Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
کچی مقەبا  …. نەوزاد بەندی

کچی مقەبا …. نەوزاد بەندی

Closed

هاوڕا بووی لەگەڵ بۆ چوونەکانم
هاوڕێ بووی لەگەڵ هەنگاوەکانم
هاوخەم بووی لەگەڵ خەمەکانم
هاوخەندە لەگەڵ زەردەخەنەکانم ..
( من لە بەردەرگا
بە بیجامەیەکی چرچ و لۆچەوە ..
هێشتا سابونی تەراش
بە ژێر مل و بناگوێمەوە بوو )
کچی مقەبا ..
ناترسی باران بتخوسێنێتەوە و
گوارەکانت لێ بکەون ؟
ناترسی ڕەشەبا بتبا و ..
کرێکارە عەرەبەکان
لە بەردەم مزگەوتی گەورە
داتخەن.. لەسەرت بخەون ؟؟
( من بە وشەیەکی تۆ ئەژیم
بەڵام چۆن ژیانێ ؟
ژیانێکی کوللە مەرگی ..
بە دوو دێڕ چاتی تۆ
دوو وشە نامەی تۆ
کۆمێنتێ
لایکێکی تۆ ..
کچی مقەبا .. بەڵام چۆن ژیانێ ؟
لە سبەینێ زووتر نیە
سەفەر ئەکەم ..
کە سبەینێیش
تەنها هەر ژمارەیەکە ..
کە سەفەریش
هەر پەتی سێدارەیەکە ..
ئێستایش دوای ئەو هەموو ساڵە
ئەزانی کەی ڕاوت کردم ؟
کە ڕامکرد لە براکوژی ..
کچی مقەبا ..
بە کارتۆن داهاتویەکت بۆ کێشام
داهاتوویەک :
مەمرە و مەژی .. )
هاوڕا بووی .. لەگەڵ وشەکانم
پیت بە پیت
هاوڕێ بووی ..لەگەڵ یاخی بوونم
هەنگاو –هەنگاو..
هاوسۆز بووی لەگەڵ شەڕەکانم ..
فیشەک –فیشەک ..
هەموو گیانمت پڕ کرد لە خۆت ..
( من زێوانی مزگەوتێ بووم ..
ڕۆژێ بەدەست عەلمانیەکانەوە بوو
ڕۆژێ بە دەست میانڕەوەکانەوە ..
ڕۆژێ توند ڕەوەکان بە دەستیانەوە بوو ..
ڕۆژێ مولحیدەکان دۆمینەیان تیا ئەکرد ..
ڕۆژێ وەهابیەکان و ..
ڕۆژێ شیعەکان ..
ڕۆژێ یەزیدیەکان و
ڕۆژێ قەڵخانیەکان ..
بەڵام من هەر ناونیشانی کارم :
ز
ێ
و
ا
ن بوو ….)
کچی مقەبا ..
تۆ لە دوکەڵ دروستکرابووی ..
بۆ ئەوەی جۆرێک لە سیحر
بە شانۆکە ببەخشی ..
بۆ ئەوەی فڵچەیەک لە خەیاڵ ..
بەو مەعدەنانە ببەخشی
کە ناتوانن ڕەنگی بەنەخوێنەکانیان
بگۆڕن …..
کچی مقەبا ..
تۆ بەو مەچەکە هەڵقرچاوانەتەوە ،
تۆ کە بۆنی ئەندۆمیت لێ دێ ..
بۆچی هاوڕا بووی لەگەڵ پریشکی
ئاگری
وشەکانم ..؟؟؟
تۆ کە دڵۆپەیەک خوێنت تیا نەبوو ..
بۆچی هاوتەمەن بووی
لەگەڵ تولە ماری
بێ ئامانی ..سەرنجەکانم ؟؟؟
تێ نەگەیشتم ..لە تامی ڕێواسی
سەری پەنجەکانت ..
تێ نەگەیشتم .. لە جەدوەلی زەربی
ژمارەی ئەو تەڵە شقارتانەی
کە هاتنە پێشێ
ب
ت
س
و
ت
ێ
ن
ن
چۆن نەسوتای ؟
کە نەسوتای ، چۆن مایتەوە و ..
لە کەمپێکی نیوە قەبری
وڵاتێکی دوورە دەستا
بەجێنەمای ؟؟
کە جێنەمای ، چۆن نەبویتە
چالاکوانێکی دابەستەی
بەرهەیوانی سیاسیەک ..
خۆ نازانن تۆ
م
ق
ە
ب
ا
ی …؟؟؟؟
کچی کارتۆن
ئەڕۆم
بای
بای …!!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.