Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
لە قادسیەی سەدامەوە بۆ قادسیەی بارزانیی

لە قادسیەی سەدامەوە بۆ قادسیەی بارزانیی

Closed
by August 11, 2012 گشتی

 

 

 

ئەگەر مرۆڤ عەقڵانیی بیر نەکاتەوەو دوای هەڵاو حەماس و بەڵێندانی ئەم و ئەو ( دەوڵەت و موخابەرات) بکەوێت، وەک سەرۆکی پارتیی” مەسعود بارزانیی” لێ بەسەردێت. بارزانیی بە وتارە گڕدارەکانی، بە دروشمە نەتەوەییەکانی و بە بەڵێنە رادیکاڵەکانی لەسەر پرسە سیاسییەکانی گەلی کورد، خەریکە وەک سەدام حوسێن، چۆن بەناوی عروبەو نەتەوەییبوونەوە بەقەولی میدیاکانی خۆی دژایەتی فارسە مەجوسەکانی دەکرد و سەرەنجامیش عێراقی وێرانکرد، بارزانییش بەناوی کوردایەتیی و دڵسۆزیی بۆ کوردەکانی سوریە و یارمەتییدانی کوردی پارچەکانی تر، خەریکە کارەساتێکی نەتەوەیی بخوڵقێنێ و ماڵوێرانکەرترین شەڕی ناوخۆ بەوەکالەتی تورکیە، لە کوردستانی سوریەدا بەرپا بکات. شەڕێک کە راستەوخۆی دەوڵەتی نیۆعوسمانیی تورکیە، پارتیی هاندەدات بکەوێتە بەرامبەر پەیەدەو پەکەکەوە لەکوردستانی سوریەدا. 

پارتیی هیچ مافێکی سیاسیی نییە، دەخالەت لە کوردستانی سوریەدا بکات. ئەو دەخالەتکردنەی بەئاشکرا دەیکات، لەقازانجی حییزبیی و بنەماڵەیی زیاتر هیچ ئەجێندایەکی نەتەوەیی نییە. لەکاتێکدا پارتیی و بارزانیی، ماوەی چەند مانگێك خۆیان رادەپسکان و تووڕە دەبوون  بەناوی شەرعییەتی نەتەوەیی  و شەڕی دیکتاتۆرەوە، دانەجیڕەیان لە مالیکیی دەکرد و سەرەنجامیش  شکستێکی حیسابییان بەسەر حیزبەکەیان و خۆیاندا هێنا. هەنووکەش بارزانیی بە بیانووی پاراستنی کوردەکانی سوریەوە، خۆی خستووەتە ناو بۆتەی پلانێکی موخابەراتیی نێودەوڵەتیی و ئیقلیمیی (ئیخوانیی –سونیی-سەلەفیی-عروبیی- تەنانەت ئیسرائیلییشەوە). 

حیزبەکەی خێزانی بارزانیی، کەچووەتە ناو ئەم نەخشە دۆزەخییەوە، لێی روونە، کە زەرەرمەندەی سەرەکیی لەو نێوەدا، کوردەکان دەبن، بەڵام بە خاتری هەندێ قازانجی شەخسیی بۆ خودی بارزانیی و بنەماڵەکەی و هەژموونی سیاسیی و ئابووریی حیزبەکەی، ئامادەیە ئەو کارە بکات. پارتیی هەمان سیناریۆی شەڕی ناوخۆی ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەتەی رابردوو دووبارە دەکاتەوە کە ئەگەر ” شۆڕشیان پێ نەکرێ، پێیان تێک دەدرێ”. لە ئێستادا ئەم سیناریۆ دۆزەخییەی کە لە چێشتخانەکانی میتی تورکییدا کوڵێنراوە، دەیبات بۆ کوردستانی سوریەو بە ئاشکرا شەڕ بە پەیەدەو بە پەکەکە دەفرۆشێ.

ئەگەر شەڕی کورد و کورد لەسوریەدا دروست ببێ، نە خەتای تورکیەیە، نەخەتای هیچ حێزبێکی سیاسییە، ئەوەندەی خەتای پارتیی و بارزانییە. پارتیی و بارزانیی، خەونی گەورەی ئیمتیدادی عەشایەرییان هەیەو لە بوخچەی نەتەوەییبووندا پێچاویانەتەوە. ئەوان ئەوەندەی بەشوێن بەرزکردنەوەی رەسمی بارزانیی باوکیانەوەن، ئەوەندەی بەشوێن بەرزکردنەوەی ئاڵاکەی پارتییەوەن، یەک لەسەتی ئەوە بەشوێن بەرژەوەندیی نە نەتەوەیی و نە نیشتمانیی کوردەوە نیین. مێژووی پارتیی لە پەنجا بۆ شەست ساڵی رابردوودا، دنیایەک دۆکیومێنتی زیندووی خستووەتە ئەرشیفەوەو وەک فاکتی مێژوویی بۆ ریکۆردی نانیشتمانیی و نانەتەوەیی ئەو حیزبە باشترین بەڵگەن.

بە لێکدانەوەی زۆربەی شییکەرەوە سیاسییە جیهانییەکان و ئەوانەی پسپۆرییان لە دۆخی سیاسیی سوریەدا هەیە،  بڕوایان وایە کە کوردەکانی سوریە، چ بە مانەوەی رژێمە ناسیۆنالیستە عەرەبییەکەی ئەسەد و چ بە لەناوچوونی ئەسەد، دەروازەی دەستکەوتی سیاسیی و کولتووریی گەورەیان لەبەردەمدا دەکرێتەوە. ئەوەی ئەم ئاسۆیە لە کوردەکانی سوریە تێک دەدات، تەنیا و تەنیا سیاسەتەکانی ماڵی بارزانییە. ئەم سیاسەتانەش راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ماڵی بارزانییەوە. بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ماڵی بارزانییش راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە تورکیەی نیۆعوسمانیی-کەمالییەوە، بە لەبری دانانی ماتماتیکیی، پارتیی نەخشەکانی کەمالیزی نیۆعوسمانیی تورکیە لە کوردستانی سوریەدا جێبەجێ دەکات. 

ئێستا بۆ گەلۆرترین مرۆڤ  ئەوە روونبووەتەوە، ئەم فەوزایەی سوریە، هیچ پێوەندییەکی بەشۆڕشی خەڵکەوە نییە، بووەتە بازاڕی ساغکردنەوەی موئامەراتیی نێودەوڵەتیی و هەرێمیی، لە دوو ڕوویی سیاسەتی ئەمێریکاو ئەورووپاوە بیگرە کە یارمەتیی فەندەمێنتالیستە ئیسلامییەکان دەدەن، تا بە سیاسەتەکانی سعودییەو قەتەرو تورکیاو ئوردون دەگات، هەموویان لەخزمەتی هێزە چەکدارە فەندەمێنتالیسەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریەدان، ئەم ئۆپۆزیسیۆنەش کۆکتێلێکە لە ئیسلامیی سیاسیی ئیخوانیی و سەلەفیی، عەلمانیی و نەتەوەیی عروبیی و ……….تاد. هەر هەموویان بە عەبدولباسیت سەیداشەوە، بەڕیزو یەک لەدوای یەک، دژایەتیی داخوازییە سیاسییەکانی کوردانی سوریە دەکەن. لەکاتێکدا پارتییش کەوتووەتە ناو ئەو تەوەرە ئیقیلیمییەوە، ئایا هیچ گەلحۆیەکی کورد هەیە بڕوای بەوە هەبێ کە پارتیی بەپێچەوانەی ئاراستەی ئەو حیلفە بەرینەوە، لایەنگریی لە کوردەکانی سوریە بکات؟

پارتیی دەچێ بەگژ مالیکییدا و شکست دەهێنێ، هەندێ کەتەی موستەحەقی، بەناوەڕۆک بێسەواد و  بەناو ئەکادیمیی بەشەڕی کورد و دەوڵەتی عێراق دەیچوێنن! قاچاغچییەتی نەوتیشی بۆ پینە دەکەن و بە بنیاتنانی دەوڵەت تەسویقی دەکەن. کاتێک کوردەکانی سوریەش، شارەکانی خۆیان بەهاوکاریی پەیەدەو پەکەکە، کۆنترۆڵ دەکەن، هەندێ لەو کوردانەی سوریە، کە بە پارەی پارتیی و ئەجێندای ماڵی بارزانیی، ئاڵای پارتیی و رەسمی مەلا مستەفا بەرزدەکەنەوە، ئەم ئەکادیمیستە قرپۆکانە، بووقی پێدا دەکەن و دەڵێن کوردستانی سوریە رزگار بوو! لەولاشەوە رەسمەکانی ئۆجەلان و ئاڵای پەکەکەش بەرزدەبێتەوە، ئەم ئەکادیمستە رەشۆکییانە، سەرچۆپیی شاییەکە دەگرن. لەکاتێکدا، گەمژەیەکیش دەزانێ ئەم ئاڵا جیاوازو رەسمە جیاوازانە چەند خەتەرێکی گەورەیە و چۆن موخابەراتیی تورکیە لەڕێگەی پارتییەوە دەیەوێ درز بخاتە نێو کوردەکانی سوریەوە. هەنووکە پارتیی، بە مێنتاڵیتیی سەرکردایەتییەکەی، عەشایەرییانە دەیەوێ تۆڵە لە ئێران و شیعە بکاتەوە، چونکە مالیکی بۆ لانەبردرا، دێت خۆی دەخاتە ناو گەمەیەکی موخابەراتیی زۆر پۆغڵ و تایەفیی و ئیقلیمییەوە، بەناوی لایەنگریی لە کوردەکانی سوریەوە،سەرەنجامیش ئەجێنداکانی تورکیە دەباتە پێشەوە. 

زۆرجار رەخنەم لە پەکەکەو خەباتە چەکدارییەکەی گرتووە، کە بەهۆی میتۆدی چالاکییە سیاسیی و عەسکەرییەکانییەوە، بیانوویەکی زۆری داوەتە دەست تورکیەو لەو رێگەیەشەوە، تورکیە، کوردستانەکەی لە دواکەوتووترین شوێندا راگرتووە، وێڕای ئەوەی پەکەکەش، هەمیشە ویستویەتی کوردی پارچەکانی تر بۆ کێشەی حیزبەکەی خۆی و سەرۆکەکەی خۆی مۆبەڵایز بکات، بەڵام سەبارەت بە کوردستانی سوریە، پەیەدە و پەکەکە مافی رەوای خۆیانە کە کارڕایی سیاسیی و عەسکەریی کوردستانی سوریە لەئەستۆ بگرن( دیارە باشترە پەکەکە راستەخۆ دەخالەت نەکات)، چونکە لای کەم، ساڵانێکی زۆرە مۆبەڵایزی خەڵک دەکەن و شادەماری پەکەکەش بە خوێنی لاوانی کوردانی سوریە دەگەڕێ، بەڵام خۆتێهەڵقورتاندنی پارتیی لە کوردستانی سوریە، لەدوورو نزیکەوە پێوەندیی بە بەرژەوەندیی کوردەوە نییە، بەڵکو بە تەکلیفی تورکیە ئەم کارە دەکات و بەزیانیش بۆ پرسی کورد دەگەڕێتەوە. لێرەدا تاکی کورد، وەک عەقڵانییەتی سیاسیی دروستە لایەنگریی لە بێکەسیی و بێدەرەتانیی پەکەکە بکات لەبەرامبەر گێچەڵەکانی  ماڵی بارزانییدا، تەنیا پەکەکەیە لەسەر ئاستی کوردستانەکان توانای ئەوەی هەیە، ببێتە لەمپەرێک لەڕێی خەونی بەمەلیکبوونی بنەماڵەی بارزانییدا. 

پێویستە هۆشداریی بدرێ بە پارتیی و بەروونیی و دوور لەموجامەلاتی سیاسیی پێی بگوترێ، سەردەمی پێچانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەکانە، بنەماڵەی بارزانیی چەند قوربانییان دابێ، هیچ منەتێکی تێدا نییە تا بەکوردی بفرۆشنەوە. ئەوەندەش پۆستی سیاسیی و پارەی بلۆککراوی گەلی کوردیان خوارد کە بە دەیان بیلیۆن( میلیارد) دۆلار دەقەبڵێنرێ. بەداتاش،هەزاران جار زیاتریان دەستکەوتووە، لەو قوربانییانەی کە داویانە. وێڕای ئەوەی لە ئاستی گشتییدا، چەندین قات زیانیان بە دۆزی سیاسیی کورد گەیاندووە، نەک هەر لەکوردستانی عێراق، بەڵکو لە کوردستانی ئێران و کوردستانی تورکیەشدا. 

زۆرینەی رەهای نەوەی نوێی کورد، گەنجی کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستان، دەسەڵاتی کوڕانی بارزانیی و نەوەکانی بارزانییان ناوێ، لەهەولێرو بادینانیش کە زۆر پێوەی دەنازن، ئەگەر یەک شەو و رۆژ، ئازادیی بوونی هەبێ لە کاتی دەنگداندا، رێژەی راستەقینەی ماڵی بارزانیی بۆ رای گشتیی دەردەکەوێ. بارزانیی و بنەماڵەکەیشی دەبێ لەو راستییە بگەن، ناتوانن  هەژموون و ئەجێندای حیزب و ئایدیۆلۆژیای عەشیرەتەکەی خۆیان، لەڕێگەی هەندێ مورتەزیقەی کوردی سوریەوە، بەکوردستانی سوریەدا تەخشان بکەن، هەروەک چۆن نەیانتوانی لە کوردستانی ئێران و تورکیە، پایەیەکی جەماوەریی دروست بکەن. پارتیی ئەگەر شەڕی بەوەکالەت بۆ تورکیە بکات و گێچەڵ بە پەیەدە بکات، دوایەمین بزماری سیاسیی لە دێرۆکی سیاسیی خۆی دەدات، کە لە بزمارەکەی ٣١ی ئاب زۆر قەبەتر دەبێ. 

باشترین لێکچوونێکیش لەنێوان قادسیەی سەدام و بارزانییدا، ئەوە دەبێت، کە سەدام بەناوی پانعەرەبییزم و داکۆکییکردن لە بەوابەی شەرقیی ( دەروازەی رۆژهەڵات) نیشتمانی عەرەب، بە دەست لەپشتدانی ئەمێریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی خەلیجی عەرەبیی و میسر، شەڕێکی ماڵوێرانکەری ٨ ساڵەی بەسەر ئێرانی شیعیی و ناوچەکەدا سەپاند، بارزانییش بەناوی پانکوردایەتیی و بە ڤێرژنی بارزانییزم، بە دەستورو پلانی میتی تورکیەو سعودیە و قەتەر و ئەمێریکا و ئیسرائیل، خەریکە شەڕێکی کارەستبار بەسەر پەکەکەدا بسەپێنێ و هەموو کوردی تێوە بدات. تا کات ماوە، دەبێ رێگە لەموغامەراتە کوڕوکاڵییەکانی بارزانیی  بگیردرێ و رای گشتیی کورد لە کارە جێنتڵمانییە موخابەراتییەکانی پارتیی و بارزانیی ئاگادار بکرێتەوە. 

بۆ ئەوەی قادسیەی بارزانیی بەسەر کورددا نەیات، دەبێ بڕوا بەوە نەکەین کە پارتیی بە ئەندازەی ئەحۆلی کوردەواریی غەمی کەرکوک دەخوات و کار بۆ گەڕاندنەوەی دەکات. دەبێ بڕوا بەو شەڕە پشیلەیەی دەوڵەتی کوردیی یان کوردستانیی نەکرێ کە بارزانیی و هەندێ نووسەری لاژک، بە وشکە کەڵەک لە میدیاکانەوە، دروستی دەکەن. هاوکات دەبێ بڕوا بەو بەڵێنانەی بارزانیی نەکرێ، کە دەڵێ جارێکی تر شەڕی ناوخۆیی کورد رووناداتەوە، بەڵکو دەبێ لێی بەگومان بین و گوشاری بۆ بهێنرێ کە نەیکات. دەبێ بە وردبینییەوە ئەوە هەڵبسەنگێنین، پارتیی و بارزانیی بارمتەی گرێبەستە نەوتییە قاچاغ و بەرژەوەندییە  ئابوورییەکانن کە بەچەندین بیلیۆن دۆلار بەتورکیەوە وابەستەیە، بۆیە ئەگەری شەڕفرۆشتن بە پەکەکەو تێکدانی ئەو دەستکەوتانەی کوردەکانی سوریە تا هەنووکە بەدەستیان هێناوە، لەلایەن پارتییەوە، ئەگەرێکی زۆر بەجێیەو لەهەموو گفت و کردارێکی پارتیی، دەبێ بە گومان بین، تا قادسییەیەکی دۆڕاوی کوردەواریی تۆمار نەکات و خەباتی دەیان ساڵەی گەلی کوردیش نەخاتە قومارێکی سیاسییەوە کە زارەکانی دەسگای میتی تورکیە هەڵیدەدەن و یاریی پێدەکەن.  

کامیار سابیر

 

Previous
Next