Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
باوەشی گەرمی سەرۆکەکان جێگەی هەڵەبجەی تیانابێتەوە

باوەشی گەرمی سەرۆکەکان جێگەی هەڵەبجەی تیانابێتەوە

Closed
by March 20, 2012 جینۆساید

 

بۆئەوەی لە گوتاری سیاسییەکان بگەین، پێویستمان بە ڕوانینە لە کاروکرداریان، چونکە گوتار و قسە، بێکردار، واتای هیچ دەدات بەدەستەوە، یاخود لە باشترین کاتەگۆریدا قسەکان بۆش و بێ واتا دەمێننەوە.
هەموو ددان بەوەدا دەنێین هەڵەبجە کارەساتێکە، ئەگەر لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا کورد کاری جدیی بۆ بکردایە، ئەوا هیچ دوورنەبوو لە ئاست هۆڵۆکۆست یان شتێک لەو کەمتر بوایە، چونکە هەڵەبجە یەکێک بوو لەو بەهانانەی کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، جۆرج بۆش، لە کاتی ویستی بەرپاکردنی جەنگ دژی سەددام، لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەکاریهێنا. بۆیە دەبێت لەخۆمان بپرسین ئایا چی کراوە بۆ هەڵەبجە و بۆچی وا دەکرێت کە دەکرێت؟
بە دەقیقی ساڵێک پێش ئێستا لە گۆشەی هەناسەی ئەم ڕۆژنامەیەوە( هاوڵاتی ژ. ٦١٢ ) دوای یادی هەڵەبجە، لەسەر ئەوە نوسیم، کە بۆچی سەرۆکی هەرێم نەچوو بۆ هەڵەبجە، ئەوکات و لەو نوسینەدا ویستمان ئەوە نیشانی سەرۆکی هەرێم بدەین، کە ئەگەر هەر هۆیەک لەپشت بەشدارینەکردنیانەوە بێت لە یادی هەڵەبجەدا، ناتوانێت لە بەرپرسیارێتی بەشدارینەکردنیان کەمبکاتەوە، وە ئومیدمان وابوو کە بۆ ئەم ساڵ سەرۆکی هەرێم بەشداری یادی هەڵەبجە بکات، بۆ ئەوەی لانیکەم ئەو تەمە برەوێنیتەوە کە گومان لە لۆکاڵی بوونی سەرۆکی هەرێم دەکات و پێی وایە سەرۆکی هەرێم تەنها سەرۆکی دەڤەری زەردە، بەڵام مەخابن ئەم ساڵیش سەرۆکی هەرێم نەچوە هەڵەبجە، کەئەم نەچونەش ئەو گومانەی کردە یەقین کە سەرۆکی هەرێم خۆی بە سەرۆکی دەڤەری سەوز نازانێت، دەنا ئەگەر بۆ نیوکاتژمێریش بوایە سەرۆک دەیتوانی سەردانی هەڵەبجەی بکردایە.
لەمەش بە ئازارتر بۆ هەڵەبجەییەکان، بۆ یادی ئەم ساڵیان، ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری عێراق، جەلال تاڵەبانی، بوو لە سلێمانی تا چەند ڕۆژێک پێش یادەکەی هەڵەبجە، کەچی پێش یادەکە ئەویش تێی تەقاند بۆ بەغداد و بەشدارینەکرد لە یادی هەڵەبجەدا.
سەرۆک کۆماری عێراق، لە بەر هیچ هۆیەک نا، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی کە حیزبەکەی ئەو خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهایە لە دەڤەری سەوز، کە هەڵەبجەش بەشێکە لێی، دەبوایە بەشداری یادەکەی بکردایە، خۆ ئەگەر سەرۆک کۆمار ترسی ئەوەی هەبوو کە وەک لیدوانەکانی ئەم دواییەی لەسەر کەرکوک تووشی کێشە ببێت لەلایەن باقی لیستەکانی تری ناو پەرلەمانی عێراق، ئەوا خۆ دەیتوانی بەهانەی ئەوە بەدەستەوە بوایە کە وەک سەرۆک کۆماری عێراق، هەڵەبجەش بەشێکە لە عێراق، بەشداری ئەو یادەی بکردایە، ئەو کات وەک چۆن پەرلەمانی عێراق کارەساتی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، سەرۆک کۆماریش بەهانەی ئەوەی بەدەستەوە دەبوو، کە هەڵەبجە وەک تاکە شوێنی بە جینۆساید ناسراوی عێراق بەشداربووە.
لەبەشداریکردنیش گەڕێین، خۆ دەبوایە هەردوو سەرۆک بە بەیاننامەی فەرمی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی هەرێم بەشداری یادەکەیان بکردایە، لە کاتێکدا کە ئیبراهیم تاتڵیساس شایەنی ئەوە بێت لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە بەیاننامەی بۆ دەربکرێت و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بخوازرێت و لە دنیایەک ڕاگەیاندنەوە بۆ چەند جارێک بخوێنرێتەوە، ئایا مافی هەڵەبجەییەکان نییە کە بپرسن کوا بەیاننامەکانتان؟ سەرۆکینەی بەڕێز ئەگەر خۆتان بۆتان نەکرا بەشداربن،  کوا نوێنەرەکانتان، ئایا نەداندەتوانی بە نوێنەر بەشداری بکەن؟
هەموو کردار و ڕەفتارەکانی هەردوو سەرۆک پێمان دەڵێن کە هەڵەبجەیان لەبیرکردووە و باوەشی گەرمی ئەوان جێگەی هەڵەبجەی تیانابێتەوە، لەکاتێکدا خودی ئەو کورسییەی ئەم دوو سەرۆکەی لەسەر دانیشتووە، بەشێکی بەرهەمی خوێنی ئەو شەهیدانەیە کە لەوشارەدا بوونە قەقنەز.

لە گۆشەی هەناسەی  ژ. ٦١٥ ی ڕژۆنامەی هاوڵاتی بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.