
دادگاكانی پشكنین و دادگاكانی حیزب
عه‌لی عیزه‌ت بیگۆڤیچ له كتێبی ( الاسلام بین الشرق والغرب )دا ده‌ڵێ : ( كاتی خۆی دادگاكانی پشكنین بۆیه مرۆڤیان ده‌سوتاند چونكه باوه‌ڕیان وابوو به‌سوتاندنی جه‌سته ڕۆحی مرۆڤه‌كه ڕزگار ده‌بێ ) *
به‌ڵام له‌كوردستاندا حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌و سیاسه‌ته‌ی كه په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن ڕۆحی مرۆڤ ده‌سوتێنن , ئاخر سوتاندن خۆ هه‌رئه‌وه نیه كه مه‌نجه‌نیقێك دروست بكه‌یت و خه‌ڵك فڕێ بده‌یته ناویه‌وه , به‌ڵكو سوتاندن ئه‌وه‌یه كه له‌سایه‌ی سیسته‌مێكی تۆتالیتاریدا مرۆڤه‌كان هه‌ست به‌جیاوازی و نایه‌كسانی بكه‌ن , سوتاندنی ڕۆح ئه‌وه‌یه كه له‌وڵاتێكی پڕله پترۆڵ و دۆلار‌و دیناردا هه‌ندێك كه‌س دوو وه‌زیفه‌یان هه‌بێت و به‌ده‌ستێك دۆلار وه‌ربگرن و بهدهستێكیش دینار , هه‌ندێك كه‌سیش شه‌وو رۆژ به‌دوای قووتی رۆژانه‌یاندا ڕابكه‌ن و ئێوارانیش به‌گیانێكی شه‌كه‌ت و هیلاكهوه بێنه‌وه ناو ماڵ و مناڵه‌كانیانه‌وه , له‌شاری بێ سه‌رپه‌رشتان مرۆڤ كاتێ به‌نێو بازاڕدا تێده‌په‌ڕێ ده‌یان مه‌شهه‌دی حه‌زین ده‌بینێت و ده‌یان دیمه‌نی تراژیدی ده‌كه‌ونه به‌رچاویه‌وه كه كاریگه‌ریان نه‌ك ته‌نها بۆسه‌ر هه‌ست و سۆزی مرۆڤ هه‌یه به‌ڵكو رۆحی مرۆڤیش تووشی شپرزه‌بوون ده‌كه‌ن , ده‌یان پیره‌مێرد ده‌بینی كه ته‌مه‌نیان له شه‌ست ساڵ به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و به‌دیار عه‌ره‌بانه‌وه له‌سه‌رپێ وه‌ستاون , ده‌یان مناڵی خنجیلانه ده‌بینی له‌به‌ر گه‌رمای هاوین به‌دیار شتهكانیانهوه دانیشتوون و ئێوارانیش به ده‌ستی به‌تاڵ و به دڵی شكاوه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه , كه‌چی سه‌روه‌ت و سامانی كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی بیست ملیۆن كه‌سی به تێروته‌سه‌لی پێ به‌ڕێوه ده‌چێت , حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان گه‌رچی دیموكراسییانه قسه ده‌كه‌ن و فۆڕمێكی دیموكراسی و عه‌داله‌تخوازی به‌خۆیان ده‌ده‌ن , به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا تۆتالیتاریانه ڕه‌فتار ده‌كه‌ن , چونكه تا ئێستا نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵه‌و چین وتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای كورده‌واریدا ته‌باییه‌ك دروست بكه‌ن كه به‌هۆیه‌وه بتوانن حكومه‌تێكی پێگه قایم و بنكه‌فراوان حكومه‌تێكی دیموكراس و دادپه‌روه‌رانه دابمه‌زرێنن , به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ده‌ستی حیزب دایه‌و له‌نێو حیزبیشدا له‌ده‌ستی نوخبه‌یه‌كی دیاریكراو دایه كه هه‌ر فتوایه‌ك ده‌ربكه‌ن ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێت , بێگومان ئه‌م نۆرمه‌ش نۆرمێكی دواكه‌وتووه , دواكه‌وتووه به‌و مانایه‌ی كه خه‌ڵكی لێزان و بههرهمهندو به‌توانا ده‌رفه‌تیان پێنادرێ له بڕیاره‌كاندا به‌شداربن , ده‌سه‌ڵاتی حیزب ده‌سه‌ڵاتێكی تۆتالیتارییه بۆیه له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كاندا نابێ هیچ حكومه‌تێك و ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی له‌سه‌ر بنچینه‌ی میتۆدی حیزب دابمه‌زرێت , به‌ڵكو ده‌بێ حكومه‌ت یاسا‌و ڕێسا‌و ده‌ستوری خۆی هه‌بێت و حیزبه‌كان كه گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات ده‌بێ ئه‌و یاسا‌و ده‌ستوره په‌یڕه‌و بكه‌ن , نابێ كارمه‌ندی ده‌وڵه‌ت به‌پێی میتۆد‌و په‌یڕه‌وی حیزب كار بكات به‌ڵكو ده‌بێ به‌پێی لۆژیكی تایبه‌تی خۆی كار بكات , ده‌بێ به‌پێی ئه‌و هێڵه گشتییانه كار بكات كه له‌یاساو سیسته‌می ده‌وڵه‌تدا هه‌ن ,
له‌كۆمه‌ڵگا تۆتالیتاریهكاندا هه‌میشه كێشه‌و ململانێ له‌نێوان حكومه‌ت و خه‌ڵكه‌كه‌ی یاخود له‌نێوان حیزب و ئه‌وانی تر له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتداران به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له په‌یڕه‌وانی خۆیان نه‌بێ فه‌رامۆشیان بكه‌ن و له‌هه‌موو چالاكییه‌كی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی دوریان بخه‌نه‌وه , چونكه له دیدی ئه‌واندا حیزب په‌یوه‌ندییه‌كی ڕۆحی له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا دروست ده‌كات و ئه‌وه‌ی له‌و په‌یوه‌ندییه بێ به‌ش بێت ده‌بێ له مافه سه‌ره‌تاییه‌كانیش بێ به‌ش بێت , بۆیه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كار بۆئه‌وه ده‌كه‌ن كه پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وكه‌سانه لاواز بكه‌ن كه له‌په‌یڕه‌وانی حیزب نین ,
له‌وڵاتی ئێمه‌دا هێشتا ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م هاتنه ئارای سیسته‌مێكی ته‌ندروست نه‌ڕه‌خساوه كه دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگادا په‌یڕه‌و بكات , كه ببێته هۆی به‌رپابوونی سه‌قامگیری له‌هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا , هه‌تا هه‌ستی عه‌شائیری و تایفه‌گه‌ری و ده‌مارگیری مه‌زهه‌بی زاڵ بن به‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌و هه‌ست و سۆزی ئه‌و خه‌ڵكه‌دا بێگومان ناتوانن هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێشه‌وه بچن , ئه‌م عێراقه به‌گشتی وێران بووه‌و هه‌موو كه‌سێك به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان باجی خۆی ده‌دا , هه‌یه باجی نه‌ته‌وه‌یی بوون ده‌دات و له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره‌تر ده‌چه‌وسێنرێته‌وه , هه‌یه باجی مه‌زهه‌ب بوون ده‌دات و له‌لایه‌ن مه‌زهه‌بی گه‌وره‌تر ده‌چه‌وسێنرێته‌وه , هه‌شه باجی بێلایه‌نی ده‌دات و له‌لایه‌ن ده‌روێشه‌كانی حیزب ده‌چه‌وسێنرێته‌وه ,
له كۆمه‌ڵگا ئه‌وروپی یه‌كاندا جیاوازی ڕه‌گه‌زی و مه‌زهه‌بی و ئایدیۆلۆژی له‌نێو چوارچێوه‌ی ئینتیمابوون بۆ نیشتمان و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شدا تواوه‌ته‌وه , گه‌له‌كانیان به‌پێی گه‌شه‌كردنی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه له‌سه‌ر كۆمه‌لێ بنه‌مای هاوبه‌ش ڕێككه‌وتوون و ئه‌و ناكۆكی و جیاوازیه‌یان وه‌لاوه ناوه كه ده‌بنه هۆی په‌رته‌وازه بوونیان , بێگومان له‌نێو تاك و گروپه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا گه‌لێك جیاوازی هه‌ن كه ده‌بنه فاكته‌ری لێكترازاندن و په‌رته‌وازه‌كردنی مرۆڤه‌كان , وه‌كو جیاوازی ره‌گه‌زی و چینایه‌تی و ئایینی و مه‌زهه‌بی و ئایدیۆلۆژی , به‌ڵام ته‌نها شتێك كه مرۆڤه‌كان ئاوێته‌ی یه‌كتر ده‌كات و پێكه‌وه ده‌یان گونجێنێ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و هاوڵاتی بوونه , با ئێمه‌ش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵاته‌كه‌ماندا واچاكه ده‌رسێك له ئه‌زموونی ئه‌و كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووانه وه‌رگرین كه هه‌ل و مه‌رجیان ڕه‌خساند بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر جیاوازی چینایه‌تی و مه‌زهه‌بی و ئایدیۆلۆژی كه بنیات نانی چه‌ند
كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتووخوازی لێ كه‌وته‌وه كه هه‌موو چین و توێژه‌كان له‌سایه‌یاندا به ئازادی ده‌ژین ، له وڵاتی ئێمه‌دا چه‌مكی دێموكراسی و به دێموكراسی بوونی كۆمه‌ڵگا بۆته دروشمێكی زه‌ق و هه‌میشه له گوتاری سیاسی‌دا دووباره‌و سێ باره ده‌كرێته‌وه , به‌ڵام هێشتا هه‌ر تیۆره‌و له‌هیچ بوارێكدا پڕاكتیزه نه‌كراوه ، هۆیه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه‌وا ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌نێو واقیعێكی قه‌یراناویدا دروست بووه كه بریتی یه له شه‌ڕی ناوخۆ‌و ململانێی ده‌سه‌ڵات و مه‌سه‌له‌ی ففتی ففتی و نه‌بوونی متمانه له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك و ده‌یان شتی تر ، له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌مامه‌ڵه‌ی سیاسی خۆیدا كارلێكێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه كه خۆی بكهرو جولێنه‌ری هاوكێشه سیاسییه‌كان بێ , به‌ڵكو هه‌میشه كاریگه‌ری ده‌ره‌وه‌ی به‌سه‌ره‌وه بووه , تا كورد له‌و دۆخه رزگاری نه‌بێت كه ئه‌و واقیعه قه‌یراناوییه دروستی كردووه ناتوانێت پڕهنسیپهكانی دێموكاسی له‌سیسته‌می سیاسی خۆیدا جێگیر بكات و ببێته ده‌سه‌ڵاتێكی دێموكڕاسی , تا ئه‌م په‌شێوییه سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی كوردی به‌رهه‌می هێناوه ئاسایی نه‌بێته‌وه چه‌سپاندنی پڕهنسیپهكانی دیموكراسی له وڵاته‌كه‌ماندا به‌چاوی خۆمان نابینین , ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردی تائێستا به قاپوتێكی كۆن و به فۆڕمێكی عه‌شائیری خۆی نمایش ده‌كات , بۆیه له‌پرۆسه‌ی به‌دیموكراتیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگادا جۆرێك له‌سستی و لاوازی پێوه دیاره‌و چه‌ندین ساڵه كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌به‌رده‌م ئه‌زموونێكی سه‌ختی بهدیموكراتیبووندایه , ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ كه دیموكراسی ته‌نها دروشمێكی سیاسی نیه خه‌ڵكی پێ ده‌سته‌مۆ بكرێ , به‌ڵكو مۆدێلێكی سه‌رده‌میانه‌یه‌و باشترین وه‌سیله‌یه بۆ ڕكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵگا ,
نه‌جات ئه‌سپینداره‌یی
* دادگای پشكنین دادگایه‌كی ترسناك بوو
ساڵی 1235 له‌سه‌ر ده‌ستی پاپا گریگور یۆسی نۆیه‌م
دامه‌زرا , ئامانجی ته‌مێ كردنی ئه‌و زانا‌و فه‌یله‌سوف و
رۆشنبیرانهبوو كه خاوه‌ن بیر‌و باوه‌ڕی جیاوازبوون