گه‌ر پرسیاریان کرد ئه‌نفال چییه ؟
عامر باجه‌ڵان …..
بیست ساڵ له‌مه‌و به‌ر به‌ناو سوره‌تی ئه‌نفال و به بانگه‌وازی ( الله أکبر ) له‌شکری ئیسلام هاتن به تانك و تۆپ و ته‌یاره و کیمیا باران ئێمه‌ی کورد ئه‌نفال بکه‌ن و له ناو به‌رن .
182 هه‌زار کوردیان ئه‌نفال کرد ، کوردستانیان به‌رامبه‌ر دڕه‌نده‌ترین شاڵاوی پاکتاو کردنی نه‌ته‌وه‌یی کرد . زیاد له 4500 شارۆچکه و دێهاتیان ته‌خت کرد ، کوردستانیان تاڵان کرد ، کچ و کوڕ و پیاو و ژن و پیر و منداڵیان کوشت و زینده به چاڵ کرد .
لهمهزاده دیل فرۆشه تایبه‌تیه‌کانیان به ژن و ئافره‌تی به‌شه‌ره‌فی کوردیان بازرگانی کرد . لای ئه‌وان ئێمه کافر بووین و خۆیان موسڵمان ، ئێمه کوردی دڕنده‌و تاوانبار ، خۆیان خاوه‌ن حه‌ق و بێ تاوان ، ئێمه‌ی کورد بێگانه و خۆیان عه‌ره‌ب خاوه‌ن ماڵ .
ئه‌نفال کردنی کورد له لایه‌ن ڕژێمی شۆڤینی به‌عس ئه‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، کاتێك ڕژێم هه‌زاران کوردی فه‌یلیان ئه‌نفال و بێ سه‌ر و شوین کرد، هه‌زاران خێزانیشیان له ووڵات ده‌ربه‌ده‌ر کرد ، هه‌زاران به‌رزانییان بێ سه‌روشوێن کرد . له دوای ئه‌وانیش ئه‌نفالی گوره‌ی مه‌رگه‌سات به هه‌شت قۆناغییه‌وه ده‌ستی پێ کرد ، شاخ و دۆڵ وئاو دار و به‌رد و مرۆڤ و ئاژه‌ڵیان له‌ناو برد وبێ سه‌روشوێن کرد .
ڕژێمی شۆڤینی به‌عس به‌و کورد به کۆمه‌ڵ کوژییه ته‌نها مه‌به‌ستی ترساندن و تۆقاندن نه‌بوو ، به‌ڵکو ترسێکی ئێجگارگهوره بوو له نه‌هێشتن و له ناو بردنی میلله‌تێك به‌گشتی ، نیشتمانێك به‌گشتی ، کوردستان به‌گشتی .
ئه‌نفال ئه‌و زاراوه‌یه که هه‌رگیز سارێژ نابێته‌وه ، ئه‌و تاوانه‌یه که قه‌د له بیر ناچێته‌وه . ئه‌نفال هه‌میشه زیندووه‌و له بیره‌وه‌ری هه‌موو کوردێك به‌رده‌وام ماوه‌ته‌وه ، ئه‌نفال یه‌کێكه له تاوانه گه‌وره‌کانی سه‌ده‌ی بیستهمداو مه‌رگه‌ساته‌که‌ی ناسرێته‌وه ، تاوانێکه به جینۆساید چۆته ناو فه‌رهه‌نگی جیهانیدا وناکوژێتهوه .
دوای تێپه‌ڕ بوونی بیست ساڵ به‌سه‌ر یادی ئه‌نفال هێشتا بۆنی مه‌رگستان به کوردستانه‌وه دیاره ، هێشتا کاره‌ساته‌که گه‌رمه‌و برینه‌کانی قووڵ و کراوه‌یه ، ڕۆژ به‌ڕۆژ هه‌سته مرۆییه‌کان زیاتر هۆشیار ده‌کاته‌وه ،ڕۆژ به ڕۆژ ڕاستیه شاراوه‌کان زیاتر ئه‌شکرا ده‌کاته‌وه . ڕۆژ به‌ڕۆژ ده‌رگا نهێنی یه‌کان زیاتر ده‌کاته‌وه .
تێگه‌یشتن له تهراجیدیا و فه‌لسه‌فه‌ی مه‌رگه‌ساتی شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال وکیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه و گۆڕ به کۆمه‌ڵ ، تێگه‌یشتنه له جینۆساید ، تێگه‌یشتنه له سڕینه‌وه‌ی ئازادی و سه‌ربه‌ستی . تێگه‌یشتنه له کۆتایی ژیان و ڕوخاندنی هه‌موو ڕه‌وشته مرۆییه‌کان .
ئه‌نفال وانه‌یه‌کی مێژووییه بۆ ئێستا‌و بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو ….
عامر باجه‌ڵان
Amerbajalan1@hotmail.com