
(شار) و (میتاشار)
(شار) و (میتاشار)
له رۆمانی (سواره‌كان به قاچاغ بووكیان گواسته‌وه)ی كاروان كاكه سوور و دواڕۆژ كاكهسووردا
ئارام سدیق
سه‌ره‌تا
یه‌كێك له‌و بابه‌ته گرنگانه‌ی كه تا ئێستا وه‌ك پێویست لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر نه‌كراوه چه‌مكی (شار)ه له تێكستی گێڕانه‌وه‌ی كوردییدا. ئه‌گه‌رچی ئه‌م چه‌مكه گرنگییه‌كی تایبه‌تی هه‌یه له ژیانی ده‌قی گێڕانه‌وه‌ییدا به‌و پێیه‌ی (چیرۆك و رۆمان) به‌رهه‌می شارن. بۆیه زۆرجار گرێدراوی كێشه و رووداوه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی شارن و ئه‌و تێمایانه‌ی كه ده‌بنه هه‌وێنی نووسینی ده‌قێكی گێڕانه‌وه‌یی به‌رهه‌می شارن. لاموایه پاش نزیكبوونه‌وه‌ی سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر نووسین و بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م تێكستی گێڕانه‌وه‌یی كوردییدا (یه‌كه‌م چیرۆكی كوردی) چیتر پێویستمان به‌وه‌یه هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه گرنگه‌ی په‌یوه‌ست به دنیای گێڕانه‌وه‌وه بكه‌ین و بزانین نووسه‌ران چۆن ئه‌م چه‌مكه‌یان له‌نێو تێكسته‌كانیاندا ته‌وزیف كردووه، یان ئه‌و جیاوازییانه چین له به‌كاربردنی چه‌مكی شاره له‌نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیست و نیوه‌ی دووه‌میدا هه‌ستی پێده‌كرێت؟ بێگومان ده‌كرێت به‌دوای زۆر لایه‌ن و بواری تری ئه‌م چه‌مكه له‌نێو ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی كوردیدا بگه‌ڕێن.
(عه‌بدولڕه‌حمان مونیف) له‌باسكردنی وێنه‌ی (شار)دا له‌رۆمانی عه‌ره‌بیدا دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه هێشتا لێڵا و ته‌مومژاوییه، چونكه تێكه‌ڵه‌یه‌كه له گوند و هه‌ڵویستی ره‌تكردنه‌وه و نهجومگه راسته‌قینه‌كانی و نه ئه‌و دیاردانه‌ی ئه‌دگاره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دروست ده‌كه‌ن. لێره‌دا من مه‌به‌ستمه ئه‌گه‌ر ئه‌مه وێنه‌ی (شار) بێت له رۆمانی عه‌ره‌بیدا، كه خاوه‌نی مێژوویه‌كی درێژتره له رۆمانی كوردی و خاوه‌نی خه‌ڵاتی (نۆبڵا)ێكه. ده‌بێت وێنه‌ی (شار) له رۆمانی كوردیدا له چ ئاستێك بێت. بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره تاڕاده‌یه‌ك ئه‌سته‌مه له‌م نووسینه‌دا بدۆزرێته‌وه. به‌و پێیه‌ی ئه‌وه باسێكی تایبه‌ت و تێروته‌سه‌لی ده‌وێت و پێویستیش به‌وه ده‌كات (لێكۆڵه‌ر) سه‌رجه‌م رۆمانه‌كان، یان لانی كه‌م زۆربه‌یانی خوێندبێته‌وه، كه من ئه‌مه‌م تا ئێستا بۆ نه‌ڕه‌خساوه. بۆیه ئه‌م نووسینه له لایه‌نێكی بچووكی ئه‌م بابه‌ته گرنگه ده‌دوێت و ئاوڕ له به‌كاربردنی چه‌مكی (شار) لای یه‌كێك له چیرۆكنووسه‌كانی دوای راپه‌ڕین ده‌داته‌وه و ته‌نها قسه له‌سه‌ر یه‌ك به‌رهه‌می ئه‌و نووسه‌ره‌ش ده‌كات.
به‌گشتی ئه‌م نووسینه ته‌رخانه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و شتانه‌ی تاڕاده‌یه‌ك له‌نێو نووسینه‌كانی كارواندا شاراوه‌یه، یان قسه له‌سه‌ر نه‌كراوه ئه‌ویش چه‌مكی (شار)ه له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا و به‌تایبه‌ت له رۆمانی (سواره‌كان به قاچاغ بووكیان گواسته‌وه)دا پێویستی به‌وه‌یه بخرێته به‌رباس و شیكردنه‌وه. هه‌ر بۆیه نووسینه‌كه‌م بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مكه و هاوكات قسه‌كردنێكی كورتیش له‌سه‌ر ئه‌زموونی چیرۆكنووسی كاروان ته‌رخان كردووه. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم، كاروان ئه‌م رۆمانه‌ی به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵا (دوارۆژ)ی كوڕیدا نووسیوه.
كاروان له رابردوو و ئێستادا
یه‌كێك له‌و شتانه‌ی ده‌توانرێت تێكسته‌كانی كاروانی پێ بناسرێته‌وه كاركردنییه‌تی له‌نێو (یاده‌وه‌ریی)دا. به‌شێوه‌یه‌ك به‌شێكی هه‌ره زۆری رۆمان و چیرۆكه‌كانی له‌سه‌ر یاده‌روه‌ریی بونیاد نراوه. ئه‌مه بێجگه له كتێبی (منداڵیم ئاسكێك بوو به‌سه‌ر په‌لكه زێڕینهكاندا بازبازێنی ده‌كرد) كه ئه‌م كتێبه‌ش ته‌رخانه بۆ گێڕانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی منداڵی ئه‌م نووسه‌ره. ره‌نگه ئه‌گه‌ر كاروان ئه‌م كتێبه‌ی نه‌نوسیایه ته‌واوی ئه‌و رووداوانه‌ی له‌و كتێبه بوونیان هه‌یه به جۆری تر له به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌ردا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوایه.
كاروان توانی له‌گه‌ڵا هه‌ریه‌ك له (عه‌تا محه‌مه‌د، ئارام كاكه‌ی فه‌لاح و عه‌تا نه‌هایی) و چه‌ند چیرۆكنووسێكی تردا وه‌كو ده‌نگێكی دوای راپه‌ڕینی چیرۆكی كوردی ده‌ربكه‌وێت و ببێته خاوه‌نی ئه‌زموونی چیرۆكنووسی تایبه‌ت به‌خۆی، كه زیاده‌ڕه‌وی نییه بڵێین به‌بێ بوونی ناوی كاروان چیرۆكه‌كانی ده‌ناسرێته‌وه، واته لێره‌وه ده‌توانین بڵێین كاروان توانی له رابردوو و ئێستاشدا ئاماده‌یی هه‌بێت له‌نێو دنیای گێڕانه‌وه‌ی كوردییدا، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی من وه‌كو خوێنه‌رێكی كاروان له ئێستا ته‌نها له رابردوو ئێستادا كورت نابێته‌وه، به‌ڵكو ئایندهی ئه‌زموونی نووسینی كاروانه. ئایا ئه‌و ئاینده‌یه درێژكراوه‌ی ئه‌و (رابردوو و ئێستا)یه ده‌بێت، یان كاروان چی تری له هه‌گبه‌دایه بۆ خوێنه‌رانی بخاته‌ڕوو. بێگومان مه‌به‌ست له (چیتری له هه‌گبه‌دایه) ئه‌و خاڵه‌یه، كه كاروان توانی ئه‌زموونێك له‌گه‌ڵا ده‌قی گێڕانه‌وه‌ییدا پێشه‌كه‌ش بكات و تاراده‌یه‌كیش ئه‌زموونێكی تایبه‌تمه‌ندو و سه‌ركه‌وتووبێت (له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی تێبینیشی له‌سه‌ره). به‌ڵام ئه‌م ئهزموونهلا كاروان جێی خۆی گرت و من لاموایه ئه‌گه‌ر كاروان هه‌ر له‌سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كانی بژی و تێكسته‌كانی داهاتووی به هه‌مان نه‌فه‌س و كاركردنه‌وه بخاته به‌رده‌م خوێنه‌ر ئها جاڕی مه‌رگی خۆی ده‌دات. بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌گبه‌كه‌ی كاروان هه‌ر دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه بێت، كه له پێشتردا بینراوه داهاتوویه‌ك بۆ ئه‌م چیرۆكنووسه نابینرێت، چونكه خوێنه‌ر به‌رده‌وام به‌دوای ئه‌زموونی تازه‌ی چیرۆكنووسهوهیه.
ره‌نگه لێره‌دا پێویست بێت نموونه‌یه‌ك باس بكه‌م. (ئۆرهان پاموك) له‌و نووسه‌رانه‌یه كه خۆی له چاوپێكه‌وتنێكدا، كه دوای وه‌رگرتنی نۆبڵه‌كه‌ی به‌رچاوم كه‌وت ده‌ڵێت: نامه‌وێت به هه‌مان شێوه‌ی گێڕانه‌وه له دوو كاری رۆمانمدا كار بكه‌م و شێوازی گێڕانه‌وه و كاركردنی هه‌موو رۆمانه‌كانم له یه‌كتری جیایه. بێگومان به‌رده‌وام نه‌بوونی پامۆك له‌سه‌ر یه‌ك شێوازی گێڕانه‌وه به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌خۆ دووباره نهكردووهیه له‌و شێوازانه‌ی پێی ده‌گێڕێته‌وه، هه‌ربۆیه نابینین شێوازی گێڕانه‌وه‌ی رۆمانی (قه‌ڵای سپی) له (به‌فر) بچێت. یان (مۆزه‌خانه‌ی پاكیزه‌یی) له (ناوی من سووره)یه بچێت. بۆیه (كاروان)ی ئایینده ئه‌وكاته لای خوێنه‌ر به‌رده‌وامی به‌خۆی ده‌دات، كه له رابردوو و ئێستا نه‌چێت، به‌ڵكو (كاروان)ێك بێت به ئه‌زموونێكی نوێوه و حیكایه‌تی تازه و دنیای تازه نێو گێڕانه‌وه‌یی كوردیدا بخولقێنێت.
خاڵێكی تر ده‌مه‌وێت لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م، نووسینی (دوو نووسه‌ریی)ه. به‌و پێیه‌ی ئه‌م رۆمانه (مه‌به‌ست له سواره‌كان به قاچاغ بووكیان گواسته‌وه‌یه) ناوی دوو نووسه‌ری هه‌ڵگرتووه، كه (كاروان كاكه سوور) و (دوارۆژ)ی كوڕیه‌تی. من هه‌رگیز ناتوانم باوه‌ڕ به‌وه بكه‌م كه ئه‌م تێكسته به‌رئه‌نجامی بیركردنه‌وه‌ی دوو نووسه‌ر بێت و له خه‌یاڵدانی دوو مرۆڤه‌وه هاتبێته ده‌ره‌وه. هه‌رچه‌ند كاروان له پێشه‌كییه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات كه رۆمانه‌كه بیرۆكه‌ی (دوارۆژ)ی كوڕیه‌تی. به‌ڵام ئاماژه به‌وه ناكات ئایا ئه‌و ده‌ستی له نووسینیدا هه‌بووه یان نا؟ هه‌روه‌ها ئه‌و به‌شانه كامانه‌ن كه به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ی دوارۆژن؟ به‌هه‌رحاڵا ره‌نگه ئه‌م پرسیارانه به‌شێك له نامه‌نتیقی تێدا بێت. به‌ڵام ئه‌م پرسیارانه له‌وكاته‌وه لام دروست بوو كه هه‌ست ناكرێت كۆی رۆمانه‌كه له خه‌یاڵدانی دوو كه‌سه‌وه هاتبه ده‌ره‌وه. هه‌روه‌ها فه‌زای گێڕانه‌وه و دنیای تایبه‌تمه‌ندی كاروان به‌ته‌واوی به‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه‌دا زاڵه. بۆیه هه‌ست ناكرێت كه‌سێكی تر ده‌ستی له نه‌خشاندنی رووداوه‌كان و كاراكتهرسازی و چۆنێتی گێڕانه‌وه‌كه‌دا هه‌بووبێت. هه‌روه‌ها من بڕوام به‌وه نییه ده‌قێكی گێڕانه‌وه‌یی وه‌كو رۆمان دوو كه‌س بتوانن بینووسن. ده‌كرێت كه‌سێك رووداوه‌كان بنووسیت. به‌ڵام لایه‌نی ته‌كنیكی و ریكخستنهكهی بهكهسیكی تر بسپێرێت. ئه‌م بڕوایه‌شم له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه نووسینی ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی به‌گشتی و رۆمان به‌تایبه‌تی كارێكی فهردانهیه، نه‌ك كارێكی پێكه‌وه‌یی.
شار چییه؟
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م نووسینه كه‌مێك رۆچێته نێو چه‌مكی (شار)ه‌وه پێویستی به‌وه‌یه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ پێناسه‌كه‌ی و هاوكات مێژووی په‌یدابوونی شار، هه‌ر لێره‌وه ده‌كرێت له هۆكاری دروستبوونی شاره‌كان بپرسین و به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شدا بگه‌ڕێن. بێگومان كۆی ئه‌م شتانه‌ی لێره‌دا به‌دواییدا ده‌گه‌ڕێین په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به رۆمانه‌كه‌ی كاروان و دواڕۆژه‌وه هه‌یه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژووی شار ده‌بینین سه‌ره‌تاكانی ژیانی مرۆڤ ژیانێكی كۆچهرییانه بووه و یه‌كه‌مین گروپێك كه له شوێنێكی دیاریكراودا نیشته‌جێبوون مردووه‌كان بوون و گۆڕستان یه‌كه‌م شوێنی نیشته‌جێبوونی ئینسان بووه. هه‌ر بۆیه به به‌راورد له‌گه‌ڵا ژیانی مرۆڤ شاره‌كان ته‌مه‌نێكی كورتیان هه‌یه و سه‌ره‌تایترین شاره‌كانی جیهان نزیكه‌ی (5500) ساڵا له‌مه‌وبه‌ر دروست بوون. هه‌روه‌ها یه‌كه‌م ئه‌زموونی ئه‌ندازیاری مرۆڤ له ئه‌شكه‌وته‌كاندا ده‌ركه‌وتووه و هه‌ر له‌وێوه‌ش خه‌یاڵه‌كانی مرۆڤ ده‌بێته وێنه. هه‌ندێك له كۆمه‌ڵناسانی شار، وه‌ك رایزمهن ده‌ڵێن، كه هۆكاری ده‌ركه‌وتنی شار نازانن، تاقمێكی تریش له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن، كه ده‌ركه‌وتنی شار به‌شێك بووه له‌گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه دوای ئه‌وه‌ی مرۆڤ له قۆناغی ئابووری ، ژیاری تێپه‌ڕی و زیاتر ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر سروشتدا و دروستكردنی شار ئاماده ده‌بێت، واته توانایی دروستكردنی سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گرێته ده‌ست. هه‌رچۆنێك بێت بۆ ده‌ركه‌وتنی شار مرۆڤ پێویسته قۆناغی سه‌ره‌تایی ململانێی مانه‌وه‌دا تێپه‌ڕێت و گرێدراوی مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی كه‌مبۆته‌وه. هه‌روه‌ها به‌شێك له كۆمه‌ڵناسان دروستبوونی یه‌كه‌مین شاره‌كان بۆ (3500) ساڵا پێش زایین ده‌گه‌ڕێننه‌وه، كه له میزۆپۆتامیا له دۆڵه به‌پیته‌كانی دیجله‌و فوراتدا و شارگه‌لێكی وه‌كو (كیش، ئوور، لاگاش، بابل، ئاشوور، سۆمه‌ر و نه‌ینه‌وا) دروست بوون. هه‌روه‌ها دروستبوونی شاره‌كانی یۆنان و رۆم نوێترن و بۆ (300-400) ساڵا پێش‌زایین ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
پاش دروستبوونی شاره‌كان، ره‌نگه شیاوبێت بپرسین مرۆڤ بۆ شاره‌كانی دروستكرد، ئایا به‌هۆی ئه‌وه‌وه بوو كه له‌گونده‌كاندا جێگه‌ی نه‌ده‌بوویه‌وه، یان بۆ ئه‌وه‌ی چیتر له شوێنێكدا ئارام بگرێت و له ژیانی كۆچه‌ری رزگاری بێت. یان فراوانبوونی بیركردنه‌وه و چالاكییه عه‌قڵییه‌كانی دروستبوونی شاره‌كانی لێكهوتهوه.
بێگومان شار یه‌كه‌مین شوێنه كه ئه‌زموونه مرۆییه‌كانی تێدا كۆده‌بێته‌وه و نه‌وه‌كانی داهاتوو ده‌توانن سوودی لێوه‌ربگرن و هه‌ندێكجار به‌شێك له‌و ئاكارانهیان ده‌گۆڕی و به‌شێكی تریان په‌ره‌ی پێده‌درا، هه‌ر بۆیه ده‌بینین یه‌كه‌مین شاره‌كانی جیهان له‌و ناوچانه‌دا دروست بوون، كه نه‌ك ته‌نها له رووی جوگرافییه‌وه به‌بایه‌خن، به‌ڵكو له بواری هاتوچۆ و گواستنه‌وه‌شدا له‌بارن. هه‌روه‌ها شار به پێچه‌وانه‌ی گونده‌كانه‌وه له نه‌ته‌وه‌ی جۆراوجۆر پێكهاتووه و یه‌كپارچه‌یی زه‌ینی لاواز ده‌بێت و به‌ره به‌ره كه‌سایه‌تییه جۆراوجۆره‌كان له شاردا دروست ده‌بن. به‌گشتی هۆكاری دروستبوونی شاره‌كان جۆراوجۆره و ده‌كرێت فراوانبوونی بیركردنه‌وه و چالاكی مرۆڤ و دروستبوونی عه‌قڵیه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌بردن و بیركردنه‌وه له دانانی سیستمێكی به‌ڕێوه‌بردن هۆكاری دروستبوونی شاره‌كان بووبێت. ئه‌مه بێجگه له په‌ڕینه‌وه‌ی مرۆڤ له قۆناغی كۆچه‌رییه‌وه بۆ نیشته‌جێبوونی له ناوچه‌ی جیا جیا و دیاریكراودا.
بێگومان قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌مكی (شار) یه‌كێكه له پڕكێشه‌ترین چه‌مكه‌كان به‌و پێیه‌ی په‌یوه‌سته به ته‌فسیری كولتووره جۆربه‌جۆره‌كانه‌وه بۆ ئه‌م چه‌مكه. هه‌ربۆیه (شار) وه‌كو چه‌مكێكی فره ره‌هه‌ند و فره پێناسه دێته ئه‌ژمار، كه پێده‌چێت ئه‌مه‌ش له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، كه بۆ پێناسه‌ی ئه‌م چه‌مكه كۆمه‌ڵناسان رای جیاوازییان هه‌یه و له‌هه‌ر قۆناغه و جۆرێك پێناسه خراوه‌ته‌ڕوو. بۆ نموونه شاره سه‌ره‌تاییه‌كان هه‌ڵگری جۆرێك له پێناسه‌ن، كه ئه‌ویش له‌وه‌دا كورت ده‌بێته‌وه، كه ته‌نها شوێنی جێگیربوونی مرۆڤه‌كان بووه بۆ دابینكردنی بژێوییه سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ خۆیان و نه‌وه‌كانیان. هه‌روه‌ها پێناسه‌ی (ده‌وڵه‌تشار)ی یۆنان كه فۆرمێكی پێشكه‌وتووتری شار بووه هه‌ڵگری پێناسه‌ی تره به‌و پێیه‌ی تاك تاڕاده‌یه‌كی زۆر خاوه‌نی بیركردنه‌وه‌ی ئازادانه‌ی خۆی بووه و سیستمێكی سیاسی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌بووه.
یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی شاره‌كان له كۆنه‌وه هه‌یان بووه روویه‌كی سیاسی بووه. هه‌ربۆیه شاره‌زایانی بواری مێژوو سه‌ره‌تای سه‌رده‌می سیاسه‌تی شار ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ زه‌مانی (سۆلۆن)، كه یه‌كێك بووه له حه‌وت حهكیمهكهی یۆنانی كۆن و له‌كۆتایی سه‌ده‌ی حه‌وته‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زایین ژیاوه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا خولگه‌ی سیاسه‌ت و میحوه‌ری سه‌رنج له ئه‌ندێشه‌ی سیاسی‌دا شتێك بووه پێی وتراوه (شار) كه ماناكه‌ی له‌گه‌ڵا ئه‌م وشه‌ی ئێمه له ئێستادا ده‌مانه‌ێت جیاوازییه‌كی بنچینه‌یی هه‌یه.
(شار) له روانگه‌ی یۆنانییه‌كانه‌وه باری سیاسی و مه‌عنه‌وی هه‌یه و پێناسه‌ی ئه‌و مرۆڤانه ده‌رده‌چێت كه تێیدا ژیاون. ره‌سه‌نێتی بۆ (شار) و تاك به‌شێكه له ده‌روونی شار. به‌مانایه‌كی تر مرۆڤێتی مرۆڤ له هه‌ناوی شاردا به‌دی دێت و به كرداری بوونی هه‌یه. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین، كه شاره‌كانی یۆنان شاری نیمچه سه‌ربه‌خۆ بوون و خاوه‌نی یه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی سه‌ربه‌خۆ بوون. بۆیه ده‌كرێت لێره‌وه له‌پێناسه‌ی (شار)دا بڵێین: ئه‌و ناوچه جوگرافیه‌یه كه بۆته شوێنی نیشته‌جێبوون و خۆژیاندنی مرۆڤه‌كان به ره‌نگ و ره‌گه‌ز و تیره‌و نه‌ته‌وه‌ی جیاوازه و سه‌رجه‌میان ملكه‌چی كۆمه‌ڵێك یاسا و بڕیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووریین و به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی په‌ره‌پێدان و گهشهپێكردنیدان له‌سه‌رجه‌م بواره جۆر به جۆره‌كاندا. هاوكات به‌پێی رای شاره‌زایانی بواری كۆمه‌ڵناسی شار. (شار) ناوچه‌یه‌كی جوگرافییه كه تێیدا پێكهاته‌ی سیاسیی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌یشتۆته قۆناغێك، كه ده‌توانێت سیستمی به‌رهه‌مهێنان، دابه‌شكردن، ئاڵ‌وگۆڕكردن بخولقێنێت.
بێگومان لێره‌دا ده‌كرێت ئاوڕ له مێژووی شاره كوردییه‌كانیش بده‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی نووسینه‌كه ته‌رخان نییه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر چه‌مكی شار به‌گشتی، بۆیه ئه‌و باسه لێره‌دا جێی نابێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه شاره كوردییه‌كان له بهرئهنجانی ده‌سه‌ڵاته سیاسییه لۆكاڵییه‌كانی میره كورده‌كانه‌وه دروست بوون و به‌حوكمی ژێرده‌سته‌یی نه‌ته‌وه‌ی كوردیش پێده‌چێت هه‌ندێك شاری كوردنیش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته داگیر كهرهكانهوه دروست كرابن به مه‌رامی سیاسی و ئابووری. لێره‌دا پێم باش نییه له‌وه زیاتر له‌سه‌ر چه‌مكی (شار) بوه‌ستم.
شار له رۆمانی كوردییدا
من له‌م به‌شه‌دا نامه‌وێت (به‌وردی) له‌سه‌ر چه‌مكی (شار) بوه‌ستم له رۆمانی كوردییدا. به‌ڵكو ته‌نها ده‌مه‌وێت ئاماژه‌یه‌كی تیژتێپه‌ر بده‌م به بوون و ئاماده‌یی شار له چه‌ند تێكستێكی دیاری ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی كوردییدا. ئه‌گه‌ر به سه‌رنجه‌وه سه‌یری سه‌ره‌تاكانی ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی كوردی بكه‌ین. به‌تایبه‌ت له‌م به‌شه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینین له هه‌ر سێ چیرۆكی (له خه‌وما، مه‌سه‌له‌ی ویژدان حكومه‌ته خه‌یاڵییه‌كه)دا شار ئاماده‌یی هه‌یه. به‌و پێیه‌ی ئه‌و تێمایانه‌ی له‌و چیرۆكانه‌دا به‌رجه‌سته‌كراون و هه‌ر یه‌كه له (جه‌میل سائیب و ئه‌حمه‌د موختار جاف و زێوه‌ر) په‌نایان بۆ بردووه به‌رجه‌سته‌كه‌ری ژیانی شارستانی كوردی بوون. هه‌رسێ نووسه‌ریش كوڕی شار بوون و به‌شێكی زۆر ژیانیان، یان هه‌موو ژیانیان هه‌ر له شاردا به‌سه‌ر بردووه. واته ده‌توانین بڵێین، چۆن له ئه‌وروپا رۆمان به‌رهه‌می شاره. له كوردستانیش له‌گه‌ڵا دروستبوونی شاردا ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌یی كوردی گه‌شه‌ی كردووه.
ره‌نگه ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه نموونه‌یه‌كی باش بێت بۆ به‌كاربردن و ئاماده‌یی (شار) وه‌كو چه‌مكێكی دنیای مۆدێرن له تێكستی گێڕانه‌وه‌یی كوردییدا. به‌ڵام له‌پاش ئه‌م هه‌وڵانه‌ی له‌سه‌ره‌وه خرانه‌ڕوو. (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) له رۆمانی (ژانی گه‌ل)دا دیسان رووداوه‌كان له‌نێو شاردا خولقاندووه و له‌و رۆمانه‌دا روویه‌كی تری شار به‌ده‌ر ده‌كه‌وێت، كه بوونی جوڵه‌یه‌كی مه‌ده‌نییه له شاردا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و جوڵه‌یه‌ش (خۆپیشاندان)ه. هاوكات له‌پاش ئه‌و هه‌وڵه‌ی (ئیبراهیم ئه‌حمه‌د)ه‌وه یه‌كێكی تر له تێكسته دیاره‌كانی نێو ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی كوردی، رۆمانی (شار)ی حسێن عارفه. ئه‌م رۆمانه هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌یه‌وه ئه‌وه لای خوێنه‌ر به‌رجه‌سته ده‌كات، كه نووسه‌ر رووداوه‌كانی له‌نێو شارێكدا خولقانووه و باس له كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوورییه‌كانی نێو شار ده‌كات، كه دواجار ئه‌م كێشانه ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ره تاك ده‌بێت. هه‌ربۆیه نووسه‌ر به‌شی هه‌ره زۆری رووداوه‌كانی ئه‌و رۆمانه و كاراكته‌ره‌كانی له‌نێو شاردا خولقاندووه و به‌ركه‌وته‌ی ئه‌و كاراكتهرانهش زیاتر له‌نێو شاردایه.
له‌پاش راپه‌ڕینیش یه‌كێك له چیرۆكنووس و رۆمانووسه دیاره‌كان كه (شار) وه‌كو چه‌مكێكی دیار ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه له تێكسته‌كانیدا (عه‌تا محه‌مه‌د)ه. ئه‌م نووسه‌ره به‌شی هه‌ره‌زۆری رووداوه ئه‌فرێنراوه‌كانی نێو تێكسته‌كانی له‌نێو شاری سلێمانی و چه‌ندین شاری تردایه، كه ده‌توانین نموونه‌ی هه‌ره دیاری به‌رهه‌مه‌كانی وه‌ربگرین كه رۆمانی (گێلاسی خوێن)ه. له‌م رۆمانه‌دا شاری سلێمانی سه‌نته‌ری رووداوه‌كانه و ده‌توانین بڵێین چه‌مكی شار له‌م تێكسته‌دا ئاماده‌بوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری هه‌یه، كه خوێنه‌ر به‌ر شارێكی فره ره‌هه‌ند ده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها له هه‌ردوو رۆمانی (خه‌ونی پیاوه ئێرانییه‌كان و كه‌وتنی بۆره قه‌ڵا له حیكایه‌تێكی كۆندا)ی (ماردین ئیبراهیم)یشدا شار ئاماده‌بوونێكی به‌رجه‌سته و دیاره و سه‌نگی خۆی له‌نێو رووداوه ئه‌فرێنراوه‌كانی تێكسته‌كه‌دا هه‌یه.
چه‌مكی شار لای (كاروان كاكه سوور و دوارۆژ كاروان) له رۆمانی (سواره‌كان به قاچاغ بووكیان گواسته‌وه) زیاتر له هه‌موو كاره‌كانی پێشوو ده‌كه‌وێته به‌ر قسه له‌سه‌ركردن و زیاتر ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌نێو تێكسته‌كه و دنیابینی كاراكته‌ره‌كاندا هه‌یه. بۆیه له‌به‌شه‌كانی دواتردا به‌وردی له‌سه‌ر به‌كاربردنی ئه‌م چه‌مكه لای كاروان ده‌وه‌ستم.
سلێمانی، له‌نێوان (شار) و (میتاشار)دا
پرسیاری سه‌ره‌كی من له‌م به‌شه‌دا ئه‌وه‌یه كه ئایا سلێمانی (شار)ه، یان (میتاشار)، ئه‌گه‌ر شاره كامانه‌ن ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی سلێمانی كردۆته شار. ئایا بوونی خوێندنگه و مزگه‌وت و یانه‌ی وه‌رزشی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بوونی سینه‌ما و ته‌لاری بڵند، یان پاشخانی رۆشنبیری و مه‌عریفی تاكه‌كانی و جوڵه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سلێمانی ده‌كاته شار. به‌ڵام ئایا سلێمانی شاره، یان (میتاشار).
ره‌نگه لێره‌دا پێویست بێت كه‌مێك روونكردنه‌وه له‌سه‌ر چه‌مكی (میتاشار) بده‌م. (میتاشار) ئه‌و شوێنه‌یه كه به‌شی هه‌ره زۆری خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌نییه‌كانی شاری تێدا بێت، به‌ڵام سه‌رجه‌میان نا، و دانیشتوانه‌كه‌ی له ته‌واوكردن و په‌یداكردنی ئه‌و خهسڵهتانهدابن.
نووسه‌رانی رۆمانی (سواره‌كان به قاچاغ بووكیان گواسته‌وه) له لاپه‌ڕه (129)دا به‌ته‌واوی جیاوازی ده‌كه‌ن له‌نێوان شاری سلێمانی و هه‌ولێردا و سلێمانی به شارێكی ناته‌واو و هه‌ولێر به شارێكی ته‌واو ده‌چوێنن، كه ده‌نووسن:
“شاری سلێمانی ته‌واو نه‌بووه..خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌رده‌وامن له‌ته‌واوكردنی..له كاتێكدا هه‌ولێر شارێكی ته‌واوه و پێویستی به هیچی دی نییه”
به‌م پێیه (هه‌ولێر) شاره و (سلێمانی) هێشتا میتاشاره. من تا ئاستێكی زۆر له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌دام كه سلێمانی (میتاشار)ه و نووسه‌ران هه‌رخۆیان له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه هه‌ولێرییه‌كان ئه‌وه‌نده له‌وه دڵنیان، كه شاره‌كه‌یان شارێكی زۆر كۆنه و مێژووه‌كه‌ی بۆ هه‌زاران ساڵا ده‌گه‌ڕێته‌وه، له خۆشییان نووستوون. به‌ڵام سلێمانییه‌كان دڵیان پڕه له ترس و نیگه‌رانی به‌وه‌ی هه‌موو ده‌وروبه‌ر ده‌زانن دوو سه‌ده نابێت هه‌یه و خه‌ڵكێكی تێكه‌ڵا دایان مه‌زراندووه.
ئه‌گه‌ر وردبوونه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵناسانه بۆ ئه‌م بۆچوونانه بكه‌ین پێده‌چێت به‌شێكی زۆری ئه‌و پێشكه‌وتن و جوڵه به‌رده‌وامه‌ی له سلێمانیدا هه‌یه به‌شی هه‌ره زۆری په‌یوه‌ندی به‌و هه‌ستی به (میتاشار) بوونه‌یه‌وه هه‌بێت له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه. هه‌ر بۆیه به‌رده‌وامن له‌وه‌ی (وه‌ك كاروان و دوارۆژ ده‌ڵێن) شاره‌كه‌یان دروست بكه‌ن و گه‌شه‌ی پێبده‌ن. به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا (هه‌ولێر) وه‌كو شارێكی بێده‌نگ و زۆرجار وه‌ستاو ده‌ربكه‌وێت و ته‌نها شانازی به‌و مێژووه كۆنه‌وه بكات، كه هه‌یه‌تی. هه‌ربۆیه ده‌كرێت ئه‌م بۆچوونانه ته‌فسیری ئه‌وه هه‌ڵبگرێت كه بێده‌نگی (هه‌ولێر) له ئاستی رووداوه هه‌نووكه‌ییه‌كاندا و نه‌بوونی، یان لاوازی جوڵه‌ی سیاسی له‌و شاره‌دا له‌م ره‌هه‌نده‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت.
لایه‌نێكی تر له‌م رۆمانه‌دا ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه له‌گه‌ڵا خستنه‌ڕووی ئه‌م جیاوازییانه‌دا هاوكات چه‌ند جیاوازییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و لایه‌نی فه‌رهه‌نگی سلێمانیش خراوه‌ته‌ڕوو، كه خۆی له لایه‌نی بچووك، به‌ڵام گرنگی تایبه‌تمه‌ندی تاكی سلێمانیدا ده‌بینێته‌وه. له‌لاپه‌ڕه 128 دا هاتووه:
“ئه‌مه راستییه و نابێت نكۆڵی لێ بكه‌ین.. ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌ولێر به‌ریته ئه‌و سلێمانییه، ئه‌وا دوای چه‌ند مانگێك تێكڕایان ده‌بنه سلێمانی، به‌ڵام یه‌ك سلێمانی له‌ناو هه‌ولێر به‌سه، تا هه‌موو ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بگۆڕێت.”
“سلێمانییه‌كان كاتێ ده‌چنه هه‌ر شوێنێك، شاره‌كه‌یان چه‌شتی خاولی قه‌د ده‌كه‌ن و ده‌یخه‌نه جانتاوه، بۆیه له هه‌ر كوێیه‌ك بن، وا ده‌زانن له شاری خۆیانن و وه‌كو میوان له خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ڕوانن.. سه‌یر ئه‌وه‌یه هه‌ولێرییه‌كان له‌به‌رچاوی یه‌كتر شه‌رم ده‌كه‌ن وه‌ك سلێمانییان بدوێن، نه‌وه‌كا پێیان بڵێن خۆیان هه‌ڵده‌كێشن، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه كه هه‌ولێرییه‌كان پێیانوایه (زمان!!)ی سلێمانی پیرۆزه… “
بێگومان هه‌موو شارێك خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی جۆراوجۆری خۆیه‌تی و لاموایه ئه‌م به‌راوردكردنه‌ی نووسه‌رانیش له‌م رۆمانه‌دا زیاتر بۆ ئه‌وه‌یه تا ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه بخه‌نه‌ڕوو. چونكه هه‌رگیز دوو شاری دنیا نییه به‌ته‌واوی له‌یه‌ك بچن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی تێبینییه ئه‌وه‌یه ئه‌و جیاوازییانه‌ی نێوان هه‌ولێر و سلێمانی له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی دوو شاری زۆر له‌یه‌ك نزیكن و به یه‌ك زمان ئه‌دوێن. به‌ڵام جیاوازیه‌كان سه‌یر و مایه‌ی تێڕامانه. به‌و پێیه‌ی جیاوازییه‌كه له‌سه‌ر ئاستی كولتووری و مه‌عریفی و به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌و كه‌ش و هه‌وایه‌وه هه‌یه كه به‌درێژایی مێژوو ئه‌و شاره تێیدا ژیاوه بۆیه وه‌كو نه‌ریت و كولتووری ئه‌و شاره نه‌خشی له‌سه‌ر تاك به‌تاكی مرۆڤی هه‌ولێری به‌جێهێشتووه. هاوكات ئه‌و بارودۆج و ژینگه‌یه‌ی له سلێمانیدا هه‌بووه و تا ئێستاش درێژبۆته‌وه، ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاكار و بیركردنه‌وه‌ی تاكه‌كانی ئه‌م شاره هه‌بووه. بۆیه ره‌نگه منیش هاوبۆچوونم له‌گه‌ڵا نووسرانی ئه‌م رۆمانه به‌وه‌ی سلێمانی تا ئێستاش ته‌واو نه‌بووه و هه‌ر له قۆناغی (میتاشار)یدایه. بۆیه به‌رده‌وام خاوه‌نی جوڵه‌ی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه و شارێكی وه‌ستاو نییه و ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندیه دیاره‌كانی ئه‌م شاره.
خه‌ونی دروستكردنی شار
له‌م رۆمانه‌ی (كاروان و دوارۆژ)دا به وردی ئاماژه به بوونی شاری سلێمانی و پێگه‌ی سلێمانی كراوه و ئه‌و جیاوازی و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی ئه‌م شاره له‌گه‌ڵا شاره‌كانی تری كوردستان هه‌یه‌تی، بۆیه بۆ تێگه‌یشتن له یه‌كێك له تێماكانی نێو رۆمانهكهبهپێویستم زانی به كورتی له مێژووی دروستبوونی سلێمانی بدوێم.
سه‌ره‌تا گرنگه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دروستبوونی شاری سلێمانی كه ته‌مه‌نی دوو سه‌د تێده‌په‌ڕێنێت. ئه‌م شاره له‌لایه‌ن ئیبراهیم پاشای بابانه‌وه دروست ده‌كرێت و ده‌كرێته پایته‌ختی میرنشینی بابان. یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م شاره ئه‌وه‌یه كه سلێمانی له‌و شاره كوردییانه‌یه، كه كورد خۆی بونیادی ناوه و ته‌نها له فراوانبوونی چه‌ند گوند و خێڵێكه‌وه دروست نه‌بووه. به‌ڵكو بونیادنه‌رانی سلێمانی خه‌ونی دروستكردنی شاریان هه‌بووه به مانا مۆدێرنه‌كه‌ی. هه‌ر بۆیه بابانه‌كان پایته‌ختی میرنشینه‌كه‌یان له قه‌ڵاچوالانه‌وه گواسته‌وه بۆ سلێمانی و ئه‌م شاره‌یان له سه‌رجه‌م دانیشتوانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی و ئه‌م چه‌ند گونده نزیكه‌ی ناوه‌ندی ئێستای سلێمانی دروستكرد. بۆیه ئه‌گه‌ر تا ئێستاش سلێمانی وه‌كو (شار) سه‌یر نه‌كرێت، كه من تا ئێستا گومانم به (شار)بوونی سلێمانی هه‌یه. ئه‌وا ناكرێت ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو نه‌بێت، كه بونیادنه‌رانی ئه‌م شاره خه‌ونی دروستكردنی (شار)یان هه‌بووه. ره‌نگه ئه‌مه گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وت بێت بۆ كورد خۆی، وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه خه‌ونی دروستكردنی شاری هه‌بووبێت. هه‌ربۆیه ئه‌م شاره له زۆر رووه‌وه جیاوازه له شاره‌كانی تری كوردستان هه‌ر له رووه فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یه‌وه تا به‌و بزاته سیاسی و جوڵه رۆشنبیرییه‌ی له‌مشاره‌دا بوونی هه‌یه ده‌گات و تا ئێستاش درێژ ده‌بێته‌وه.
به‌گشتی ئه‌گه‌ر سلێمانی پێناسه‌ی كۆمه‌ڵناسان شارێكی كامڵا (ته‌واو) نه‌بێت، یان وه‌كو (كاروان و دواڕۆژ) له رۆمانه‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ده‌نووسن:
“شاری سلێمانی ته‌واو نه‌بووه..خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌رده‌وامن له‌ته‌واوكردنی..”
له‌م قسه‌یه‌ی هه‌ردوو نووسه‌ره‌وه چه‌مكی (میتاشار) ده‌رده‌كه‌وێت، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بینین سلێمانی شارێكه دانیشتوانه‌كه‌ی به‌رده‌وامن له دروستكردنی و ده‌یانه‌وێت بونیادی بنێت و هێشتا له قۆناغی میتا شارییدایه. هه‌ربۆیه ده‌كرێت بڵێین نه‌وه‌كانی ئێستاش هه‌مان ئه‌و خه‌ونه‌یان هه‌یه كه بونیادنه‌رانی سلێمانی هه‌یان بووه، ئه‌ویش خه‌ونی دروستكردنی شارێكی كوردییه. شارێك كورد خۆی یه‌كه‌م به‌ردی بناغه‌كه‌ی دانابێت و هه‌ر خۆیشی تا ئه‌به‌د به‌رده‌وامی به دروستكردن و گه‌شه‌سه‌ندن و په‌ره‌پێدانی بدات، تا ئه‌م شاره ببێته شارێك كه مۆری كوردان به هه‌موو كوچه و كۆڵانهكانییهوه هه‌بێت و به‌بێ سڵه‌مینه‌وه لای هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان باسی بكه‌ن.
به‌كورتی ئه‌گه‌ر سلێمانی تا ئێستا هه‌ر له قۆناغی میتاشاریدا بێت، ئه‌وا بێگومان نه‌وه‌كانی به‌رده‌وام خه‌ونی به(شار)كردنیان هه‌یه و ئه‌و خه‌ونه دوو سه‌ده زیاتره له‌گه‌ڵ نه‌وه‌كانی سلێمانیدا ده‌ژی.
به‌ر له كۆتایی
(هێنری جه‌یمس) له وتارێكی به‌ناوبانگیدا گوزارشتێكی جوانی هه‌یه كه من حه‌ز ده‌كه‌م لێره‌دا وه‌ك خۆی بینوسمه‌وه، كه ده‌ڵێت:
“رۆمان بوونه‌وه‌رێكی زیندووه، كه وه‌كو هه‌ر بوونه‌وه‌رێكی تر یه‌ك په‌یكه‌ری پێكه‌وه لكاوی هه‌یه و هه‌رچه‌نده زیاتر له ته‌مه‌نی بگوزه‌رێت، زیاتر ئاشكرا ده‌بێ كه له هه‌ر به‌شێكیدا نیشانه‌یه‌ك له ته‌واوی به‌شه‌كانی دیكه‌دا هه‌یه.”
له‌م قسه‌یه‌ی (جه‌یمس)ه‌وه ده‌مه‌وێت باس له یه‌كێك له سیماتایبهتییهكانی نووسینه‌كانی كاروان بكه‌م كه (درێژنووسی)ه، یان به گوزاریشتهكهی جه‌یمس (یه‌ك په‌یكه‌ری پێكه‌وه لكاو نییه) به‌ڵكو زۆرجار تێكسته‌كانی فره په‌یكه‌ر و فره رووداون، كه ئه‌م درێژنووسییه زۆرجار بۆته هۆی زیان گه‌یاندن به تێكسته‌كانی (كاروان) و هاوكات كهمخوێندنهوهشی. به‌و پێیه‌ی له زۆرێك له نووسینه‌كانیدا زیاد له تێمایه‌ك و زیاد له رووداوێك ئاماده‌ییان هه‌یه و ئه‌مه‌ش زۆرجار ده‌بێته هۆی (سه‌رلێشێوانی خوێنه‌ر) كه دواجار به زیانی تێكسته‌كانی كاروان ده‌شكێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته كه‌متر له‌م رۆمانه‌دا هه‌ستی پێده‌كرا و ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێك شوێندا خوێنه‌ر هه‌ست به بوونی رسته و په‌ره‌گرافی زیاده ده‌كات، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی كاره‌كانی تری نییه.
به‌گشتی (سواره‌كان به قاچاغ بووكیان گواسته‌وه) یه‌كێكه له‌و رۆمانانه، كه ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی تری بۆ بكرێت به‌تایبه‌ت له رووی ته‌كنیكی نووسینه‌وه، كه لاموایه له رووی ته‌كنیكییه‌وه ده‌كرێت شرۆڤه‌ی زیاتر ده‌قه‌كه بكرێت. به‌ڵام مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه‌ی من لێره‌دا كۆتایی دێت.
سوود له‌م سه‌رچاوه‌كان وه‌رگیراوه:
*كاروان عومه‌ر كاكه سوور و دوارۆژ كاروان كاكه‌سوور، (سواره‌كان به قاچاغ بووكیان گواسته‌وه)، له بڵاوكراوه‌كانی پرۆژه‌ی كتێبی یانه‌ی قه‌ڵه‌م، سلێمانی 2009.
*سه‌ید محه‌مه‌د خاته‌می، له دنیای شاره‌وه تا شاری دنیا، وه‌رگێڕانی: مه‌لا ره‌شاد، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری رۆشنبیری نما، هه‌ولێر 2006.
*فه‌ریده موممتاز، كۆمه‌ڵناسی شار، وه‌رگێڕانی: كه‌ریم قادرپوور و عوزه‌یر عوسمان، له‌بڵاوكراوه‌كانی مه‌كته‌بی رێكخراوه دیموكراتییه‌كانی (ی.ن.ك) سلێمانی 2007.
*كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر، تیۆری رۆمان، وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌د كه‌ریم، له‌بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ساڵی (2003).