Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ڕاز و نیاز…. محەمەد كوردۆ

ڕاز و نیاز…. محەمەد كوردۆ

Closed
by April 3, 2012 ئەدەب

 


دەسپێك

گۆشەنووسین لە رۆژنامەنووسییدا دیاردەیەكی زۆر كۆن نییە، بەڵام زۆر تازەیش نییە، وەك (باقر داود) لە نامەی ماستەرەكەیدا: (العمود الصحفی فی الصحافە الكردیە) ڕوونی كردۆتەوە، مێژووی سەرهەڵدانی ئەم هونەرە رۆژنامەنووسییە، لەسەر ئاستی جیهان، مێژوویەكی ڕوون نییە، زۆر بیروڕای جیاوازی لەسەر هەیە، بەڵام تا ڕادەیەك بیروڕای زاڵ ئەوەیە كە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە و لە ئامێزی رۆژنامەنووسیی ئەمریكاییدا سەری هەڵداوە. لە رۆژنامەنووسیی عەرەبییشدا بۆ یەكەمین جار لە میسر و لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا ئەم هونەرە پەیدا بووە، لە عێراقیشدا هەن بۆ بیستەكانی سەدەی بیستەم و هەیشن بۆ چلەكانی هەمان سەدەی دەگەڕێننەوە. لە ڕۆژنامەنووسیی كوردییشدا، (پیرەمێرد) لە سییەكانی سەدەی بیستەمدا گۆشەیەكی بە ناونیشانی (لەم لاو لەو لاوە) هەبووە، بەڵام بە بڕوای (مستەفا ساڵح كەریم)، ئەو گۆشەیە هەموو مەرجەكانی گۆشەی تێدا نەبووە. بەلای (مستەفا ساڵح كەریم)ەوە یەكەمین گۆشە لە رۆژنامەنووسیی كوردییدا بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، كە لە ساڵی 1957 و لە ڕۆژنامەى (ژین)دا گۆشەیەكی هەبووە بە ناونیشانی (لەو هەفتەوە بۆ ئەو هەفتە). من وەكو خۆم، دوای زیاتر لە چارەكە سەدەیەك لەنووسین و خوێندنەوە، ئەمە یەكەمین جارە بڕیار دەدەم گۆشەیەكی هەفتانەم هەبێت. بە بڕوای من گۆشەی رۆژنامەنووسیی، وەك هەر كارێكی دی، هەم لایەنی باش و هەم لایەنی خراپیشی هەیە. لە دیارترین لایەنە خراپەكانی ئەوەیە كە بەهۆی پابەندبوون بە نوسینی بەردەوامی گۆشەوە زۆرجار مرۆڤ ناچار دەبێت بۆ پڕكردنەوەی گۆشەكەی، بەنووسینی لاواز و ناشایستە ڕازی بێت. لەدیارترین لایەنە باشەكانیشی ئەوەیە مرۆڤ ناچار دەبێت بۆ تەغزییەكردنی گۆشەكەی، زیاتر بخوێنێتەوە و باشتر بەدوای ڕووداو و هەواڵ و گۆڕانكاری و شتەكانی دەوروبەریدا بڕوات. من بە نیازم لەم گۆشەیەدا زۆر ڕاز و نیازی جیاجیا تۆمار بكەم، هیوادارم بتوانم ئەوەی بیری لێ‌ دەكەمەوە بە ئەنجامی بگەیەنم.
*************************
*ڕاز و نیاز گۆشەیەكی هەفتانەیە، محەمەد كوردۆ دەینوسێ‌ و رۆژانی هەینی لە دوا لاپەڕەی رۆژنامەی كوردستانی نوێدا بڵاو دەبێتەوە.
بڕوانە ژمارە (5739) 30/3/2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.