Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دوو شیعری خولیا حوسێن

دوو شیعری خولیا حوسێن

Closed
by July 8, 2012 ئەدەب

 

لەودیو سنورەکانی شەرم

  خولیا حسێن

 /کەنەدا ٢٠١١

 

 

 

ئەم شەو پێکی خەمەکانم بە فرمێسکی خۆم  خەست دەکەم 

پێکێک  و دووان سییان و ………..

 تا مەست دەبم دەخۆمەوە ! 

کە مەستیش بووم

چاوەکانم هەر بە تەنها تۆ دەبینن 

دڵم لێوانلێو دەبێت لە بەرائەت

ڕۆحم دەبێتە پارچەیەک لە ئاوریشمی عەشق

دەروونم پڕ دەبێت لە پەپوولە باڵ نەخشینەکانی یادگاری و

بە زمانی ئەوینێکی وەنەوشەیی  گۆرانیت بۆ دەڵێم 

 

کە مەست دەبم 

جوولەکانی جەستەم سنوورەکانی شەرم دەبەزێنن 

دەبمەوە بە کچۆڵە عەجوولە دڵتەڕە بێباکە دڵخۆشەکەی جاران و 

بزێوانە ماچت دەکەم 

نە ماچێک و نە دوو و نە سێ

 لێوەکانت لە تامی ماچ دەخووسێنم 

وات لێ دەکەم ڕۆحت بۆنی ماچان بگرێ

 

کە مەست دەبم

لەسەر جەستەی ڕووتی ئارەزووەکانم سەمات پێ دەکەم،  

  سەمات بۆ دەکەم،

 سەمایەکی جاوێدانی.! 

تا مەست تر و خاڵی دەبمەوە لە خەمان 

لە سەر جەستەی ڕووتی ئارەەزووەکانمدا 

لەنێو فەرشی سپی عەشق و بە زمانی خۆشەویستی دەتبزوێنم ! 

 

قەدەری بێ تاوان

کەنەدا ٢٠١٢ ، ١٣،٤

……ئەی قەدەر 

چۆن بەرگەی ئەم هەموو تۆمەت و 

 لۆمانەی  مرۆڤت گرتووە ؟

 

بە درێژایی بوونی ئەم گەردوونە 

ئێمە خەتا دەکەین و 

دەیخەینە ئەستۆی تۆ 

ئێمە  ڕێگا چەوتەکانی ژیان هەڵدەبژێرین و  

دەڵێین قەدەر ئەم ڕێگایەی پێ گرتین 

ئێمە یاری بە ئاگر دەکەین و دەڵێین 

ئاگری قەدەر بوو  یاری پێ کردین 

ئێمە چارەنووسی  خۆمان دەدەینە بەر

 شەپۆلە هارەکانی ڕۆژگار و 

دەڵێین ئەوە  شەپۆلە بێ بەزەییەکانی  قەدەرە

 یاری بە چارەنووسمان دەکات .

 

ئێمە خۆشەویستی لە نێو پێخەفی بێ مروەتی 

دەخنکێنین و 

عەشق بە شیری ناپاکی فرچک دەدەین 

کەچی دەڵێین 

قەدەری ئێمە کێڵگەیەکی بێ پیتە 

نە خۆشەویستی لێ دەڕوێ

نە عەشقی لێ گەورە دەبێ !

 

تۆش ئەی قەدەر 

بە بێ دەنگی و بە خەم ساردی و 

بە بەزەیییوە لێمان دەڕوانی و

هیچ ناڵێی !

چونکە تۆ لەوە دڵنیای 

کە ئێمەی مرۆڤ هەمیشە 

دەستە پیسەکانی خۆمان بە تۆ دەسڕین و 

بەردەوام درۆش لەگەڵ خۆمان دەکەین، 

درۆ، هەمیشە درۆ! 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.