شه‌وی ماسییه‌كه …. داستان به‌رزان
ڕێگایه‌ك به مندا ده‌ڕواته‌وه بۆ ماڵه‌وه
ئۆتۆمبیلێك دڵم ده‌كات به ژێره‌وه
باپیرم حه‌زی له باڵی مریشك بوو
منیش به نوستن له‌سه‌ر زه‌وییه‌كی ڕه‌ق
ئێمه به كوله‌مه‌رگی ڕاهاتووین
له چه‌ند لایه‌كه‌وه خه‌فه‌تبارم
بۆ مردنی ماسییه‌كه
بۆ برژانی دڵم
بۆ به‌دبه‌ختی باپیرم
بۆ كڵۆڵی هاوڕێ نائومێدهكانم
زه‌وی له مندا ده‌سوڕێته‌وه
له سوڕانه‌وه‌ی گۆیه‌ك ده‌چێت
له ناو سه‌تڵێك جیوه‌دا.
گۆرانییه‌ك دهمهاڕێت
ڕێبواره‌و ڕێبوار
دایم ڕێبوارم.
خه‌می براكه‌م ده‌خۆم
چێژ له ته‌نیایی وه‌رناگرێت
خه‌می نه‌نكیشم
گوێی له قورئان ده‌بێت
مردنی بیر ئه‌كه‌وێته‌وه
دڵته‌نگ ده‌بێت.
له چه‌ند لایه‌كه‌وه خه‌فه‌تبارم
بۆ برژانی ماسییه‌كه
بۆ پلیشانه‌وه‌ی دڵم
بۆ دڵته‌نگی نه‌نكم
بۆ دۆخی زه‌وی.
خۆم به هه‌یوانه‌كه‌دا ده‌كه‌م
نه‌نكم به دڵێكی پڕه‌وه به رهوڕووم دێت
به دره‌نگ هاتنه‌وه‌م توڕه ده‌بێت
منیش وه‌ك بڵێی پێده‌كه‌نم
فرمێسكێك له چاومه‌وه
به‌ر ده‌بێته‌وه بۆ به‌ر پێم.
له چه‌ند لایه‌كه‌وه خه‌فه‌تبارم
بۆ خورانی ماسییه‌كه
بۆ ته‌نیایی براكه‌م
بۆ توڕه‌بوونی نه‌نكم
بۆ مهلولیم.
به شوشهك بیره‌وه ده‌خزێمه ژووره‌كه‌م
ده‌رگاكه له خۆم داده‌خه‌م
نوێنه‌كان له مندا ده‌نون
له خه‌ونمدا قژم هه‌ڵده‌وه‌رێت
قه‌وزه‌ی سور له جێگه‌یدا ده‌ڕوێت
به شه‌قامێكدا ڕاده‌كه‌م
به هه‌ردوو ده‌ستم سه‌رم ده‌گوشم
هاوار ده‌كه‌م: خودا غه‌زه‌بی لێگرتووم.
خه‌ونه‌كه‌م بۆ كه‌سێك ده‌گێڕمه‌وه
پێم ده‌ڵێت: گوناهباریت گوناهبار
بونیاده‌م چۆن ده‌بێت هێند ته‌نیا بێت.
تا به‌یانی ئۆقره ناگرم
بێتاقه‌تی ماسییه خوراوهكهم
بێتاقه‌تی خۆمم
ناخۆشه خۆت ببینیت
هۆن هۆن ده‌خورێیت.
Dastan.barzan@gmail.com