مه‌لا سه‌مه‌د ڕاست ده‌کات!
لێدوانه‌کانی مه‌لا سه‌مه‌د ده‌رباره‌ی نه‌ورۆز له تێگه‌یشتنی جیهانبینی ئیسلامه‌وه ڕاسته، چونکه ئه‌و مه‌لایه هه‌رچی ده‌ڵێت له‌سه‌ر حه‌رام کردنی ئه‌و ڕۆژه له‌سه‌ر بنه‌ماکانی ئاینی ئیسلامه‌وه هاتوه شیکاری بۆ ده‌کات. به‌پێی ئاینی ئیسلام ته‌نها دوو جه‌ژن هه‌یه ئه‌ویش جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و جه‌ژنی قوربانه. ئه‌م پیاوه ئه‌گه‌ر بهاتبایه‌و مه‌لا نه‌بوایه پێده‌چوو وه‌ک هه‌زاران مرۆڤی دیکه‌ی کوردستان به‌شدار بوایه له خۆشی و شادی به‌بۆنه‌ی هاتنی یه‌که‌م ڕۆژی به‌هاره‌وه، به‌ڵام ئه‌وه خودی ڕێنمایی ئاینه‌که‌یه‌تی ڕێگای پێنادات که به‌شدار بێت له ئاهه‌نگ و بزه‌ی سه‌ر لێوی سه‌دان هه‌زار له مرۆڤی کورد، که له‌م ڕۆژه‌دا ده‌رفه‌تێکیان بۆ دروست ده‌بێت له ماڵه‌کانیان بچنه ده‌ره‌وه و که‌مێک له ژاوه‌ژاوی قه‌ره‌باڵغی بازاڕ و سه‌رئێشه‌ی دڵ ته‌نگییان له نێو کونجی ماڵه‌کانیان ڕزگاریان بێت. ئه‌م مه‌لایه نه‌هاتوه له خۆوه بدوێت، هێنده‌ی پشت ئه‌ستوره به ئایه‌تی قورئان و ئه‌حادیسه‌کانی پیاوانی سه‌ر به ڕێبازی ئیسلام. کاتێک ئه‌و باس له ڕۆشتنی په‌یامبه‌ری ئیسلام موحه‌مه‌د ده‌کات بۆ مه‌دینه، وه له‌و کاته‌دا که خه‌ڵکی عه‌ره‌ب که هێشتا واده‌رئه‌که‌وێت نه‌کرابێتن به موسڵمان، له‌گه‌ڵ یه‌هودیه‌کان دوو جه‌ژنیان هه‌بووه، وه به‌پێی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌شداریان کردوه له یاد کردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو جێژنه، کاتێک په‌یامبه‌ری موسڵمانان تێده‌گات ئه‌م جۆره جه‌ژن کردنه به‌قازانجی ئه‌و ڕێبازه‌ی ناشکێته‌وه، ڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێت خودا ئه‌مری کردوه به قه‌ده‌غه کردنی ئه‌و دوو جه‌ژنه. ئه‌م قه‌ده‌غه کردنه بۆخۆی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و بنه‌ما زاڵه نیشان ده‌دات که ده‌سه‌ڵاتی په‌یامبه‌ری موسڵمانان ڕوو له هه‌ڵچون بوه، بۆیه به ئاسانی دێت و ئه‌و دوو جه‌ژنه یاساغ ده‌کات له عه‌ره‌ب و یه‌هودیه‌کان. ئاخۆ نابێت بپرسین ، بۆچی خودا هاتوه له پڕێکدا خۆشی و له‌زه‌ته‌کانی له‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه یاساغ کردوه، له کاتێکدا له پێش هاتنی په‌یامبه‌ره‌وه هیچ شتێک نه‌بوه که به‌له دین ده‌رچوو یان له فه‌رمان ده‌رچوو له ڕێگای خودادا بیان گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر دیدێکی تر؟
له‌هه‌ر کام ساتی مێژوییدا ده‌سه‌ڵاتی زاڵ به‌شێکی سه‌ره‌کیه له کۆی ئه‌و داسه‌پاندن و جۆره فه‌رهه‌نگه‌ی که به قازانجی خۆی و سیسته‌مه ئایدۆلۆژی و ئابوریه‌که‌ی ده‌شکێته‌وه. سه‌رده‌می به‌هێز بوونی ئیسلامیش به‌ده‌ر نه‌بوه له‌کۆی دیارده مێژوییه‌کانی مێژوی مرۆڤایه‌تی. دابه‌ش کردنه چینایه‌تیه‌کان له هه‌ر سێ قۆناغه چینایه‌تیه‌که‌ی تا ئه‌م ساته، په‌یوه‌سته به‌و بارودۆخه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه‌ی که له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه. ئاستی چونه پێشی هه‌لومه‌رجی ئابوری هه‌رده‌م ئاستی چونه‌پێشی فه‌رهه‌نگی سیاسی و ڕۆشنبیریشی له‌گه‌ل خۆیدا بردۆته پێشه‌وه. له ئاینی ئیسلامدا ئه‌وه‌ی زۆر ڕون و دیاره، ڕێگانه‌دانه به ئازادی مرۆڤ، ئازادیه‌ک که مرۆڤ بۆخۆی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ پێش مه‌رجێکی دیاری کراو بتوانێت ئاره‌زوه‌کانی خۆی به‌دی بهینێت. له جیهانبینی ئاینه داسه‌پێنراوه‌کاندا، هه‌رده‌م مرۆڤ کۆیله‌یه، ئه‌م مرۆڤه، به‌شێکی سه‌ره‌کیان پێک دێن له ملکه‌چ بوانی ژێر ئه‌و ڕێوره‌سمه ئاینیه، دیاره له کۆی ئاینه‌کانیشدا ژنان هه‌رده‌م له‌به‌رده‌م قورسترین هه‌لومه‌رجی ده‌ستکۆتا بوندا بونیان هه‌بوه که ڕێگایان پێنه‌دراوه هیچ کات به‌پێی خواست و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی خۆیان ده‌رکه‌ون، هێنده‌ی وه‌ک ڕێ هه‌ڵگرێکی پیاو بونیان هه‌بوه. ئه‌م دابه‌شکردنه چینایه‌تیه‌ش له نێوان ڕه‌گه‌زی نێر و مێدا، گه‌رچی ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رده‌می کۆیللایه‌تی و سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تیش ده‌ورێکی باڵایان هه‌بوه له‌م چه‌وساندنه‌وه‌دا، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا له ئاینه‌کاندا ژنان که‌مترین بونیان هه‌یه له ده‌رخستنی ئیراده‌ی ئینسانی خۆیاندا. کاتێک ئه‌م مه‌لایه ده‌دوێت ده‌رباره‌ی حه‌رام کردنی ڕۆژی نه‌ورۆز و ئاهه‌نگ گێڕان، به‌ڕای من ڕاستگۆیی ته‌واوی تێدایه و کۆی پیاوانی دیکه‌ی ئاینی که نایه‌ن ئه‌م بۆنه‌یه یاساغ بکه‌ن، له‌وه‌وه نیه که له ئاین تێنه‌گه‌یشتون، به‌ڵکو له‌و خاڵه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که ئه‌مان هێشتا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوریان له ده‌ستدا نیه. ئه‌گه‌ر نا، دڵنیام له‌وه‌ی که ڕۆژێک بگونجێت بۆ سه‌رکه‌وتنی ئاینی ئیسلام له کوردستاندا، نه‌ک هه‌ر نه‌ورۆز یاساغ ناکه‌ن، به‌ڵکو کۆی خۆشی و ئازادیه‌کانی ئینسان ده‌خه‌نه نێو قه‌فه‌سی تایبه‌تی ئاینی خۆیانه‌وه. خۆ مێژوی ڕابردوی مرۆڤایه‌تی پڕیه‌تی له‌و به‌ڵگه به‌رچاوانه‌ی که کاتێک ئاین ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه بوه، ژیان و ئازادیه‌کانی مرۆڤ له چ ئاستێکی تاریکستانیدا بوه. بڕۆن مێژوی سه‌رده‌می سه‌ده ناوه‌ڕاسته‌کانی ئه‌وروپا بخوێننه‌وه، برۆن مێژوی ئاخونده‌کانی ئیسلامی سیاسی له ئێران بخوێننه‌وه، بڕۆن مێژوی ئیسلامی سیاسی له سه‌رده‌می تاڵیبان و ئێستای میرنشینانی وڵاتی سعودیه و باقی وڵاتانی دیکه‌ی ئیسلام بخوێننه‌وه، بزانن هه‌ر هه‌موو ئه‌و مێژوه، پڕاوپڕ نیه له خوێن هه‌ڵکێشان و بڕینی ئه‌و زمانه‌ی که ویستویه‌تی به ئازادی بدوێت، یان به ئازادی جلوبه‌رگ بپۆشێت؟
من ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی نه‌ورۆز کراوه به ڕۆژێکی نه‌ته‌وه‌یی یان سه‌رکه‌وتنی چه‌وساوه به‌سه‌ر چه‌وسێنه‌ردایه،زۆر ناچمه ژێر لێورد بونه‌وه‌یه‌وه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه له‌م نوسینه‌دا بڵێم؛ هه‌رکاتێک ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئیسلام خۆشی خۆیان ڕاگه‌یانبدێت به‌بۆنه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌وه، ئه‌وه له ته‌واوی بیرکردنه‌وه‌یانه‌وه نه‌بوه، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی که بارودۆخێکی ناچاری وای لێکردوون که بێن شتێک بڵێن به‌هۆ خۆشی و شادی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه.
ڕۆژی نه‌ورۆز بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردیش وه‌ک سه‌رمایه‌یه‌کی هه‌ست وروژێنه‌ر ده‌توانن به‌کاری بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕۆژه‌دا بێن گفتی گه‌وره و په‌یامی شادی بده‌ن به‌خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش و ئازادیخوازی کوردستان. خه‌ڵکی کوردستان وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه بێبه‌ری نین له‌و هه‌لومه‌رجه باوه‌ی که خودی سیسته‌می چینایه‌تی سه‌پاندویه‌تی. له کوردستانیشدا دوو چینی سه‌ره‌کی هه‌یه، چینی ده‌سه‌ڵاتدار، که قۆرخی کۆی جومگه‌کانی ژیانی کردوه، وا ده‌خوازێت کۆی ئه‌و فه‌رهه‌نگه باوه‌ی هه‌یه، وه به قازانجی چینه‌که‌ی خۆی ده‌شکێته‌وه درێژه پێبدات و کۆمه‌ڵگه وا لێبکات، که هه‌رده‌م له‌به‌رده‌م ئه‌و ئاسته له ڕۆشنبیریدا بمێننه‌وه که خودی ده‌سه‌ڵاتی حاکم هه‌یه‌تی. قۆرخ کردنی جه‌ژن و ئاهه‌نگه‌کانی هاتنی وه‌رزی به‌هار بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان، مانا‌یه‌کی هه‌یه، که ده‌یبه‌ستێته‌وه به ناسنامه ناسیۆنالیستیه‌که‌یه‌وه. به‌ڵام ده‌بێت بپرسین ئه‌گه‌ر نه‌ورۆز ڕۆژی شکست پێخواردنی ده‌سه‌ڵاتی زاڵمه، ئه‌وه چ هۆکارێکه وا له کوردستاندا هێشتا دوو چینی کۆمه‌ڵایه‌تی بونیان هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر نه‌ورۆز ده‌کاته ڕۆژی خۆشی و یه‌کسانیخوازی، ئه‌وه کام یه‌کسانیخوازیه که له کوردستاندا بوونی هه‌یه!؟ خۆ ئیسلامی سیاسی و ئاینی به‌ناو ئاسمانییش هه‌ر ده‌ڵێت؛ ده‌بێت ژیانێکی سه‌رفراز بۆ کۆمه‌ڵگا هه‌بێت، وه ئه‌وه‌تای ئاین و ده‌سه‌ڵاتی ئاین بونیان هه‌یه، هه‌رده‌م چه‌وساندنه‌وه‌ش هه‌ر بونی هه‌بوه و کۆتایی پێ نه‌هاتوه؟ که‌واته کامه‌یه ئه‌و ڕێگا چاره‌یه‌ی که ئاین و ناسیۆنالیزم ده‌یخوازن بۆ کۆمه‌ڵگا تا ئه‌وه‌ی ڕزگاریان ببێت له کۆت و به‌ندی هه‌ژاری و نه‌بوونی؟ ئاخۆ خودی ئه‌و دوو تیگه‌یشتنه باوه‌ی له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه، هۆکاری سه‌ره‌کی نین له مانه‌وه‌ی دنیای چه‌وساندنه‌وه و تێک شکاندنی ئیراده‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵکیدا؟ ئایا کامه جۆری خۆشی و شادی هه‌یه له ئاینی ئیسلامدا؟ ئاخۆ به‌زه‌یی هاتنه‌وه و ده‌ست گرتنی خه‌ڵکی هه‌ژار له بۆنه ئاینیه‌کاندا به پێدانی زه‌کات و سه‌رفتره، ده‌بێته هۆی هێنانی خۆشی و شادی بۆ سه‌ر سفره‌ی خاڵی ماڵه هه‌ژاره‌کان؟ ئاخۆ بیر که‌وتنه‌ی ئیسلام له خه‌ڵکی هه‌ژار ته‌نها له‌و دوو بۆنه‌دا ده‌کاته ئه‌وه‌ی ژیانی زۆرینه‌ی ئینسانی به‌رهه‌مهێنه‌ر و هه‌ژار کراو ڕزگار بکات بۆ هه‌میشه؟ ئاخۆ ئه‌وه خودی ئاین نیه که به‌رگری له مانه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت ده‌کات،له کاتێکدا تا بوونی خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت هه‌بێت هیچ هێز و بزوتنه‌وه و ئایدۆلۆژیایه‌ک ناتوانێت کۆتایی به جیهانبینی چه‌وساندنه‌وه بهێنیت؟ ئاخۆ به حیجاب کردنی ژنان ئه‌و ڕزگاری و ئازادیه نیه که دین پێی به‌خشیوه؟ ئیتر چۆن ئه‌و ئاینه نابێته دژی کۆی ئه‌و مرۆڤانه‌ی که ده‌خوازن به ئاره‌زومه‌ندانه چیان بوێت بیپۆشن یان نه‌ی پۆشن؟ یان چۆن بخوازن خۆشه‌ویستی بکه‌ن تا ده‌گات به هاوسه‌رگیری ئاره‌زومه‌ندانه!؟
خه‌ڵکی مه‌ده‌نی کوردستان هه‌رده‌م ده‌بێت له خه‌باتدا بێت تا ئه‌و ساته‌ی کۆی خۆشی و شادی بۆ ژیانی هه‌موان دیاری ده‌کرێت. هاتنه مه‌یدانی به‌ره‌ی ئازادیخوازان، ته‌نها ڕێگایه‌که که ده‌توانێت ڕێگر بێت له‌وه‌ی کام لا ده‌خوازیت به‌پێی که‌یفی ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕیت یان هه‌ڵ نه‌په‌ڕیت. سروشت به هه‌ر چوار وه‌رزه‌که‌یه‌وه مانای جوانی خۆی هه‌یه، وه‌رزی به‌هاریش به‌مانای بۆنی تایبه‌تی سروشت دێت له ده‌ره‌وه‌ی ژینگه‌ی ماڵ و بازاڕ، بۆیه کۆی خه‌ڵکی مافی خۆیانه به خۆشترین شێواز ساته‌کانی خۆیان به‌سه‌ر به‌ره‌ن له وه‌رزی هاتنی به‌هاردا.
تاهیر حاجی حه‌سه‌ن
22/03/2012