Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
حكومه‌تی نیشتمانی یان حكومه‌تی بازرگانان

حكومه‌تی نیشتمانی یان حكومه‌تی بازرگانان

Closed
by March 4, 2012 گشتی

 

 
هه‌رحكومه‌ت و كۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌گه‌ر به‌درێژایی ته‌مه‌نی هه‌رله‌شه‌ڕو ئاژاوه‌و ململانێی خوێناوی دابوو ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ جومگه‌كان و ئه‌ندامه‌كانی لێكده‌ترازێن و وه‌كو حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگایه‌كی هیلاك و ماندوو ناتوانێ وه‌كو پێویست ته‌كان بدات و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچێت , بێگومان ئه‌و جۆره‌ حكومه‌ته‌ تۆتالیتاریانه‌ ناوه‌ ناوه‌ لێره‌و له‌وێ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر شه‌پۆڵ و بوڕكانی توڕه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌و ڕێساو یاساكانیان تێكده‌شكێنرێن و ده‌خرێنه‌ زڵكاوی مێژووه‌وه‌ , ڕژێمی تۆتالیتاریزمی به‌عس باشترین نمونه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌بوو كه‌ كه‌وته‌به‌ر زریان و گه‌رده‌لوولی توڕه‌ی خه‌ڵك و ته‌خت و تاجی تێكشكێنرا , گۆڕانكاریه‌كی دڵخۆشكه‌ربوو كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كاریزمایی به‌عس هه‌ره‌سی پێهێنراو خه‌ڵكی عێراق له‌ كه‌ڵبه‌و چڕنووكی ئه‌و دڕندانه‌ رزگاری بوو ,
به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ بنیاتنانه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌و چه‌مك و فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ واتا بنیاتنانه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌فۆڕم و ناوه‌ڕۆكێكی تۆتالیتاریزم كه‌ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و كلتوری به‌عسه‌ , كاربه‌ده‌ستانی عێراق گه‌ر بیانه‌وێ حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار دابمه‌زرێنن ده‌بێ شانه‌ مه‌زهه‌بی و تایفه‌گه‌ریه‌كان تێك بشكێنن و ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ناوچه‌گه‌ری له‌زه‌ینی خه‌ڵكدا بسڕنه‌وه‌ , بێگومان یه‌كێك له‌و پایه‌ گرنگ و پته‌وانه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ بنچینه‌یه‌كی به‌هێز بۆكۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتوو رزگاربوونه‌ له‌ كۆت و به‌ندی تایفه‌گه‌ری و مه‌زهه‌بی و ناوچه‌گه‌ری و دابه‌شكردنی ده‌سكه‌وتوو داهاتوو به‌روبوومی ئه‌و وڵاته‌ به‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگادا به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسانی ,
به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی عێڕاق به‌هۆی سه‌رقاڵبوونیان به‌كاری بازرگانی و كۆمپانیاو حیسابی بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌و كڕینی ڤێللاو مه‌زره‌عه‌ی گه‌وره‌گه‌وره‌ ئاگایان له‌كاروباری وڵات و خزمه‌تگوزاری خه‌ڵك نه‌ماوه‌و
كاربه‌ده‌ست و سیاسه‌تمه‌داره‌كان له‌ كیشوه‌رێك و خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌ كیشوه‌رێكی تره‌ ,
ئه‌وبارودۆخه‌ ناله‌باره‌ سه‌رتاپای عێراقی گرتۆته‌وه‌و كوردستان و كۆمه‌ڵگای كوردیش لێی بێبه‌ری نیه‌ ,    
له‌ كوردستانی خۆشماندا به‌رپرسه‌ گه‌وره‌و بچوكه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی مامه‌ڵه‌و بازرگانی و كۆمپانیاو كۆشك و ته‌لاری دڵڕفێنن نیو ئه‌وه‌نده‌ سه‌رقاڵی كاری سیاسی و خزمه‌تگوزاری گوێڕایه‌ڵی داخوازیه‌كانی خه‌ڵك نین , ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی پڕۆژه‌و قۆنته‌رات و به‌دواداچوونی بۆندی گه‌وره‌گه‌وره‌ن نیو ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریكی كاروباری میلله‌ت نین , له‌كوردستاندا هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگا به‌ ڕواڵه‌ت خۆشبه‌خته‌و له‌كامه‌رانی دایه‌ به‌ڵام له‌ناخدا وانیه‌و هه‌میشه‌ هه‌ست به‌دڵته‌نگی و بێزاری ده‌كات , چونكه‌ له‌وه‌ ئاگادارن كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ئه‌وه‌نده‌ی له‌بواری بازرگانی و تێكه‌و لێكه‌و مامه‌ڵه‌ی وردو درشت شاره‌زاییان هه‌یه‌ نیو ئه‌وه‌نده‌ له‌بواری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری یه‌وه‌ شاره‌زا نین , هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌مه‌سه‌له‌ی مامه‌ڵه‌و بازرگانیدا زۆر له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ زیره‌كترو بڵیمه‌ت ترن , تۆ هه‌ركارێك یان هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك بدۆزیته‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ی ئه‌وان به‌نیوه‌یان كردووه‌ هه‌ركارێك ئه‌گه‌ر دوو عانه‌ی تێدابێ هه‌تا تۆ ده‌ڵێی بیسمیللا ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌لحه‌مدوللا , ئه‌وان له‌بواری بازرگانیدا زۆر بڵیمه‌ت و زیره‌كن و كه‌س ناتوانێ شانی خۆیان له‌شانی بدات , بۆیه‌  به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی و یه‌كێتی ئه‌گه‌ر دۆلاره‌كانیان  له‌سه‌ر یه‌ك دابنێن به‌قه‌د قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌بێت , یاخود ئه‌و مه‌زڕه‌عه‌و زه‌وی و زاره‌ی كه‌ ئه‌وان هه‌یانه‌ ئه‌گه‌ر به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژاردا دابه‌ش بكرێ ته‌نانه‌ت یه‌ك كرێچیش له‌ كوردستان نامێنێ ,
 ئێمه‌ له‌م رۆژگاره‌دا چه‌ند پێویستیمان به‌ ژێرخانێكی ئابوری پته‌و هه‌یه‌ له‌وه‌ زیاتر پێویستیمان به‌ زانست و مه‌عریفه‌ هه‌یه‌ , چونكه‌ هه‌ركۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كی فیكری و مه‌عریفی قووڵ دانه‌مه‌زرابێت له‌به‌رده‌م نزمترین ڕه‌شه‌بادا خۆی ناگرێت و هه‌ره‌س ده‌هێنێ ,
 له‌دنیای ئه‌مڕۆدا ئه‌وانه‌ی خه‌ریكی مامه‌ڵه‌و بازرگانین له‌ كاری سیاسی و دبلۆماسیدا زۆر بێ به‌هره‌ن و بیركردنه‌وه‌یان لاوازه‌ , هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینین نه‌خشه‌و پلانه‌كانیان  ئاراسته‌ی خۆی وه‌رناگرێ , كه‌سێك كه‌ خۆی به‌ به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتدار بزانێ ده‌بێ ده‌ست به‌تاڵ بێ و هه‌موو كات و ساتی خۆی بۆ خزمه‌تكردن و ڕێنمایی كردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی ته‌رخان بكات , هه‌ر سیاسه‌تمه‌دارو به‌رپرسێك ئه‌گه‌ر ڕاستگۆبێ له‌گه‌ڵ میلله‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌بێ ته‌واوی ئه‌و كارانه‌ی له‌ژیانی ڕۆژانه‌یدا ئه‌نجامی ده‌دا بریتی بێ له‌ به‌دیهێنانی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وخه‌ڵكه‌ی كه‌ خۆی به‌ گه‌وره‌و چاوساغیان ده‌زانێ , له‌ وڵاًته‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا سیاسه‌تمه‌دارو به‌رپرسه‌كان خۆیان به‌ پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی میلله‌ت ده‌زانن , وه‌ له‌ خزمه‌تكردنی گه‌ل و وڵاته‌كه‌یان به‌ولاوه‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كی تریان نیه‌ , به‌ڵام له‌ وڵاتی ئێمه‌دا به‌رپرس و كاربه‌ده‌سته‌كان هه‌ر كاتێ جڵه‌وی فه‌رمانڕه‌واییان گرته‌ ده‌ست ده‌كه‌ونه‌ ململانێ  له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان , ئه‌وه‌ش واده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵاتداران و خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ له‌سه‌ر بنه‌مای گومان و دودڵی دروست ببێ , سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێمه‌ تێڕوانینێكی فه‌لسه‌فی و مه‌عریفییان نیه‌ بۆ واقیعی كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆیان به‌ڵكو خیبره‌یه‌كی بازرگانی باشیان هه‌یه‌و ده‌توانن ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ كۆنتڕۆڵی بكه‌ن و ئه‌وه‌ی كه‌ نیه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ست هێنانی بده‌ن , یه‌كێك له‌وخاڵه‌ گرنگانه‌ی كه‌ پێویسته‌ به‌ جددی كاری بۆبكرێ بریتییه‌ له‌ سڕینه‌وه‌ی كه‌له‌پووری به‌عس ئه‌ویش ده‌بێ كاری گه‌وره‌ی بۆبكرێ له‌ئاستی سیاسی و رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ییدا , له‌ساڵانی ڕابردوودا كه‌ وڵاته‌كه‌مان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی سیاسی دژ به‌یه‌ك دابه‌ش ببوو كه‌ دواتر شه‌ڕێكی ماڵوێرانی لێ كه‌وته‌وه‌ ئه‌وه‌ كلتوری به‌عس بوو وه‌كو میكڕۆب له‌گه‌ڵ خوێنی ئه‌م میلله‌ته‌ تێكه‌ڵ ببوو , به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ بارودۆخێكی ستراتیژی وه‌كو ئێستا گه‌لانی عێڕاق به‌هه‌موو پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌كانیه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌زموونێكی گه‌وره‌دان كه‌ ئه‌ویش پڕۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی حكومه‌تێكی نیشتمانی یه‌ , حكومه‌تێكی ئه‌وتۆ كه‌ ئه‌ندامی لێهاتوو و پڕۆفیشناڵ به‌ڕێوه‌ی ببات نه‌ك پیاوی بازرگان و خاوه‌ن كۆمپانیا ,
هه‌تا جڵه‌وی فه‌رمانڕه‌وایی له‌ده‌ستی بازرگان و خاوه‌ن كۆمپانیاو سه‌رمایه‌داره‌كان دابێ خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ له‌ قه‌یران و كێشه‌ی سیاسی و دارایی و كومه‌ڵایه‌تی رزگاری نابێت و هه‌رده‌بێ به‌وزامه‌ قووڵه‌وه‌ بناڵێنێ كه‌ له‌ئاكامی ئه‌و كێشه‌ ئاڵۆزانه‌ تێی بووه‌ , پێویسته‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ڕێساو یاساكانی سه‌رله‌نوێ دابڕێژرێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌كان و گروپ و مه‌زهه‌به‌كان سنوردار بكرێ و حیزب و حكومه‌ت و مه‌زهه‌ب لێك جیا بكرێنه‌وه‌ ,
 جا لێره‌دا ئومێدێك كه‌ بۆ ئێمه‌ مابێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ سه‌یری ڕووداوه‌كان بكه‌ین كه‌ بارودۆخی عێڕاق چی به‌سه‌ر دێت , ئه‌گه‌ر بارو دۆخی پایته‌خت ڕوو له‌ هێوربوونه‌وه‌ بێت و به‌ئاراسته‌یه‌كی باشدا بڕوات ئه‌وكاته‌ كاریگه‌ری باشی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێ , چونكه‌ جمو جۆڵی بازرگانی و هاوردن و بردن ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌و له‌هه‌موو ڕووێكه‌وه‌ بازاڕه‌كانی ئێمه‌ش ده‌كه‌ونه‌وه‌ جموجۆڵ و بوژانه‌وه‌ , چونكه‌ خه‌ڵكێكی زۆر هه‌یه‌ ده‌توانێ به‌بێ ترس په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ شاره‌كانی خواره‌وه‌ ببه‌ستێت و چالاكی بازرگانی له‌سه‌رتاسه‌ری عێڕاق به‌گه‌ڕ بێخیته‌وه‌ , به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌مجۆره‌ ده‌توانین له‌م په‌شێویه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌ رزگارمان بێت كه‌ به‌هۆی سیاسه‌تی چه‌وتی ده‌سه‌ڵاتداره‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كی عێڕاق تێی كه‌وتووین , شتێكی ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ پێكه‌وه‌ ژیانی هه‌موو پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكانی عێڕاق باشترین ڕێگایه‌ بۆگه‌یشتن به‌لوتكه‌ی به‌خته‌وه‌ری ,


نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی     

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.