
عه‌شق له زه‌مه‌نی ڕازاوه‌ییه‌وه تا ونبوونی ماناكانی
له‌م سه‌رده‌می به‌جیهانی بوونه‌دا كوا شتێك ماوه‌ته‌وه جێگه‌ی دڵخۆشی و چیژی تایبه‌ت بێت بۆ ناوه‌وه‌ی ڕۆح و بۆ ده‌روون و ویژدان؟…، كوا له‌كام ده‌ڤه‌ر و له‌كام جێگا چیرۆكه هه‌واڵێك یاخود هه‌ر هیچ نه‌بێت ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر به‌ها جوانه‌كانی عه‌شق و په‌یوه‌ندییه ڕۆحییه‌كانی مرۆڤ ده‌بیسترێت یان ده‌نووسرێت؟ به‌ڵكو له‌سایه‌ی پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌مدا واخه‌ریكه مرۆڤایه‌تی وایلێدێت كه بڕوا كردن به‌هه‌بوونی به‌شێك له بونیاتی مرۆڤدا كه‌ناوی (ڕۆح)ـه ئه‌سته‌مه و خه‌ریكه قوتابخانه فیكرییه‌كان درووست ده‌بنه‌وه له‌بۆ گفتوگۆكردنی بوون و نه‌بوونی ئه‌و به‌شه، له‌كاتێكدا ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كانی خه‌یاڵ و فیكر و ئاینه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاماده‌كردن و زه‌مینه‌خۆشكردنه بۆ درووستبوونی فه‌زایه‌كی ئارام و ته‌ندرووست تا ڕۆح له‌سایه‌یدا هه‌ست به‌ئاسووده‌یی بكات، به‌ڵام وادیاره له‌ڕووی قۆناغبه‌ندی و له‌ڕووی تێپه‌ڕاندنی زه‌مه‌نه‌كاندا گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه ده‌بێت مرۆڤه‌كان تێكڕا كار و ئاكاره‌كانیان تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر بكرێت و جیهانی ماددییه‌ت و به‌رجه‌سته‌یی سه‌رتاپای بونیاد و دامه‌زراوه‌كانی ژیان بگرێته‌وه، ئه‌گینا له‌م نێوه‌نده‌دا بۆچی گشتگیرییهكی یه‌ك چه‌شنی بوونی هه‌یه له جۆری ژیانكردن و بهدیاردهكردنی مۆدێله بێ بنه‌ماكان؟.
له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه‌بۆكردنه و ده‌مانه‌وێت قسه‌یه‌كی له‌باره‌وه بكه‌ین نه‌مان و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی عه‌شقه بۆ عه‌ده‌م وه‌دواتریش په‌راوێزخستنی تێكڕا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و چه‌مكه‌یه كه‌له ناودا وێنایه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌یه به‌ڵام گه‌ر چاوی خۆمانی له‌ئاستدا كوێرنهكهین و بڕوانینه ناوه‌وه و كرۆكی ئه‌وا تێده‌گه‌ین كه نه‌وه‌ك هه‌ر مانای له‌ده‌ست داوه به‌ڵكو بارێكی نه‌رێنی ترمان تووش ده‌بێت كه‌ئه‌ویش پووكانه‌وه و نه‌مانی یه‌كجاری زاراوه‌ی (عه‌شق)ـه یاخود له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه كه له‌لای زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان ئه‌م ده‌سته‌واژه و گوزارانه شتگه‌لێكی ناباشن و مرۆڤ تووشی هه‌ڵدێران ده‌كه‌ن و واده‌كه‌ن ئه‌و خانانه‌ی كه ده‌بێت له (ئه‌هریمه‌نی) بشارینه‌وه دواجار ئازاد ده‌بن و ده‌مانبه‌ن به‌ره‌و غهزهبهكانی خودا…، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه به‌جۆرێك له جۆره‌كان له‌جێی خۆیدایه، به‌ڵام مه‌به‌ست له‌باسكردن و ورژاندنی گوزارشتێكی له‌وجۆره به‌و مانایه‌دێت كه ڕاسته گه‌ر بگووترێت ئه‌و چه‌مكه‌ی باسمانكرد وه‌ك زۆربه‌ی شته‌كانی دیكه تووشی قۆناغێكی ته‌واو خراپ هاتووه و ئه‌سڵی مانا و خودێتی خۆی له‌ده‌ست داوه، كه‌واته ئه‌وه شتێكی بڕاوه و بێ دوودڵییه كه له‌م سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا و له‌م سه‌رده‌می گڵۆباڵه‌دا ته‌واو مرۆڤایه‌تی له قه‌یرانی په‌راوێزبوونی ڕۆح‌دا و له قه‌یرانی به‌ها جوانه‌كانی عه‌شق و چه‌ندان شتگه‌لی دیكه كه زۆر به‌ڕوونی دیارن، هاوكات هێنانه پێشه‌وه‌ی دۆخی ماددی و چه‌ندین شت كه زۆر براده‌رن له‌گه‌ڵ مۆدێل و مادده‌دا…، ئه‌گینا بۆچی كیژهكانمان له‌كاتی خوازبێنی كردنیاندا به‌رله‌هه‌موو جوانییه شاراوه‌كان و ڕووخساره ناوه‌كییه‌كان به‌شوێن مۆدێلی ماشین و به‌شوێن ڕه‌نگی ڤێلا و به‌رزی باڵه‌خانه‌كان و مۆدێلی جلوبه‌رگه‌كانی و ژماره زۆری مسقاڵهكانی ئه‌و زێڕه‌ی بڕیاری له‌سه‌رده‌درێت بۆیبكرێت ده‌گه‌ڕێت؟ یان كوا بایه‌خ دراوه به بیر و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن و ڕووی ناوه‌وه‌ی ئینسانه‌كان… هاوكات له‌ملاشه‌وه به‌جۆرێكی دیكه ئه‌و جهحێڵانهی وڵات كه نیشتیمان چاوی له ده‌ستیانه توخودا با خۆیان شاهیدبن كه‌ی مه‌به‌ستیان بووه ئه‌وه‌ی ده‌یخوازن له‌بری ڕوخسار و جوانی جه‌سته و مه‌ستی چاو…هتد پرسیار له‌وه بكه‌ن ئه‌م شۆخه‌ی ده‌یانه‌وێت بیخوازن تاچه‌ند ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ (كانت و كامۆ و سارته‌ر و ڕۆبه‌رت شۆمان و به‌رناردشۆ و كلۆید مۆنیه)ـدا هه‌یه، هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی باسمانكرد به‌ومانایه نایه‌ت كه ده‌مانه‌وێت پێوه‌ره ئاینی و كلتوورییه جوانه‌كان بشكێنین به‌ڵكو پڕاوپڕ ده‌مانه‌وێت باس له جیهانێك بكه‌ین كه زۆر ونه و له‌نێویدا ده‌ژین، ده‌مانه‌وێت ئه‌و مه‌رگه‌ساتی عه‌شقه بهیانكهین كه وه‌زیفه‌ی ڕۆح له كایه‌كه‌ی ده‌ركراوه و فڕێدراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه سروشتییه.
لێره‌وه گه‌ر ئاوهڕێك له‌ڕابردووی مرۆڤایه‌تی بده‌ینه‌وه و به‌وردی به‌راوردێك بكه‌ین له‌نێوان هه‌ڵگرانی چه‌مكی عه‌شق له‌ڕابردوودا و له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ئه‌وا به‌جۆرێك له جۆره‌كان زیاتر شته‌كانمان بۆ ڕوونده‌بێته‌وه و زۆرتر تێده‌گه‌ین كه له چ دۆخێكداین..، چونكه ئه‌ستمه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕابردوو له ئێستامان تێبگه‌ین، بۆیه له‌م باره‌دا باس له‌چه‌ند نموونه‌یه‌كی دیاری عه‌شقی شاعیر و نووسه‌ران ده‌كه‌ین كه چۆن مامه‌ڵه‌یان كردووه له‌گه‌ڵ زاراوه‌ی عه‌شق و خۆشه‌ویستیدا، ئه‌وه‌تا خاتوو (مه‌ی زیاده) له‌نامه‌یه‌كیدا كه‌بۆ جوبران خه‌لیل جوبرانی نووسیوه ده‌ڵێت”جوبران! ئه‌م هه‌موو لاپه‌ڕه‌یه‌م نووسییه‌وه تاكو وشه‌ی خۆشه‌ویستی ده‌رخه‌م”(1) لێره‌دا مه‌ی زیاده پڕاوپڕ جه‌نگاوه له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و بیری خۆیدا تابتوانێت وشه‌ی خۆشه‌ویستی وێنابكات بۆ ئازیزه‌كه‌ی، چونكه ئه‌و وه‌ك كچه شاعیرێك تێگه‌یشتووه له گه‌وره‌یی و مه‌زنی خۆشه‌ویستی، بۆیه به‌وچه‌شنه شه‌رمن و لاواز ده‌رده‌كه‌وێت له‌ئاست ئه‌و چه‌مكه‌دا، یاخود ئه‌وه مانای ته‌واوی خۆشه‌ویستی و عه‌شقه كه ده‌بێت ئێمه وه‌ك مرۆڤ تێیبگه‌ین و به‌شوێنیدا بڕۆین، ئه‌گینا له‌كام حاڵه‌تی لۆژیكدا شتێك هه‌یه به‌ناوی گونجاندن له‌گه‌ڵ وه‌ها بابه‌تێكی گرنگ و بێ وێنه‌دا، یان كچه شاعیری ئێرانی (فروغ فه‌ڕوخزاد) كه له‌ته‌واوی نامه‌كانیدا به‌ده‌رله‌وه‌ی باس له سۆز و عه‌شقی خۆی ده‌كات بۆ (په‌روێز)ی خۆشه‌ویستی باسیشی له گه‌وره‌یی عه‌شق و خۆشه‌ویستی كردووه، هاوكات ئه‌و كاردانه‌وانه‌ی كه به‌هۆی عه‌شقه‌وه تووشی بووه و دواجار كاریگه‌ری داناوه له‌سه‌ر فیكر و ئه‌ندێشه‌ی به‌ته‌واوی له‌نامه‌كانیدا باسی كردوون وه‌ك له نامه‌یه‌كیدا كه باس له تاقیكردنه‌وه‌ی باوكی ده‌كات و ده‌یه‌وێت توانا و پیاوه‌تی په‌روێزی بۆڕونبێتهوه، ئه‌ویش داواكاری زه‌ماوه‌نده بۆ كچه‌كه‌ی به‌ڵام فروغ له‌و نامه‌یه‌یدا ڕوونیكردۆته‌وه، ده‌ڵێت”به‌داخه‌وه كه ئیختیار له‌ده‌ستی خۆمدا نیه، ئه‌گینا پێم دهسهلماندیت كه مادده لای من هیچ نرخ و به‌هایه‌كی نیه و هیچكات به‌خته‌وه‌ری خۆم ناكه‌مه قوربانی پاره. تۆ بۆمن له ملیۆنه‌ها پاره زیاتری.”(2)، ئه‌و له‌و ڕوانگه ئه‌ده‌بی و ناسكه‌ی خۆیه‌وه به‌و چه‌شنه گوزارشتی خۆی ده‌كات بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كه له بنه‌ڕه‌تیشدا هاوكێشه‌كانی عه‌شق هه‌ر به‌و خه‌سڵه‌ت و گریمانانه شیكار ده‌بن، كه‌واته لێره‌وه‌یه تێده‌گه‌ین عه‌شق فۆڕمێكی دامه‌زراوه و چه‌ندان په‌نجه‌ره و ده‌لاقه‌ی هه‌یه كهلێوه بڕوانین، به‌ڵام لهههركامیانهوه ته‌ماشاكه‌ین دواجار تێده‌گه‌ین ئه‌وه عه‌شقه سروشتێكی تایبه‌ت و دانسقه‌ی هه‌یه و هه‌ر ده‌چێته‌وه سه‌رچاوه‌یه‌ك كه عه‌شقه، به‌ڵام ئه‌وه هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌و چه‌مكه‌یه كه تووشی ناله‌باری و نابووتی ده‌كه‌ن…، هه‌رچه‌نده لێره‌دا گومانێك دێته‌پێش كه‌ئه‌ویش جیاوازی ئه‌زموون و قۆناغبه‌ندی خودی مرۆڤه‌كانه، یان گه‌ر ڕوونتر بڵێین مرۆڤه‌كان جیاوازییه‌كی ته‌واو له‌نێوانیاندا هه‌یه و ناكرێت سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی له‌ڕوانگه‌ی شاعیرێكه‌وه له عه‌شق بڕوانێت یان شاعیرانه باس له عه‌شق بكات، به‌ڵام خۆقسهی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه‌نیه به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت بگه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه تێبگه‌ین عه‌شق ته‌نها ده‌بێت له‌ڕوانگه و دیدی عه‌شق خۆیه‌وه ته‌ماشا بكرێت، ئه‌گینا دواجار كهلێنمان خستۆته خودی ئه‌و چه‌مكه‌وه.
ئێمه كه‌باس له‌و نموونه تایبه‌ت و داسقانهی عه‌شق ده‌كه‌ین مه‌به‌ستمانه ئه‌وه حاڵه ڕونكهینهوه كه ده‌بێت عه‌شق ته‌نها وه‌ك خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدابكرێت ئه‌گینا تووشی شپرزه‌یی و په‌رته‌وازه‌ییه‌ك ده‌بێت كه مه‌حاڵه جیاكارییه‌كان له‌پاش ونبوونی ماناكانی، ئه‌سته‌مه چێژ له‌پاش نه‌مانی واتای (عه‌شق) دژواره ئاسوده‌یی له‌دوای ڕوشانی به‌هاكانی، بۆیه زۆر گرنگه بڕوا به‌وه بهێنین كه به هیچ یاسایه‌ك ناتوانرێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ عه‌شقدا بكرێت ته‌نها به‌و یاسا سروشتی و تایبه‌تانه‌ی خۆی نه‌بێت كه به‌جۆرێك له جۆره‌كان بۆنی بێ كۆتاییان لێدێ.
پاولۆ كۆیلۆ ده‌ڵێت” ئێره‌یی ریسواترین هه‌سته كه مرۆڤه‌كان ده‌توانن هه‌ڵگری بن و هه‌میشه له‌بۆسه‌ی نابوت كردنی هه‌ركارێكی خه‌ڵكی تره، بگره به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌شی تێدابێت، تاكه ڕێیه‌ك بۆئه‌وه‌ی لهئێرهیی ڕزگارمان بێت، وردبوونه له‌تواناكانی عه‌شق”(3)، گه‌ر به‌سه‌رنجه‌وه ته‌ماشای ئه‌م چه‌ند دێڕه بكه‌ین تێده‌گه‌ین گه‌ربێت و چه‌مكی عه‌شق وه‌ك خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدابكرێت، گه‌ربێت و حهقبدرێته ته‌واوی واتاكانی، ئه‌وا نه‌ك چێژی ته‌واو ده‌برێت لێی به‌ڵكو ده‌كرێت به‌كاربهێنرێت بۆ ڕزگاربوون له‌و نابووتیانهی تووشمان ده‌بن، ده‌كرێت زۆربه‌ی باره ناجێگیر و ئیفلیجهكانی پێ ڕێكبكهینهوه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی له‌واتا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی عه‌شق گه‌یشتبین.
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمانكرد دوانێكی خێرابوو له‌باره‌ی هه‌نووكه‌ی عه‌شق و چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌توانیویانه له‌به‌شێكی گه‌وره‌ی عه‌شق بگه‌ن…به‌ڵام زۆر باش ده‌بێت كه باس له داستاتێكی ڕاسته‌قینه‌ی عه‌شق بكه‌ین، باس له كه‌سایه‌تییه‌كی زۆر بلیمه‌ت بكه‌ین كههێند كاریگه‌ری عه‌شقی له‌سه‌ربووه توانیویه‌تی له‌مێژووی مرۆڤایه‌تیدا وه‌ك پاڵه‌وانێكی نه‌مری نێو عه‌شق بمێنێته‌وه ئه‌ویش خاتوو (ئۆڵگا كنیپهر)ه كه‌یه‌كێك بووه له ئه‌ندامه‌كانی تیپی شانۆی (مۆسكۆ) و خۆشه‌ویستی گه‌وره شانۆنوس و چیرۆكنوسی ڕوسی (ئانتۆن چیخۆف) بووه…، ئه‌گه‌ر بێت و باس له په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه بكه‌ین ئه‌وا زۆر ده‌بات یان خودی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌یان ده‌كرێت توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه بكرێت، به‌ڵام ده‌توانین گه‌شتێكی خێرا بكه‌ین به‌نێو بیر و كه‌سایه‌تیان كه‌خودی چیرۆكی ژیانیان ئه‌وه‌نده مه‌زنه ده‌كرێت به‌رده‌وام به‌نموونه بێ وێنه‌كانی مرۆڤدۆستی و عهشقناسییهوه بهێنرێنه‌وه، به‌تایبه‌ت خاتوو ئۆڵگا چونكه گه‌ر له ژیانی ئه‌و دوو بلیمه‌ته وردبینه‌وه هه‌ست به‌و گه‌وره‌ییه‌ی ئۆڵگا ده‌كه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ی توانیویه‌تی به‌ته‌واوی هه‌ڵگری واتاكانی عه‌شق بێت و بگره زیاتریش چونكه به‌رده‌وام له‌نامه‌كانیدا به‌زمانێكی ته‌واو مرۆڤدۆستی و عاشقانه‌وه ده‌دوێت بۆ چیخۆف له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رچه‌نده زانیویه‌تی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی (چیخۆف) گرفتاره به به‌نه‌خۆشی (سیل) به‌ڵام ئه‌و ئاشنایه‌تییه‌ی كهههیبووه له‌گه‌ڵ عه‌شق و گه‌وره‌یی كه‌سایه‌تی چیخۆف دا یاخود ئه‌و تێگه‌یشتنه بنچینه‌ییه كه بۆ عه‌شق هه‌یبووه وایكردووه نه‌وه‌ك هه‌ر ته‌نها به عه‌شقی ئازیزه‌كه‌ی ڕازیبێت به‌ڵكو گه‌ر بڕوانینه ژیانیان ده‌بینین چیخۆف ته‌نها چه‌ند ساڵێك ده‌توانێت له‌گه‌ڵ كنیپهردا بژی له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌یه‌وه ده‌مرێت و ماڵئاوای له ژیانی بێڕه‌حم ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه و بۆته هۆی بلیمه‌تی ئۆڵگا كنیپهر ئه‌وه‌یه كه له‌پاش مه‌رگی چیخۆف نزیكه‌ی په‌نجا و پێنج ساڵ ده‌ژی و هه‌رگیز شوی نه‌كردۆته‌وه!!.
نموونه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه كه‌له‌م نووسینه‌ماندا هێناومانه‌ته‌وه واده‌كات خێراتر له‌و به‌راورده بگه‌ین كه بوونی هه‌یه له‌نێوان ئێستا و سه‌ده‌كانی ڕابردوودا، له‌نێوان ئێستایه‌ك كه عه‌شق چوارده‌وری گیراوه به شتگهلانێك خه‌ریكه ده‌خنكێت و ڕابردوویه‌ك كه مرۆڤه‌كان توانیویانه تاڕێژهیهكی زۆر واتا بگه‌ڕێننه‌وه بۆ عه‌شق…له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باسمان له بلیمه‌تی كنیپهر كرد كه ئه‌كته‌رێكی شانۆ بووه، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له‌نێو ئه‌م پێشكه‌وتنی زانست و هونه‌ر و جوانكاریانه‌ی ژیاندا كه‌چی هێشتاكه ئێمه دۆڕاو ده‌رده‌كه‌وین چونكه گه‌ر ته‌ماشای ده‌وروبه‌ر كه‌ین كه‌چۆن ده‌ڕواننه ژیان و عه‌شق ئه‌وا پێویست به نموونه هه‌نووكه‌ییه‌كان ناكات تا تێبگه‌ین له چ بارودۆخێكدان، چونكه هه‌تا گه‌ر له هونه‌رمه‌ند و چینه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه بڕوانین زیاتر و زیاتر بێ واتایی عه‌شق ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك له گۆڤار و میدیاكانی ڕاگه‌یاندندا هه‌واڵه گه‌رم و گوڕه‌كان ده‌بیستین و ده‌بینین كه چۆن پاش مه‌رگی هاوسهركانیان خێرا له گه‌ڕاندان تائه‌وه‌ی یه‌كێك له‌و باشتر بدۆزنه‌وه، دواتریش زۆر به‌شانازییه‌وه جاڕی ئه‌وه‌ده‌ده‌ن كه ئه‌مه‌یان زۆر له‌وی پێشتر باشتره، لێره‌وه‌یه واتای ئه‌و به‌راورده ده‌رده‌كه‌وێت كه مه‌به‌ستمانه ئه‌ویش به تێڕامان له كه‌سایه‌تییه‌كانی ڕابردوو و ئێستا… هه‌ڵبه‌ت بۆیه نموونه نه‌رێنییه‌كانی هه‌نووكه به‌ڕوونی باس ناكه‌ین ده‌بێته هۆی وروژاندنی ده‌روونی بڕێك له هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تییه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا، كهلهڕوو ئه‌خلاقیاتی نووسینه‌وه گونجاوتره له‌پاش مه‌رگیان به‌نموونه به‌ده‌كانی عه‌شق بهێنرێنه‌وه.
لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی:
*عه‌شق په‌یوه‌ندی نیه به پله‌به‌ندی كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه، واته ده‌كرێت مرۆڤه‌كان له هه‌ر ئاستێكی كۆمهڵگهدابن له واتا مه‌زنه‌كانی عه‌شق بگه‌ن و له‌ژیانی واقیعدا به‌رجه‌سته‌ی كه‌ن.
*شێواندنی واتا و وێناكانی عه‌شق ده‌كرێت مرۆڤه‌كان له هه‌ر ئاستێكی كۆمهڵگهدابن ببنه هۆی داڕوخانی ته‌لاره‌كانی عه‌شق و ڕوشانی به‌هاكانی.
*لێره‌وه تێده‌گه‌ین ده‌بێت ئه‌و دیدگا سه‌ره‌تایی و بنه‌ڕه‌تیانه بێنینه پێشچاومان كه عه‌شق ته‌واو له چوارچێوه و سنووره‌كانی خۆیدا ئازاده، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ر بێت و عه‌شق په‌لكێشی ده‌ڤه‌ره‌كانی دیكه بكه‌ین ئه‌وا هیچمان نه‌كردووه جگه له كوشتنی عه‌شق، چونكه عه‌شق ته‌نها به‌و هه‌وایه ده‌ژی كه‌له سه‌ره‌تای بونیاتی خۆیه‌وه بوونی هه‌یه.
*ئه‌سته‌مه سه‌ركه‌وتن له پیشه و كایه‌كانی ژیاندا به‌بێ بوونی عه‌شق.
*له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و دهرهنجامانهشدا ده‌بێت بڕوا بهوهبهێنین كه گۆڕان و نه‌مانی جوانییه‌كان و ڕه‌وتی عه‌شق له‌نێو مرۆڤه‌كاندا به‌ده‌رله‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌می هه‌ڵسوڕاوانی پێوه‌دیاره هاوكات هۆكارێكی زۆر گرنگ به‌شداریكردووه له‌و باره ناباشهی دروستبووه ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی جیهانگیرییه به‌هه‌موو خاڵهكانیهوه به‌تایبه‌ت (پێشكه‌وتنه‌كانی ته‌كنۆلۆژیا) كه هۆیه‌كه كاریگه‌رییه‌كی زۆر به‌هێزی هه‌یه به‌سه‌ر گشت كایه‌كانی ژیانه‌وه و ده‌كرێت هه‌موو بابه‌ته مرۆییه‌كان بدرێنه به‌ر توێژینه‌وه.
گۆران ڕه‌ئوف
په‌راوێز:
1) نامه‌كانی جوبران خه‌لیل جوبران بۆ خاتوو مه‌ی زیاده، بڵێسه‌ی شین، و:له‌عه‌ره‌بیه‌وه ئه‌رسه‌لان ئه‌رده‌ڵانی، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی-2010، ل:111.
2) نامه‌كانی فروغ فه‌ڕوخزادی شاعیر بۆ په‌روێز شاپوری هاوسه‌ری، یه‌كه‌مین ترپه عاشقانه‌كانی دڵم، و: ره‌ووف بێگه‌رد و شه‌یدا سه‌لاح، ل:49.
3) پاولۆ كۆیلۆ، نامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی عیشق، جوانترین به‌هره، و:له‌فارسیه‌وه: عمران هاواری، چاپخانه‌ی هه‌میشه-2004، ل:42.
سه‌رچاوه:
1- نامه‌كانی جوبران خه‌لیل جوبران بۆ خاتوو مه‌ی زیاده، بڵێسه‌ی شین، و:له‌عه‌ره‌بیه‌وه ئه‌رسه‌لان ئه‌رده‌ڵانی، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی-2010.
2- نامه‌كانی فروغ فه‌ڕوخزادی شاعیر بۆ په‌روێز شاپوری هاوسه‌ری، یه‌كه‌مین ترپه عاشقانه‌كانی دڵم، و: ره‌ووف بێگه‌رد و شه‌یدا سه‌لاح.
3- پاولۆ كۆیلۆ، نامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی عیشق، جوانترین به‌هره، و:له‌فارسیه‌وه: عمران هاواری، چاپخانه‌ی هه‌میشه-2004.
4- نامه‌ی خۆشه‌ویستی نێوان ئانتۆن چیخۆف و ئۆڵگا كنیپهر، دڵداره هه‌ره ئازیزه‌كه‌م، و:له‌فارسییه‌وه:ره‌ووف بێگه‌رد، چاپی یه‌كه‌م-سلێمانی-2008.
5- ناودارانی ئه‌ده‌ب، و:حه‌مه‌كه‌ریم عارف، چاپی یه‌كه‌م-دهۆك-2009،
تێبینی: ئه‌م نوسینه له‌ژماره 227ی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا بڵاوبۆته‌وه.