
عێراق … ته‌ها ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ
عێراق
ئه‌ی وڵاتی سۆمه‌رییه‌كان
ئه‌ی داستانی گه‌لگامشی نێو زه‌لكاو و ده‌شتی سووتاو
قیساره‌ی شاخداری مه‌رگ،
ئاوازژهنی مه‌رگه‌سات و تاریكستان
عێراق
وڵاتی دوو ڕووباران خوێن
خاكی تینووی بێ باران و بێ ئامان و
بێ داڵده و بێ پشت و په‌نا
میزۆپۆتامیای خێرنه‌دیو
كۆنترین گوناهی زه‌مین
ئه‌ی پێده‌شتی سه‌رابستان
دۆڵی به‌رینی بێهوده له هیچستان
عێراق
ئه‌ی پڵنگی داڕماوی لهكش و ئه‌كه‌د
شێری پیاوخۆری بابل و
مرۆ كوژه‌ر له‌ژێر سایه‌ی هه‌ڵواسینی باخچه‌كاندا
ئه‌ی په‌رستگای نامۆ به شه‌وق و ڕووناكی
ده‌نگ و سه‌دای زبر و ڕه‌ق و
پانتایی پڕ له ژاوه‌ژاو
عێراق
ئاشووری ڕم و قه‌ڵغان و ڕیش شمشێران
ئه‌ی په‌یكه‌ری لوت شكاوی
جێماو له دیرۆكی دۆڕان
گڕهاوێژی كوژاوه بۆ نیشانی ون
شارستانی یه‌كه‌مین له كوفر و ئاشووب
عێراق
ڕۆخی به‌رێكی دۆزه‌خ و
ئه‌شكه‌وتی نوته‌كی به‌ڵا
جه‌رگه‌ی تاوان و كوشتار و
كۆچ و ڕه‌و و ماڵوێرانی
نزرگه‌ی چقڵ و په‌ڵاش و
سه‌ره‌نوێلكی پڕ دووكه‌ڵ و خۆڵ و خاشاك
ته‌لبه‌ندی زیندانی ئه‌قڵ و
داهاتووی ڕه‌شی قه‌ترانی
عێراق
ئه‌ی ئاسمانی بێ ئۆكسجین
ئه‌ی بیابانی دروستبوو له ئێسك و پروسك
مردووشۆری گوڵی ناكامی باخچه‌كان
ئه‌ی بكوژی خه‌ون و ئومێد
پوچكهرهوهی ئه‌ندێشه تهواونهبووهكان
عێراق ئاخ عێراق
بنیاتنه‌ری ته‌خت و تاراجی تارمایی
سك ئاوس به سه‌ركرده‌ی زۆڵ
سه‌رزه‌مینی فرتوفێڵی جه‌للاده‌كان
تاقیگه‌ی نوێترین چه‌ك و
به‌رهه‌مهێنی تۆقاندن و دا چڵهكین و نۆبه‌تی دڵ
ته‌رمی ون و برینداری بۆ ناكۆتا به شان و كۆڵ
عێراق
فره‌زمانی له‌یه‌ك نه‌گه‌یشتووی
نه‌ته‌وه‌ی تینوو به نه‌مانی یه‌ك
دیالۆگی سه‌رزاره‌كی و، مشتومڕی توندی كینه
ئه‌ی نیشته‌جێی ململانێ و لانكی كێشه
جوگرافیای سه‌راپا ته‌نگژه‌ی
نێوان دراوسێی دڵڕه‌ق و چاوچنۆك و تهفرهدهران
نه‌خشه تێكشكاوی، دیرۆك هه‌پرون و
جێی ڕمبازێنی گشت داگیركه‌ران
عێراق داخ عێراق
چ زۆنگاوێكی ڕووبه‌ر بۆنكردویت
چ گۆڕستانێك بۆ زیندووه‌كانت!!
چه‌ند بێسنووره ئومێدبڕانت
چه‌ند بێشوماره حه‌سره‌ت به‌خشینت!!
عێراق
ناو هه‌ناو پڕ له نه‌وت و په‌تڕۆڵی نه‌گریس
بێ به‌رهه‌می بۆش و خاڵیی
چاوهزهقهی بوونه‌وه‌ری دوو پێ و دوو گوێی
ڕیسوا و ڕه‌زیل و گهدایان
ئه‌ی ژینی به‌د و ناچاریی
ئه‌ی به‌ئه‌زموون له خنكاندنی ئازادی
عێراق
( ناو ) ڕه‌ق و ته‌قی شه‌ڕانگێز
بهرپاكهری جه‌نگه هیچ و ناكۆتاكان
ئه‌ی عاشقی عه‌رش و ته‌خت و
ده‌می گه‌وره‌ی گیرفانه‌كان
كوده‌تاچی بێ سه‌روبه‌ر و بنه‌ما
شۆڕشگێڕی بێ ئامانج و
دیكتاتۆری لات و نابوت
بۆ كوشتنی زه‌وی و ئاسمان، ئینسانه‌كان
عێراق وای عێراق
هه‌وری ڕه‌شی باڵدارانی
كرمهڕێزی دره‌ختانی
ئۆردوگای ژانی نه‌بڕاوه‌ی
كڵاوڕۆژنهی خه‌م و ئازار،
وێرانه خاك و كه‌لاوه‌ی
بێ دوێنێ و ئه‌مڕۆی به‌هار و
به‌بێ سبه‌ینێ و شكۆفه‌ی
عێراق
هه‌ژده گۆڕستانی ته‌ریك
هه‌ژده كێلی به‌ناو شار و
هه‌زاران میل كفنی كشاو
سه‌دان دارخورمای نه‌زۆك و
پیره به‌ڕووی له بێخه‌وه هه‌ڵكێشراو
عێراق
ئاشی نه‌زان و حوكمی قه‌ره‌قوش
ئه‌ی بێ یاسا و بێ ده‌ستوور و
ئاڵا شڕێك كه هه‌ر ڕۆژه‌ی به جۆرێكه
بێ سه‌روه‌ریی و بێ مروه‌تی
تۆپباران و گڕبارانی وڵاتانیت
كه وه‌رزاو وه‌رز له پهڕێكه
عێراق
مۆڵگه‌ی به‌دبه‌ختی و نه‌گبه‌تی
مۆته‌كه‌ی هه‌موو زه‌مانێ
تراژیدیای بێ قۆناغ و په‌نگخواردوو له ساته‌كاندا
گۆمی لیخنی هه‌ناسه و
ده‌ستڕه‌نگین له قڕكردن و ئه‌نفال و كیمیاباراندا
عێراق هێی عێراق
وڵاتی چه‌پڵه‌ڕێزان بۆ فه‌رمانڕه‌وای نه‌زان و گێل
زاره‌تره‌ك له سوپای دۆڕاو
له سیخوڕ و پیاوانی گچكه‌ی ده‌مامكدار
خهنجهرلێدهر.. بێگومان هه‌ر له‌پشته‌وه،
له فیگه‌ری برا و كه‌س و خزم و ناسیاو
عێراق
فاڵچی له پێشهاتی مه‌رگ و ڕۆژانی ڕه‌ش
لێزان له چنینی دا‌و و هه‌ڵكه‌ندنی گۆڕی خودیی
ڕاوچی هزر و هه‌ستی پاكیزه و بێگوناه
نیشانپێكی ده‌نگی زیندووی
په‌یڤ و وانه‌ی قه‌ڵه‌می گه‌ش
عێراق.. عێراق
ئێستا كه‌سێك خۆشی ناوێیت
هاوڵاتییه‌ك چاره‌ی ناویت
سیاسییه‌ك بۆت ناسووتێ و
سه‌ركرده‌یه‌ك ڕێزت ناگرێ
باڵنده‌كان هه‌موو ڕۆیشتن
مرۆڤه‌كان جێیانهێشتیت
كانیاوه‌كان وشكیان كرد و
ئه‌ستێره‌كان ڕه‌وینه‌وه
ئای چه‌نده تۆ بهنهفرهتیت
شێته‌كانیش پێت قایل نین!!
عێراق
چه‌نده ویستیان بكرێیته‌وه و
بۆنی سه‌ربه‌ستی هه‌ڵمژیت
تۆی خه‌واڵوو تێنه‌گه‌یشتی
ئای چه‌ند سنگیان كرده قه‌ڵغانی فیشه‌ك و
چه‌ندیش مردن له‌پێناوتا
لێ تۆ باكت به هیچ نه‌بوو
چه‌ند شیعر و تابلۆی گه‌شاوه
سێداره پاداشت بوو بۆیان
داهێنان و فه‌لسه‌فه‌كان هه‌موو بوونه قوربانی تۆ
زمانی تۆش تی ئێن تی و تێزابی پرژاند
له ڕوویاندا به‌بێباكی قامچیت وه‌شاند
خۆ چه‌ند هۆش و هه‌ست و باوه‌ڕ
بوونه زمانحاڵی بوونت
كه‌چی ئاكام..
تاجت نایه سهرسهریهكان
ڕێگه‌ت خۆش كرد بۆ گورگ و به‌راز و ڕێوی
بۆ كه‌ڵبه‌دار و جه‌للاد و
بۆ دز و چه‌ته و بێ ویژدان
ئای چه‌نده شه‌هیدبوون بۆ تۆ
خوانت بۆ غه‌واران ڕاخست
مهدالیاكانت به‌خشییه ترسنۆكان
عێراق
تۆ گریانی منداڵانت بیرچوونه‌وه
تۆ ئه‌شكه‌نجه‌ی دیله‌كان و
سه‌ربڕینی وشه‌كانت پێنه‌زانی
دایكانی جه‌رگ سووتاو و
نامورادانت نهنۆشی
مخابن تۆ چاوت هیچ ئه‌وانه‌ی نه‌دی
نه ههڵلهرزیت، نه دڵت تاوێك داخورپا
تۆی دڵدار به گڕ و باروت
به خه‌نجه‌ر و چه‌ك و ژه‌هر
شه‌وت كرده دیاری ڕۆژ و
تیرۆریش بۆ تریفه‌ی مانگ
عێراق ئای عێراق
دایكێكی گه‌لێك دڵڕه‌قی
به‌دكاران و زۆردارانت هه‌میشه له‌لا شیرینه
له‌بری ماڵ و ته‌لاره‌كان
دڵت به‌خشیووه به سه‌نگه‌ر
گڵی خهنهكی ناوخۆیی بۆت سه‌رینه!!
عێراق
نیشتمانی ئاخ و داخ و كهفوكووڵ و
خه‌م و كه‌سه‌ر..
خاكی په‌ژاره و پرسه و شین
وڵاتی مه‌ینه‌تی و گریان
دژ به خه‌نده و پێكه‌نین و شادی و سه‌یران
ئه‌ی هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ شه‌یتان..
له سۆمه‌ره‌وه تا ئاشوور
له باكووره‌وه تا باشوور
سه‌دا و ناڵه‌ی ناخ و ده‌روون
هه‌موو ده‌ڵێن: ( به‌نه‌فره‌ت بیت.. تونی بابا و ئاوی ئامون )
ئه‌ی بۆ خه‌ڵكی وڵاتی خۆت
بێ وه‌فا و به زه‌بر و زاڵم،
بۆ بێگانه و ناكه‌س به‌چه‌ش
بێ هه‌ڵوێست و شاگردی به‌رده‌ست و ملهوڕ..
ئه‌ی كه‌سێتیی هه‌رده‌م هه‌پروون
زه‌لیلی بێ هاوتا و زه‌بوون!!
ههمیشهپایزی 2011