به‌ختیارعه‌لی‌و وێنایه‌کی مه‌کته‌بی بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد له دیمانه‌یه‌کی کوردستانی نوێ‌دا
حه‌مه‌غه‌فور….
(کوردستانی نوێ) ته‌وه‌رێکی کردۆته‌وه به‌ناوی (په‌یوه‌ندی کورد-ئه‌مریکا له نێوان ویست‌و حه‌قیقه‌تدا)، که کۆمه‌ڵێک پرس‌و ئه‌گه‌رو که‌ناڵی جۆراوجۆری ورووژاندووه به مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانکردنی سیمای شوێن‌و جێگای "مه‌سه‌له‌ی کورد"و "ئایینده‌و چاره‌نووسی جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی" له‌هه‌ناوی مه‌یلانی کێشمه‌کێشه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و جێگۆڕکێی هاوکێشه سیاسییه‌کانی ناوچه‌که‌و جیهانیشدا. خودی ته‌وه‌ره‌که به جوانی کاریگه‌ریی بنبه‌ستی سیاسه‌تی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له عێراق‌و قه‌یرانی ستراتیژی دیموکراتیزه‌کردنی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پێوه‌دیاره. پرسی تێکچوونی په‌یوه‌ندی کورد-ئه‌مریکا به دیاریکراوی به‌شوێن ڕاپۆرتی به‌یکه‌ر-هاملتۆن‌و له‌گه‌ڵ هه‌ڵتۆقینی قه‌یرانی هێرشی سه‌ربازی تورکیا بۆ سه‌ر کوردستان ئایینده‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی بردۆته ژێر نیشانه‌ی پرسیارێکی گه‌وره‌وه، که له‌گه‌ڵ خۆشی‌دا نیگه‌رانییه‌کی به‌رهه‌قی له ئاستی جه‌ماوه‌ریی خه‌ڵکی کوردستان‌دا لێکه‌وتۆته‌وه سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی کوردستان‌و مه‌سه‌له‌که‌یان. سه‌رنجێکی خێرا به‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی چه‌ند مانگی ڕابردوودا له کوردستان‌و عێراق‌و ناوچه‌که‌شدا ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ر چاودێرێکی ده‌ره‌کیش ئه‌م حه‌قیقه‌ته خۆی نیشانئه‌دات.
به‌ڕیز (به‌ختیارعه‌لی) وه‌کو ڕووناکبیرێک یه‌که‌م که‌سه به‌شداری ئه‌م ته‌وه‌ره‌ی کردووه‌و وه‌ڵام‌و باسه‌که‌ی له ژماره‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه 3/1/2008ی کوردستانی نوێ‌دا له لاپه‌ڕه 10 بڵاوبۆته‌وه. له‌و ڕووه‌وه که هه‌م مه‌سه‌له‌که گرنگه‌و هه‌م دیدگا‌و وێنای کاک به‌ختیاریش وه‌کو لێکۆڵه‌ره‌وه‌یه‌ک جێگای بایه‌خه، به پێویستم زانی سه‌رنجی تایبه‌تی خۆم ده‌رباره‌یان بنووسم.
کاک به‌ختیار به‌م شێوه‌یه ده‌رگای بۆچوونه‌کانی خۆی واڵاده‌کات سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد؛ "سه‌رهه‌ڵدانی خۆرهه‌ڵاتێکی نوێ گرێ‌دراوی ئازادبوونی کورده وه‌ک نه‌ته‌وه، چونکه به‌بێ ئه‌و ئازادییه ئه‌سته‌مه ئه‌و فۆرمه له ناسیونالیزمی فاشیگه‌را که سه‌دام حسین‌و بن‌لادن‌و ژه‌نڕاڵه‌کانی تورک‌و هه‌ندێك له ئایه‌توڵڵاکان نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن له‌ناوبچێت"(خه‌ت هی منه). کاک به‌ختیار دێت به هه‌مان مه‌بادئی فیکری‌و له هه‌مان چه‌مک‌وکه‌ره‌سه‌و ئامرازی سیاسی‌و مێژوویی جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردییه‌وه مه‌سه‌له‌که لێکئه‌داته‌وه‌و به شێوه‌ی ئامۆژگارییه‌کی ڕه‌خنه‌ئامێزو مه‌کته‌بی وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ته‌وه‌ره‌که ئه‌داته‌وه. به‌ڕیزیان به‌داڕشتنی ئه‌م دوایین ڕسته‌یه‌شی شانی خۆی له ده‌خاله‌تێکی به‌رجه‌سته ته‌نانه‌ت بۆ "ته‌فسیرکردنی ئه‌سڵی سروشتی ململانێکانیش" خاڵیده‌کاته‌وه‌و نیشانیئه‌دات که خوێندنه‌وه‌ی بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد‌و ڕیشه‌کانی تیرۆر‌و مه‌سه‌له‌ی دیموکراتیزه‌کردنی خۆرهه‌ڵات چه‌نده مه‌کته‌بی‌و پێ‌له‌هه‌وایه؛ کاک به‌ختیار ده‌نووسێ: "به‌بێ ته‌فسیرکردنێکی نوێ بۆ ڕیشه‌کانی تیرۆر، به‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ بۆ سروشتی ململانێ له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئه‌سته‌مه ئێمه بتوانین گرنگی ڕۆڵی خۆمان‌و بایه‌خی ستراتیژی شوێنگه‌ی بزاوتی ئازادیخوازی خه‌ڵکی کورد بۆ جیهان ڕوونبکه‌ینه‌وه…ئه‌وه‌ش ئه‌رکێکی گه‌وره‌یه که به‌داخه‌وه به پله‌ی یه‌که‌م له‌ده‌ست سیاسییه‌کاندایه جێ‌به‌جێیبکه‌ن، نه‌وه‌ک له ده‌ستی ڕۆشنبیراندا"(خه‌ت هی منه). به‌ڕیزیان پێبزانێ یان نا، له هه‌مان دیدگا‌و گۆشه‌نیگای ناسیونالیستی کوردییه‌وه ده‌ڕوانێته مه‌سه‌له‌ی کورد وه هه‌ر له‌وێشه‌وه به‌شوێن چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێ. بۆیه به‌ڕای من نه‌یتوانیوه هیچ شتێکی نوێ زیادبکات بۆ دیدگای باوی کورد بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد وه هیچ جۆره جیاوازییه‌کیشی پێشکه‌شنه‌کردووه له‌وه‌ی ئه‌وان. ئه‌و که ده‌ڵێ؛ "ئازادبوونی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه" ئیتر ڕوونده‌بێته‌وه که نه دیدگایه‌کی جیاوازی هه‌یه‌و نه ئه‌جێندایه‌کی کاراترو ژیرانه‌تریشی داهێناوه له‌وه‌ی که تائێستا جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی پێشکه‌شی کردووه. کاک به‌ختیار له ناو جیهانی مه‌کته‌بی خۆیه‌وه به‌وێنه‌ی ڕۆشنبیرێکی به‌ئه‌مه‌ک خه‌یاڵی په‌ری ئاسای بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی باڵپێده‌گرێ!
ئه‌وه ڕاستییه‌کی مادی‌و مێژووییه که به‌هۆی نه‌خش‌و کاریگه‌ری چالاکیی‌و هه‌ڵسووڕانی بزاوتی ناسیونالیستی کورییه‌وه، زوڵم‌و سته‌می میللی سه‌ر خه‌ڵکی کوردزمانی عێراق له ماوه‌ی هه‌شتا ساڵی ڕابردوودا گۆڕاوه بۆ مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی‌و گرفتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و مێژویی وا که زۆر له مێژه وه‌ڵام ده‌خوازێ لێمان. جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی له مێژووی تا ئێستای خۆیدا به‌شوێن ئه‌وه‌وه بووه که به‌هره‌داری له‌م مه‌سه‌له‌یه بکاو وه‌کو ئامراز‌و په‌یژه‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، یاخود بۆ شه‌ریکبوون له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی عێراق‌دا به‌کاریبێنێ. سه‌ره‌نجام ته‌ماحی هه‌ژموونی ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌مریکا به‌سه‌ر جیهان‌دا دوای جه‌نگی ئه‌فغانستان بۆ به‌رپاکردنی جه‌نگ دژی عێراق شکڵیگرت. به‌دوای کاره‌ساتی 11سێپتێمبه‌ردا کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌ره‌وڕووی جه‌نگێکی کۆنه‌په‌رستانه کرایه‌وه له‌ژێر ناوی درۆیه‌کی شاخداردا به‌ناوی له‌ناوبردنی تیرۆر‌و به‌رپاکردنی دیموکراسی‌دا- که به‌ختیارعه‌لی به‌شێوه‌یه‌کی ئۆبجه‌کتیڤ وه‌کو وه‌ڵامی ئینسانییه‌ت به گرفته‌کانی جیهان ناوی ناوه دیموکراتیزه‌کردنی خۆرهه‌ڵات! بزاوتی ناسیونالیستی کوردی بێ سێ‌ودوو ستراتیژ‌و هه‌ست‌ونیستی خۆیان گرێدایه‌وه به تاکتیکه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکاوه له عێراق‌داو له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا کۆنترۆڵی سیاسی‌و ئیداری کوردستان درایه ده‌ستی یه‌کێتی‌و پارتی. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی تێگه‌یشتنه‌کانی کاک به‌ختیارو ڕابه‌رانی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تییه‌وه، ئه‌مریکای لانکه‌ی دیموکراسی‌و یه‌که‌م ده‌وڵه‌تی به‌کاربه‌ری چه‌کی کۆکوژو ئه‌تۆمی له دژی خه‌ڵکی سڤیلی (هێرۆشیماو ناکازاکی)، ئه‌مریکا جه‌نگی له‌دژی تیرۆر بۆیه ڕاگه‌یاندووه هه‌تا هه‌یمه‌نه‌ی سیاسی‌و سه‌ربازیی خۆی به‌سه‌ر جیهان‌دا بخه‌مڵێنێ، نه‌ک له‌پێناوی خه‌یاڵی خۆشی به‌رپاکردنی خۆرهه‌ڵاتێکی دیموکراسی‌دا!
له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌مریکا ناسیونالیزمی کورد‌و به‌داخه‌وه مه‌سه‌له‌ی کوردیشی وه‌کو کارتێکی تاکتیکی له جه‌نگی خۆیدا به‌کاربردو بزاوتی کوردایه‌تیش له‌و جه‌نگه‌دا به‌لوتکه‌ی ئاواته‌کانی خۆیان گه‌یشتن. ئێستا که سیاسه‌ت‌و ستراتیژی ئه‌مریکا له‌ناو تونێلێکی بێئه‌وپه‌ڕدا گیریخواردووه، ئه‌و کارتی گوشارانه دادی نادات. ده‌بێ ده‌سبگرێت به هاوپه‌یمانه به‌هێزتره‌کانییه‌وه له چه‌شنی ده‌وڵه‌تی فاشیستی تورکی. له هاوکێشه‌ی نوێی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا جمهوری ئیسلامی ئێران براوه‌ی یه‌که‌مه‌و مه‌ترسی سه‌ره‌کی بۆ هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌مریکا پێشهێناوه. تورکیاش که سه‌رده‌مانێک ڕۆڵی خۆی له ئیمپراتۆری عوسمانی‌دا به‌رجه‌سته‌کردبوو، ئه‌مریکا ناتوانێ بیخاته‌لاوه‌و هه‌روه‌ها تاکه هێزێکیشه که بتوانێ به ده‌خاله‌تکردن له‌ناوخۆی عێراق‌دا ته‌کانێک به جمهوری ئیسلامی ئێران بدات بۆ دواوه. له‌م ڕووه‌وه هه‌ر جۆره هه‌وڵێک بۆ خوێندنه‌وه‌و ته‌فسیرکردنی سروشتی کێشه‌کان، ناتوانێ موعجیزه بخولقێنێت. بۆ نموونه حکومه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌چاو هێزی وه‌کو توریکاو ئێران‌و میسر‌و ئیسرائیل‌دا، هیچ موئه‌شیرێک نایخوێنێته‌وه جگه له ڕووناکبیرانی چه‌شنی کاک به‌ختیارعه‌لی! ستراتیژی ئه‌مریکا پراتیککردنی هه‌ژموونی خۆی بوو به‌سه‌ر جیهان‌داو شکستیهێنا به هاوکاری بێ‌درێغی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تیشه‌وه. ناسیونالیزمی کوردیش هیچ کاتێک ستراتیژێکی نه ئه‌جێندادا نه‌بووه نه‌ک ئه‌مڕۆ. تاڵه‌بانی‌و به‌رزانی خۆیان به ده‌می خۆیان هاوارده‌که‌ن که خزمه‌تکاری عێراقن‌و لێی جیانابنه‌وه‌و به عه‌مه‌لیش دوای 16شازده ساڵ سه‌ربه‌خۆیی دیفاکتۆ کوردستانیان لکانده‌وه به عێراقه‌وه. ستراتیژی کورد گه‌یشتن بوو به‌ده‌سه‌ڵات‌و به سه‌روه‌ت‌و سامانی بێ‌ئه‌ژمار! ئێستا ئه‌وان ژیانی فیرعه‌ونی ڕاده‌بوێرن‌و خه‌ڵکی کوردستانیش به‌بێ ئاو‌و کاره‌باو خزمه‌تگوزاری له‌ژێر سایه‌ی ڕه‌شی گه‌نده‌ڵی‌دا ژیان ده‌گوزه‌رێن. کورستانی عێراق بۆته لانکه‌ی ملیۆنێره کورده‌کان!
جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی به‌گوێره‌ی ستراکتوری خۆی، جووڵانه‌وه‌یه‌ک نه‌بووه بۆ کۆتاییهێنان به زوڵم‌و سته‌می قه‌ومی. حه‌ره‌که‌یه‌ک نه‌بووه له‌پێناوی چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی کورددا هه‌تا جیابوونه‌وه‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ-ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی قه‌ومیی کوردیش! به‌ڵکو بزووتنه‌وه‌یه‌ک بووه له‌سه‌ر درێژه‌و مانه‌وه‌ی ئه‌م زوڵم‌و مه‌سه‌له‌یه ژیاوه‌و خۆی نوێکردۆته‌وه. سه‌رانی ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه به‌بێ ترس فیدراڵییه‌کی پووچ‌و بێ‌مانا به پارادایسی کوردی ده‌زانن-که بۆ ئه‌وان بێگومان به‌هه‌شته- وه هه‌ر که‌س باسی جیابوونه‌وه‌و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بکات به تابووری پێنجه‌می دائه‌نێن!
له ماهییه‌ت‌و ڕۆحی ناسیونالیستی‌و نه‌ته‌وه‌په‌رستی‌دا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی‌و به‌تایبه‌تی بۆ کوردستانیش، ده‌ورودوکانی له‌مه‌ی که ئێستا له ئارادایه له کوردستان باشتر‌و ئینسانی تر چاوه‌ڕووانناکرێ! ستراتیژێک، سیاسه‌تێک که ده‌توانێ مه‌سه‌له‌ی کورد به‌شێوه‌یه‌کی عادلانه چاره‌سه‌رو وه‌ڵام بداته‌وه، ئه‌وه‌یه که به‌جیا له هه‌موو جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی‌و سه‌وداو سیاسه‌ته‌کانیان، به‌جیا له هه‌ر به‌ڵێنێکی ئه‌مریکا یا هه‌ر هێزێکی ده‌ره‌کی تر ده‌سبه‌جێ خواستی به‌رپاکردنی ڕاپرسییه‌کی ئازاد‌و گشتی بکاته به‌دیلی خه‌ڵکی کوردستان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر مانه‌وه له چوارچێوه‌ی عێراق‌دا یاخود جیابوونه‌وه‌و پێهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ. پێشنیاری ئێمه کۆمۆنیسته‌کانیش ده‌وڵه‌تێکی نا قه‌ومی‌و نائایینییه، یانی ده‌وڵه‌تێکی سکۆلار. چاره‌سه‌رێکی به‌م چه‌شنه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد به‌بڕوای من ده‌توانێ هاوکێشه‌ی کێشه‌و ململانێکانی ناوچه‌که‌و جیهانیش به‌ئاراسته‌ی ئازادی‌و سه‌رفرازی‌دا به‌کێشبکات!
5/1/2008