
ژنێك پڕ لهههتاوی بوێری … غەمگین بۆڵی
بۆئه‌وه‌ی هه‌رچی ههت ونیته
بهمن بچێ …
ده‌ئه‌مجاره‌ش كراسه‌كه‌م هه‌ڵده‌وه .” نیگار نادر “
ده‌ستپێك وه‌ك ده‌روازه‌ی باسه‌كه :
نووسینی ئه‌ده‌بیات گه‌ڕانێكی گومانگهرییه به‌دوای ڕێگا سانتمانتالیزمیهكانی بوون له‌لایه‌ن خودی نووسه‌ره‌وه. ئاخر نووسینی ئه‌ده‌بی ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌كی بنچینه‌یی تێدا نه‌بێت و پێكدادانی كرده فیكرییه‌كان دروست نه‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه له قۆناغه‌كانی تری ژیاندا نووسراون و له‌مێژووی ئه‌ده‌بیاتدا بوونیان هه‌یه، نه‌نووسینیان چه‌شنی نووسینیانه. ته‌نانه‌ت كه‌رته كهرپووچێك ناخه‌نه سه‌ر باڵه‌خانه‌ی ئه‌ده‌بیات. یه‌كێك له‌خاسیه‌ته‌كانی ده‌قی زیندووئهوهیه كه هێزی میتۆلۆژی رۆحی نووسیارهكهی تێدابێت و ئه‌و هێزه به‌خانه‌كانی جه‌سته‌یدا هاتوچۆ بكات. شیعری جاویدانی و خودان نوێخواز، چه‌نده پێویستی به بنه‌ما بنچینه‌ییه‌كانی جوانیناسی هه‌یه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ش پێویستی به هونه‌ری جیاوازنووسین هه‌یه. ئاخر ئه‌و ده‌قانه‌ی له‌سێبه‌ری ده‌قی تردا ده‌ژین، چه‌شنی مریشكی كوركن له‌سه‌ر هێلكه‌ی باڵنده‌ی تر گڕكهوتوون. شاعیر هه‌یه له‌سێبه‌ری ده‌یان شاعیری تردایه و به‌رده‌وام سێبه‌ره‌كانی به ڕه‌نگی وشه‌ی بریقه‌دار ده‌ڕازێنێته‌وه. لێره‌دا پرسیارێكی پڕ له گومانگه‌ریی له‌به‌رده‌مان قیت ده‌بێته‌وه :كه بۆچی ئه‌و جۆره شاعیرانه له‌بڕی ئه‌وه‌ی ڕاڤهگهریی له‌باره‌ی لایه‌نه كاریگه‌رییه‌كان و تێركردنی زگی شیعری‌یان له‌سه‌ر خوانی ده‌قی شاعیرانی تر بكرێت، كه‌چی شیعره‌كانیان له‌ژێر كاریگه‌ریی سۆزداری هێنده گه‌وره ده‌كرێن، كه خوێنه‌ری ساده لای وایه سه‌ری داهێنانی له هه‌ور ده‌خشێت. ئه‌و فه‌زا ئاڵۆزه‌ی ئه‌مرۆی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی دروستی كردووه، دهنگهلێكی زۆری تێكه‌ڵی یه‌كتری كردوون. ڕه‌خنه‌ی ئه‌مرۆی ئه‌ده‌بی كوردی كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆشی كردۆته سه‌ر ده‌قی ژنه شاعیره‌كان، چونكه به‌درێژایی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی كوردی ده‌قی ژن له ژێركاریگه‌ریی ده‌قی پیاودا بووه. ته‌نانه‌ت ژنه شاعیری واهه‌بووه ده‌ربڕینی پیاوانه‌ی به‌كار هێناوه و له شیعره‌كانیدا وه‌سفی زولفی خاوی كردووه. بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی باسه‌كه‌مان لێره‌دا ئێمه باسی ئه‌وه ناكه‌ین كه جیاوازی له نێوان ده‌قی پیاو و ده‌قی ژن چییه ؟ یاخود ئایا ده‌قێك هه‌یه به‌ناوی ده‌قی ژنانه‌وه ؟ ده‌ق هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كان له خۆیدا كۆده‌كاته‌وه و له‌هه‌مان كاتیش‌دا خۆی له‌ته‌واوی ڕه‌گه‌زه‌كان ڕووت ده‌كاته‌وه و ڕه‌گه‌زپه‌رستی قبووڵ نییه. لێ هه‌ندێك ده‌ربڕین له‌ده‌قدا هه‌یه جیاوازی ڕه‌گه‌زه‌كان به دیار ده‌خات. دیاره ڕه‌خنه‌ش له‌باره‌ی ده‌قی شاعیره ژنه‌كان لهفیلتهری فیكر و مه‌عریفه‌تی ئه‌و خاڵانه‌ی كه باسمان كردن سه‌رچاوه‌یان گرتووه. ته‌نانه‌ت ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی هیچ ڕۆڵێكی كارای نه‌بووه له دروستكردنی ده‌نگی شاعیری ژن. زۆرجار كولتووری ئه‌ده‌بیاتی كوردی به‌هۆی گوشاری سیاسیی و گوشاری سۆزه‌وه هه‌میشه له هه‌وڵی پیرۆزكردندا بووه و دهنگگهلێكیشی فه‌رامۆش كردووه. نالوێت شاعیری بوێر سه‌ركێش نه‌بێت ودژی ئه‌و كولتووره نه‌خۆشانه نه‌وه‌ستێته‌وه و به‌یه‌ككه‌وتنی كولتووره‌كان و فره‌ده‌نگی له شیعره‌كانی دروست نه‌كات. نیگار نادر یه‌كێكه له‌و ژنه شاعیرانه‌ی كه له هیچ ژن شاعیرێكی كوردی ناچێت و هیچ ژنه شاعیرێكی كوردیش له‌و ناچێت. ئه‌مه‌ش بۆ جیاوازیكردن بۆ شاعیرێك زۆره .
ناوهڕۆك :
هونه‌ری جیاواز نووسینی شیعر ئه‌وه نییه كه ده‌روازه‌ی فه‌زاكانی شیعر دابخرێن و كۆده‌كانی چه‌شنی مه‌ته‌ڵی لێ بێت. زۆرجار به‌هۆی ڕه‌چاوكردنی جیاوازییه‌وه جه‌ڵه‌وی هونه‌ری جوانیناسی ده‌ق له‌ده‌ست ده‌ده‌ین و شیعرییه‌ت له‌شیعردا ده‌خه‌ینه به‌رده‌م چاڵی مه‌رگه‌وه. واته له‌پێناوی هونه‌ری جیاوازنووسینهوه رۆحیه‌تی جوانیناسی شیعرییه‌ت ده‌كوژین. ئاخر هونه‌ری ئه‌م جیاوازنووسینه داهێنان نییه، ته‌نانه‌ت هه‌ڵاتنه له‌واقیعی شیعرییه‌ت و شاردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی كه‌م مه‌عریفه و لاوازی كرده فیكرییهكانیشه. ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی ئه‌گه‌رچی پیاوی فۆرمه گرانهكانه و ستایله باوه‌كانی شیعری كوردیشی ڕه‌تكردۆته‌وه و خاوه‌ن زمان و فۆڕم و دیدگا و ستایلی تایبه‌ت به‌خۆشی بووه، لێ له هه‌ندێك ده‌قه شیعرییدا له‌به‌ر هێزی فۆرمی جیاوازه‌وه شیعرییه‌تی شیعره‌كانی بوونه‌ته قوربانی. ئه‌مه كه‌م تا زۆر له‌به‌شێك له ئه‌زموونه شیعرییه‌كانی محه‌مه‌د ساڵح سۆزهنیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ئاخر هونه‌ری جیاواز نووسین ته‌نیا لادان نییه له فۆرمی باو و تێكشكاندنی كێش و سه‌روا و وێنه‌ی سواو. به‌ڵكو كاركردنیشه له ناوه‌وه‌ی شیعر و گه‌ڕانێكی هه‌میشه‌یییه. كاركردنه له‌فیكری شیعر و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو ڕێسا وكوت وكولتووری باو وستایلی دیاریكراوه .واته له‌به‌ر ڕه‌چاوكردنی هونه‌ری جیاوازنووسینی شیعره‌وه جوانبینی شیعرییه‌تیان له‌شیعره‌كانیاندا كوشتووه. شیعری زیندوو هه‌ڵگری جۆرێك له سه‌ربه‌خۆیییه. شیعر به‌شێكی له‌بیره‌وه‌ری شاعیره‌وه ڕۆحی نۆستالیژیای پێده‌به‌خشرێت .
دیوانه شیعری ( بۆئه‌وه‌ی هه‌رچی ههتهو نیته بهمن بچێ ده‌ئه‌مجاره‌ش… )ی ژنه شاعیر(نیگار نادر)ه ، كه بریتییه له نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی ڕۆژمێری ساڵی 2006ی شاعیر ،كه بیره‌وه‌رییه‌كانی ساڵێكی ته‌واوی به‌بێ پچڕان نووسیوه‌ته‌وه. ئه‌مه یه‌كه‌مین شاعیره له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا توانیبێتی به‌و هه‌ناسه درێژه بیره‌وه‌ریی ڕۆژانه‌كانی ساڵێكی به‌شیعر به بێ پچڕان بنووسێته‌وه. هه‌رچه‌نده ( بارزان هه‌ستیار )ی شاعیریش له‌دیوانه شیعری ( ساڵێك له نیگه‌رانی )دا به‌شێكی زۆری ڕۆژه‌كانی ساڵێكی نووسیوه‌ته‌وه. لێ له زۆر ڕۆژی ئه‌و ساڵه‌دا پچڕاوه. نیگار نادر عه‌شق له په‌نجه‌كانیدا تكه ده‌كه‌ن و خۆیان به هێزی شیعر ده‌نووسنه‌وه، لێ جیاواز له‌ژنه شاعیرانی تر خۆی ده‌نووسێته‌وه، وه‌ك ده‌نگێكی بوێر و نوێخواز خۆی له ژنه شاعیره‌كان تر جیا ده‌كاته‌وه. خۆشی له سێبه‌ری ئه‌ده‌بیاتی پیاودا رووت رووت ده‌كاته‌وه و هونه‌ری شیعری بوێری ژنان به‌ره‌و ئاقارێكی فراوان ده‌بات. ئه‌م شاعیره هێنده بوێر و پڕ به‌رائه‌ت و پڕ جورئه‌ته له‌گه‌ڵ خودی ئه‌و عه‌شقه مه‌زنه‌ی كه له‌شیعره‌كانیدا بوونیان هه‌یه، به‌رائه‌تی چێژ ( چێژی ده‌ق ) به‌سه‌ر ته‌واوی وشه‌كانیدا دهتكێن. پائۆلۆكۆیلیۆ باشی پێكاوه كاتێك نووسیویه‌تی: (( عه‌شق یاسایه‌كه له‌ناوخۆیدا ته‌واوی یاساكانی تر كورتده‌كاته‌وه.)) ئه‌م ژنه شاعیره‌ش تاكو تخووبی ڕووتبوونه‌وه عاشقی پیاوه .
پیاوێكم هێناوه‌ته سهركۆشم و
ده‌مه‌وێ بیخوێنمه‌وه و
په‌ڕ په‌ڕه‌ی هه‌ڵده‌مه‌وه
ئه‌وڕۆ گه‌یشتوومه‌ته چل و یه‌كه‌مین لاپه‌ڕه .
ئه‌م ژنه شاعیره به‌وشه‌ی ساده و خه‌یاڵی پڕ به‌رائه‌ت دنیایه‌كی جوانی دروست كردووه. واته به‌ساده‌ترین كه‌رسته‌كانی نووسین و ستایلی ده‌ربڕین كرۆكی ئیستاتیكای پێكاوه. به‌بێ زۆری له خۆكردن و پڤدانی وشه‌ی قه‌به، نیشتمانێكی گه‌وره‌ی شیعری بۆ خۆی دروستكردووه. كه نیشتمانی به‌زاندنی سنووره سووره‌كانی ژن‌بوون و به‌رائه‌تی ئێرۆتیكا. پێم وانییه هیچ ژنه شاعیرێكی كوردی به‌قه‌د ئه‌م ژنه شاعیره توانیبێتی هێنده به‌ڕۆحی ژنانه‌وه داهێنان له جورئه‌تی شیعر و بوێری له‌ده‌ربڕیندا كرد بێت. له‌م ئه‌زموونه شیعرییه‌ی شاعیردا بوێری و جورئه‌ت له‌و په‌ڕی فانتازیای جوانی و ترۆپكی ئیستاتیكادان .
ئێستا كراسه گوڵ زه‌رده‌كه‌م بۆ كورت بووه‌ته‌وه‌و
هه‌تا سهرچۆكم دێت .ئه‌و
پیاوه چاوزهردهش تاخوار چۆكم .
ده‌ستت بێنه له‌سه‌ر ناوكمی دانێ و داخوا
كوێ كۆتاییمه نه‌یبزێوی نهبۆخوارتر نه‌بۆ
سه‌رتر ها ،ده‌نا كۆتره‌كانم هه‌ڵده‌فڕن .
سارته‌ر به‌دیدگایه‌كی ئیستاتیكیانه باس له‌وه ده‌كات كه خودی شاعیر بۆئه‌وه‌ی زیاتر به‌ناو خۆیدا ڕۆبچێت و كه‌سایه‌تییه‌كی به‌رز و خۆراگیری هه‌بێت، پێویسته له‌گه‌ڵ خودی خۆی و ته‌واوی كولتووره باوه‌كاندا بجه‌نگێت. ئه‌م ژنه شاعیره‌ش نازانێت سنووری نووسین چییه ؟ نه‌ریته باوه‌كانی ده‌ربڕینیش وه‌رده‌گێڕێت و له ڕوانگه‌یه‌كی به‌رزتره‌وه پێی شیعرگهریی ده‌ڕوانێت. كه له زۆر فه‌زای ناو شیعره‌كاندا شاعیر ده‌بێته كۆتر و له هیچ قه‌فه‌زێكدا ئۆقره ناگرێت و حه‌زی هه‌ڵفڕینی نامرێت. شیعر چه‌شنی ئه‌و كۆتره ده‌بێت هه‌میشه له ههڵفڕیندا بێت و هه‌موو قه‌فه‌زه‌كان ره‌تبكاته‌وه. شیعر ئه‌گه‌ر نه‌فڕێت و توانای تهی نه‌كردنی ئاسمانه‌كانی نه‌بێت، ناتوانێت جیاواز بژیت و قۆناغه‌كانیش ببڕێت. نیگار نادر له‌م قۆناغه‌ی شیعرییه‌یدا خۆی له‌ته‌واوی ژنه شاعیره‌كانی تر جیاكردۆته‌وه، هه‌میش به‌باڵی بوێری له‌هه‌موویان به‌رزتر هه‌ڵفڕیوه .
گیانه ” با “شت فێر كردووه رۆژێ ده‌جار
ته‌نوره‌كه‌م هه‌ڵداته‌وه و
كڵاوه‌كه‌م له‌سه‌ر بفڕێنێ .
كه‌رسته‌ی سه‌ره‌كی نووسینی شیعری جاویدانی هه‌ڵزنانی وشه‌ی جوانه به‌باڵای فانتازیاوه. له‌م شیعرانه‌ی نیگار ناردیشدا حه‌زێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵفڕین هه‌یه، به‌باڵی كۆتره‌كانی به‌رائه‌ت هه‌ڵده‌فڕن. له‌پشتی ئه‌م شیعرانهشهوه عه‌شقێكی گه‌وره بوونی هه‌یه، كه عه‌شقی پیاوه. شاعیر به خه‌یاڵی هێنده ناسك شیعری نووسیوه، زێده‌گۆیی نییه كه بڵێم : شیعری نیگار نادر له په‌ڕی گوڵ و باڵی په‌پووله ده‌چێت. هه‌ر بۆیه ده‌گه‌ینه ئه‌و واقیعه‌ی كه عه‌قڵی شاعیر به‌ته‌نیا ناتوانێت شیعر درووست بكات، به‌ڵكو سه‌یری كرده‌كانی ده‌كات و ده‌بێته سه‌ركاری كرده‌كه كاتێك كه شیعر ده‌نووسی. ئه‌گه‌ر بچینه ناو ناخی ئه‌م كۆپله شیعره‌یه ده‌بینین هێزێكی گه‌وره‌یی ئێرۆتیكا هه‌یه. ئه‌م هێزی ئێرۆتیكایهش ئاوێته بووه به ورده كارییه‌كانی رۆژانه و نهێنییه‌كانی حاڵه‌تی ئێرۆتیكا .
سه‌رم بخورێنه ئه‌وڕۆ
دێمه سه‌ر زگت و ژیان له‌خۆم
داده‌ماڵم .
ئه‌و ڕۆش هه‌تاو به‌په‌له خۆی به
ژووره‌كه‌م داكرد .كهگهیشت بینی دیسان
له‌پێش وی زه‌رد زه‌رد له‌سه‌ر لایه‌كی
ڕانم و سیسه‌مه‌كه‌م كه‌وتووی پێم‌دا هه‌ڵده‌كشێی .
زمانی بوێری شاعیر لهتركاندنی نهێنییه‌كان وده‌ربڕین بوێرانه، خاڵی سه‌ره‌كی ته‌قینه‌وه‌ی شیعرییه‌تی شیعری نیگار نادره. بۆیه له‌ئه‌زموونی ئه‌و شاعیره‌دا شیعر نووسین به‌هره نییه و به‌س ، ئه‌گه‌ر ههربههرهبایه ئه‌وا كانیاوی هیچ شاعیرێك وشكی نه‌ده‌كرد. ئه‌گه‌ر عه‌قلیش داینه‌مۆی شیعر بێت، ئه‌وا جورئه‌ت كردن و ستایله‌كانی ده‌ربڕین و ته‌كنیكه‌كانی نووسین فاكته‌رێكی بنه‌ڕه‌تین. هه‌موو مرۆڤێك له‌ناو خۆیدا بیرمه‌ندێكه، لێ ئه‌نجامه‌كانی بیركردنه‌وه فاكته‌رێكی سه‌رڕێژن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی كرداره‌كان. هێزی بیركردنه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین هێزه بۆ ته‌واوی پرۆسه ئه‌ده‌بییه‌كان. هه‌ر بیركردنه‌وه‌شه كه ته‌واوی دنیا به‌ڕێوه ده‌بات. ئه‌دیسۆن لای وایه كه هیچ كارێكی به نرخی به شێوه‌یه‌كی ڕێكه‌وت ئه‌نجام نه‌داوه، هیچ یه‌كێ له داهێنانه‌كانی له ڕووی ڕێكه‌وته‌وه نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌نجامی به‌رهه‌می كار وكۆششه‌كانی بوونه. واته ته‌واوی كرده‌كان پێویستییان به هه‌وڵی جددی هه‌یه. ئاخر كاركردن له پرۆسه‌یه‌كی وه‌هادا زه‌خیره‌یه‌كی له‌بن نه‌هاتووی ده‌وێت و پێویستی به هه‌وڵی زۆر جددی هه‌یه. بۆیه شیعری ئه‌م ژنه شاعیره‌ش به‌خه‌یاڵێكی هێنده جوان و ناسك نووسراوه، كه له‌سه‌ر سینگی پیاودا خۆی له ژیان داده‌ماڵێت و هه‌موو دنیا له‌وێوه ڕا ده‌بینێت. واته باوه‌شی پیاوه ده‌لاقه‌یه‌كه بۆ دنیابینی ئه‌م ژنه شاعیره. له‌م دهلاقهیهشدا جنێوی جوان به‌دنیا ده‌دات، جنێوی رۆمانسی و له‌زه‌ت به پیاو ده‌دات. ئه‌م گوڵه جنێوانه به‌ئاوی ئێرۆتیكا ئاو دراون .
سهرلهمۆبایلهكهت ده‌ردێنم و ده‌نووك
له ڕۆحت ده‌ده‌م ئه‌وا چیت له‌من
كردووه ئه‌مشۆ وا ئه‌و ڕۆ
هه‌موو دونیا‌م لێ ده‌بارێ
هه‌ی سه‌گباب .
كراسێكم له‌ڕه‌نگی زه‌رده‌په‌ڕێ له‌به‌ر كردووه
زمانم دهردێنمهو له‌به‌ر ئاوێنه لێی
ده‌ڕوانم
ده‌بینم پیاوێك هاتووه‌ته ناو زمانمهوه
به‌تۆ ده‌چێ ئه‌تۆی ده‌زانم سه‌گباب .
(هونه‌ری جنێودان ) له‌م دیوانه شیعرییه‌دا له‌ترۆپكی جوانیدایه. به‌كارهێنانی جنێو له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا ئه‌گه‌رچی تازهنییه و شاعیران و نووسه‌ران به‌چه‌ندین شێوهگهریی جیاواز كاریان له‌سه‌ر ئه‌م هونه‌ره كردووه، لێ پێم وایه تائێستایش ( شێخ ڕه‌زا ) له‌ترۆپكی ئه‌م هونهرهدایه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ش پێم وایه هێشتا وه‌ك پێویست گرینگی به‌م هونه‌ره نه‌دراوه. نیگار نادر هونه‌ری جێنودانی به دیدگایه‌كی ژنانه و هه‌ستێكی مێینه‌ی ڕۆمانسییانه به‌كارهێناوه و ده‌ست باڵایی خۆی نواندووه به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا. وشه‌ی ( سه‌گباب ) كه زۆرجار له‌حاڵه‌ته‌كانی ترۆپكی خۆشنودی و له‌زه‌تی ژن له‌به‌رامبه‌ر پیاو به‌كاری ده‌هێنێت، ئه‌م وشه‌یه له‌م دیوانهیهدا هێنده به زمانێكی مێینه‌ی شیرین به‌كارهێنراوه، خوێنه‌ر حه‌زناكات له‌سه‌ریاندا ئێستێك بكات و حه‌ز ده‌كات له‌هه‌موو شیعرێكدا له‌بڕی كه‌سی مه‌به‌ست سه‌گباب بكرێت .
ئه‌وڕۆ له‌بن تۆڕا له‌ژیان ده‌ڕوانم
ئه‌ی ژیان له‌بن
تۆڕا چه‌ند گه‌رم و جوانه سه‌گباب .
شیعری جوان بۆ ئه‌وه ده‌ست پێناكات كه كۆتایی پێبێت، به‌ڵكو بۆئه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه چه‌ندین ده‌ستپێكردنی تری له‌دواوه بێت. هه‌میشه خوێنه‌ر ناچاری گه‌ڕانه‌وه و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردن بكات. شیعر: عه‌قڵ لێك هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و خۆی عه‌قڵێكی تری به به‌رده‌خات و عه‌قڵێكی تر له پرۆسه‌ی شیعرییه‌تدا دروست ده‌كات. واته ڕه‌گێكی بنه‌ڕه‌تی شیعرییه‌ت به‌نده به‌چه‌مكی فه‌لسه‌فه‌وه، هه‌ربۆیه رووخساری شیعر زۆرجار چه‌شنی وته‌یه‌كی به‌هادار خۆی ده‌نوێنێت. سه‌یركردنی ته‌واوی ژیان له گۆشه‌نیگای ئێرۆتیكاوه (له‌ده‌لاقه‌ی پیاوه‌وه) بۆ ژنێكی وه‌ها عاشق ودڵگهرم چه‌نده جوان خۆی ده‌نوێنێت. ژیان به عه‌شقی گه‌وره‌وه جوانه. ئه‌و عه‌شقه‌ی كه مه‌نزڵگای نهێنییه‌كانی شاعیره. له‌م كۆپله شیعرانه‌ی نیگار نادردا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه شیعره‌كانی ئه‌و ژنه عاشقه باولی نهێنییهكانیهتی و پۆرترێتی ئه‌وان ئه‌و ڕۆژانه كه خۆی تێدا نووسیوه‌ته‌وه .
به‌رئه‌نجام :
شاعیرمان هه‌یه خاوه‌ن یه‌ك په‌نجه‌ره و یه‌ك دیدگا و یه‌ك خوده، هه‌میشه له‌ناوه‌وه‌ی شیعره‌كانیدا خوێنه‌ر هه‌ست به‌جۆرێك له وشك بوونی خه‌یاڵی ده‌كات. ته‌نانه‌ت كاتێك بهناوساڵهوه ده‌چێت (ته‌مه‌نی گه‌وره ده‌بێت ) نابێته خاوه‌ن دیدگای تایبه‌ت به‌خۆی و جیهانبینی وێران ده‌بێت و توانای تهیكردن و فڕین و هه‌ڵزنانی نامێنێ. نیگار نادر هه‌م بناغه‌ی جیهانبینی شیعرییه‌تی له‌شیعره‌كانی خۆیدا بنیاتناوه، هه‌میش ئه‌زموونی شیعری خۆی نوێكرده‌وه و شیعری ژنانی كوردیشی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردوه. لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه كه ده‌قی تازه و شاعیری نه‌وه‌ی نوێ هه‌ڵگری جۆرێك له دوو خودییه و خاوه‌ن دیدگا و جیهانبینی خۆیه‌تی، چونكه له‌دنیای ئه‌ده‌بیاتدا هیچ ته‌مه‌نێك پێوه‌ر نییه بۆ چۆنیه‌تی ده‌ق و مۆڕاڵی شیعرییه‌ت. به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامه‌كانی قوڵبوونه‌وه به‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی خودی شاعیر و زاڵبوون به‌سه‌ر زمان و تۆكمه‌كردنی زیاتری مه‌ودای جیهانبینی و گه‌ڕانی هه‌میشه‌یی ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێت، بۆیه پێم وایه شیعر ئه‌گه‌ر قسه‌بێت به‌زمانی نووسین، قسه‌یه‌كه رۆحی هونه‌ری كوتكراو و جۆشداره له‌كایه پڕ مه‌عریفه‌كانی شاعیردا، كه‌ده‌كرا هه‌مان ئه‌و قسه‌یه نووسینێكی ڕووت بایه ورۆحی هونه‌ری شیعرییه‌تییان تێدا نه‌بایه. شاعیر له‌دیواره‌كانی شیعرییه‌ت و جوانیناسی بیره‌وه‌رییه‌كانی به قوڕی بوێری و ترۆپكی جورئهتكردن سواق داوه، لهئێوارهیهكی رۆمانیسیشدا به‌عه‌تری عه‌شقی پیاویش ئاوڕشێنی كردوون. هه‌ربۆیه وا له خوێنه‌ر ده‌كات هه‌میشه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ری و له‌گه‌ڵیاندا بژیت. بێگومان ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له بنه‌مای سه‌ركه‌وتووی شیعر. كه شیعر نابێت به‌یه‌كجار خوێندنه‌وه بمرێت و جوانییه‌كانی خۆی له‌ده‌ست بدات .
ئه‌م ئهزموونهنوێیهی نیگار نادر پێم وایه له داهاتوودا ده‌بێت به ستایلێكی زیندووی شیعری ژنانی كوردی و ستایلێكی تایبه‌تیش بۆ خۆدی نیگار نادر .
په‌راوێز وسه‌رچاوه:
*بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی ههتهونیته بهمن بچێ ده‌ئه‌مجاره‌ش _شیعر ( بیره‌وه‌ری ) _ نیگار نادر/له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس _ژماره :797چاپی یه‌كه‌م -2008