ئه‌و بوونه تاکڕه‌و و ساده‌یه‌یه هه‌موو شتێکی لێوه ده‌رچووه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی هه‌موو بوونه‌کان (ل 287). (ئهفلوتین) باوه‌ڕی وایه بوونێک هه‌یه هه‌میشه هه‌بووه و سه‌رچاوه و کانیاوی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه. دیاره مه‌به‌ستی (ئهفلوتین) خوایه‌کی بوونپڕ و ته‌واوکۆیه. ڕێگه‌ی گه‌یشتن به خوا لای (ئهفلوتین) بریتییه له خۆدوورخستنه‌وه له ئاره‌زووه‌کانی له‌ش، تاکو مرۆڤ به چاکی و پاکی بگات. سه‌ره‌تا له دیدی (ئه‌فلاتون) و خوێندنه‌وه‌ی (د. محه‌مه‌د که‌مال)ەوە ئاماژه‌م به‌وه دا (ئه‌فلاتون) بڕوای وایه شته جوان و چاکه‌کان له جیهانی ئایدیاڵدا هه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌یش نووسه‌ر ڕەخنەی لێ ده‌گرێت و ده‌پرسێت ئه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌موو شته‌کان به‌شێکن له فۆرمی ڕاستەقینەی جیهانی نموونه‌یی، کەواتە ناشیرینی و خراپه له کوێوه هاتوون، بۆیه ده‌بینین (ئهفلوتین) له‌ژێر ئه‌و رۆشناییه‌دا جیهانی خوا به چاکه و پاکی وه‌سف ده‌کات. ئایینه یه‌کتاپه‌رسته‌کان سه‌رچاوه‌ی خراپه و ناشیرینی بۆ (ئیبلیس – شه‌یتان) دەگەڕێننەوە و پێیان وایە هه‌ستی خراپه‌ی مرۆڤ له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
دوای (ئه‌فلاتون) ئێمه ئاشنای فه‌یله‌سووفێکی دیکه ده‌بین و هه‌وڵی گونجاندنی فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) و باوه‌ڕی ئایینی داوه، ئه‌ویش (ئۆگستاین)ی خاوه‌نی کتێبی (شاری خوا The City Of God)یه و پانزده ساڵ خه‌ریکی نووسینی بووه، هه‌روه‌ها کتێبی (دانپێدانان)یشی هه‌یه و له‌وێدا بیروباوه‌ڕه فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆی ده‌خاته ڕوو، وه‌ک نووسه‌ر باسی ده‌کات به ئاشکرا فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) و مهسیحیەتی له یه‌ک داوه (ل 288). نووسه‌ر ئه‌وه دەخاتە ڕوو، که (ئۆگستاین) پێی وایه بۆچوونه‌کانی (ئه‌فلاتون) سه‌باره‌ت به بوونی خوا، وه‌کو سه‌رچاوه‌ی بوون و ڕاستی و زانین له‌گه‌ڵ مهسیحیەتدا هاوته‌راز ڕادهوستت و ناکۆک نین. به‌ڵام کێشه‌ی گه‌وره‌ی نێوان فه‌یله‌سووفه‌کان و پیاوانی ئایینی له‌گه‌ڵ ئافریدهکردنی جیهان له هیچه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت. ئاماژه‌یش به‌وه ده‌دات به گوێره‌ی (ته‌ورات) خوا جیهانی له هیچه‌وه دروست کردووه، بۆ (ئه‌فلاتون) و دواجاریش (ئهریسۆ) ئافریدهکردنی شتێک له هیچه‌وه لۆجیکمهندانه نییه و ئه‌وه‌ی له هیچه‌وه په‌یدا ده‌بێت، هیچه (ل288) و ئه‌مه له به‌رده‌م فه‌یله‌سووفه موسڵمانه‌کانیشدا بووەتە کێشه و توێژه‌ر ئه‌وه شی دەکاتەوە فه‌یله‌سووفه موسڵمانه‌کانیش پهیڕەوی هه‌مان بۆچوونی (ته‌وڕات)یان کردووه (ل 289). ده‌بێت ئاماژه به‌وه بده‌م کێشه‌ی ئایین و فه‌لسه‌فه یه‌کێکه له کێشه هه‌ره قووڵه‌کان، ئایین له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌هایی دامه‌زراوه و جێگای بۆچوونی جیاواز و پرسیاری فه‌لسه‌فییانه‌ی تێدا نابێته‌وه، هه‌رچی فه‌لسه‌فه‌یه له‌ژێر رۆشناییی دیالۆگه‌کانی (ئه‌فلاتون)دا له‌سه‌ر بنه‌مای دیاڵۆگ و جیاوازیی بونیاد نراوه. ئایین بۆ گوزارشتکردن له دەستەڵات گرنگیی خۆی، پشت به ئه‌فسانه و خورافیات ده‌به‌ستێت، به‌ڵام فه‌لسه‌فه دژی بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ییانه‌یه و یان له باشترین حاڵه‌تدا بۆ گوزارشتکردن له بوون به کاری ده‌هێنیت نه‌وه‌ک بۆ چه‌سپاندنی دەستەڵات و ترس و حوکمی ڕەها. وه‌ک ئه‌وه‌ی لای (هایدیگه‌ر)، (سارته‌ر) و (کامۆ)دا هه‌یه، بۆ نموونه (هایدیگه‌ر) بۆ شیکردنه‌وه‌ی نیگه‌رانی لای بوونی ره‌سه‌ن، په‌نا بۆ ئه‌فسانه‌یه‌کی یۆنانی ده‌بات، که رۆژێک خوای نیگه‌رانی تۆپه‌ڵێک قوڕ ده‌دۆزێته‌وه و په‌یکه‌رێکی لێ دروست ده‌کات، له‌و کاته‌دا خوا (جۆپیته‌ر) دێت و به خوای نیگه‌رانی ده‌ڵێت، که ده‌توانێت گیانی به به‌ردا بکات و ژیانی پێ ببه‌خشێت. به‌ڵام کاتێ (نیگه‌رانی) ویستی ناوی خۆیی لێ بنێت، (جوپیته‌ر) ڕازیی نه‌بوو. داوای کرد ناوی (جوپیته‌ر) بێت، کاتێک ئه‌م دوو خوایه سەرقاڵی مشت‌ومڕ بوون، (تیلیۆس)ی خوای زه‌وی په‌یدا بوو. داوای کرد په‌یکه‌ره‌که ناوی زه‌وی بێت، چونکه له قوڕ دروست کراوه و قوڕیش به‌شێکه له زه‌وی. ئه‌م خوایانه په‌نایان بۆ (زوحه‌ل) برد، تاکو بڕیاریان بۆ بدات. ئه‌م خوایهیش به‌م جۆره چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی کرد: (ئه‌ی جۆپیته‌ر مادامه‌کی تۆ گیانت پێ به‌خشیوه، ئه‌وا له کاتی مردن‌دا گیانی بۆ تۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. زه‌وی له‌شی داوه‌تێ و ئەو لهشە بۆ ئەو ده‌گه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام خوای نیگه‌رانی ئه‌م په‌یکه‌ره‌ی داتاشیوه، له‌به‌ر ئه‌مه تاکو ئه‌و رۆژه‌ی ده‌مرێت، ئه‌م په‌یکه‌ره بۆ نیگه‌رانییه. مادام که‌ستان له‌سه‌ر ناوه‌که‌ی ڕێک ناکه‌ون و ئه‌میش له قوڕ دروستکراوه، ئەوا ناوی ده‌نێم homo مرۆڤ، چونکه humus قوڕه) (7) ( humus له زمانی ئینگلیزی‌دا بووه Human مرۆڤ و له‌م ئهفسانەیەوه هاتووه). ده‌بینین (هایدیگه‌ر) مانای فه‌لسه‌فیانه له ئه‌فسانه‌دا ده‌دۆزێته‌وه، له‌وێوه گوزارشت له هه‌ستی نیگه‌رانیی مرۆڤ ده‌کات، چونکه خوڵقاوی ده‌ستی خوای نیگه‌رانییه. ئه‌م ئه‌فسانه‌یه بۆ ئایینه یه‌کتاپه‌رسته‌کان گوازراوەتەوە و به شێوه‌یه‌کی دیکه دایانڕشتووەتهوه. هێنده هه‌یه له‌و ئه‌فسانه‌یه‌دا چه‌ند خوایه‌ک رۆڵ ده‌گێڕن، به‌ڵام له ئایینی یه‌کتاپه‌رستیدا تەنیا یه‌ک خوا ئه‌وه‌ی کردووه. کێشه‌ی خواکانی ناو ئه‌فسانه‌که، ناونانه، به‌ڵام هیی ئایینه یه‌کتاپه‌رسته‌کان، سوژده‌نه‌بردنی (ئیبلیس)ه بۆ مرۆڤ، چونکه ئه‌و له ئاگر دروست کراوه و مرۆڤیش له قوڕ، بۆیه (ئیبلس) سوژده‌ی نه‌برد و بووه کافر. هه‌ر وه‌کو له ئایه‌تی (34)ی سوڕه‌تی (البقرة)دا هاتووه: (وإذ قلنا للملائكة اسجدوا لآدم فسجدوا إلا إبليس أبى واستكبر وكان من الكافرين). بۆیه جیاوازییه‌کانی ئایین و فه‌لسه‌فه زۆرن، هه‌ر له بیرکردنه‌وه‌ی ئازادانه‌ی فه‌لسه‌فه‌وه تاوه‌کو جیاوازیی و فره‌بۆچوونی. به هه‌رحاڵ ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه‌م زیاتر بۆ تێگه‌یشتنی ئایین و فه‌لسه‌فه بوو. هه‌ر له‌و به‌شه‌دا نووسه‌ر بزوتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان له نێوه‌ند و خوێندنگاکانی عه‌ره‌بی ده‌کات، کاتێک (مهئمون) پاش کوشتنی (ئه‌مین)ی برای له ساڵی 813ز بووه خه‌لیفه و شاری به‌غدا، که ئه‌وسا پایته‌ختی عه‌باسییه‌کان بوو، کردیه مه‌ڵبه‌ندێکی رۆشنبیری بۆ گه‌شه‌پێدان به بیرکردنه‌وه‌ی زانستیانه و فه‌لسه‌فیانه (ل292). نووسه‌ر باسی دامه‌زراندنی (خانه‌ی حیکمه‌ت) ده‌کات، لەو سەردەمە چه‌ندین بیریاری (مه‌سیحی، ئیسلام، یه‌هوودی) تێیدا بیردکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فییانه‌ی خۆیان بڵاو کردووەتەوە، هه‌ر له‌و کاته‌دا به‌شێک له دیاڵۆگهکانی (ئه‌فلاتون) له لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی وهرگێڕانەوە بۆ زمانی عه‌ره‌بی وەرگێڕدران. له دوو خاڵی گرنگیشدا باسی ئه‌فسانه‌ی یۆنانیی کردووه، له‌و ئه‌فسانه‌یه‌دا دوو (هێرمس) هه‌ن. یه‌که‌میان ئه‌و (هێرمس)هی له خواوه په‌یام بۆ مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت، چونکه مرۆڤ له ئاستی تێگه‌یشتینی په‌یامی خوادا کهمدەستەڵاته (ل295). دووه‌میشیان ئه‌و (هێرمس)هی که‌سایه‌تییه‌که‌ی نادیاره و نووسه‌ر ده‌یکاته مه‌به‌ستی باسه‌که‌ی، چونکه ئه‌م پاڵه‌وانه بوو به پێغه‌مبه‌ری زانایی حەڕان، که هه‌ندێک له زانا موسڵمانه‌کانیش وه‌کو (گروپی ئیخوان ئه‌لسه‌فا)، (سوهره‌وه‌ردی) و (نوسه‌یرییه‌کان) و (دروز)؛ هه‌ندێک له سۆفییه موسڵمانه‌کانی دیکه‌ش وه‌کو (حه‌لاج کوڕی مه‌نسور)، (سه‌عید ئهلخهزهر)، که‌وتوونه‌ته ژێر کاریگه‌ریی بۆچوونه‌کانی (هێرمس)ەوە (ل 295). نووسه‌ر باسی (سوهره‌وه‌ردی)ی فه‌یله‌سووف ده‌کات، که له کتێبی (حیکمه الاشراق)دا (هێرمس) به یه‌که‌م فه‌یله‌سووفی دامه‌زرێنه‌ری (ئیشراقی) داده‌نێت. (د. محه‌مه‌د که‌مال) لەو بارەیەوە ڕاڤەیەکی جوانی کردووه و ئاماژه به خاڵێکی هه‌ره گرنگیش ده‌دات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه (هێرمس) لای جووله‌که‌کان ناوی (ئۆخ نوخ)ه و لای فارسه‌کانیش به (هۆشه‌نگ)ی داده‌نێن، موسڵمانه‌کانیش له‌و باوه‌ڕه‌دان (هێرمس) ناوی (ئیدریس)ه و یه‌کێکه له‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی له قورئاندا ناوی هاتووه (ل 296). به هه‌رحاڵ نووسه‌ر شیکردنه‌وه‌ی چڕ‌وپڕ له‌باره‌ی بیریارانی (یه‌هودی)، (مه‌سیحی) و (موسڵمانه‌کان) ده‌کات و کاریگه‌ریی (ئه‌فلاتون) بە سەر بیروباوه‌ڕه‌کانیان شی ده‌کاته‌وه.
(د. محه‌مه‌د که‌مال) باسی دید و فه‌لسه‌فه‌ی (مه‌لا سه‌دره)یش ده‌کات، به‌ڵام باسەکەی زیاتر به لای (سوهروهردهری)ەوە ئاڕاستە ده‌کات. سوهره‌وه‌ردی یه‌کێکه له شوێنکه‌وتووانی (ئه‌فلاتۆن)، هه‌رچی (مه‌لا سه‌دره‌دین)ی شیرازییه له سیسته‌می مێتافیزیکی ئه‌فلاتۆن ده‌رده‌چێت، ئه‌م کێشه فه‌لسه‌فییه‌ی زیاتر له کتێبی (Mulla Sadra`s Transcendent Philosophy) (فه‌لسه‌فه‌ی باڵای مه‌لا سه‌دره) روون کردووەتەوە. زۆر گرنگه ئه‌و کتێبه‌ی (د. محه‌مه‌د که‌مال) بۆ زمانی کوردی وەربگێڕدرێت، چونکه به‌لای نووسه‌ره‌وه هه‌ر وه‌ک له‌و کتێبه‌دا ڕوونی کردووەتەوە، مه‌لا سه‌دره‌دینی شیرازی یه‌که‌م بوونیاره، وه‌کو له پێشه‌کیی ئه‌و کتێبه‌دا ده‌ڵێت: له پاش چاخی ئیبن سیناوه، بنەچەی ناوه‌ڕۆک، (اصلية الماهية asalat al-mahiyah) یه‌کێک بوو له سه‌ره‌کیترین کێشه‌کانی فه‌لسه‌فی بۆ بیریارانی موسڵمان. خوێندنگه‌ی (رووناککردنه‌وه illumination)، لای (سوهره‌وه‌ردی) ئاڕاستەی وه‌رگرت و نیشانی دا، که (ناوه‌رۆک essence’) نه‌وه‌ک (بوونexistence’) تەنیا ڕاستییه‌که. هیچ شتێکی ده‌ره‌کیی جیهان یه‌کسان نییه به (بوون)، له‌به‌ر ئه‌وه (بوون) وه‌ک چه‌مکێکی سامانی زرنگ خاڵی ده‌مێنێته‌وه، له کاتێکدا (بوون) ڕاستەقینەی سه‌ره‌تاییه. له‌و جیاوازییه‌دا (جیاوازیی هزری contrast)، (سه‌دره‌دینی شیرازی 1571- 1640) هه‌روه‌ها به (مه‌لا سه‌دره) ناسراوه. پێشه‌نگی primacyدووانه له‌باره‌ی بوونه‌وه (اصلية الوجود (asalat al-wujud و ئۆنتۆلۆجیی نوێی به‌رز کرده‌وه(8). له‌ژێر رۆشنایی ئه‌م نووسینەدا ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه به لای (د. محه‌مه‌د که‌مال)ەوە (مه‌لا سه‌دره) یه‌که‌م بیریاره ئۆنتۆلۆجیایه‌کی نوێی دامه‌زراندبێت و له (بوون)ی کۆڵیبێته‌وه. ئه‌م مه‌عریفه قووڵه‌ی نووسه‌ر له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست هه‌یه‌تی، جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه، هه‌ر به‌و هۆیه‌وه چه‌ندین بابه‌تی دیکه‌ی لەباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست و بیریارانی موسڵمانەوە به زمانی ئینگلیزی نووسیووه و ئاڕاسته‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بیریارانی موسڵمان وه‌کو (غه‌زالی و ئیبن سینا…تاد) ئه‌و پێگه‌یه‌ی، که هه‌یانه له فه‌لسه‌فه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست له بابه‌ته‌کانیدا ورووژاندووه.
به‌شی نۆیه‌م خوێندنه‌وه‌ی (هایدیگه‌ره بۆ ئه‌فلاتون)، ئه‌و خاڵه‌ی زۆر جێگه‌ی سه‌رنجی منه گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی (مارتین هایدیگه‌ر)ە بۆ فه‌لسه‌فه‌ی یۆنان، به لای (هایدیگه‌ر)ه‌وه به گه‌ڕانه‌وه بۆ فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانیی کۆن ده‌توانین بیر له سه‌ره‌تای فه‌لسه‌فه بکه‌ینه‌وه. گه‌ڕانه‌وه‌ی (هایدیگه‌ر) بۆ (ئه‌فلاتون) گه‌ڕانه‌وه‌یه‌تی بۆ یه‌که‌مین سیسته‌می مێتافیزیکی فه‌لسه‌فی، خوێندنه‌وه‌یه‌کی جیاوازه بۆ (ئه‌فلاتون). خوێندنه‌وه‌ی (هایدیگه‌ر) بۆ (ئه‌فلاتون) گرنگییه‌که‌ی له‌وه‌دایه، ته‌فسیر و شیکردنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیانه ده‌خاته ڕوو، بەوەی ئه‌و فه‌یله‌سووفه له‌وه ڕزگار ده‌کات فه‌لسه‌فه‌که‌ی وه‌کو مێژوو بخوێندرێته‌وه. بۆیه به بروای من ئه‌م به‌شه یه‌کێکه له گرنگترین به‌شه‌کانی ئه‌م کتێبه. من پێشتریش که‌مێک له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی (هایدیگه‌ر) بۆ فه‌لسه‌فه و ئه‌فسانه‌کانی یۆنان دوام، به‌ڵام ناکرێت به قووڵی خوێندنه‌وه بۆ ئه‌م تێڕوانهینهی (هایدیگه‌ر) نه‌که‌ین. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌م نه‌کردبێت (د. محه‌مه‌د که‌مال)یش ئه‌و میراته‌ی له (هایدیگه‌ر)ه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، بەوەی (هایدیگه‌ر) پێی وایه (هیراکلیتۆس) و (پارمه‌ندیس)ی فه‌یله‌سووف به هۆی ئه‌و ململانێ و جیاوازییه هزرییه‌ی له‌نێوانیاندا هه‌بوو، زه‌مینه‌یان بۆ فه‌لسه‌فه‌ی (بوون) خۆش کردووە، هه‌روه‌کو له‌م کتێبه‌ی (د. محه‌مه‌د که‌مال)یشدا ده‌بینین، به‌شێک له گه‌شته فه‌لسه‌فییه‌که‌ی خۆی به دیده بوونگهرایهتییهکهیهوه به‌ره‌و لێکۆڵینه‌وه له فه‌لسه‌فه‌ی (پارمه‌ندیس) و (هیراکلیتۆس) ده‌بات. لای من گه‌شته‌که‌ی (هایدیگه‌ر)یش بۆ شاری (ئه‌سینا) جێگه‌ی سەرسووڕمانه، من چه‌ندینجار گه‌شته‌که‌ی (مارتین هایدیگه‌ر)م بۆ یۆنان له سایتی (یوتوبی) بینیوه، که چۆن به تامه‌زرۆییه‌وه به ناو قه‌ڵا کۆنه‌کانی (ئه‌سینا)دا ده‌گه‌ڕێت… (هایدیگه‌ر) ئه‌و گه‌شته‌ی ساڵی 1962 بۆ یۆنان ئه‌نجام دا. خوێنه‌ر ده‌توانێت له سایتی گوگڵ ئه‌م ناونیشانه بنوسێت و گرته ڤیدۆیه‌که ببینێت، کە به زمانی ئه‌ڵمانییه (Martin Heidegger visits Greece In 1962).
له‌و به‌شه‌دا نووسه‌ر باسی خوێندنه‌وه‌ی (هایدیگه‌ر) بۆ (ئه‌فلاتون) ده‌کات. نووسه‌ر پێمان ده‌ڵێت بێجگه له به‌رهه‌مێکی به ناوی (ڕاڕه‌وی ڕاستی لای ئه‌فلاتون)، که له ساڵی 1942 بۆ یه‌که‌مجار بڵاوی کرده‌وه، (هایدیگه‌ر) له‌باره‌ی (ئه‌فلاتون)ه‌وه نه‌ینووسیوه و ئه‌وه‌ی له به‌رده‌ستماندایه کۆمه‌ڵێک رەشنووسی وانهکانییهتی (ل 312). نووسه‌ر له دوو خاڵدا پێوه‌ندیی خوێندنه‌وه‌ی (هایدیگه‌ر) بۆ (ئه‌فلاتون) ده‌خاته ڕوو، یه‌که‌م: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مێژووی ئۆنتۆلۆجی و دامه‌زراندنی ئۆنتۆلۆجییهکی نوێ، که له‌سه‌ر بناخه‌ی ڕاستیی بوون ڕاده‌وه‌ستێت. دووه‌میان: ڕه‌تکردنه‌وه‌ی تازه‌گه‌ری (ل 313). به لای منه‌وه هه‌ردوو خاڵ گرنگیی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، به‌ڵام ناکرێت ئاوڕێکی جدی و خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ خاڵی دووه‌م نه‌که‌ین، ڕه‌تدانه‌وه‌ی تازه‌گه‌ری ده‌کرێت بڵێین له (نێتچه)ه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا و تاکو لای (هایدیگه‌ر)، (فوکۆ) و (دێریدا) درێژه‌ی کێشا، ئه‌ویش بە هۆی دیارده ترسناکه‌کانی مۆدێرنتهیه له سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ته‌کنه‌لۆجیا. توێژه‌ر (بوون) و ڕاستی بوونی له به‌شه‌کانی پێشوودا شی کرده‌وه، بۆیه هه‌ر له‌و به‌شه‌دا پێمان ده‌ڵێت: (ئه‌فلاتون) یه‌که‌م بیریاره (بوون) بخاته په‌راوێزه‌وه و بنه‌ڕه‌تیی هه‌موو شتێک بۆ (ئایدیا) فۆرمه به‌رزه‌کان بگه‌ڕێنێته‌وه. (ل316). دواتر جیاوازیی نێوان (ئه‌فلاتون) و (نیتشه) ده‌کات به‌وه‌ی (نیتشه) ئایدیای بۆ به‌ها گۆڕیوه و (به‌ها)ی له جیهانێکی به‌رزه‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی دابه‌زاندووه، له سه‌رووی ئه‌مه‌یشه‌وه مێتافیزیکای (ئه‌فلاتون) جۆرێکه له پووچگهرایهتی (ل 317). ئه‌م جیاوازییه لای من جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه، ڕاستە (نیتشه) یه‌کێکه له‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی گرنگییه‌کی یه‌کجار زۆری به فه‌لسه‌فه‌ی بوونخوازی داوه، به‌ڵام بنه‌ڕه‌تیی هه‌موو شتێکی بۆ نهگهڕاندووەتهوه. ئه‌مه خاڵی ناکۆکی (هایدیگه‌ر)ه له فه‌لسه‌فه‌ی پێش خۆی، هه‌ر له (ئه‌فلاتون)ه‌وه بیگره تاوه‌کو (نیتشه). ئه‌م به‌شه یه‌کێکه له خوێندنه‌وه گرنگه‌کان، من نامه‌وێت زۆر له‌باره‌یه‌وه بدوێم، تاوه‌کو خوێنه‌ر خۆی بۆی بگه‌ڕێته‌وه.
دواین به‌ش سه‌رئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی (د. محه‌مه‌د که‌مال)ه بۆ (فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) و ده‌رئه‌نجامی گه‌شته فه‌لسه‌فییه‌که‌ی خۆی ده‌خاته ڕوو.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م کتێبه ده‌کرێت وه‌ک خوێندنه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌ری ژیان و فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون) بخوێندرێته‌وه، به‌ڵام به هۆی دنیابینیی (د. محه‌مه‌د که‌مال)ەوە که دنیابنییهکی بوونیارییه (وجودییه)، ئه‌وا ناکرێت باس له‌وه نه‌کرێت نووسه‌ر به شێوه‌یه‌کی زۆر فه‌لسه‌فییانه له کێشه‌کانی بوون له لای (ئه‌فلاتون) و فه‌یله‌سووفانی پێش (ئه‌فلاتون)ەوە قووڵ بووەتەوه. نووسه‌ر هێنده‌ی هه‌وڵی قووڵکردنه‌وه‌ی کێشه فه‌لسه‌فییه‌کانی داوه، هێنده خۆیی سه‌رقاڵی چاره‌سه‌رکردنیان نه‌کردووە، ئه‌و پرسیار زیاتر دورووژێنێت نه‌وه‌ک هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ره‌ها بدات، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بۆچوونه فه‌لسه‌فییه‌کانی خۆیی تێکه‌ڵ به‌م تێزه کردووه، ئه‌و بۆچوونانه‌ی کێشه فه‌لسه‌فییه‌کان و دنیابینییه به‌رفراوانه‌که‌ی (د. محه‌مه‌د که‌مال)ی قووڵتر کردووەتەوە. ئه‌م کتێبه گرنگه له هه‌موو کتێبخانه‌یه‌کدا هه‌بێت، چونکە پێویستیمان پێیەتی و دەبێت بۆی بگه‌ڕێینه‌وه.
سۆران ئازاد
په‌راوێزه‌کان:
1. J.D. Casten – 1993/ Heidegger: Towards a poetry Beyond Technological Perfection. Page 7-6
2. کاروان کاکه‌سوور/ تێڕامان له نوێترین پیشانگای (ڕێبوار سه‌عید)ی شێوه‌کار له کۆپینهاگن/ (سایتی ماڵێک له ئاسمان)
3. بڕوانه (گه‌ڕانه‌وه بۆ لای ئه‌ریستۆ)/ سۆران ئازاد/ سایتی ده‌نگه‌کان
4. سۆران ئازاد – جه‌مال غه‌مبار، شاعیری خوده شکستخواردووه‌کان/ گۆڤاری گه‌لاوێژ/ ژماره 51
5. Quran/ translated by Dr. Muhammad Mahmud Ghali/ faculty of language and Translation Al- Azhar Univirsty.
6. (د. محه‌مه‌د که‌مال)/ فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون)/ ل 107
7. (د. محه‌مه‌د که‌مال)/ هایدیگه‌ر و شۆرشێکی فه‌لسه‌فی/ ل96
(Heidegger, Martin, Being and Time/ translation by john macqurrie and Edward Robison)
8. Dr. Muhammad kamal /Mulla Sadra`s Transcendent Philosophy/ Introduction/ page 1
سه‌رچاوه‌کان:
– (د. محه‌مه‌د که‌مال) / بوون و داهێنان/ فه‌لسه‌فی/ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ ساڵی 2004
– (د. محه‌مه‌د که‌مال)/ فه‌لسه‌فه‌ی (ئه‌فلاتون)/ فه‌لسه‌فی/ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ ساڵی 2010
– سۆران ئازاد/ گه‌ڕانه‌وه بۆ لای ئه‌ریستۆ/ سایتی ده‌نگه‌کان/ 02/2009
– ئیبراهیم ر. سورچی / فه‌لسه‌فه‌ی ئا‌ڤێستا بنه‌مای دین و زمانه‌کانه / (خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێیه بۆ مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی زمان/ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوه‌ن/ چاپی یه‌که‌م 2010
– J.D. Casten – 1993/ Heidegger: Towards a poetry Beyond Technological pertrction.
– Dr. Muhammad kamal /Mulla Sadra`s Transcendent Philosophy/ Introduction/ page 1
– Existentialism/ From Wikipedia, the free encyclopedia
– Heidegger, Martin/ Plato`s Doctrine of truth/ English translation by Thomas Sheehan/ Cambridge University Press, 1998
– Heidegger, Martin, Being and Time/ translation by john macqurrie and Edward Robison