
چاوپێكه‌وتنی عه‌تا محه‌مه‌د له‌گه‌ل گۆڤاری نووسه‌ردا
1- ئایا لەم چركەساتەی ئێستا قسەی تێدا دەكەین، كتێب بەها و هەیبەتی لە كۆمەڵگای كوردیدا ماوە؟ ئەگەر ماویەتی، چۆن بەهێزتر بكرێت؟ ئەگەر نەیماوە، هۆكارەكان چیین؟
له‌و بڕوایه‌دام ئه‌م پرسیاره گرفتێکی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه، به‌وه‌ی وای نیشان ده‌دات که کتێب له رابردودا هه‌یبه‌تی هه‌بووه. که ئه‌مه‌ش پێویستی به رونکردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه. پاشان ئایا کتێب به‌گشتی هه‌یبه‌تی هه‌بووه یاخود جۆرێک له کتێبی دیاری کراو له مێژووماندا جێگا‌و پله‌و پایه‌ی هه‌بووه؟ یاخود بەکوردی نوسین، بۆ خۆی پاڵنەرێک نەبووە بۆ ئەو هەیبەتەی کتێب هەیبێت لە دنیای ئێمەدا، لەکاتێکدا تا ئەم ساتەوەختە لە زۆر جێگا زمانی کوردی، وەک زمان جۆرێک لە یاساغی لەسەرە، کە ئەمە وایکردوە بە کوردی نوسین بۆ خۆی جۆرێک لە هەیبەت بدات بە کتێب.
به‌هه‌رحاڵ تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر کتێب جۆرێک له پیرۆزی هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی کۆمه‌ڵگاکان‌و کلتوره‌کان. چونکه بیرمان نه‌چێت زۆربه‌ی ئاینه‌کان نوسراویان هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش واده‌کات بەگشتی پیت‌و پاشان نوسین جۆرێک له به‌هاو هه‌یبه‌ت، ته‌نانه‌ت پیرۆزی هه‌بێت. پاشان نوسین وه‌ک یاده‌وه‌ریی کۆ یاخود دووه‌م سه‌یر دهکرێتو ئه‌وه‌ی له رابردوه‌وه بێت، به‌جۆرێک پیرۆزیی یاخود رێزی هەیە. زه‌حمه‌تیشه کۆمه‌ڵگایه‌ک ببینین که پێی نابێته قۆناغی نوسینه‌وه، دژ به‌نوسین بێت‌و هه‌وڵی له‌ناوبردنی کتێب یاخود بێڕێزیکردن به کتێب بدات.
به‌ڵام ئه‌وه جۆرێک له خوێنه‌ره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگان، که ره‌فزی هه‌موو کتێبێک ده‌که‌ن که له‌ده‌ره‌وه‌ی بۆچون‌و خوێندنه‌وه‌کانی خۆیان بێت. به‌مانای ئه‌وه‌ی ئه‌وه کۆمه‌ڵگا نییه دژی کتێبه، به‌ڵکو ده‌سته‌و گروپی دیاریکراو تیایدا دروست دهبنو ده‌بنه دوژمنی جۆرێک له کتێب. باشترین نمونه، کتێب سوتاندنه‌کانی نازییهکانو پاشان شۆڕشی رۆشنبیریی (ما‌و)ه له چین، له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی بیستدا، که هه‌رچی کتێب هه‌بوو ده‌سوتێنرا به‌ناوی کۆن‌و سه‌ر به بۆرژوازییه‌ته‌وه. له رۆمانی (بهلزاکو به‌رگدروه چینیه بچوکه‌که)ی دای سیجی-دا زۆر جوان کار له‌سه‌ر ئه‌م کتێب سوتاندن‌و یاساغکردنه کراوه‌و که‌سایه‌تییه سه‌ره‌کییه‌کانی ناو رۆمانه‌که، چۆن به دزییه‌وه ئه‌و رۆمانه رۆژئاواییانه ده‌خوێننه‌وه، که له سوتاندن ده‌ربازییان بووه. یاخود یاساغکردنی جۆرێک له کتێب لای رژێمه‌کان وه‌ک لای به‌عس بینیومانه. ته‌نانه‌ت له‌کاتی شۆڕشداو له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیست به‌دواوه که بیری چه‌پ له زۆر شۆڕش‌و جێگا، به کوردستانیشه‌وه، باڵا ده‌ستبوو، زۆر کتێب‌و بیرکردنه‌وه به بڵاوکه‌ره‌وه‌ی خورافه سه‌یرده‌کرا، ئه‌گه‌ر نهشسوتێنرابن. ته‌نانه‌ت له کۆنداو وه‌ک مێژوو باسی ده‌کات موسوڵمانه‌کانیش که‌م کتێبی ئه‌و ناوچانه‌یان نه‌سوتاندووه، که داگیریان کردون‌و ته‌نانه‌ت عومه‌ر بن ئهلخهطاب به عاشقی کتێب سوتاندن ناسراوه، چونکه ده‌رچون له جه‌زیره‌ی عهرهبیو غه‌زای میلله‌تانی تر که‌وته سه‌رده‌می ئه‌مه‌وه‌و ئیبن ئه‌لنه‌دیم له کتێبی ئهلفههرهستو مهقهریزیش له (المواعظ والإعتبار في ذكر الخطط والآثار) ده‌گێڕنه‌وه که له‌وه‌ڵامی عه‌مرو بن ئهلعاصدا، سه‌باره‌ت به کتێبخانه‌که‌ی ئه‌سکه‌نده‌رییه، نوسیویه‌تی: (سه‌باره‌ت به‌و کتێبانه‌ی که باسیان ده‌که‌یت، ئه‌گه‌ر شتێکیان تێدایه له‌گه‌ڵ قورئاندا دێنه‌وه، ئه‌وا قورئانمان به‌سه، ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی قورئانیشن، ئه‌وا هیچ پێویست نین‌و له هه‌ردوو باره‌که‌دا ده‌بێت له‌ناو ببرێنو بسوتێنرێن). وه‌ک ئه‌وان ده‌گێڕنه‌وه، عه‌مرو بن ئهلعاصیش ده‌ستنوسه‌کان دابه‌ش ده‌کات به‌سه‌ر حه‌مامه‌کانی ئهسکهندهرییهداو به‌شی شه‌ش مانگ حه‌مام گه‌رمکردنیان کردووه. دیاره له هه‌مان سه‌رده‌مدا روداوی واش له هه‌ورامان رویداوه، دژ به نوسراوه‌کانی زه‌رده‌شتییه‌کان.
لێره‌دا ده‌کرێت ئاماژه به‌و کتێبه گرنگه بده‌ین که (ناصر ئهلحزیمی) به‌ناوی (سوتاندنی کتێب له که‌له‌پوری عه‌ره‌بیدا) نوسیویهتیو ساڵی 2003 چاپکراوه‌و کتێبێکه شایه‌نی ئه‌وه‌یه وه‌ربگێڕدرێته سه‌ر زمانی کوردی. تا ئه‌و وه‌همی پیرۆزی کتێب‌و زانیارییه‌مان لا بڕه‌وێنێته‌وه، که زۆر که‌س ده‌یده‌نه پاڵ ئیسلام. دیاره ئه‌و کتێبه پشتی به‌کتێبی نوسه‌ره موسوڵمانه‌کان خۆیان به‌ستووه، نه‌وه‌ک قسه‌ی که‌سانی ده‌ره‌وه‌ی ئیسلام تا بڵێین ئه‌وانه قسه‌ی دروستکراون. له‌و کتێبه‌دا باسی ئه‌و دۆزه‌خه ده‌کرێت که کتێب له سه‌رده‌می باڵا ده‌ستبوونی ئیسلامدا بینیویهتیو باسی شێوازه‌کانی کتێب فهوتاندنیش ده‌کات. ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رایه‌ی زۆرێک له موسوڵمانه‌کانه، که هه‌میشه ناز به‌سه‌ر خۆرئاوادا دهکهنو ئه‌و ئه‌فسانه‌یه ده‌ده‌ن به گوێماندا که خۆرئاوا کتێبه‌کانی ئه‌مانیان دزیوه‌و لێوه‌ی فێربوون، له‌کاتێکدا که ئه‌و کتێبه ده‌خوێنینه‌وه، ده‌بێت سوپاسی خۆرئاوا بکه‌ین بۆ ئه‌و دزییه‌ی، توانی ئه‌و کتێبانه له سوتان‌و فه‌وتاندن رزگاربکات. هه‌رچۆن زۆر ده‌ستنوسی کوردییش له رێگای خۆرئاواوه ده‌ستمان که‌وتونه‌ته‌وه.
ته‌نانه‌ت به‌پێی سه‌رچاوه ئیسلامییه‌کان، یه‌که‌م سوتێنه‌ری قورئان بێباوه‌ڕو کافره‌کان نه‌بوون، به‌ڵکو یه‌کێک له خه‌لیفه‌کانی راشیدینه. واتا لەناو یەکەم دەستەی موسوڵمانان خۆیانەوە، چونکه کۆکردنه‌وه‌ی قورئان یه‌کجار نه‌بووه، به‌ڵکو چه‌ند نوسخه‌یه‌کی هه‌بووه، که وه‌ک ده‌گێڕنه‌وه له‌سه‌رده‌می عوسمانی کوڕی عه‌فاندا، هه‌موو نوسخه‌کانی تر دهسوتێنرێتو یه‌ک نوسخه ده‌هێڵرێته‌وه. چونکه ئه‌و نوسخانه جیاوازبوون له‌یه‌کترو ئه‌مه‌ش گرفتی دروستده‌کرد. یاخود سوتاندنی فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی عومه‌ر بن ئهلخهطابدا.
ئه‌م نمونه کهمانهم بۆ ئه‌وه هێنایه‌وه تا باسی ئه‌وه بکه‌م که هیچ میلله‌ت یاخود کلتورێک نییه، بەگشتی یه‌ک تێڕوانینی هه‌بێت بۆ کتێب. دوژمنی کتێب، یاخود دۆستی بێت. هەرچۆن یەک کتێب یاخود یەک جۆر کتێبمان نییە. هەربۆیە هەیبەتی کتێب له‌سه‌ر جۆری خوێنه‌ره‌کان له مێژووه جیاوازه‌کاندا، وه‌ستاوه. من بۆ خۆم باش له‌یادمه که له نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا، که‌سانێک هه‌بوون رشته‌ی مروارییان ده‌کڕی تا بیسوتێنن.
به‌مپێیه هه‌یبه‌ت یاخود به‌های کتێب لە کۆمەڵگادا، نه‌وه‌ک ئه‌وه‌ی خوێنه‌رێک یاخود ده‌سته‌یه‌ک مه‌به‌ستیانه‌و باوه‌ڕیان پێیه‌تی یاخود خۆشیانده‌وێت، له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌وه‌ستێت که خوێندنه‌وه بووبێت به به‌شێک له ئهخلاقو پێویستیی مرۆڤ. ئه‌مه‌ش وا ده‌خوازێت که ئینسانه‌کان به‌هایان ههبێتو یه‌کتر قبوڵبکه‌ن، تا کتێبه جیاوازه‌کانیش قبوڵ بکرێت. که‌سێک تا ئه‌ویتر وه‌ک تاکێک قبوڵ نهکاتو رێز له بیرکردنه‌وه‌ی نه‌گرێت، چۆن رێز له‌و کتێبانه‌ش ده‌گرێت که ده‌یخوێنێته‌وه.
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه بڵێم که گرنگیدان به کتێب، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و جۆری خوێنه‌ره‌ی که له‌ناو کلتۆرێکدا هه‌ن. بۆ نمونه ده‌شێت هه‌موو کتێبه‌کانی فکرو فه‌لسه‌فه‌و ته‌نانه‌ت زانستیش به‌ناوی دژه ئیمانه‌وه له‌لایه‌ن جۆرێک له خوێنه‌ره‌وه هیچ به‌هایه‌کییان نهبێتو نه‌وه‌ک ناشیخوێنێتهوه، به‌ڵکو تا بتوانێت هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌دات. ته‌نانه‌ت له‌ناو یه‌ک کایه‌دا، گروپ هه‌یه دژی کتێبگهلێکه که له‌ناو هه‌مان کایه‌دا ئیشده‌کات. وه‌ک له‌ناو ئاین یاخود زانست‌و فکریشدا روویداوه. که‌واته به‌های کتێب په‌یوه‌ندی به جۆری خوێنه‌ره‌وه هه‌یه له دنیای ئێمه‌دا. ئه‌گه‌رچی نوسین به زمانی کوردی‌و مێژووه کهمهکهیو ئه‌و شه‌پۆلی هه‌سته نه‌ته‌وایه‌تییه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌مان ده‌گرێته‌وه‌و ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش به زمانی کوردیی‌و ته‌نانه‌ت ئاینیشه‌وه، واده‌کات لە ساتێکی دیاریکراودا کۆمه‌ڵگای ئێمه، یاخود راستتر خوێنه‌واری ئێمه تا راده‌یه‌ک شه‌ڕانگێز نه‌بووبن به‌رانبه‌ر کتێب‌و شیعره‌کانی نالی‌و شێخ ره‌زاو مه‌ستووره‌و کوردی، که له‌گه‌ڵ بانگهشەی دینیشدا نه‌هاتوونه‌ته‌وه، به‌ڵام پارێزراون له دنیای ئێمه‌دا. به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو ره‌هه‌ندی کێشه‌که نییه‌و مانای وانییە نوسین بەتەواوی هەیبەتو رێزی خۆی هەبووە، چونکه لەدنیای ئێمەشدا کتێب‌و نوسین هەبوون رووبەڕوی گاڵتە بوونەتەوەو تەنانەت نوسەرەکەی کوژراویشە، وەک عەبدولخالق مەعروف.
به‌شێکی تری ئەو هەیبەتە، ئەگەر وادامان نا ئەم دەستەواژەیە راستەو زۆر کەس حەفتاکانو هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەکەنە سەردەمی زێڕین بۆ شانۆ، خوێنەر.. په‌یوه‌ندی هه‌یه به ژماره‌ی کتێب‌و ئه‌و بوارانه‌ی کتێبی تێدا نوسراوه، که زۆر که‌مو به‌رته‌سک بووه. پاشان ئەو فەزا ئایدۆلۆژییەی دنیای ئێمە تیایدا ژیاوە، کە فەزایەک بووە زیاتر جۆرێک کتێب‌و بیرکردنەوە ئامادەییان هەبووەو کتێبی تر کەم بوون لەدەرەوەی ئەو بازنەیە. بەواتا هەڵەیە ئەگەر وابزانین کتێب لە رابردودا هەیبەتی خۆی هەبووە، بەڵکو جۆری خوێنەرەکانو ئەو فەزا گشتییە لە ساتێکدا، رێز بە جۆرە کتێبێک دەدات. لەم یەک دوو ساڵەدا لە شوێنێکی وەک ئەڵمانیا گفتوگۆبوو لەسەر ئەوەی رێگا بدرێت کتێبی تێکۆشانی هیتلەر چاپبکرێت یاخود نا.
ئەگینا ئەگەر باس لە رێزی کۆمەڵگا بەگشتی بکەین لەبەرانبەر کتێب‌دا، ئەوا پێموایە ئەمە په‌یوه‌ندی به ئاستی خوێنده‌واریی کۆمه‌ڵگاوه هه‌یە. دیاره مه‌به‌ستم له هه‌ڵگرانی بڕوانامه نییه، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستم له خوێنه‌ری کتێبه‌و ده‌کرێت ئێمه له رێژه‌ی خوێندنه‌وه‌وه سه‌یری کۆمه‌ڵگاکان بکهینو جۆرێک له ریزبه‌ندیی بۆ ئاستی خوێندنه‌وه له کۆمه‌ڵگاکاندا بکه‌ین، به‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا هه‌یه نهخوێنهرهوهیهو هه‌شن چالاکن له خوێندنهوهداو خوێندنه‌وه تیایاندا پێویستییه‌کی رۆژانه‌یه. تا له‌وێوه سه‌یری به‌های کتێب بکه‌ین. چونکە رێزی کتێب ئەوکاتە دەبینرێت، کە بیرکردنەوە جیاواز‌و دژ بەیەکەکان بتوانن بە کتێب خۆیان بەیان بکەن، بێئەوەی روبەڕوی مەترسی ببنەوە.
پاشان بۆ قسه‌کردن له‌باره‌ی کتێب‌و هه‌یبه‌تی کتێب له کۆمه‌ڵگادا، پرسیارێکی گرنگ هه‌یه، که ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌وه هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی تاک. ئه‌گه‌رچی خۆی له شێوه‌ی پرسیارێکی زۆر ساکاردا نیشانده‌دات، به‌ڵام پرسیارێکی بێئه‌ندازه گرنگه، که ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئێمه بۆ ده‌خوێنینه‌وه. ئایا ئێمه بۆ تێگه‌شتن له جیهانو کۆمه‌ڵگاو مرۆڤ‌و ئه‌وه‌ی هه‌یه، دهخوێنینهوهو مه‌به‌ستمانه له شته‌کان تێبگهینو ئاسۆی بینین‌و تێگه‌شتنمان فراوان بکه‌ین، یاخود بۆ شاره‌زابوونمان له بوارێک‌دا که ئاره‌زومان لێیهتیو وه‌ک پێویستییه‌کی ژیانی رۆژانه‌مان ده‌یبینین. ئایا خوێندنه‌وه بۆ کهشفکردنو گه‌ڕانه به‌دوای ئه‌و پرسیارانه‌ی به‌لامانه‌وه گرنگه‌و ئه‌م گهڕانو کهشفکردنهش چێژی خۆی هه‌یه، یاخود له قۆناغێکی ژیانماندا هانا بۆ خوێندنه‌وه ده‌به‌ین، که بێئیش‌و بێ بهرپرسیاریینو چه‌ندین پرسیاری تریش.
من هه‌وڵده‌ده‌م بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر گرفتی خوێندنه‌وه‌و کتێب، له ئه‌زمونی خۆم‌و بینینی خۆمه‌وه بدوێم‌و ئه‌و نمونه سادانه بهێنمه‌وه، که هه‌ریه‌کێکمان به‌جۆرێک بینیویه‌تی یاخود به‌ریکه‌وتووه، به‌ڵام دیدگای ئه‌م کۆمه‌ڵگایه سه‌باره‌ت به کتێب‌و خوێندنه‌وه، به‌یان ده‌کات.
من وای بۆ ده‌چم تا ئێستا له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا به‌ستنه‌وه‌ی خوێندنه‌وه به که‌سانی بێ ئیش‌و دهستبهتاڵو تهمهڵهوه به‌رده‌وامیی هه‌یه، ئه‌وانه‌ی که ناتوانن سهرهگوریسێک بگرن‌و بیر له ئاینده یاخود پاره په‌یداکردن بکه‌نه‌وه. به‌تایبه‌ت له‌و قۆناغه‌ی مرۆڤ له هه‌وڵی بیناکردنی که‌سێتی خۆیدایه. ئه‌مه مانای وایه نه چێژی خوێندنه‌وه له دنیای ئێمه‌دا ئاماده‌یی هه‌یه‌و ده‌رک ده‌کرێت، نه پێویستبوونی. به‌ڵکو شتێکی زیاده‌یه. زیاده به‌مانای ئه‌وه نا شتێکی که‌مالییه له ژیاندا. ئه‌گه‌ر که‌سێک شانازی به عه‌تره گرانبه‌هاکه‌ی، سه‌عاته مارکه‌که‌ی، یاخود دیکۆری خانوهکهیهوه بکات، ئه‌وا ده‌شێت خوێنه‌رێک ئاسوده بێت به کتێبخانه‌که‌ی یاخود ئه‌و کتێبانه‌ی ده‌یخوێنێته‌وه.
ئایا ئه‌گه‌ر رێکه‌وتی ئه‌وه بکه‌یت، هه‌ندێک له خزمانت داوات لێبکه‌ن که رۆژی هه‌ینی له‌گه‌ڵیاندا بچیت بۆ سهیرانو تۆش پێیان بڵێی ئه‌و رۆژه ده‌ته‌وێت کتێبێک بخوێنیته‌وه، چی رووده‌دات؟ یاخود لهسهیرانهکه ئاره‌زوی ئه‌وه بکه‌یت بچیت له سێبه‌رێکدا کتێبێک بخوێنیته‌وه؟ ئایا نابیته مایه‌ی گاڵته پێکردن‌و بڵێن ئه‌وه شێت بووه، چونکه ناچیت له‌گه‌ڵیان دابنیشیت‌و نیوکیلۆ گوڵه‌به‌رۆژه بەدەم سەیرکردنی خەڵکییەوە بخۆیت. باوه‌ڕناکه‌م خوێنه‌رێک هه‌بێت له دنیای ئێمه‌داو رۆژێک رێکه‌وتی ناسیاوێکی نه‌کردبێت، که به سه‌رسامییه‌وه پێینهوتبێت: تۆ ئه‌و کتێبه هه‌مووی ده‌خوێنیته‌وه؟ خۆ من یه‌ک لاپه‌ڕه بخوێنمه‌وه سه‌رم ژان ده‌کات یاخود خه‌وم لێده‌که‌وێت.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام وردبوونه‌وه له‌م نمونه بچوکانهو په‌یوه‌ست بوونی خوێندنه‌وه به ژانه‌سه‌رو خهولێکهوتنهوه، یاخود بە ناسروشتی بوونی ئینسانەوە وەک ئەوەی نەخۆش بێت، گرنگی خۆی هه‌یه‌و هه‌ندێک لایه‌نی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌مان بۆ روون ده‌کاته‌وه که له دنیای ئێمه‌دا مرۆڤ ده‌به‌ستێته‌وه به کتێبەوە. دیاره زۆرجاری تر باس له‌وه کراوه که خوێندنه‌وه نه‌بۆته کلتورێک، یاخود خولیایه‌ک له دنیای ئێمه‌داو ده‌شزانین هۆکاری سه‌ره‌کی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و میتۆدی خوێندنه‌ی له دنیای ئێمه‌دا په‌یڕه‌وی لێده‌کرێت، که میتۆدی له‌به‌رکردنه، نه‌وه‌ک بیرکردنه‌وه‌و گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌ی زانیاری‌دا. کێ هه‌یه له‌دنیای ئێمه‌داو له ماوه‌ی خوێندنیدا، له‌به‌رکردنی شیعر‌و بیردۆزهکانو لای نافییهو پێناسه‌کان نه‌بووبێت به مۆته‌که بۆی؟ به‌و مانایه‌ی قوتابخانه‌کان شوێنێک نین بۆ ئاشناکردنی مرۆڤ به کتێب‌و خوێندنه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی به توتی کردنی ئینسانه. ئیدی تۆ له‌به‌رده‌م مامۆستادا، ئه‌و بونه‌وه‌ره هه‌موو شتزانهدا، هیچ نیت جگه له دوبارهکهرهوهی ئه‌و شتانه‌ی ئه‌ویش خۆی لەبەری کردووەو پێتدهڵێتەوە. که دیاره ره‌گی ئه‌م میتۆده له حوجره‌کانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
پاشان مرۆڤ له دنیای ئێمه‌دا عه‌شقێکی سه‌یری هه‌یه بۆ گوێگرتن. له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و هۆکاره بگه‌ڕێته‌وه که ئێمه وەک کۆمەڵگا، هێشتا له‌قۆناغی زارهکیدابینو کۆمه‌ڵگایه‌ک نەبین به‌ته‌واوی چوبینه قۆناغی نوسینه‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌موو سه‌رشۆسته‌کان کتێب بێت له‌باره‌ی مێژوی هاوچه‌رخمانه‌وه، به‌شێکی زۆری خوێنه‌واری ئێمه تاقه‌تی نییه دهستبهرێتو لێیان بخوێنێته‌وه، به‌ڵام ئاماده‌یه دوو سه‌عات گوێ بگرێت له که‌سێک که باسی ئه‌و مێژووه‌ی بۆ دەکات.
من تا ئێستاش ئه‌و دیمه‌نانه‌م هه‌ر له‌یاده که هه‌موو رۆژێک له قوتابخانه ته‌واو ده‌بوین، راماندهکردو هاوارمان ده‌کرد به‌ربووین.. وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌زینداندا بووبین. ئایا له‌و زیندانه‌دا، عه‌شق بۆ کتیب دروستده‌کرا؟ ئه‌گه‌ر کتێب بۆ خوێنه‌ر به‌رهه‌مبهێنرێت، ئیدی ئه‌وه حاڵی به‌شێکی هاوکێشه‌که‌یه، که خوێنه‌ره. دیاره ههیبهتو به‌های کتێب به‌گشتی، له کۆمه‌ڵگای خوێندهواردایه، دیارە خوێندەواری یەک رەهەند نا.
دەمەوێت بڵێم ئەگەر کتێب هەیبەتی هەبووبێت لەدنیای ئێمەدا، ئەوە یەکەم بۆ بە کوردی نوسین گەڕاوەتەوە، دووەم پەیوەندی بە جۆری خوێنەرەکانەوە هەیە لە دنیای ئێمەدا، کە وەک خوێنەری ئایدۆلۆژی وایەو هەر خوێنەرێکیش جۆرێک لە کتێب هەیبەتی هەیە لەلایو ناکرێت هەموو کتێبەکان بەگرنگ بزانین یاخود رێزی لێبگرین. چونکە دنیای ئێمە بەجۆرێک نییە، کە تیایدا کتێب بەمانای وشە کتێب بێت. بەڵکو زۆر کتێب پاڵنەری بوون بە کتێبی تێدا نییە، بۆ نمونە من ناتوانم گرنگی یاخود رێز بۆ کتێبێک دابنێم، کە لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی رابردودا بەناوی (ئایدز بەڵای خوایە بۆ مرۆڤ) چاپ بوو، (بەداخەوە ناوی نوسەرەکەیم بیر نەماوە) کە نەوەک هیچ بەهایەکی زانستی نییە، بەڵکو لەوباوەڕەدام گاڵتە بەهەموو شتێک دەکات لەپێشیانەوە زانست‌و عەقڵی خوێنەر. رێزدانان بۆ کتێبێکی وا، هیچ پەیوەندی بە ئازادی بیرکردنەوەو نوسینەوە نییە، چونکە ئەوە بۆ خۆی نەبۆتە ئەوەی پێیبڵێین کتێب. بەڵام دیارە ئەو کتێبەش خوێنەری خۆی هەیە.
بەکورتی من لەو باوەڕەدام کاتێک دەتوانین باس لە هەیبەتی کتێب بکەین، لەسەردەمو کلتورێکی دیاریکراودا، کە لەلایەک کتێبەکان خەسڵەتی کتێبیان تێدا بێت، لەلایەکی تریشەوە دیدە جیاوازەکان بتوانن بەبێ گرفت خۆیان بەیان بکەن. نەوەک پاڵنەری ئایدۆلۆژی یاخود بەکوردی نوسین، بەس بێت بۆ پێدانی ئەو هەیبەتە. تەنانەت هەژاریی کتێبخانەیەکدا ئەو بۆچوونەمان لا دروستبکات کە کتێب هەیبەتی هەیە.
2- ئایا بەو پێیەی ژمارەی چاپخانە و دەزگاكانی كتێب چاپكردن زۆر دەبن و ژمارەی كتێبی كوردی لەهەڵكشاندایە، ئایا بە هەمان شێوە ژمارەی خوێنەری كتێبیش لەهەڵكشاندایە؟ ئەگەر وەڵام بەڵێیە، سروشتی ئەم خوێنەرە چۆنە؟ ئەگەر نەخێریشە، واتە ژمارەی خوێنەر ڕووی لە كەمییە، ئایا هۆكارەكان چیین؟ ئایا ئەمە كەمبوونەوەیەی خوێنەر بۆ بێهێزیی و بێ ئامانجی و بێهزریی نووسینی كوردی دەگەڕێتەوە، یاخود دونیای تەكنیك و دیجیتاڵ و ئەنتەرنێت ئەم خوێنەرەی داگیركردوە؟
– سه‌ره‌تا له‌و باوه‌ڕه‌دام که پرسیارێکی وا که‌مێک وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته، به‌وه‌ی چه‌ند پرسیارێک، بههۆکارو رێگا چارهکانیشییهوه له‌خۆ دهگرێتو له‌یه‌ک پرسیاردا دانراون‌و زۆر له پرسیاری تاقیکردنه‌وه ده‌چن. به‌هه‌رحاڵ من ده‌مه‌وێت ئه‌و جیاکارییه بکه‌م له‌نێوان ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت، یاخود چاوه‌ڕوانیمان هه‌یه بۆی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له واقیعدا ده‌گوزه‌رێت.
ئه‌گه‌ر ئینسان ئاگادار نه‌بێت، پرسیارێکی وا که‌مێک فریوده‌ره. به‌وه‌ی دەمانخاتە بەردەم ئەوەی زوو بە نەخێر وەڵامبدەینەوە. من وایدەبینم له‌ڕوی چه‌ندێتییه‌وه ژماره‌ی خوێنه‌ر به‌دڵنییاییه‌وه زیادیکردووه‌و بواره‌کانی نوسینیش فراوانتربوونو ژماره‌ی کتێبیش زۆر زیاتر بووه له‌چاو ساڵانی پێشوودا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر باس له‌جۆری ئه‌و خوێنه‌ره بکه‌ین که ئێستا له دنیای ئێمه‌دا ئاماده‌ییان هه‌یه، ئه‌وا ده‌بێت باس له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و خوێنه‌ره بکه‌ین، که هه‌وڵمدا له پرسیاری پێشودا، که‌مێک لێیبدوێم. خوێنەرێک هەر زوو سنورەکانی تێکەڵ بە نوسەربوون یاخود رۆژنامەنوسی دەبێت‌و ئەو جۆرە خوێنەرەمان کەمە کە لەپێناو چێژ‌و پێویستیی خوێندنەوەدا بخوێنێتەوەو تەماعی بەوە نەبێت هەرزوو ببێتە نووسەر. من بۆخۆم تا ئێستاش چەند چێژ لەنوسینی دەقێک دەبینم، ئەوەندە چێژ لەخوێندنەوەی دەقێکی جوان دەبینم. تەنانەت سنوری خوێنەر لای ئێمە تێکەڵ دەبێت بە چەمکی رۆشنبیر‌و ئیتر هەرکەسێک بە کادرە حیزبییەکانیشەوە بۆئەوەی وێنای رۆشنبیر بۆ خۆیان دروستبکەن، دەبێ وەک خوێنەر خۆیان نیشان بدەن. ئەمە دۆخێکە سیمای خوێنەر تیایدا ون دەبێت. چونکە لە دنیای ئێمەدا ئەم خوێنەرە، کە سنورەکانی تێکەڵ بە کایەی تر بووە، بۆئەوە ناخوێنێتەوە تا وێنایەکی هەبێت بۆ ئینسان، یاخود جیهانو هەر شتێک کە لەم بوونەدا هەیە. بەڵکو دەخوێنێتەوە تا (را)ی هەبێت. لەوانەیە ئەم قسەیە وابگەیەنێت کە بووترێت، ئەی ئەگەر خوێندنەوە بۆ را درووستکردن نەبێت، ئەی بۆچییە؟ بۆئەوەی ئەم قسەیە تووشی بەدحاڵی بوون نەبێت، بەمجۆرە روونی دەکەمەوە، کە من خوێنەرم، بۆ نمونە فەلسەفە هۆکارێکە بۆ تێگەشتنی من لە دنیا، بەڵام خوێنەرێکی تر کە با وای دابنێین هەروەک من دەخوێنێتەوەو سەرچاوەکانیش هەمان سەرچاوەن کە لە کتێبخانەی کوردی‌دا هەن، فەلسەفە هۆکارێکە بۆ را دروستکردن لەلای، ئیتر مادام خوێنەری بەشێکی کەمی فەلسەفەیە، رێگە بەخۆی دەدات کە قسە لەسەر هابرماسیش بکات، کە نە پسپۆڕیی تیادا هەیە، نە خوێنەرێکی جدیی بیری ئەو کابرایەیە. دوای ئەوە دەشتوانێت لە فیزیادا رای هەبێت‌و… ئیتر بەو جۆرە. جا ئەم دیدە بگوازەرەوە بۆ کایەکانی تریش. بۆ نمونە تۆ بە خوێندنەوەی پێنج رۆمان دەتوانیت را بدەیت لەسەر رۆمان‌و تەنانەت بشنوسیت.
بەڵام گرفتی خوێندنه‌وه‌ش ته‌نها لای کورد نییه، ده‌زانیت رۆمانێکی باش له کلتوری عه‌ره‌بیدا که نزیکه‌ی 400 ملیۆن ده‌بن، هه‌زار دانه‌ی لێ چاپ ده‌کرێت، دیاره به‌گشتی ده‌ڵێم نه‌وه‌ک هه‌ندێک نمونه وه‌ربگرین که زۆر کهمنو له‌به‌ر هۆکارێک، فرۆشەکەی زیادبکات. ئه‌گه‌رچی من تێبینیم کردووه، لەم ساڵانەدا زۆربەی خانەی چاپ‌و بڵاوکردنەوەکانیان تیراژی کتێب نانوسن. پاشان پێمان وا نه‌بێت که ئه‌م ژماره‌یه له ئێران، که نزیکه‌ی 80 ملیۆن که‌سه، زۆر زیاتره له‌وه‌ی عه‌ره‌ب. نا.. ئه‌ویش رێژه‌که‌ی له‌نێوان 1000 بۆ 3000 نوسخه ده‌بێت. ئه‌مانه ژماره‌ی ترسناکن. کاتێکیش سه‌یری ئه‌و ئامارانه ده‌که‌ین که له‌م ناوچه‌یه‌دا هه‌یه، ده‌تۆقین. به‌وه‌ی رێژه‌ی خوێندنه‌وه، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک لە ٢٠١٠دا، لە وڵاتانی عەرەبیدا بۆ هەر کەسێک، چاره‌که لاپه‌ڕه‌یه‌که له ساڵێکدا. له کاتێکدا 11 کتێبه له ئه‌مریکاو 7 کتێبه له به‌ریتانیا. من نامه‌وێت ئه‌م قسانه وه‌ک پاساو هێنانه‌وه سه‌یربکرێت، به‌ڵکو ده‌مه‌وێت بڵێم که ئه‌م گرفته له‌هه‌موو ئه‌و کلتورانهدا هه‌یه، که سه‌ر به کلتوری ئیسلامن، یاخود لە ژێر هەژمونی ئەو کلتورەدان، دیارە کوردیش به‌شێکه له‌م گرفته. (من ئەم حاڵەتە جیادەکەمەوە لەو دۆخە کتوپڕانەی کۆمەڵگایەک تێیدەکەوێت، وەک گرفتی قوڵی ئابوری‌و شەڕی ناوخۆ، کە وادەکات ئاستی خوێندنەوە تێیدا نزم بێت). له‌وانه‌یه هۆکارێکی سه‌ره‌کی میتۆدی خوێندن بێت لەم وڵاتانەدا، کە بەجۆرێکە، ناهێڵێت یاخود نایەوێت خوێنەر دروست ببێت.
به‌ڵام گرفتێکی تر له دنیای ئێمه‌دا هه‌یه، غیابی خانه‌ی چاپ‌و بڵاوکردنه‌وه‌یه. لای ئێمه شوێنی حکومی‌و حیزبی زۆرن بۆ چاپکردنی کتێب، که ئه‌م شوێنانه له‌سه‌ر قازانج‌و زه‌ره‌ر کارناکه‌ن، به‌ڵکو پاره‌یه‌کی ئاماده هه‌یه‌و چۆنیان بووێت خه‌رجی ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش واده‌کات ئه‌و شوێنانه نه‌توانن به‌ها بده‌ن به کتێب. بۆ نمونه له هه‌موو دنیادا نوسه‌ر ده‌توانێت بۆ خۆی کتێب چاپ بکات، به‌ڵام زۆر جیاوازه له‌وه‌ی ئه‌و کتێبه له خانه‌یه‌کی چاپ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی باش چاپ ببێت. واتا شوێنی چاپ به‌شێک له‌و به‌هایه به کتێب ده‌دات. که شوێنێک له‌سه‌ر قازانج‌و زه‌ره‌ر کاریکرد، ده‌بێت گرنگی به‌جۆری کتێب‌و کوالیتیو هه‌ڵه‌ی چاپ بدات. به‌ڵام به‌شێک له‌و شوێنه حیزبی‌و حکومیانه (ئەگەرچی هەیانە هەندێک کتێبی باش چاپدەکەن) بەگشتی به‌رنامه‌یه‌کیان هه‌یه بۆ خۆیان کاری له‌سه‌ر دهکهنو له هه‌وڵی جێبه‌جێکردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا ده‌بن، ئیدی له گرنگیدان به‌جۆرێک له کتێب تا فه‌رزکردنی جۆرێک له رێنوسو کۆکردنه‌وه‌ی به‌شێکی زۆر له‌نوسه‌ران له‌ده‌وری خۆیان، که ده‌ستکه‌وته بۆ حیزبه‌که‌یان، هەتا میزاجی شەخسیی بەرپرسەکەیان. ئەم دۆخە زۆر بەوەدەکات لەژێر کاریگەریی رژێمە گشتگیرەکاندا بێت، ئەگینا حکومەت یاخود حیزب حەقی چییە بە چاپکردنی کتێبەوە، چونکە کتێبیش بازاڕی خۆی هەیەو بوونی ئەو بازاڕە وادەکات کوالیتی کتێب باش ببێت تەنانەت لەروی چۆنایەتییەوە. دیارە من دەزانم جۆرێک لەم هەوڵانە هەیە لە دنیای کوردی‌دا، پێشتر رەنج‌و ئێستا ئەندێشەو.. بەڵام لەسەر ئاستێکی کەمو ئەزمونی کەمدایە، بەڵام بەدڵنییاییەوە دۆخیان بەرەو باشتر دەچێت.
کە باس لە کتێب دەکەین، خۆبەخۆ توشی ئه‌و پرسیاره ده‌بین که پەیوەندی بە کتێبی بازرگانییهوە هەیە. ده‌بێت ئێمه ئه‌م حاڵه‌ته ئاسایی ببینین، که له هه‌موو دنیادا شانبه‌شانی کتێبی باش، کتێبی بازرگانی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مانه‌ش خوێنه‌ری خۆیان هه‌یه‌و هه‌ندێک شوێن خه‌ریکی چاپکردنی ئه‌م جۆره له کتێبن‌و خوێنه‌ر له ئارمی ده‌زگای چاپه‌که‌یه‌وه ده‌زانێت ئه‌وه رۆمانێکی پۆلیسی یاخود ئیرۆتیکییهو ده‌توانێت نه‌یکڕێت. خۆ ناکرێت به‌ناوی جدییه‌ته‌وه، رێگا له چاپکردن بگیرێت، له‌کاتێکدا ئه‌و خانەی کتێبە بازرگانیانە ده‌توانن خۆیان بژیهننو قازانجیش بکەن. خۆ ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی، ئه‌وا دەبێت ده‌رگای خانهکە دابخەن. به‌واتا کتیبی بازرگانی، له‌خۆڕا نهمانترسێنێت. پاشان ئه‌م دیارده‌یه له دنیای ئێمه‌دا زۆر بڵاوه‌و له‌و هه‌ژارییه‌ی باسیده‌که‌ین، بازاڕێکی باش هه‌یه بۆ کتێبی بازرگانی. بەجیاوازی ئەوەی لەلای ئێمە، لەبەرانبەر ئەم کتێبانەدا، کتێبی باش‌و جدی کەمەو تا گۆڤارێکی باش هەبێت بۆ خوێنەر، بیست دانەی بازاڕی لەبەردەمدایە. بۆ کتێبیش هەروایە.
ئه‌گه‌ر بتوانرێت خوێندنه‌وه بکرێته به‌شێک له پێویستی‌و ئه‌خلاقمان، ئه‌وا خوێنه‌ر ده‌توانێت به‌دوای ئه‌و کتێبه‌دا بگه‌ڕێت که ده‌یه‌وێت، پاشان ئازادیشه چی دهوێتو ناکرێت رێگای لێبگرین. ئه‌گینا که خوێنه‌رێک به خوێندنه‌وه سه‌ری ژان بکات، رۆژێک بیه‌وێت شتێک بخوێنێته‌وه، ئه‌وا مۆبایله شیعر‌و هه‌ندێک له‌و گۆڤاره ره‌نگاو ره‌نگانه سه‌یرده‌کات، که هه‌واڵی سه‌یرو بابه‌تی سێکسیی تێدا ده‌بێت. له باشترین حاڵه‌تیشدا شێخ ره‌زا ده‌خوێنێته‌وه‌و بەس.
به‌کورتی ده‌مه‌وێت بڵێم با ئێمه خۆمان به ئامرازه‌کانی وه‌ک ئینتهرنێتو بێهێزی نوسینی کوردی نه‌ترسێنین، چونکه خۆ یاسایه‌ک نییه بڵێ ده‌بێت ئێمه هه‌ر به‌کوردی بخوێنینه‌وه. گرفتی ئێمه له جێگایه‌کیتره که ئه‌ویش لەلایەکەوە بەهۆی نەبوون، یاخود دواکەوتنت بیرۆکەی خانەی چاپ، کتێبی خراپ ئامادەییەکی زۆری هەیە لە بازاڕی کتێب‌دا، لەلایەکی تریشەوە خوێنه‌رو خوێندنه‌وه‌یه. ئه‌گینا ئێستا له خۆرئاوا که چاپی کاغه‌ز که‌می کردووه، له‌به‌رانبه‌ریدا بەرێژەیەک بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌له‌کترۆنی زیادی کردووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کتێب په‌یوه‌ندییه‌کی راسته‌وخۆی هه‌یه به بازاڕه‌وه، که‌چی کتێبخانه گشتییه‌کانیان کارئاسانییه‌کی زۆر ده‌که‌ن تا خوێنه‌ر به‌خۆڕایی ده‌ستی بگات به‌کتێب.
3- ئاستی كتێبی كوردی لەڕووی تەكنیك و نەخشەسازی و هونەرەكانی دەرهێنانی بەرگ و ناوەڕۆكی كتێب چۆن دەبینی؟ ئایا لاوازیی ئەم ئاستە پەیوەندیی بە كەمبوونەوەی خوێنەر و پچڕانی پەیوەندیی نێوان خوێنەر و كتێبەوە هەیە؟
– نا.. من وای ده‌بینم که له‌م ساڵانه‌دا کوالیتی کتێب چۆته سه‌ر. به‌ڵام گرفتێک که تا ئێستا هه‌یه بوونی هه‌ڵه‌ی چاپه. من تا ئه‌و شوێنه ئه‌و گرفته‌م بۆ ئاساییه که په‌یوه‌ندی به رێنوسمانهوه هه‌یه‌و رێنوسێکی چه‌سپاوو یهکلاکراوهمان نییه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه کاری نه‌کرده نییه، به‌ڵام بۆ نایکه‌ن؟ دیاره ئه‌مه ده‌سه‌ڵاتێکی پێویسته (مه‌رج نییه ته‌نها ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسیم مه‌به‌ست بێت) که به‌م کاره ههستێتو تا ئێستا ئێمه زیاد له رێنوسێکمان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرفته، هه‌ڵه‌ی چاپه، که تائێستا به‌راده‌یه‌کی زۆر له کتێب‌دا ده‌بینرێت. له‌کاتێکدا که‌سانێک دانراون له هه‌ر ده‌زگاو شوێنێکدا به‌م کاره هه‌ستن، به‌ڵام بڵاوکراوه‌کانمان هه‌ر پڕن له هه‌ڵه. من ماوه‌یه‌ک کاری هه‌ڵه‌چنیم کردووه له رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌و له‌وه گه‌شتووم که به‌شێکی زۆری نوسه‌ری ئێمه، به‌راستی نازانێت بنوسێت‌و مانای نییه له نوسینێکیدا ئه‌و هه‌موو هه‌ڵه‌یه ببینیت. وشە بەهەڵەو نوقسانی دەنوسێتو بۆشی گرنگ نییەو دەینێرێت بۆ بڵاوکردنەوە. دیاره ئه‌مه ته‌نها گوێپێنه‌دان نییه، به‌ڵکو نهزانیو به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی زمانی کوردییه، که ته‌نانه‌ت له‌وکاته‌ی پێیدهنوسیت، بۆت گرنگ نییه. ئه‌گینا ده‌شێت به دووجار خوێندنه‌وه‌ی تێکستەکەی خۆت، زۆرێک له‌و هه‌ڵانه چاک بکه‌یت. ئایا ئه‌مه توشی گومانمان ناکات له‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ی له پشت نوسینهکانهوهیه، که ئه‌م هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ی خۆی نابینێت‌و هیچ بۆشی گرنگ نییە؟ ئەمە دیاردەیەکی سەیرە ئەگەر بەراوردی بکەین بە نەوەی مودەریسو سەجادیو ئەوان، کە کتێبی ئەوان زۆر کەم هەڵەی تێدا دەبوو، ئەگەرچی ئەوکاتە شێوازی چاپی کتێب، زۆر جیاواز بوو لە ئێستا.
من ئومێده‌وارم ته‌کنیکارانی کورد، هه‌وڵبده‌ن ئه‌و کاره‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی یاخود شوێنه فه‌رهه‌نگییه‌کانمان پێیههڵناسن، ئیتر لەبەر هەر هۆیەک بێت، که چاککردنی گرفتی رێنوسمانه، ئه‌وان بتوانن به‌م کاره هه‌ستن. ئه‌ویش له‌رێگای به‌رنامه‌ی ۆرده‌وه که ده‌مێکه ئه‌و به‌رنامه‌یه کۆمه‌کی زۆر که‌س ده‌کات له زمانه‌کانی تردا، تا زۆر هه‌ڵه‌ی رێنوسو ته‌نانه‌ت هه‌ندێ هه‌ڵه‌ی رێزمانیی بۆ چاک بکات. چونکه ئێستا زۆربه‌مان به کۆمپیوته‌ر دهنوسینو ئه‌و ته‌کنیکارانه ده‌توانن به‌راوێژی که‌سانی شاره‌زا، جۆرێک له رێنوس بسه‌پێنن‌و له‌م درمی رێنوسه ده‌ربازمان بکه‌ن، کە لەگەڵیدا کۆمەکمان دەکات بۆ راستکردنەوەی هەڵەی نوسینمان. واتا ئه‌وه‌ی دهسهڵاتو ده‌سه‌ڵاتی رۆشنبیریی ناتوانن‌و نایانه‌وێت بیکه‌ن، تەکنیکاران پێیهه‌ستن.
4- ئایا پێتوایە نووسینی كوردی لە چوارچێوەی كتێبیشدا هەر لە نووسینی ڕۆژنامەوانیدا خۆی دەبینێتەوە؟ یان نووسینی كوردی لە ئێستاشدا بەشێكی بەرچاوی توێژینەوە و لێكدانەوەی هزری و ئامانجداری تێدایە، یان بەشێوەیەكی تر ئایا كتێبی كوردی كەوتۆتە ژێر كاریگەریی رۆژنامەوانیی كوردییەوە، بەتایبەت لەڕووی نەفەسی نووسین و زمان و چوارچێوەی دەربڕینەوە.
– لە ئێستادا سنوری نوسین لە دنیای ئێمەدا زۆر تێکەڵ بووە، دیارە بەمانایەکی نێگەتیڤ، بەوەی بوارەکان خەسڵەتی خۆیان ون کردووە.. لێرەدا چەمکی کتێب تووشی شیواندن بووە، بەوەی دەکرێت چەند رانانێکی کتێب بکەیت بۆ رۆژنامەکانو دوای مانگێک کۆیان بکەیتەوەو بیانکەیت بە کتێب.. هەرچۆن دەتوانیت چەند چاوپێکەوتنێک بۆ گۆڤار‌و رۆژنامەکان بکەیتو دوای هەفتەیەک لە بڵاوبوونەوەی دوایەمینیان، بیکەیت بە کتێب.. ئەو گۆشانەی سەبارەت بە کێشە رۆژانەییەکانی عێراق‌و کێشە ناوخۆییەکان‌و مالکی‌و سوننەو شیعەو.. دەینوسیت، دوای ماوەیەک بیکەیت بە کتێب. دیارە ئەمە لە کلتوریتریشدا هەیە، بەڵام پەیوەندی بە ئاستی کەسی نوسەرەوە هەیەو هەموو کەس ناتوانێت ئەم شتانە بکات بە کتێب، چونکە لەکوێ چاپیان بکات؟
ئەمە گرفتێکی گەورەی هێناوە، کە ئەویش ئەو سادەنوسینەیە ئێستا ئێمە تیایدا دەژین. ئەمەش وای کردووە هەست بکەین زمانی رۆژنامەنوسیی زاڵە، کە بەبڕوای من جۆری زمانەکە زاڵ نییە، ئەوەندەی بیرکردنەوەی رۆژنامەنوسی زاڵە. ئەگینا دەکرێت بە زمانی سادە یاخود روون‌و ئاشکرا شتی گرنگ بنوسرێت. بەڵام ئەمە گرفتەکە نییە، بەڵکو گرفتەکە وای لێهاتووە کە ئەگەر رۆژنامەنوسێک پێویستی بە خوێندنەوە نەبێت، پێویستی بەسەرچاوەی کتێب نەبێت بۆ رێپۆرتاژ یاخود گۆشەکەی، تەنانەت پێویستی بە دیدێکی هەمە لایەن نەبێت بۆ ئەو گرفتەی قسەی لەسەر دەکات، ئەوا ئەم جۆرە لەنوسینیش وای لێهاتووە. بەو مانایەی تۆ پێویستت بە سەرچاوە یا خوێندنەوەی جدی نەبێت بۆ دیاردەیەک، یاخود تێڕوانینی لێکۆڵەرەوەیەک لە ئاستی تێڕوانینی رۆژنامەنوسێک زیاتر نەڕوات بۆ کێشەیەک. باوەڕبکە من بۆ ئاگاداربوونی خۆم، سەیری هەندێک لەو رانانە دەکەم کە بۆ کتێب دەکرێت، دەزانی بەئاشکرا کار راییکردنو مەدح، یاخود موجامەلەی نوسەرەکەی دەبینیتو ناتوانێت خوێندنەوەیەکی جوانت بۆ بکات. دەی باشە خۆ ئینسان ئاگای لە هەموو کتێبی دنیا نییە، ئەوە رانانەکانن تارادەیەکی باش کتێبەکانمان پێدەناسێنن. خوێنەرێک پێویستی بە رانانی پڕ لە مەدحی کەسێک نییە بۆ کۆندێرا، یاخود مەحفوز یا هەرکەسێک لەو ناوانە، چونکە ئەوان لەوە بەناوبانگترن کە ئەم مەدحیان دەکات، بەڵام خۆ دەبێت هیچ نەبێت خوێندنەوەیەکی جوان بۆ ئەو کارانە بکات. کەچی ئاساییە دواتر ببنە کتێب. تەنانەت ئێستا وەهمێکیتر هەیە ئەویش ئەوەیە تۆ پێویست ناکات لێکۆڵینەوەی ئەدەبی بکەیت، چونکە چاوپێکەوتنەکانت دەکرێت لە ئاستی سەرچاوەدا ببینرێن.. ئەمە لەکوێی دنیادا هەیە. مەترسی ئەمانەش ئەوەیە بۆ خوێنەر، کە بەناوی کاری جدییەوە بکرێن.
دیارە کتێب نووسین پێداویستی‌و زەحمەتیی خۆی هەیە. لەجیاتی ئەوەی بیر لەنوسینی لێکۆڵینەوەیەک بکەیتەوە لەسەر چیرۆک، کە هەروا ئاسان نییە، دەتەوێت لە چاوپێکەوتنێکدا ئەو شتانە بڵێیت. لەوانەشە لەزۆر باردا پاداشتی نوسین رۆڵ ببینێت، بەوەی دووجار پاداشت لەسەر نوسینێک وەردەگیرێت. یاخود کێشەکە لەوەش قوڵترەو پەیوەندی بە بیرکردنەوەو تێڕوانینی ئێمەوە هەیە چ بۆ نوسین، چ بۆ میتۆد‌و بیرکردنەوەمان.
بەهەرحاڵ دەمەوێت جیاوازییەک بکەم لەنێوان کتێبی بازرگانی‌و ئەو کتێبانەی تۆ لەبارەیەوە پرسیار دەکەیت. من بۆ خۆم ئاساییتر سەیری کتێبی بازرگانی دەکەم، چونکە کەمتر دەتوانێت فریوم بدات. بۆ نمونه ئەو کتێبانەی لە نمونەی (چۆن سەرکەوتوو دەبیت لە ژیاندا، یاخود کێشت لە ١٠ رۆژدا دابەزێنە، یاخود مۆبایلە شیعر‌و…)، خوێنەر لە ناونیشانەکەیانەوە دەزانێت چ جۆرە کتێبێکن. بەڵام گرفت لەگەڵ ئەو کتێبانەدایە کە باسمان کردن‌و بەناوی کاری جدی‌و لێکۆڵینەوەوە خۆیان نمایشدەکەنو ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشیشیان هەیەو دواتر خوێنەری وریا دەبینیت فێڵێکی گەورەی لێکراوە، بەڵام خۆ دەشکرێت خوێنەر هەبێت ئەمانە تێپەڕێت بەسەریداو وێناکردنی بۆ کتێب بەو جۆرە بێت. بەڵام ئەمە مانای وانییە کە کاری باش بوونی نییە، نا بەڵام ئەمە گرفتە بۆ ئەو خوێنەرەی شارەزای نوسەرەکان نییەو دەشێت ئەم کارانە فریوی بدات.
ئێمە دەزانین هیچ کلتورێک نییه له دنیادا هه‌موو باش یاخود فه‌یله‌سوف بن تیایدا، یاخود هەمووی خراپ‌و رووکەشی بن. نا.. لە خۆرئاواش کتێبی بازرگانی زۆرە، بەڵام لەوێ روبەرێکی فراوان هەیە بۆ کاری جدی‌و جوان. تەنانەت لە خۆرئاواش زۆر بەکەمی رێکدەکەوێت، کە رۆمانێکی باش ببێتە پڕفرۆش، مەگەر هێڵێکی پۆلیسیانە لە گرێچنی رۆمانەکەدا هەبێت. وەک چۆن لە دنیای عەرەبدا ئەم لایەنە زیاتر پەیوەندی بە ئیش‌کردن لە حەرامەکاندا هەیەو ئەو رۆمانانە باش دەفرۆشرێن‌و ئومێدی ئەوەشیان هەیە وەربگێڕدرێنو لە وڵاتانی خۆرئاواش بە ئاسانی چاپ دەبن، چونکە بەگشتی ئەمە ئەو جۆرە کارانەیە کە خۆرئاوا لە نوسەرێکی رۆژهەڵاتیی دەیەوێتو لەگەڵ ئەو وێناکردنەی خۆیدا دێتەوە کە بۆ رۆژهەڵات هەیەتی.
مەبەستم لەوەیە کە هەموو کلتورێک چەند ئاستێکی جیاوازی هەیە لەنوسیندا، هەرچۆن ئاستی خوێنەرەکانیشی جیاوازە. بەڵام گرفت لای ئێمە ئەوەیە سنوری کاری جدی‌و رووکەش.. جوان‌و ناشرین، تێکەڵە. هەرکەسێک دەتوانێت لە فەلسەفە، فیزیا، کۆمەڵناسی… بنوسێت‌و وەک کتێبیش چاپی بکات. ئەوە لە ئەدەبدا باس ناکەین کە چەند ئاسانترە. تەنانەت تێبینی جدی لەسەر دەستنوسی دۆستێک بدە، لێت زویر دەبێت‌و وەک تەحەدا دەچێت بڵاوی دەکاتەوە، وەک ئەوەی تۆ دوژمنی شاکارەکەی بێت، کە خۆی دەتداتێ تا سەیری بکەیت. من بۆ خۆم تووشی ئەم حاڵەتە بووم‌و جگە لە پێکەنین هیچ دەسەڵاتێکت نییە.
لەبەرئەوە من باسی گرفتی خانەی بڵاوکردنەوە دەکەم، مەبەستم لە ئەهلییە، کە لەدنیای ئێمەدا نییەو ئەگەر بشبێت بەو دەستوبردە نابنە خانەی جدی کە رێز بۆ کتێب بگێڕنەوە، بەڵکو کاتی دەوێت‌و ناتوانن لەبەردەم ئەو هەموو شوێنەدا بوەستنەوە، کە بێگوێپێدانو بەئاسانی کتێب چاپدەکەن. چونکە بوونی شوێنی وا پێویستی بە سومعەیە تا لای خوێنەر دروستی بکات، ئەمەش پێویستی بە بوونی فلتەری جدی هەیە هەر لە هەڵەچنییەوە تا کوالیتیو ئاستی کتێبەکەو ناتوانێت تا سەر لەبەر برادەریو خزمایەتی کتێب چاپ بکات‌و لەولاشەوە تووشی زەرەری بکات. ئەوکات ئەو کتێبە وەرگێڕدراوە پڕ لە هەڵە، چاوپێکەوتنە کۆکراوەکانی زۆرێکو زۆر گۆشەی رۆژنامە کە لەساتی خۆیدا بۆ پڕکردنەوەی لاپەڕە نەبووبێت، هیچ سودێکی نەبووە، نابن بە کتێب‌و چاپبکرێنو بچنە بەردەستی ئەو خوێنەرەی باسی دەکەین، کە چەند بەدبەختە لە دنیای ئێمەدا بۆ دەستگەشتنی بە کتێبی باش‌و سەرچاوە. پاشان دەشێت گرنگی بە تێز یاخود شێوازێکی دیاریکراو بدەن لە دنیای ئەدەبو فکردا، ئەگەر قازانجیشیان لێی دەست نەکەوێت.
ئەگینا بوون بە نوسەر سیحری خۆی هەیەو زۆر کەس هاندەدات بۆ ئەوەی کتێبی هەبێت. ئەمەش مافی هەموو کەسێکە، بەڵام مەرج نییە هەموو کتێبێک خەڵک بکات بەنووسەر، یاخود هەر بوونی کتێبەکە مانای ئەوەبێت نوسەرە. بەکورتی دەشێت ئەوە هەڵەبێت کە ئێمە لەبەردەم ئەم حەزەی ئینساندا، بێین داوایەکی ئەخلاقیانەی لێبکەین، کە نەنوسێت یاخود کە نوسی با بە جدی‌و باش بنوسێت، هەرچۆن ناتوانین زۆر لەکەس بکەین، کە چ جۆرە کتێبێک بخوێنێتەوە. بەڵام دەکرێت لەبەرانبەر ئەم ئارەزووەدا، بەها بۆ کتێب دابنرێت‌و هەموو نوسینێک نەبێت بە کتێبی چاپکراو.. هەموو چاوپێکەوتنەکان نەبن بە کتێب‌و بخرێنە بەردەم ئەو خوێنەرەی کە گرفتی سەرچاوەی هەیە، هەرچۆن هەموو گۆشەی رۆژنامەو وتاری بڵاوکراوە کۆکراوەکان مانای وا نییە ببنە کتێب. جا ئەگەر هەر بۆ نمونە دنیای عەرەب سەیربکەین، کە هەر کەس هەستێت چاوپێکەوتنو گۆشەو وتارە رۆژانەییەکانی بکات بە کتێب، ئەوا دەبێت لە بیابانی گەورە گەنجینە دروست بکەن بۆ هەڵگرتنی کتێبەکانیان. بەلام کەسانێکی دیاری ئەو کلتورە، ئەویش بەکارەکانیان، دەتوانن بەم کارە هەستن.
5- ئایا هۆكاری ئەوەی بەشێكی بەرچاو لە كتێبی كوردی بریتییە لە كۆكردنەوەی وتاری رۆژنامەوانی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ یان بۆچی هەندێ لە كتێبی كوردی بەشوێن بابەتی تێپەڕ و وروژێنەری سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتیدا دەگەڕێت؟
– ئه‌م پرسیاره بەجۆرێک پەیوەندی بە پرسیاری پێشوەوە هەیە. بەهەرحاڵ ئه‌گه‌ر بمه‌وێت شتێکی له‌باره‌وه بڵێم، ئه‌وه‌یه که سه‌رچاوه‌ی ئه‌م گرفته هه‌م له تێکدانی مانا‌و چه‌مکی کتێبه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، هه‌م له تێنه‌گه‌شتن له مانای کتێب‌و جیاکردنه‌وه‌ی له بڵاوکراوهکانیتر. پاشان شەرعییەت پێدان بە کتێب لە دنیای ئێمەدا، ئەم دنیایەی کە زۆرینە بەناوی داهێنانو جدییەتەوە قسە دەکات.
لەلایەکی ترەوە دیارە زیادکردنی ژماره‌ی کتێب، سیحرێکی تێدایه‌و ختوکه‌ی ئه‌و نهرگسیهتهی نوسه‌ر ده‌دات، که هه‌یه‌تی. ده‌کرێت نوسین هه‌بن بۆ رژنامه نوسرابن، جوانی‌و هێزی ئه‌وه‌ی تێدا بێت بکرێنه کتێب، تا کار ئاسانی بۆ خۆێنه‌ر بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌مه ژماره‌یان زۆر که‌مه‌و په‌یوه‌ندی به که‌سی نوسه‌ره‌که‌وه هه‌یه به‌وه‌ی کێیه‌و ئه‌زمونی چییه‌و چۆنه له‌و بواره‌ی ده‌نوسێت. ئیمبه‌رتۆ ئیکۆ قسه‌یه‌کی هه‌یه ده‌ڵێت: “هه‌موو شاعیرۆکهیهک کاتێک شیعرێک ده‌نوسێت، پێیوایه شتێکی ناوازه‌یه له مێژوداو دنیا هەڵدەگێڕێتەوە، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌ری به‌رده‌وامیدانە به نوسین”. ئەگەر وامان دانا ئەم هەستە ئاساییە نوسەر هەیبێت، به‌ڵام ئایا هه‌موو چاوپێکه‌وتنه‌کان گرنگن ببنه کتێب؟ ئایا هه‌موو گۆشه رۆژنامه‌وانییه‌کان گرنگن ببنه کتێب، که زۆریان له‌سه‌ر شتی زۆر رۆژانه‌ن، پاشان رۆژنامه‌نوسێک به‌هۆی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆی ره‌خساوه، گۆشه‌ی ده‌ستکه‌وتووه‌و نوسیویه‌تی، ئایا ده‌کرێت گۆشه‌کانی ببنه کتێب؟ دوای 2003و له‌گه‌ڵ زۆربوونی ژماره‌ی بڵاوکراوه‌کان له دنیای ئێمه‌دا، ژماره‌ی گۆشه‌و چاوپێکه‌وتنه‌کان زۆر زۆر بوون. دیاره رۆژنامه وه‌ک ئه‌ژدیها وایه‌و ده‌بێت لاپه‌ڕه‌کانی پڕبکرێته‌وه، ئه‌مه وایکرد که ده‌رفه‌ت بۆ زۆر که‌س بره‌خسێت قسه‌بکات. به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه که ئه‌مانه شایه‌نی ئه‌وه‌ن ببنه کتێب. به‌شێکی ئه‌م گوناهه لای نوسه‌ره‌و به‌شه‌که‌ی تری په‌یوه‌ندی به فه‌زای رۆشنبیریمانهوه هه‌یه، که ئه‌م شتانه‌ی به‌ناوی کتێبه‌وه تێدا ده‌ڕوات. که هه‌ستده‌که‌یت هێشتا سه‌ر به‌قۆناغی زاره‌کین. ئایا شێواندنی مانای کتێب، جۆرێک نییه له گه‌نده‌ڵیی رۆشنبیری؟ ئایا لەهەر وڵاتێکی تردا بوایە، بوون بە کتێبی ئەو شتانەی باستکرد، بەو ئاسانییە، موستەحیل نەدەبوو؟ مەگەر نوسەرەکانیان بۆ خۆیان خانەی بڵاوکردنەوەیان دابنایە.
من دەزانم هەندێک هەن بەناوی ئارەزوی نوسەر یاخود مافی نوسەرەوە شەرعییەت دەدەن بەم جۆرە کتێبانە، بەڵام ئایا لەدنیای ئێمەدا خوێنەر مافی نییە، کە هەمیشە بەناوییەوە قسە دەکرێت؟ ئایا خوێنەر ئیلهامی بۆ دێت، یاخود ئەو کتێبانە دەیکات بەخوێنەر، کە دەیخوێنێتەوە؟ دەی باشە ئەگەر بەشێک لە کتێبخانەی کوردی ئەمە حاڵی کتێبەکانی بێت، ئیدی چاوەڕوانی دروستبوونی خوێنەری باش یاخود جدی، تەنانەت بە کلتورکردنی خوێندنەوە چۆن بکەین. مەترسییەکە ئەوەیە کە دواتر ئەم خوێنەرە وا وێنای کتێب بکات، کە ئەمانەیەو وابزانێت لەوە ئاسانتر نییە، کە قسەکانت، ئەو شتانەی لە رۆژنامەیەکدا(؟؟) نوسیوتە.. ببنە کتێب. ئەمە سادەکردنەوەیەکی ترسناکی نوسینە.
6- ئایا سانسۆری هەندێ لە دەزگاكانی كتێب مەعریفییە یان پشتی بە میزاجی شەخسی بەستوە و یان هەندێ جاریش سانسۆرێكی سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتییە؟
– لەو باوەڕەدام کتێب بۆ خۆی دنیایەکی پڕ گرفت بێت لە کلتوری ئێمەدا. ئەگەر باس لەلایەنی سانسۆری کتێب بکەین، ئەوا دەشێ هەندێک کتێب چاپنەکرێن، لەبەر بوونی خەلەل جا مەعریفی بێت، یاخود لەبەر خراپی‌و هەڵە. بەڵام ئەمە توانای بەربەستدانانی نییە لە بڵاوبوونەوەی کتێب کە ئاستی کتێبیان نییە، چونکە لای زۆر نوسەرمان تەنها گرنگ چاپبوونی کتێبەکەیە نەوەک لەکوێ‌و چۆن چاپی دەکات، کە ئەمەش وادەکات ئەگەر شوێنێک رەفزی کتێبێک بکات، ئەوا خاوەنەکەی زۆر ئاسان دەتوانێت بۆ خۆی یاخود لە شوێنێکی تر چاپی بکات. ئه‌مه‌ش به‌و ده‌لیله‌ی که هەموومان لەم جۆرە کتێبانەمان بینیوه‌و هەشیانە دژ به هه‌موو دیدو پرنسیپێکی زانستین، که‌چی چاپ بوون‌و که‌سیش لێی نەپرسیونەتهوهو سانسۆریش ناکرێن. وه‌رگێڕانێکی خراپ، فرۆشتنی خورافه به زانست… باوەڕناکەم ئەمە پەیوەندی بە چەمکی ئازادییەوە هەبێت، بەڵکو جاری واهەیە ئینسان دەگاتە ئەو باوەڕەی کە بە مەبەست چەمکی ئازادی بشێوێنرێت، ئەگینا دروستکردنی ئەم فەوزایە هیچ پەیوەندی بە ئازادییەوە نییە.
باشە بۆ مەلاو ئیسلامییەکان لەسەر دێڕێک مزگەوتەکان پڕ دەکەن لە وتاری ئاگرین، ئەی کاتێک کتێبێکی خراپ‌و نا زانستی‌و نا عەقڵانی باس لە کایەیەکی کۆمەڵناسی یاخود فەلسەفە یا هەربوارێکیتر بکات، بۆ لە نوسەرەکەی ناکرێت بە هەڵڵاو بێدەنگ تێدەپەڕێت. یاخود بەبارەکەیتریدا ئەی حکومەت بۆ ئەم شتانە نابینێت، بەڵام وشەیەک دەبینێت، کە لەبەرژەوەندی حیزبەکەی، یاخود بەرپرسێکی نەبێت؟
دنیای ئێمە غەیب حوکمی دەکات، بەوەی هەموو چاومان لە شوێنێکە کە ئەم گرفتانە چاک بکات، کە کەسمان نازانین ئەو شوێنە چییەو کوێیە.. هەموو ناڕازین لەو دۆخەو گللەیی دەکەین‌و ناشزانین رووی قسەمان لە کوێیە. باشە زۆربەی بوارەکان سەندیکای خۆیان هەیە، ئەی ئیشی ئەمانە چییە؟ یا راستتر ئەجێندای ئەمانە چییە؟ بۆ لەسەر کتێبێکی خراپ نایەنە دەنگ؟ یەکێتی نوسەران هیچ ئەم کێشانە بەهی خۆی نازانێت‌و لەوانەیە بە پاساوی ئازادی نوسین، گوێی خۆی خەواندبێت. ئەمە بۆ هەموو کایەکانی تری وەک کۆمەڵناسان‌و هونەرمەندان‌و… بەڵام ئەوە نەبێت من خۆم لەو پرسیارە دزیبێتەوە کە ماهیەتو دروستبوون‌و کاری ئەم رێکخراوانە چییە. باشە هەموو گللەیی لە وەرگێڕان دەکەن، ئەی کوا وەرگێڕە باشەکان رێکخراوی خۆیان دروست بکەن، بۆ مووچە نا، بەڵکو بۆ کەمێک لێپرسینەوە لە کتێبی خراپ وەرگێڕدراو. وابزانم کەس تاقەتی ئەم سەرئێشەیەی نییەو هەر گللەیی کردنەکە بەسە.
ئەمە رووبەڕوی گرفتێکی گەورەمان دەکاتەوە، کە ئەویش ئەوەیە کتێب لە دنیای ئێمەدا، لەکوێوە شەرعییەت وەردەگرێت؟ من باس لەوە ناکەم کە کتێب هەیە لەوانەیە لەگەڵ چەشەی ئەدەبیماندا نەیەتەوە، یاخود لەو بوارەدا نەخوێنینەوە، بەڵام کتێبە. بەڵکو مەبەستم ئەوەیە نوسین هەن دەکرێنە کتێب یاخود وەردەگێڕدرێن، بەراستی تاکە وەزیفەیەک هەیان بێت، ئیهانەکردنی خوێنەرە. من بە مەبەست باسی وەزارەتی رۆشنبیری‌و ئەو هەموو راوێژکارو شارەزایە ناکەم، چونکە دەزانم ئەوانیش وەک رێکخراوەکان سەروکاریان لەگەڵ ئەم کارانەدا نییەو پەیوەندییان بەم کێشانەوە نییە. پاشان ئەم قسانەش جێگای مەترسین، کە بەم ناوەوە هەوڵی دروستکردنی سانسۆر بدرێت، بەناوی رێکخستن‌و چاککردنی ئەم بوارەوە، بازنەی سانسۆر لەسەر کاری باش تەسکبکەنەوە، وەک ئێستا هەوڵێک هەیە، دوای ئەو سیناریۆیەی لە هەولێر دروستکراو دەیانەوێت بەو بیانوەوە یاسا بۆ سانسۆر دابنێن.
بەڵام سەبارەت بە جۆری سانسۆرەکانیتر، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم له کوردستاندا سانسۆر به‌هه‌موو ئه‌و جۆرانه‌ی باستکرد، ئاماده‌ییان هه‌یه. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا له سنورێکی ته‌سکدا بووه‌و له‌یاسادا کڵێشه‌یان بۆ دانه‌نراوه‌و نه‌نوسراوه که که‌س بۆی نییه له‌م بابه‌تانه یاخود وشانه بنوسێت. بۆ نمونه تۆ له‌سنوری پارتیدا بۆت نییه وشه‌ی ئاشبه‌تاڵ بنوسیت، هه‌ر خۆ به‌خۆ بۆت نییه‌و ئه‌گه‌ر له‌و سنوره‌دا بژیت، ده‌بێت ئه‌و وشه‌یه له‌بیر خۆت به‌ریته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی یاسایه‌ک هه‌بێت باس له‌به‌کارنه‌هێنانی ئه‌و وشه‌یه بکات. خوێندکارو قوتابی‌و 31 ئاب‌و داهاتی نەوت‌و رەخنەگرتن بەگشتی‌و… زۆر نمونه‌ی تر. جا سانسۆری ئاینی باسناکه‌م که له‌م ساڵانه‌ی کۆتاییدا هه‌ندێک له مه‌لاو مزگه‌وته‌کان چی‌یان کرد‌و چۆن کارده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سانسۆر له‌سه‌ر خه‌یاڵیش دابنرێت.
دیاره له ئێستادا هێزگه‌لێک هه‌ن له دنیای ئێمه‌دا پێویستییه‌کی زۆریان به زیادکردنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌که له هه‌یکه‌لی حوکمڕانییاندا، که ده‌زگای سانسۆره‌و له ئێستادا به سودبینین له ئیسلامییه‌کان، کار بۆ دانانی سانسۆر‌و به یاساییکردنی سانسۆر ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش قۆناغێکی مه‌ترسیداره. چونکه ئه‌مه ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی ئاین نابێت‌و له‌و گه‌مه‌یه‌دا ناوه‌ستێت که ئیسلامییه‌کان ده‌یانه‌وێت بیکه‌ن، ، به‌ڵکو ده‌شێت ئاستی کهسایهتیو حیزبه‌کانیش بگرێته‌وه، چونکه وشه‌ی پیرۆزییه‌کان، وشه‌یه‌کی ته‌مومژاوییه‌و سنوری دیاریکراو نییه، مه‌گه‌ر له یاساکه‌دا هه‌وڵی دیاریکردنێکی کۆنکرێتیی بده‌ن، که ئه‌مه‌ش زۆر زه‌حمه‌ته. ئه‌گینا جگه له خوا‌و پێغه‌مبه‌ر، ده‌شێت ئه‌سحابه‌یه‌ک، سه‌رۆکێک یاخود حیزبێکو پاره‌ی نه‌وتیش بخرێته خانه‌ی پیرۆزییهوهو هێڵی سووری بۆ بکێشرێت. ته‌نانه‌ت بیرمان نه‌چێت دروشمه‌کانیش رۆڵده‌بینن له دانانی پێوانه‌ی وه‌همیی بۆ سانسۆر، بۆ نمونه ده‌سته‌واژه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌روه‌ری نیشتیمان… ئه‌مانه هیچ پێناسه‌یه‌ک نییه بۆیان‌و له‌وانه‌شه هێزی وا به‌ناوییه‌وه قسه‌بکات، که خۆی ئاماده‌یی هه‌بووبێت سوپا‌و ده‌بابه‌ی بێگانه بهێنێته سه‌ر بست به بستی ئه‌م وڵاته، به‌ڵام ئێستا ئه‌و ده‌توانێت رێگا له قسه‌کردنت بگرێت به‌ناوی سه‌روه‌ری نیشتیمان‌و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه. یاخود نه‌وتیش بخرێته ئه‌م چوارچێوه‌یه‌وه. به‌و باره‌دا که‌مێک ئاساییه که له هه‌موو ئه‌و جوگرافیایانه‌ی نه‌وت ده‌دۆزرێته‌وه‌و ده‌که‌وێته ده‌ست هێزی تاڵانکه‌ر، سانسۆر ده‌بێته یه‌کێک له پایه‌کانی حوکمڕانی‌و ئێمه ناتوانین له‌و وڵاتانه‌ی نه‌وت کۆڵه‌که‌یه‌کی ئابورییانه، هێزگه‌لی دیموکراتی ببینینه‌وه. به‌ڵکو ده‌سه‌ڵاتێکی سانسۆرچیو قۆرخکار هه‌یه. مه‌ترسیش له‌وه‌دایه که ئه‌و شته پێناسهنهکراوانه ببن به پێوه‌ر. له‌به‌رئه‌وه نوسین له‌دنیای ئێمه‌دا، سه‌رباری ئه‌و گرفتانه‌ی هه‌یه‌تی، وا خه‌ریکه له‌به‌رانبه‌ر گرفتێکی مه‌ترسیداری وه‌ک سانسۆردا، رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. که به‌بڕوای من ئه‌مه سه‌رئێشه‌یه‌که دروستی ده‌که‌ن، ئه‌گینا کێ هه‌یه ئێستا پێکه‌نینی نەیەت به خۆماندووکردن بۆ دانانی سانسۆر، که دنیا پڕه له ئامرازی بڵاوکردنه‌وه‌ی جۆراوجۆر. به‌ڵام خۆ ئامانج ته‌نها بڵاوکردنه‌وه‌ی نوسین نییه به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، بۆ نمونه به‌هۆی ئینته‌رنێته‌وه، به‌ڵکو نوسین‌و بڵاوکردنه‌وه، به‌شێکن له موماره‌سه‌کردنی ئازادیمانو ناکرێت ده‌سبه‌رداری ببین.
– 7دەكرێت دوا خاڵ پرسیار نەبێت، بەڵكو لە شێوەیەكی كراوەدا بریتی بێت لە سەرنجی گشتی و هەر بیر و بۆچوونێكی تری بەڕێزت لەسەر ئەم دۆسێیە.
-به‌راستی قسه‌کردن له‌سه‌ر هه‌ر کێشه‌یه‌ک، یاخود گرفتێک له دنیای ئێمه‌دا (چه‌ند بچوکیش به‌ده‌ربکه‌وێت) ده‌بینین گرفتی قوڵنو په‌لوپۆ ده‌هاون بۆ بواریتر. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه هه‌یه، که زمانی کوردی‌و رۆشنبیریی کوردی تیایدا ده‌ژی، که هه‌میشه وا ده‌رده‌که‌وێت له دۆخی ئیستیسنائیا ده‌ژی. بۆ نمونه ئه‌وکاته‌ی حکومه‌ت یاخود ده‌سه‌ڵات پێویسته له هه‌ندێک جومگه‌دا ته‌ده‌خول بکات، وه‌ک له گرفتی رێنوسو بیرکردنه‌وه له به کلتورکردنی خوێندن‌و ته‌نانه‌ت دانانی رێگاچاره‌یه‌ک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی کتێبی خراپ‌و…، له‌و کاتانه‌دا حکومه‌ت یاخود ئه‌و شوێنانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌م کاره‌وه هه‌یه‌و به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه ئیداریانه‌ی به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن، ده‌بنه تارمایی. یاخود به پاساوی (ئازادی) خۆ ده‌دزرێته‌وه له گرفته‌کان، که دیاره ئه‌مانه هیچ په‌یوه‌ندییان به ئازادییه‌وه نییه.
ئه‌گه‌رچی من بۆ خۆم ده‌ترسم هه‌ر رێگا چاره‌یه‌کیش ده‌رئه‌نجامی ترسناک دروستبکات‌و هێڵه سووره‌کان زیادبکات، چونکه ئێمه ده‌زانین له‌م وڵاته‌دا حیزب فه‌رمانڕه‌وایه‌و ده‌شێت له ههنگاوێکی وادا حیزبی کوردی هه‌وڵی سه‌پاندنی ئه‌جێندای خۆی بدات. بۆ نمونه له‌پاڵ به‌ربه‌ستدانان بۆ کتێبی خراپ، سانسۆر له‌لایه‌کیتر به‌هێزبکرێت، له‌پاڵ نه‌هێشتنی گرفتی رێنوس، رێنوسی رۆشنبیره‌کانی خۆی بسه‌پێنێت. پێویست به نمونه‌ی زۆر ناکات. چونکه حیزبی کوردی ده‌یه‌وێت رۆبچێته هه‌موو پنت‌و جومگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگاوه، به زمانیشه‌وه. ئێمه له‌یادمانه دوایه‌مین هه‌وڵی براده‌رانی ره‌هه‌ند، ده‌رکردنی گۆڤارێک بوو، که‌چی ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم، وه‌ڵامی ئیجازه‌که‌یان نه‌دانه‌وه، له‌کاتێکدا وڵاتی ئێمه پڕه له گۆڤاری خراپ‌و سێبه‌ر. بۆ دێڕێک شیعر یاخود نوسینێک بینیمان ده‌سه‌ڵاتی کوردی چی کرد‌و چۆن که‌وته سازشکردن، که‌چی چاوی ئه‌و هه‌موو کتێبه خراپه نابینێت.
پاشان ئه‌م داوایانه بۆ خۆی هه‌ڵه‌یه، چونکه له بنچینه‌دا ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌و راستر حیزبی کوردی خۆی خوڵقێنه‌ری گرفتهکانهو وه‌ک هه‌ربوارێکی تر، هه‌وڵیداوه فه‌وزا بکات به سیستم. ئیدی چاره‌سه‌ری چی بکات. ژماره‌یه‌کی زۆر شاره‌زاو راوێژکار.. کوان.. چی ده‌که‌ن؟ ژماره‌یه‌کی زۆر بڵاوکراوه‌ی سێبه‌ر که یه‌کێک له کاره شاردراوهکانیان، کوشتنی نوسینی جدییه‌و هه‌وڵی سه‌پاندنی نوسینی رووکهشیو رۆژانه‌ییه. ئیفلیجکردنی رێکخراوو سه‌ندیکاکان…
هه‌ربۆیه من وتم هه‌موو چاوه‌ڕێی غهیبێکین کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات، چونکه کاتێک ده‌زگای به‌رپرسیش ده‌دوێت، ده‌یه‌وێت وه‌ک من‌و تۆ بدوێتوسهیری کێشه‌کان بکات.
له‌وڵاتێکدا قوتابخانه‌کان ئه‌وه وه‌زعی بێت وه‌ک ده‌یبینین، خوێندنه‌وه چۆن ده‌بێت به کلتور؟ ئه‌وه باس له‌به‌های مرۆڤ خۆی ناکه‌ین له‌م وڵاته‌دا. باس له‌و دۆخه پڕ لهقهیرانو مه‌ترسیانه ناکه‌ین که هه‌میشه حیزبی کوردی کۆمه‌ڵگای پێدهترسێنێتو قوڵی ده‌کاته‌وه. باس له‌و گرفته ناکه‌ین که چۆن نوسین کورتکراوه‌ته‌وه بۆ راگه‌یاندنه‌کانی حیزب‌و ئه‌و زمانه زاڵبووه نه‌وه‌ک هه‌ر له‌نوسیندا، به‌ڵکو له بیرکردنه‌وه‌شدا. له‌به‌رئه‌وه من له‌و باوه‌ڕه‌دام که بۆ دۆخێکی وا تهکنیکارانو ده‌وڵه‌مه‌ندان بتوانن رۆڵێکی جدی ببینن. ئه‌ویش به‌کردنه‌وه‌ی خانه‌ی چاپ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌هلی، که به‌جدی به‌وکارانه هه‌ستێت. چونکه من له‌وباوه‌ڕه‌دام که نه‌وه‌ک هیچ ئومێدێک به حیزبی کوردی نییه، به‌ڵکو ئینسان له ده‌رئه‌نجامی کاره‌کانیان ده‌ترسێت. ئێمه بینیمان ته‌نانه‌ت کتێبی قوتابخانه‌کانیان چی لێکرد.