Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سپێتیم … کازم بیتوێنی

سپێتیم … کازم بیتوێنی

Closed
by May 29, 2012 ئەدەب

 

هێشتا سپێتیم تەنکە وەکو ئاو
هێشتا سپێتیم کێویلەیە وەکو مەرگ
ڕەنگە ڕۆژێکیان ساوایم
سپێتیمی لە فڕینی پەپوولە ڕفاندبێ
ئای گڕوگاڵەکانی ساوایم چەند سپی بوون
سپی وەک ماچ
سپی وەک سەما
سپی وەک مەستی

سپێتیم وەک کەفی دامێنی تاڤگە
هەناسەی پیاسەکانی شەوانەی خۆی
                                 لەسەر هەنیەی شەپۆلان و
                                لەژێر نیگای وردە خیزی نیشتووی خنکاو
                                دێڕ بە دێڕ دەنوسێتەوە
سپێتیم وەک خەونی هەڵاڵان
                            بە شنەشن دەبێتە  ئاواز
                           بە شنەشن دەبێتە گۆرانی
سپێتیم پێستی تەڕی دەنکێک بارانە
سپێتیم پەڕەیەکی سەوزی میهرەبانییە
***     ****    ***

لەودیو سپێتیمەوە
کاتێک پایز پێدەکەنێ
 باخچە خاڵی دەبێتەوە لە سەوزایی و
قولانجێک نسێ نامێنێ گمەیەکی تیا بپشکوێت
ئەوسا دڵم
سەراسەر دەبێتە بیابان
سەرابەکان میاومیاوێنی تێدا دەکەن
کە ئاویش خاڵی بۆوە لە تەڕێتی و
ئایاتەکانی فێنکایی سڕانەوە
ئیدی مەپرسە لە کوژانەوەی ئەستێرەکان بەباوەشی ئاسمانەوە بە ناوەختی
ئیدی مەپرسە لە بانگی خودا بۆ پەرەستن بە ناوەختی
****   ****     ***

تەنیا پنجە کفرێک بەسە
بەسەر لەپی دەستمەوە بێت تا قیامەت
قەراغی باخچەکانی جەهەنەمی پێ جوانترکەم

من توڕەبوونم لە شووشەیە و
غەمگینیم لە نازنازەو
پێکەنینم لە ترێیە
هەمیشە لەودیو شکۆفەی پاڕانەوەمدا
وەرزێکم لە مەستی
لێوانلێوم لە بۆنی بەفر و ڕیحانە
****    ****   ***

لە پەنجەرەی سپێتیمەوە ڕامێنە
هاوارم چەند ساماڵە
گریانم چەند پەمەییە
تنۆک تنۆکەی فرمێسکم چەند ئاڵتونین
تەنیایشم چەند تەنیایە
لە پەنجەرەی سپێتیمەوە ڕامێنە
من پڕم لە ئاوازی سپی
پڕم لە گۆرانی ڕێبواران
بەڵام نە ئاسمان گوێم لێدەگرێ نە زەوی

من شەوانە لە درزێکی تاریکی تەنیایمەوە
دەچمە ژێر نسێ ی  ئەستێران
سینەم  بۆ عەتری تریفەیان دەکەمەوەو
لەگەڵ ڕۆحی دا داگیرساویان دادەگیرسێم

بزە زیوینیەکانی خۆم
بە کراسێک لە کازیوە  دادەپۆشم
نوێژە ئاورینگیەکانی خۆم
لەسەر بەرماڵێک تەمتومان دادەبەستم 
بۆ خوداوەندێکی سەرخۆش
سەما نێرگزیەکانیشم بە کەنار گریانێکەوە دەستپێدەکەم
بۆ عیشقێک لە شێتی

عومری من سەراپا
عومرێکی زەیتونییە
هەرساتە و
بەشێکی هەڵوەریوی لەناو دڵی ئێوارەدا  لێ دەنێژم
***   ***     ***

لە سپێدەی سپێتیمدا
چاوەڕوانی خۆرێکی خوێنشیرین ترم
کە سپێتیم لە هەتاوی خۆی هەڵکێشێ و
لەناو ڕۆحی جەنگەڵستاندا بمچێنێ

 من دەچمەوە سەر عادەتی دەنکە شەونم
لەناو ئاسمانێک هەڵمدا هەڵوەدای بۆنکردنی گیام
لەناو دەشتێک لە گیادا هەڵوەدای بە هەڵم بوونم
دەترسم
وەک ترسی شەو لە تاریکی
وەک ترسی ئاگر لە سوتان
وەک ترسی خودا لە ئیبلیس
 دەترسم بەیانییەک
دەستنوێژ بە خۆڵەمێشی خەیاڵێکی کاڵ بشۆین و
ئاوێنەیەک نەبێت
کزەی ڕازێکی سەربڕاوی لەبەرامبەردا تەفسیرکەین
***    ***    ****

گوێدەگرم لە سەمفۆنیای گوڵەباخ و
بە هێمنی
قومێک هەناسەی ئاونگ
بەسەر فێنکایی تەنیایمدا دەڕێژم
بەدەم ڕاژەنینی چڵێک گوڵەباخەوە
پەنجە بارانییەکانم شیرینترین نەوازشیان لێ دەتکێ

من لەژێر ساباتی سپێتیمدا
نە ئاشنای بیشەڵانی دوکەڵم
نە دەلیلی وەرزی مردن

من لەژێر ساباتی سپێتیمدا
شمشاڵژەنێکم لە جنسی مەرجان
هەمیشە دەدرەوشێمەوەو
دەچمەوە سەر ڕەچەڵەکی هەتاو

دەوروپشتم پڕە لە چەمەن
لە نەسیم
لە کەناری و
گۆرانی و
 نەغمەسەرایی چینوماچین
دەوروپشتم پڕە لە مێرگی نەعناو
پۆلە تاوس و
ڕەوە مامز
پڕە لە گمەی شیرین
لە شەقژنی پەپووسێمانە
لە شکۆفەی  گوڵی ئاوی
دەوروپشتم پڕە لە ئەستێرەی کۆچەری
لە گیا
لە گێلاس
 لە لیمۆ
دەوروپشتم پڕە
لە  مرۆڤی تاریک
لە دڕندەی هەتاوی
ئای لەو چوڵەوانیەدا چەند تەنهام
ئای لەو چۆڵەوانیەدا چەند نامۆم
***

سەرەتای ساڵی ٢٠٠١
چوارقوڕنە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.