وهگێڕ له منارهی ئاوهدانیی کاروان کاکهسووردا
هونهری گێڕانهوه به ههموو جۆرهکانیهوه :(ڕۆمان، چیرۆک، یادنووسی…تاد) له ئێستای بواری ئهدهبییدا زۆرترین خوێنهری بۆ خۆی قۆرخکردووه. بێگومان ڕووتێکردنی خوێنهر له گێڕانهوه ههروا له خوتوخۆڕایی نییه. بونیادی گێڕانهوهیش هێند هونهر و تهکنیکی تێدا بهکاردهبردرێ، که خوێنهر سهراسیمه دهکهن. بێگومان ههموو نووسهرێکی بواری گێڕانهوهیش له توانایدا نییه، ئهو هونهر و تهکنیککاریه بکات.
چیرۆک وهکو یهکێک له جۆرهکانی گێڕانهوه به زۆر شێوه پێناسهی بۆ کراوه. دهتوانین بێژین، ههر قوتابخانهیهکی ئهدهبی و ڕهخنهیی به پێی ئهو پێوهرانهی بۆ ئهدهب ههیبووه، پێناسهی چیرۆکیان کردووه. بۆ نموونه: سۆسیۆلۆجیسهتهکان له دیدێکی سۆسیۆلۆجیانهوه له چیرۆکیان ڕوانیوه. سایکۆلۆجیستهکان له ژێر ڕۆشنایی تیۆرهکانی فرۆید و یۆنگ پێناسه و ڕاڤهیان بۆ دهقی چیرۆک کردووه. فۆرمالیسته ڕووسهکان به شیوهیهکی تر…تاد. بۆیهیش کاتێک ئێمه دهمانهوێت، چیرۆکی نووسهرێک ڕاڤه بکهین، بێگومان دهبێ مێتۆدێک دیاری بکهین، تاکو پهرتوبڵاوی به توێژینهوهکه دیارنهبێت.
بونیادهکانی چیرۆک( ڕووداو، کارهکتهر، شوێن، کات، وهگێڕ…تاد) ههر یهکهوه گرنگی و تایبهتمهندی خۆی ههیه. ههمووشیان به ڕایهڵهیهکی پتهو بهیهکهوه بهستراون و پهیوهندیان ههیه. تهنانهت لێکجوێکردنهوهیان کارێکی سهخته. بهڵام ئێمه لێرهدا تهنێ لهبارهی یهک لهو بونیادانه (وهگێڕ) له کۆچیرۆکی(منارهی ئاوهدانی) کاروان کاکهسوور دهدوێین.
وهگێڕ له ڕووی زاراوهوه:
زاراوهی وهگێڕ له نێو ئهدهبی کوردیدا به زۆر شێوه بهکاردهبردرێت. له زمانی ئینگلیسی (Narrator) و له عهرهبی (الراوی – السارد)ی بۆ بهکاردێ. بهڵام له ئهدهبی کوردی وهکو زۆربهی زاراوهکانی تر ڕای جوایهزی لهسهره. ئهوهیش بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه ئێمه خاوهنی فهرههنگێکی زانستی بۆ زاراوهکانی زمانی کوردی نین. ههروهها ههر نووسهره و خۆی به کوردیزان دهزانێت. له کوردیدا بۆ ئهم زاراوهیه (گێڕهوه، گێڕهڕهوه، حیکایهتبێژ، چیرۆکبێژ، بێژهر، چیرۆکگێڕهوه، بگێڕ) بهکاردهبهن. بهلام ئێمه لهڕووی زانستییهوه (وهگێڕ)مان له ههموویان پێ پهسنتر بوو. ههروهها کوردی تره.
چهمکی وهگێڕ:
وهگێڕ ڕهگهزێکی سهرهکی چیرۆکه. بێ ئهم ڕهگهزه ههرگیز چیرۆک بوونی نییه. ئهم ڕهگهزه لهگهڵ دوو پێکهاتهی تر بونیادی گێڕانهوهکه له نێو چیرۆک دیاری دهکهن. ههر سێ پێکهاتهکهیش بریتیین له: وهگێڕ و بابهتی گێڕانهوه و بهردهنگ. وهگێڕ ” له پرۆسهی گێڕانهوهدا کهسێکه ڕوودا و بهسهرهاتهکان دهگێڕێتهوه، سا یان به شێوهیهکی زارهکی یان له میانی نووسراو یان کتێبێکهوه بێ”1 وهگێڕ ئهو کهسهیه ئهرکی گێڕانهوهی لهسهرشانه. ئهو ماسکهیه که ئهو کهسه له پشتییهوه پرۆسهی گێڕانهوهکه ئهنجام دهدات. بابهتی گێڕانهوهکه ئهوهیه که وهگێڕ له ڕێی گوتاری گێرانهوه بۆ بهردهنگی دهگێڕێتهوه. بۆیهیش وهگێڕ بهرپرسیاریهکی گرنگی لهسهرشانه، چۆن ئهو پرۆسهیه به سهرکهوتوویی و به تهکنیکێکی هونهری ئهنجام دهدات. چونکو دهبێ قهناعهت به خوێنهر بکات. ههروهها سیحرێک له خوێنهر بکات و تێکهڵی نێو ڕووداوهکانی بکات. وهگێڕ دهتوانێ زانیاری نوێمان پێببهخشێ، بهو واتهیهی چیرۆکنووس لهڕێی وهگێڕهوه کلتوور و فهرههنگی ئهو میللهتهمان پێدهناسێنێ. ئهمهیش مانای ئهوه نییه، وهگێڕ چیرۆکنووس، یان ڕۆماننووس بێ، نهخێر ههرگیز وهگێڕ چیرۆکنووس نییه، بهڵکه چیرۆکنووس تهنێ تایپێستی وهگێڕه. زۆرجار ئهم کێشهیه له نێو نووسینه بهناو توێژینهوهکان وهدیار دهکهوێ، که بۆ نموونه فلان وهگێڕ نووسهری چیرۆکهکهیه، یان فڵان کارهکتهر چیرۆکنووسه. ئهم تێڕوانینه ههڵهیه، چونکو ههرگیز ناتوانین بڵێن کارهکتهری سهرهکی ڕۆمانی(کۆلارهباز)ی (خالد حوسێنی)، ڕۆماننووسه. ئهگهر سهیری ئهم کارهکتهره بکهین، وهکو خالد حوسێنی پزیشکه، ههروهها منداڵی خۆی بهرباس دهدا. بهڵام ههرگیز خالد حوسێنی نییه. ئهو کارهکتهر و وهگێڕ و شوێنانهی له چیرۆکهکانی(کاروان کاکهسوور)دا ههن، هیچیان واقیعی نین، ڕاسته ههموو ناو و شوێنهکانی نێو چیرۆکهکانی کاروان له واقیعدا بوونیان ههیه، بهڵام ئهو ناو و کارهکتهر و شوێنانه، ههمووی ئهدهبین.
وهگێڕ ڕۆڵێکی مهزن له ههڵسوڕاندنی ڕووداو و بیرکردنهوهی کارهکتهرهکان دهگێرێت.ههروهها ههر تهنێ ئهرکی گێڕانهوهی لهسهرشان نییه، ئهمهیان به تایبهتی له ڕۆمانی نوێدا، که خۆیشی بهشداریهکی کارای نێو ڕووداوهکان دهکا. تهنانهت وهکو کارهکتهریش تهنانهت دهستی بهردهنگ دهگرێت و شارهزای نێو کۆڵانهکانی چیرۆکهکهی دهکا.” گێرەرەوە نایهەوێ بەردەنگەکەی هەر بە تەنیا لە زانیارییەکانی خۆی دا شەریک بکا. بەڵکوو دەیهەوێ جگە لەوەی ڕووداوێک بۆ بەردەنگەکەی دەگێڕێتەوە و لە ئاگادارییەکانی خۆی دا بەشداری دەکا، بەردەنگەکەی لە تاقیکارییەکانی خۆیشیدا بۆ گەیشتن بەڕاستی و چییەتی ڕووداوەکان بەشدار بکا. واتە وای لێ بێ بەردەنگ هەر بەتەنیا بیسەری گێڕهرهوه نەبێ بەڵکوو دەگەڵیشی دا، هەنگاو بە هەنگاو بۆ گەیشتن بە چییەتی و چۆنیەتی ڕاستییەکان، هەوڵ بدا و لە سەرکەتنەکان و شکستەکاندا هاوڕێی ڕاوی بێ. ئەم دەرەتانە کاتێک وەدی دێ کە گێڕەرەوە نەک هەر زانست و ئاگادارییەکانی بە بەردەنگەکەی ڕابگەیێنێ، بگرە نائاگاداری و نەزانینەکانیشی پێ ڕابگەیێنێ.”2 لێرهوه گرنگی ئهرکی وهگێڕمان بۆ وهدیار دهکهوێ. دهتوانین به ڕایهڵێکی نێوان دهق و بهردهنگی له قهڵهم بدهین. ئهو زانیاریانهی که له کن وهگێڕ ههن، جا چ به ڕاستهوخۆ، یان ناڕاستهوخۆ بێ بۆ بهردهنگی دهگوازێتهوه. لێرهوه گرنگی وهگێڕ وهکو ڕهگهزێکی بنهڕهتییه له پێکهێنانی بونیادی گێڕانهوه، دهسهڵات و توانای ههیه، زانیاری له جیهانی چیرۆکهکه و کهسایهتییهکان و کات و شوێن ههیه. ئهمهیش ئهو جۆره چیرۆکانه دهگرێتهوه که وهگێڕ له دهرهوهی چیرۆکهکهیه.
لهگهڵ پێشکهوتنی هونهرهکانی چیرۆک، وهگێڕێش پێشکهوت. تاکو سهردهمی (هێنری جێمس) وهگێر له هونهرهکانی گێڕانهوه چ چیرۆک، چ ڕۆمان، یهکجۆر وهگێڕمان ههبوو. ئهوهیش وهگێڕی ههمووشتزان بوو. ئهم وهگێڕه تاکه دهنگی نێو دهقهکان بوو. دهسهڵاتی بهسهر ههموو تهکنیک و فهزای چیرۆک و ڕۆمانهکان ههبوو. بۆ نموونه وهگێڕ له (ههزار و یهک شهوه)، (شههرزاد)ه. یان له ڕۆمانهکانی پێش سهدهی بیستهم، وهکو ڕۆمانهکانی (بهلزاک) ئهم جۆره وهگێرهی تێدا ههیه. وهگیرێکی تر ههیه که ههم خۆی له نێو ڕووداوهکانه، کارهکتهرێکیشه له نێو ڕووداوهکان.(دواتر جۆرهکانی وهگێڕ بهرباس دهدهین.)
وهگێر و گۆشهنیگای وهگێڕ (وجهه النڤر) پهیوهندییهکی پتهو و وردیان بهیهکهوه ههیه. چیرۆکنووس بیر و تێمهکانی ههروا به شێوهیهکی ساده و ساکار ناخاتهڕوو، بهڵکه له ڕێی گۆشهنیگای وهگێرهوه بۆ بهردهنگی دهخاته ڕوو. گۆشهنیگا کۆمهڵی بنهما و چهمکه، چیرۆکنووس لهسهر زاری وهگێڕ دهیچهسپێنێ له کارێکی هونهرییدا.” گۆشهنیگای وهگێڕ ئاماژهیه به ڕووی نیگای نووسهر که دهیهوی بیخاتهڕوو، لهبهر ئهوهی ههموو نووسهرێک به ئاگایی یان نائاگایی ئامانجیهتی ئهو بیرۆکهی که ڕهنگدانهوهی گهردوون و سرووشت و مرۆڤه له کنی بیخاتهڕوو، لهسهر ئهو بنهمایه گۆشهنیگای وهگێڕ بنکهیهکه ڕووداوهکانی له دهورهدا دهخولێتهوه”3 گۆشهنیگای وهگێر وهکو زومی کامێرایهکه لهوێوه خوێنهر دهتوانێ دیمهنهکان ببینێ. ئهو ڕێیهیه که وهگێڕ له کاتی پیشاندانی ڕووداوهکان تهعبیری لێدهکا. بۆیهیش گۆشهنیگای وهگێڕ چهمکێکی کراوهیه، ناتوانین کورتی بکهینهوه له ” زاراواهیهکی فیکری ،یان ئایدیۆلۆژی، بهڵکه دهلالهته له ههڵوێستی خاوهن کاره ئهدهبییهکه، یان تهنێ گۆشهنیگا فیکریهکهیهتی، به خستنهسهر ئهوه ئهو دهربڕێنه لۆژیکییهیه که نووسهر دیاری دهکا، تاکو به هۆیهوه گێرانهوهکهی پێشکهش بکا.”4 کهواته ئهو ڕێیه(گۆشهنیگا) تهنێ دووربینێکه سهیری ڕووداوهکانی پێدهکهین، ناکهوێته ژێر کاریگهری هیچ فیکر و ئایدیۆلۆژیهکی ناو ڕووداوهکان.
لێرهوه دهموێ جۆرهکانی گۆشهنیگا له دیدی چهند ڕهخنهگرێکهوه بهرباس بدهم، چونکو بهو هۆیهوه پهیوهندی نێوان وهگێڕ و پرۆسهی گێڕانهوهمان بۆ ڕوون دهبێتهوه. ههروهها لهوه تێدهگهین گۆشهنیگای وهگێڕ به پێی گهشهکردنی هونهرهکانی ڕۆمان ئهویش گهشهی کردووه، تهنانهت بۆته هۆی داهێنانی تهکنیکی فرهدهنگی که (باختین) له ڕۆمانهکانی (دیستۆفسکی) دۆزییهوه. که ئهم تهکنیکه به هۆی گۆشهنیگای کارهکتهرهکان هاتۆتهکایهوه. توێژینهوهکان له گۆشهنیگا به دوو قۆناغدا هاتوون. له سهرهتادا له ڕهخنهی ئهنگلۆ- ئهمریکی له سهرهتاکانی سهدهی بیست تاکو کۆتایی شهستهکانی ههمان سهده بهردهوام بوو. لهم ماوهدا تهنێ وهگێڕی ههمووشتزان گۆشهنیگای تایبهت به خۆی ههبوو، لهوێوه ڕووداوهکان دهبیندران، بهڵام له قۆناغی دووهم له سهرهتای حهفتاکانهوه تاکو ئێستاش بهردهامه. بۆیهیش به شێوهیهکی گشتی گۆشهنیگا بهسهر سێ جۆر دابهشکراوه:
1. گۆشهنیگای دهرهوه: نموونهی لهو جۆره چیرۆکانه (ڕۆمانانه)دا ههیه، که ڕووداوهکانی لهلایهن وهگێڕێکی نائاماده(غائب) گێڕدراوهتهوه.
2. گۆشهنیگای ناوهوه: نموونهی ئهو جۆره چیرۆکانه (ڕۆمانانه)ی که جێناوی(من)ی قسهکهر، یان گێڕانهوهی وهکو ژیاننامه نووسراون.
3. فره گۆشهنیگایی: داهێنانی ئهم جۆرهیان لهگهڵ داهێنانی فرهدهنگی بوو. له ڕۆمانه فرهدهنگییهکان بوونی ههیه. لهم جۆرهشیان دیستۆفسکی داهێنهر و ڕابهره.
(پێرس لۆبووک) یهکێکه له ڕهخنهگرهکانی تر که باس له گۆشهنیگا دهکا. جیاوازی له نێوان پیشاندان و گێڕانهوه دهکا. له پیشاندان وای دهبینێ، گێڕهوه چیرۆکهکه به خۆی بهبێ هیچ ناوبهندێک دهگێڕێتهوه، بهڵام له گێڕانهوهدا، وهگێڕ ئاگهداری جیهانی گێڕانهوهکهیهتی. ئهویش گۆشهنیگا به سێ جۆر دابهشدهکات:
1. پێشکهشکردنی پانۆڕامایی: وهگێڕی ههمووشتزان.
2. پێشکهشکردنی پهردهیی: لێره وهگێڕ ئاماده نییه(غائب)ه، ڕووداوهکان ڕاستهوخۆ پێشکهش دهکرێن.
3. تابۆیی: ڕووداوهکان له زهنی وهگێڕ، یان یهکێک له کارهکتهرهکان دان”5
کاتێک (لۆبووک) خوێندنهوهی بۆ ڕۆمانی (مهدام بۆڤاری)ی (فلۆبێر)ی کرد. دوو پێشکهشکردنی ڕووداوهکانی دیاریکرد:
یهکهم: پێشکهشکردنێکی پهردهیی که تێیدا وهگێڕ نائاماده(غائب)ه، له نێو ڕووداوهکان.
دووهم: پانۆڕامی به سرووشتێکی وێنهیی که لهوێدا وهگێڕی ههمووشتزان ئامادهیه.
دوای سی ساڵ (ڕالف فریدمان)ی ڕهخنهگر پهرهی بهم بۆچوونهی(لۆبووک) به شێویهکی تردا. (فریدمان) پهیوهندی نێوان وهگێڕ و ئهو بابهتهی که دهیگێڕێتهوه بهرباس دا، لهوێدا بهپێی پلهی بابهتی، ههشت ئاستی لهو پهیوهندییه دیاریکرد، که ئهمانهی خوارهوهن:”
1.ههمووشتزان: لێرهدا زانیاری وهگێڕ سنووردار نییه، ههروهها به شێوهیهکی ڕاستهوخۆ دهسهڵاتی بهسهر تهواوی چیرۆکهکه(ڕۆمان)دا ههیه. نموونهی ئهم شێوهیان به شێوهیهکی گشتی له چیرۆک و ڕۆمانهکانی کلاسیک وهکو: بهلزاک، چارلز دیکنز وهبهرچاو دهکهوێ.
2.ههمووشتزانی سنووردار: لێرهشدا وهکو شێوهی یهکهمه، بهڵام وهگێڕ و گۆشهنیگاکانی به ڕاستهوخۆ بهشداریی ناکهن، بهڵکه له ڕێی جێناوی نائاماده(الغائب) بهشدار دهبێ، نموونهی ئهمه له کن (نهجیب مهحفووز) دهبیندرێ.
3.(من) وهکو شاهید: گێڕانهوه لێره به جێناوی نائاماده(غائب)، دهبێ. لێرهدا وهگێڕ چیرۆکهکهی له زۆر لا دهگێڕیتهوه، ئهمهیش له ڕۆمانی(مرتفعات و ژرنج) ئهمیل برونتی وهبهرچاو دهکهوی.
4.(من)ی بهشدار:وهگێڕ لێرهدا له ئاستی کارهکتهری سهرهکییه، نموونهی ئهم ڕۆمانه(سهراب)ی نهجیب مهحفووز.
5.ههمووشتزانی فرهگۆشه: لێره گێڕانهوهکه ڕاستهوخۆ وهکو چۆن کارهکتهرهکان تێیدا دهژین، یان له هۆشیاریاندا ههیه پێشکهشدهکات. وهکو ڕۆمانهکانی(میرامار)ی نهجیب مهحفووز، (پێنج دهنگ)ی غائب گعمه وهبهرچاو دهکهوێ.
6.ههمووشتزانی تاکگۆشه: وهگێڕ گێرانهوهکهی وهکو ئهوهی تهنێ له هۆشیاری یهک کارهکتهر ههیه کورت دهکاتهوه، وهکو له ڕۆمانهکانی(دز و سهگ)ی نهجیب مهحفووز و (ڕێ) و (ڕوویهکی تر)ی فواد تکرلی.
7.شێوهی پهردهی درامی: لێرهدا تهنێ کار و ئاخاوتنی کارهکتهره بهشدارهکانی نێو ڕۆمان، نهک بیر و ههستیان پیشان دهدرێ، وهکو ڕۆمانی(زهنگهکان بۆ کێ لێدهدرێ؟)ی ههمینگوای.
8.کامێرا: ئامانج گواستنهوهی بهشێکه له ژیان، وهکو ئهوهی چۆن ڕوویداوه بهبێ گۆڕانکاری، ئهمهیش جوایهزی زۆر لهگهل ڕابردوو نییه.”6
پهیوهندی نێوان وهگێڕ و ئهو بابهتهی دهیگێڕێتهوه، ئهو گۆشهنیگایانهی وهگێڕ دهیاری دهکات. ههروهک(فریدمان) ئهو ههشت ئاستهی دیاریکردوه. بهمهیش پهیوهندییهکی ورد ههیه. ئهو ڕێیهی گێرانهوهکهی پێ پیشان دهدرێ، ههروا له خۆڕا و به شێوهیهکی عهبهسیانه نییه، بهڵکه کامیرایهک، گۆشهنیگایهکی پێویسته. ئهمه له چیرۆک و ڕۆمانی نوێدا لهگهڵ سهربهخۆیی بوونی کارهکتهرهکان له وهگێڕی ههمووشتزان، گۆشهنیگاکانیش فرهتر بوون. گۆشهنیگا جیهانبینی وهگێڕ و کارهکتهرهکانه، له ڕێی ئهو گۆشانهوه خوێنهر دهتوانێ کهشی گشتی چیرۆکهکه بزانێ. پهیدابوونی ئهو گۆشهنیگایانه، بێگومان ئهمانهیش پهیوهندیان به بابهتی گێڕانهوه و بهردهنگهوه ههیه، مانای گۆڕانی بنهڕهتی له پرۆسهی گێڕانهوهی چیرۆک ڕوویداوه. چونکو ئهدهب به شێویهکی گشتی، به ههموو ژانرهکانیهوه کهوته پهیوهندی درووستکردن لهگهڵ زانستهکانی تر. ئهمهیش له چیرۆک و ڕۆماندا کاری له بونیادهکانی ئهو ژانرانهکرد.
له سهرهتای شهستهکانی سهدهی ڕابردوو، (واین بۆپ) دهههوڵدا بوو، وێنایهکی تر بۆ گۆشهنیگای وهگێر پێشکهش بکا. ئهوهیش به دهرچوون لهو قالبهی که(لوبووک و فریدمان) دایانڕشتبوو. لهم بوارهشدا دوو توێژینهوهی پێشکهشکرد. یهکهمیان به نێونیشانی( ڕهخنهی گێڕانهوهیی له گۆشهنیگای ڕهوانبێژی)، دووهمیان به نێونیشانی(گۆشهنیگا و ماوه). لهمانهدا دهههوڵدا بوو، پهیوهندی نێوان ڕهگهز و ڕووداوهکان بدۆزێتهوه.” (بۆپ) سێ جۆری له گۆشهنیگا و وهگێڕ دهیاریکرد:
1. نووسهری ناوهوه(خودی دووهمی نووسهر): ئهو کارهکتهره خواستراوهیه، که جوایهزه له کهسایهتی خودی نووسهر.
2. وهگێڕی نادیار: ئهو وهگێڕهی شاراوهیه و وهدیار ناکهوێ.
3. وهگێڕی دیار: ئهوه وهگێرهی ئاشکرایه و زانراوه.”7
لهبهر ئهوهی گۆشهنیگا و وهگێڕ ئهو پهیوهندییه توندوتۆڵهیان بهیهکهوه ههیه، جاری وا دهبێ کارهکتهرهکێنیش گۆشهنیگای خۆیان ههیه. ئهمهیش کاتێک دهبێ، که بهشێک له گێڕانهوهی ڕووداوهکانیان بکهوێتهسهرشان. لێرهدا بهتایبهت ئهگهر چیرۆکهکه فرهدهنگ بێ، کارهکتهریش ڕۆڵی وهگێڕی پێدهدرێ. چونکو جاری وادهبێ کارهکتهر تهنێ له شێوهی دهنگ وهدیار بکهوێ. وهکو بوون ههستی پێناکرێت، بهڵکه دهنگێکه و دهبیسترێت، ئهمه لهبهرئهوهی بهشداری نێو ڕووداوهکان دهکا، بۆیهیش به کارهکتهر ههژماردهکرێ. زۆر زهحمهته له چیرۆک و ڕۆمان گۆشهنیگا له بونیادهکانی تری چیرۆک و ڕۆمان جوایهز بکرێتهوه. گرنگی و تایبهتی خۆی ههیه. بۆیهیش ڕهخنهگران و توێژهرانی ئهم بواره به بایهخهوه لێیان ڕوانیوه. چهندان ڕای جوایهز لهم بوارهدا درووستبوون، هێندێکمان خستنهڕوو.
(تۆدۆرف)ی ڕهخنهگر، به شێوهیهکی تر له گۆشهنیگا دهڕوانێت. ئهو لهسهر ئهو بنهمایهی که وهگیر و کارهکتهرهکان پلهیان بۆ دادهنێت. تۆدۆرف وهگێڕ و کارهکتهرهکان ئاستی بهرزونزمیان بهرانبهر یهکتری دیاریدهکا. بهم شێوهیهی خوارهوه:”
1.وهگێر >کارهکتهر(بینین له دواوه): وهگێڕ زانیارییهکان له کارهکتهرهکان زیاتر دهزانێ.
2.وهگێڕ=کارهکتهر( بینین لهگهڵ کارهکتهر):زانیاریهکانی وهگێڕ یهکسانه به زانیاریهکانی کارهکتهر.
3.وهگێڕ<کارکتهر(بینین له دهرهوه): وهگێڕ لێرهدا زانیارییهکانی کهمن، کهمتر له کارکتهرهکان دهزانێ.”8 بهپێی ئهم دابهشکارییه ئاستیهی تۆدۆرف، جۆرهکانی وهگێڕیش دهتوانین دیاریبکهین. لێرهدا دهبینین گۆشهنیگا و وهگێڕ تێکهڵ به یهکتری دهبن. ئهمهیش کاردهکاته سهر بونیاد و شێوازی چیرۆکهکه و بههێزی دهکات. بههۆی ئهو شێوازهوه فهزا و کهشێکی سیحری وا دهنێو ڕۆمانهکه درووست دهبێ، که کار له خوێنهر دهکا و قهناعهتی لهکن درووست دهکا. وهگێڕ وهکو هۆیهکه بۆ پێشکهشکردنی وێنهکان، وهکو تهکنیکێکی هونهرییه بۆ پیشاندانی ئهو جیهانه وێنهییه که پێکهاتووه له ئهزموونی کهسهکان، ئهمهیش لهسهر ئاستی عهقلی، یان یادوهری دهبێ. ههر بههۆی گۆشهنیگای وهگێڕ ئهو ئهزموونه لهسهر ئاستی چیرۆکی دهبێته ئهزموونێکی تاقیکراوه و تۆمارکراو، که پشتی به زمان و هونهرهکانی بهستوه.
گۆشهنیگای وهگێڕ ئهو خاڵه خهیاڵیهیه، لهوێوه ڕوودانی ڕوواوهکانی چیرۆک دهگێڕدرێتهوه. جیهانی ئهو خاڵه دهکرێ له سێ ڕهگهز دهستنیشان بکرێ ئهوانیش ” جێ(الموقع) ، گۆشه(الجهه)، ماوه(المسافه)”9، ئهمهیش کاتێک وهگێڕ ئاستی هۆشیاری ههبێ:
1.جێ(الموقع): ئهمه ئهو خاڵهیه، لهوێوه وهگێڕ وێنهی چتهکانمان بۆ دهگێڕێتهوه. وهکو کامێرا له نێو کهشتییهک، ههر شوێنێك، بۆ نموونه، جارێک له ژووری کهشتییهوانه، جارێک له ژووری خواردنه.
2.گۆشه (الجهه): ئهو گۆشانهی وهگێڕ له چیرۆکدا ههیهتی، فرهن. وهکو گۆشه شوێنییهکان، که وهگێڕ وهسپی شوێن و کارهکتهرهکان دهکا. یان گۆشه کاتییهکان وهکو وهگێر ڕووداوهکان به ساتی ڕابردوو، یان ئێستایی، یان داهاتوو دهگێڕێتهوه. بهشداری ڕووداوهکان دهکا، یان تهنێ وهکو گهواهیدهرێک دهمێنێتهوه.
3. ماوه(المسافه): ئهمهیش ماوهی نێوان وهگێر و ئهو جیهانهی دهگێڕێتهوه دهگرێتهوه. ئهمهیش کار له گوتاری وهگێر دهکا.
تاکو ئێره پهیوهندی نێوان وهگێر و گۆشهنیگای وهگێڕمان تا ڕادهیهک بهرباسدا. بهمهیش بۆمان وهدیارکهوت که زۆر زهحمهته ئهو دوانه له یهکتری جوایهز بکرێنهوه.
جۆرهکانی وهگێڕ:
ئهگهر سهیرێکی مێژووی چیرۆک بکهین، تا ههنووکه لهیهک چوارچێوهدا نهماوهتهوه. بهڵکه له چیرۆکهکانی(دیکامیرۆن)ی (پۆکاشیۆ)وه تاکو ئێستا به درێژایی مێژوو چیرۆک به ههموو بونیاد و ڕهگهزهکانییهوه گۆڕانی بهسهردا هاتووه. وهگێڕیش وهکو ڕهگهزێکی بنهڕهتی چیرۆک و ڕۆمان گۆڕاوه. لهبهر ئهوهی چیرۆکنووس و وهگێر پهیوهندییهکی پتهویان به یهکتریهوه ههیه(ناڵێم یهک چتن، دهڵێم پهیوهندیان ههیه)، ههر کاریگهریهک بۆ سهر چیرۆکنووس، کار له وهگێڕیش دهکا. بۆ نموونه جاران چیرۆکنووس و وهگێڕ به یهک چت دادهنرا، که ئهمه ههڵهیه، چونکو وهگێڕ له کاتی گێڕانهوهدا زۆر ئاڵوگۆڕی له نێو ڕهوتی ڕووداوهکان دهکا.” ئاڵوگۆڕیهک درووست دهبێ لهلایهن حهکایهتخوانهوه له کاتی گێڕانهوه و به حهکایهتکردنی ڕووداوهکان و ئامۆژگاری و پهندهکان، چونکه سیفهتی ڕیکخستنی ڕوودا و زمانهوانی ئهرکێکه گێڕانهوه دهیگرێتهخۆ. بهمهیش گێڕانهوهکه له ڕۆڵی حهکایهتخوان و ڕۆڵی کهسایهتییهکانی تر بێ بهش نابێت و مهزنی خۆی دهردهخات و سیمایهکی نوێ به گێڕانهوهکه دهدا”10 کهواته وهگێڕ کاریگهری لهسهر ڕهوتی گێڕانهوهکه دهبێ.
وهگێڕ دوو جۆری بنهڕهتی ههیه، یهکهمیان وهگێڕی بابهتی، دووهمیان وهگێڕی خودییه. ههریهک لهم دوو جۆرهیش دهبن به چهند جۆری تر. ههریهک لهم جۆرانهیش سرووشت و گۆشهنیگای تایبهت به خۆیان ههیه. (د.عهبدولڕهحمان کوردی) ڕهخنهگری میسری له کتێبی(وهگێڕ و هونهری چیرۆکنووسی) نزیک به حهوت جۆر وهگێڕی سهرهکی دهستنیشانکردوه: (وهگێڕی دیار و نادیار، وهگێڕی باوهڕپێکرا و باوهڕپینهکراو، وهگێڕی ههمووشتزان،وهگێڕی بهشدار بوو و بهشدار نهبوو، وهگێڕی دهرهوه و ناوهوه، وهگێڕ به جێناوی”من” و وهگێڕی نائاماده، وهگێڕ زانیاری و سهرچاوهکان سنووردار دهکا و وهگێڕێک نایکا)11، لهکن وی ههریهک له جۆرانهیش چهند ورده جۆری تری لێ دهبێتهوه. ئهمانیش ئهمانهنن:
1. وهگێڕی دیار و نادیار:ئهمهیش دوو جۆری ههیه:
ا.وهگێڕی دیار: ئهم جۆره وهگێڕه به ئاشکرا له نێو چیرۆکهکه بوونی دیاره، دهسهڵاتی تهواوی بهسهر ههموو کهشی دهقهکه ههیه، واته دهنگی تهواو زاڵه، تهنانهت له بیرکردنهوهی کارکتهرهکانیش ئاگهداره.
ب.وهگێڕی نادیار: ئهم وهگێڕه دهنگی ههستی پێدهکرێ، بهڵام نادیاره، چۆن لێرهدا ئهمه دهناسینهوه؟ بههۆی جێو گۆشهنیگاکانی، وهکو کامیرای شاراوهیه.
2. وهگێڕی باوهڕپێکرا و باوهڕپینهکراو: ئهمهیان له جۆری یهکهم(باوهڕپێکراو) وهگێڕ شوێنه واقیعییهکان وهکو شارهکان، ڕووداوه دیارهکان بۆ نموونه ڕاپهڕینی1991 کوردان، دههێنێتهوه بۆ ئهوهی باوهڕی خوێنهر بچهسپێنێ، ئهم جۆره وهگێڕه زۆرتر بهکاردهبرێت بهتایبهت له قۆناغی کلاسیک. ههرچی وهگێڕی باوهڕپێنهکراوه به پێچهوانهوه، زێتر له ڕۆمانی نوێ بهدیار دهکهوێ وهکو لهکن”فاکنهر، جیمس جۆیس، هنری جهیمس…تاد”
3.وهگێڕی ههمووشتزان: ئهو وهگێڕهیه زانیاری تهواوی لهبارهی ههموو ڕووداوهکانهوه ههیه، ههموو چیرۆک و ڕۆمانه کۆنهکان ئهم جۆره وهگێڕهیان ههیه. ئهمهیشیان سێ ئاستی ههیه:
ا.وهگێڕێک له کارهکتهرهکان زیاتر دهزانێ.
ب. وهگێڕێک بهقهد کارهکتهرهکان زانیاری دهزانێ.
ج.وهگێڕێک له کارهکتهرهکان زانیاری کهمتر دهزانێ.
4.وهگێڕی بهشدار و بهشدارنهبوو:ئهمهیان دهکهوێته سهر ئهو ماوهیهی دهکهوێته نێوان وهگێڕو کارهکتهرهکان، ئهگهر ماوهیهک دهنێوانیاندا نهبوو، ئهو وهگێڕه له ڕووداوهکان بهشدار دهبێ، بهڵام ئهگهر ماوهیهک ههبوو، ئهوا ڕهنگه بهشدار نهبێ.
5.وهگێڕی دهرهوه و ناوهوه: ئهو وهگێڕهیه که به ههستهکانی، گوێی، چاوی، لووتی ههست به چتهکان دهکاو دهیانگێڕێتهوه، ئهمهیان تهنێ وهسپی ڕووداوهکان دهکا. ههرچی وهگێڕی ناوهوه ههموو چیرۆک و ڕۆمانه سایکۆلۆجییهکان دهگرێتهوه، یان ئهوانهی به شهپۆلی هۆش دهنووسرێن.
6. وهگێڕی جێناو(من) و وهگێڕی نائاماده: ئهم جۆرهیان لهسهر بنهمای پیشاندان و پێشکهشکردن دێ، له نائاماده وهگێڕ له پشت گوتاری گێڕانهوه دهوهستێ.
7.وهگێڕێک سهرچاوه و زانیارییهکان سنووردار دهکا و وهگێڕێک نایکا: ئهمهیان لهسهر بنهمای گهیاندنی زانیاری دهبێ.
8.وهگێڕی چاودێر: ئهم جۆرهیان چاودێری ڕهوتی ڕووداوهکان دهکا.
جۆری ههشتهم خۆمان درکمان پێکردووه. ههریهک لهم جۆرانه له نێو دهقی چیرۆکدا ههروا بهبێ کار نایهت. بهواتهیهکی تر ئهم جۆرانهی وهگێڕ ئهرکێکیان ههیه. ئهرکی وهگێڕ لهنێو چیرۆکدا وهکو شێوهیهک له تهکنیکه، چونکو ههریهک له وهگێڕهکان دهبێ بهشێوهیهکی هونهری ئهو ئهرکهی لهسهرشانیانه ئهنجامی بدهن. واته چۆنیهتی گێڕانهوهکه بۆ ڕاپهڕاندنی ئهو ئهرکهی وهگێڕ، تاکو ئێستا توێژهران و ڕهخنهگران چهندان ئهرکیان بۆ وهگێر دهستنیشانکردوه. وهکو ئهرکی پهیڤین، ههواڵدان، باوهڕپێهێنان، دهستپێکردنی چیرۆک، ههڵسهنگاندن، ئێستاتیکی، ڕاڤهکردن و لێکدانهوه، ڕازاندنهوه…تاد. ئهم ئهرکانه زێتر له ڕۆمانی نوێدا، به تایبهتی ڕۆمانی فرهدهنگی وهدیار دهکهوی، مهبهستم ئهوهیه له چیرۆکی(ڕۆمان) تاکدهنگی یهک وهگێڕمان دهبێ، کهواته زۆربهی ئهرکهکانی دهکهوێته سهرشان، ڕهنگه نهتوانێ ئهو ئهرکانهی خراونهته سهرشانی به تهواوی جێبهجێیان بکات. بهڵام له چیرۆکی (ڕۆمان) فرهدهنگیدا به حوکمی ئهوهی چهند وهگێڕمان ههن، ههر یهک لهو وهگێڕانه بهشێک له گێڕانهوهی ڕووداوهکانی لهسهرشانه، کهواته ههریهک لهوانه ئهرکێکی دهکهوێتهسهرشان، بهمهیش ئاسانتر لێره ئهنجام دهدرێ، بهوهی ئهرکهکان دابهش دهبن، ههر کارهکتهره، وهگێڕه بهپێی ئهو جێو شوێنهی ههیهتی ئهرکهکهی ئهنجام دهدا. ئهمهیش ههروا ناکرێ، بهڵکه دهبی بهشێوهیهکی هونهری بکرێ. لێرهوه ئهو بهرپرسیاریهتهی لهسهرشانیهتی بۆ قهناعهتپێکردنی خوێنهر به دیاردهکهوێ، دهبێ به شێوهیهک پهیامهکهی ئهنجامبدات، که خوێنهر سهرسام بکا.
وهگێڕ له منارهی ئاوهدانیدا:
منارهی ئاوهدانی نوێترین بهرههمی چیرۆکی کاروان کاکهسووره. ئهوهی دهموێ لهم بهرههمهدا پراکتیکی بکهم، وهگێڕه لهم بهرههمهی کاروان. ئیشکردنی کاروان ههمیشه ئیشکردنێکه له نێو کهرهسهکانی ڕابردوو. ڕابردوو ستایلی کاروانه، بهڵام ئیشکردنهکه جوایهزه. واته هێنده هونهر و تهکنیکی تێدا بهکاردهبا، وا له خوێنهر دهکا، که له ئێستادا ڕووداوهکان ڕوو دهدهن. ئهو کارهکتهر و ناوانهی چیرۆکنووس له چیرۆکهکانی دهیانهێنێ، وهکو ناو ههن، بهڵام کهسی واقیعیی نین. ههروهک (بهختیار عهلی) له پێشهکی ئهم بهرههمدا دهڵێ: ئهو واقیعهی کاروان پێم نیشاندهدا، ههمان ئهو واقیعه نییه که ههیه، ئهو کوردستانه، ههمان ئهو کوردستانهی ههیه، نییه. ئهو ههولێرهی باسی دهکا، ههمان ههولێری واقیع نییه. ئهم به ئهفسانهکردنی واقیعه لهکن کاروان ئێشکردن و ستایلیهتی.
وهگێڕ له چیرۆکهکانی نێو ئهم بهرههمه، فرهجۆره. دهتوانین، چیرۆکهکان به فردهنگ ههژمار بکهین. بهو مانایهی هیچ وهگێڕێکی تاکدهنگ لهم چیرۆکانه نییه. وهگێڕی ههمووشتزان ههیه، بهڵام ههرگیز ئهو وهگێڕه ڕێ به کارهکتهر و دهنگهکانی تر، له دهربڕینی دهنگی خۆیان ناگرێت. ئهم ڕێنهگرتنه وا دهکات کارهکتهر و دهنگهکانی تر سهربهخۆییان ههبێ. بتوانن خاوهن دهنگی خۆیان بن، خاوهن بیر و فیکری خۆیان بن و چیرۆکی خۆیان ههرنا له ڕێی وهگێرهوه بگێڕنهوه.
له چیرۆکی(1985) وهگێڕ(من)ه. ئهم وهگێڕه به شێوهیهکی گشتی ئهرکی گێڕانهوهی لهسهرشانه. بهڵام وهگێڕێکی لاوهکی ههیه که (ئهو)ه. ئهم دوو وهگێڕه به هاوبهشی ورده چیرۆکهکانی نێو ئهم چیرۆکه دهگێڕنهوه. که دهڵێم ورده چیرۆک، مهبهستم ئهو تهکنیکهیه که(ماریۆ بارگاس یۆسا) ناوی دهنێت:”قوتووی چینی”، واته چیرۆک له نێو چیرۆک. لهم چیرۆکهدا چهند ورده چیرۆکێک ههن وهکو: ” چیرۆکی ئهو، چیرۆکی بۆتان(هاوڕێی سایب ئهکرهم – سهردهمی زانکۆ)، (من) چیرۆکی خۆی و ئاواز، چیرۆکی(ئهو) و سروود مهڕوان”.
وهگێڕهکان لهم چیرۆکهدا هێندێکجار شوێنی یهکتری دهگرنهوه. وهگێڕی(من) له سهرهتا و ناوهراستی چیرۆکهکه زانیاری له (ئهو)ی هاوڕێی زانیارییهکان کهمتر دهزانێ، چونکو (ئهو) بهسهرهاتهکهی له نووکهوه بۆ دهگێرێتهوه، ههروهها ناوونیشانی شوینی نیشتهجێبوونی ئیستای پێدهڵێ.
وهگێڕی لاوهکی(ئهو) له ڕێی ئێمایلهکانییهوه که بۆ(من) وهگیڕی سهرهکی دهینێرێ، له ڕێی ئهویشهوه بۆ ئێمهی دهگیڕێتهوه. واته ئهو له ئیمایلهکان وهگێڕێکی سهربهخۆیه و خاوهن دهنگی خۆیهتی، بهبێ ئهوهی (من) وهگێڕی سهرهکی دهستبخاته کاری گێڕانهوهکهی، تهنێ هۆکارێکی گواستنهوهی زانیاریهکانه. تهنانهت له نووسینی زانیاریهکان بۆ (من) دهسهڵاتێکی زاڵی ههیه.” خۆ به سهرێ زۆرم پێخۆشه ههتا ئیستا ئهو چیرۆکهت نه نووسیوهتهوه…وهکو خۆت دهزانی ئهوسا لهو ڕێستوڕانته وا ڕێك کهوتین، که بههیچ شێوهیهک ناوی من نههێنیت و تا ماوین نهێنی بێت له نێوانماندا، چونکه ئهوه شتێک نهبوو بگێڕدرێتهوه…..”12 ههر له رێی ئهم ئیمایلانهوه بۆ ڕابردوو دهگهڕێتهوه.
ههر لهم چیرۆکهدا جۆرێکی تری وهگێڕمان ههیه. ئهوهیش وهگێڕی ههمووشتزانه. له دهرهوهی چیرۆکهکه وهستاوه و ئاگهداری ورد و درشتی چتهکانه. ئهم وهگێڕه جیایه له وهگێڕی سهرهوه، که له ههمان چیرۆکدا ههیه. له لاپهڕه(54). دهستپێکێ بهم وهگێڕه دهستپێدهکا.” ههنگاو ههنگاو دوای (ئهمهل فهلهکی) دهکهویت، بهبی ئهوهی لهو تێبگهیت ئاخۆ تا چ ڕادهیهک لهگهڵت ڕاستگۆیه…” ئهم وهگێڕه نادیاره، ههمووشتزانه، زانیاری زیاتر دهزانێ، تهنانهت ئاگهداری ئهو ههستانهیه، که کارهکتهر(تۆ) ههستی پێدهکات. به(تۆ) دهڵیت واتگوت، یان ئهو وایگوت.
وهگێڕی ههمووشتزان چیرۆکی(تۆ) دهگێڕێتهوه. له کۆتاییدا وهگێڕ دهبێتهوه به (من)، لێرهوه چیرۆکنووس سهرهتا و کۆتایی چیرۆکهکهی بهیهکهوه دهبهستێتهوه. بهم پهرهگرافهی کۆتایی چیرۆکنووس قوفلێك له چیرۆکهکهی دهدات.
له چیرۆکی(منارهی ئاوهدانی)، وهگێڕی نادیار بوونی ههیه، ئهم وهگێڕه له دهرهوه وهستاوه و ئاگهداری ههموو چتێکه. ههر له ڕێی ئهو زانیاریانهی دهیزانێت کارهکتهر بۆ ڕابردوو دهگهڕێنێتهوه. بۆ ژیانی منداڵی، ئهو کاتهی له تیمێکی تۆپیپێ بووه. له ڕێی بهکاربردنی زاراوهکانی تایبهت به تۆپیپێ له زمانی ئینگلیسی. ههر له نێو ئهم چیرۆکه، چیرۆکی هێنانهوهی تهرمهکان ههیه، ئهمهیش کۆدێکی تری ئهم چیرۆکهیه. ئهرکێکی دیاری ئهم وهگێڕه ئهوهیه له بری کارهکتهرهکان ڕابردوویان بۆ دههێنێتهوه. وهگێڕ له بری کارهکتهر بۆ ئێمهی خوێنهر دهپهیڤێت.” وا ورده ورده باوهڕ به مهسهلهکه دههێنیت، بگره دهگهیته ئهوهی بڵێیت پێشتر ههموو ئهو شتانهت زانیوه، بهڵام لهبهر ههر هۆیهک بێت بیرت چوونهتهوه… به خۆت دهڵێیت ڕهنگه کهسانی دیکهش ههبن وایان به سهر هاتبێت…ههقی خۆشته وا بیربکهیتهوه… لهوانهیه سبهینێ ئهم بهسهرهاتهت بکرێته چیرۆک…”13 بهههمان شێوه له لاپهڕه(114) وهگێڕ لهبری کارهکتهر دهپهیڤێ. یهکێ له ئهرکهکانی وهگێڕ له زۆر شوێنی ئهم چیرۆکه ڕوونکردنهوهیه، وهکو لهلاپهڕه(115 و119) له ڕێی هونهری دیالۆگهوه ڕوونکردنهوه دهربارهی کوشتنی(ست ساماڵ) لهلایهن کوڕهکهی(سامان).”ههموو ئهمانه بخهره لاوه، بهلام دهبێت کێ(ست ساماڵ)ی کوشتبێت…؟!
– من کوشتم ڕیزێریڤ گیان.
– تۆ…؟!چۆن…؟!
– به چهقۆ…سکیم ههڵدڕی.
– چۆن توانیت…؟!ئێوه یهکترتان زۆر خۆشدهویست… کهم کوڕ و دایکی وهک ئێوهم له ژیانمدا بینیوه، بۆیه ناتوانم باوهربکهم”
پێش ئهوه خوێنهر ئاگهداری ئهوه نییه، کێ دایکی سامانی کوشتووه. وهگیڕ له ڕێی زهمینهسازکردن بۆ ئهم دیالۆگهی نێوان کارهکتهرهکان ئهوهمان بۆ ڕووندهکاتهوه کێ (ست ساماڵ)ی کوشتووه. ههرچهنده کارهکتهری سهرهکی(ڕیزێریڤ) به منداڵی عاشقی ئهو ئافرهته بوو. ههروهها له ڕێی ئهم دیالۆگانهوه، خوێنهر ئهوهی بۆ ئاشکرا دهبێ، که (ست ساماڵ) سێکسی لهگهڵ ههموو یاریزانانی تیمهکه کردوه.
ئهرکێکی تری وهگێڕ، ورووژاندنی پرسیاره، یان ئهرکی پرسیارکردن. ههر لهم پهرهگرافهی سهرهوه پرسیار ورووژێندراوه بۆ ئهوهی زانیاری زیاتر ئاشکرابکرێ. وهگێڕ ئهرکێکی تر دهخاته سهرشانی خۆی، ئهویش ئهرکی وهبیرهێنانهوهیه. بهبیر کارهکتهر دههێنێتهوه که چۆن له ستادیۆمهکه به چاوی نێرینهییهوه له (ست ساماڵ)ی ڕوانیوه. چۆن ئهو کات له دوای ئهو چتانه دهگهڕا که چێژیان پێدهبهخشی. ئهرکێکی تر لهم چیرۆکهدا وهگێڕ وهئهستۆی خۆی گرتووه، ئهرکی ڕاڤهکردنی ڕووداو و باسهکانه، ئهم ئهرکه گرنگی تایبهتی خۆی ههیه. لهبهرئهوهی وهگێڕ نادیاره و لهبری کارهکتهر دهپهیڤێت، بۆیهیش بهشێک له گێڕانهوهکهی ئاراستهی گێڕانهوهی ڕوو له کارهکتهره. لیرهشدا وهگێڕ له ڕێی(دڵشاد ڕهمزی) چۆنییهتی تۆپێنکردن بۆ کارهکتهر ڕاڤه دهکا.” (دڵشاد ڕهمزی) دهیوت وهک چۆن قوتابی دوای دهوام دهبێت کتێبهکانی بخوێنێت، یاریکهریش ئاوا دهبێت له خهیاڵی خۆیدا بهردهوام خهریکی ڕاهێنان بێت لهسهر ئهوهی چۆن لهو تۆپه زیاتر ههست به هیچ شتێکی دیکه نهکات….”14 وهگێڕه له چیرۆکدا ئهرکی زۆری دهخرێته سهرشان، وهگێڕێک بێ ئهرک لهنێو چیرۆکدا بوونی نییه، ئهمه وا دهکات فرهوهگێڕی درووست بێ. هێندێک چت ههیه، له نێو چیرۆکدا لهسهرهتادا وهکو کۆدێک، یان پرسیارێک دهورووژێندرێ، وهگێڕ ههر له نێو چیرۆکهکهدا ڕاڤهی دهکات، یان وهرامی پرسیارهکه دهداتهوه.
چیرۆکی(گوڵباران و پیاوه بۆگهنهکان)، یهکێکی تره له چیرۆکهکانی نێو ئهم بهرههمه. ئیشکردنی چیرۆکنووس زیاتر لهسهر بۆنه. بۆن به شێوهیهکی زۆر فهنتازی کاری لهسهرکراوه. ههرچی بۆنی ناخۆشیش ههیه، له پیاوهکانهوه دێت. چونکو ههر کارساتێک بهسهر کورددا هاتبێ له ڕێی پیاوهکانهوه بووه، ئهم پیاوانهیش ههمووشیان به هۆی سیاسهتهوه ئهم بۆنه بۆگهنهیان لێدێ. بههۆی پیاوه سیاسیهکانمانهوه، ههر له شهڕی یهکهمی براکان له شهستهکانهوه، تاکو نهوهدهکان چی بۆگهنی ههیه، ئهم خهڵکه و ههرێمهی گرتهوه. لهم چیرۆکهیش ئێمه بهر زیاتر له وهگێڕێک دهکهوین، سهرهتای چیرۆکهکه وهگێڕ جێناوی یهکهمی تاک(م)ه. یهکهم ئهرکی ئهم وهگێڕه دهههولدایه سهرهداوی چیرۆکێکمان بۆ بگێڕێتهوه. واته ئهم وهگێره زهمینه بۆ چیرۆکی تر لهنێو ئهم چیرۆکه خۆشدهکا. یهکهم ئهرکێك وهبهرچاومان بکهوێ، ئهرکی پێشنیار و چارهکردنه.” ئهوهنده ههبوو من وهکو ئهوانم له دهست نهدههات، که ئاوا عهیبوعاری خانهوادهکهم بهێنمهگۆڕێ… بهههرحاڵ بهسهرهاتی ئهوان بووبووه خولیان من، به تایبهتیی شهوان کاتێک گڵۆپ دهکوژایهوه و لێفهکهم دههێنایه سهرچاوم… یهکێک له چارهسهرهکان ئهوه بوو، که باوهژنه دڵڕهقهکه و باوهپیاره توڕهکه ببنه هاوسهری یهکتر… بهڵێ، به زۆر دهمکردنه ژن و مێرد بهو مهبهستهی بزانم چی روودهدات، لهگهل ڕووداوهکان دهڕۆیشتم… ههندێکجا فرمێسکم ههڵدهڕشت و ههندێکجاریش له قاقای پێکهنینم دهدا”15 لیرهدا وهگێڕ بۆ ئهوهی یارمهتی هاوڕێکانی بدات لهو خهم و ئازارهی ههیانه، که ههموو ڕۆژێک بۆی دهگێڕنهوه له چ ئازارێکدا دهژین، شهوان وهگێڕ له بیرکردنهوهی خۆی پێشنیار و چاره بۆ ئهو کێشانهی هاوڕێکانی دادهنێت، ههرچهنده ئهویش به هۆی ئهوانهوه ڕۆژانه لهلایهن باوکییهوه لێی دهدرێت. پێش ئهوهی وهگێڕهکه بگۆڕێ، ههوڵی ڕوونکردنهوه دهدا، ڕوونکردنهوهی بۆ لهبهر ئهو دوو هاوڕێیه لێی دهدرێت. لهمهوه چ چتێ فێربووه. لهڕێی خهیاڵکردن بۆ چارهسهری کێشه و ئازاری ئهو دوو هاوڕێیهی، فێری خهیاڵ و تهکنیک بۆ چیرۆکنووسین بووه. دیاره ئهم ڕوونکردنهوهیهیش به ئهرکی خۆی دهزانێت، که سوودی لهو خهیاڵکردنانه بینیوه. له لاپهڕه(150) وهگێڕ دهگۆڕێت بۆ وهگێڕی ههمووشتزان(نادیار)، ئهم وهگێڕ گۆڕینه لهم بهرههمهی کاروان له زۆربهی چیرۆکهکان وهبهردیده دهکهوێ. ههموو وهگێڕهکانیش بۆ وهگێڕی ههمووشتزان (نادیار) دهگۆڕێ. ئهم گهمهکردنهی چیرۆکنووس زێتر بۆ ئهوهیه بۆمان بسهلمێنێت که ئهم چیرۆکهی دهیگێڕێتهوه ڕاستهقینهیه، بهڵام ئهوه تهنێ گهمه و فێڵکردنێکه له خوێنهر، چونکو ئهوهنده خهیاڵیان تێدا بهکاردهبردرێ خوێنهر سهراسیمه دهکا. ههروهها تاکو پێمان بڵێت ئهوه من نیم دهسهڵاتی تهواوم ههبێ، یان خاوهنی چیرۆکهکه بم، بهڵکه ئهوه وهگێر و کارهکتهرهکان خۆیان، خۆیان دهجوڵێنن و ڕووداوهکان بهرهو پیشهوه دهبهن. ئهم وهگیڕه(ههمووشتزان) ئهرکی گێڕانهوهی ڕووداوهکان بۆ کارهکتهری نائاماده(تۆ) دهگرێتهئهستۆ. ئهرکی زانیاری خستنه بهردهست، کهوا باوکی کارهکتهری نائاماده له گازینۆیهک چوار گوللهی بهردهکهوێت و لهبهر تینی گهرما تهرمهکهی بۆگهن دهکا، لهو دهمهوه ناونراوه(جهمشید بۆگهنی)، کارهکتهری نائاماده ئهم زانیاریانهی نییه، بۆیهیش وهگێر ئهم زانیاریانهی پیدهدا. لیرهوه وهگێر دهست به گێرانهوهی چیرۆکی گوڵبارانی دایکی کارهکتهر(تۆ – نائاماده) دهکات چۆن له دهشتاییهک دایکی خانوویهکی به تهنهکه درووستکردوه و چیرۆکی ترهکینی سهگێك و هاتنی (سمکۆ) شهقاوه، تا ئهو کاتهی دایکی دهمرێت. وهگێر له ڕێی کارهکتهری دایک(گوڵباران)هوه کاتێک سهگهکه دهترکێت، کارکتهری نائاماده(تۆ) وادهزانێت (سروود)ی برای هاتۆتهوه، بهڵام وهگێر له ڕێی دایکییهوه ههواڵی ئهوهی پێدهدا ئهوانه تووتکه سهگن. ئهم ههوڵدانهیش ئهرکێکه له ئهرکهکانی وهگێڕ.
وهگێڕ لهم چیرۆکهدا ئهرکێکی تری ههیه، ئهویش وهسفکردنه. زۆرجا وهگێر بۆ ناساندنی زێتری کارهکتهر، شوێن…تاد وهکو تهکنیکێک پهنا وهبهر وهسفکردن دهبا، بهلام ئهم وهسفکردنه ههمان ئهو وهسفکردنهی چیرۆک و ڕۆمانه تهقلیدییهکان نییه، وهسفکردنێکی درێژ و بێزارکهر بێ، بهڵکه وهسفکردنێکه بۆ زێتر به هۆنهریکردنی چیرۆکهکه. لێره وهگێڕ وهسفی برا بچووکهکهی کارهکتهری نائاماده(تۆ) دهکا، ئهو برایهی له زرباوکهکهیهتی.” ئهگهر چی تهندروستیشی تا ڕادهیهک باش بوو… ڕاسته ههندێک لاواز دههاته بهرچاو، بهڵام زیت و وریا بوو… حهزی له یاری بوو و له کۆڵان زۆر دڵی دهکرایهوه، ههتا گهورهتر دهبوو، زیاتر ئهو سیفهتهی تێدا دهردهکهوت… ههستت دهکرد پێچهوانهی تۆیه… نه شهرمنه و نه ترسنۆك، بگره له ڕێگای ئهو پێکهنین و قسه زلانهیهوه زۆر زوو خۆی دهسهپێنێت…”16 ئهم وهسفکردنه ههروهک دهیبینین تهنێ بۆ جوانکردن و به هونهریکردنی چیرۆکهکهیه. له کۆتایی چیرۆکهکه چیرۆکنووس گهمهیهکی سهیر به وهگێرهکان دهکا. له لاپهڕه(203) وهگێڕ دهبێتهوه به(من)، بهلام ئهم وهگێره گهمهیهکی سهیر دهکا، ئهویش له ڕێی گهڕانهوه بۆ سهرهتای چیرۆکهکه، که چهند نهێنییهکی تر ماوه بیدرکێنێت، ئهو نهێنیانهیش تایبهته به کارهکتهرهکان، ههر وهگێڕ گریمانهکان دادهنێت، و دیالۆگ درووست دهکات، ههروهها وهگێر دهکهوێته دیالۆگ لهگهڵ خوێنهر.
چیرۆکنووس له چیرۆکی ئهنتیك، وهکو زۆربهی چیرۆکهکانی تری وهگێڕهکهی جێناوی کهسی یهکهمی تاکه. ئهم وهگێره ههمیشه له گهڕانێکی بهردهوامدایه. گهڕانێک بۆ زیندووکردنهوهی ڕابردوو له ئێستادا. بهلام ڕابردوویهکی ئێستایی. وهگێڕی ئهم چیرۆکه دوا ئهوهی پیشهکهی له دهست دهدا، لهسهر ڕای هاوڕێیهکی دوکانێکی ئهنتیک دادهنێ، بهمهبهستی دۆزینهوهی زۆربهی هاوڕێیانی منداڵی. لهوانهیش هاوڕێیهکی به ناوی(ئومێد). ئهم وهگێڕهیش ئاگهداری زۆربهی ڕووداوهکانی چیرۆکهکهیه. ههروهها بهم هۆیهوه کۆمهڵێ ئهرکی دهکهوێتهسهرشان. یهکێ لهو ئهرکانه، ئهرکی ڕوونکردنهوهیه. ڕوونکردنهوهی ئهو کارهی که دوکانی ئهنتیکه دانانه. ئایا تا چهند لهگهل ئهو کاره ڕاهاتووه. هۆکاری دانانی دوکانیش ڕووندهکاتهوه” دهمهوێ سهرهتا دان بهوهدا بنێم که لهگهڵ ئیشهکهمدا زۆر ئاسووده بووم، چونکه لهو ڕێگایهوه زۆربهی ئهو هاوڕێیانهمم دۆزییهوه، که بهدرێژایی تهمهنم لێم ون بووبوون… ههر کاتێکم دهزانی یهکێک لهوانه له پڕ دههاته دوکانهکهم و له باوهشی دهگرتم…”17 ڕوونکردنهوهی هوکاری ئهنجامدانی کارێک، یان هۆکارێک بۆ زێتر بهرچاڕوونی خوێنهره، ئهمهیش ئهرکی سهرشانی خوێنهر سووکتر دهکا. چونکو هێندێکجار وهگێر ههموو لایهنێکی نێو چیرۆکهکه بهرباس نادا، بهڵکه هێندێکیان له وێنهی کۆد بۆ خوێنهر جیدههێڵێت. بهڵام زۆرجار پهنا وهبهر ڕوونکردنهوه دهبا.
ئهرکێکی تری وهگێڕ درووستکردنی فهزایه. لێرهشدا هۆکاری ئهمهیش ئهوهیه، خوێنهر بهدووی لایهنهکانی نێو چیرۆکهکه ماندوو بکا. ئهرکی وهگێڕیش له زۆر چیرۆکدا ئهوهیه فهزایهک درووست بکا، تاکو ههموو چتێک نهداته خوێنهر، خوێنهریش ماندوو بکا، بیری خوێنهر بخاتهگهڕ. ناکرێ وهگیڕ ههموو لایهنێک بهرباس بدا. بۆ نموونه ئهگهر باسی ژوورێک بکا، ناکرێ ههموو کهرهسهیهکی ناو ژوورهکه وهسف بکا، بهڵکه چهند شوێن و کهرهسهیهکی باس دهکا، بهمهیش فهزایهک له کن خوێنهر درووست دهکا، یهکسهر ئۆتۆماتیکی وێنهی ژوورهکه له کن خوێنهر به تهواوی بهرجهسته دهبێ. له کۆتایی چیرۆکهکه خوێنهر بهر کهشێکی فهنتازی دهبێ. له نکاو وهگێڕ(من) دهبێته بینهر، ئهو دومیهی (ئیدریس) بۆ وهگێری هێناوه، دهکهوێته پهیڤین، لهگهڵ(ئومێد فههمی) که له نکاو لهبهردهم دوکانهکهی وهگێڕ(سامان که کارهکتهری سهرهکی چیرۆکهکهیه) قیت ڕادهوهستێ و دهکهوێته دیالۆگ لهگهڵ دومیهکه، ئهو دومیه وهرامی دهداتهوه، له ڕێی ئهم دیالۆگهوه ئهو دومیه دهبێته کوڕی وهگێڕ(من)، بهلام (ئومید) بهههما جلی منداڵییهوهیه که له منداڵی (سامان) دیبووی، هێنانی (ئومێد) له شێوهی منداڵی بۆ زهمهنی ئێستا و بوونی (سامان) به باوک گهمهیهکی چیرۆکنووسه، کاروان یهکێکه لهو چیرۆکنووسانهی ههمیشه کار لهسهر رابردوو دهکا، بهڵام له ئێستادا بهرجهستهی دهکا. خوێنهر هیچ کاتێ له خوێندنهوهی چیرۆکهکان ههست به زهمهنی ڕابردوو ناکا، بهڵکه همهیشه وا دهزانی ئهوه خۆیهتی. له کۆتایی ئهم چیرۆکهیش، وهگێڕ(من) جڵهوی گێڕانهوه به هۆی هونهری دیالۆگهوه دهداته دهست ههردوو کارهکتهر (ئومێد و دومیه). خۆی وهکوو بینهرێک دهوهستێ و دهستناخاته نێو دیالۆگهکهیش، ههر له زهمهنی ئێستا، که خۆی ئامادهیی له ناو دوکانهکه ههیه، زهمهنێکی تێکهڵ به رابردوو(ئومێد له منداڵی) و ئاینده(دومیه وهکو کوڕی) درووست دهکا، بهڵام خونهر وا دهزانی له ئێستایه.
چیرۆکی(ئهلفوبێی باڵدار) دوا چیرۆکی ێو ئهم بهرههمهیه.وهگێڕ جێناوی کهسی یهکهم(من)ه. یهکێ له ئهرکهکانی وهگێڕ، بهکهسکردنی کۆمهڵێ کهسایهتی نێو کتێبهکهی باڵداره. ئهم بهکهسکردنه به بروای من بۆ ئهوهیه خوێنهر ببی به یهکێ لهو کارهکتهرانه، چونکو هیچ یهکێ له تاکی کورد له باشووری کوردستان نییه، له ڕێی ئهم کهسایهتییانهوه(دارا،زارا، زۆراب،زهینهب…) بیری نهکردبێتهوه، وهکو کاروان دهڵێ: فێری خهیاڵکردن نهبووبێ. ههر یهک لهوانه منداڵی ههریهک له ئێمهیه.
وهگێڕ زهمینه بۆ دیالۆگ خۆشدهکا ئهم زهمینهخۆشکردنه بۆ ئهوهی تاکو خوێنهر له کاتی خوێندنهوهی چیرۆکهکه تووشی هیچ سهرسوڕمانێک نهبێ. چونکو چیرۆک خهڵقکردنه، ههر لهڕێی ئهم دیالۆگانهوه ئهم کارهکتهرانه دهپهیڤن. لێرهوه وهگێڕ پێمان دهڵێت: ئهوه ههر یهک له ئێوهن دهپهیڤن.ئهرکێکی تر وهکو زۆربهی وهگێڕی چیرۆکهکانی تر ڕوونکردنهوهیه، له لاپهڕه(231) ئهوه ڕووندهکاتهوه، خۆی به خاوهنی دوو باوک زانیوه، باوکی ڕاستهقینهی خۆی، (ئیبراهیم ئهمین باڵدار) که ئهویش ئهو باوکهیه فێری بیرکردنهوهی کردووه. ئهمهیان ئهو باوکهیه له منداڵیدا بهجێینههێشتووه، نهک وهکو باوکه راستهقینهکهی، که وهگێڕ هێشتا منداڵبوو، ڕوویکرده شاخ و بهجێی هێشت. بهڵام بالدار بهجێینههێشت، بهڵکه دهستی گرت، فێری خهیاڵ و بیرکرنهوهی کرد.
ههر له لاپهڕه(244) وهگێڕ هۆکار چوونه دهرهوهی باوکه ڕاستهقینهکهیمان ڕۆژانه، دوای گهرانهوهی له شاخ بۆ ڕووندهکاتهوه.
وهگێڕ دهههوڵدایه، له ساتی گێڕانهوهی چیرۆکهکه، هێندێکجار ههواڵ به خوێنهر بدات. لێرهدا ههوڵی کوژرانی مێردی(بهفرین سالم)مان پیدهدا. ئهمهیش بۆ زانیاری بهخشینه به خوێنهر که ئهم کیژه بۆ تهنیا له خانوویهک دهژی و وهگێڕ دهیههوێ هاوسهرگیری لهگهڵ بکا. ئهرکهکانی وهگێڕ هێنده زۆره، جیاکردنهوهیان ئهستهمه، چونکو ههموویان پهیوهندیان بهیهکهوه ههیه. یهکێکی تر وهکو زۆربهی چیرۆکهکانی تر، ئهرکی ڕاڤهکردنه. زۆرجار وهگێڕ زاراوهیهک، چهمکێک، دیاردهیهک له نێو چیرۆکهکه باسدهکا، بۆ زێتر بهرچاو ڕوونی خوێنهر، ئهم زاراوهیه ڕاڤه دهکا. بۆ نموونه لهم چیرۆکه له لاپهڕه(243) زاراوهی (کۆنزێرڤاتهر) بهکاردهبا. ههر دوای بهکاربردنی وشهکه، دهههوڵی ئهوهدا دهبێ، ئهم زاراوهیه ڕاڤه بکا. ئهویش به مانای کهسێکی پسپۆڕ که له مۆزهخانه کار دهکا دێت. ئهو کهسه به شیوهیهک پسپۆڕه، توانای چاککردنهوهی چتهکانی نێو ئهنتیکهخانه ههیه.
وهگێڕ له ههموو دهقێکی گێڕانهوهیی ڕۆڵێکی بنهڕهتی دهگیڕێت. دهتوانین به ئهستوونی سهرهکی بینای دهقی چیرۆک و ڕۆمان دادهنرێت. بۆیهیش نووسهر دهبێ به شێوهیهکی هونهری وهگیری دهقهکهی دهستنیشان بکا. ئهم به هونهریکردنه کار له بههونهریکردنی تهواوی بونیادی دهقه دهکا.
حهمه مهنتک
پهراوێز و سهرچاوهکان:
1. فهرههنگی زاراوهی ئهدهبی و ڕهخنهیی، نهوزاد ئهحمهد ئهسوهد،بهڕێوهبهرێتیی چاپ و بڵاوکردنهوهی سلێمانی، سلێمانی، 2011، ل241.
2. گۆشهنیگای زانای گشتی له گۆشهنیگایهکی ترهوه، ڕههبهر مهحموودزاده، وێبڵاگی ئهنجوومهنی ئهدهبیی شنۆ ،http://e-shino.blogfa.com/post-21.aspx .
3. الراوی فی القصه العربیه،یوسف السباعی…نموژجا، د.محمد کمال سرحان، رساله دکتورا، جامعه الإمام محمد بن سعود الإسلامیه، 2011، شوێنی چاپی لهسهر نییه، ل5.
4. بناو الروایه دراسه مقارنه لپلاپیه نجیب محفوڤ ، د/ سیزا أحمد قاسم، الهیئه المصریه العامه للكتاب ،1984،ص130.
5. صنعه الروایه، بیبرس لوبوک، ت: عبدالستار جواد، دار الرشید، بغداد،1981، ص45.
6. الراوی بوصفه مكونا سردیا، د.سعد العنابی، www.almolltaqa.com/vb/archive/index.php/t-29488.html
7. قراوه الروایه ، مدخل إلی تقنیات التفسیر، روجر ب . هینكل – ترجمه صلاح رزق –دار غریب للگباعه والنشر والتوزیع- القاهره-،2005، ص147.
8. الادب والدلاله، تودورف، ت: د.محمد ندیم خفشه، مرکز الاتحاد الحچاری، 1996، گبعه 1، ص54.
9. الراوی والنص القصصی، د.عبدالرحیم الکردی، دار النشر للجامعات، الگبعه الپانی، 1996، ص19-21.
10.تهکنیکی گێڕانهوه له ڕۆامنهکانی(عهبدوڵڵا سهڕاج)دا،ڕێزان ڕهحمان خدر، نامهی ماستهر، کۆلێژی پهروهرده، زانکۆی سهلاحهددین،2007، ل85.
11. الراوی والنص القصصی، د.عبدالرحیم الکردی، دار النشر للجامعات، الگبعه الپانی، 1996،ص79.
12.منارهی ئاوهدانی، کاروان عومهر کاکهسوور،چیرۆک، بهڕێوهبهرێتیی چاپ و بڵاوکردنهوهی سلێمانی، سلێمانی،2011، ل29.
13.سهرچاوهی پیشوو ل108.
14. سهرچاوهی پیشوو ل131.
15.سهرچاوهی پێشوو ل148.
16. سهرچاوهی پێشوو ل197.
17.سهرچاوهی پێشوو،ل 214.