پەرلەمان-مان هەیە….؟
گۆران فەتحی……
زۆرینەى وڵاتانى جیهان خاوەنی پەرلەمانو حكومەتى تایبەت بەخۆیاننو هەر لەرێگەى ئەو پەرلەمانەوە یاساو رێساى وڵات دیاری دەكرێتو دواتر لەرێی حكومەتەكانەوە جێ بەجێ دەكرێت.
لەوڵاتە مۆدێرنو دیموكراتەكاندا بەتایبەت وڵاتانى رۆژئاواو ئەوروپا سیستمى پەرلەمانى زۆر پێشكەوتووەو هەر ئەوە وایكردووە وڵاتەكانیان لەرووى دیموكراتیو مافی مرۆڤەوە زۆر پێش بكەونو خزمەت بەگەلانى خۆیان بكەن.
لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی دواكەوتوو بەتایبەت وڵاتە عەرەبیەكانو هەروەها وڵاتانى ئەفریقیا ئەوا هەر مەپرسە سیستمى پەرلەمانى هەیە یان نیە ئەمە جگە لەپێشێلكردنى مافى مرۆڤ تێیاندا، تەنانەت لەوڵاتە دواكەوتووەكاندا ناتوانرێت سیستمى كۆمارىو پادشایی لەیەك جیابكرێتەوەو سەرۆك كۆمار هەیە تا نەمرێت یان نەكوژرێت كورسی دەسەڵات چۆڵ ناكات.
با واز لەو هەموو شتانە بهێنینو بێنەوە سەر ئەم هەرێمە چكۆلانەیەى لەمەڕ خۆمان بزانین ئەو پەرلەمانەى لەساڵى 1992ەوە دروست بووە چی دەكاتو ناكات.
سەرەتا دروست بوونى پەرلەمانێكى كوردی شتێكى نوێ بوو بۆ ئێمەو قەد لەو بڕوایەدا نەبووین ببین بەخاوەنى حكومەتو پەرلەمان، بۆیە هەرچۆنێك بوو لەهەڵبژاردنێكى عەفەویدا پەرلەمان هەڵبژێردراو خەڵكی بەزۆرى بەشدارى تێدا كرد، بەڵام دواى ئەو هەموو ساڵە پەرلەمان چی بۆ ئەو خەڵكە دڵسۆزە كرد كە هەڵیبژارد، ئایە هەقی ئەو هەموو خەڵكەى دایەوە..یان نا..گومان لەوەدا نیە كە نەخێر هەقێكى ئەوتۆى نەداوەتەوە.
راستە ئەوكات پەرلمانو حكومەت بۆ ئێمە شتێكى نوێ بوو و مەترسی حكومەتى بەعسیش لەسەر كوردستان هەبوو، بەڵام خۆ ئێستا هەم حكومەتو هەم پەرلەمان پێیان گرتووەو قۆناغی ساوایەتیان تێپەڕاندووە.
ئێمە ناڵێین هیچ كێشەمان نەبووە بەڵكو كێشەى كورد هەر لەپێكهێنانى حكومەتو هەروەها پەرلەمان زۆر بووە، سەرەتا تواناى باشو شارەزامان نەبوو لەو بوارەدا، ئەمە جگە لەقۆرخكردنى دەسەڵاتی هەرێمەكە لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە كە ئەوەش هێندەی تر كێشەكانى زیاتركردو دواتر گەندەڵى بەزۆرى سەرى هەڵداو، ئینسانی بێ توانا جێگاكانى پێ پڕ كرایەوە.
خودی پەرلەمان دابەش كرا لەنێوان هەردوو حزبی گەورەو بەفیفتی فیفتیە حەیاتەكەی لاى خۆمان، ئەمە جگە لەناكۆكى بەردەوامی هەردوو حزب كە كاریگەرى بەسەر بارودۆخی هەموو كوردستانەوە هەبوو بەپەرلەمانو حكومەتیشەوە كە دواتر بەهۆى شەڕى ناوخۆوە ئەوانیش دوو كەرت بوون.
لەهەمووی سەیرتر لەیەكێك لەرۆژنامەكاندا هەواڵێكم بەرچاو كەوت تێیدا باسی لەوە دەكرد بەشێكى بەرچاوى پەرلەمانتارانى كوردستان خاوەنى بڕوانامەى بەرز نینو تەنها خاوەنى بڕوانامەى خوار ئامادەیین، ئەمە جگە لەوەى بەشێكیان شارەزایى ئەوتۆیان نیە لەبوارى سیاسەتداو ئەگەر حزب نەبوایە ناگەیشتنە نێو پەرلەمان.
بۆیە ئەستەمە لەپەرلەمانێكى وادا چاوەڕیی هێنانە ئاراى پرۆژەو بەرنامەى تۆكمەى مۆدێرنو باش بكەین، چاوەڕێى شتی باش بین لەپەرلەمانتارێك كە تەنها وەكو دەوامی فەرمانگە دەچێتە نێو پەرلەمانو هیچی پێ نیە تەنها خەوو باوێشك نەبێت.
من لێرەدا دەپرسم بۆ تا ئێستا یەك دەنگی نارەزایى لەسەر هیچ پرۆژەیەك نەدراوە كە بەرز كرابێتەوە بۆ پەرلەمان، هەروەها دەپرسم بۆ بەبەردەوامی بەكۆ دەنگیو رێككەوتنى نێوان هەردوو حزبە سەرەكیەكە بڕیار لەسەر پرۆژەكان دەدرێت، هەروەها دەپرسم لەسەر گەندەڵىو كەمتەرخەمی لەكاركردندا چ وەزێریك تا ئێستا بانگ كراوەتە نێو پەرلەمان بۆ لێپێچینەوە، ئەى چی بۆ خزمەتگوزاریەكانى ئاوو كارەباو جادەوبان كراوە..؟ هەروەها دەپرسم چەند مانگێك دەبێت پرۆژە یاساى رۆژنامەگەرى كوردی لەبەردەست پەرلەماندایە بەتایبەت دواى رەتكردنەوەى لەلایەن سەرۆكى هەرێمەوە لەبەر نارەزایى رۆژنامەنووسانی ئازاد ئایە بۆچی تا ئێستا چارەسەرى كەموكوڕیەكانى نێو یاساكە نەكراوەو نەنێردراوەتەوە بەردەم سەرۆكى هەرێم بۆ ئیمزا كردن لەسەرى.
لەكۆتاییدا دەپرسم هەقی خۆمان نیە بڵێین ئەگەر پەرلەمانێك شتى باشیى بەرهەم نەهێنابێتو خزمەتى كۆمەڵگەى كوردی نەكردبێت مافی ئەوەمان نیە بەڵێن پەرلەمانمان نیە ئەى ئەگەر هەمانە كوا كارو چالاكیەكانى.