سیمیۆلۆژیای عه‌شق.. نیهاد جامی
ئیشكردنه‌وه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان زانست و ئیراده خوڵقاندنی گوتارێكی نوێی نێو په‌یوه‌ندیه‌كی هاوبه‌شه بۆ بنیاتنانی تێكستێكی نوێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر تێكستێك كۆمه‌ڵێك چاوگه‌ی ڕۆشنبیری و فكری له‌پشت وه‌ستا بێت، ئه‌وا ئه‌و كاتانه‌ی ده‌مانه‌وێ له ئه‌زموونی خودی په‌یوه‌ندی مرۆیی وه‌ك عه‌شق بدوێین ئه‌وه‌ی له‌پشت نووسینه‌وه‌یه، ئه‌وه كتێبه فكری و سه‌رچاوه تیۆریه‌كان نین، هێنده‌ی ئه‌زموونی خودی نووسه‌ر له‌پشت نووسینه‌وه ده‌گوازرێته‌وه، به‌وه‌ی ئه‌زموونی خودی ده‌بێته مه‌عریفه‌ی نووسین.
بۆیه كاتێ له باره‌ی سیمیۆلۆژیای عه‌شق ده‌دوێین ئه‌وه هه‌وڵێكه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی خۆشه‌ویستی، به‌ڵام له‌ناو په‌یوه‌ندی ئاماژه‌كاری (سیمیۆلۆژیا)، ئه‌گه‌ر له‌ساكارترین پیًَناسدا بمانه‌وێ وه‌ڵامی سیمیۆلۆژیا چیه؟ بده‌ینه‌وه، ده‌ڵێین، سیمیۆلۆژیا میتۆدێكی ڕه‌خنه‌ییه بۆ ته‌ئویل، دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی نێوان ئاماژه و زمانه.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاماژانه‌یه كه له‌ناو زماندا كار ده‌كه‌ن، له‌و پێناسه‌یه‌وه تێده‌گه‌ین كه سیمیۆلۆژیا ئیشكردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان ئاماژه وزمان، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندیه له‌كوێی عه‌شق ته‌ئویل ده‌كرێته‌وه؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره پێویستمان به‌وه‌یه سه‌ره‌تا ئه‌وه بزانین كه ئێمه له‌چ چه‌مك و تێڕوانینێكه‌وه سه‌یری عه‌شق ده‌كه‌ین؟ دیاره مه‌به‌ستمان نیه له‌تێڕوانینی فكری فه‌یله‌سوفه‌كانه‌وه له عه‌شق نزیك بینه‌وه، هێنده‌ی مه‌به‌ستمانه له گریمانه‌ی ئه‌زموونه‌وه سه‌یری بابه‌ته‌كه بكه‌ین، بۆیه بڕوامان وایه ناته‌باترین و جوانترین پێناس كه ئه‌م نووسینه له‌خۆی ده‌گرێت ئه‌وه‌یه: عه‌شق پرۆسه‌یه‌كه بۆ نوسینه‌وه‌ی خود.
ئه‌و تێگه‌یشتنه له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆخۆی هه‌ڵگری ده‌لاله‌تی سیمیۆلۆژیه به‌وه‌ی عه‌شق هه‌ڵده‌ستێ به پرۆسه‌ی نووسین، به‌ڵام ئه‌و نووسینه چیه؟ ئه‌و نووسینه هه‌وڵێكه بۆ نووسینه‌وه‌ی خودی نه‌نووسراو، به‌وه‌ی ئه‌زموونی خود به‌ر له‌عه‌شق ئه‌زموونێكی نه‌نووسراوه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بونیاده‌كانی نێو ژیان بونیادێك نین خود فرمان به په‌یوه‌ندیه‌كان بكات، ئه‌وه سیستمێكه بونیاده‌كان به‌ڕێوه ده‌بات، به‌ڵام عه‌شق ئه‌زمونێكه بونیاد ده‌كاته میكانیزمێك بۆچۆنیه‌تی نووسینه‌وه‌ی شته‌كان، له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ش خودی نه‌نووسراو خۆی ده‌نووسێته‌وه.
ئه‌و نووسینه‌وه‌یه دابڕانه له‌ته‌ك دنیای به‌ر له‌نووسین، به‌وه‌ی خود له ئه‌زموونی عه‌شق ده‌یه‌وێ وێنای دنیایه‌ك بكات كه خۆی خوڵقێنه‌ری بێت، ئه‌وه‌ش ماڵێكه له‌زمان به‌وه‌ی دۆست بۆ خود ڕووی ته‌واوكه‌ری نووسینه، ئه‌گه‌ر خودی عاشق نووسه‌ره‌وه‌ی تێكستی عه‌شق بێت، دۆست ده‌بێت به خوێنه‌ری ئه‌و تێكسته، په‌یوه‌ندی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هاوبه‌شه بۆ نووسینه‌وه‌ی تێكست، ئه‌وه په‌یوه‌ندی نێوان خود (منی عاشق) و ئه‌ویتر (تۆی دۆست)ه، بۆیه ئه‌گه‌ر نووسین پرۆسه‌یه‌ك بێت بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی خود، تیایدا ئه‌و مێژووه بخرێته نێو سیستمێكی ئاماژه‌كاری كه خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی بۆ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه توانای به‌رهه‌م هێنانی ده‌لاله‌ته‌كانی نووسینه‌وه‌ی نابێت، چونكه شكاندنی بێده‌نگی پێویستی به به‌شداریكردنی ئه‌ویتره، بۆ ئه‌وه‌ی توانای نووسینمان هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌ویتر هه‌وڵی دواندنی خود بدات بۆ شكادنی بێده‌نگی، گۆڕینی بێده‌نگی بۆ زمان، به‌مانای هه‌ڵماڵینی ئه‌و ده‌مامكه ساخته‌یه‌ی بێده‌نگیه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌یه‌ته زمان له‌ڕیًَگه‌ی زمانه‌وه نهێنی ده‌شارێته‌وه، ئه‌و شاردنه‌وه‌یه پرۆسه‌یه‌كه بۆ ئاشكرا نه‌بوونی حه‌قیقه‌ت، كه ڕابردووی خود بنیات ده‌نێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و حه‌قیقه‌ته نه‌بێته پێوانه بۆ كه‌سێتی خود، چونكه حه‌قیقه‌تی ڕه‌ها بوونی نیه.
به‌زمان هاتن پڕۆسه‌یه‌كه ئه‌ویتر ده‌یه‌وێت خود بكه‌وێته قسه‌كردن تاوه‌كو یاده‌وه‌ری بكوژێت، ئه‌و یاده‌وه‌رییه له ئێستادا وه‌ك ده‌قێكی زمانه‌وانی سه‌یری بكه‌ین، كه شایه‌نی فره ته‌ئویلیه، ئه‌ویتر له‌ڕێگه‌ی هاندانی خود ده‌یه‌وێ له‌ڕێگه‌ی شكاندنی بێده‌نگی ئه‌وی نێو یاده‌وه‌ری بكوژێت، بۆیه له‌و ده‌قه‌دا ده‌كه‌وینه به‌رده‌م سێ فیگوری نێو دوو زه‌مه‌ن، به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو زه‌مه‌نه‌ش خوده، فیگوری نێو هه‌ر زه‌مه‌نێك (ئه‌و/ ئه‌ویتر) ه، كاتێ خود ده‌یه‌وێ له‌ڕێگه‌ی قسه‌كردن له ڕابردوو كۆتایی به‌و خه‌نده به‌رده‌وامه‌ی بێنیًَت، كه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌سخه‌رۆدانی ده‌وروبه‌ر ده‌یخسته ڕوو، كۆتایی هێنان به‌و خه‌نده‌یه سه‌ره‌تایه بۆ قسه‌كردن، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌ڕێگه‌ی بێده‌نگیه‌وه خود ببو به فیگورێكی مردوو، ئه‌وا ئه‌ویتر ده‌یه‌وێ زمان به‌و مردووه ببه‌خشێت، بۆیه به‌ریه‌ككه‌وتنی (ئه‌و- مردوو) و (ئه‌ویتر- زمان) خوڵقاندنی دیالۆگه، كه هاتنه ده‌نگه له خه‌نده و پێكه‌نین، كه‌شفكردنی ده‌مامكی ئه‌ودیو ڕووخساره، ده‌بێ به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ پرسیاركردن له په‌یوه‌ندی خود به ئه‌و، بۆیه ئه‌و له‌ناو بێده‌نگی یاده‌وه‌ری هه‌ر به زیندوویی خۆی ده‌رده‌خات، به‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی باڵای هه‌یه له‌لای خود، وێنه‌ی فیگورێك كه په‌ریزاده‌یه.
له ئه‌نجامی قسه‌كردن و ڕه‌خنه‌گرتن له‌نێو پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه، ئه‌و وێنه‌یه كاڵ ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌رگرتنه‌وه‌ی وێنه‌ی موقه‌دده‌سه له ئه‌و، سڕینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه ئه‌گه‌ری ژیاندۆستی ده‌خاته‌وه به‌رده‌م خود، بۆیه كاڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و.. بنیاتنانی وێنه‌ی ئه‌ویتره، كه ده‌بێ به میكانیزمێكی زمانه‌وانی، ئه‌و گۆڕینه‌وه‌ی وێنه‌یه له ئه‌و بۆ ئه‌ویتر مه‌به‌ست هه‌مان ڕوانین نیه، چونكه له‌ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن خود كه‌وتۆته به‌رده‌م ئه‌گه‌ری هه‌ڵه‌كردنی ڕابردوو، بۆیه له ئێستادا ئه‌ویتر سۆبژێكتێكه بۆ به‌شداری كردن له نووسینه‌وه‌ی خود، قسه‌كردنی خوده له‌ڕابردوو، قسه‌كه‌ر هه‌ڵده‌ستێ به پرۆسه‌ی نووسین، چونكه سیستمێكی مۆرفۆلۆژی گێڕانه‌وه ده‌باته ئاستی ده‌ق، هه‌ڵبه‌ت گێڕانه‌وه به‌پێی تێگه‌یشتنی له‌و زه‌مه‌نه هه‌نووكه‌ییه ڕابردوو ده‌گێڕێته‌وه، به‌واتای شكست و دۆڕانه‌كان ناشارێته‌وه و ڕووپۆشیان بكات به جوانی، به‌ڵكو گومان له‌ناو گێڕانه‌وه ڕۆڵێكی به‌رچاو ده‌بینێ بۆ خوێندنه‌وه، بوونی ئه‌ویتر بۆ به‌شداریكردن بۆخۆی جۆرێكه له گومان و فڕێدانی ڕووپۆشه‌كان، ئه‌و وێنه وه‌همیه ده‌گۆڕدرێت بۆ حه‌قیقه‌ت، حه‌قیقه‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌واقیعدا چۆن بووه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی خود له دوێنێ سه‌یری ده‌كرد، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌بوو، ئه‌ویتر چه‌نده له‌و به‌شداریكردنه قسه‌كه‌ر نییه و ته‌نیا گوێگره، به‌ڵام ئه‌و گوێگرتنه به‌شێكه له پرۆسه‌ی قسه‌كردن، توانای گوێگرتن واده‌كات به‌رامبه‌ر هه‌ست بكات كه‌سێك هه‌یه ده‌توانێ گوێ له‌و ڕابردووه بگرێت.
له‌گه‌ڵ كۆتایی حیكایه‌ته‌كانی خود، پرۆسه‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی نووسین سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێده‌كاته‌وه، له‌ڕێگه‌ی قسه‌كردنی هه‌ردووكیان له‌و ڕابردووه، به‌واتای گێڕانه‌وه له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی ڕووبه‌رێك ده‌ست نیشان ده‌كات بۆ قسه‌كردنی ئه‌ویتر.. ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكه بۆ خۆڵقاندنه‌وه‌ی ئیراده، ئیراده‌ی كوژراوی ڕابردوو چۆن له ئێستادا زیندوو ڕاده‌گرێت؟ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته نێو زه‌مه‌نی ڕابردوو ده‌بێ به جیاواز له‌و زه‌مه‌نه سه‌یری زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه بكات، ده‌بێ گێڕانه‌وه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت یاده‌وه‌ری بكوژێت، ئه‌و كوشتنه ئیراده‌یه‌كی ئه‌نتۆلۆژیه، بۆیه ڕزگاربوون له یاده‌وه‌ری ته‌نیا ده‌سبه‌رداربوونی فیگورێكی ده‌ست نیشان كرا‌و نییه، یاده‌وه‌ریی له توانایدایه له ئێستادا بپه‌ڕێته‌وه نێو فیگورێكیتر، بۆیه ساته‌وه‌ختی قسه‌كردن زه‌مه‌نێكه ئه‌ویتر بۆ خود ته‌نیا وێنه‌ی موقه‌دده‌سگه‌رایه‌ك وه‌رناگرێت.
به‌ڵكو ده‌بێته به‌شدارێك له‌نێو كوشتن ئاماژه‌كانی یاده‌وه‌ری و بنیاتنانی خه‌ون له ئێستادا، خه‌ونێك له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دوو ڕه‌گه‌ز سه‌یری ڕووبه‌ری یه‌كتری بكه‌ن، به‌ڵكو ئاماده‌گیه‌كه بۆ پرسیار، په‌یوه‌ندیه‌كه بۆ خوڵقاندنه‌وه‌ی دیالۆگ، له‌نێو ئه‌و دیالۆگه‌ی خود و ئه‌ویتر دارسێو وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی زمانه‌وانی وه‌رده‌گرین، كه بۆ فریودانی یه‌كتری نییه، هێنده‌ی ئاماژه‌یه‌كی نه‌بینراوه، به‌واتای تێكشكاندنی ده‌لاله‌تی ئه‌فسانه‌یی سێ‌و بۆ ڕابردوو.
نووسینه‌وه‌ی ده‌لاله‌تی جیاواز بۆ ئێستا كه له نه‌بینراوێكه‌وه زمان بیكات به بینراو، ئه‌وه‌ش جۆرێكیتری ته‌ئویله بۆ حه‌قیقه‌ت، به‌وه‌ی سێ‌و به‌شێكی ئاشكرا نه‌كراوی حه‌قیقه‌ته، له‌ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌ی شكست و گه‌ڕان بۆ كوشتنی رٍابردوو هێزێك پاڵمان ده‌نێت بۆ وه‌ده‌ست كه‌وتنی، چونكه ئه‌گه‌ر ڕابردوو سێوێكی گه‌نیو بوو، ئێستا سێوێكه ده‌بێت له نه‌بینراوه‌وه بۆ وێنه‌یه‌كی هه‌ست پێكراو بیگۆڕین، بۆیه پووچیه واتێبگه‌ین له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه ده‌بێت بۆ دارسێوێك بگه‌ڕێین، گه‌ڕانیش په‌یوه‌ندی به هێزی بینینه‌وه هه‌یه كه (چاو) ه، ئایا چاوه‌كانی ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه مردنی له‌ناو خۆی هه‌ڵنه‌گرتبوو؟ چونكه ده‌كرێ ته‌ئویلكار له ئێستادا ته‌ئویل بۆ ئه‌و ڕابردووه ده‌كات، كاتێ له‌یه‌كه‌م قووڵبوونه‌وه له‌نێو چاوه‌كانی (ئه‌و) دا مردن به‌تابووتێكه‌وه پاڵكه‌وتووه.
ئه‌و تابووته مردنی خوده، هێزی بینین ده‌یبینێت و نایه‌وێ بڕوای پێ بێنێت، بۆیه له نه‌ستدا هه‌ڵیده‌گرێت، له‌ساته‌وه‌ختی پچڕانی په‌یوه‌ندی له‌نێوان (خود/ ئه‌و) دا، ئه‌و وێنه‌یه ده‌كه‌وێته نێو نیگای، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر له‌چاوی ئه‌ویتر ووردبینه‌وه، ده‌لاله‌تی جیاوازی هه‌یه.
مردن ده‌گۆڕێت به ئومێد، خه‌ونی ئومێد هێنده به‌ره‌و ژیاندۆستی و دوورگه‌یه‌كی نادیار به‌دی ده‌كرێ، ترسی دووركه‌وتنه‌وه و مانه‌وه‌ی خود له‌ناو ته‌نیایی درووست ده‌كات، ئه‌و ته‌نیاییه‌ش وێناكردنێكه بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ویتر تا شوێنگه‌ی له‌ناو خود ده‌ست نیشان بكات، ئه‌وه‌ش به ته‌نیا په‌یوه‌ندی به ترسی جوداییه‌وه نیه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به‌یه‌كه‌م ساته‌وه‌ختی ترس، ساتی به‌ر له به‌شداریكردن، كاتێ له‌بینینی ئه‌ویتر له‌ناوخۆیدا ده‌ڵێت “ئه‌و بۆقژی له‌باران ده‌چێت، ئه‌گه‌ر په‌نجه‌م كه‌وته نێو قژی و هه‌ستمكرد په‌نجه‌كانم له‌ژێر باراندان و نه‌ك له‌نێو قژی ئه‌ودا چیبكه‌م؟” ده‌بێ له نووسینی ئه‌ویتر له‌و گومانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین تا پێشبینی كردن بۆ ژیاندۆستی.
ئه‌وه‌ش پرۆژه‌یه‌كه بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و، به‌رهه‌م هێنانی پرسیاره له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی ئه‌نتۆلۆژی ئه‌ویتر، بۆیه به مردنی ئه‌و، ئه‌ویتر له گوێكرێكه‌وه ده‌بێت به (گوێگرێكی قسه‌كه‌ر) به‌شداری ده‌كات له په‌یوه‌ندی ده‌لالی زمان، چونكه ده‌یالۆگ ده‌كات له‌سه‌ر گومان و پرسیاره‌كانی خود، مه‌رجنییه ئه‌و په‌یوه‌ندیه بگاته بڕیاری به‌یه‌كه‌وه ژیان، ئه‌و بڕیاره له‌و ڕۆژگاره‌ماندا زیاتر ده‌سته‌واژه‌یه‌كی سیاسیه، به‌ڵام بۆ عه‌شق بڕیارێكه به‌دوای كۆتایی هاتنی گومان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان یه‌كلایی ده‌بێته‌وه.
ئه‌و قۆناغه بڕیار له به‌شداری كردنی هه‌میشه‌یی خود و ئه‌ویتر ده‌دات، چونكه ده‌كرێ به‌دوای پرسیاره‌كان سه‌رسامبوون به ئه‌ویتر كاڵبێته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌دوای كوشتنی (ئه‌و) و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاستی خه‌مه هاوبه‌شه‌كان و چۆنیه‌تی سه‌یركردنێكی ڕه‌خنه‌گرانه بۆ خه‌ونێكی خۆشگوزه‌ران ده‌توانن (خود و ئه‌ویتر) بگۆڕن بۆ چه‌مكی (ئێمه) ئێمه‌یه‌ك ئه‌و تیایدا ئاسه‌واری نه‌ماوه و ته‌نیا پرۆسه‌یه‌كی به‌شداریكارییانه‌ی (ئه‌ویتر) بوو له نووسینه‌وه‌ی (خود) دا.
نووسین په‌یوه‌ندی نێوان زمان و ئاماژه ده‌كاته پرۆسه‌ی ته‌ئویلخوازی نێو ڕووبه‌ری دنیای عاشق، لێره‌وه په‌یوه‌ندی ئه‌و تێكسته به ده‌نگه‌وه، دۆخێكی ده‌روونی بۆ خوێندنه‌وه درووست ده‌كات، چونكه خود له‌ئه‌نجامی شكسته‌كانی نێو ڕابردوو په‌نای بۆ عه‌شق بردووه، ئه‌وه هه‌ستكردنه به ته‌نیایی، وامان لێده‌كات دنیایه‌كی نوێ بۆخۆمان درووست بكه‌ین، بۆیه ئه‌و دنیایه خاڵی نیه له یاده‌وه‌ریه‌كی توڕه، یاده‌وه‌ریه‌ك كه لێوان لێوه له برین و شكست و ئه‌ندێشه خودیه‌كان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی عه‌شق له‌نێوان سه‌رسام بوون و خۆشویستن له‌یه‌ك جیا نه‌كراوه‌ته‌وه.
ئه‌وه سه‌رسامیه وامان لێ ده‌كات بڕوا به‌عه‌شقی یه‌كه‌م نیگا بكه‌ین، له ئه‌زموونی ژیانی هاوبه‌شی ماڵ بانگه‌شه بۆ شكست بكه‌ین، به‌وه‌ی دۆست ئه‌و به‌رامبه‌ره نه‌بوو كه وێنه‌ی یاری پێ‌درابوو، له ڕاستیدا ئه‌وه ئێمه بووین شكسته‌كان به‌ره‌و ئه‌زموونی ماڵ هێنامانی.
ئه‌وه یاده‌وه‌ری بریندار بوو ماڵی پێ درووست كردین، ئه‌وه هه‌ره‌سی نێو ژیان بوو، ڕق بوو له دنیایه‌ك كه له‌سه‌ر سه‌ركوتكردن درووست كرابوو، بۆیه نه‌مانتوانی ئه‌زموونی نووسینه‌وه‌ی خود، بكه‌ینه تێكستێك كه نه‌مرێت، به‌ڵكو یاده‌وه‌ری خود مردنی تێكستی عه‌شقی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتبوو، دواجار بیرمان نه‌چێت ئه‌وه خود نه‌بوو بڕیار ده‌دات كه ئه‌زموونی ماڵ ئه‌زموونێكه ته‌سلیمی دنیای نێو واقیع ده‌بێته‌وه به‌وه‌ی ده‌بێته‌وه هه‌ڵگری هه‌مان مۆڕال، به‌ڵكو ئه‌وه هه‌ستكردن به ته‌نیایی بوو پرۆژه‌ی كوشتنی تێكستی عه‌شقی هه‌ڵگرتبوو، ئه‌و كوشتنه‌ش بیرۆكه‌ی خۆكوشتن لای نووسه‌ر و ته‌سلیمبوونی خوێنه‌ر به تێكستی داخراو دێنێته كایه‌وه، به‌وه‌ی ته‌سلیمبوونی خوێنه‌ر و خۆكوشتنی نووسه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هاوبه‌شن له‌سه‌ر كۆتایی هاتن به تێكستی ئاماژه‌كاری عه‌شق، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه بپه‌ڕێنینه‌وه نێو واقیع. ئه‌و كاته‌ی ئه‌زموونی عه‌شق شكست دێنێ، خوێنه‌ری ناو تێكسته‌كه‌مان ته‌سلیمی ئه‌و دیده واقعیه ده‌بێت، بڕیاری سه‌فه‌ركردن ده‌دات بۆ خاكێكیتر، به‌وه‌ی ئیدی ڕازیه ببێت به ماتریالێك و بوونی به‌یه‌كجاری وه‌ك كه‌سێكی ئه‌كتیڤ بسڕدرێته‌وه. لێره‌وه ئێمه ده‌كه‌وینه به‌رده‌م خۆكوشتنی خود (نووسه‌ر) و سه‌فه‌كردنی ئه‌ویتر (خوێنه‌ر).
ڕه‌نگه ئه‌و پرسیاره ڕووبه‌روومان بێته‌وه، كه چۆن سه‌فه‌ر و خۆكوشتن ده‌بن به دوالیزمی یه‌كتری بۆ به‌رامبه‌ر؟ ئایا ڕووبه‌رێكه بۆ كۆتایی هێنان یان گه‌ڕانێكه بۆ دۆزینه‌وه؟ ئایا گومانی سه‌یركردن بۆ مه‌رگ نابێته یه‌قینێك كه ڕووبه‌ڕووی نائومێدیمان بكاته‌وه؟
چونكه ئه‌ویتر به‌دوای ئه‌وه‌ی دۆخی بێده‌نگی خود تێكده‌شكێنێت وزمان ده‌كاته په‌یوه‌ندی نێوانیان و گۆشه‌گیری فه‌ردانی هه‌ر یه‌كێكیان كۆتایی پێ ده‌هێنێت و ئه‌لته‌رناتیڤی ئه‌و گۆشه‌گیریه‌ش (گوتاری ئێمه‌یه له بووندا) شوێنگه‌ی ئه‌و گوتاره په‌یوه‌سته به ئیراده‌ی ئێمه، ئیراده‌یه‌ك توانای خوڵقاندنی فه‌زایه‌كی یۆتۆپی هه‌یه، كه ده‌توانێت له‌ناو ئه‌و فه‌زایه‌ش جیهانێك له‌نێو تێگه‌یشتنی خۆیان بخوڵقێنن، كه په‌یوه‌ندی به هێزه‌كانی تره‌وه نه‌بێت و خۆشی داببڕێت له‌و ڕابردووه خودیه، به‌ڵام ئه‌ویتر به‌دوای خوڵقاندنی ئه‌و گوتاره بڕیار له سه‌فه‌ر ده‌دات، سه‌فه‌ر كردن خه‌ونی ژیاندۆستی فراوان ده‌كات، بڕوای به (مانه‌وه‌ی ئێره) نیه، ئه‌و سه‌فه‌ره ده‌بێت به بڕیاری ستراتیژی ئه‌ویتر كه متمانه به شوێن له‌ده‌ست ده‌دات، هه‌ڵگری مانایه‌كی قووڵ نیه، به‌ڵكو به‌شێكه له‌و وه‌همه‌ی بیست ساڵه وێنه‌ی ژیاندۆستی له (ئه‌وێ) دا ده‌بینێته‌وه.
وه‌همێك هه‌ڵگری پرسیار نیه، هێنده‌ی له‌نێو فانتازیاكانی خۆیدا نووقم بووه، فانتازیاكانی سه‌فه‌ر وێنای دنیایه‌كه به‌دژی زه‌بر وزه‌نگ و كولتوری چه‌پێنراو، سه‌فه‌ر ده‌بێ به دنیایه‌ك منداڵبوونه‌وه‌ی ئه‌ویتری تێدا ده‌ست پێده‌كات، ئه‌و سه‌فه‌ره كاتێ به ده‌رچوون لێره فانتازیاكانی كۆتایی هات.
ڕووبه‌ڕووی تراژیدیا ده‌بێته‌وه، تراژیدیای له‌ده‌ست چوونی ئێستا و هه‌ست كردن به تاوانی خۆكوشتنی خود، چونكه ئه‌ویتر له‌و خۆكوشتنه به‌رپرسیاره، دواجار له‌گه‌ڵ مردنی فانتازیا ده‌بێت به خاوه‌ن شوناسی دڕنده و گوناهبار، ئه‌وه‌ش ده‌یكات به كه‌سێتیه‌كی ماسۆشی كه چێژ له ئازاردانی خۆی ده‌بینێت، بۆیه مه‌رگی فانتازیا مردنی خه‌ونی نه‌وه‌یه‌كی ترسنۆكی ژێر ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ركوتكاریانه‌یه، چه‌مكی ده‌سه‌ڵات ته‌نیا واتایه‌كی سیاسی نیه، به‌ڵكو ئاماژه‌یه بۆ سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌ناوی كۆمه‌ڵگا، بۆیه له‌و هۆكاره ده‌پرسین كه: بۆچی خۆكوشتن ده‌بێ به دوالیزمی سه‌فه‌ر؟
پێشتر ئه‌وه‌مان خسته ڕوو كه خود له ڕێگه‌ی به‌شداریكردنی ئه‌ویتر بۆ نووسین دێته زمان، نووسین ڕه‌خنه‌گرتنه له ڕابردوو، كوشتنی زه‌مه‌نی یاده‌وه‌رییه، سڕینه‌وه‌ی (ئه‌و) ی نێو یاده‌وه‌رییه له ئێستادا.
ئه‌و سڕینه‌وه‌یه په‌یوه‌ندیه‌كی هه‌نووكه‌یی داده‌مه‌زرێنێت، به سه‌فه‌ركردنی ئه‌ویتر ئه‌و په‌یوه‌ندیه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه به ته‌نیا مانه‌وه‌ی خوده، مانه‌وه‌یه‌ك چۆن ڕابردووی پێ دۆڕاند، ئاوا (ئێستا) شی پێ له‌ده‌ست ده‌دات، بۆیه داهاتوو بۆ خود ده‌بێت به بێماناییه‌كی گه‌وره، بێماناییه‌ك بڕیاری خۆكوشتنی پێ ده‌دات، ئه‌گه‌ر پرسیارێك ئاراسته‌مان بكرێ، بۆچی به‌ر له ئاماده‌بوونی ئه‌ویتر خۆكوشتن نه‌ده‌بووه بڕیارێك.. خۆ ئه‌و ساته‌ش ئه‌وی نێو ئه‌فسانه‌كانی عه‌شق دۆڕابوو؟ هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وكات یاده‌وه‌ری خۆی له‌ناو ژیانی درێژ ده‌كرده‌وه، خود خۆی به درێژكراوه‌ی زه‌مه‌نی یاده‌وه‌ری ده‌زانی، ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی ئێستای خۆكوشتن بێت، ئه‌وساش هه‌ڵوێستی هه‌بوو به‌ڵام جیاواز بوو، له‌بڕی كۆتایی هێنان به جه‌سته كۆتایی به ده‌نگ هێنابوو، بێده‌نگی هه‌ڵبژاردبوو، به‌ڵام ئه‌ویتر ده‌نگی پێ به‌خشیه‌وه، بۆیه دووركه‌وتنه‌وه‌ی له شوێن.. دوور كه‌وتنه‌وه‌یه له خود، ئه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌یه بێماناكردنی ئاینده‌یه، بێمانایی پرۆژه‌یه‌كه پێشنیاری ئه‌نفالی بۆ خود ده‌خاته ڕوو، ئه‌نفال كردنی جه‌سته.. كۆتایی هێنانه به ژیان، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌ویتر سه‌فه‌ركردن به گه‌ڕانێك ناوببات بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆشبه‌ختی و ده‌رچوون له هه‌ڕه‌شه‌كانی نائومێدی.
ئه‌وا خود له‌ڕێگه‌ی خۆكوشتن موماره‌سه‌ی فه‌نابوون ده‌كات، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی نیه، چونكه كاردانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وكاته ده‌رده‌كه‌وت، ئه‌گه‌ر به‌دوور كه‌وتنه‌وه‌ی له ئه‌و به‌و كاره هه‌لًَبستابا، به‌ڵام كاتێ به‌هۆی دابڕان له ئه‌ویتر ئه‌و بڕیاره ده‌دات، خۆكوشتن ده‌بێت به پرسیارێكی فه‌لسه‌فی، پرسیاركردن له چه‌مكی (گوتاری ئێمه له بوون) دا، ئه‌و گوتاره ده‌كه‌وێته نێو گومانه‌وه، گوتارێكه به خۆكوشتن وسه‌فه‌ر سێنته‌ر هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
هه‌ریه‌ك له خود و ئه‌ویتر دوو بونیادی نێو ئه‌و گوتاره‌ن، دوالیزمی نێو ئه‌و گوتاره‌یان پێكهێناوه، به ده‌رچوونی یه‌كێكیان له‌ناو گوتاره‌كه، ئێمه ده‌بێته‌وه به (من- خود)، بۆیه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه گوتارێكیتر ڕێك ده‌خاته‌وه و ناوی ده‌نێت (گوتاری خود له ئێستا) دا، ئه‌وه‌ش گوتارێكه داهاتووی ده‌خاته نێو نائومێدی، بۆیه ئه‌ویتر چه‌نده له‌ترسی نائومێدی له‌زه‌مه‌نی ئێستا سه‌فه‌ر ده‌كات، ئه‌وا (خود) یش له‌به‌رامبه‌ر نا‌ئومێد بوونی له‌زه‌مه‌نی داهاتوو بڕیاری خۆكوشتن ده‌دات، جیاوازیشی له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر له‌وه‌دایه كه ئه‌ویتر پێی وایه “لێره قه‌ده‌ری مه‌رگ له عه‌شقی ژیان گه‌وره‌تره” هه‌رچی خوده بڕوای ته‌واوی به‌وه هه‌یه كه “مه‌رگ به‌رامبه‌ر چه‌مكی ئێمه ناتوانێت هه‌ڕه‌شه له خه‌ون و فه‌زا یۆتۆپیاكانی عه‌شق بكات”
به‌مانای ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌ویتر بوونی خۆی وابه‌سته بكات به (ئه‌وێ) وه‌ك شوێنێكی نادیار، ئه‌وا خود بوونی خۆی وابه‌سته ده‌كات به بوونی ئه‌ویتر، شوێنیش لای هیچ ماهیه‌تێكی نابێت، گرنگ بوونی (ئێمه) یه وه‌ك دوو فیگور، له‌هه‌ر شوێنێكیش بین گرنگ نییه، بۆیه به‌دوور كه‌وتنه‌وه‌ی یه‌كێكیان عه‌شقی بێ‌سنوور بۆ ئه‌ویتر وا له خود ده‌كات بڕیاری خۆكوشتن بدات، به‌ڵام مه‌رج نیه ئه‌و بڕیاره بڕیارێكی كۆتایی هێنان بێ به جه‌سته، به‌ڵكو زیاتر خۆكوشتن بیرۆكه‌یه‌كه ئه‌وه‌ش پرسیارێكی ئه‌خلاقیه به‌رامبه‌ر به عه‌شق، ڕێگه نه‌دانه بۆ بێحورمه‌ت كردنی یاده‌وه‌ری عه‌شق، بۆیه خۆكوشتن ده‌كرێت له‌وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته كرا‌و بگوازرێته‌وه بۆ چه‌ندین وێنه‌ی جیاواز، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای ئێمه خۆكوشتن گوازراوه‌ته‌وه بۆ پرۆسه‌ی نووسین.
ئه‌گه‌رچی زۆر ره‌هه‌ندی تر هه‌یه شاراوه‌ن لای ئێمه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی عه‌شق چه‌مكه‌كان له‌ناو خه‌یاڵی زمان دێلێته‌وه، له‌ڕاستیدا ئه‌و زیاتر له‌جیهانێكی شیعری ده‌چێت، ئه‌وه مه‌مله‌كه‌تی خه‌یاڵه، بۆیه په‌یوه‌ندی نێوان چه‌مكی فه‌ردانیه‌ت به ماڵ په‌یوه‌ندیه‌كی یۆتۆپیه، چونكه ئه‌و په‌یوه‌ندیه بۆ عاشق له ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كی دوالیزمی قسه‌ی له‌باره‌وه نه‌كراوه، قسه كردن له‌و دوالیزمه‌ش دیدێكی ڕه‌خنه‌یی ده‌وێت كه له توانای عاشقه‌وه به‌ده‌ره به‌هۆی ئه‌وه‌ی عاشق ئه‌و دوالیزمه نابینێت ته‌نیا ساته‌وه‌ختی شكست ئه‌و كاتانه‌ی نووسین عه‌شق له شكست و نائومێدی ده‌گۆڕێت به تێكستی ڕه‌خنه‌یی عاشق، ئه‌وه‌ش ئه‌زموونێكی ڕه‌خنه‌یی عاشقه له‌ناو نووسین، ئه‌زموونێك په‌یوه‌ندیه‌كی ڕاسته‌وخۆی نیه به عه‌شقه‌وه، هێنده‌ی ئه‌گه‌رێكه بۆ عه‌شقی كوردی كه بۆ ڕزگاربوون له‌ماڵ خه‌ونی ماڵ بنیات ده‌نێت، جارێ به‌ر له‌وه‌ی بچینه سه‌ر پرۆسه‌ی ته‌ئویل كاری بۆ ڕٍابردووی عه‌شق، پێویسته قسه له خه‌ون بۆ ئه‌زموونی ماڵ بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌ردانیه‌ت خه‌ونێكی زمانه‌وانی نێو ئه‌زموونی ماڵه، ئه‌وه به‌هه‌شتێكی خه‌یاڵی مه‌مله‌كه‌تی عه‌شقه.
فه‌ردانیه‌ت و ماڵ دوالیزمی یه‌كترین، چونكه ئه‌گه‌ر ماڵ ئه‌زموونی پێكه‌وه ژیانێكی كۆمه‌ڵی بێت؟ ئه‌وا فه‌ردانیه‌ت ئه‌زموونی ژیانی ته‌نیاییه، هاتنه ده‌ره‌وه‌یه له ئه‌زموونی یه‌كه‌م كه ماڵه، ئه‌و ماڵه‌ی به‌رهه‌می په‌یوه‌ندی ژیانی هاوسه‌ری دایك و باوكه، ئه‌و په‌یوه‌ندیه له‌ڕێگه‌ی پڕۆسه‌ی منداڵبوون، په‌یوه‌ندی خۆیان به منداڵه‌كانیان ده‌كه‌ن به سیستمێك بۆ ئاكارێكی خێزانی.
ئه‌و سیستمه بیرۆكه‌ی هاتنه ده‌ره‌وه له ماڵ ده‌كات به تاكه میكانیزم بۆ ڕزگار بوون، ئه‌و بیرۆكه‌یه له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگری خه‌ونێكی یۆتۆپیانه‌ی نه‌وه‌ی نوێی نێو خێزانه، كه خوازیاره له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه سیستمێكی تر پیاده بكات، له‌گه‌ڵ ویسته‌كانی بێته‌وه، چونكه بڕوای به‌و دیسپلین وپه‌یوه‌ندیه ئاكاره‌ی خێزان نیه، كه په‌یوه‌ندیه‌كه له‌سه‌ر چه‌پاندنی ئاره‌زووه‌كانی به‌رهه‌م هاتووه.
بۆیه هاتنه ده‌ره‌وه به‌گژداچوونه‌وه‌یه به كولتوری ماڵ، ئه‌و كولتوره‌ی وێنه‌یه‌كی نه‌گۆڕی هه‌یه بۆ پیاده كردن، ماڵ ده‌بێ به سێنته‌رێك بۆ كۆبوونه‌وه، بیركردنه‌وه له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سێنته‌ر به‌جێ هێشتنیه‌تی، له ئه‌زموونی فه‌ردانی دوای ئه‌وه‌ی خۆی ده‌بێت به خاوه‌ن بڕیار، ده‌توانێت له‌گه‌ڵ كه‌سێكیتر سێنته‌ر ڕێكبخه‌نه‌وه، به‌ڵام نه‌ك به‌و مانایه‌ی كه له ڕابردوو هه‌یبوو، به‌ڵكو له ژیانی هاوسه‌ریدا ده‌كرێت زیاتر چه‌مكێكی مه‌جازی هه‌بێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕاستیدا نه‌بوونی سێنته‌ره، چونكه وابه‌سته‌ی سیستمێكی به‌زۆر سه‌پێنراو نین، به‌ڵكو ئه‌زموونێكه له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی كردن ده‌یه‌وێ بونیاده‌كانی سێنته‌ری ماڵ بخوێنێته‌وه.
لێره‌دا پێویسته ئه‌وه ڕوون بكه‌ینه‌وه كه ده‌رچوون له ماڵ مه‌به‌ستمان له‌سه‌فه‌ركردن به‌ره‌و خۆرئاوا نیه، به‌ڵكو ئه‌و هاتنه ده‌ره‌وه‌یه بۆ متمانه‌كردنه سه‌ر خوده، له‌ماڵه‌وه به‌ره‌و شه‌قام، گه‌ڕان به‌دوای ژوورێك كه ته‌نیا فه‌ردانیه‌تی خۆی حوكمی بكات، هه‌ر ئه‌و فه‌ردانیه‌ته‌ش مافی بڕیاردانی داهاتووی ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ش به‌دوای پرسیاری بێوه‌لام هاتۆته بوون، كاتێ له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی خێزان توانای هیچ گۆڕانێكی نابێت، ده‌پرسێت: تاكه‌ی ده‌بێ له‌م ماڵه بژیم؟ ئایا تا مردن ده‌بێ ئێواران شه‌قامه‌كان به‌جێ بێلم و گوێ له‌فه‌رمانه عه‌سكه‌ریه‌كانی ماڵه‌وه بگرم؟
خێزان وه‌ڵام به‌و پرسیاره ناداته‌وه، نه‌ك ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاماده نه‌بوونی پرسیار له‌ماڵی كوردی گه‌وره‌ترین گرفته، به‌ڵكو گرفته‌كه له‌جۆری هه‌ست نه‌كردنه به خه‌ونی نه‌وه‌كان، ئینتیما نه‌كردن بۆ ئه‌و خه‌ونه به‌هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر سیستمی ئاكاری سه‌پێنراو سه‌یری ده‌كات، بۆیه له‌بڕی وه‌ڵام، پرسیاره‌كه به پرسیارێكیتر وه‌ڵام ده‌داته‌وه “ژیانی تۆ چیه‌تی؟ له‌وه زیاتر چیت ده‌وێ؟”
له‌ڕاستیدا ئه‌وه پرسیار نیه، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه بۆ بێده‌نگ كردن، تاوه‌كو بیر له گۆڕینی سیستمی په‌یوه‌ندی نه‌كرێته‌وه. له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ بێده‌نگ كردن، پرسیاری نه‌وه‌ی نوێی ماڵ.. پرسیار نیه بۆ گۆڕینی ته‌واوی ئه‌و دۆخه‌ی خێزان، هێنده‌ی پرسیارێكه ده‌یه‌وێت له‌و هۆكاره دڵنیا بێت كه بۆ ده‌بێت ژیان به‌م شێوه‌یه به‌ڕێوه بچێت؟ ئه‌و پرسیاره به مه‌به‌ستی هاو واتا بوونی ئاكاره له‌گه‌ڵ ئاره‌زوو، نه‌وه‌ك زه‌وتكردنی ئاره‌زوو، ئه‌وه ئاماژه نیه بۆ سێكس، چونكه ئاره‌زوو په‌یوه‌ندی به كۆی ئه‌و ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه و چۆنیه‌تی ژیانه‌وه هه‌یه كه خود ئاره‌زووی ده‌كات وخۆشی بیخاته ڕوو، نه‌وه‌ك له‌ڕێگه‌ی سیستمی خێزان به‌سه‌ریدا بسه‌پێنرێت، ساته‌وه‌خَتی هاتنه ده‌ره‌وه له ماڵ.. یه‌كه‌م ساتی تێڕامانه له یاده‌وه‌ری مرۆڤ به ماڵه‌وه، یاده‌وه‌ریه‌ك پێی ده‌ڵێت تۆ هه‌ڵه‌ده‌كه‌یت كاتێ ده‌ڕۆیته ده‌ره‌وه، چونكه ژیانت هه‌مووی لێره برده سه‌ر.
یاده‌وه‌ری ئه‌گه‌ر هه‌وڵێك بێ بۆ بیركردنه‌وه، ئه‌وه ئه‌و جۆره بیركردنه‌وه‌یه ته‌سلیمی سیستمی یاده‌وه‌ری ده‌كات، بۆیه مرۆڤ بۆ سه‌پاندنی خۆی بیركردنه‌وه ده‌گۆڕێت به هه‌ڵه كردن “ئه‌وه ئاماژه‌یه بۆ گۆڕینی كۆژیتۆكه‌ی دیكارت له‌لایان فۆكۆ وه به‌لادانی ووشه‌ی بیركردنه‌وه به هه‌ڵه‌كردن، بۆیه ده‌بێت به: من هه‌ڵه ده‌كه‌م، كه‌واته من هه‌م” به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هاتنه ده‌ره‌وه له‌ماڵ هه‌ڵه‌یه‌ك بێت، ئه‌وا ئه‌م به‌م هه‌ڵه‌كردنه هه‌ڵده‌ستێت، چونكه به‌و هه‌ڵه‌یه توانای سه‌پاندنی خۆی هه‌یه، نه‌ك بیركردنه‌وه‌كه سنوردار كرابێت به سیستمی چاودێری، بۆیه خودی یاخی پێویست ناكات وه‌ڵام به پرسیاری هه‌ڵه‌كردن بداته‌وه، هێنده‌ی پێویسته به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بگه‌ڕێت كه: ئایا ئه‌و جارێكی‌تر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه؟ بۆچی؟ چونكه هاتنه ده‌ره‌وه له ماڵ ده‌سبه‌رداربوونی هه‌موو ئه‌و ئاكاره‌ی نێو خێزانه “مه‌به‌ست له حیكایه‌تی هه‌زار و یه‌ك شه‌وه‌یه، كاتێ شه‌هره‌یار بۆ ڕاووشكار له‌ماڵ ده‌چێته ده‌ره‌وه، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵ ده‌بینێت، شه‌هره‌زاد له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره قووڵه ڕه‌شه‌كه‌ی به‌ڕووتی خه‌وتووه، ئه‌وه‌ش به‌وه ڕاڤه ده‌كرێت، كه به‌جێهێشتنی ماڵ له‌ده‌ست دانی ئاكاره” ئیدی په‌یوه‌ندی خود به‌هه‌ر ئه‌ندامێكی ماڵ په‌یوه‌ندیه‌كه له‌سه‌ر سه‌پاندن و كوشتنی ده‌نگ نیه، به‌ڵكو ده‌نگ جیا ده‌بێته‌وه،خود له هاتنه ده‌ره‌وه ئه‌و كائینه‌یه كه ده‌نگی خۆی له ماڵ جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه‌ش ڕووبه‌رێك نیه بۆ جه‌سته، به‌ڵكو گه‌ڕانه به‌دوای پانتاییه‌ك تاوه‌كو موماره‌سه‌ی ئاماژه‌كانی ده‌نگی خۆی بكات، بۆیه ئه‌گه‌ر شوێن (جوگرافیای یاده‌وه‌ری) بێت، به‌ر له‌هاتنه ده‌ره‌وه‌ی ده‌نگ ئه‌و جوگرافیایه ده‌سڕێته‌وه و بیر له جوگرافیایه‌كی هه‌نووكه‌یی ده‌كاته‌وه، گۆڕینی ئه‌و جوگرافیایه.. گه‌ڕانه به‌دوای ئارامییه‌ك.
چونكه ماڵ بووه به‌و شوێنه‌ی كه (پۆل ئیلوار) ناوی ده‌نێت (جوگرافیای خه‌مناكی سنوری مرۆڤایه‌تی) بیركردنه‌وه له هه‌ڵه كردن، سڕینه‌وه‌ی بیركردنه‌وه به‌پێی ڕاڤه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ش هه‌ر ئه‌و جۆره ڕاڤه‌كاریه وا ناوی ده‌بات، كه‌چی له‌ئه‌نجامدا ده‌بێ به جێگره‌وه‌ی بیركردنه‌وه، ئه‌وه‌ش مه‌رج نیه ته‌نیا به ده‌رچوون بێت، به‌ڵام كاتێ ئه‌و بیرۆكه‌یه له‌ناوه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا، ئه‌وساته ده‌كرێ ده‌رچوون چه‌مكێكی مه‌جازی هه‌بێت، ئه‌وه‌ش ده‌گۆڕێت بۆ بیركردنه‌وه له‌گۆڕینی جوگرافیای خه‌مناك، ئه‌و جوگرافیایه ئه‌گه‌ر توانی له‌ڕێگه‌ی یاده‌وه‌ری ناچاری بكات له‌و ماڵه بمێنێته‌وه، چونكه ڕۆژگارێكی زۆر شه‌وانه قسه‌ی له‌گه‌ڵ دیواره‌كان كردووه، كۆمه‌ڵێك حیكایه‌تی دایه ونوكته‌ی ته‌مسیلی كوردی وچه‌ندین فیلمی جوانی سه‌رنجی ڕاكێشاوی له‌م ماڵه سه‌یر كردووه، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفی له‌ڕێگه‌ی كتێبخانه‌ی ماڵه‌وه ناسیووه وبه‌دیار پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كان دۆش داماوه وگریاوه، هه‌ستی كردووه هه‌مان ترسی كافكا بۆ پاڵه‌وانه‌كه‌ی بۆ ئه‌وی خوێنه‌ر گواستراوه‌ته‌وه وله‌ترساندا به‌تانیه‌كه‌ی به‌سه‌ر سه‌ری خۆی داداوه وخه‌وتووه، به‌یانیش جورئه‌تی نه‌كردووه هه‌ستێته‌وه نه‌وه‌كو بووبێت به قالۆنچه‌یه‌ك وه‌كو گریگۆری سامسا، ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و هه‌ستانه ناچاری بكه‌ن له‌ماڵه‌وه بمێنێته‌وه، به‌ڵام چونكه له جه‌وهه‌ردا بڕیاری گۆڕانی تێدایه، ئه‌و بڕیاره به خۆكوشتن كۆتایی دێت.
ژماره‌ی حیكایه‌تی خۆكوشتنی گه‌نج له‌ماڵه‌وه حیكایه‌تگه‌لی بێ كۆتایین، كه‌وابێت ئایا به‌دوای هاتنه ده‌ره‌وه خود جارێكی‌تر ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵه‌وه؟ له‌كاتێكدا ئه‌زموونی فه‌ردانی ڕووبه‌رووی ئاكارێكی تری ده‌كاته‌وه، كه ته‌واو له ئه‌زموونی ماڵ جیاوازه، ئایا ئه‌و كه فێری جیابوونه‌وه بوو توانای هه‌یه تێكه‌ڵی ئه‌وانه بێته‌وه كه گوێی لێ نه‌گرتن وبه‌جێی هێشتن؟ دیاره ئه‌وساته ناتوانێ تێكه‌ڵ بێته‌وه، چونكه گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ.. گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ژێر ئیراده‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، بۆیه ئاكاری فه‌ردانی چه‌مكی گه‌ڕانه‌وه به ته‌واوی ده‌سكاری ده‌كات، به‌وه‌ی شوناسی ئه‌ندامی خێزانی لێ سه‌ندۆته‌وه وكردوویه‌تی به میوان، میوانیش چه‌ند ڕۆژێكه‌و وه‌زیفه‌ی دیده‌نیه، دواتر ده‌بێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ شوێنی فه‌ردانی، كاتێ ئه‌و كه پێشتر ئه‌ندامی ئه‌و ماڵه بووه، هه‌ستی خاوه‌ن ماڵی خۆی تێدا نه‌ماوه، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به سڕینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته هه‌یه له‌ناوه‌وه‌ی خۆیدا، ئه‌گه‌رچی یاده‌وه‌ری زۆرجار برینداری بكات، به‌ڵام ئه‌و كه له‌ده‌ستیدا ناتوانێ جارێكی دی بۆی بگه‌رٍێته‌وه، چونكه هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كان پچڕاون، سه‌ر له‌نوێ په‌یوه‌ندی خۆی له‌ڕێگه‌ی سیستمێكی نوێ ڕێكخستۆته‌وه، له‌سه‌ر ئیراده وتوانای خۆی سیستمێكی جیاواز وێنا ده‌كات، كه ده‌بێ به ئه‌زموونێكی سه‌ربه‌خۆ وده‌توانێت پارێزگاری له‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ی خۆی بكات، له‌ڕێگه‌ی خوڵقاندنی په‌یوه‌ندی نوێ به‌پێی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه بۆ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی هه‌یه‌تی كه ئه‌زموونی فه‌ردانیه.
ئه‌زموونێك له ماڵ جیا ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ماڵ نییه، به‌ڵكو گه‌ڕانه به‌دوای رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ماڵ له‌ناو ئه‌زموونی فه‌ردانیدا، ئه‌وه‌ش دڵنیا بوونه له‌وه‌ی حیكایه‌تی عه‌شق حیكایه‌تی گۆڕینی توڕه بوونه‌كانی ماڵ بووه، ووروژاندنی هه‌سته سۆزداریه‌كان بووه، چونكه ئه‌و عه‌شقه نه‌یتوانیووه چه‌مكی نه‌مری به‌خۆی ببه‌خشێت، هه‌ر بۆیه به‌دوای شكستی په‌یوه‌ندیه‌كان توانای به‌رده‌وامی حیكایه‌تی تری ده‌بێت له‌گه‌ڵ كه‌سیتردا، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی چیتر عه‌شق خاوه‌نی چه‌مكێكی نه‌مری نیه، به‌پێی ئه‌و ئاماژه زمانه‌وانیانه‌ی تا ئێستا ته‌ئویلمان كردووه تێده‌گه‌ین له‌وه‌ی چه‌مكی نه‌مر بوونی نه‌ماوه، چیتر به‌دوای هه‌ڵدێرانی سیامه‌ند له سیپان مه‌رج نیه قه‌ده‌ری خه‌ج مردن بێت، چونكه ئه‌و به‌دوای مردنی دۆست توانای زینده‌گی و به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌واتای ده‌كرێ عه‌شق توانایه‌كی غه‌ریزه‌یی له‌ناویدا هه‌بێ بۆ به‌رده‌وامی، ئه‌وه‌ش پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی ده‌بێته‌وه بۆ ڕابردووی عه‌شق و ده‌ركردنی یاده‌وه‌ری عه‌شق له‌خود به‌مه‌به‌ستی نوسینه‌وه‌ی ئه‌زموونی نوێ له عه‌شقدا، ئه‌وه‌ش خوێندنه‌وه‌یه‌كی ناته‌بایه به‌دژی ئه‌و لۆژیك و تێگه‌یشتنانه‌ی بۆ عه‌شق هه‌مانه، هه‌ر بۆیه خوێندنه‌وه بۆ پرۆسه‌ی خودیانه، گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌مه‌نی فه‌رامۆشكراوه بۆ نێو نووسین، نووسین هه‌وڵ ده‌دات ته‌ئویل بۆ مێژووی خود بكات.
كه له‌بنه‌ڕه‌تدا ته‌ئویل كردنی زمانه، زمان په‌یوه‌ندی له نێوان خود و عه‌شقدا درووست ده‌كات، به ته‌ئویل كردنه‌وه‌ش ئه‌و په‌یوه‌ندیه له گوتارێكی داخراوه‌وه به‌ره‌و كرانه‌وه ده‌چێت، توانای ئه‌وه‌ی ده‌بێت خود بخاته نێو كۆمه‌ڵێك گریمانه‌ی زه‌مه‌نیه‌وه، تاوه‌كو خوێندنه‌وه بۆ ئه‌و ڕابردووه بكات كه زه‌مه‌نی خودی پێكهێناوه، زه‌مه‌نی په‌یوه‌ندیكردنی خود به ئه‌ویتر، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی تیایدا وێنای خه‌ون ده‌كات، خه‌ونێك دواجار به‌ر له ته‌ئویل كردنی، ده‌سه‌ڵاتێك په‌یوه‌ندیه‌كه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه، ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵگایه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی هێز درووستیان كردووه، هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستمان له‌هێزی چه‌كدار كراوی گروپ و تاقمی سیاسی نیه، به‌ڵكو هێز ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌نێو زمان وله‌نێو ماڵ وله‌نێو دامه‌زراوه‌كانی تردا وێنه‌ی پاڵه‌وانی به پیاو به‌خشیووه، پاڵه‌وانێك له‌سه‌ر كوشتن و ئه‌تككردن وسڕینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هێزی ده‌سه‌ڵاتی خۆی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، به‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌ش ئه‌ویتر له خود دوور ده‌خرێته‌وه، لێره‌وه مێژووی خود له عه‌شقه‌وه ده‌گۆڕدرێت بۆ مێژووی تراژیدیا.
مێژوویه‌ك زه‌مه‌نی ئیرۆس ده‌گۆڕێته سه‌ر زه‌مه‌نی جودایی. ئه‌و زه‌مه‌نه نوێیه‌ش ته‌ئویل ده‌باته نێو ئاستێكی تره‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر زه‌مه‌نی ئیرۆس دۆخێك بخوڵقێنێت كه ته‌ئویلی خه‌ونی تیا بكرێ، ئه‌وا له‌و زه‌مه‌نه نوێیه‌دا، زه‌مه‌نی مانه‌وه‌ی خود و له‌ده‌ست دانی ئه‌ویتر، زه‌مه‌نێك ته‌ئویل له خه‌ونه‌وه به‌ره‌و خود دێنێت، مه‌به‌ستمان ته‌ئویل كردنی خوده، ئه‌وه‌ش پرۆسه‌یه‌كی هیرمنیۆتیكیه، تیایدا هه‌وڵی ته‌ئویل كردنی زه‌مه‌نی له‌ده‌ستچوو ده‌دات، دواتر ئاماده بوونی ئه‌و خوده له ئێستادا ده‌ست نیشان ده‌كات، به‌وه‌ی ئاخۆ له ئێستادا توانای ده‌سپێكردنه‌وه و به‌رده‌وامی هه‌یه بۆ ژیان به ده‌سبه‌ردار بوون له‌و ڕابردووه‌ی كه ئه‌و خاوه‌نیه‌تی؟ ئه‌و پرسیاره توانای ده‌ست نیشان كردنی خودیی هه‌یه له زه‌مه‌نی ئێستادا، بۆیه خود كاتێ ده‌كه‌وێته گه‌ڕان به‌دوای كه‌سێكیتردا، ئه‌وه پڕۆسه‌ی گه‌ڕان نیه.. هێنده‌ی هه‌وڵێكه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕابردوو، بۆیه گه‌ر ئه‌و ساته‌وه‌خته پرسیاری ئه‌وه‌ی ئاراسته بكه‌ین “ئێستای خود چیه؟” ناتوانین ته‌ئویل كردن بۆ رٍابردوو فه‌رامۆش بكه‌ین، چونكه پرسیار كردنی خود له‌باره‌ی ئێستاوه، پرسیارێك په‌یوه‌ندی به بوونی هه‌نوكه‌یی خوده‌وه نیه، به‌ڵكو به كۆی ئه‌و زه‌مه‌نه‌وه هه‌یه كه مێژووی خودی پێكهێناوه، بۆیه ناتوانێ ده‌سبه‌رداری ئه‌و مێژووه بێت، هیچ شتێكیش بۆ خود هێنده‌ی ڕابردوو له ئێستادا ناژیێت، ڕابردوو وه‌ك گریمانه‌یه‌كی زه‌مه‌نی ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئاماده بوونی خۆی له‌ناو زماندا ده‌سه‌پێنێ، ئێستا ناتوانێ هه‌یمه‌نه بكاته سه‌ر زمان، به‌ڵكو ئێستا له‌ناو زماندا ده‌بێ به قوربانی ڕابردوو، قوربانیه‌ك له‌ڕێگه‌ی ته‌ئویل كردنه‌وه‌ی زمانی خوده‌وه، ئه‌و گه‌مه زمانه‌وانیه ئاشكرا ده‌بێت كه خود ده‌یه‌وێ ئه‌وانیتر ده‌سخه‌رۆ بدات، به‌وه‌ی ڕابردوو شتێكی ئه‌وتۆی لای ئه‌و جێ نه‌هێشتووه، ته‌ئویل كردنه‌وه‌ی زمان.. ته‌ئویل كردنی خوده بۆ ناسین.
ته‌ئویل پڕۆسه‌یه‌كه به‌ره‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی ته‌ئویلكارانه‌یه بۆ دوێنێ، نه‌ك بۆ ئێستا، ئێستا چه‌نده به‌دوای بنیاتنانی مێژوو ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ڕابردوو ئه‌و گرفته‌ی نیه، چونكه ڕابردوو زه‌مه‌نی مێژووی خوده، ئه‌و هۆكاره‌ی له‌پشت ئه‌و مێژووه ئیش ده‌كات یاده‌وه‌رییه، بۆیه یاده‌وه‌ریه نایه‌ڵێت خود ئیراده‌ی بڕیاری هه‌بێت، كاتێ ناتوانێ جێگیر بێت له‌سه‌ر عه‌شقێك، تاوه‌كو ئه‌و عه‌شقه بكاته ده‌روازه‌ی چوونه نێو ئێستاوه، به‌ڵكو خود به‌و ئه‌رشیفه‌ی نێو یاده‌وه‌رییه‌وه ده‌چێته نێو ئێستاوه، رابردووی كه‌سێكی تر ده‌باته نێو ئه‌و زه‌مه‌نه‌وه، به‌ڵام ئایا كه‌سێكیتر ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕابردووی خود بكات به به‌شێك له ژیانی خۆی؟ كاتێ كه‌سێكیتر ئه‌و ڕابردووه‌ی قبووڵ نه‌بوو، ئه‌و ساته به‌دحاڵی بوون ده‌بێته چه‌مكێكی سه‌ره‌كی خود له‌نێو گوتراودا، له‌بنه‌ڕه‌تدا چه‌مكێكی ناته‌واوه، چونكه ئه‌وه تێنه‌گه‌یشتن و به‌دحاڵی بوون نییه، به‌ڵكو شكسته‌كانی خوده له‌ناو زماندا، كه خود نه‌یتوانیووه ئه‌ویتری نێو ڕابردوو له زمان جیا بكاته‌وه، سه‌رباری وونكردنی له زه‌مه‌نی ڕابردوو، به‌ڵام له ئێستادا له‌گه‌ڵی ده‌ژیێت، به‌واتای: سێبه‌ری ئیرۆس له‌ناو جه‌سته‌ی جودایی‌دا ئاماده‌یی هه‌یه.
بۆیه ئه‌گه‌ر خود ئه‌ویتری له‌ده‌ستدا، به‌ڵام زمان ئاماده‌یی له‌ده‌ست دانی نیه، كۆمه‌ڵگا ده‌توانێ دۆست بخاته نێو قه‌ده‌ری خۆیه‌وه، قه‌ده‌ری به مێرددانی به كه‌سێكی خێزان، به‌ڵام توانای ئه‌وه‌ی نیه خود خاڵی بكاته‌وه له‌و ڕابردووه، جیاكردنه‌وه‌ی ناوی دۆست له‌سه‌ر زمان داوایه‌كی مه‌حاڵه، سڕینه‌وه‌ی وێنه‌ی شه‌رمن و خێرایی یه‌كه‌م ماچ له ژوورێكدا، كاتێ ئه‌ویتر دوای ئه‌و ماچه‌ی خود ده‌ست به گریان ده‌كات، خودی عاشق تێناگات له‌وه‌ی گریانی له‌زه‌ته یا غه‌زه‌به به‌رامبه‌ر به خود، سڕینه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌یه.. سڕینه‌وه‌ی ژیانیه‌تی، چونكه بووه به زمانی خود، زمانێك كه به‌رهه‌م هێنه‌ری گوتاری ئیرۆسیه‌ته، گوتارێك له پیاسه‌ی ته‌نیایی زماندا پێی ده‌ڵێ: من و تۆش ڕۆژێك عاشق بووین.
تا زمانیش ده‌سبه‌رداری ڕابردوو نه‌بێت، ئه‌وا ناكرێت عه‌شق له‌و زه‌مه‌نه نوێیه وێنای مێژوویه‌كی نوێ بكات، مێژوویه‌ك جیاواز بێت له ڕابردوو، كاتێك توانای ئه‌و كاره‌ی نه‌بوو گۆڕینی كه‌سه‌كان و گه‌ڕان به‌دوای عه‌شقی ئه‌فسوناوی، عه‌شقێك كه له‌گه‌ڵ فانتازیاكانی یه‌ك بگرێته‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت، عه‌شقێك بتوانێ ڕابردووی بۆ بخوڵقێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌ش نه‌بێت، به‌ڵام هه‌ر هه‌وڵێكه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ویتر، ئه‌و كه‌سه‌ی له ڕابردوودا له‌ده‌ستدرا، كه كه‌سێكه له‌ناو یاده‌وه‌ری به‌دوای هه‌مان وێنه‌ی ئه‌و ڕابردووه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه له یاده‌وه‌ریدا وێنای كردووه، بۆیه به‌بێ كوشتنی یاده‌وه‌ری ئاسان نیه سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئاخۆ كوشتنی یاده‌وه‌ری كارێكی هێنده ئاسانه، تا جورئه‌ت و ئیراده‌ی ئه‌وه‌مان هه‌بێت ده‌سبه‌رداری ببین و له‌گه‌ڵ كه‌سێكیتر ده‌ست به ژیان بكه‌ینه‌وه؟
كاتێك شتی ئه‌وه به‌ڕاده‌یه‌كی سه‌یر مه‌حاڵ بێت بۆیه ناكرێ بیر له كۆتایی بكرێته‌وه له‌و عه‌شقه‌ی كه خه‌ون وزه‌مه‌ن و گوتاری خودی له‌سه‌ر بنیاتنراوه ئه‌وه‌ش وا ده‌كات عاشق دوا هاوارو نوزه‌شی بێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بیگه‌یه‌نێته خۆشه‌ویست وه‌ك بۆ من ئه‌و هاواره له‌و دێره كورت ده‌بێته‌وه “ژنه ئه‌فسانه‌ییه‌كه‌ی ڕۆحی من دوای تۆ دنیا تاریك وجوانی بوونی نامێنێت چونكه مێژووی جوانی به‌نده به جوانی تۆوه بۆیه له‌ده‌ره‌وه‌ی تۆ خۆشه‌ویستی بوونی نیه ناشتوانم هیچ كاتێك جگه له تۆ كه‌سێكم خۆش بوێت چونكه خۆشه‌ویستی تۆیت ئه‌ی خۆشه‌ویست”