
سێكس له ڕۆمانی كوردیدا
(1)
به‌وپێیه‌ی ئه‌ده‌ب به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانی مرۆڤایه‌تی پێكده‌هێنێ، بۆیه سه‌رنج ده‌ده‌ین، كه په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ كۆی كایه‌كانی ژیاندا هه‌یه، له ورده‌وه بۆ گه‌وره‌و له بایه‌خداره‌وه بۆ كه‌مبایه‌خ و… هتد، دیاره له‌وه‌شدا ورده‌كان گه‌وره ده‌كا و ئه‌شتوانێ گه‌وره بچـوك بكاته‌وه‌و هه‌روه‌ك ده‌توانێ گۆڕانكاری له شوێن و پێگه‌ی بایه‌خدار و بێبایهخیشدا بكات و… ئیدی ئاوا.
ڕه‌نگه پێوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و سێكس یه‌كێك بێت له سه‌ره‌نجڕاكێشترین ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له زۆربه‌ی ده‌قی ئه‌ده‌بی جیهانیدا ڕه‌نگی دابێته‌وه‌و تیشكی خرابێته سه‌ر، له‌كاتێكدا ئه‌و چه‌شنه په‌یوه‌ندییه، نه‌ك هه‌ر له ئه‌ده‌بیاتی ئێمه‌دا وه‌ك پێویست قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه، به‌ڵكو بگره، نه‌شتوانراوه له ئاستی گرنگی ئه‌و پرسه‌دا، له ده‌قی ئه‌ده‌بی كوردیدا به‌ركه‌ڵك بخرێ، له‌وانه‌یه به‌شێك له هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ باری داخراوی كۆمه‌ڵی كوردهواری بگه‌ڕێته‌وه.
ڕاسته مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، نمونه‌گه‌لی شیعریی جوانی بۆ پاراستووین، كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی تێدا بهركهڵكخراوه، وه‌ك له شیعره‌كانی شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانیدا ده‌یخوێنینه‌وه‌و بیهێچ په‌رده‌یه‌ك توانیویه‌تی ناوی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ به‌كاربێنێ، كه پێشتر و بگره تائێستاش له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا تابۆ و قه‌ده‌غه‌ن و وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی به‌شێك نه‌بن له جه‌سته‌ی هه‌موو تاكه‌كه‌سێك، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو شێخی گه‌وره له‌كاتێكدا ئه‌و كاره‌ی كردووه، كه دژ به نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه و خێزانه‌كه‌ی خۆیشی بووه، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌و وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجام نه‌داوه، به‌ڵكو دواجار ئه‌وه شێخ ڕه‌زای شاعیره، كه هاتووه و ڕیسكی نواندووه‌و سنووری حه‌رامكراوه‌كانی نێو دنیای شیعری ئه‌وسه‌رده‌می ئه‌ده‌بیاتی كوردی به‌زاندووه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌م هه‌ڵانه، له به‌رده‌م پرسیارێكی له‌م شێوه‌یه‌دا خۆی ناگرێ: ئاخۆ ئه‌وه‌نده به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بڕیاری ته‌واوكارانه له‌سه‌ر پێگه‌شتنی پێوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و سێكس بده‌ین؟
بێگومان كاتێك ناوی سێكس ده‌به‌ین و باسی ده‌كه‌ین، ئه‌وا له‌و ڕوانگه‌وه‌یه، كه ئێمه پێمانوایه ده‌بێ سێكس وه‌ك زمانێكی جیهانییه، ته‌ماشا بكرێ، نه‌وه‌ك ته‌نها كه‌ناڵێك بێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵێك حه‌ز و ئاره‌زووی جه‌سته‌یی و ته‌واو، به‌ومانایه‌ی ناكرێ وه‌ك پرسێكی بازرگانی له پرسی سێكس بڕوانرێ، به تایبه‌تیش ئه‌مه له حاڵهكاتێكدایه، كه ئه‌وه ده‌زانین مه‌به‌ستمان قسه‌كردنه له‌سه‌ر ماهییه‌تی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و سێكس وه‌ك یه‌كێك له كایه هه‌ره زیندوو و بهبایهخهكانی ژیانی مرۆڤایه‌تی.
(2)
ئایا ڕۆماننووسی كورد تاچه‌ند توانیویه‌تی مامه‌ڵه‌ی دروست و وه‌كپێویست ده‌گه‌ڵ پرسی بهركهڵخستنی سێكسدا بكات، وه‌ك به‌شێك له بونیادی تێكستی ڕۆمانه‌كه‌ی؟ پێده‌چێ ئه‌مه له ڕواڵه‌تدا پرسیارێكی ساده بێت، به‌ڵام به‌وردبوونه‌وه له ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی و گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامێكی پڕبه‌پێست بۆی، ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، كه هێشتا له تێكستی ڕۆمانی كوردیدا، سێكس وه‌ك ئامرازێك بۆ كه‌شفی مرۆیی ته‌وزیف نه‌كراوه، كه ئه‌مه‌ش نه‌بوو، ئه‌وا بێگومان هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێك له‌و بواره‌دا، به‌دیوی نه‌رێنیدا ده‌شكێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌و بهركاربردنه، په‌یبردن نه‌بێ، به خاڵه تاریك و دوور و قووڵه‌كانی ناخی كاراكته‌ره‌كانی ناو ڕۆمان، ئه‌وا هه‌رگیز كارلێكیش له‌نێوان كاراكته‌ر و ئه‌و هه‌وڵه‌ی ڕۆماننووسدا ڕوو نادات و هه‌وڵه‌كه دوور ده‌كه‌وێته‌وه له‌وه‌ی كه ئامانجی ئه‌وه بێت، له ده‌رگای كێشه و گرفته ده‌روونیی و سێكسییه‌كانی كه‌سایه‌تییه‌كان بدات و به‌دووی چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێ بۆیان، واتا ده‌بێ ڕۆماننووس توانای به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا بشكێ و بتوانێ پرسی سێكس وه‌ك خه‌مێكی مرۆیی له‌نێو ده‌قه‌كه‌یدا به‌كاربێنی و بزانێ به چ ته‌كنیكێك و چۆن دیمه‌نی ئه‌و گه‌نجه بخاته ڕوو، كه بۆ یه‌كه‌مین جار دوای 36 ده‌ستی به‌ر ده‌ستی كچێك ده‌كه‌وێت و له حه‌ژمه‌تان ده‌گری، ئه‌مه‌ش ڕێك دیمه‌نی كه‌سایه‌تی (تاڕق)ه، كاتێ ده‌ستی به‌ر ده‌ستی (شه‌یما) ده‌كه‌وێ، له ڕۆمانی (شیكاگۆ)ی (عه‌لا ئه‌سوانی)ی‌دا، ئایا تۆی خوێنه‌ر، له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌دا، ده‌توانی به‌ده‌ر له‌و نیگا ئینسانییه‌ی به‌رابه‌ر به مه‌سه‌له‌ی سێكس هه‌یه، به جۆرێكی تر تێیبڕوانی؟ هه‌ڵبه‌ت زه‌حمه‌ته له وه‌ڵامدا بگوترێ: به‌ڵێ.. له‌مه‌شدا توانای ڕۆمانووسه‌كه ده‌ر ده‌كه‌وێت، كه چۆنچۆنی توانیویه‌تی ئه‌و حاڵهكاته له كڵاوڕۆژنه‌یه‌كی ته‌واو مرۆییانه‌وه بگوازێته‌وه‌و تیشكی بخاته سه‌ر، هه‌ربۆیه خوێنه‌ر ناتوانێ له‌وه‌ها بارێكدا، وه‌ك داینه‌مۆیه‌كی ساخته بۆ به‌رده‌وامیدان به ڕووداوه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه لێیبڕوانێ، به‌ڵكو پتر ئه‌و ڕاستییه‌ی بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه، له‌وه‌ی سێكس به‌شێكه و بگره به‌شێكی گه‌وره و سه‌ره‌كیشه، له پێویستییه ژیانییه‌كانی خه‌ڵكی و ناكرێ و نابێ به‌هیچ كلۆجێك، ئه‌وه پێویستییه ژیانییه له تاكه‌كه‌س و له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك داببڕێندرێ، هه‌روه‌ك پێویسته ڕۆماننووس ئه‌و توانایه‌شی هه‌بێت، كه وێنای سه‌رده‌مییانه به سێكس ببه‌خشێ و وه‌ك باسێك نه‌یخاته ڕوو، كه ته‌نها مه‌به‌ست لێی وه‌چه‌خستنه‌وه بێت، چونكه زۆرجاران، ئه‌گه‌ر هه‌وڵی وا له ڕۆمانی كوردیدا درابێت، ته‌نها به‌و ئاقاره‌دا ڕۆشتووه، ئه‌مه‌ش هیچ له وه‌زیفه‌ی سێكس سه‌ربار ناكات، هه‌ربۆیه هیچیش له‌وجۆره تهوزیفكردنه نایێته به‌رهه‌م و هیچ چێژێكی ئێستاتیكیش به خوێنه‌ر نابه‌خشێ.
(3)
ئه‌وه ڕاسته، كه سێكس زمانێكی جیهانییه و كه‌ناڵێكی گیانیی گرنگه بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی مرۆڤه‌كان به یه‌كدییه‌وه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین، كه هه‌روه‌ك چۆن هه‌موو جۆره‌كانی تری زمان (ئاماژه، ڕه‌نگ، نیشانه و.. هتد) ئامرازێكی دوو لایه‌نن، سێكسیش به هه‌مانشێوه هه‌ڵگری ئه‌و خه‌سڵه‌ته دیاریكراوه‌ی خۆیه‌تی، بۆیه چۆنێتی تێگه‌یشتن له‌م زمانه یان ئامرازه، چۆنێتی به‌كارهێنانی به‌لای مرۆڤه‌كانه‌وه دیاری ده‌كات، مادامه‌كێ ڕۆماننووسیش چ نییه به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر كه‌سێكی تر مرۆڤه و له چوارچێوه‌ی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژیی تایبه‌ت و دیاریكراوی خۆیدا ده‌ژی، كه‌واتا دواجار ئه‌ویش مه‌حكومه به‌هه‌مان ئه‌و یاسای و ڕێسایانه‌ی وا ده‌كه‌ن، چۆنێتی تێگه‌یشتن و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی به‌و زمانه‌وه دیاری بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا گرنگه، ئه‌وه‌یه كه ده‌بێ ڕۆماننووس خاوه‌نی هۆشیارییه‌كی زیاتر بێت و ڕێگه نه‌دا حه‌زه كه‌سییه‌كان و ئاره‌زووه تایبه‌تییه‌كانی خۆی و هاوكاتیش ته‌ماحی ناوداربوونیشی وا بكه‌ن، كه بێت و له ڕێگه‌ی پرسی بهركهڵخستنی سێكسه‌وه له ڕۆمانه‌كه‌یدا، ڕه‌واج به نووسینه‌كه‌ی بدات و وا بكات سه‌رنجی خوێنه‌ران به‌لای خۆی و به‌رهه‌مه‌كه‌یدا ڕابكێشێت، چونكه ئه‌مه ده‌بێته هۆكارێك بۆ دوور كه‌وتنه‌وه‌ی ڕۆمان له مه‌هامی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی و واشده‌كات سه‌ر له‌خوێنه‌ر بشێوێت و په‌یامی مرۆیی نووسه‌ریش وه‌ك خۆی نه‌گاته جێمه‌به‌ست.
پێویسته ئاماژه‌یه‌كیش به‌وه بكه‌ین، كه پێویسته ڕۆماننووس به‌شێوه‌یه‌كی باڵا پرسی سێكس تێكه‌ڵ به بنیادی گێڕانه‌وه بكات، چونكه گێڕانه‌وه وه‌ك یه‌كێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی بنیاتی ده‌قی ڕۆمان، كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌یه، له‌سه‌ر كۆی ڕه‌گه‌زه‌كانی تری بنیاتی ڕۆمان، هه‌ر له كات و شوێن و كه‌سایه‌تی و هه‌روه‌ها شێوازی گێڕانه‌وه، كاریگه‌ری گه‌وره‌شی ده‌بێ له‌سه‌ر ڕه‌نگڕێژكردنی بنیاتی وه‌سف، كه ئه‌مه‌ی دواییان گرنگییه‌كی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه، چونكه هه‌روه‌ك (د. تانیا ئه‌سعه‌د محه‌مه‌د ساڵح) ده‌ڵێت: “وه‌سف پێویستییه‌كی سه‌ره‌كی گێڕانه‌وه‌یه، زۆر زه‌حمه‌ته بێ وه‌سف بتوانین بگێڕینه‌وه، به‌ڵام كارێكی ئاسانه وه‌سف بكه‌ین بێ گێڕانه‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه هونه‌ره‌كانی گێڕانه‌وه ناتوانن ده‌ستبه‌رداری وه‌سف بن، هاوكات وه‌سفیش ناتوانێت جێی گێڕانه‌وه بگرێته‌وه” كه‌واتا ئاسته‌مه به‌بێ بوونی زمانی ده‌ق هیچ چه‌شنه وه‌سف و گێڕانه‌وه‌یه‌ك، له ڕۆماندا بێته كایه‌وه، بۆیه پێویسته ڕۆماننووس ئه‌وه كاره بكات، تا بتوانێ له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌و وه‌سفه‌وه ئه‌و دیمه‌نه جیاوازانه بگێڕێته‌وه، كه پشكدارن له دیاریكردنی سیمای گشتی كاره‌كته‌ره‌كاندا و له شوێنی پێویستیشدا به كارامه‌ییه‌وه سوود له بهركهڵخستنی سێكس ببینێ و بتوانێ جێگه‌ی بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌وه، وه‌سفی ئه‌ركی خۆی بگێڕێ، ئه‌مه‌ش به‌وپێیه‌ی (وه‌سف ئه‌و بڕگه‌و كۆپلانه ده‌گرێته‌وه، كه وێنه‌ی ژینگه و سروشت و باری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و سیما و ڕوخساری كاره‌كته‌ره‌كان له‌شێوازێكی ئه‌ده‌بی ڕازاوه‌دا پیشان ده‌دات و ده‌ورێكی گرنگ له په‌ره‌سه‌ندنی بنیاتی هونه‌ری ده‌قی گێڕانهوهبهندیدا ده‌گێڕێت).
(4)
له‌ڕاستیدا وه‌ك چۆن كاتی ئه‌وه هاتووه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و تاكه‌كانی، تێڕوانینی خۆیان به‌رامبه‌ر به چۆنێتی تێكهیشتنیان له پرسی سێكس بگۆڕن، هه‌ر ئاواش كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌و پرسی هه‌ستیاره له ڕۆمانی كوردیدا به‌ركه‌ڵك بخرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی سه‌رشانی ڕۆماننووسانی كورده، كه هه‌وڵبده‌ن به‌جیا له‌هه‌ر كاتێك و به هۆشیارییه‌كی زیاتره‌وه، كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بكه‌ن و كارێكی ئه‌وتۆ بكه‌ن، كه دیدی نێگه‌تیڤانه‌ی كۆمه‌ڵگه له‌هه‌مبه‌ر سێكس بگۆِرن و ئاراسته‌یه‌كی ته‌ندروست و ڕاستینه، له‌و باره‌یه‌وه لای تاكی كورد بخوڵقێنن.. به‌ڵام پرسیاره هه‌میشه‌ییه‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا به‌ڕاست كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌و جۆره كۆمه‌ڵگایانه‌یه، كه به‌و ئاسانییه بتوانرێ له‌ڕێگه‌ی ڕۆمانه‌وه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دروست بكرێ؟ ئه‌گه‌ر له باری ناههموای خوێندنه‌وه بڕوانین له كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا، ئه‌وا ئه‌وه ڕاستییه تاڵه‌مان بۆ ده‌ر ده‌كه‌وێت، كه ڕێگایه‌كی دوور و ئه‌ركێكی گرانمان له‌پێشه، بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ی ئێمه باسی لێوه ده‌كه‌ین، بۆیه له ئێستادا چیمان پێناكرێ، به‌ده‌ر له كاركردن و چاوه‌ڕوانی بینینی ئه‌نجامه‌كان.
ئـاری عوسمان خه‌یـات
ari.xeyat@yahoo.com
* سوود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
1. بینای شوێن له دوو نمونه‌ی ڕۆمانی كوردیدا (لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تیۆری، پراكتیكی، ڕه‌خنه‌یی)، تانیا ئه‌سعه‌د محه‌مه‌د ساڵح، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2011.
2. الوصف فی الروایه العراقیه (دراسه نقدیه فی تقنیه بنا‌و الوصف 1937-1990)، عبدالامیر مگر فیلی الساعدی، رساله ماجستیر، جامعه بغداد، 2000.
3. ما هو مكان الجنس من أدب الیوم؟ محمد الحمامصی، http://aleftoday.info/node/1745