دیدێكی تر بۆ یادی گازبارانی هەڵەبجە.
بۆئەوەی گوزارشتێكی ڕاستەقینە لەیادەوەری تاوانی جینۆسایدبكەین، رێزگرتن لەقوربانیان ببێتە كردەوە، گرنگە چاوێك بەرابودووی خۆماندا بگێرینەوەوبزانین چیمانكردووەو لەئێستادا چی دەكەینو چۆن روبەروی ئەویادەوەرییە دەبینەوە، چی دەكەینو چی دەڵێین ؟ چی دەچێتە خانەی رێزگرتن لەقوربانیانەوەوچی سوكایەتیە بەقوربانیەكانمانو بەخودی یادەوەرییەكەش ؟ لەدوای راپەرینی ئازاری سالی 1991 وە هەموو سالێك یادی قوربانیانی ئەنفالو هەڵەبجە دەكرێتەوە فرمێسك بۆ شەهیدان دەرێژرێ !! بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئەو تاوانانە تاچەند بوونە مایەی ئەوەی پەندو عیبرەتی لێوەربگرینو خۆمانی لەسەر بنیاتبنێنەوە، وەكو پەرچەكردارێك لەدژی نەیارەكانمان بیكەینە هەوێنی لێبوردەییو خۆشەویستی نێوانمان ؟ بەڵام بەپێچەوانەوە لە ساڵی 1991 وە خۆمان بەقەد ژمارەی قوربانیانی هەڵەبجەمان لەیەكتری كوشتووە !!
بێگومان هەموومان كۆكین لەسەرئەوەی رێزلەقوربانیانو كەسوكاریان بگرین، بەڵام رێزلێنان چۆنە ؟ چ بەهایەكی هەیە ئەگەر نەبینەوێنەیەكی جوانو سەرنجی دنیا بۆلای خۆمان رابكێشین..؟ لەیادەوەری ساڵانی رابوردودا لە رووی دەربرینیشەوە هەڵەی زەقمان تێپەراندووە، باچەند نمونەیەك بهێنینەوە: ( وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراوان لەلافیتەیەكدا نوسیویانە ( بەرزو پیرۆزبێت رۆژی جینۆسایدكردنی گەلی كورد، زۆرجار ئەوە دوبارە دەبێتەوە بەرزو پیرۆزبێت یادی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە..!!. لەراستیدا ئەمە، هەڵەیەكی گەورەیە، ئێمە یادی تاوان دەكەینەوە بۆیە رۆژی 16ی ئازاری 1988پیرۆز نیە بەپێچەوانەوە رۆژێكی نەفرەت لێكراو پەڵەیەكی رەشە بەمێژوی مرۆڤایەتیەوە، ئەوەی پێویستە بەبەرزی رابگیرێت گیانی قوربانیەكانە نەك رۆژەكە . هەتا ئەمرۆ بەتاوانی ئەنفالو كیمیابارانی هەڵەبجە دەلێن: (كارەسات) ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە .. بە قوربانیانی ئەنفالو تاوانی هەڵەبجە دەوترێت ” پاشماوە ” وای بۆدەچم ئەمەش سوكایەتی بێت، بۆیە ووشەی بەجێماو یاخود قوربانی بەشیاو دەزانم .
پەیام بۆیادەوەری تاوانی گازبارانی هەڵەبجە :
1. یادەوەریەكان بكەینە دەروازەیەك بۆ ئاشتیو لێبوردەییو چەساپاندنی مافی مرۆڤو پاراستنی كەرامەتی هاولاتی، چونكە هاولاتیەكی رێزلێگیراودەتوانێ رێزی راستەقینە لەقوربانیانی تاوانی جینۆساید بگرێت.
2. یادەوەری هی هەموانە نەك هی دەستەبژێر..! بۆیە باشتر وایە كارتی داوەت بۆهیچ كەسولایەنێك نەچێت، چونكە ئەگەر یادەوەریەكان نەتەوەین ئەوە هی هەموومانن وەكوچۆن هەموومان مافمان پێوەی هەیە ئاواش ئەرك دەكەوێتە سەرشانمان ئیدی خۆمان ئازادین چۆنوبەچ شێوەیەك یادی دەكەینەوە . بەپێچەوانەوە كەدەعوەتی تێكەوت بەلای كەمەوە دڵی خەڵكانێكی تێدا دەشكیو خەڵكانێكی گومان لێكراویش بەهۆی كارتی داوەتنامەوەدێنو لە ریزی پێشەوە لەسەر قەنەفەی شەرەف دادەنیشن وكەسوكاری قوربانیانیش لە دوایانەوەن. چ كارە ساتێكە كۆنەبەعسیەك لەریزی پێشەوە دابیشێ ؟
3. پێویستە روئیامان فراوان بێیتو پێشبينی داهاتوو بكەینو سنوری یادەوەریە كۆنەكان، جیاوازی بیرورا، جیاوازی حزبایەتیو ئاینو ئایدۆلۆژیا ببەزێنین، رێزگرتن لەمافوكەرامەتی مرۆڤ ببێتە پەیامی سەرەكی یادەوەریەكە . مەبەستمە بلێم پێویستە ئەو یادەوەریانە ببنە هەوێنی ئاشتبوونەوە وەكو چۆن خەلكانی دڵ لێك شكاو لەجەژندا ئاشت دەبنەوەو گەردن ئازایی لەیەك دەكەن لەیادی هەڵەبجەو ئەنفالیشدا ئەمە ببێتە نەریت.
4. سفرە رازاندنەوەو خەرجی زۆر بۆداوەتو داوەتكاری لەو یادانەدا نەنگییە، چونكە جگەلە بەهەدەردانی خەرجییەكی زۆردەبێتە خالێكی ناشرینی یادەكانیش . دەبێت لەبری بەهەدەردانی سامانی گشتی ئەو رۆژانە ببنە رۆژی كەمكردنەوەی خەرجیو بنیاتنانەوە.
5. لەو رۆژەدا كارێكی جوان دەبێت ئەگەر ناوبنرێت ( رۆژی ژیانەوە) رێزگرتن لەسروشتو زیندەوەر، نەك هەر لە هەڵەبجە بەڵكو لەسەر تاسەری كوردستان سەر برینی پەلەوەرو ئاژەڵان، واتە گۆشت خواردن لە چێشتخانەو ماڵەكانیشماندا قەدەغەبكەینو هەوڵبدەین وەكو دابونەریتێكی كۆمەڵایەتی بیچەسپێنین كە سەربیرنو گۆشتخواردن بكەینە شەرمێكی گەورە.
6. رێزگرتنی راستەقینە لە قوربانیانی ئەنفالوكیمیاباران دەشێت بكەینە كارتی بەهێزی فشار لەسەر لەلایەنە سیاسیە ناكۆكەكانی كوردستان، بۆئەوەی نیازە شەرانگێزیەكان لەگۆڕبنرێنو لەمەولا ملاملانێی مەدەنیو كێبەركێی سیاسی بەخزمەت گوزاری بكەن نەك بە رشتنی خوێنی یەكتری واتە ( شەڕی ناوخۆ، كوشتنی بەئەنقەست، خوێنرشتن بەهەر پاساوێَك ) بەفەرمی رابگەینرێت كە ئەو رەفتارانە سوكایەتیە بە قوربانیانی جینۆساید.
7. هەركوشتنێكی بەئەنقسەت سەرباری سزا یاساییەكەی سزای رێزنەگرتن لە قوربانیانی جینۆسایدیشی بخرێتە سەرو ئەمەش بەیاسا رێكبخرێت .
8. راوكردنو دارشكاندنەوە بەگشتیو بەتایبەتی لەو رۆژانەدا سزای قورستریان بۆ دابنرێ لەوەی یاسا لەرۆژانی ئاسایدا دایناوە. ئەمەش بۆ جیاكردنەوەی ئەو رۆژانەیە لە رۆژانی ئاسایی.
9. كەسانی دانسقەو بەرچاو لەقوربانیان ئەوانەی خاوەنی چیرۆكی تایبەتو دۆسێی تایبەتن لەو یادانەدا زەق بكرێنەوەو رێزی تایبەتیان لێبگیریت وەكو ( تاقانەكان ئەوانەی لەخانەوادەكەیان تەنها یەك كەسیان ماوە، دەربازبوانی گۆڕی بەكۆمەڵ، یان حاڵەتێكی هاوشێوەی مەلا هەورامانی هەلەبجە كە لەناو تەرمەكاندا بە زیندوویی ماوەتەوە، يان (ديمةن ) كة لةكيميابارانى باليسان ماوةى دوو رؤذ لةباوةشى تةرمى دايكيدا لةضياى زةينةتيرمابووةوة ء دواتر ريَبواريَك دؤزيبوويةوة )
10. كەسانێك كە تۆمەتبارن یان گومان لێكراون بە دزی سامانی گشتیو پێشیلكاری مافی مرۆڤ، يان توند رةفتارنوستەمكارن رێگە نەدرێن لەو یادانەدا قسەبكەنو ووتاربخوێننەوە.
11. زمانمان لەهەندێك دەستەواژە پاكبكەینەوە بۆنمونە، ووشەی كارەسات لە بری تاوانی ئەنفالوگازبارانی هەڵەبجە بەكارنەهێنرێ، چونكە لە هەڵەبجە تاوان رویداوە، رونتر بلێین : ئەوەی لەشاری (وان) یان لەوڵاتی (ژاپۆن) ڕویاندا كارەسات بوو، بەكورتی هەموو تاوانێك كارەساتی لێدەكەوێتەوە بەڵام مەرج نیە هەموو كارەساتێك تاوان بێت .