ئاوات غه‌فوور و سه‌بیحه‌خان درۆ به زمانی مردوه‌وه ده‌که‌ن
ئیبراهیم قوربان…..
(له‌هه‌ر خه‌سارێک ئه‌قلێک ) ئیستا باشتر تێده‌گه‌م، که‌چۆن مێژوو له‌لایه‌ن زۆردارانهوهدهنووسرێتهوه، لهچاوپێکهتنهکانی ئاوات و سه‌بیحه‌خان ، که‌پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ، له گۆڤاری (لڤین) بڵاوکرابوونه‌وه، ده‌رده‌که‌وێت ، که هه‌ردووکیان و به‌تایبه‌ت ئاوات ، مافی ئه‌و سه‌روه‌ریانه‌ی که‌لێره و له‌وێ کورد ئه‌نجامی داوه, پێش له‌داییکبوونی (ینک) , به‌که‌س ڕه‌وا نابینن ! سه‌روه‌رییه‌کان لای ئه‌وان وه‌کو زه‌مین و باخ و باڵه‌خانه و سامانه‌کانی دیکه‌ی کوردستانن، به‌نێوی تایفه‌ی (ینک) ده‌بێت تاپۆ بکرێن ! مێژوو له ڕۆژی له‌دایکبوونی (ینک) وه، ده‌بێت ده‌ستپێبکات، له‌و حیسابه‌ش تێناگه‌ن گه‌ر وا به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌م کارهدزێوانهیانه، ئه‌وا هیچ بۆ کورد ناهڵێنهوهو ئیفلاسی پێ ده‌که‌ن و جه‌نابیشیان ده‌بن به‌سه‌رداری میلله‌تێکی موفلیس و ڕووتوڕه‌جاڵ.
ئه‌گه‌ر برا ئاوات و سه‌بیحه‌خان بۆ تۆزێکیش به‌لای ڕاسیدا گۆزهریان کردبا، ئه‌وا ئه‌وسا خوا ده‌یگرتم گه‌ر وهجهواب هاتبام ، به‌ڵام ئیستاش که‌هه‌ردوو له (لڤین) وایان داوهتهبهرداس، که ئیدی بێده‌نگیم، ڕاستی بێوژدانییچاوپێکهوتنهکهیاندهسلمێنێت.
ئه‌ڵبه‌ت سه‌بیحه‌خان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه له‌دووره‌وه نه‌ش لهنزیکهوهئاگاداری ئه‌و کارهنهبووه، بۆیه سه‌یر نییه،قسه‌کانی هه‌موو گۆزارش له باسێکی زیاتر فانتوومی ده‌کات .
به‌ڵام ئاوات له‌و مهسهلهداقوتب بووه، بۆیه گومانم له‌وه‌دایه، که ئه‌مه کۆششێکی سیاسهتبازانهنهبێت، لهبهباکردنی ئه‌م کای کۆنهبهو شێوه‌یه نادرۆسته، بۆ وه‌ده‌سهێنانی هه‌ر خۆا ده‌زانێ چی.
بۆیه ئاوات له‌باتی ئه‌وه‌ی بڵێت کهلهبچهکرابووم، ده‌ڵێت زهنجیرکرابووم ، له‌بیریشی ده‌چێت، کهئهوهخۆ به‌به‌رچاوی خه‌ڵکی خانه‌قی هه‌موو دیانبرد بۆ تاقیکردنه‌وه، باسی ته‌قه‌ده‌کات ، که‌له‌ڕاستیدا ، له‌و کارهکهس ته‌قه‌ی له‌که‌س نه‌کردووه‌و دیسا خه‌ڵکی شارێک شایه‌تن. نێوی ئه‌وانه‌ی که‌خاوه‌ن بیرۆکه‌ی ڕزگارکردنه‌که‌ی بوون لاده‌دات و نێوی جه‌بار فه‌رمان لهشۆێنهکهیان داده‌نێ ، بویهبهبڕوای من ئاوات پێویستی به‌ب یرهێنانهوهیه و چه‌ند پرسیارێک.
ئه‌رێ ئه‌وه تو خۆت بووی برا ئاوات یان فۆتۆکۆپییهکهت ، که کورد له‌و ڕۆژهڕهشه ڕزگاری کردن ! یان بیرگهخیانهتی لێکردوویت ، یان چ تاوانێکی تۆی تێدا نییه و بیرگه‌ی تایفهکهتانگشت لهئهزهلهوهقۆڕمێشکراوهو نێوه‌کان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی ڕۆژ ده‌سڕێنه‌وه و نێوی چه‌ورتری له‌شوێندا قۆت ده‌کرێنه‌وه.
ئه‌و ڕۆژهمن و (ئه‌لی ئهکبهرساڵه)له‌گیانی خۆمان زیاتر هیچی دیکه‌مان شک نه‌ده‌برد، کهبهقوربانتی که‌ین ، وا ئیستا خیانه‌تمان لێ ده‌که‌ی ، ئه‌دی باشه، مرؤڤ چیت بۆ بکات بۆ ئه‌وه‌ی خیانه‌تی لێ نه‌که‌ی ! یان جێگای ڕێزت بێت ¬! ئاخۆ تو هه‌ر هه‌مان ئاواتی ئۆرجیناڵ نیت، که له‌نێو باخه‌که‌ی نامدار ، داوای خه‌نجه‌ره‌که‌ت لێکردم ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر جاش یان ئه‌من بێنهسهرت ، ئه‌وا باش وایه، به‌و خهنجهرهخۆت بکۆژیت ! له‌ڕاستیدا ئیستا له‌و ڕۆژه‌ت خه‌راپتر به‌سه‌ر هاتوووه برای ئۆرگیناڵ، گه‌ر به‌خۆت بزانیت ، ئیستا نهخهنجهرت گه‌ره‌که و نه‌ش ته‌ڕه‌ماش ، خۆت قورتارکهو نه‌فره‌ت لهکهڵهگای ئه‌و دنیاییه‌و ویژدانت سه‌رفراز .
من و تۆ هه‌ریه‌که‌مان سه‌ر و لنگێکمان له گۆڕهکانماندایه، بۆ کێی ده‌که‌ی! ئێوهنهبوون که‌خۆ به قوربانی کورد ده‌کرد ، وا ئیستا هه‌رهه‌مان میلله‌ت بۆ ماڵی دنیا ڕیسوا و و به‌قوربانی هیچی ده‌که‌ن.
خودی ڕزگاربوونی تۆ سه‌روه‌ری بوو له‌و ده‌مانه‌ی ، که‌به‌عس خه‌ریکبوو خاکی شارهکهتی به‌تووره‌که ده‌کێشا ، ئا له‌و ڕۆژه تۆ جاڕی ئازادی بوویت له‌گه‌رمه‌سێر ، دهمزهردهکان که به‌ڕاستی به‌و کارهههڵسان ، نه ئه‌وسا و نه ئیستاش ، چاوه‌ڕێی پاداشتی ئێوه‌گه‌ل نه‌بوون و نین ، که‌سێک نه‌فام نه‌بێت دایکی خۆی قه‌رزار ناکات ! تا ئیستاش داگیرکه‌رانی کوردستان توانای سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌روه‌رییه‌ی له‌وانه نه‌بووه، ئه‌وه‌ته‌نها ئێوهگهلن گێلانه هه‌وڵی وا ده‌ده‌ن و له‌به‌ر چی ، ده‌با تۆ ئاخر به‌نده‌ی سه‌ر ئه‌م سهرزهمینهبووایهی که‌هه‌وڵی چه‌واشه‌کردنی ئه‌م ڕاستییه‌ت دابا ، چونکهبهپلهی یه‌ک په‌یوه‌ندیی به‌ژیانی تۆوهوهبوو، ئاخر تۆ قوتب(قطب) بووی ئه‌و ڕۆژه برا ئاوات ، نه‌فره‌ت له‌به‌زمی دۆلار و بیرگه‌ی سکراب.
له‌هه‌موو کۆنجێکی ئه‌م دنیایه، مڕۆڤ مزی هه‌ر کارێک ته‌نها جارێک وه‌رده‌گرێت ، ئێوهئهوانهی فریادڕه‌سی کورد بوون ، جارێکیان منه‌تی بهسهرهوهدهکهن که‌خۆتان بۆ به‌کۆشت داوه و ماندووبوون و خه‌باتتان کردووه‌و دووباره‌ش دێنه سه‌ری مزی ئه‌و کارهچوارقات لێی وه‌رده‌گرن ، که له‌ڕاستیدا له‌گه‌ڵ کورددا نه‌ده‌بوو باسی وا بکه‌ن ، که‌سیش داوای ئه‌و ده‌ست پێشخه‌رییه‌ی لێ نه‌کردبوون ، پێم بڵی تۆ یان هاوڕێیه‌کانت، بۆ نایب ئه‌ریف(نائب عریف) بوون تاکو ته‌قاعود بکرێن ، چۆن مرۆڤ کاره پیرۆزه‌کان به دۆلار و زه‌مین و وه‌زیفه ده‌گۆڕێته‌وه!
له‌ڕاستیدا ئه‌و ڕۆژه‌ی که چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی سهبیحهخانم خۆێنده‌وه به‌و براده‌ره‌ی که‌بۆی ڕه‌وانه کردبووم وتم ، ئه‌وه سه‌بیحه‌خان چ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌و دهمانهنهبووه، ڕهنگهلهخهڵکی بیستوویه‌تی ، خۆ ئهوهئاوات نهمردووهههروهها ئه‌وانی دیکهوهکو (ئه‌لی ئهکبهرساڵه). به‌ڵام که‌پاش چه‌ند ڕۆژێک چاوم بهچاوپێکهوتنهکهی توویش که‌وت ، ئه‌وا ئه‌و دنیایه له‌به‌رچاوم به‌ته‌واوی ڕه‌ش بوو، نه‌ک ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، کاره‌که‌تان 180 پلهپێجهوانهگێڕابووهوه، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌لای کوردهوهگرنگهکه ئاگاداری ڕاستییه‌کان بێت نه‌ک بێویژدانییه‌کان .
له قسه‌کانی سه‌بیحه‌خان هاتووه‌که(برایم) کاتی خۆی کوڕی باش بووه‌و ئیستا هه‌ڵوێستی وه‌کو جاران نه‌ماوه و ناشلێت چۆن و بۆچی ، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی جه‌نابیان ئهوهیهکهههرکهسێ له‌ڕیزی ینک نه‌بێت ئهوهپیاو خه‌راپه، ئه‌وه‌بۆ ئاگاداری‌یان:
یه‌که‌م: من لێیان ناگرم چۆنکه ئه‌و بۆچوونه ته‌نها به کوردی کاوێژکردنه‌وه‌ی قهوانهسواوهکهی گۆڕبه‌گۆڕه‌که‌ی به‌عسه، که‌ده‌یگووت ئه‌وه‌ی لهسهنگهرمان نه‌بێت دژمنمانه.
دووه‌م: تاکو ئیستا چ جار بوون به ئه‌ندام له ڕیزی هیچ له‌و ڕێکخراوهکوردستانییانه پێویستی بهئارهقڕشتن نه‌بووه‌و نییه، گه‌ر که‌سێک مه‌یلی لێبێت ئه‌وا وه‌کو هه‌موو ئه‌و کۆنه‌و تازهجاشانهنێوی خۆی قه‌ید ده‌کات و پاره‌ش وه‌رده‌گرێت ، نهئاوات و نهسهبیحهخانیش بۆیان ههیهکهباسی هه‌ڵوێست بکه‌ن . ئه‌ڵوه‌ن و باخه‌کانی ئه‌مدیو و ئه‌ودیوی باوه‌گه‌زی، شایه‌تی هه‌ڵاتنه‌که‌ی ئاوات غه‌فوور بوون ، وا ئیستا گشت تاپوو کراون به‌نێوی ئه‌و کۆنهجاشانهی که‌بوون به‌سه‌به‌بی ئاواره‌یی ئێمه‌و خه‌ڵکی ناوچه‌که، ده‌با که‌سێکتان لاریی هه‌بێت ، ته‌نها گازنده‌ی ئێوهلهخهڵکه بێده‌سه‌ڵات و بێلایهنهکهیه، ده‌نا گوێزتان لێینێن خڕه‌ی نایه.
تاکو ئه‌و ڕاده‌ی که من (جه‌بار فه‌رمان)م ناسیووه، بڕوا ناکه‌م که‌ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ی له‌ئاوات و سه‌بیحه‌خان قبووڵ کردبا ، وا ئه‌و نه‌ما و وه‌ڕه‌نگه ئه‌مانه ڕێککه‌وتبن که‌ئه‌م درۆیه‌ی بهزمانهوهبنێن. که‌باسی جه‌بار فه‌رمان ده‌که‌م ، من نزیکترین مرۆڤی سه‌ر ئه‌م ئهرزهبووم بۆ ئه‌و تاکو ئێواره‌ی 15/9/1975، که‌ڕۆژی دوایی 16/9/75 ئێمهدهرباز بووین و ئه‌ویش که‌وته ده‌ستی به‌عسییه‌کان
بیرۆکه و پیاده‌کردنی ڕزگارکردنه‌که‌ی ئاوات غه‌فوور 1963، وا من لیرۆکانه باسی ده‌که‌م و به‌رپرسیاریش ده‌بم به‌رانبه‌ر میلله‌ته‌که‌م و خۆێنه‌رانی به‌ڕێزیش .
ساڵی 1963 قوتابی سانه‌وی کوڕان بووم له‌خانه‌قی هه‌روه‌ها ئه‌ندامی یه‌کێتی قوتابیانی کوردستان بووم.
ساڵی 63 داگیرکه‌رانی کوردستان زۆر له‌جاران زیاتر شاڵاویان ده‌هێنا بۆ ناوچه‌کانی گه‌رمیان به‌تایبه‌ت خانه‌قی و ده‌وروبه‌ری . خه‌ڵکیان ده‌گرت وگه‌لێک کارمه‌ندی ده‌وڵه‌ت كهکورد بوون دوور ده‌خرانه‌وه و له‌باتییان ئاره‌ب(عاره‌ب) له‌شوێنه‌کانیان داده‌نران . هه‌ر ئه‌و ساڵه‌بوو که‌ئاوات عه‌بدولغه‌فوور به‌کۆمه‌لێک بڵاوکراوهوهگیرابوو ، له‌گه‌ل بابی عه‌لی به‌گ عیسا، که‌سه‌رۆکی تایفه‌ی ئه‌رکه‌وازی و چه‌ند که‌سێکی دیکه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و کات عه‌لی به‌گ عیسا ببوو به‌پێشمه‌رگه‌و له به‌مۆ بوو . بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵ (ئاوات)یان به‌دوو پۆلیسه‌وه دهناردهسانهوی . نه‌من نه‌که‌سێکی دیکه‌ی خه‌ڵکی بانمیل، (ئاوات)مان له نێزیکه‌وه نه‌ده‌ناسی ، به‌ڵام به ڕێککه‌وت من و ئاوات له‌ڕۆژانی تاقیکرنه‌وه له سه‌ر یه‌ک ته‌خت داده‌نیشتین . ئاواتیان به پێیان ده‌هێنا بۆ قوتابخانه که ده‌که‌وته ده‌ره‌وه‌ی خانه‌قی له عهلمدار، له‌ڕێگا که ده‌یانهێنا بۆ قوتابخانه، فرسه‌تم ده‌هێنا، که له‌گه‌ڵ ئاوات قسه بکه‌م ، پۆلیسه‌کان ڕێگه‌یان ده‌دا . که ئاواتیان ده‌برده ژووره‌وه له ژووری بهڕیهوهبهر دایان ده‌نا و پاشان پۆلیسه‌کان ده‌یانهێنا بۆ نهۆمی گه‌وه‌ری قوتابخانه‌که و له‌وێ ده‌ستیان ده‌کرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته کلاسهکهیهوه، کلاسه‌کان له یه‌ک ڕیزه ژوور دروستکرابوون و به‌ده‌وره‌ی گوڕهپانهکهدا . پاشان مامۆستا ده‌هات و کاغه‌زی تاقیکردنه‌وه‌کان دابه‌شده‌کرا. له‌و کاته فرسه‌ت ده‌بوو که زیاتر قسه له‌گه‌ڵ ئاوات بکه‌م . ڕۆژی دووه‌می تاقیکردنه‌وه، وه‌کو جاران له‌گه‌ڵ ئاوات هه‌ر له نێو شاره‌وه تاکو قوتابخانه پێکه‌وه بووین، کاتی هێنانی ئاوات بۆ نهۆمه‌که یه‌ک له که‌له‌بچه‌کانی ده‌ستی نه‌کرایه‌وه و به دهستییهوهمایهوه، له ژووری تاقیکردنه‌وه، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه بوو که به (ئاوات)م وت که زۆر ئاسا نه‌با یارمه‌تیت بده‌م و ڕزگارت که‌م ، به‌ڵام ئاوات ملی نه‌دا و وتی ، ئه‌گه‌ر من ڕاکه‌م ئه‌وا پۆلیسه‌کان هه‌ردوو هه‌ڵده‌واسن ، من کاری وا ناکه‌م ، ئهوانهخۆ کوردن !
ئه‌و ساڵه نه ئاوات نه‌ش من له تاقیکردنه‌وه‌کان به ته‌واوی دهرنهچووین ، هاوینی ئه‌و ساڵه ئاوات هه‌ر له زیندان مایه‌وه.
پاییزی هه‌مان ساڵ گه‌ڕاینه‌وه بۆ قۆتابخانه‌و و تاقیکردنه‌وه‌کانمان ، هه‌موو ئه‌و هاوینه من هه‌ر له بیری ڕزگارکردنی ئاوات بووم ، له‌گه‌ڵ (حه‌مید نامدار ) که کوڕهکوێخای گونده‌که‌مان بوو و چه‌ند نه‌فه‌ریکی دیکه له‌وانه (جه‌بارفه‌رمان)یش کهنێزیکترین براده‌رم بوو له‌و باره‌وه قسه‌م کردبوو ، هه‌روه‌ها باسی پلانه‌که‌ش . به‌هه‌رحاڵ (حه‌مید نامدار) له‌گه‌ڵ ناوچه‌ی خانه‌قی له‌و باره‌وه په‌یوه‌ندی کردبوو ، ئه‌وانیش چ لارییه‌کیان نه‌بوو، ته‌نها مه‌رجیان ئه‌وه بوو که من سوێند به قورئان بخۆم ، که‌ئه‌گه‌ر گیرام باسی که‌س نه‌که‌م . تاکو ئیستا ته‌نها چه‌ند که‌سێک به‌م کاره‌یان زانیبوو ئه‌وانه‌ی جێی بڕوا بوون ، یه‌ک له‌وانه‌ی که‌پێیان نه‌وترابوو (ئه‌لی ئه‌کبه‌ر ساڵه) بوو . پاییزی ئه‌و ساڵه و ڕۆژی یه‌که‌می تاقیکردنه‌وه ، هه‌ر له نێو شاره‌وه تاکو قوتابخانه له‌گه‌ڵ پۆلیسه‌کان و ئاوات ده‌ڕۆیشتم ، پۆلیسه‌کان گۆڕابوون به پۆلیسی ئاره‌ب، دوو پاکێتی جگه‌ره‌ی گرێڤنم بۆ پۆلیسه‌کان کڕیبوو و له ڕێگا پێم دان و ئه‌وانیش ئیدی باش ڕێگه‌یان دام که له ئاوات نێزیک ببمه‌وه، من ته‌نها له‌یه‌ک ده‌رس که‌وتبووم ، به‌ڵام ئاوات له ده‌رسێک زیاتر . وه‌کو جاران دیسا ئاواتیان بردهژووری به‌ڕێوه‌به‌ر و پاش زه‌نگ ، هێنایانه نهۆمه‌که، دوایی ده‌ستیان کرده‌وه و به‌ره‌و کلاسه‌که به‌ڕێ که‌وت و له‌ته‌نیشتمه‌وه دانیشت ، یه‌کسه‌ر پێم گوت: ئاوات ده‌بێت هه‌وڵبده‌ی بۆ ڕاکردن، ده‌نا وه‌کو خۆت ده‌ڵێی ، گه‌ر بتبه‌ن بۆ به‌غدا ئه‌وا هه‌م پاکانه‌ت پێ ده‌که‌ن هه‌میش ده‌تکوژن ، با ڕزگارت که‌م . ئه‌م جاره‌یان ئاوات یه‌کسه‌ر پرسیاری لێکردم و وتی چۆن ، م نێش پێم وت ، زۆر هاسانه، سبه‌ی که ده‌سته‌کانت ده‌که‌نه‌وه، له‌باتی ئه‌وه‌ی بچیه کلاسهکهوه، هه‌ر به‌رده‌وامبه به نێو ئه‌و هه‌موو قوتابیانه‌وه به‌ره‌و ده‌رگاکه‌ی پشته‌وه، ئه‌گه‌ریش پێیان زانیت ، بڵی بۆ ئاوده‌ستخانه‌که ده‌چـم که‌ده‌که‌وته ئهوسهرهو و له ته‌نیشت ده‌رگاکه‌وه بوو، ئه‌گه‌ریش گه‌یشتییه ده‌رگاکه، ئه‌وا باز بده به سه‌ر ده‌رگاکه‌دا و من له‌ودیو چاوه‌رێت ده‌که‌م ، له‌بیرت نه‌چێ جووتێ کاله له‌پێ که، چونکه به‌م پێڵاوانه ده‌رناچی . ئه‌و ڕۆژه ئاوات یه‌کسه‌ر قبووڵی کرد و په‌یمانی پێدام که‌وا بکات .
ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ بهجهماعهتهکهم ڕاگه‌یاند که ئه‌وا ئاوات ئاماده‌یه و سبه‌ی هه‌وڵی ڕزگارکردنی ده‌ده‌م، هه‌روه‌ها ڕێککه‌وتین که (جه‌بار فه‌رمان) و (خالی ئه‌حمه‌د یه‌سف) هه‌روه‌ها (ئاغهمرای) چاوه‌ڕێم بکه‌ن له به‌رانبه‌ر بانمیل له‌ودیو ئه‌ڵوه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پایسکله‌که‌م لێوه‌رگرن و ئه‌گه‌ر پێویستیم به هاریکاری بێت ئه‌وا ئاماده‌بن . ڕۆژی دوایی وه‌کو جاران به‌پێیان ئاوات به‌دوو پۆلیسهوهبهرهو قوتابخانه به‌ڕێوه بوو ، له ڕێگا دیسا دوو پاکێتی جگه‌ره‌م به پۆلیسه‌کان پێشکه‌ش کرد و فرسه‌تم لێهێنا ، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم که ئاماده‌یه، ئه‌ویش وتی بڕوانه ئه‌وه کاڵام له‌پێدایه و ئاماده‌م .
له سه‌ر پرده‌که من له ئاوات و پۆلیسه‌کان جیابوومه‌وه، خۆم برێک دواخست ، ئا له‌و کاته‌دا (ئه‌لی ئهکبهرساڵه) به سواری ئه‌سپه‌که‌یه‌وه وه‌کو فریشته‌یه‌ک به‌ره‌و بانمیل به‌ڕێوه‌بوو ، ئه‌و ئه‌سپه‌که‌ی بۆ فرۆشتن بۆ مه‌یدان بردبوو ، خۆشبه‌ختانه نه‌فرۆشرابوو ، ئه‌وده‌م (ئه‌لی ئه‌کبه‌ر) سوارێکی به ئه‌زموون و کۆڕێکی نه‌ترس بوو ، پاش چۆنی و چاکی له‌گه‌ڵیدا ، یه‌کسه‌ر بیرم له‌وه کرده‌وه که باسی ئاواتی له‌گه‌ڵ بکه‌م و بزانم هاریکاریم ده‌کات ، پاشان پێمگوت که کارێکی وام به دهستهوهوهیه ئاماده‌ی یارمه‌تیم بده‌ی ، ئه‌ویش مه‌ردانه هاتهزمان و گوتی (برایم) نازانیت سه‌رم له‌ڕێته، ئه‌وه باسی چی ده‌که‌ی ، بڵی با بزانم چیم له سه‌ره ، منیش گوتم سا وه‌ره با بڕۆین بۆ سه‌ر ئه‌ڵوه‌ن ، که‌چووینه ئه‌وێ پێمگوت ، لێرهکانهچاوڕێم به، تاکو ئاوات ده‌گه‌یه‌نمه لات ، ئه‌وه‌ی له‌سه‌رته تاکو پردهسهوزهکه بیبه‌ی ، ئیدی ئه‌وه‌م به‌جێیهێشت و گه‌ڕامه‌وه بۆ قوتابخانه و وچاوه‌ڕێی زه‌نگی قوتابخانه‌که‌م کرد . هاوکات له‌گه‌ڵ زه‌نگی چوونه‌ژووره‌وه، پایسکله‌که‌م له ده‌رگای پشته‌وه دانا و بازمدا به سه‌ر ده‌رگاکه‌وه و به‌ره‌و پیری ئاوات ڕۆیشتم، که‌دیتم به لای کلاسهکهیهوه وا خه‌ریکه تێده‌په‌رێت، خێرا له‌پێشیه‌وه به‌ره‌و ده‌رگاکه به تاو ڕۆیشتم و پێش ئاوات بازم به سه‌ر دهرگاکهدادا ، به‌ڵام ئاوات هێزی تێدا نه‌بوو له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو ئازاردانه‌ی زیندان ، تاکو نیوی دهرگاکهخۆی هه‌ڵده‌دا به‌ڵام بێکه‌ڵک بوو ، بۆیه، دیسانه‌وه بازم به سه‌ر ده‌رگاکه‌دا دا و ئاواتم به‌رزکردوه‌وه بۆ سهردهرگاکه و که‌وته ئه‌و دیو ، چونکه به‌ڕاستی ئاوات ئهوهدهمه کیلو زیاتر نه‌ده‌بوو . نێوان قوتابخانه‌که و بواره‌که‌ی ئه‌ڵوه‌ن، که (ئه‌لی ئه‌کبه‌ر) چاوه‌ڕێی ده‌کردین ڕنگه ته‌نها یه‌ک کیلومیتر بێت ، ئه‌و مه‌سافه به پایسکله‌که ئاواتم گه‌یانده لای ئه‌لی ، ئه‌لی ئاماده‌بوو به‌سه‌ر پشتی ئه‌سپه‌که‌یه‌وه بوو ، به‌ڵام ئاوات دیسا نه‌یتوانی سواری ئه‌سپه‌که بێت ئه‌گه‌رچی ئه‌سپه‌که‌ی وا ڕاگرتبوو له‌نزمایی بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ئاوات هاسان بێت ، دیسا له‌وێ هه‌ڵمدایه سه‌ر ئه‌سپه‌که و پشتی( ئه‌لی)ی قایم گرت و به‌تاو به‌ره‌و ئه‌ودیوی ئه‌ڵوه‌ن و به‌ره‌و بانمیل . ئه‌وان له‌وبه‌ری ئه‌ڵوه‌نه‌وه و منیش له‌م به‌ره‌وه به‌لای هه‌ردوو کارێزدا ، له‌لای پردهسهوزهکه له‌و شوێنه‌ی که بڕیاربوو (ئه‌لی) (ئاوات)ی دانا و به‌ره‌و ماڵ و به‌غار ئه‌سپه‌که‌ی تاو دا ، منیش هاوکات له‌گه‌ڵی گه‌ییشتمه سه‌ر ئاوات ، ئینجا به پایسکله‌که رێگامان به‌ره‌و بانمیل به نێوان باڵاجۆ و ئه‌ڵوه‌نه‌وه له‌به‌ر گرت ، که گه‌ییشتینه به‌رانبه‌ر بانمیل ، لهوێو هئیدی ڕێگای پێ ده‌ستیپێده‌کرد ، که‌سی لێنه‌بوو له‌براده‌ران ، بۆیه پایسکلهکهمان له‌نێو جۆگه‌ڵه‌یه‌کی دانا و به‌رده‌وام به ڕێکه‌وتین به‌ره‌و خدرزنده و باخه‌که‌ی نامدار ، ئاوات هیلاک بوو، ده‌با بنباڵی بگرم ، که گه‌ییشتینه نێزیک خدرزنده، موسهلهحهکانی پۆلیس لێمان په‌یدابوون یه‌کێکیان له‌مبه‌ر و ئه‌ویتریان بهوبهر ئه‌ڵوه‌نه‌وه، چ ڕێگایه‌کمان له‌به‌ر نه‌ما، بۆیه خۆمان کرده نێو مه‌رقه‌ده‌که‌ی خدرزنده و ده‌رگاکه‌مان له‌سه‌ر خۆ داخست ، له‌وێ ئاوات بورایه‌وه پاش ئه‌وه‌ی بڕێک ئاوم بۆ هێنا و ده‌م و چاویم شت، دیسا هاته‌وه سه‌ر خۆی و دیتمان موسهلهحهکان ڕۆیشتن ، ئیدی به‌رێکه‌وتین بۆ باخه‌که ، پاش پهڕینهوهله ئه‌ڵوه‌ن ئاواتم برده جێگایه‌کی زۆر چڕ له نێو باخه‌که و پێمگوت لێره‌به و جووڵه مه‌که، تاکو ده‌گه‌ڕێمه‌وه لات . ئه‌و کاته من بهپێوهبووم و ئاوات به دانیشتنه‌وه سه‌ری به‌رزکرده‌وه و گوتی برایم چه‌قۆیه‌کت پێیه، که لێم پرسی بۆچیته، گوتی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بێنه سه‌رم ، پێمخوشه خۆم بکوژم و ده‌ستی ئه‌م جانه‌وه‌رانه نه‌که‌ومه‌وه، هاوکات پشتی خۆی پێشان دام که به ئوتوو ئوتوویان کردبوو و ڕه‌ش بوبوه‌وه، بۆیه منیش خه‌نجه‌ره‌که‌م پێدا و به‌جێم هێشت.
که گه‌ڕامه‌وه چووم بۆ چاخانه‌که‌ی (وه‌لی ده‌وریش) ، ئاوایی بێده‌نگ بوو ، پاش نه‌ختێک خه‌ڵکی له‌خانه‌قی ده‌گه‌ڕانه‌وه و باسی هه‌ڵاتنی ئاواتیان ده‌کرد ، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی زۆر جیاواز . بۆ نیوه‌ڕۆ چووم بۆ لای (ئه‌حمه‌د یه‌سف) که‌خاڵی (جه‌بار فه‌رمان) هو ئیستا به‌ڕێوبه‌ری ته‌ربیه‌ی خانه‌قییه، نه‌ختێ خواردنم له‌گه‌ڵ بوو بۆ ئاوات و باسی کاره‌که‌م بۆ کرد و داوام لێیکرد که خواردنه‌که بۆ ئاوات ببات ، چۆنکه ئه‌و دایما ده‌چووه نێو باخه‌که که هی خاڵی بوو و له‌وه‌ی وێنجه‌ی بۆ ئاژه‌ڵه‌کانیان ده‌هێنا و که‌س شکی لێی نه‌ده‌کرد ، ئه‌ویش خواردنه‌که‌ی بۆ برد و پاش نه‌ختێک گه‌ڕایه‌وه. بۆ ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه (حه‌مید نامدار)م بینی و بڕیارمان دا که ئاوات ببه‌ین بۆ جهبراوه و شه‌وێ له‌وێ بێت ، ئه‌و شه‌وه حه‌مید به یارمه‌تی چه‌ند که‌سێک ئاواتیان نارده ئه‌وه‌ی و بۆ شه‌وی دوایی ئاواتیان گه‌ڕانه‌وه ئاوایی بانمیل دیسا هێنایان بۆ ماڵی ئێمه که ئه‌وده‌مه من و جه‌بار فه‌رمان پێکه‌وه بووین ، دایکم بڕێک خواردنی بۆ درۆستکردبووین به هه‌رسێکمان چووین بۆ ناو خڕه‌که‌ی به‌ر ئه‌ڵوه‌ن و له‌وێ بووین، هه‌ر ئه‌و کاته بوو که جاشه‌کان به لاماندا به‌ره‌و ئه‌رکوازی له ئه‌ڵوه‌ن ده‌په‌ڕینه‌وه، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و جاشانه بۆ گرتنی ئاواتدهگهڕان و لێیان پرسین که چی ده‌که‌ین ، منیش پێمگوتن که‌مناڵی بانمیلین ، بۆ خۆمان شوتیمان له بێسان هێناوه و ده‌یخۆین ، پاش ئه‌وه‌ی لێیان پرسیم کهکۆڕی کیم به‌جییان هێشتین و هه‌رگیز له ئاوات و جه‌بار فه‌رمان نێزیک نه‌بوونه‌وه. هه‌ر ئه‌و شه‌وه حه‌مید بڕیاری دا که له‌ڕێگای قه‌سری شرینه‌وه ئاوات ڕه‌وانه‌ی به‌مۆ بکه‌ین ، جلیان بۆ دووری و له‌گه‌ڵ (حسینهکهچهڵ) شه‌وی داهاتوو ڕه‌وانه‌ی قه‌سریان کرد و پاشان جه‌ماعه‌تی پارتی له‌وێ ڕه‌وانه‌ی به‌مۆیان کردبوو. له‌دوای دوو ڕۆژ حسینهکهچهل گه‌ڕایه‌وه له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌ک که بڕیاربوو ئاوات بۆ ماڵه‌وه‌یان بنووسێت ، هه‌رکه گهییشیته قه‌سر به سه‌لامه‌ت. ڕۆژی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی حسینهکهچهڵ نامه‌که‌م هه‌ڵگرت و به‌ره‌و خانه‌قی و ماڵی ئاوات به پایسکل به‌ڕێی که‌وتم ئاوات نێونیشانی ماڵی خۆیانی بۆم باس کردبوو ، ده‌نا من ماڵیانم نه‌ده‌ناسی ، پێش نیوه‌ڕۆ بوو له ته‌نیشت ماڵیانه‌وه ژنێک دانیشتبوو ، لێم پرسی ئاخۆ ئه‌مه ماڵی خاڵهعهبدلغهفووره، تۆ دایکی ئاواتی ، له‌وه‌ڵامدا وتی نهکۆڕهکهم ، ئه‌و قوڕبه‌سه‌ره له‌گه‌ڵ مناڵه‌کانی هیوا و بچکهلهکهی دی ڕۆیشت بۆ خه‌سته‌خانه، ئیدی منیش به‌ره‌و خه‌سته‌خانه‌که به‌ڕیکه‌وتم . پێش ئه‌وه‌ی بگه‌مه خه‌سته‌خانه‌که و لهپایسکلهکه بێمه خواری ژنێک به مناڵێک بهکۆشیهوه و یه‌کێکی دیکه‌ش به ده‌ستیه‌وه له خه‌سته‌خانه‌که ده‌هاته ده‌ره‌وه، پاش دوورکه‌وتنه‌وه له خه‌سته‌خانه‌که لێم پرسی ، دایه تۆ دایکی ئاواتی ، به ده‌نگێکی گریاناوییه‌وه وتی به‌ڵێ بۆ کاکه، منیش پێم وت له‌سه‌ر خۆت به، من ئاواتم ڕزگارکردووه و ئیستا لهبهمۆیهو نامه‌یه‌کیشم پێیه له ئاواته‌وه بۆ ئێوه، یه‌کسه‌ر وتی خوا ده‌تگرێ، تۆ پیاو خه‌راپی، ئاواتتان کۆشتووه و گاڵته‌م پێ ده‌که‌ن ، تۆ ده‌بێت ئه‌من بیت یان پیاوی حوکومه‌ت . ئه‌و کاته من به‌سواری پایسکله‌که‌وه بووم و به ده‌وریدا ده‌سووڕامه‌وه و داوام لێیکرد که ئارام بێت ده‌نا ده‌ڕۆم . ئینجا پێموت که نامه‌یه‌کم پێیه له ئاواته‌وه و نامه‌که‌م له نێو پاکه‌تی شخاتهدا داناوه، ئه‌وا لێتان نه‌ختێک دوور ده‌که‌ومه‌وه، جگه‌ره‌یه‌ک ده‌م ئه‌ده‌م و شخاتهکهفڕێ ده‌ده‌م با هیوا هه‌ڵیگرێت و ، ئه‌و کات وتی باشه ئێمه وا ده‌که‌ین به‌ڵام به مه‌رجێک تۆیش بزانه ئێمه ده‌چینه کامه ماڵه‌وه، پاش دوو ده‌ققه، دوو سێ که‌ڕه‌ت به به‌ر ماڵه‌که‌مانه‌وه هاتوچۆ بکه بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا ببین ، چۆنکه مێرده‌که‌م هه‌موو ئه‌منه‌کان ده‌ناسێت . به‌و شێوه‌یه شخاتهکهم فڕیدا و هیواش یه‌کسه‌ر هه‌ڵیگرته‌وه و به‌ره‌و ماڵ به‌رده‌وام بوون ، پاش دوو جار هاتوچۆ به‌به‌ر ماڵیانه‌وه باوکی ئاوات ، په‌نجه‌ره‌یه‌کی بچووکی کرده‌وه و ئیشاره‌تی کرد که باشهبڕۆ.
ساڵی دوایی که وتووێژ له نێوان میری و کورد ده‌ستی پێ‌کرد و پێشمه‌رگه له شاخ هاته‌وه بۆ ئاواییه‌کانی ده‌وروبه‌ر خانه‌قی ، عه‌لی به‌گ عیسا و پێشمه‌رگه‌کانی گه‌ڕابوونه‌وه ئه‌رکه‌وازی و ئاواتیشیان له‌گه‌ڵ ده‌بێت ، به‌ڵام ئێمهنهماندهزانی . ڕۆژێک ، عه‌لی به‌گ عیسا زهڵامێکی ناردبووه شوێن من و ئه‌لی ئه‌کبه‌ر ، که گهییشتینهدیوهخانهکهی، ئه‌وێ پڕبوو له پێشمه‌رگه. که چۆینه ژۆره‌وه و سڵاومان کرد ئه‌لی به‌گ هه‌ستایه سه‌ر پێ و ئه‌وانی دیکه‌ش له‌گه‌ڵیدا و به‌خێرهاتنی کردین و پاشان لێی پرسین کامه‌تان برایمن و کامهتهن ئه‌لی؟ ئێمه‌ش هه‌ریه‌ک به‌ناوی خۆمانه‌وه خۆمان پێی ناساند ، ئیدی ده‌ستی گرتین و ڕووی له مهجلیسهکهکرد و گوتی ، ئه‌مانه وه‌جاخی خانه‌قی و تایفه‌ی ئهرکهوازین هتد ، وه‌رن براینه ل هئهملا و ئه‌ولام دانیشن ، ئاوات له ته‌نیشت ئه‌لی به‌گه‌وه دانیشتبوو، له‌ڕاستیدا ئه‌لی ئه‌کبه‌ر که‌ڵهوڕ بوو منیش مهڵهگشایی ! بۆ زانیاری به‌بێ هاوکاری ئه‌لی ئهکبهرساڵه ، بڕوا ناکه‌م ئه‌م کاره سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست ده‌هێنا ، کاتێک خاڵی ئاوات له‌سلێمانیه‌وه هاتبوو بۆ خانه‌قی، ئاره‌زووی دیداری ئێمه‌ی کردبوو، بۆیه ڕۆژی جه‌ژنی ئه‌و ساڵه له ماڵی ئاوات، من ئه‌لی مێوان و لهخزمرت خاڵیدا بووین.
ئه‌م گوتاره‌م نارد بۆ گۆڤاری (لڤین) بۆ بڵاوکردنه‌وه، به‌ڵام بڵاویان نه‌کرده‌وه. *