شارێك لە پرد و پردێك لە ئاڵا جەنابى سەرۆك
كۆسرەت عەبدولرەحمان……
شارێك لە پرد و پردێك لە ئاڵا جەنابى سەرۆك، ئەم ناونیشانە نە مەتەڵە نەچیرۆك، بەڵكو شارى كەركوكى كوردستانە، پردەكانى شارەكەم جێگایەكیان تێدا نەماوە تاوەكو ئاڵاى حزبێكى تازەترى تیا هەڵبواسرێت، بمانبەخشن بەرپرسى حزبەكانى دیكە هەر ئەوەندە جێگامان هەبوو تكاشمان لەحزبە كوردیەكانى دیكە ئەوەیە با ئاڵاى حزبەكانیان نەهێنن، چونكە خوا ئاگادارە جێگامان بەشى ئەوانى تیا نەماوە، ئەگەر نا دەبىَ ئەو كاتژمێرە بهێنینە خوارەوە كە پارێزگار دایناوە، تەنها و تەنها ئەوە مابوو ئەو دوو حزبە زل هێزە ئاڵاى حزبەكانیان تیا هەڵواسن، بۆیە بەدڵ بمانبوورن، بەگەورەیى خۆتان عادز نەبن، ناونیشانى ووتارەكەى منیش ئەوەیە شارێك لە پرد و پردێك لە ئاڵا جەنابى سەرۆك، بەڵام چى ئاڵایەك نەك ئاڵاى كوردستان، بەڵكو ئاڵاى حزبەكان، د. فەرهاد پیرباڵ لەهەندىَ شیعرى خۆیدا باسى دەكا، ناونیشانەكەى منیش نزیكە لە شیعرێكى ئەو، بەڵام هى من ووتارە نەك شیعر شانازیشە لەهى ئەو بچێت، بەس پیرباڵ زوو دركى بەو ئایندەیە كردووە كە ئێستا هاتۆتە ڕێگامان، بۆیە ئەو بەنووسینى شیعر بە جوانى و پاكى و بێگەردى پیرباڵ دركى بە ئایندەى پردەكان كردووە كە ڕۆژێك دەبێت بە حەقیقەت، لەكەركوكدا پردەكان زۆرن كەوا شێواون بە ڕەنگى ئەم حزب و ئەو حزب، بەڵام ئەوەى جێى باسە كەركوك بەدەستى حزبە كوردیەكانەوە قێز لەخۆى دەكاتەوە، پردەكانى كەركوك دەبێتە جێگاى شەڕە پەڕۆى حزبە كوردیەكان، بۆیە پیرباڵ ئەو شیعرەى نووسى، منیش دەڵێم: شارێك لە پرد و پردێك لە ئاڵا نیشانەى لەدەستدانى متمانە و دۆڕاندنى قومارەكە و لەدەستدانى متمانەى خەڵكى و كاڵبوونەوەى ئەو ڕۆڵەى پێشووتر هەیانبووە، بێباوەڕى.. باوەڕ نەهێنان بە خودە، ئەگینا چۆن چۆنى ئەمجۆرە هەڵوێستە دەنوێنن، چەند ڕۆژێكە لەسەر پردەكان ئاڵاى حزبێك دەبینم، لە جێگاى خۆمەوە تەریق دەبمەوە چونكە كوردێكى ئەم شارەم، ئێوە هەى ئەوانەى ئەمرتان كرد ئەو ئاڵایە كە ئاڵاى حزبەكەتانە دابنرێت چۆن نامرن خۆ جوانترین هەڵوێست و مەردانەترینیان دانانى ئاڵاى كوردستانە نەك ئاڵاى حزبەكەى خۆتان، چاوەڕوانم ئێوەش چاوەڕوان بن، نەزانەكانى ئەوبەریش وەكو نەزانەكانى ئەمبەر ڕەنگى دى و ئاڵاى حزبەكەى خۆیان دادەنێن نەك ئاڵاى كوردستان، چونكە ئەوانیش ئاڵاى حزبەكەى خۆیانیان لە ئاڵاى كوردستان پىَ گەورەتر و بەهەڵوێستر و جوانترە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بێهەڵوێستى و بێئینتیمایى بۆ ووڵات كە لەكەركوك لەوپەڕى ترۆپكدایە لاى بەرپرسەكانى ئەمدیوو و ئەو دیو، بۆیە سڵاو لەگەورەیى خواو بێئینتیمایى بۆ نیشتیمانى بەرپرسە كوردەكانى شارى كەركوك.
خەڵكینە سەیركەن خەریكە لەخۆمانەوە براكوژیمان بیر دەچێتەوە كەچى ناهێلن، خەریكە خۆمان لەسەر جوانى ژیان ڕادەهێنین حزبە زل و بێدەسەڵاتەكانى كەركوك ناهێلن، دیسانەوە وەكو جاران ئەیانەوىَ فێرى وانەى جەنگمان بكەن، فێرى وانەى زەردە بەس چاوى زەرد دەبینىَ، سەوزە زۆر زۆر سەوزەمان دەكەن، لەجێگاى ئەوەى ئاڵاى كوردستان بدەنە دەستمانەوە، فێرى خۆشەویستى نیشتیمانمان بكەن، وانەى جەنگ و سروودى جەنگمان فێر دەكەن، ئەوەتا منداڵانمان فێرى ئەوە دەكەن كە خۆیان مەبەستیانە، نایەن بیرى تازە و عەقڵى زیندوو بخەنە گەر، دێن مارشى لەدایكبوونى سروودى حزبەكەى خۆیانمان فێر دەكەن، ئەمە مەهزەلەیە.. مەهزەلە، ئەگەر مەهزەلە نەبێت چیە؟ مەهزەلە نەك كۆمیدیا و كارەكتەرەكانى ئەم مەهزەلەیەش ڕەنگەكانى جەنگن و ڕەنگەكانى جەنگیش 2 ڕەنگە و ڕەنگى ترى نیە، دڵنیام سەركردایەتى كورد لەم كارەساتەى كەركوك ئاگادار نیە، ئاگادارى سەرجەم پردەكانى كەركوك نیە، كە ڕازاوەیە بە ڕەنگى حزبە كوردیەكان، بەدڵنیاییەوە ئاگادار بن قبووڵى ناكەن "نەبابە گیان خۆیان فێریان دەكەن" ئەرى برا تۆ فیشەگ ئەنێیتە تاریكیەوە، جەنابى سەرۆكى هەرێم دڵنیام ئاگادارى ئەم مەوزوعە نیە، ئەگینا قبووڵى ناكات و سەرۆكى كۆماریش لە بەغدایە ئاگادارى چیبێت؟ هیچ كامێك لەوان ئاگادارى ئەم شەڕە پەڕۆیە و ئەم شەڕە لقیە نیە برا "باشە كىَ فێریان دەكات" نازانم.. هەقم نیە! قسە ناكەم، ئەرىَ چەند جوانە ئێمە لە (1990 تاوەكو 2002) دەسبەردارى ئەو ساڵانە بین و بە ساڵانى شووم ناویان بەرین، ئەو ساڵانە ببنە ئەزموونى شووم و نەهێلین جارێكیتر درووست ببێتەوە، بەس نا، ئەوەتا وانەكانى شارەكانى هەولێر و سلێمانى لە كەركوكدا ئەڵێنەوە ئەوە ئەگەر ئاگادار نەبین، ئەوەتا پردەكە شاهیدە، شاهیدیش هەڵكردنى ئاڵاى حزبەكانیانە لەبڕى ئاڵاى كوردستان لەگشت كوچە و كۆڵانێكى كەركوكدا، ئەوەتا دەسپێكى مارشى لەدایك بوونى جەنگێكى دیكەیە، ئەگینا دەسبەردارى ئەو ئەزموونە شوومە دەبوون كەبەسەرمان هاتبوو، لەم ئان و ساتەدا ڕازاندنەوەى پردێك لە كەركوكدا بە ئاڵاى حزبێك نیشانەى سووكایەتى پێكردنە بە پەرلەمانى كوردستان و حكومەتى هەرێم و كابینەى چوارەم و ئیعتراف نەكردن بەهیچ كەس و سڕینەوەى ئایندە و مێژووشە، باوەڕ نەكردنە بە ئاڵاى كوردستان، دواینیانیش دەسپێكى مارشى لەدایك بوونى جەنگێكى مەترسیدارە و بۆنى خیانەت نەبێت چیە، ئەمانە ڕوویداوە كاتىَ ووتم جەنابى سەرۆك وەرە بۆ كەركوك، ئەمە وانەى یەكەمى نێوانمانە بۆ خستنە ڕووى حەقیقەت، هەندىَ گۆشەم بۆ جەنابتان نووسى كە لەشێوەى خەودا بوو دیارە نەتخوێندبۆوە بۆیە ناچار هەڵسام لەخەو، بەشێوەى حەقیقەت بۆتم نووسى، ئەگەرچى لەسەر ووتارێك (فەسڵ كرام) بەڵام ئەگەر ئەمجارەیان فەسڵ بكرێم دەبىَ كۆتایى بە نووسینى ووتارەكانم نەهێنم و ڕاستیەكانى كەركوكت بەشێوە چیرۆك بۆ باس بكەم، بەهیوام بەیانى بەر لەخۆرهەڵاتن ئەو پەڕۆ سەوز و زەردانەى سەر پردەكەكان لىَ كرابنەوە لەبڕى ئەوە ئاڵاى كوردستان هەڵواسرابێت، ئەوە بۆ كەرامەتى هەمووان جوانترە جەنابى سەرۆك