Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
گرنگی وانه‌ی سروودو مۆسیقا له‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا

گرنگی وانه‌ی سروودو مۆسیقا له‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا

Closed

 

وانه‌ی سروودو مۆسیقا یه‌كێكه‌ له‌و وانه‌ گرنگ‌و به‌سوودانه‌ی كه‌پێویسته‌ گرنگی زیاتری پێ بدرێت له‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا. ئه‌و وانه‌یه‌ كاتێك سوودو ئامانجی ده‌گاته‌ منداڵ‌و ده‌وری كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت له‌سه‌ر ژیان‌و كه‌سایه‌تی منداڵ كه‌مامۆستای تایبه‌تی خۆی بیڵێته‌وه‌، مامۆستایه‌كی كارامه‌و لێهاتوو كه‌شاره‌زایی له‌مۆسیقادا هه‌بێت‌و به‌لانی كه‌مه‌وه‌ بتوانێت یه‌كێك له‌ئامێره‌ مۆسیقییه‌كان به‌كاربهێنێ‌‌و له‌هه‌مان كاتیشدا شاره‌زای بواری ده‌روونی منداڵیش بێت تا بتوانێت ئه‌و هۆنراوه‌و سروودو گۆرانی منداڵانه‌ هه‌ڵبژێرێت كه‌ منداڵ حه‌زی لێده‌كات‌و به‌په‌رۆرشه‌وه‌ گوێی لێده‌گرێت ‌و سوودی لێده‌بینێت له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی پۆل‌و ته‌مه‌ن‌و ڕه‌گه‌زیش چونكه‌ هۆنراوه‌یه‌ك یان گۆرانی یه‌كی منداڵان بۆ پۆلی یه‌ك بێ‌ گومان بۆ پۆله‌كانی پێنج‌و شه‌ش به‌كارنایه‌ت‌و گوێی لێ‌ ناگرن هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ‌ جاریش سرودێك یان هۆنراوه‌یه‌ك یان گۆرانی یه‌ك گشت پۆله‌كان به‌په‌رۆشه‌وه‌ گوێی بۆده‌گرن‌و ده‌یڵێنه‌وه‌و له‌به‌ری ده‌كه‌ن. سروودو مۆسیقا زۆر گرنگن بۆ منداڵ ،بۆیه‌ پێویسته‌ گرنگی یه‌كی تایبه‌تی پێ‌ بدرێت به‌تایبه‌تیش مۆسیقا چونكه‌(زانست سه‌لماندویه‌تی كه‌مۆسیقا ده‌ورێكی كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان‌و گۆڕینی خووڕه‌وشتیان به‌ره‌ باشتر، هه‌روه‌ها لێكۆڵه‌ره‌وان‌و زانایانی په‌روه‌رده‌ی منداڵ ده‌ڵێن باوكان ده‌توانن به‌ ئاوازی مۆسیقا منداڵه‌كانیان بكه‌ن  به‌شتێكی تر(1)) كه‌ له‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانیشدا زیاتر پێویستییه‌كانی ئه‌م وانه‌یه‌ دابین بكرێ‌‌و گرنگی ته‌واویشی پێبدرێت هانده‌رێكه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی منداڵ له‌خوێندندا(پسپۆڕانی په‌روه‌رده‌یی گه‌یشتوون به‌وئه‌نجامه‌ی كه‌مۆسیقا واله‌منداڵ ده‌كات كه‌قورسترین ئه‌ركی قوتابخانه‌ی به‌ئاسانی جێ‌ به‌جێ‌ بكات(2)) كه‌بێ‌ گومان منداڵ له‌قوتابخانه‌دا به‌ره‌و ڕووی ئه‌ركی زۆر قورس‌و گران ده‌بێته‌وه‌ وه‌ك نووسینه‌وه‌و له‌به‌ركردن‌و تاقیكردنه‌وه‌و لێ‌ پرسینه‌وه‌ له‌وانه‌كانی بیركاری‌و ئینگلیزی‌و عه‌ره‌بی‌و كوردی‌و مێژوو جوگرافیادا كه‌منداڵ له‌زۆر كاتدا تووشی بێزاری ده‌بێت.

تائێستاش له‌زۆر قوتابخانه‌دا كه‌مامۆستای تایبه‌تی سروودی تێدانه‌بێت ئه‌م وانه‌یه‌ ده‌درێته‌ مامۆستای كوردی‌و بیركاری یان ئینگلیزی یان عه‌ره‌بی بۆ پۆله‌كانی چواروپێنج‌و شه‌ش، له‌پۆله‌كانی یه‌ك‌و دوو سێشدا ده‌درێته‌ مامۆستای كوردی‌و بیركاری بۆ ته‌واوكردنی پرۆگرامی خوێندن(منهج)یان مامۆستایه‌ك كه‌نه‌له‌مۆسیقا ده‌زانێت‌و نه‌تاقه‌تی هۆنراوه‌شی هه‌یه‌ و نه‌ به‌ته‌واوی ئاوازی سروده‌ نیشتمانی یه‌كان ده‌زانێت ئه‌و سرودانه‌ی كه‌ئێستا له‌قوتابخانه‌كاندا دیاری كراوه‌ بخوێندرێت.. له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر منداڵ ده‌بێت‌و دوورنی یه‌ ببیێته‌هۆی بێزاربوونی له‌و وانانه‌و له‌مامۆستاو زۆرجار له‌قوتابخانه‌ش. وانه‌ی سروودو مۆسیقا یان هونه‌ر یان وه‌رزش، ئه‌م وانانه‌ پێویسته‌ گرنگیان پێبدرێت .ئه‌گه‌ر له‌وانه‌كانی بیركاری‌و ئینگلیزی‌و عه‌ره‌بی‌و وانه‌كانی تر. گرنگترنه‌بن وه‌ك ئه‌وان وان چونكه‌ زۆرجار مامۆستا ده‌توانێت له‌میانه‌ی سروودو مۆسیقاوه‌ بابه‌تێكی بیركاری یان هه‌ر وانه‌یه‌كی تر ناڕاسته‌وخۆ بگه‌یه‌نێته‌ منداڵ بێ‌ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ یه‌كه‌مجار هه‌ستی پێبكات تا وورده‌ وورده‌ لێی تێ‌ ده‌گات یان ڕاسته‌وخۆ پێیان بوترێت.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا نابێت مامۆستای سروودو مۆسیقا گرنگی به‌س به‌كۆمه‌ڵێك منداڵ بدات‌و ئه‌وانی تر فه‌رامۆش بكات، یان وابكات كه‌كاربكاته‌ سه‌ردابه‌زاندنی ئاستی منداڵ له‌خوێندندا به‌هۆی پڕۆڤه‌وه‌ نه‌توانن له‌وانه‌كانی تردا له‌پۆلدا ئاماده‌بن پێویسته‌ به‌یه‌كسانی منداڵه‌كان به‌شداری پێبكه‌ن، ته‌نها له‌بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كانی قوتابخانه‌دا نه‌بێت كه‌منداڵی به‌هره‌مه‌ندو ده‌نگ خۆش وه‌ك تیپ به‌شداری بكه‌ن.

منداڵ به‌گشتی خاوه‌نی جوڵه‌و وزه‌یه‌كی زۆرن، پێویسته‌ ئه‌و وزه‌ زیاده‌یه‌ ڕۆژانه‌ خاڵی بكه‌نه‌وه‌، یان مامۆستا هه‌ر گرنگی به‌وانه‌ بنچینه‌ییه‌كان بدات‌و ئه‌وانی تر پشت گوێ‌ بخات، له‌ڕاستیدا منداڵ ناچارده‌بێت كه‌له‌پۆلدا یان له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی تر خۆی له‌و وزه‌ زیاده‌یه‌ ڕزگاربكات ئه‌ویش به‌هاواركردن یان ڕاكردن‌و هه‌ندێك جموجوڵیتر، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌رگیز ناتوانین ئه‌و جووڵه‌یه‌ له‌منداڵدا كپ بكه‌ین. لای من كپ كردنی ئه‌و جوڵه‌یه‌ بۆماوه‌یه‌كه‌و له‌دواییدا بمانه‌ویً‌و نه‌مانه‌وێ‌ ده‌ته‌قێته‌وه‌ له‌وانه‌شه‌ كاردانه‌وه‌ی خراپی هه‌بێت بۆسه‌ر ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ده‌یانه‌وێ‌ كپی بكه‌ن هه‌ر له‌مامۆستاو خێزان‌و ده‌وروبه‌ر.. له‌هه‌مان كاتیشدا كارده‌كاته‌ سه‌رلایه‌نی ده‌روونی منداڵه‌كه‌و تواناو به‌هره‌ شاراوه‌كانی به‌ره‌و لێواری نه‌مان ده‌بات زۆرجاریش منداڵه‌كه‌ شه‌رمن ده‌رده‌چێت‌و باوه‌ڕی به‌خۆی نامێنێت. من لێره‌دا چه‌ندخاڵێكی گرنگ ده‌ست نیشان ده‌كه‌م كه‌سوودو گرنگی وانه‌ی سروودو مۆسیقا ده‌رده‌خات له‌قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا.

1-له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ به‌ كۆرس ده‌وترێت خۆشییه‌كی زیاترده‌دات به‌منداڵ‌و هه‌موو منداڵێك حه‌زده‌كات به‌شداری تێدابكات‌و له‌وتنی ته‌نیاشدا هه‌رهه‌وڵی بۆده‌دات.

2-هۆیه‌كه‌ بۆ بنیاتنانی هه‌ستی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وایه‌تی  لای منداڵ‌و فێرده‌بن كه‌خاك‌و گه‌ل‌و نیشتمانه‌كه‌یان زیاتر خۆش بوێ‌‌و چاكتر بزانن‌و بیانناسن.

3-هۆیه‌كه‌ بۆشكاندنی شه‌رم‌و گۆشه‌گیری لای منداڵ(3)

4-هۆیه‌كه‌ بۆ سه‌لامه‌تی ده‌ربڕین‌و ئه‌ومنداڵانه‌ش كه‌ده‌ربڕینیان ته‌واونی یه‌ ڕوو له‌چاكبوون ده‌كه‌ن.

5-منداڵ گیانی هاوكاری‌و یارمه‌تی تێدا دروست ده‌بێت.

6-له‌دروستبوونی كه‌سایه‌تی منداڵ‌و ده‌رخستنی تواناو به‌هره‌ هونه‌ری‌و ئه‌ده‌بییه‌ شاراوه‌كانی منداڵدا گرنگی خۆی هه‌یه‌.

7-شاره‌زابوونی منداڵ به‌مۆسیقاو ئه‌وئامێره‌ مۆسیقییانه‌ی كه‌مامۆستا به‌كاری ده‌هێنێت.

8-شاره‌زابوون به‌هۆنراوه‌و ناسینی نووسه‌رو شاعیران، كه‌ئه‌مه‌ش ئاستی ڕۆشنبیری به‌رزده‌كاته‌وه‌و ئاسۆی بیری فراوانترده‌كات‌و وشه‌و زانیاری نوێیش فێرده‌بێت.

9-بێ‌ گومان سرودو مۆسیقا وانه‌كانی تریشی لاخۆشه‌ویست ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مامۆستاو  قوتابخانه‌و هاوڕێكانیشی لاخۆشه‌ویست ده‌بێت(4).

10-چه‌نده‌ها خوو ڕه‌وشتی جوان‌و په‌سه‌ندو به‌جێ‌ فێرده‌بێت‌و له‌خووه‌ خراپه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌م وانه‌یه‌وه‌ چونكه‌ زۆربه‌ی ئه‌و هۆنراوانه‌ی بۆ منداڵان نووسراون واله‌منداڵ ده‌كه‌ن كه‌هه‌رگیز به‌لای كارێكدا  نه‌چن كه‌په‌سه‌ند    نی یه‌.

11-منداڵ هه‌ست به‌بوونی خۆی ده‌كات هه‌ست ده‌كات كه‌ئه‌ویش مرۆڤێكه‌ وه‌ك گه‌وره‌كان، خاوه‌نی شته‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆیه‌تی بۆیه‌ فێرده‌بێت كه‌داوای مافه‌كانی خۆیشی بكات.

 

 

عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی

alihamarashedbarznji@yahoo.com

 

 

له‌رۆژنامه‌ی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (156) 11/11/1999 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

 

 

 

 

 

 

Previous
Next