ئازاری ژن‌بوون له چاره‌نووسی خاتوو سینادا
سینا كچێكی شۆخ و شه‌نگ بوو، له نێو هاوڕێكانی به نه‌رمونیان و سه‌نگین ناسرابوو، لای دایك و باوك و كه‌سوكاری تا بڵێی خۆشه‌ویستو ئازیز بوو، بزه وخه‌نده بۆ ساتێكیش ڕووخساری سینایان جێنه‌ده‌هێشت، ئه‌و هه‌رگیز بیری له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه دوای هاوسه‌رگیری تووشی جیابوونه‌وه(ته‌ڵاق) دێت، به پێچه‌وانه‌وه پێی وابوو دوای شووكردن ده‌كه‌وێته به‌هه‌شتێكی پڕناز و نیعمه‌ت و به‌وپه‌ڕی خۆشبه‌ختییه‌وه ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، چونكه پێشتر وردیله چیرۆكی له‌م شێوه‌یه‌ی خوێندبوونه‌وه، چه‌ندجارێكیش به فیلم نموومه‌ی ئه‌م به‌خته‌وه‌رییه‌ی له شاشه‌ی تیڤیه‌كان بینی بوو.
دوای ئه‌وه‌ی كوڕێك به‌ناوی سیروان چه‌نجارێك به جۆش و خرۆشه‌وه داوای سینای كرد، دایك و باوكی ڕازی بوون، سینا له‌به‌ر قه‌د و باڵای جوان و قه‌شه‌نگی سیروان كه به‌ژنێكی شووشه‌یی هه‌بوو، ئه‌وه‌ی له یادچوو كه خۆی ده‌رچووی كۆلیژه و ئه‌ویش بێكاره‌یه‌كی سه‌رجاده و كۆڵانه‌كانه و به هۆی دایك و باوكییه‌وه نه‌بێت له برسان سه‌ر ده‌نێته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی سینا له گه‌ڵ سیروان زه‌ماوه‌ندی سازكرد، هه‌ر له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه نه‌هامه‌تی و نگبه‌تیه‌كانی ده‌ستی پێ كرد، هه‌موو به‌ڵێنه‌كانی سیروان درۆ ده‌رچوون، ئازاری ژن‌بوون سینای به‌خه‌م ئاخنراویشی گرته‌وه. سیروانی هاوسه‌ری دره‌نگانی شه‌و كه هه‌موو خه‌ڵك له پرخه‌ی خه‌و دابوو به لاكه لاك و هاكه هاك به سه‌رخۆشی بۆ ماڵه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه، گه‌ر سینا ته‌نها ده‌می كردباوه ده‌كه‌وته وێزه‌ی و به شێوه‌یه‌كی دڕندانه به‌رده‌بۆوه گیانی، ئه‌و له ژیانیدا ئازاری وا گه‌وره و كۆستی وه‌ها جه‌رگبڕی نه‌بینی بوو.
رۆژان ده‌رۆیشتن و سیناش ناسۆره‌كانی زۆرتر و خه‌ستر ده‌بوون، ئاه و ئاخه‌كانی سینا وه‌ك بڵێسه‌ی ئاگر له جه‌رگییه‌وه به‌رز ده‌بوونه‌وه، له به‌رخۆیه‌وه ده‌یوت: ئاخۆ ده‌بێ پیاوان هه‌موویان له‌م چه‌شنه بن و به‌م شێوازه ڕه‌فتار بكه‌ن، یان ته‌نها هاوسه‌ره‌كه‌ی من وایه! بۆچی هه‌موو ده‌سته خوشك و هاوڕێكانم ئه‌وپه‌ڕی ژیانی خۆش به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌ڵام من شه‌و و رۆژ له زۆنگاوی ئازاردا ده‌تلێمه‌وه، ئایا ده‌بێ ئه‌و پیاوانه‌ی له گه‌ڵ ژنه‌كانیان وه‌ك دڕنده هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن رۆژێك بیریان له‌وه نه‌كردبێته‌وه كه به سكی ژن هه‌ڵگیراون و به مه‌مكی ژنێك شیردراون و دواتر هه‌ر به ده‌ستی ژن گه‌وره‌كراون!
ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مه ده‌زانن بۆچی هێنده دڵڕه‌قانه ئازاری ژن ده‌ده‌ن! ئه‌رێ گه‌لۆ ده‌بێ ئه‌وانه باوه‌ڕیان به خودا و به پێغه‌مه‌ر و ژیانه‌وه نه‌بێت؟ یان هه‌ر به ناو خواناسن و جگه له ئاره‌زووی سه‌ركه‌شی خۆیان هیچ به‌ها و جوانیێك ناناسن!
ئه‌رێ خه‌ڵكینه ئه‌مانه مرۆڤن، یان گورگن و به‌رێكه‌وت ناوی مرۆڤیان لێندراوه؟ من بڕیار ده‌ده‌م ئه‌گه‌ر ئه‌وانه مرۆڤ بن، له ئێستاوه له به‌رگی مرۆڤ دێمه ده‌ر و به‌رگی مه‌لێكی ئاسمان ده‌پۆشم بۆ هه‌تا هه‌تایه له شه‌قه‌ی باڵ ده‌ده‌م و ئه‌م نیشتیمانه به یه‌كجاری جێده‌هێڵم!
سینا له‌م خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه قووڵانه‌دا نقووم بوو بوو، بیركرنه‌وه و له ژیان و مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌ری سه‌رتاپایی ژیانی داگیركردبوو.
سینا هه‌رچه‌ند ده‌یویست ئه‌مه لای كه‌س نه‌دركێنێ و ئه‌م نهێنییه بباته نێو گۆڕ، به‌ڵام ئازاره‌كان هێنده به سوێ بوون چیتر نه‌یانهێشت ئه‌م نهێنییه له كونجی سینه‌ی برژاویدا حه‌شاربدات، ته‌واوی حه‌كه‌یاتی ئازاره‌كانی خۆی لای باوك و دایكی خۆی گێڕایه‌وه، هۆكاری سیسبوون و خه‌مباربوونی خۆی بۆ باسكردن. ئه‌و وایزانی ئیتر دایك و باوكی ده‌توانن سیروان چاك بكه‌ن و ژیانێكی ئاسایی بۆ بگێڕنه‌وه، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر چیان پێ نه‌كرا، به‌ڵكوو قه‌یرانه‌كه‌یان قه‌یره‌تركرد، ئازاره‌كانیان ئاڵۆزتركرد، ئه‌و تروسكه هیوایه‌ی كه هه‌یبوو ئه‌ویشیان له‌ده‌ستدا. ئه‌م كوڕه زۆر بێباكانه سینای ته‌ڵاق دا، هه‌ر به‌جارێك ماڵی وێران كرد.
هه‌رچه‌ند سینا زۆر خۆشحاڵ بوو به جیابوونه‌وه له‌م پیاوه سیفه‌ت دڕنده‌یه، به‌ڵام له لاێكی دیكه كه‌وته ژێر تیر و توانجی كۆمه‌ڵگه‌ی بێ ڕه‌حه‌م. ژنگه‌ل ده‌یانگوت خۆڕایی نییه ده‌بێ شتێكی كردبێ، ده‌نا هیچ ژنێك له خۆوه ته‌ڵاق نادرێت!
سینا به گریانه‌وه ده‌یوت، ئه‌وه‌ی له ئێستادا زۆر ئازارم ده‌دات هاوڕێكانمن، ئه‌وان پێشتر بۆ ڕۆژێكیش نه‌یانده‌توانی بێی من هه‌ڵبكه‌ن كه‌چی ئێستا ته‌له‌فۆنم له‌سه‌ر داده‌خن و حه‌ز له هاوڕێیه‌تیم ناكه‌ن.
خاڵه‌كانم كه پێشتر به سینا گیان بانگیان ده‌كردم و توند له باوه‌شیان ده‌گرتم و له گه‌ڵم پێده‌كه‌نین، ئێستا زۆر سارد و سڕن هیچ كه‌یفیان به چاره‌م نایه‌ت…پێشتر ئازاره‌كانی من ته‌نها له هاوسه‌رمه‌وه بوو ئێستا هه‌رچوار ده‌وره‌م به ئازار ته‌نراوه، توانجی كۆمه‌ڵگه له لایه‌ك ده‌مگوشن و زیزبوونی هاورێكانم و دڵشكانی خزمه‌كانم له لایه‌كی دیكه ئازار ده‌به‌خشن.
من ئێستا سه‌رگه‌ردان ماوم نه‌زانم من چ گوناهێكم كردووه بۆچی ئه‌م به‌دبه‌ختییه له هه‌موو رووێكه‌وه ڕووی تێ‌كردووم.
جاران كوڕان به ئه‌زره‌ت بوون من بخوازن ئه‌مرۆ نایانه‌وێت ته‌نانه‌ت ناویشم ببیستن!
ئه‌ی كۆمه‌ڵگا! تۆ بۆچی هێنده بێ به‌زه‌یی، پیاو داڵده‌ده‌یت و ژنیش ته‌ژی ده‌كه‌یت له‌خه‌م و ئازار.
ئه‌رێ هه‌یاران! ده‌شێ دوای ئه‌و هه‌موو خه‌م و ناخۆشییانه، دوای ئه‌و هه‌موو به‌دبه‌ختی و چاره‌ڕه‌شییه، له گۆشه‌یه‌كی دیكه، به شێوه‌كی جیاوازتر و فۆڕمێكی تر ژیان ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه؟
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا