
هه‌موساڵه و ئه‌م زامه تازه ده‌بێته‌وه
ئه‌و ساڵه‌ی ئه‌نفاله‌كان بوو من ته‌مه‌نم 9 ساڵان بوو، له‌بیرمه به‌هۆی تۆپبارانی ئێرانه‌وه بۆ سه‌ر ده‌ربه‌ندیخان له‌گه‌ڵ ماڵ باپیره‌م دا هاتبوینه ماڵێكی خزمی خۆمان له‌نزیك لیواكه‌ی كه‌لار.
كه‌لار ئه‌و كاته ره‌نگێكی خه‌مگینی هه‌بوو، سه‌ڕه‌رای فشاری خه‌لكی ئاواره‌بوی ده‌ربه‌ندیخان، خه‌مێكی دیكه‌شی له‌كۆڵ گرتبوو.
من به‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌ی خۆمه‌وه هه‌ستم به‌خه‌می ئه‌و ژن و پیاوه خه‌مبارانه كردبوو كه له‌ژوره‌كاندا به بێده‌نگی داده‌نیشتن و فرمێسكیان بۆ كه‌سوكاره‌كانیان ده‌ڕشت كه له دێهاته‌كاندا یاخود گیرابون یاخود كه‌س هه‌واڵێكیان نه‌ده‌زانیی.
ئه‌و ماڵه‌ی ئێمه‌ی لێ‌بوو كه‌سوكارێكی زۆریان پێشمه‌رگه بون، نه‌وه‌یه‌كی زۆریان له دێهاته‌كاندا بون، هه‌موو مه‌غریبێك گریانێكی قوڵ قوڕگی ده‌گرتن و ده‌ست به دوعا چاوه‌ڕوانی چاره‌نوسێكی باشیان بۆ نه‌وه‌كانیان ده‌كرد.
ئێستاش هه‌میشه دیمه‌نی ئه‌و دوانیوه‌ڕۆیه‌م له یادناچێته‌وه كه‌ئێمه له كۆڵانه‌كه‌دا یاریمان ده‌كرد كه‌سێك به‌په‌له خۆی كرد به‌گه‌ڕه‌كه‌دا و وتی جاشه‌كان خه‌ڵێكی زۆریان هێناوه كه ژن ومنداڵیشی تیادایه و له‌و دیهاته‌نه‌دا گیراون.
ئیدی هه‌موو گه‌ڕه‌ك شڵه‌ژا و ئێمه‌ش یارییه‌كه‌مان تێكچو.
من ئه‌و كات تێنه‌ده‌گه‌شتم چی رویداوه، به‌ڵام به چپه چپه‌ی پیاوه‌كان و گریانی به‌رده‌وامی ژنه‌كاندا له‌وه‌گه‌شتم ئه‌و ماڵ و ئه‌و گه‌ڕه‌ك و ئه‌و شاره خه‌ڵكێكی زۆریان له‌ده‌ستداوه.
كه‌لار چه‌ند رۆژ دواتر ده‌توت شاری مردوانه، من كه ئێستا بیر له‌و رۆژانه ده‌كه‌مه‌وه تێده‌گه‌م ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه بۆ ره‌نگی مردوی لێنیشتبو.
ماوه‌یه‌ك دواتر له‌نزیك مه‌لعه‌به‌كه و له‌ژێر دارتویه‌كدا شوتیم ده‌فرۆشت له‌پڕ هه‌موو كه‌لار رژانه سه‌ر ماڵێك كه زۆر دور نه‌بوو له‌منه‌وه.
نیوه‌ڕۆیه‌كی گه‌رمبوو، هێنده گه‌رم وه‌ك گه‌رمی ناخی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی هه‌ریه‌كه و كه‌سێكی له‌ده‌ست دابوو،وه‌ك ده‌رونییان، وه‌ك فرمێسكیان .
خودایه به‌و هه‌موو گه‌رمایه ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه چۆن له‌پڕ كۆبونه‌وه.
شوتیه‌كه‌م جێهێڵا و فزوڵیه‌تیه‌كی منداڵی منیشی بۆ ئه‌و ماڵه برد.
هێنده بچوكبوم به‌زۆر له‌به‌ینی چه‌ندین پیاوی گه‌وره‌وه چومه ژوره‌وه و خۆم به‌و په‌نجه‌ره‌یه‌دا هه‌ڵواسی كه ئه‌و حه‌شاماته له‌و ژوره‌یان ده‌ڕوانی كه له‌سه‌ر حه‌وشه‌كه‌بوو.
پیاوێكی پیر كه ته‌مه‌نی له هه‌فتا ساڵی تێپه‌ڕیبوو له ئه‌نفال و نوگره سه‌لمانه‌وه هاتبویه‌وه و به‌ر لێبوردنه درۆینه‌كه‌ی سه‌دام كه‌وتبو له‌و ژوره‌دابوو.
هه‌رچه‌نده چه‌ند كه‌سێك رایانده‌كێشام تا به‌رده‌می په‌نجه‌ره‌كه به‌ربده‌م كه‌چی ره‌نگی پیاوه‌كه هێنده شێواو په‌ریشان بوو توندتر منی هانده‌دا ده‌ست به‌ته‌لی په‌نجه‌ره‌كه‌وه بگرم و گوێ له حیكایه‌تی بگرم.
بیرمه ئه‌و پیاوه به گریانه‌وه ده‌یوت گه‌نجه‌كان به‌جیا و ژن و مناڵه‌كان به‌جیاو پیره‌كانیشان به جیا دابڕیوه.
له‌یه‌ككاتدا ده‌یه‌ها كه‌س لێیان ده‌پرسی، ئه‌رێ براكه‌مت نه‌دیوه، ئه‌ی خوشكه‌كه‌م، ئه‌ی خزمه‌كانم و تا ناكۆتا…….
من ره‌نگی ئه‌و پیاوه‌م هێشتا له‌به‌رچاوه، ده‌موچاوێكی وشك هه‌ڵاتوو و چاوانێكی پڕ له‌پرسیار و حه‌سره‌ت… ئه‌و پیاوه كه له‌به‌رده‌م پانكه‌كه‌دا له مردوییه‌ك زیاتر ده‌چوو تا له زیندوییه‌ك قسه‌ی زۆری تری كرد، قسه‌ی زۆری تریشی پێ‌بوو كه نه‌یده‌وێرا بیكا..
منیان فڕێدایه خواره‌وه و شێوه‌ی ئه‌و پیاوه‌م هه‌ر له‌بیرنه‌چوو..
كه بیركه‌وته‌وه شوتیه‌كانم به جێ هێشتوه به‌په‌له گه‌ڕامه‌وه.
ساڵانێك دواتر له حوزنی ته‌نیایی ئه‌و پیاوه گه‌شتم، ئێستاش هه‌موو ساڵێك ئه‌م زامه له‌مندا زیندووده‌بێته‌وه …
هه‌موو ساڵێك كه‌لار هاوه‌ڵی یاده‌وه‌رییه‌كانمه له‌و رۆژانه‌دا..
هه‌موو ساڵێك شێوه‌ی كه‌لار وشێوه‌ی ئه‌و پیاوه پیره و شێوه‌ی ئه‌و ژنانه له‌رۆحمایه كه به‌دزییه‌وه ره‌سمه‌كانی خزم و كه‌سوكاره‌كانیان ده‌رده‌هێنا و به‌سه‌ریدا ده‌گریان و هه‌ر به‌دزییشه‌وه پرسه‌یان بۆ داده‌نان….
*سه‌رنوسه‌ری ماڵپه‌ری rwnaky.com
Hemnm1979@yahoo.com
هێمن مه‌حمود حه‌مه*