
وڵات ….نەوزاد بەندى
(1)
خۆشم ئەوێى وڵاتەکەم ،
بەڵام
بەدزى خێزانەکەمەوە ..
(2)
چەند شیرینە لام ،
دار و بەردى وەتەنم ..
بەڵام هیچیان ،
نەبوونە دەلیلى
دیژلەمەیەکم ..
(3)
ئەى نیشتمان
ئەتخەمە ژێر پێمەوە ،
بە دەست خۆم نیە ،
هێزى ڕاکێشانى زەوى ،
ئەوەم پێ ئەکا
(4)
نێوان من و خاک
پارچە لاستیکێکە ،
پێى ئەڵێن :
پێڵاو
(5)
مراویەک بکرێتە
وەزیرى ڕۆشنبیرى ،
ئەوەى لە زێرابدا مەلە نەکا ،
ناتوانێ شاکار بنوسێ ..
(6)
دواى شۆڕش ،
هەموو خۆیان بۆیاخکردەوە ،
بە ڕەنگە تازەکانى حیزب ..
تەنها چۆلەکە ،
بەردەوام بوو لە ڕیقنە کردن ،
بە هەموو ڕەنگەکاندا
(7)
بۆ ئەوەى نەتکوژن ،
پێویستە وەک مارمێلکە
بژیت
(8)
شاخى سەوز و
بەرزى گۆیژە :
بۆیە وات پێدەڵێم ،
چونکە بێجگە لە تۆ ،
نەیانهێشتوە شاخى تر ببینم ..
چونکە دیلم ..
(9)
خۆشەویستى زۆر تاوانبارە ،
چونکە ئەچێتە ئەندامێکەوە ،
کە ماندووترین و
سەرقاڵترین ئەندامە ..
خۆشەویستى زۆر تاوانبارە ،
لەبەرئەوەى ئەچێتە دڵەوە
(10)
خۆزگە نیو ئەوەندەى برنج و شلە ،
بیر و باوەڕ
بەکاربهێنرایە ..