شه‌ڕێ له قالوبه‌لاوه تا نه‌فخی سوور!
شه‌ڕی نێوان هه‌ق و ناهه‌ق به‌سه‌رهاتێكی زۆر كۆنه و هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه . . (له‌وه‌تی دنیا دنیایه و) _به قه‌ولی (هه‌ژار)ی خۆمان_ (زه‌وی له‌سه‌ر پشتی گایه)، به‌ره‌ی ناهه‌ق له دژی هه‌ق له شه‌ڕدایه . . ئێوه هه‌رگیز بیستووتانه مرۆڤێ هه‌بێ مرۆڤ بێ و نه‌یار و ناحه‌زی نه‌بێ؟! دهنگوباسی ئایینه‌كان، ته‌ورات، قورئان، چوزانم چی، سه‌دان ئایه‌ت و فه‌رمووده پێمان ده‌ڵێن: نووح نزیكه‌ی زیاد له نۆسه‌د و په‌نجا ساڵا بانگه‌وازی بۆ لای حه‌ق و ڕاستی ده‌كرد، حه‌وت هه‌شت كه‌سێ هاتنه سه‌ر ڕێبازه‌كه‌ی، له‌ناو سه‌دان بنیاده‌مدا یه‌ك دوو كه‌سێ بڕوایان به قسه‌ی هێنا. .
موسای كه‌لیم مرۆڤێكی پاك و بێگه‌رد، فیرعه‌ونێكی لـێ په‌یدا بوو _ ڕاستت بوێت خۆی ئه‌م له فیرعه‌ون په‌یدا بوو _، هامانێكی ده‌ست ڕۆیشتوو و به ناز و فیز، به‌لعه‌م باعورای فێڵزان و سه‌دان شه‌یتان، هه‌ر هه‌موو بوونه دڕكی به‌رده‌م ڕێگای بانگه‌واز و گرێكوێره‌ی كردنی ڕاز و نیاز و دركاندنی به‌سته و گۆرانی و ئاوازی وته‌ی هه‌ق و قسه‌ی ڕه‌وان و نه‌سته‌قی .
ئه‌ی ئیبراهیم خه‌لیلی خوا، تۆ بڕوانه بنیاده‌می گه‌وج و نه‌زان چۆن ئاگریان بۆ كرده‌وه و، به مه‌به‌ستی كوشتن و ئاگرتێبه‌ردان، چوار په‌لیان توندتوند شه‌ته‌ك دا و هه‌ڵیاندایه ناو گڕی پڕ بڵێسه‌وه . . ئێڵبه‌گی جافیش گوته‌نی هه‌روا بووه و هه‌روا ده‌بێ . .
عیسایه‌كی كه‌م ته‌مه‌نی پاك و بێگه‌رد و بێ باوك، ده‌یوت ئه‌گه‌ر زلهیهكیان له ڕوومه‌تی لای ڕاستت دا تۆ لای چه‌پیشت حازركه . . نه‌كه‌ی ڕق له دوژمن بگری . . ئه‌و مرۆڤه هه‌ستناسك و دڵا بێگه‌رد و ڕووح خاوێنه، كه سه‌راپای بۆ نیشاندانی جوانی خوا یه‌كپارچه ببووه ئاوێنه . . نه ده‌یزانی كینه چییه و نه ماڵی ڕقی ده‌ناسی، كه‌چی شه‌یتانانی سه‌رده‌م، ئه‌هریمه‌نانی داخ له دڵا، خاچیان بۆ له زه‌وی چه‌قاند، په‌نا و په‌سیوی ئه‌ریحا و هه‌رچی شاری فه‌له‌ستینه له دووی گه‌ڕان، تا گرتیان و به حیسابی دڵی ڕه‌شیان له خاچیان دا . .
هه‌روا بووه و هه‌روا ده‌بێ . . فه‌یله‌سوفانی ڕێ ڕووناك، چی‌یان هه‌بوو جگه له چراكه‌ی بیریان؟ تۆ بڕوانه سوكراتی ژیر، مرۆڤێكی ڕووخسار ناشیرین و به‌دبه‌خت، ژنێكی تا بڵێی ده‌م شڕ، ماڵێكی كاول و وێران . . له‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و وا ده‌ژیا، ئه‌سینا پڕ له جه‌نجاڵی و هات و هاوار و قاڵه بوو، خه‌م ته‌نیا خه‌می باخه‌ڵا بوو، ئه‌وه‌ی قسه‌ی له پێشتر و له هه‌ر هه‌مووان خاوێنتر بوو، بنیاده‌می باخه‌ڵ پڕ و به ئیستیلاحی ئه‌مڕۆكه ده‌وڵه‌مه‌ند و بازرگان بوو . . سوكراتی گه‌نجی پیركراو، به ڕۆژی ڕوون چرایه‌كی گرته ده‌ستی و كه‌وته گه‌ڕان، كاتێكیش خه‌ڵك لێیان پرسی: ئه‌وه شێت بووی؟ به‌م نێوه‌ڕۆیه چی ده‌كه‌ی؟ ئه‌م فانۆسه‌ی ده‌ستت چییه؟ زهینكوێری یان چاوت نییه؟ بزه كه‌وته سه‌ر لێوانی، وتی: كه‌ستان نه‌تانزانی، به دووی مرۆڤدا ده‌گه‌ڕێم! هه‌رچی ده‌كرد له‌و ئه‌سینا گه‌وره‌یه‌دا مرۆڤێكی چنگ نه‌ده‌كه‌وت، له كاتێكدا پڕ ده‌وری له بنیاده‌می چاو زیت و ورگ ده‌رپه‌ڕیوو بوو . .
ئه‌رێ هاوڕێ! ئه‌و ئه‌و سوكراتهی ده‌یوت له هه‌موو ته‌مه‌نما ته‌نها هه‌ر یه‌ك شت ده‌زانم: (كه نازانم)! ئه‌و مرۆڤه چی به‌سه‌ر هات؟ چی لێكرا؟ سه‌ره‌نجامی عومری چی بوو؟ بازرگانانی ڕق له دڵا، كه چرای ناو و نابانگیان _ كه نه‌یانبوو _ به هه‌ڵهاتنی مانگی ئه‌و نرخ و به‌هایه‌كی نه‌ما، هه‌رچی زووه كه‌وتنه خۆ، دادگایهكیان بۆ دامه‌زراند، سه‌د تۆمه‌تی ناشرینیان وهپاڵا خست و ده‌یان درۆیان بۆ هه‌ڵبه‌ست، تا سه‌ره‌نجام جامێ ژه‌هریان دایه ده‌ستی و ئه‌ویش بێ‌باك ههڵیقوڕاند . .
ئه‌رێ هاوڕێ! ئه‌وه‌یه ئه‌نجامی ئه‌وان، چیت بۆ ڕیزكهم، هه‌موو مێژوو سه‌ره‌وبن كه‌ی له‌وه زیاترت گیر ناوێ، گهورهبیرێ په‌یدا ده‌بێ، ئه‌هریمه‌نێ له به‌رانبه‌ریا سه‌وز ده‌بێ . . ئه‌دی ئیتر ژیان چییه؟ شه‌ڕی نێوان هه‌ق و باتڵا، هه‌ر ئه‌وه‌نده و بڕایه‌وه . .
تۆ بڕوانه له بنده‌ستی ڕیزه شاخێكی بێ ئاوا، له دورگه‌ی وشكی عه‌ره‌بان، له‌ناو چه‌ند هۆزی ده‌شته‌كی (هلزع)1 خۆرا، له‌و ته‌متومانی گومان و بێئاگایی و بوتپه‌رستی و نه‌فامییه بێبنه‌دا، ڕووناكییه‌ك له پڕا قوت ده‌بێته‌وه، كانیاوی وشك بووی چه‌ند ساڵه ده‌زێته‌وه، داری بێ گه‌ڵا و په‌ڕوباڵا له خۆشی‌دا ده‌ژێته‌وه، كه‌چی به‌رله‌وه‌ی هیچ ببێ ئه‌بوله‌هه‌ب ده‌رده‌كه‌وێ، ئه‌بوجه‌هل په‌یدا ده‌بێ، وه‌لید و فڵان و فیسار، كوره چوزانم هه‌زاران ئه‌ژدیها و مار سه‌رده‌ردێنن، ناوبانگی مانگ ده‌زڕێنن . . (فرۆید) ده‌ڵـێ: ئه‌گه‌ر زۆر لێی وردبینه‌وه ده‌بینه لایه‌نگیری دز، هه‌ق به چه‌ته و پیاوكوژ ده‌ده‌ین، بۆچی كۆمه‌ڵگه ڕێی داوه وایان لێبێ؟ بۆچی زوو ده‌ستی نه‌گرتوون؟ گه‌ر به گوته‌ی (مام فرۆید) بێ ئه‌بوجه‌هل و ئه‌بوله‌هه‌ب له‌سه‌ر هه‌قن، ئه‌وان خاوه‌ن پێگه و ماڵن، هه‌موو مه‌ككه دیلی زنجیری ئه‌وانه، هه‌رچی سه‌روه‌ت و سامان و پاره و پوڵا و مه‌ڕ و ماڵات و مێگه‌ل و ده‌غڵ و دانه، هه‌ربۆ گیرفانی ئه‌وانه، دیوه‌خان یه‌ك دیوه‌خانه، هه‌رچی هۆز و تیره هه‌یه چاو له ده‌ستی فرمانی هۆزی (قوڕه‌یش)ن، سێ سه‌د و شه‌ست و ئه‌وه‌نده خودا هه‌نه، هه‌ر هه‌موویان گوێڕایه‌ڵی ئه‌بوجه‌هل و ئه‌بوسوفیان و لهههبن . .
له‌پڕ یه‌كێ وه‌ك كارگی كۆتایی زستان هه‌ڵده‌تۆقێ و هاوشێوه‌ی چوزهرهی كنگر بێئه‌وه‌ی پرس به كه‌س بكات سه‌ر ده‌ردێنێ و ده‌رده‌كه‌وێ . . ده‌ڵـێ: سێ سه‌د و شه‌ست خودا چلۆن ده‌بێ؟َ! خودا یه‌كه و به دوو نابێ . . سو‌و حه‌رامه، دزی و قۆڵبڕین ناڕه‌وا و ناشایسته‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌و كارانه بكات هه‌رگیز به هه‌شت به چاوی سه‌ری نابینێ، زه‌كات بده‌ن. . زه‌كات چییه؟ پاره‌ی خۆمان له خۆڕا بده‌ینه فه‌قیر؟ هه‌ی له‌م كاره ناله‌باره! قوڕهیشینه! . . خزمان دۆستان! وه‌خۆ كه‌ون. . ته‌ڵه دانێن. . ته‌گبیر بكه‌ن . . ڕێگه له‌م هه‌تیوه بگرن. . ئه‌مه چی بوو؟ چۆن په‌یدا بوو؟ ئارام و بێ ده‌ردی سه‌ری ژیانی خۆمان ڕاده‌بورد، كێ ئه‌م كابرایه‌ی فریودا و به‌م ده‌رده‌ی برد؟ ده‌ڵێ هه‌ر یه‌ك خودا هه‌یه! ئه‌ی ئه‌و گشته‌ی تر چی لێكه‌ین؟ لات و عوززا، مه‌نات، هوبه‌ل . .!
یه‌كێ وتی: فریویدهن، پاره‌ی ده‌وێ _ كه هه‌روایه _ زووكه‌ن بڕۆن چه‌ندی لێتان ده‌وێ بیده‌ن، ژنی جوان و لاوی ده‌وێ، ناسكترین كچی قوڕهییشی بۆ ڕیزكهن با خۆی لێیان هه‌ڵبژێرێ . . ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی ده‌وێ هه‌ر بیده‌نێ، هیچ عه‌یبێكی تێدا نییه، نه‌وه‌ی عه‌بدولموته‌لیبه و هاشمییه، خۆ له خۆمان به‌ده‌ر نییه، مادامێ كه قوڕه‌یشییه . .!
هه‌رچییان كرد سوودی نه‌بوو . . پاره‌ی چی و ده‌سه‌ڵاتی چی، ژن و مه‌ڕ و ماڵاتی چی . .! ئه‌گه‌ر مانگ له‌لای چه‌پم بێ و خۆریش بخرێته لای ڕاستم وازناهێنم، دهیشمكوژن بێمنه‌ت بن . . من په‌یامنێری ئاسمانم، ته‌نها په‌یامێكم پێیه، ده‌تانده‌مێ و ده‌ڕۆمه‌وه . . په‌یامهێنه‌ری ئاسمانم، چه‌ند ڕۆژێ لاتان ده‌مێنم، له‌م سه‌ر زه‌مینه میوانم . . ئه‌مه قسه‌ی (موحه‌ممه‌د) بوو . .
ئیتر شه‌ڕی هه‌ق و باتڵا ده‌ستی پێكرد، ساڵا هات و چوو، ئه‌م شه‌ڕه هه‌ر به‌رده‌وام بوو، ئه‌بوجه‌هل و ئه‌بوله‌هه‌ب هه‌ردووك فه‌وتان، قوڕه‌یش ناوبانگی له‌ده‌ستدا، موحه‌ممه‌د چووه مه‌دینه، ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی دانا، دوای چه‌ند ساڵێ مهككهیشی خسته ژێر ده‌ستی، (موحه‌ممه‌د) له دونیا ده‌رچوو، ئه‌بو به‌كر و عومه‌ر و عوسمان و عه‌لی . . هاتن و چوون، مه‌عاوییه قوڕه‌یشی زیندووكرده‌وه و، فووی له به‌ختی خه‌واڵووی كرد، له دوای ئه‌ویش یه‌زید هات و بوو به پاشا، كه‌چی شه‌ڕی هه‌ق و باتڵا نه‌بڕایه‌وه، (حوسێن)ی نه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر شۆڕشی له دژی یه‌زید پهرپاكرد و لێی ڕاپه‌ڕی، یه‌زید ئه‌مه‌ی پێ قوت نه‌چوو، به‌گژیا چوو، سوپایه‌كی نارده سه‌ری، هه‌رچی كه‌س و كاری هه‌یه له ده‌شتی كاكی به كاكیی كه‌ربه‌لادا، له تینوواندا و له‌ژێر زه‌بری شیری یه‌زیددا له‌ناوچوون، شیمر سه‌ری پیرۆزی حوسێنی بڕی و به دیاری ناردی بۆ دیمه‌شق بۆ لای یه‌زیدی سه‌رداری . . كه‌سوكار و ئالوبه‌یتی (موحه‌ممه‌د)یش هه‌رچییان كوژران كه كوژران، هه‌رچیشیان مان زنجیر له پێ و ده‌ستیان كرا و به زه‌بری كوته‌ك و قامچی، به‌ره‌و دیمه‌شقی پێته‌ختی تاج و سه‌ڵته‌نه‌تی یه‌زید ڕاپێچكران . .
ئه‌رێ هاوڕێ! تۆ بڕوانه چه‌رخی ئه‌م گه‌ردوونه چۆنه و چۆن ده‌چه‌رخێ؟! هه‌روا بووه و هه‌روا ده‌بێ . . ئاده‌م بووه و شه‌یتان ده‌بێ، له په‌راسووی ئاده‌مه‌وه حهوایهكیش په‌یدا ده‌بێ . . ئه‌مان دووان و ئه‌و یه‌كێ، كه‌چی هه‌ر فریویان ده‌دا و بۆ خواردنی به‌ری داری حه‌رامكراو هانیان ده‌دا و له ئه‌نجامی ئه‌مه‌یشه‌وه هه‌رچی داره‌ڕای خۆشبه‌ختی و ناز و نیعمه‌تی به‌هه‌شته له بنه‌وه به‌سه‌ریه‌كدا هه‌ڵده‌ته‌كێ . . هه‌ر له‌و سه‌ره‌تای بوونه‌وه مرۆڤ لانه‌ی لـێ تێكده‌چێ و ئاواره‌ی ئه‌م دونیا ده‌بێ، دونیاش ئه‌وه‌سا ده‌یبینی! ئه‌رێ هاوڕێ . . ئه‌نجامیشمان هه‌ر مردنه، چل په‌نجا، حه‌فتا هه‌شتا ساڵا ژیان ده‌كه‌ین و السلام!