Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
بەشێك لە مێژووی ڕۆژی 1ی ئایار…2

بەشێك لە مێژووی ڕۆژی 1ی ئایار…2

Closed
by May 5, 2012 گشتی

 

 

 

چیرۆکی (بەشداریی کۆمەڵایەتی)

هاوپەیمانی چینایەتی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتییەکانی ئاڵمان ڕیسا [سوننەتی] خۆی هەیە : ساڵی 1920 لە کۆماری ڤایمارەرWeimarer دا یاسای شوراکانی کارخانەی ئیمپراتۆری ئاڵمان پەسەند کرا. پاش جەنگی دۆراوی یەکەمی جیهانی (1914-1918) و شۆڕشی نۆڤەمبەری کرێکاران – و شوراکانی سەربازان (1918/19) سۆشیالدێمۆکراتی و یەکێتییەکانی وەك دەستەبژێری سەروەر خۆیان سەپاند. هەر ئەو سۆشیالدێمۆکراتە، ساڵی 1914 دەنگی بە جەنگی ئیمپراتۆریی دا، تاوەکو ‌دیسانەوە لەلایەن هێزە کۆنەپەرستەکانەوە وەك “نانیشتمانی” سووکایەتییان پێنەکرێت.

ڕابەڕانی پارتی سۆشیالدێمۆکرات ئالمان ئیبێرت Ebert و نۆسکە  Noske دەیانەویست بەشی خۆیان لە ولاتانی داگیرکراو “شوێنێك لەبەر خۆرەتاو”  بپچڕن، لەو ڕووەوە یەکێتییە سۆشیالدێمۆکراتەکانیش لەوپێناوەدا ئامادەبوون، لە کاتی جەنگی ئیمپریالیستانەدا دەم و دەست و پێ بەستراو بن.  ئەم گونجانە چینایەتییە وەك “هودنە” بووەتە سیمبوڵی میانجیکاریی و هاریکاریی (corporatism) یەکێتییەکان. ئیمپراتۆر (قەیسەری پروس) بە بەفەرمیناسین لە “یاسای کۆمەکیی خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکان”ی 1916دا سوپاسگوزاری کردن. لە ڕێکەوتننامەی ستینیس لێگیین Stinnes-Legien  نێوان ئەنجومەنی ناوەندیی کار (ZAG) لەتەك پیشەسازیدا سەرلەنوێ لە سالانی 1918 تا 1924 گیانی سازشکارانی تەبایی چینایەتی یەکێتییەکان خۆی دەردەخاتەوە.

1919 : ڕۆژی پشوو و ڕەشەکوژی

لەتەك سەرکەوتنی سۆشیالدێمۆکراتی لە کۆماری ڤایمەر Weimarer دا، ساڵی 1919 ئیتر ڕۆژی 1ی ئایار کرا بە پشوو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی”. بۆ ئەوەی چیتر یاداوەری کوشتاری مانگرتنە جەماوەرییەکەی 1886 لەپێناو 8 کاتژێر ڕۆژانەکاردا، نەبێت. سۆشیالدێمۆکراتەکان دەیانویست پشوویەکی یاساییانەی دەوڵەتیی، وەك “باڵاترین ئامانج پاراستنی کرێکاران و ئاشتی جیهانیی هەمیشە دابینکراو” نیشان بدەن. دەبوو ئەمە ببێتە “ئامرازێك بۆ یەکگرتن و تەبایی تەواوی گەل”.

لە یەکەمین 1ی ئایاری بە پشووکراوی ساڵی  1919دا کۆماری شۆڕشگێڕی میونیخ (Münch) لەلایەن سوپا و فاشیستەکانەوە سەرکوتکرا، سەدان کرێکار کوژران. هەزاران زیندانی کران و بە کوشتن یا زیندانی هەمیشەیی سزا دران. سۆشیالدێمۆکراتی ترسی ئەوەی هەبوو، کە لە ساڵانی داهاتووشدا ئەم ڕۆژە دووبارە ببێتە ڕۆژێکی خوێناوی پێکدادان لەتەك کرێکاراندا. هەر لەبەرئەوە ئەو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی”یە دەستبەجێ هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام سەرەرای ئەوەش لە زۆر بەشی (کۆماری ڤایمەر)دا ڕۆژی 1ی ئایار بە ڕۆژی پشوو مایەوە.

لە ئەپڕیڵی 1920دا میرایەتی سۆشیالدێمۆکرات ڕێگەی دا بە کۆمەکی ‌هێزی پارێزگاریی نیشتمانی (Reichswehr) و سوپای فاشیستی، ڕاپەڕینی کرێکارانی ناوچەی (Ruhrgebiet) کوشتوبڕ بکرێت و پشتیوانی لە بکوژان کرد. ئەو ‌هێزە سەربازییانەی، کە “لەپێناو قەیسەر و نیشتمان”  شۆڕشی نۆڤەمبەری 1918یان سەرکوتکرد، سەرلەنوێ بە چاوپۆشی میرایەتی سۆشیالدێمۆکرات، بزووتنەوەی دژە فاشیستانەی کرێکارانیان خەڵتانی خوێن کرد. بەڵام سۆشیالدێمۆکراتی و یەکێتییەکانیان لەو ئاستەدا نەبوون ئەزموون وەبگرن و بەر بە هەڵکشانی سۆشیالیزمی نەتەوەیی بگرن.

لە ساڵی 1924ەوە خۆپیشاندانەکانی 1ی ئایار لەسەر شەقامەکان (لە دەرەوە) قەدەخە بوون، لەبەرئەوە لەو سالانەدا هیچ شتێکی ئاوا نەهاتووەتە ڕوودان. ساڵی 1929 لە وەها بارێکدا سەرۆکی پۆلیسی بێرلین Zörgiebel خۆپیشاندانی 1ی ئایاری سەرکوت کرد، بۆ ئەوەی بەر بە مانگرتنی ڕۆژی 2ی ئایار، کە پارتی کۆمونیستی ئاڵمانیان (KPD) رایگەیاندبوو، بگرێت. لە (بەرلین) پایتەختی پروس، لەوێ کە 1ی ئایار (بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمان)ەوە ئەم ڕۆژە پشوو نەبوو، نزیکەی 8 هەزار کرێکار لە گەڕەکەکانی ڤێدینگ و  نۆیکلین Wedding ، Neukölln خۆپیشاندانی 1ی ئایاریان بەرپاکرد. هەرچەندە کە پارتی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمان تەنیا خوازیاری بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناو هۆڵەکان بوو، سۆشیالدێمۆکراتیك کوژرا، لەسەر ئەوەی کە نەیویستووە دەستبەجێ پەنجەرەکەی دابخات. سەرۆکی پۆلیس Zörgiebel ی سۆشیالدێمۆکرات باری نائاسایی ڕاگەیاند و لە دوو ڕۆژی دواتردا هەموو خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکانی مانگرتنی بە چەکی قورسی وەك دۆشکە سەرکوت کرد. 30 کەس لە نزیکەی 25 هەزاری خۆپیشاندەری بێچەك کوژران و سەدان کەسیش بریندار کران.

سۆشیالدێمۆکراتی و کۆنفیدراڵی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان (ADGB)

شالیاری کاری ئەوسای ولات تیۆدۆر لایپارت  Theodor Leipart (دامەزرێنەری “دێمۆکراتی ئابووری”ی بۆرجوازی) لە ساڵی 1921ەوە سەرۆکی کۆنفیدراڵی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمان (ADGB) بوو. بە دروشمەکەی “ڕێکخراو، خۆپیشاندان نییە!” لایپارت هەڵوێستی خۆپاریزانەی ناتوندوتیژی بەرامبەر نازییەکان نیشاندا و زۆریش تێکۆشا، تاوەکو بەرهەڵستی دژە فاشیستانەی کرێکاران سەرکەوتوو نەبێت.

پاش دەسەڵاتسپاردن بە سەرۆکشالیارانی دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمان ئادۆلف هیتلەر Adolf Hitler لە 1933دا، لایپارت هەوڵێکی ناکامی دا یەکێتییەکانی ئاڵمان بداتە پاڵ میرایەتی یاسایی نازی. لە ترسی لەنابردنی یەکێتییەکان، ئەو لە دژی ڕامیاریی مانگرتنی جەماوەری لە قسەکردن بەردەوان بوو و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی زارەکی و بێلایەنیی ڕامیاریانەی پارتیی، پشتی تێکرد.

دیکتاتۆری نازیی و کولتوری کار (کارپەرەستی)

لە 19. ئەپڕیڵی 1933دا کۆنفیدراسیۆنی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان ADGB ڕایانگەیاند، ئەرکی سەر شانی ئەندامانی یەکێتییەکانە، کە لە جەژنیی دەوڵەتیی ئایاردا بەشداری بکەن. کۆنفیدراسیۆنی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان داوای لە دەوڵەت کرد، کە “هێزی کار بەتەواوەتی ببێتە بەشێك لە دەوڵەت”ی پارتی دیکتاتۆری ناسیونال سۆشیالیست (سۆشیال نەتەوەیی). لە 1ی ئایاری 1933دا بەشێکی ئەندامانی یەکێتییەکان لەتەك نازییەکان بەکردەوە ڕێپێوانیان کرد. لە بێرلین لەبەردەم یەك ملیۆن ئاڵمانیدا هیتلەر ڕایگەیاند “سیمبولی خەباتی چینایەتی و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام، دیسانەوە دەبێتەوە بە سیمبوڵی یەکێتی باڵا و سەرنجڕاکێشی نەتەوە”. ئیتر دژە جولەکەبوون و دژە کۆمونیستبوون کرانە ئایینامەی دەوڵەت.

لە ڕۆژی دووەمدا (02.05.1933) نازییەکان بەهۆی “کۆمیتەکانی چالاکی بۆ پاراستی هێزی کاری ئاڵمانی- Aktionskomitee zum Schutze der deutschen Arbeit”ەوە کۆمەڵە کرێکارییەکان، بنکە و پارەی یەکێتییەکان دەستیان بەسەردا گیرا و سەرانی یەکێتییەکان (وەك تیئۆدۆر لایپارت) لە “زیندانی چاودێریی” ئاخێنران و ئەشکەنجە دران و هەندێکیان کوژران.

ناسیونال سۆشیالیستەکان (نازییەکان) لەڕێی زۆرەوە خەباتی چینایەتییان لەنێوبرد و بە “تێکۆشانی نەژادی”ی جێگەیان گرتەوە. لەجێی بەشداریی و دەنگداریی کرێکاران لە کارخانەدا، “رابەری کارخانە” و “بەرەی کاری ئاڵمان(DAF) “یان دانا. هەموو کرێکاران وەك “وەفاداری” کرانە ئەندامی زۆرەملێیانەی بەرەی کاری ئاڵمانی (DAF) و ئەنجومەنە سەرتاسەرییەکانی کرێکاران و کارمەندان کرانە یەکێتی یەکەیی [تاك یەکێتی – single union].

مافی مانگرتن هەڵوەشینرایەوە و دەبوو “بڕواپێکراوانی کار- Trustees of the work” وەك میانجیکار لە مشتومڕەکاندا ئاشتی کۆمەڵایەتی لەنێوان خاوەنکار و هێزی کرێکاراندا لە شوێنەکانی کاردا دابین بکەن. دەبوو هەموو ساڵێك بۆ 12 مانگ 1ی ئایار ناو بنێن و ڕاستەوخۆ لەژێر فەامانی شالیاریی کاری دەوڵەتی ئاڵماندا بوون. “ڕۆژی خەباتی چینی کرێکار” ی جاران کرابووە سیمبوڵی “کاری داهێنەرانە” وەك “نیشانەی هاوپشتی نەتەوەیی” لە “شۆشیالیزمی نەتەوەیی”دا.

لە ساڵی 1934ەوە 1ی ئایار چیتر هیچ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکارەوە نەمابوو و ناوی نرا بوو “ڕۆژی پشووی نیشتمانی نەتەوەی ئاڵمان”. دەبوو بە ڕازاندنەوەی درەختی ئایاری maypoles ، گۆرانیبێژیی، کاروانی ترومبێل و ڕپێوانی سەربازیی،1ی ئایار وەك جەژنی نەتەوەیی بێتە بەشی سەرەکی لە ئایدیۆلۆجی شۆشیالیزمی نەتەوەیی (NS). لە زۆر شوێندا وەك لاساییکردنەوەی پێشەنگیی بێرلین لە 1ی ئایاری 1933دا، تەنانەت درەختیان دەچاند، ئەوەی کە پێیان دەوت “داربەڕووی  هیتلەر”. هاوکات نازییەکان بە تیرۆر و ڕاونان پاشماوەی بزووتنەوەی کڕیکاریی (ئاڵمانیا و نەمسا)یان سەرکوتکرد. زۆرێك لە ئوردووگەکانی قەڵاچۆکردندا لەتەك جوولەکەکان و “ناکۆمەڵایەتییەکان – Asozialen (لە ڕوانگەی نازییەکانەوە)” بەهۆی کاری زۆرەملێوە لەناو بران. بەڕێکەوت نەبوو، کە لەسەر دەرگەی ئوردووگەی قەڵاچۆکردنی داخاو  Dachau ، دروشمی : “کار مرۆڤ ئازاد دەکات – !Arbeit macht frei” نووسرابوو. ئەم بارە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کە هێزەکانی بەرەی دژ لەپێس هەموویانەوە یەکێتی سۆڤیەت و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 8ی مای 1945دا کۆتایی بە دیکتاتۆریی سۆشیالیزمی نەتەوەیی دەهێنن.

یەکی ئایار پاش 1945

لە ساڵی 1946دا 1ی ئایار وەك ڕۆژی پشوو لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بە فەرمی ناسرا. بەڵام هێشتاکە دەتوانرا بانگەواز و کۆبوونەوە ئایارییەکان بەرتەسك بکرێن. ئەمڕۆکە لە ئاڵمانیا یەکی ئایار ڕۆژی پشووی یاسایی و پاڕێزراوە. لە ڕووی یاساییەوە پرسێکی هەرێمییە، بۆ نموونە لە هەرێمی نۆرد ڕاین ڤێستفالن NRW ئەم ڕۆژە ناوی ” ڕۆژی پابەندبوونە بە ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، تەبایی نێونەتەوەیی و ڕێزی مرۆڤایەتی”.

لە دەوڵەتەکانی سەرمایەداری دەوڵەتی بلۆکی خۆرهەڵاتیدا، ڕۆژی یەکی ئایار وەك “خەباتی نێونەتەوەیی و ڕۆژی پشووی خەڵکی کرێکار بۆ ئاشتی و سۆشیالیزم” لەلایەن فەرمانڕەوایە مارکسیست-لێنینیستەکانەوە دیاری کرابوو. بەشداریکردن لە ڕێپێوانە سەربازییەکاندا بە بەردەم ڕیزی ئەندامانی پارت و میوانەکانیاندا، ئەرکی بێچەندوچوونی کرێکاران و خوێندکاران بوو. وەك سیمبولی 1ی ئایار گوڵەمێخەکێکی سوور پێشکەش دەکرا یا وەك یاداوەریی سەرکوتکرانی بزووتنەوە کرێکارییەکان دادەنرا.

یەکی ئایار وەك نیشانەی دژەکۆمونیستانەی خۆرائاوا

پاپ پیوسی دوازدەهەم Pius XII کە لەسەردەمی کارگێڕییەکەیدا لە ساڵی 1939وە بەبێ ڕەخنە چاوپۆشی لە فاشیزم کردبوو، لە ساڵی1955دا 1ی ئایاری وەك یاداوەری یوسفی پیرۆز (باوکی عیسی) ڕاگەیاند، کە گوایە دارتاش بووە.

لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو [سەدەی بیست]ەوە لە بێرلین-ی خۆراوایی (BRD) یەکی ئایار بووەتە سیمبولی جەنگی میلیشیایی سەرشەقامەکان لەنێوان ئۆتۆنۆمەکان [خودموختارەکان] و پۆلیس. کە تێیدا سەنگەربەندی جەنگ و زیانگەیاندن، بەشێوەیەکی سەرەکی لە گەڕەکی کرۆیتسبێرگ Kreuzberg ڕوودەدەن، هەروا بەرادەیەك دانیشتوانی ئەو گەڕەکە و کەسانی دیکەی کە لە شوێنەکانی دیکەوە هاتوون، چالاکانە بەشداری تێدا دەکەن. بەزۆری ئێوارە خۆپیشاندانی چەپە رادیکاڵەکان، هەل بۆ توندوتیژی پۆلیس و پێکدادانەکانی دواتر دەڕەخسێنن.

لە ساڵی 1911ەوە لە هەندێك شاری ئۆروپیدا ڕێپیوانی “ڕۆژی ئایاری ئۆروپا- EuroMayday ” وەك ئەڵتەرناتیڤی ڕامیاریی بۆ جەژنە شەقامییەکانی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمانDGB بەرپا دەرکرێن. چالاکان دەیانەوێت لە وێنای ڕیزبەندی ڕەش و ئاهەنگگێران بە پاپموزیك و پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگی بەرهەڵستکاری کرێکارانی ناڕێکخراو و ناجێگیر، دووری بگرن.

ئەورۆکە لە ئاڵمانیا، نەمسا و بەشێکی سویسرا 1ی ئایار ڕۆژی پشووی فەرمییە، هەروەها لە وڵاتانی وەك برازیل، چاینا، فینلەند، فەرەنسە، یۆنان، ئیتالیا، مەکسیکۆ، کۆریای باکووریی، پۆتوگال، ڕوسیا، سوید، تایلاند، تورکیە، عیراق و هەدێك وڵاتی دیکە پشووی فەرمییە. سەرەرای ئەوەش هێشتاکە لە هەندیك وڵاتدا خۆپیشاندانە ئایارییەکان قەدەخە دەکرێن و بۆ سەرکەوتیان ڕێگە بە توندوتیژی پۆلیس و گرتن دەدرێت. بەڵام زۆربەی خۆپیشاندانە ئایارییەکان لەژێر کارایی بزووتنەوەی سوونەتیی کرێکاران و کۆمونیستەکان و بەرادەیەك پارتە سۆشیالدێمۆکراتەکاندا، لەناو ڕامیاریی نوێنەرایەتی و پارەلەماندا خۆیان گونجاندووە.

ئەوڕۆکە چیتر “بازرگانەکان و پێشڕەوانی بازار”، بۆ ئەوەی کرێکاران ئارام و خاو بکەنەوە، پێویستیان بە 1ی ئایار نییە. ئەو کارە یەکە یەکێتییەکان [یەکێتییە پیشەییەکان]ی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمان DGB خۆبەخۆیی ئەنجامیان داوە. هەردەم بەردەام هەوڵ دراوە، 1ی ئایار وەك پشووی فەڕمیی هەڵوەشێنرێتەوە، بۆ ئەوەی لەم ڕۆژەشدا وەك ئاسایی و بەبێ پاداشتی زیادەی کار، کار بکرێت.
بەڵام چ پشوو بێت یان نا: ئەوە تەنیا مانگرتنی هاوپشتی، بایکۆت و خەباتی ڕاستەوخۆن، کە هەموو ڕۆژیك دەکەنە 1ی ئایار!

سەندیکای ئەنارکیستی کۆڵن / بۆن
http://anarchosyndikalismus.org

سەرچاوەکان:
– هافبرۆد، مایکڵ : “مانگرتنی گشتی، 8 کاتژێر ڕۆژانەکار و یەکی ئایار. گەنجینەی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی کرێکاری”، ئامادەکردنی بلاکبۆکس ، بیلیفیلد 1997
Halfbrodt, Michael: „Generalstreik, Achtstundentag und Erster Mai. Ein Kapitel aus der radikalen Arbeiterbewegung“, Edition Blackbox, Bielefeld 1997
– کاراسێك، هۆرست: “هایمارکت، ئەنارکیستە ئاڵمانەکانی شیکاگۆ. وتە و ژیاننامە.” جاپکراوی کلاوس ڤاگنباخ، بێرلین 1973
Karasek, Horst (Hg.): “Haymarket. Die deutschen Anarchisten von Chicago. Reden und Lebensläufe.” Verlag Klaus Wagenbach, Berlin 1973

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.