له‌ته‌ك ئیمانویل كانتدا؛خه‌ونبینین به ئاشتییه‌وه!
ئه‌وه كێیه مافی كوشتنی منی هه‌یه له‌سه‌ر ئهوبنچینهیهی , كه له شوێنێكی دیكه‌دا ده‌ژیم و پادشاكهم له‌ته‌ك پادشاكه‌ی ئه‌ودا دوژمنایه‌تی ده‌كا,له‌كاتێكدا من له‌ته‌ك هیچ كه‌سێكدا دوژمنایه‌تیم نه‌كردووه؟؟!
بلێز باسكال
جه‌نگ هۆیه‌كه بۆ هه‌ڵهاتن له كێشه چارهسهرنهكراوهكانی سه‌رده‌می ئاشتی.
تۆماس مێن
ئیمانویل كانت له ده‌ستپێكی په‌رتوكی “به‌ره‌و ئاشتی هه‌میشه‌یی” دا به‌م شێوه‌یه نوسیویه‌تی : ڕووه و چ
كه‌سانگه‌لێك ئاراسته‌كراوه ئه‌م وشانه , ئایا ڕووه و خه‌ڵكن یان ئاراسته‌یان به‌ره‌و سه‌ركرده و پایهباڵاكانی ده‌وڵه‌تانه , كه هیچ كاتێك ناتوانن تێرببن له جه‌نگ , یان ئه‌وه‌تا , ته‌نها ڕوویان له فه‌یله‌سوفه‌كانه , كه هه‌میشه ئه‌م خه‌وه شیرینه ده‌بینن ؟1 بێگومان فه‌یله‌سوف لێره‌دا دوو ڕه‌هه‌ندی گرنگی به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی گاڵته‌ئامێزانه خستۆته‌ڕوو , یه‌كه‌م په‌یوه‌سته به خولیای شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی هه‌میشه‌یی ده‌سه‌ڵاتدارانی دونیا . دووه‌م گرێ‌دراو به خه‌ونی نایابی فه‌یله‌سوفانه‌وه , كه به‌رده‌وام له سهربیناكردنی جیهانێكی جوانتر وه‌ستاوه . ئه‌وه‌ی نكۆڵیلێناكرێت ئه‌وه‌یه , كه ده‌سه‌ڵاتدارانی جیهان له دێرینه‌وه تا به ئهمڕۆدهگات , زۆر به ده‌گمه‌ن نه‌بێت نه‌یانتوانیوه ته‌وژمی شه‌ڕه‌نگێزانه‌یان لغاوبكهن , به‌ڵكو راستتر ئه‌و ته‌وژمه نزیكه‌ی كۆی فه‌رمانڕه‌وایانی لغاوكردووه و به شوێن ڕه‌وتی ئاگراوی خۆیدا كێشیان ده‌كات .
ده‌سه‌ڵات و پاره گڕوتین به‌م ته‌وژمه ده‌به‌خشن تاهه‌نوكه . ئه‌م ته‌وژمه به گڕكانی سه‌رمه‌دی خۆیه‌وه , بێ پشودان جه‌سته‌ی مرۆڤایه‌تی سوتماك ده‌كات , ئه‌و هه‌ڕه‌شه و تۆقاندنه‌ی سات به سات به‌رهه‌میده‌هێنێ ناهێڵێت ته‌نها چركه‌یه‌كیش مرۆڤه ئاگامهندهكان له ئارامی و ئاسایش‌دا بژین , له به‌رئه‌وه‌ی جیهان له‌ڕاستیدا هیچ نیه جگه له جه‌نگێكی هه‌میشه‌یی گه‌وجانه . هه‌موو ئه‌وانه كه‌شێكی وه‌هایان هێناوه‌ته گۆڕێ , كه شیاو-بوونی چه‌مكه‌كانی ئارامی و ئاشتی تاڕاده‌یه‌كی گه‌وره له “نه‌شیان-بۆ-بوون”ه‌وه نزیكبونه‌ته‌وه . ته‌وژمی ئه‌م جه‌نگه مرۆكرده له هه‌ناوی ده‌سه‌ڵاتپه‌رستان و په‌ره‌پێده‌ر و ڕهوایپێدهرانی جه‌نگه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ , وه گه‌مژه‌یی هه‌میشه‌یی مرۆڤیش تاقانه فاكتۆری خامۆشنهبوونهوهی ئاگری
ئه‌م جه‌نگه‌یه , كه له جه‌سته‌ی خۆی به‌ربووه .
*
هیچ په‌یماننامه‌یه‌كی ئاشتی ناكرێت وه‌ك په‌یماننامه ناوزه‌دبكرێت , ئه‌گه‌ر له‌كاتی پێكهێنانی دا نهێنیه‌ك بمێنێته‌وه , كه ببێته بنه‌ما بۆ جه‌نگی ئاینده , گه‌ر پێچه‌وانه كه‌وته‌وه , ئه‌وا ئه‌و ئاشتیه هیچ نیه زیاتر له ڕاوه‌ستانێكی كاتی كردهجهنگیهكان , نه‌ك ئاشتی , كه بێگومان واتای كۆتایی هه‌موو دوژمنكارییه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ 1, ڕه‌نگه ڕێككه‌وتنێكی ئه‌وها به‌تاڵ له نهێنییه‌كانی جه‌نگی داهاتوو ته‌نها و ته‌نها له ئه‌ندێشه‌ی فه‌یله‌سوفان و مرۆڤه مه‌زنه‌كاندا هه‌بێ , وه ڕه‌نگه وه‌ك كانت هێمای پێكردووه بۆچونگهل و روئیاگهلێكی وه‌ها , كه دونیا تێیدا دونیایه‌كی ئاشتیئامێزه ڕوو له مرۆگه‌ل و ئاگامهندانێك بن , كه خه‌ون به ئاشتییه‌كی ههمیشهگییهوه ده‌بینن , چونكه وا به هه‌زاران ساڵ گوزه‌را , بێئه‌وه‌ی ڕابه‌ران و سیاسه‌تبازانی جیهان به‌ڕاستی بكارن له ئاشتی تێبگه‌ن , یاوه‌كو بیانهه‌وێ تێبگه‌ن و ته‌قه‌لای به‌رقه‌راربوونی بكه‌ن . ئه‌وه‌ی هه‌بووه و هه‌یه ته‌نها جه‌نگ و تارماییهكانیهتی , ته‌نانه‌ت له كاتگهلێكیشدا , كه ماشینی جه‌نگ له‌كار ڕاده‌وه‌ستێ , هه‌ر ئاشتی له واتا ڕاستینهكهی خۆیدا , نه‌ك هه‌ر كۆششی لهههمبهرنهكراوه , به‌ڵكو له‌ناو ئه‌و پرۆسێسه‌دا هێنده‌ی دیسانئامادهكارییهكانی جه‌نگ سیما و نه‌خشی ڕاسته‌قینه‌ن , هێنده سه‌ره‌تایترین غه‌مه‌كانی ئاشتی لهبهردیدهناگیرێن , ئه‌م نوقته‌یه , واته خۆئامادهكردنهوه بۆ جه‌نگ نوقته‌ی بنه‌ڕه‌تی یه و , هه‌م بنچینه‌ی ئه‌و ئاشتیه” ته‌نك ” كه‌یه , كه ته‌نها توانای داپۆشینێكی كاتییانه‌ی ڕاستینه‌ی جه‌نگێكی به‌رده‌وامی هه‌یه . ئاشتی له‌ته‌ك خۆیدا هۆكاره‌كانی جه‌نگ و دوژمنكاری لهنێودهبا , ئه‌و ته‌نها له‌سای ڕێككه‌وتنێكدا وه‌دیدێت , كه كۆتایی به ئه‌گه‌ره‌كانی جه‌نگی ئاینده بهێنێ , ئه‌گه‌ر نا هیچ نیه جگه له خۆفریواندنێكی دیكه‌ی مرۆڤ , نابێته دیارده‌یه‌كی جودا به‌ده‌ر له گهوجیتیهكی دیكه , وه ئه‌شێ شتێك نه‌بێ به‌ده‌ر له ویستێك بۆ نوێكردنه‌وه و وزه‌ی نوێ به‌خشینه‌وه به جه‌نگ , به گوته‌ی كانت ئه‌م ئاشتیه چیدیكه نیه له ئاگربه‌ستێ زیاتر.
*
هیچ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوهنخۆ”بچوك یاخود گه‌وره‌بێ , جیاوازی نیه” هه‌رگیز نابێ ببێته ده‌ستكه‌وتی ده‌وڵه‌تێكی دیكه , نه له ڕێگای میراتگرییه‌وه , نه له ڕێگه‌ی ئاڵوگۆڕه‌وه , وه‌نه به شێوه‌ی كڕین و به‌خشینه‌وه , ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌یه , كه ده‌وڵه‌ت , ده‌توانین بڵێین , به جیاواز له زه‌وی , كه خودی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ره , سامان یان موڵك نییه . ده‌وڵه‌ت بریتیه له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك , كه فه‌رمانڕه‌وایكردن و ڕابهرایهتیكردنیان ته‌نها پێویسته خودی خۆیان بن , نه‌ك هیچ ئه‌ویترێك 1. پرسی ئاشتی له زه‌مینه‌یه‌كدا ئه‌شێ وه‌دیبێت , كه ڕێككه‌وتنێكی ڕاستینه و ڕوون بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی پرۆسه‌ی ئاشته‌وایی بهێنرێته گۆڕێ . هیچ په‌یمانێكی دۆستایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه ناتوانێ بوونی هه‌بێ , ئه‌گه‌ر ئه‌و هێز و ده‌وڵه‌تانه‌ی , كه له نێو خۆیاندا پێكدێن , یاوه‌كو گه‌ره‌كیانه پێكهاتنێكی ئاشتیانه‌ی مكوم بینابكه‌ن , به‌پێویست هاوسه‌نگی له نێوانیاندا پارێزگاریلێنهكرێت , واته گه‌وره‌یی و گچكهییان نه‌بێته بنه‌ما یان كاریگه‌ر له ناو پرۆسێسه‌كه‌دا , به پێچه‌وانه‌وه هه‌ر هه‌وڵێكی ئاشتیانه نابێته بنچینه و پایه‌ی ڕه‌سه‌نی ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌گی , ته‌نانه‌ت له باری ههرهلاوازیدا , هیچ هێمایه‌ك بۆ ئاشتیه‌كی درێژخایه‌ن پیشاننادات , چونكه په‌یوه‌ندییه‌ك , كه له‌سه‌ر بنچینه و له‌سایه‌ی كاریگه‌ربوونی به‌هێزی و لاوازی‌دا وهبهرههمبێ , ته‌نانه‌ت ناشێ وه‌ك “په‌یوه‌ندی” ناوزهدبكرێ . بهوپێیهبێ په‌یوه‌ندی و هه‌ر پرۆسێسێكی ئاشتیانه , به‌ته‌واوی پرۆسێسێكی ئیرادهگهریانهیه . ده‌وڵه‌تێك , یاخود هێزێك له دۆخی دۆڕاویدا ناتوانێ بانگه‌شه‌كاری ئاشتی ڕاستینه بێت , به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر هێزی به‌رانبه‌ر وه‌ك هێزی سه‌ركه‌وتوو و باڵاده‌ست مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا بكات , له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه , كه پێشنیار و ته‌قه‌لای ئاشتهوایكردن پێویسته له پێناو خودی ئاشتیدا بێ , نه‌ك ئامانجگه‌لی دیكه , له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كات شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی دژ به‌م فۆرمه‌ی ئاشتی ده‌بێته وێستگه‌یه‌ك , كه تێیدا سه‌رنشینه‌كانی ماشێنی جه‌نگ پشوویه‌كی تێدا وه‌رده‌گرن تاكو به‌گوڕتر و پشودرێژانهتر ئه‌م ماشێنی جه‌نگه بخهنهوهڕێ .
مه‌به‌ست له ده‌وڵه‌ت و هێزی ئیراده‌گه‌ر , یان خودان ئیراده ئه‌وه‌یه , كه به شێوه‌یه‌كی ئازادانه هه‌نگاوی هه‌ر پرۆسێسێك بهاوێژرێت . ئازادانه هه‌ڵبژاردنی ئاشتی پێشمه‌رجی مانه‌وه‌ی ئاشتییه , وه‌هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ته‌نها مه‌رجێكه بۆ بوونی هه‌ر شێوازێكی په‌یوه‌ندی , جا له په‌یوه‌ندیه‌كی هاوڕێیه‌تیه‌وه تاوه‌كو ده‌گاته ئاستی په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تان و گرێدانی په‌یماننامه‌كان له نێوانیاندا . بێگومان ته‌نها له وه‌ها ساتێك‌دا ده‌توانین بڵێین په‌یوه‌ندی بوونی هه‌یه , كه هه‌م ده‌وڵه‌ت ده‌وڵه‌تێكی ئازادبێ له‌ناو خۆیدا , واته به‌مانا كانتیهكهی بریتی بێ له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك , وه هه‌م ئازادبێ له سه‌رزه‌مینی نێوده‌وڵه‌تیدا , تاكو په‌یوه‌ندی ته‌نها په‌یوه‌ندییه‌كی ساختهنهبێ له نێوان ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كاندا , وه‌ك له نێوان ده‌وڵه‌ته تۆتالیتاری و دیكتاتۆرییه‌كاندا وه‌هایه , به‌ڵكو په‌یوه‌ندی بێ له‌نێوان كۆمه‌ڵگاكاندا , وه به‌م شێوه ده‌شێ گرهنتیهكانی پارێزگاریكردن له پرۆسێسی ئاشتی مسۆگهرتربكرێن . شوناسی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ په‌یوه‌سته به گوزارشتكردنی ئه‌وه‌وه له خۆیه‌تی خۆی , وه نه‌بوونه ئه‌ویدیكه . ده‌وڵه‌ت ناتوانرێت وه‌ك سامان مامه‌ڵه‌ی پێوهبكرێ چونكه ئه‌و- واته كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك , مه‌رجی ڕه‌سه‌نبوون و ئازادبونی ده‌وڵه‌تێك له سهربهخهڵكبوونی ئه‌ودایه , هه‌ر بۆیه ته‌نها ڕه‌وایه‌تیه‌ك بۆ فه‌رمانڕه‌وایكردن له هه‌ناوی خه‌ڵكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ و , وه به پێویست ده‌بێ وابێ .
*
له‌ژێر ڕۆشنایی بیری كانت دا , ده‌وڵه‌ت هه‌رچه‌نده هه‌ندێ جار بۆ وه‌ڕێخستنی پرۆسه‌ی ئاشتی و پێكهاتن له‌ته‌ك ئه‌وانیتردا هه‌نگاوبنێ , ئه‌و هه‌نگاوانه ناتوانن ئه‌و ڕاستیه حه‌شاربده‌ن , كه تێیدا مه‌به‌ستی وه‌ها هه‌نگاوگه‌لێك ده‌رده‌كه‌وێ , ئه‌و مهبهستهپهنهانیانه خۆی له دۆزینه‌وه و به‌كاربردنی ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌بینێته‌وه , كه به‌هۆیه‌وه بتوانرێ به‌بێ به‌خه‌رجدانی هێزێكی زۆر و له‌سای دۆخیكی ناشه‌ڕدا ئامانجگه‌لێك وهدهستبهێنرێ , كه ده‌كه‌ونه به‌ره‌ی دژبه‌ری ئاشتی ڕاسته‌قینه‌وه . كاتێك ئاشتی له كرۆكی خۆی به‌تاڵده‌بێته‌وه , كه نه‌گه‌شتبێته یاخود نه‌ڕواته ئه‌و ئاسته‌ی تێیدا پاڵنه‌رو هه‌وڵی فراوانكردنی هه‌ژمون بهكۆتابگات , ئه‌مه به‌تایبه‌ت له دیدی هێزه‌كاندا بۆ سه‌رڕێخستنی ئاشتی ڕاسته‌قینه . پهیماننامهگهلێكی زۆر و زه‌وه‌ندمان له توێی په‌ڕه‌كانی مێژوودا به‌جێهێشتووه , ته‌نانه‌ت لهبیریشمانكردوون , وه تاوه‌كو ئه‌م ده‌مه ژیرپێخراواون و به‌رده‌وامیش ژێرپێدهخرێن . ئایا ده‌زانین ئه‌وانه له‌پێناو چیدا پێكهێنران , بێگومان ده‌شێ بێژین هه‌ر له‌پێناو ئه‌وه‌شدا پێشێلكران , چونكه له ڕاستیه‌كه‌یدا بۆ ئامانجی مه‌زنی ئاشتی پێكنههێنران . ئه‌و په‌یماننامانه له بوونیادیاندا هێنده‌ی په‌یامی هێزه‌كان هه‌بووه بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی له جه‌نگی چاوه‌ڕوانكراو , هێنده هه‌ڵگری بانگێكی ڕاسته‌قینه نه‌بووه بۆ ئاشتی .
*
هه‌میشه جه‌نگی نێوان ده‌وڵه‌تان و گه‌لان سه‌ره‌تا و زه‌مینه‌یه‌كی لهبهرتری هه‌س , وه ئاماژه و هێماگه‌لێكی دیاریكراوی خۆی هه‌یه . ڕه‌نگه سوپا و له‌شكری هه‌میشه‌یی ئه‌و هێمادیارانهی جه‌نگبن , كه ناكرێ نادیده‌یان بگرین , له‌به‌رئه‌وه‌ی له ڕاستیدا هه‌م وه‌ك هۆكار و , هه‌م وه‌ك بوونیاد و پاڵنه‌ری به‌رده‌وامیه‌تی جه‌نگ خۆی به‌رجه‌سته‌كردووه . بۆیه كانت ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته ئه‌وها ده‌نوسێ : ” سوپا هه‌میشه‌ییه‌كان به‌پێویست ده‌بێ له‌ته‌ك كاتدا بزرببن و نه‌مێنن به‌ته‌واوه‌تی , ئه‌گه‌رنا هه‌میشه ئاماده‌ی جه‌نگ ده‌بن , وه به‌رده‌وام به‌م سوپایانه هه‌ڕه‌شه له ده‌وڵه‌تانی دیكه ده‌كرێ” , به‌م شكڵه ئه‌وه‌مان له‌لا ڕوونه , كه سوپای هه‌میشه‌یی فاكتۆر و وه‌ڕێخه‌ری جه‌نگی هه‌میشه‌ییه . گه‌وره‌كردنی سوپا و به‌رده‌وام داهێنانی چه‌كوچۆڵی نوێ و پێشكه‌وتوو له كارایی كوشتن و وێرانكردنی زیاتردا له‌خۆگری ئه‌و ڕاستیه ئازاراوییهیه , كه ده‌سه‌ڵاتداران به‌ناوی ئاشتییه‌وه , هیچیان نه‌كردووه جگه له ڕاگه‌یاندنی جه‌نگێكی تر و جه‌نگێكی تری وێرانكارانهتر و وێرانكارانهتر . ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌گرتووه له‌و تۆقاندنه به‌رده‌وامانه‌ی , كه سوپاكان له میانی نمایشكردنی خۆیاندا بڵاویده‌كه‌نه‌وه له‌بان مرۆڤایه‌تیدا . هه‌رده‌م و هه‌موو نمایشێك , ته‌نانه‌ت له هێمنترین كاتیش‌دا , كه سوپاكان ئه‌نجامی بده‌ن , بریتیه له نامه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بۆ مرۆڤه‌كان , جا چ هاووڵاتی بن , یان ئه‌وه‌تا له نێو ده‌وڵه‌تانی دیكهدابن , ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی , كه ئه‌م هێمنییه , ئه‌م دۆخه‌ی كه تێیدا جه‌نگێكی گه‌رم بوونی نییه , هیچ نیه به‌ده‌ر له درۆیه‌ك , ته‌نها ئاشتیه‌كی ساخته‌كراوه و به‌س . هێمایه‌كی دیكه‌ی خوێندراوه له نامه نهنوسراوهكهی ده‌سه‌ڵاتداراندا , وه په‌یوه‌ست به كرۆكی ئامانجی نمایشكردنی سوپاوه ئه‌وه‌یه , كه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستان ده‌یانهه‌وێ بڵێن –ئێوه , ئه‌ی خه‌ڵكینه بوونتان و ژیانتان و ئازادیتان وابه‌سته‌ی بوونی ئێمه‌یه”واته ئه‌وان,ده‌سه‌ڵاتداران” , ئه‌وان به ئه‌فراندنی مه‌ترسی ژیان پڕده‌كه‌ن له نائارامی و , له بن ئه‌و نائارامییه‌دا ته‌مه‌نی خۆیان درێژده‌كه‌نه‌وه .
ڕه‌نگه هه‌نوكه جێگه‌ی خۆی بێ ئه‌و پرسیاره بهێنرێته‌گۆڕێ : ئایا چ ده‌توانرێ بكرێ ؟ ئایا به‌بێ بوونی سوپایه‌كی هه‌میشه‌یی چۆن سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌ت و سه‌روه‌ری گه‌لێك پارێزگاریلێدهكرێ؟ بێگومان , ئه‌گه‌ر له داكهوتهوه بنواڕینه ئه‌و پرسه و , گهرهكمانبێ وه‌ڵامێكی پێ بده‌ینه‌وه , له‌وكاتدا به‌ناچاری دان به پێویستی بوونی سوپادا ده‌نێین , چونكه له‌م داكه‌وته ترسناكه‌دا به‌ڕاده‌یه‌ك مرۆڤ و جه‌نگ , یان ده‌سه‌ڵاتداران و جه‌نگ ئاوێزانی یه‌كتری بوون , هه‌ر ده‌ڵێی دوانه‌ن و له سروشته‌وه وه‌هابوون , ئه‌و نزیكی و یهكێتتیهی نێوانیان ڕه‌نگی ڕاستینه‌ی گرتووه . واته سوپا وه‌ك پارێزه‌ر و مه‌رجی مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و گه‌ل و نیشتمان بووه‌ته حه‌قیقه‌ت , بووته ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌قڵانی پێدراوه‌كانی داكه‌وت , ئه‌مه به‌ڕاده‌یه‌كه , كه یاخیبوونمان و دژبه‌ریمان بۆ وه‌ها ڕاستینهیهك ڕه‌نگه ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خه‌نه‌ی گه‌مژه‌یی و نه‌زانیمان بكاته‌وه . ئه‌وه‌ی گرنگه هێماكردنه به جیاوازیه‌كان له نێوان داكه‌وت و حه‌قیقه‌تدا “ڕاستینه”دا , چونكه مه‌رج نیه ئه‌وه‌ی داكهوتبوو “واقعی” , ڕاستینه‌ش بێ , ناكۆك له‌ته‌ك گوته به‌ناووده‌نگه‌كه‌ی هیگڵ دا ” هه‌موو داكهوتێ ئه‌قڵانییه , وه هه‌موو ئهقڵانیهك داكه‌وته ” , به‌و پێیه‌ی حه‌قیقه‌ت به‌رئه‌نجامی پرۆسێسێكی ئه‌قڵیه بۆ هیگڵ , بۆیه ڕه‌نگه هه‌ڵه نه‌بێ بگوترێ , كه ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌قڵانی بۆ خۆی ڕاستینه‌یه “حه‌قیقه‌ت”ه . لێره‌دا و به‌وپێوه‌ره , ده‌شێ واتێبگه‌ین , كه سوپا و جه‌نگ پێویستن , له‌به‌رئه‌وه‌ی واقیعین”داكه‌وتن” , كه‌واته پێویستی بوونیان ئه‌قڵانیه . ئێمه بڕوامان وایه , كه ڕزگاركردنی ئه‌قڵانیبوون له داكهوتبوون ده‌شێ وه‌ك تێكۆشینێكی هزری مرۆڤگهراییانه مامه‌ڵه‌بكه‌ین , به‌پشتبه‌ستن به‌و ڕاستینه‌یه‌ی , كه مرۆڤ تاقانهیهكه بیرده‌كاته‌وه یان ده‌توانێ بیربكاته‌وه , كه‌واته ده‌ربازكردنی خودی بیركردنه‌وه له هه‌ر ڕه‌هه‌ندێكی نامرۆییانه , هاوكات ده‌بێته به‌رخودانێكی ته‌واو مرۆییانه . ئه‌قڵ , وه بیركردنه‌وه‌ش وه‌ك تاكه پیشه‌ی ئه‌قڵ , كه بریتین له به‌شێكی گه‌وره‌ی شوناسی مرۆڤ , سهربهستبهردانیان له داكهوتگهرایی به‌هه‌مان شێوه خه‌باتێكی مرۆییانه‌یه . ڕه‌نگه به پرسیاریكی دیكه بشێ ده‌رباره‌ی ئه‌قڵانیبوونی پێویستی ئاماده‌گی سوپا و جه‌نگ بپرسین : ئایا له دۆخێك‌دا نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان ده‌وڵه‌تێك هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره , وه پهلاماردهدرێ , له‌وكاتدا چۆن ده‌كارێ به‌رگری له بوونی خۆی بكا , خۆ به‌رگری به‌رابه‌ر سوپایه‌كی هێرشكه‌ر به سوپا ده‌كرێ یان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی جه‌نگ و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه ؟ پرسیارێكی ئه‌قڵانیه , به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تێكی كۆنینه‌ی نائه‌قڵانی بیناكراوه , ئه‌وه واتای وانییه , كه ده‌شێ ئه‌قڵانیه‌ت له سه‌ر بنه‌مای نائه‌قڵانیه‌ت وهدیبهێنرێ , نه‌خێر هه‌رگیز , به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یه , هه‌ر له سه‌ره‌تا و له سه‌رچاوه‌وه هه‌ڵه مه‌زنه‌كه ڕویداوه , ئه‌م هه‌ڵه- نائهقڵانیهته به‌پێی به‌رده‌وامبوون و دووپاتبوونه‌وه‌ی له مێژوودا , به‌جۆرێ له جۆره‌كان وابهدهردهكهوێ , كه به‌رگی هه‌ڵه‌بوون و نائه‌قڵانیه‌تی فڕێدابێ و , به‌رگی داكه‌وت و ئه‌قڵانیه‌تی پۆشیبێ . ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌وه بێ , كه وه‌ك سروشتی مرۆڤ لێكده‌درێته‌وه , كه تێیدا داكه‌وتی هه‌نوكه‌یی سروشتی مرۆڤ وه‌ك “هه‌رهه‌بوو” و “ههمیشهبوو” یه‌ك قبوڵدهكرێ . هه‌مو ده‌زانین , كه سروشتی مرۆڤ داهێنراوه , واته نه “هه‌رهه‌بوو” ه , نه “ههمیشهبوو”ه , ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی , كه دیارده سروشتیه‌كان و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆخۆیان ڕۆڵ وازیدهكهن له نه‌خشكردنی سروشتی , یان ڕاستربێژین شوناسی مرۆڤدا , به‌ڵام ڕۆڵی ئه‌م دیاردانه‌ش نه‌گۆڕنیه و , ڕه‌نگه به‌گوێره‌ی گه‌شه‌ی بوون و بیر و شارستانیه‌تی مرۆڤ گۆڕانی بهسهردابهێنرێ .
ڕه‌نگه هه‌ڵه‌نه‌بین له‌وه‌دا , كه ئه‌قڵانیبوونی داكه‌وت نائهقڵانیهته , ئه‌وپه‌ڕی نائهقڵانیهتیش نواڕینه دونیایه له گۆشه‌نیگای داكهوتهوه , نه‌ك له گۆشه‌نیگای مرۆڤبوونه‌وه .
*
بڵندبوونی ده‌وڵه‌ته‌كان به‌سه‌ر یه‌كتریدا هانده‌ر و پاڵنه‌ریانه بۆ گه‌وره‌بوون و زیاتر پڕچه‌ككردن له بواری هێزی سوپاییدا, ئه‌م هه‌وڵی گه‌وره‌بوونه هیچ سنورێك نازانێ , وه تا چ ئاستێكیش په‌یوه‌ندی به ئاشتییه‌وه هه‌یه , بوجه‌ی ئه‌م پرۆسێسی گه‌وره‌كردنی هێزی سوپایه له كۆتاییدا ده‌بێته سه‌ختی و ناههموارییهكی زیاتر به به‌راورد به جه‌نگه كورتخایه‌نه‌كان . له‌وكاتدا خودی سوپا هه‌میشه‌ییه‌كان ده‌بنه هۆكاری شاڵاوی جه‌نگی به‌مه‌به‌ستی قوتاربوون له‌و بارودۆخه1. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای داكه‌وتی ئه‌وڕۆیی جیهان بكه‌ین , به ئاسانی پێشچاومان ده‌كه‌وێ , چۆن سوپای ده‌وڵه‌ته جیاوازه‌كان به‌رابه‌ر یه‌كدی خۆنمایش ده‌كه‌ن , وه هه‌ر چركه‌یه‌ك ده‌بنه مۆتیڤی وروژاندنی ئه‌وانی دیكه بۆ هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی هێز . ئه‌م به‌ربه‌ره‌كانێ و پێشبڕكێیه , كانتییانه بێژین , هیچ سنورێك ناناسێت , ئاستێك و وێستگه‌یه‌ك شكنابات تاكو تێیدا پشوبدات , به شێوه‌یه‌كی ترسناك وه‌ستانی گه‌شه و دانه‌هێنانی شێوازی نوێ و چه‌كی نوێ ی جه‌نگی له هه‌ر ساتێك‌دا وه‌ك هه‌ڵه و مه‌ترسی ستراتیژی دێته‌ئه‌ژماردن . غه‌ریزه‌ی فراوانكردنی ته‌وانای جه‌نگین بووه‌ته پاڵنه‌ری ناكۆتای ئه‌م ده‌وڵه‌تانه به‌بێ به‌گرنگ ته‌ماشاكردن و له‌به‌رچاوگرتنی پرسی هه‌ره‌باڵای ئاشتی هه‌میشه‌یی , ئاشتی نه‌بووه‌ته ئامانج , به‌ڵكو زیاتر ئامڕازێكه بۆ ئامانجگهلێ , كه ئه‌شێ به‌م شێوه و به تێچونێكی كه‌متر وهچنگبخرێن . هێشتا له‌ناو دونیابینی ده‌سه‌ڵاتدارانی دونیادا ئاشتی وه‌ك ئامانج و تێكۆشینێكی هه‌مه‌لایه‌ن ده‌رنه‌كه‌تووه , بۆیه ساتێك نیه له ژیانی مرۆڤایه‌تی , كه سه‌روه‌ری و ئاشتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی مرۆڤه‌كانی تێدا بنپێنهكرێ .
ئه‌و زیان و كاره‌ساتانه‌ی له به‌ره‌نجامی ئه‌و كێبه‌ركێی هێزگهورهكردنهوه سات به سات ده‌كه‌وێته‌وه , خه‌ریكه زیاتر و قوڵتر ده‌بێ به به‌راورد به جه‌نگه كورتماوهكان , بۆ ئه‌مه پێویسته سه‌رنجی ئه‌و بووجه زه‌به‌لاحانه بده‌ین , كه له وڵاتانی جیهانی ئه‌مڕۆدا بۆ ئه‌و بواره خهساردهكرێ , ئه‌وها تێده‌گه‌ین , كه له‌وانه‌یه له‌و ڕێگه‌یه‌وه بتوانرێ كێشه‌ی برسیه‌تی و ژیانی دانیشتوانی ئه‌و وڵاتانه و سه‌رجه‌م جیهانی پێ چاره‌سه‌ربكرێ . ئایا ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كان , ده‌وڵه‌ته‌كان ئه‌و قهبارهگهورهیهی داهاتیان بۆ وێرانكردنی جیهان تهرخاننهكهن چی ڕووده‌دا ؟ ئه‌گه‌ر جه‌نگ كۆتایی بێت چ ڕووده‌دا ؟ ئه‌گه‌ر هه‌موومان چه‌كه‌كانمان فڕێ‌دا ئه‌شێ چی ڕوبدات ؟ ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی له‌بری جه‌نگ ئاشتیمان هه‌ڵبژارد چی ڕووده‌دا ؟ ڕه‌نگه سیمای ئه‌م پرسیارانه گه‌مژانه و شێتانه بنوێنن , نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی پرسی گرنگ و قوڵ و ڕاسته‌قینه‌نین , به‌ڵكو ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی دژن له‌ته‌ك ئه‌و دۆخه‌ی , كه داكه‌وت بهسهرمانداسهپاندویهتی , هه‌ڵبه‌ت داكهوتێك , كه گه‌مژه‌یی له‌بننه‌هاتووی مرۆڤ تاكه وهدیهێنهریهتی .
*
زۆرێك له‌و جه‌نگانه‌ی ڕووده‌ده‌ن , ئه‌گه‌ر وردببینه‌وه جهنگگهلێكن , كه تێیاندا مرۆڤه‌كان به‌كرێگیراون بۆ ئه‌وه‌ی بكوژن و بكوژرێن , ئه‌مه واتای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ , كه ئه‌و مرۆڤانه له لایه‌ن ئه‌ویدیكه‌وه به‌كارده‌هێنرێن وه‌ك چۆن هه‌ر ئامێر و چه‌كێكی ساكار كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گیرێ , وه‌ها مامه‌ڵه‌یه‌ك بێگومان به‌توندی دژی مافی مرۆڤایه‌تیی كه‌سیه‌تی ئێمه‌ی مرۆڤه1 . ئه‌مه ڕاستینهیهكی مه‌زنه , ئه‌گه‌ر له گۆشه‌نیگای كه‌سیه‌تی مرۆڤه‌وه ته‌ماشابكه‌ین , ده‌بینین مرۆڤ خۆی بزردهكا , هێزی خۆی , كاری خۆی و ژیانی خۆی ده‌فرۆشێ , ئه‌و هیچی لێنامێنێته‌وه به‌ده‌ر له قاوغێكی مرۆڤی به‌ناوه‌رۆك به‌تاڵ , كه ئامێر ئاسا ده‌خرێته‌گه‌ر له پێناو ئه‌وی دیكه‌دا یان شتێك‌دا , كه ده‌شێ بوونه‌وه‌رێكی پیرۆزكراو , ڕابهرێكی گیانیی , یاخود ڕامیاری مهزنكراو , یان هه‌موو ئه‌مانه به گوزه‌ركردن به ئایدۆلۆژیایه‌كی دینی , یاوه‌كو ڕامیاری له ئازادی داماڵراودا به‌رجه‌سته‌ده‌بن , ئه‌م بهرجهستبوونهی ئایدۆلۆژیا دینی و ڕامیاریه‌كان وه‌ك ڕاستینه‌ی ڕه‌ها “حه‌قیقه‌ت” له‌ناو مرۆڤ و به‌سه‌ر مرۆڤدا , كت و مت واته به‌رجه‌سته‌بوونی كۆیلایه‌تی په‌تی له‌ته‌واوی ڕه‌هه‌نده هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆڤایه‌تیدا . بۆیه ئاشتی و ئازادی پێویسته پێكه‌وه هه‌بن , نه‌بوونی هه‌ریه‌كێكیان , ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ڕه‌هایی نهكارین , وه‌ك نه‌بوونی ئه‌وی دیكه‌یان له‌قه‌ڵه‌می بده‌ین , ئه‌وه بوونیان بێ یه‌كتری بێگومان بوونێكی له‌رزۆكه و, ئاماده‌ی له‌ناوچوونه .
هه‌رچه‌نده مرۆڤ , یان نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تێ به‌ته‌واوی به‌رپرسیارن له چاره‌نوسی خۆیان و, له بوونیان وه‌ك بوونێكی ئازاد , یاخود وه‌ك كۆیله و سهربهوانیدیكه , به‌ڵام هه‌مان بهرپرسیاریهتیشیان له‌ئه‌ستۆدایه له ئاست ئه‌وانی دیكه‌دا , مرۆڤه‌كانی دی , نه‌ته‌وه یان ده‌وڵه‌تانی دیكه . بۆیه دۆخی ئاشتی كاتێ به‌هۆی داگیركردنی نه‌ته‌وه و وڵاتێكه‌وه , یان دیسپلینكردنی ئایدۆلۆژیانه‌ی تاكه‌كه‌سه‌وه له‌ناوده‌برێ , له‌هه‌مان ساتدا به‌رپرسیاریه‌تی هێزی داگیركه‌ر یان باوه‌ڕی پیرۆزكراو له ئاست ئازادی مرۆڤدا بنپێدهخرێ , بنپێخهری ئاشتی و ئازادی هه‌مه‌ڕه‌هه‌ندی مرۆڤ هه‌مان داگیركه‌ر و هه‌مان باوه‌ڕه بهحهقیقهتكراوهكانن . ئه‌وه سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و دۆخه له‌ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌شدایه كه ملكه‌چی و به‌ندایه‌تی ڕه‌های خۆیان بۆ ئه‌وی دیكه‌ی نامۆ قبوڵده‌كه‌ن , هه‌ر ئه‌م ڕه‌زامه‌ندبوون و بێده‌نگیه هێمای ڕادیكاڵیانهی هه‌بوونی مرۆڤی نائازاد و ناڕه‌سه‌نه .
*
هه‌رگیز نابێ ئه‌ركه ده‌وڵه‌تیه‌كان به‌كاربهێنرێن بۆ كاره ڕامیارییه ده‌ره‌كیه‌كان1, هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ست له‌و ئه‌ركانه , ئه‌و ئه‌ركه ناوهخۆییانهیه كه پێویسته ده‌وڵه‌ت له نێو چوارچێوه‌ی جیوگرافیای ڕامیاری خۆیدا به‌ئه‌نجامیان بگه‌یه‌نێ . ئه‌و ئه‌ركانه یه‌كێ له‌پایه هه‌ره گرنگ و پته‌وه‌كانی ڕاگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و به‌رده‌وامیدانه به دڵسۆزی و ئینتمای هاوڵاتیان بۆ نیشتمان , نه‌ته‌وه یان ده‌وڵه‌ت , وه تێكه‌ڵاوكردنی له‌ته‌ك كاروباره ده‌ره‌كیه‌كاندا نه‌شیاوه . ده‌توانین ئه‌م نهشیاوییه به دوو شێوه تێبگه‌ین :یه‌كه‌م ئه‌م ئه‌ركانه , ئه‌ركی هه‌ره سه‌ره‌كی و سه‌ره‌تایی ده‌وڵه‌تن , هه‌م مافی هه‌ره سه‌ره‌تایی و پێویستی هاوڵاتیانن , نابێ به‌هیچ بیانوویه‌كی ڕامیاری و كاروباری ده‌ره‌كییه‌وه گرفت و كۆسپیان بخرێته به‌رده‌م . دووه‌م ئه‌م ئه‌ركانه به‌كارهێنانیان له كاروباره ده‌ره‌كیه‌كاندا , كه ڕه‌نگه قه‌رزدان و هه‌م وه‌رگرتن , وه‌یان په‌یوه‌نیه ئابووری و بازرگانییه‌كان بگرێته‌وه له نێوان ده‌وڵه‌ته‌كاندا , نابێ كه‌ڵكی خراپ و دژهمۆڕالییان لێوه‌ربگیرێ بۆ ده‌ستێوه‌ردان له دۆخی ناوخۆی ده‌وڵه‌تانی دیكه , به مه‌به‌ستی شێواندن , وه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و سه‌پاندنی سزا و هه‌ر ئامانجێكی تر , كه به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ته‌سك و دیاریكراودا بێ , نه‌ك به مه‌به‌ستی خزمه‌تكردن به پرۆسێسی ئازادی و شكۆداركردنی مرۆڤ و , ئه‌فراندن و سه‌قامگیركردنی ژیانێكی دادپه‌روه‌رانه !
*
گه‌ڕانی ده‌وڵه‌ت بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك له‌ناوخۆدا , یان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا , نابێته هۆی وروژاندنی گومانه‌كان , ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستی خاوه‌نه ڕاسته‌قینه‌كانی وڵات‌دا بێ , وه‌كو چاككردنی ڕێگه‌وبان و بونیادنانی شوێنی نیشته‌جێبوونی تازه و, ئاماده‌كاری بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ساڵه نه‌هات و بێ به‌رهه‌مه‌كان , وه ته‌واوی خزمه‌تگوزاریه‌كانی تر1. لێره‌دا ئه‌وه‌ی گرنگه تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته , چونكه به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تێكی مرۆڤپه‌روه‌ر له‌سه‌ر دوو بونیادی سه‌ره‌كی خۆیگرتووه , یه‌كه‌م فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسی مرۆڤدۆستانه , وه له‌هه‌مانكاتدا پراكتیكی ئه‌و فه‌لسه‌فه سیاسییه كه بریتیه له بونیادی دووه‌م . كه‌واته بۆ ئه‌وه‌ی گومان له دڵسۆزی و سه‌رڕاستی به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ت نه‌كرێ , ئه‌وان به‌پێویست ده‌بێ پابه‌ندی سه‌لماندنی ئه‌وه‌بن , كه سهربهگهلن , وه خزمه‌تكاری ژیانێكی دادپه‌روه‌رانه و ئاشتیانه‌ن , نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه , چونكه ئه‌مه ڕادیكاڵیانهترین مه‌رجی ڕه‌وابوون یان ڕهوانهبوون ی لهبانتهختبوونی ئه‌وانه .
*
توانایی و به‌رده‌وامی جه‌نگ په‌یوه‌سته به مه‌یل و ویستی جه‌نگه‌وه . ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی خودان مه‌یلی جه‌نگه گه‌وره‌ترین كۆسپی سه‌ر ڕێگه‌ی چوون به‌ره‌و ئاشتی هه‌میشه‌ییه1. بێگومان ئه‌وه دروسته , به‌رده‌وام ڕه‌فتاری شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كان له مه‌یلی ئه‌واندا بۆ جه‌نگ خۆی به‌یانده‌كات , كه ده‌شێ له هه‌ناوی ئه‌و مه‌یله‌دا هێز و پاڵنه‌ره ئایدۆلۆژی و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابورییه‌كان فه‌رمانڕه‌وابن , وه بیانه‌وێ كۆنتڕۆڵی وڵات و ماڵی ژین و بوونی ئه‌وانی دیكه بكه‌ن , ئه‌مه‌ش دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئاشتی هه‌میشه‌ییه .
*
هیچ یه‌كێ له ده‌وڵه‌ته‌كان نابێ به ڕێگه‌ی توندوتیژی ده‌ستبخاته پێكهاته‌ی ڕامیاری و فه‌رمانڕه‌وایی ده‌وڵه‌تانی دیكه1. لێره‌دا به‌ڕوونی ئه‌وه له بیری كانتدا ده‌رده‌كه‌وێ , وه پێش هه‌ممو ئه‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تیانه كه‌وتووه , به‌تایبه‌ت كه له پاش دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هاتوونه ئاراوه , كه ده‌ستێوه‌ردان به توندوتیژی و زۆره‌ملێ له كاروباری ده‌وڵه‌تانی دیكه ڕێگه‌پێنه‌دراوه , فه‌یله‌سوف لێره‌دا ده‌رفه‌تی ده‌ستێوه‌ردانیش ده‌هێڵێته‌وه ته‌نها به‌شێوازێك به‌ده‌ر له توندوتیژی . به‌ڵام هێشتا ئه‌م دیده بۆ ئاشتی گرفتی خۆی هه‌یه , به تایبه‌ت كاتێ ده‌بینین هه‌ندێ له ده‌وڵه‌تان له ناكۆكی قوڵدان له‌ته‌ك هاووڵاتیهكانیاندا , دژبه‌ری ئازادی و دادپه‌روه‌رین و , نایانه‌وێ ئه‌و خواستانه جێبه‌جێ بكه‌ن , كه خه‌ڵك خوازیارینی , وه ئێجگار سته‌مكارانه ده‌كه‌ونه سوكایه‌تیكردن و له‌ناوبردنی مرۆڤه یاخییه ئازادیخوازه‌كان , ده‌بێ بپرسین , ئایا له‌وه‌ها ساتێك‌دا كه ڕێگه‌ی ئاشتیانه تاڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌گاته بنبه‌ست , نه‌ك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌می سته‌مكار هه‌ممو هه‌وڵێكی ئاشتیانه ده‌كوژێ , به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌شه كه سنوره‌كانی سوكایه‌تیكردن و كوشتن و له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تی ده‌گه‌نه دوا ڕادهكانی خۆیان , ئه‌مه ئیدی قاتوقڕكردنی مرۆڤه به‌شێوه‌یه‌كی فیزیكی , ئه‌وها چ ڕێگایه‌كی ئاشتیانه ده‌كارێ به‌ربه‌م خوێنخوارییه بگرێ ؟ !
لێره‌دا گونجاوه نمونه‌یه‌ك له‌به‌رچاوبگرین , كاتێ ده‌وڵه‌تێك له به‌رئه‌نجامی ئاژاوه و ئاڵۆزی ناوخۆیی دابه‌ش ده‌بێ به‌سه‌ر دوو به‌شدا , وه هه‌ریه‌كه له‌وان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی جیاواز خۆی ده‌رده‌خا , گوزارشت له سه‌ربه‌خۆیی ده‌كا ؛ئه‌گه‌ر یه‌كێ له ئه‌وان پێویستی به یارمه‌تی هه‌بێ , ئه‌وه نابێ وه‌ك ده‌ستێوه‌ردان له پێكهاتی ڕامیاری ئه‌وانی دیكه تهماشابكرێ , به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته هۆی په‌یدابوونی فه‌وزا 1. كه‌واته ئه‌و جۆره به‌شداریكردن یان ده‌ستێوه‌ردانانه‌ی , كه بۆ ڕێگه‌گرتنه له پشێوی یان بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوونی ئه‌وانی دیكه‌یه به مه‌به‌ستی دهربازكردنیان له دۆخێكی ناله‌بار ڕه‌وایه‌تی هه‌یه به پێ ی ڕوئیای كانت . به‌ڵام مه‌ترسی گه‌وره‌تر ئه‌شێ لێره‌وه سه‌رهه‌ڵبدا , چونكه لێكدانه‌وه بۆ “ڕه‌وایه‌تی” ی یارمه‌تیدان , وه تێگه‌یشتن له‌وه‌ی , چ كاتێ ڕه‌وایه پشتیوانی ده‌وڵه‌تێ یاخود گه‌لێك بكه‌یت ده‌مانباته‌وه كن كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی فه‌لسه‌فی ئه‌ویش “كێشه‌ی ڕاستینه-حه‌قیقه‌ت”ه , واته ده‌شێ بپرسین كامانه‌ن ئه‌و پێوه‌رانه‌ی ,كه پێویسته بڕیاره‌كانمان به‌ناویاندا تێپه‌ڕببن ؟ ئه‌مه گرفتێكی ههمیشهبووه , وه خۆی له دیدی جیاواز ده‌رباره‌ی ڕاستینه دا ده‌بینێته‌وه “ڕاستینه‌ی ژیان , ڕاستینه‌ی ڕامیاری و ده‌وڵه‌ت و ئابووری , كێشه‌كانی دادپه‌روه‌ری و ئازادی …هتد ” , ئه‌گه‌ر ناچاربین گوزارشت له گه‌ڕانی خۆمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی پێوهرگهلێ بكه‌ین , كه بتوانن بهرچاوڕۆشنیهكمان پێبده‌ن , ئه‌وا ده‌شێ هێما به راِستینه یان پێوه‌رێ بكه‌ین باڵاتر “به‌دیدی من” له پێوه‌ره‌كانی دیكه , ئه‌وه‌ش مرۆڤبوون و ئازادیی مرۆڤه , كه هه‌مانكات بریتیه له كرۆكی مرۆڤبوون . بۆیه به‌له‌به‌رچاوگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی مرۆڤ له پرۆژه‌ی بوونی خۆی , كه له بوونیادنانی كرۆك یان چییه‌تی خۆیدایه , ئه‌وا هه‌ر تێكۆشینێكی مرۆڤ , ده‌وڵه‌ت یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك له پێناو سه‌رخستن و باڵاكردنی ئه‌و ڕه‌هه‌نده مرۆییانه‌دا ڕه‌وایه و نابێته ده‌ستێوه‌ردان , ئه‌مه ته‌نها كاتێ كه ئامانجی ئایدۆلۆژی و ئاینی و سیاسی ته‌سك له پشت تێكۆشانه‌وه بوونی نه‌بێ , ته‌نها له‌پێناو مرۆڤ‌بوون‌دا , ئاشتیانه تێكۆشین تاقانه زه‌مینه‌خۆشكه‌ری خودی ئاشتی خۆیه‌تی , ئه‌مه‌ش دیاریده‌یه‌كی مرۆڤبوونه . ئه‌و تاقانه ڕێگه‌یه‌ی مرۆڤبوون یان مرۆڤگه‌رایی پێشنیاری ده‌كا ئاشتیه و دیالۆگه , به‌ده‌رله‌وانه ناڕه‌وایه , هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه له ناچاری مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه بگرێ , كه یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش سه‌خته .
*
هیچ ده‌وڵه‌تێ له كاتی جه‌نگدا له‌ته‌ك ئه‌وانی تردا نابێ بگاته ئاستی ئه‌نجامدانی كرده‌ی دوژمنكارانه , كه ببێته هۆی بێمتمانه‌یی ته‌واو له‌به‌رامبه‌ر دۆخی ئاشتی ئاینده‌دا , وه‌ك بۆ نمونه كوشتنی دیله‌كان و نێردراوه‌كان , وه بابه‌ندنه‌بوون به مه‌رجی پاریزگاریكردن له ژیانی ڕادهستبووهكان , یان وروژاندنی خیانه‌تكاری له ناو ده‌وڵه‌تی دوژمن‌دا1, ئاشتی وه‌دینایه‌ت تاوه‌كو ڕێز له بنه‌ما ڕه‌وشتیه‌كان “مۆڕاڵ” نه‌گیرێ ته‌نانه‌ت له میانه‌ی جه‌نگدا , چونكه ئه‌وه‌ی واده‌كا سنوره‌كانی جه‌نگ بهرینتربێ , ئه‌وه‌ی واده‌كا جه‌نگ ببێته دواهه‌مین ڕێگاچاره و , به‌ربه‌ستی هه‌میشه‌یی له‌ڕێی وه‌دیهێنانی ئاشتیدا , به‌شێكی گه‌وره‌ی گرێدراوه به چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له ناو خودی جه‌نگدا , بۆ ئه‌وه‌ی ویستی ئاشتی بوونی بسه‌لمێنرێ و , وه‌ك ته‌نها چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی مرۆڤ ڕهزامهنبوونێكی ههممولایهنهی له‌سه‌ر پێكبێ , به‌پێویست كرده‌ی دوژمنكارانه ده‌بێ پهرهیپێنهدرێ . ئه‌وه‌ی ئه‌م فه‌یله‌سوفه ئاماژه‌ی پێكردووه وه‌ك كۆمه‌ڵێك بنه‌ما , كه ده‌وڵه‌ته‌كان ته‌نانه‌ت له‌كاتی ڕووبهڕوبوونهوهشیاندا دژ به‌یه‌كتری پێویسته پابه‌ندبن پێوه‌ی , ڕه‌نگه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا كه‌م تا زۆر ببینرێن , بنپێخرابن , یان پێڕهوكرابن . ئه‌مانه وه‌ك ئه‌زمونێ كانت كه‌ڵكی لێوه‌رگرتوون و , له هه‌ناوی ئه‌و تێگه‌یشتن و ئه‌ندێشه قوڵه‌ی خۆیه‌وه ده‌رباره‌ی ئاشتی هه‌میشه‌یی جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه‌كانی ئه‌و ئاشتیه ده‌كاته‌وه . سه‌رباری ئه‌وانه , ئیمانۆیل كانت شێلگیرانه هێمابهوهدهكا , كه به‌بێ ئاماده‌گی ئه‌و ڕه‌گه‌ز و بنه‌مایانه خودی جه‌نگ ده‌بێته جه‌نگێكی ناپاكانه :”ئه‌وه جه‌نگێكی ناپاكانهیهی فێڵبازانه‌یه , له‌به‌رئه‌وه‌ی له كاتی جه‌نگدا پێویسته جۆرێ له جۆره‌كانی متمانه بمێنێته‌وه له كن دوژمن‌دا , ئه‌گه‌رنا ئیدی به‌پێچه‌وانه‌وه پێكهێنانی ئاشتی شیانیبوونی نابێ , وه كرده‌ی دوژمنكارانه به‌ته‌واوی جه‌نگ ده‌كاته جه‌نگێكی كاولكارانهی ڕه‌ها ” , بێگومان نه‌مانی ڕه‌های متمانه ده‌مانخاته دۆخی نامومكینبوونی ڕه‌های ئاشتییه‌وه , بۆیه سه‌رباری هه‌ڵایسانی جه‌نگ , جا ئه‌گه‌ر له ویستی جه‌نگه‌وه یان بۆ هه‌ندێكی دیكه له ناچارییه‌وه سه‌رهه‌ڵبدات , به‌ڵام پاراستنی متمانه جا ئه‌گه‌ر لانی كه‌می متمانه‌ش بێ , ئه‌وه له پێویست پێویستتره , چونكه ته‌نها هه‌وێنی ئاشتی چاوه‌ڕوانكراو ئه‌و كه‌مه متمانه‌یه‌یه , له‌دژبه‌ری ئه‌مه‌دا جه‌نگ وه‌ك گه‌وجێتی ڕه‌های مرۆڤ ده‌بێته كۆتایی ڕه‌های خودی ئه‌و بوونه .
*
جه‌نگ هۆیه‌كی زۆره‌ملێیانه‌ی ئازاربه‌خشه له دۆخی سروشتی‌دا1, دۆخێكی ئه‌وها به‌تاڵه له حوكمی یاسایه‌كی باڵا , هه‌ڵبه‌ته “باڵا” نه‌ك به‌مانا میتافیزیكیهكهی یاخود ئاینیه‌كه‌ی , به‌ڵكو به‌ته‌واوی به‌واتا مرۆییه‌كه‌ی , سه‌رباری ئه‌وه‌ی ته‌واوی یاساكان , جا له ژێرناونیشانی زه‌مینی , ئاسمانی , باڵا , یان مرۆیی دا بن هیچ نین جگه له به‌رهه‌می مێژوو , وه‌ك چۆن مرۆڤ خۆی مێژوویه , هه‌ر ئه‌وهاش ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ستی ئه‌و بوونه بێ –مێژووییه , به‌ڵكو باڵا وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ یاساگهلێ , كه له هه‌ناوی گه‌شه‌كردن و پایهبهرزبوونی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرن , چونكه ئه‌وه‌ی له داكهوتدا زۆرجار به یاساوڕێسا باڵاكان ناو ده‌برێ , وه‌ك هێماكردنێ به ئاسمانیبوونیان یان میتافیزیكبوونیان , نه‌یتوانیوه , وه ناتوانێ ببێته یاسایه‌كی “باڵا” و , جیهانیانه‌ی بوونی مرۆڤ , به‌ڵكو له زۆر پنتی مێژوودا , وه له دۆخێك‌دا كه پێیده‌گوترێ “ئێستا” , ئه‌وه‌نده‌ی فاكتۆری لێكترازاندنی مرۆڤه‌كانه , ئه‌وه‌نده‌ی له گه‌لێ بنتی جیهاندا مایه‌ی له‌ناوبردن و تیرۆری فیزیكی و ئه‌قڵی مرۆڤه‌كانه , هه‌رگیز هێنده‌ی ئه‌وه نه‌بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی گه‌شه و ئازادبوونی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ له سه‌ردانه‌واندن و كۆیلایه‌تی . به‌م هۆكارانه‌وه مرۆڤ خه‌ریكه به‌ته‌واوی نه‌ك هه‌ر توانای هێنانه‌بوونی دۆخێكی ئاشتیخوازانه له‌ده‌ستده‌دات , به‌ڵكو خه‌ریكه ئیدی بیركردنه‌وه و خه‌ونبینینیش به‌و ئاشتیه‌وه به‌ڕه‌هایی لهبیردهكا , به‌ڵێ ئه‌مه‌یه دۆخی ئاشتی له سای ئه‌و یاسایانه‌ی كه فه‌رمانڕه‌وایی جیهان یاخود به‌شێكی گه‌وره‌ی جیهان ده‌كه‌ن , كه یاساگهلێكن له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی به‌هێز و لاواز , یان پیرۆز و ناپیرۆز وه‌ك له ئاین و ئایدۆلۆژیاكاندا هه‌ن ده‌یانهه‌وێ كێشه‌كانی مرۆڤ یه‌كلابكه‌نه‌وه , جا بێگوێدانه ئه‌وه‌ی , كه یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان به‌و ڕێگایانه , نه‌ك ڕێگهنین بۆ چاره‌سه‌ر و ئاشتی هه‌مه‌لایه‌نه له بوون و ژیانی مرۆڤدا , به‌ڵكو ته‌واو به پێچه‌وانه‌وه خۆیان بریتین له جه‌وهه‌ری كێشه‌ی جه‌نگ و ناڕهسهنبوون و نائازادبوونی مرۆڤ , وه هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌كی تریشیان ته‌نها شتێ , كه ده‌توانێ به‌ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێ ئه‌وه‌یه , كه كێشهههبووهكان ده‌گه‌یه‌ننه ئاستی قه‌یرانی قوڵ .
ئه‌م دۆخه مرۆڤایه‌تی به‌ئاقارێكدا ئاراسته ده‌كا , كه ئیمانوێل كانت به‌م شێوه‌یه له‌باره‌یه‌وه ده‌نوسێ : “شایه‌نی گوتنه , كه جه‌نگی كاولكارانه ئه‌شێ ببێته هۆی له‌ناوبردنی ههردوبهرهكه , وه له‌ته‌ك ئه‌وانیشدا هه‌موو مافێك , له‌و كاته‌دا ئاشتی هه‌میشه‌یی ته‌نها مه‌گه‌ر له‌سه‌ر گۆڕی گه‌وره‌ی مرۆڤایه‌تی بێته‌بوون ” , به‌ڵێ ئه‌ی خوێنه‌رانی مرۆڤدۆست , تراژیدیای گه‌وره‌ی مرۆڤ , مه‌رگی ته‌واوه‌تی مرۆڤ ته‌نها به كۆتاییه‌كی فیزیكی ئه‌م بوونه ناهێتهبوون , به‌ڵكو ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی ئه‌قڵی هه‌یه , پێش ئه‌وه‌ی بگاته ئاستی فیزیكی له هه‌ناوی بیركردنه‌وه یان دروستر بیرنهكردنهوهی مرۆڤه‌كاندا په‌یداده‌بێ . كاتێك كه كوشتن و جه‌نگ , شادمانبوون و هه‌ڵپه‌ڕین له‌سه‌ر ته‌رمی قوربانیه‌كانی جه‌نگ جا ئه‌گه‌ر دوژمنیش بن , ده‌بێته بارێكی ئاسایی و جه‌ژن و یادكردنه‌وه , ئه‌وكات ته‌نانه‌ت ئومێده‌كانی ئاشتی و پێكه‌وه ژیان ڕوو له نه‌مان ده‌كه‌ن , ئه‌وه كاتێكه مرۆڤ ڕۆڵی مرۆڤبوونه‌كه‌ی خۆی وازیناكات , هه‌ر ئه‌وهاش ڕه‌نگه گشتمان به‌ره‌و كۆتاییه‌كی ڕه‌ها بچین .
*
دۆخی ئاشتی نێوان مرۆڤه‌كان , وه ئه‌وانه‌ی له دراوسێی یه‌كدیدا ژیانده‌كه‌ن , له بنه‌ڕه‌تدا دۆخێكی سروشتی نییه , به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و دۆخه , دۆخی جه‌نگه , ئه‌گه‌ر دۆخێكی لێوان لێو له كرده‌ی به‌رده‌وامی دوژمنكارانهش نه‌بێ , ئه‌وا بریتیه له مه‌ترسیه‌كی به‌رده‌وامی ئه‌وان له‌سه‌ریه‌كتری , كه‌واته دۆخی ئاشتی پێویسته پێكبهێنرێ و بئهفرێنرێ1. لێره‌دا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه , كه ئاشتی له‌خۆیدا بارێكی سروشتی نییه , ئه‌مه ده‌توانم بڵێم نزیكیهكه له نێوان كانت و هۆبزدا , هۆبز مرۆڤ وه‌ك گورگی مرۆڤ ناوزه‌د ده‌كات له دۆخی سروشتی‌دا , ئه‌مه‌ش واته نه‌بوونی ئاشتی . ئاشتی دۆخێكی ناسروشتییه , واته خۆرسك نییه , ئه‌و ده‌بێ پێكبهێنرێ . شوناسی دۆخی سروشتیانه له به‌شێكیدا خۆی له بوونی نائارامی و نائاشتیدا نمایش ده‌كا , ئه‌و كاته‌ی , كه هیچ ڕێككه‌وتنێكی قوڵ و ڕاسته‌قینه له‌نێوانی مرۆڤه‌كاندا بوونی نییه , یان پابه‌ندبوون پێیانه‌وه كرده‌ی سه‌ره‌كی مرۆڤه‌كان نییه , كه خۆیان له‌خودی خۆشیاندا بكه‌ونه به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی ڕێزگرتن و پاراستنی , هه‌م خۆی , وه هه‌م ئه‌وی تر . بۆیه هێز , یان خۆبهپیرۆززانین , یان له‌به‌ركردنی به‌رگی حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها , جا به‌گوزارشتی جیاوازی زمانی , ئاسمانی یان زه‌مینی بێ , ده‌بێته بنه‌مای ماف و ڕه‌وایه‌تی : ” به‌هێزه‌كان پیرۆزن , خودان حه‌قیقه‌تی ڕه‌هان , یاخود پیرۆزه‌كان و خاوه‌نانی ڕاستینه‌ی ڕه‌ها , ئه‌گه‌ر هه‌نوكه بههیزنین , ئه‌وا پێویسته به‌هێزبن , به گوته‌ی خۆیان پێویسته باوه‌ڕی ڕاستی ئه‌وان فه‌رمانڕه‌وایی دونیا بكات ” , ئه‌مه ئه‌و یاسا و ڕێسایانه بن , كه به‌سه‌ر جیهاندا باڵاده‌ستی ده‌نوێنن , ئیدی چۆن جیهان پڕپڕ نابێ له نه‌زانی , ئیدی چۆن ژیان نابێته جه‌نگێكی هه‌میشه‌یی نه‌گریس , ئیدی چۆن مرۆڤ نابێته “هیچ” !!؟
ئه‌و له ته‌نیشت و له نزیك یه‌كتره‌وه ژیانه‌ی له نێوان مرۆڤه‌كان و كۆمهڵهمرۆییه جیاوازه‌كاندا هه‌یه , هه‌رچه‌نده بارێكی سروشتی بێ , به‌تایبه‌ت له دۆخی دراوسێیه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كان و نیشتمانه جیاوازه‌كاندا , به‌ڵام نه‌بووه‌ته هۆی په‌یدابوونی ئارامی , به‌ڵكو گانگای مه‌ترسیه‌كانه كه یه‌ك بۆ سه‌ر یه‌كتری دروستی ده‌كه‌ن , هه‌تا كاتێ یاسایه‌ك ئه‌و په‌یوه‌نیه و نزیكیه ڕێكده‌خا , وه جۆرێك له ئارامی دروستده‌كا . هه‌ڵبه‌ته پابه‌ندبوون و دانپێدانان به ڕه‌وایه‌تی بوونی ئه‌وانی دیكه‌دا تاقانه مه‌رجێكه , كه ده‌شێ گه‌ره‌نتی مانه‌وه و پاراستنی ئارامی و ئاشتی نێوان گه‌لان , وه له ناو خودی گهلێكیشدا بكات . ویستی قوڵی مرۆڤه‌كان بۆ ئاشتی , ئاشتی وه‌ك تاقانه هیوا و ئامانج , پێشمه‌رجی بوونی ئاشتی و , وه بوونێكی مرۆیی ڕه‌سه‌نه , به‌وپێیه‌ی ئاشتی ڕاسته‌قینه دۆخێكی ئازاده , كه‌واته ته‌نها له‌وه‌ها دۆخێك‌دا مرۆڤه‌كان ده‌كارن حه‌قیقه‌تی خۆیان نمایش بكه‌ن . ئه‌گه‌ر نه‌توانین بێژین ئاشتی ئازادییه , ئه‌وا ئاشتی ده‌شێ ماڵی ئازادی بێ . *
هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی , كه ده‌شێ كاریگه‌رییان لهسهریهكدی هه‌بێ پێویسته په‌یوه‌ستببن به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییه‌وه1, بێگومان ئه‌م دیدگایه ده‌شێ سه‌ره‌تا به‌نیسبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه سه‌رنجی بده‌ین , مرۆڤگه‌لێ , كه سهربهنهتهوهیهكی دیاریكراون كاریگرییان بۆ سهریهكتر هه‌یه , یانه‌كو ده‌توانن گاریگه‌ری دابنێن , بۆیه گردبوونه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وامی ئه‌وان له‌كن دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی ده‌بێته مه‌رجێكی پێویستی مانه‌وه‌ی ئه‌وان , هه‌ڵبه‌ته ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ئه‌ركی پاراستنی گردبوونه‌وه‌كه‌ی هه‌یه به‌و ڕێگایانه‌ی , كه گوزارشت له ته‌واوی ئه‌و گه‌له یاخود نه‌ته‌وه‌یه ده‌كه‌ن , دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌وها ده‌شێ ده‌وڵه‌ت بێ , بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد بریتیه له ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی , دیاره وه‌ك ئه‌و پرۆسێسه مێژووییه‌ی , كه تاكو ئێستا نه‌ته‌وه‌ی كوردی لێوه له دایك بووه گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی , كه ده‌كرێ پێبه‌پێ بڕوامان به‌وه پته‌وتر بێ كه گردبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه له ده‌وری دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی-ده‌وڵه‌تی كاتی مێژوویی خۆی هاتووه .
تێگه‌یشتنێكی دیكه له‌م ڕوئیایه‌ی كانت سه‌رنجمان وهردهسوڕێنێته سه‌ر ڕه‌هه‌نده جیهانیه‌كه‌ی , واته كاتێك مرۆڤه‌كان به‌هۆی گه‌لێ فاكتۆری جیاواز و كاریگه‌ره‌وه , كه ده‌رهاویشته‌ی گه‌شه‌كردنی شارستانیه‌تن له گه‌لێك ڕووه‌وه نزیكده‌بنه‌وه له یه‌كتر , كارییگهردهبن به‌یه‌كتر , وه ناسین و زانینیان له‌باره‌ی یه‌كدییه‌وه په‌ره‌ده‌سێنێ , له‌م كاته‌دا به‌پێویست ده‌بێ لێكنزیكببهنهوه . ڕه‌نگه هیچ كه‌سێ وه‌ك كانت وه‌ها پێشبینی و پێشنیارێكی گرنگی نه‌كردبێ , به‌تایبه‌ت جێبه‌جێكردنی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی ئه‌و له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه ده‌ستپێده‌كا , دیاره مه‌به‌ستمان پێبه‌پێ هاتنه ناو زه‌مینی داكه‌وتی ئه‌م تیۆرییه‌ی ئه‌وه , بۆ ئه‌مه‌ش كت و مت ده‌شێ وه‌ك نمونه دامه‌زراندنی “كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كان” و دواتر “نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان” و , وه دواتر ” یه‌كێتی ئه‌وروپا” له‌به‌رچاوبگرین . هه‌موو ئه‌مانه ده‌شێ وه‌ك هه‌نگاو گه‌لی مه‌زنی مرۆڤایه‌تی باسی بكه‌ین بۆ به‌رجه‌سته‌بوونی ئه‌و تیۆریایه . تیۆریی لێكنزیكبوونه‌وه و گردبوونه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان و گه‌لان له ده‌وری دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی به‌رده‌وام به‌كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه , تاكو كاریگه‌ری و نزیكبوونه‌وه‌كان فراوانتربن , هیوای وه‌دیهێنانی ئه‌و دۆخه پته‌وتر ده‌بێ , ئه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و گومانه‌مان بڕه‌وێنێته‌وه ,كه گه‌مژه‌یی مرۆڤ , وه به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌میشه هه‌ڕه‌شه‌ی جدییه له به‌رده‌م ئه‌گه‌ری گه‌شه‌كردنی مرۆڤایه‌تی بۆ ئاستێكی باڵاتر له‌و دۆخه‌ی هه‌نوكه تێیدا ده‌ژی.
*
دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نی له‌هه‌موو ده‌وڵه‌تێكدا پێویسته كۆماریی بێت 1, ئه‌مه خاڵێكی گرنگه بۆ سیسته‌م و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵگایی و سیاسیه‌كان , ئه‌وه‌ی له‌ترۆپكی ئه‌و دامهزراوانهدایه ده‌وڵه‌ته , ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش پێویسته كۆماری بێت , به‌ڵام ئه‌م دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ته كه ویستی كانته هه‌ر بهكۆماریبوونی نابێته ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی كه ئه‌و ده‌یهه‌وێ, به‌ڵكو له‌ژێرباری چه‌ند مهرجێكدایه و له‌سه‌ریه‌تی پێیانه‌وه پابهنبێ , ئه‌وجا ده‌توانێ ڕه‌وایه‌تی له ئیمانویل كانته‌وه به‌ده‌ستبێنێ , كه خۆی به‌م شێوه‌یه ده‌نوسێ : ” دامه‌زراوه‌ی پێكهاتوو , یه‌كه‌م , ده‌بێ كۆك و پابه‌ندبێ به پره‌نسیپی ئازادی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌وه وه‌ك مرۆڤ , دووه‌م , پابه‌ندبوون و پشتبه‌ستنی هه‌موو به یاسایه‌كی گشتی و , سێیه‌م, پابه‌ندبوون به یاسای یه‌كسانی هه‌موو , وه‌ك هاووڵاتی ده‌وڵه‌ت , ئه‌مه ده‌شێ دامه‌زراوه‌ی كۆماری بێ ” , ئه‌و سێ بنه‌ما یان مه‌رجه‌ی دیاری ده‌كا یهكلاكهرهوهیهكی ڕادیكاڵیانهن به‌نیسبه‌ت دیموكرات‌بوون یا نادیموكراتبوونی ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه . دانپێدانان به ئازادی مرۆڤ له ده‌وڵه‌تدا , داننانه به ئازادی تاكه‌كه‌سدا له كۆمه‌ڵگه‌دا تاكو بتوانێ خودان كه‌سیه‌تی جیاوازی خۆی بێ , جیاواز له‌و شوناسه‌ی كه زۆرجار كۆمه‌ڵكه خواستیه‌تی به‌سه‌ر تاكه‌كه‌سیدا بسه‌پێنێ ؛بێگومان هه‌موو ئه‌مه به‌پێی یاسایه‌كی گشتی ڕێكده‌خرێ , كه تاك , كۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت پێویسته پابه‌ندی ببن , هه‌ڵبه‌ت وه‌ها یاسایه‌ك له دیدگای تاك و كۆمه‌ڵه‌وه له‌دایك ده‌بێ , به‌وپێیه‌ی ده‌وڵه‌ت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هاوڵاتیانه , هه‌رواش یاساكان كه ده‌زگای یاسادانان ده‌ری ده‌كا گوزارشت له ماف و ئه‌ركی هه‌موو لایه‌ك ده‌كات ؛ ئاشكرایه نه‌ك ته‌نها ئازادی و پابه‌ندبوون به یاسایه‌كی گشتییه‌وه مه‌رجی كۆماره وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی , به‌ڵكو مافی یه‌كسانبوون له‌سه‌ر بنچینه‌ی هاوڵاتیبوون یه‌كێكی دیكه‌یه له خاڵ و پێشمه‌رجه جه‌وهه‌رییه‌كانی كۆمارێك, كه ژیانی ڕامیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری كۆمه‌ڵگایه‌ك ڕێكبخات .
*
ئازادی شیاو-بوون ی ئه‌و كار و كردانهیه , كه مافی هیچ كه‌سێ بنپێناخهن ” نهڕوشاندی مافه‌كان , واته نه‌شیاوبوونی ئه‌وه‌ی كه ناكرێ بكرێ ” , ئه‌گه‌ر ته‌نها پێشێلنه‌كردنی مافه‌كانی ئه‌وانی تر بێ “, ئه‌وه , كه‌واته , ته‌نها دوپاتكردنهوهیهكی به‌تاڵه1, بێگومان مومكینیه‌تی كرده‌وه‌كان و كرده‌كان , هه‌ڵبه‌ت كردهگهلێ كه مافڕوشاندن نه‌بێ , واته ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌وه‌ی , كه ناكرێ ئه‌نجامبدرێ . دیاره كێشه‌ی ئه‌وه‌ی : ئایا لێره‌دا مافه‌كان به‌گوێره‌ی كامه یاسا دیاریكراون , كانت خۆی وه‌ڵام ده‌داته‌وه به‌وه , ئه‌گه‌ر ئازادی ته‌نها نهڕوشاندنی مافه‌كان بێ , ئه‌وه ده‌بیته وشه‌یه‌كی بۆش , چونكه ئێمه ئه‌وه ده‌زانین , كه ئازادی چه‌نده په‌یوه‌ستی تێكنهشكاندنی مافی ئه‌وانی دیكه‌یه , هێنده‌ی ئه‌وه‌ش پابه‌ندی ئازادی بڕیاردان و هه‌ڵبژاردنه بهمانافراوانهكهی , هه‌ر بۆیه ئه‌م بیرمه‌نده له‌م باره‌یه‌وه ئه‌وها ده‌نوسێ : “ئازادی واته ماف و توانای گوێڕایهڵینهكردن بۆ هیچ یاساگه‌لێكی ده‌ره‌كی , جگه له‌و كاروكردانهی , كه من ڕه‌زامه‌ندی خۆمیان له‌سه‌ر ده‌رده‌بڕم ” , ئه‌مه پێداگیریكردنه له ئازادبوون به‌مانای شیانبوونی ملكه‌چنه‌كردن بۆ یاساگه‌لێك , كه له هه‌ناوی ڕه‌زامه‌ندی و هه‌ڵبژارده‌ی ئازادانه‌ی مرۆڤه‌وه لهدایكنهبووبێتن , ئه‌مه ده‌رخستنی ڕاستینه‌یی و جهوههریبوونی ئازادییه وه‌ك تاقانه مه‌رجێ بۆ بوونی دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی , كه بشێ وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و سهربهخهڵك له‌قه‌ڵه‌م بدرێ , له‌هه‌مان كات ئه‌و ده‌روازه چاره‌نوسساز و ژیانییهیه , كه مرۆڤ ده‌كرێ واڵای بكا به‌ڕووی دونیایه‌كی ئاشتیخوازانهتردا.
*
دامه‌زراوه‌ی كۆماری سه‌ره‌تای بوونی خۆی له سه‌رچاوه‌یه‌كی پوختی مافه‌كانه‌وه وه‌رگرتووه . سه‌رباری په‌تییه‌تی و پاكییه‌تی سه‌رچاوه‌ی په‌یدابوونی , به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌رگا له‌سه‌ر خواستگه‌لێكی زۆر واڵادهكا , وه به‌تایبه‌ت بۆ ئاشتی هه‌میشه‌یی1, دیاره لێره‌دا له‌ته‌ك هۆی ڕه‌وابوونی ڕژێمی كۆماری‌دا پێكدهگهین , ئه‌م ڕه‌وایه‌تیه ته‌نها په‌یوه‌ستی چه‌مكه‌كه نیه وه‌ك ناوێك بۆ دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی , به‌ڵكو په‌یوه‌ستی ئه‌وه‌یه , كه كۆماری له سه‌رچاوه‌یه‌كی پوختی مافه‌كانه‌وه دێته‌بوون , ئه‌و ڕه‌وایه‌تی یاسایی هه‌یه , هه‌ڵبه‌ت نابێ ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین , كه كۆماری لێره‌دا به مانا كانتیهكهیهتی , كه پێشتر مه‌رجه‌كانی ئه‌و كۆمارهمان باسكردووه , وه كرانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ڕووی خواستگهله جیاوازه‌كاندا , به‌تایبه‌ت خواستی یان ویستی ئاشتی هه‌میشه‌یی له خۆڕا نایه‌ته گۆڕێ , به‌بێ گۆڕانكاری گه‌وره له بونیادی ئه‌قڵی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا , بهگشتیتر به‌بێ گۆڕان له دونیابینی‌دا شیانیوهدیهاتنی دۆخێكی ئه‌وها كراوه نهشیاویبوونه . كانت ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسه‌ی , كه بۆچی كۆمارێكی ئه‌وها ده‌بێته كرانه‌وه‌یه‌ك به‌ڕووی ئاشتی هه‌میشه‌ییدا پێیوایه له‌به‌رئه‌وه‌یه , كه ” بۆ بڕیاردانی ئه‌و پرسه‌ی, جه‌نگ ببێت یان نا ؟ پێویستی به وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی هاووڵاتیان هه‌یه , ئه‌وه‌ش زۆر سروشتیه , كه ئه‌وان “هاوڵاتیان” گه‌لێك باشتر بیرده‌كه‌نه‌وه , پێشئه‌وه‌ی یاریه‌كی خراپ بكه‌ن , چونكه هه‌موو سه‌ختی و ناهه‌مواریه‌كانی جه‌نگ ئه‌بێ ئه‌وان له ئه‌ستۆی بگرن , خودی خۆیان بجه‌نگن , پاره‌دان هه‌رخۆیان و له‌گیرفانی ئه‌وانه‌وه بوجه‌ی جه‌نگ ده‌رده‌چێ , وه به‌هه‌مان شێوه ده‌بێ له ئاره‌قه‌ی نێوچاوانی خۆیان هه‌موو وێرانكاریه‌كانی جه‌نگ بینابكهنهوه و ته‌واوی به‌دبه‌ختی و كاره‌ساته‌كانی جه‌نگ هه‌ر ئه‌وان ده‌بێ بیگرنه ئه‌ستۆ ” . كه‌واته له دۆخێكی ئه‌وهادا ,كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕه‌زامه‌ندی هاوڵاتیه‌كانی پێكهاتبێ , له كات و ساتی پرسه هه‌ستیاره‌كاندا هه‌میشه ده‌گه‌ڕێته‌وه لای هاوڵاتیان , چونكه ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه مه‌رجی بوونی خودی ڕژێمهكهیه . یه‌كێ له‌و پرسه هه‌ستیار و چاره‌نوسسازانه پرسی جه‌نگه , ده‌رباره‌ی ئه‌مه گه‌ل ئه‌شێ باشتر بیربكاته‌وه , باشتربیركردنهوهی هاوڵاتیان له سه‌ربنچینه‌ی ئابوری و مرۆییه , كه هه‌ر له بوجه‌ی زه‌به‌لاحی جه‌نگه‌وه ده‌یگرێته‌وه تاوه‌كو ده‌گاته ئه‌و دۆخه ناله‌بار و نائارام و , ئه‌و كاره‌سات و كاولكارییانهی ڕووبه‌ڕوی وڵات و تاك به تاكی هاوڵاتیانی دهولهَتێكی به‌شداری جه‌نگ ده‌بێته‌وه .
ئه‌و ڕه‌هه‌نده نامرۆییه‌ی , كه جه‌نگ وه‌ك شوناسی خۆی له بوونی مرۆڤدا ده‌یوروژێنێ , مرۆڤ له مرۆڤه‌وه ده‌كاته بكوژ , ده‌یكاته نا-مرۆڤ , ئه‌گه‌ر بتوانین وابڵێین , چونكه زۆرجار ڕووداوی جه‌نگ ده‌مانخاته به‌رده‌م هه‌ڵوێستگه‌لێكی ئێجگار سه‌ختی ئه‌قڵی و مۆڕاڵی له‌بۆ بڕیاردان و خۆیه‌كلاكردنه‌وه “جه‌نگین یان نه‌جه‌نگین” . كاتێك , كه مرۆڤ مه‌حكوم ده‌كرێ به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و جه‌نگین , كاتێكه به‌رانبه‌ره‌كان یان ئه‌وانه‌ی وه‌ك دوژمن ناوده‌برێن كۆتا بڕیاریخۆیان ده‌ده‌ن بۆ له‌ناوبردن و په‌لاماردان , ئه‌گه‌ر له‌م ساته‌دا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كوژین , نه‌جه‌نگین و بكوژرێین , ئه‌وا مرۆڤێ یان نه‌ته‌وه‌یه ده‌كوژرێ و له‌ناو ده‌برێ , وه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ نهكوژرێین , ده‌جه‌نگین و ده‌كوژین , لێره‌دا كۆتایی به‌بوونی كۆمه‌ڵێكی دیكه له مرۆڤه‌كان دێ , بێگومان ئه‌مه هه‌ستیارترین دۆخی مۆڕاڵیه , كه تێیدا به‌رده‌وام مرۆڤ هه‌وڵیداوه پاساو بۆ یه‌كلابوونه‌وه و بڕیاردانی خۆی بهێنێته‌وه , جا من و ئه‌وی تر بێ , یان دوژمن و منی نه‌ته‌وه بێ , یان پاساوه ئایدۆلۆژیی و ئاینیه‌كان بێ .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه بۆ به‌رده‌وامی گه‌شه‌ی پرۆژه‌كانی بوونی مرۆڤ , وه بۆ مرۆڤایه‌تی , خۆپه‌روه‌رده‌كردن و قوڵبوونه‌وه‌یه له مرۆڤ‌بوون‌دا , گه‌وره‌ترین ئه‌ركی مرۆڤ ئه‌وه‌یه بتوانێ زیاتر و قوڵتر مرۆڤبێت , به‌ڕاده‌یه‌ك ئه‌گه‌ر تادواپله و تابینه‌قاقا ناچاركرا به‌به‌رگری یان به‌جه‌نگ , نه‌توانێ به‌ئاسوده‌یی كرده‌ی جه‌نگ ئه‌نجامبدات , هه‌رگیز نه‌توانێ شادمان و شاگهشكهبێ ته‌نانه‌ت به‌مه‌رگی دوژمنه‌كانی , كه ئه‌شێ خۆی له‌جه‌نگی ناچاریدا كوشتبێتنی . ئه‌وانه‌ی به‌وپه‌ڕی به‌خته‌وه‌ریه‌وه ده‌جه‌نگن مه‌حاڵه بتوانن مرۆڤێكی ڕاسته‌قینه‌بن , ئه‌وانه كه له‌سه‌ر ته‌رمی قوربانیه‌كانی جه‌نگ سه‌مای شادمانی ده‌كه‌ن به‌قوڵی گومان له مرۆڤبوونیان بكه‌ن , هه‌رگیز ئومێده‌كانی ئاشتی و ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه له هه‌ناوی ئه‌م گه‌وج و شێوهدڕندانهوه پهیدانابن !
1-Иммануил Кант : к вечному миру .
ئومێد حه‌مه عه‌لی – ڕوسیا
تێبینی : له ژماره 75 ی كۆڤاری هه‌ناردا بڵاوبووه‌ته‌وه