مه‌لزه‌مه‌ی لوت … پشكۆ ناكام
هه‌زه‌لیاته‌كانی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵات و ئه‌وانه‌ی وه‌ك عه‌لاگه‌ی جل خۆیان پێوه هه‌ڵواسیوه ته‌واو نابێت… گه‌نده‌ڵیه سیاسیه‌كان له ژماردن نایه‌ت… گه‌نده‌ڵی دزین و پیاكێشان هه‌ر مه‌پرسه، گه‌نده‌ڵی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی رۆژانه‌یه… ئه‌وه‌ی له هه‌مویان هه‌زه‌لی تره ئێستا “گه‌نده‌ڵی ده‌موچاو”یش هاتۆته كایه‌وه… له تازه‌ترین داهێنان و بیرتیژیی كه‌رتێكی گرنگی ده‌سه‌ڵات كه “په‌روه‌رده”یه بڕی زیاتر له یه‌ك ملیۆن دینار له په‌روه‌رده‌ی كۆیه سه‌رفكراوه بۆ مامۆستایه‌ك بۆ رێك كردنی (تعدیل)ی لوتی! كه‌س نازانێ سه‌رفكردنی ئه‌و پاره‌یه له كام بڕگه‌ی یاسایی و ئیدارییه‌وه وه‌رگیراوه، تۆ بڵێی بڕگه‌یه‌ك هه‌بێ تایبه‌ت به (چه‌كوشكاری لوت) و تائێستا ئاشكرا نه‌كرابێ، نه‌بادا ئه‌و مامۆستایانه‌ی پێویستیان به‌وه‌یه لوتیان تۆزێك بچێته ئاو، پێی بزانن و دواتر ببێته مه‌سره‌فێكی گه‌وره بۆ وه‌زاره‌ت و پاشان بۆ حكومه‌ت و دواتر بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و له‌وێشه‌وه كاربكاته سه‌ر (بودجه) و رێ بگرێت له پرۆژه چاكسازییه‌كانی هه‌رێم و له بری ئه‌وه (پرۆژه‌ی لوت سازی) بێته كایه‌وه!
… ئای نه‌گبه‌تی، یاخوا نه‌گبه‌تی رونه‌كاته هیچ هه‌رێم و خه‌ڵكێك، له كاتێكدا، مه‌كته‌بی وا هه‌یه زیاتر له پێنج سه‌د ته‌له‌به ده‌رسی لێ ئه‌خوێنن، له كاتێكدا مناڵی وا هه‌یه ئه‌بێ رۆژانه په‌نجا كیلۆمه‌ترێك ببڕێت بۆ مه‌كته‌به‌كه‌ی، له كاتێكدا به‌زم و ره‌زمی مه‌لزه‌مه و پێویستیه‌كانی خوێندن به‌رۆكی ته‌له‌به‌كان به‌رنایه‌ت، هه‌ر له‌مكاته‌دا په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم پاره‌ی جوانكردنی لوت سه‌رف ئه‌كات؟! ئه‌مه له هه‌چ وڵاتێكی تردا روی بدایه، وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار ئه‌بوایه ده‌ستی له كاره‌كه‌ی بكێشێته‌وه، به‌ڵام لای ئێمه!؟ بۆ حیزبه‌كه‌ی وه‌زیر جوان نیه ئه‌و ئیستیقاله بكات، چونكه كارئه‌كاته سه‌ر جه‌ماوه‌ری حیزب و هه‌ڵبژاردنه‌كان…
بۆئه‌وه‌ی (په‌روه‌رده) له‌م قه‌یرانه نه‌جاتی بێ، باشتروایه تا زوه چی مامۆستای “لوت زل”ه خانه‌نشینی بكات تا داوای چاكسازی له لوتیانا نه‌كه‌ن، هه‌ر كه‌سێكیش بیه‌وێت وه‌ك مامۆستا (دابمه‌زرێت) پێوانه‌یه‌كی تایبه‌تی دانێن كه لوتی چه‌ند گه‌وره‌بێ و ئه‌بێ په‌روه‌رده مه‌منونی ئه‌وه‌بێ كه لوت وه‌ك نینۆك نایه‌ته‌وه، ئه‌گینا ئه‌بو زو زو ملیۆن و قسور سه‌رف بكات… خۆشم ئه‌ڵێم به‌س نه‌بو به‌نده مامۆستا نه‌بو، چونكه لوتم شمولی ئه‌و ملیۆن و قسوره‌ی ئه‌كرد و توشی گه‌نده‌ڵیه‌كی ئه‌كردم.