پیاوێكی بچووك له‌پشت مێزێكی گه‌وره‌وه
چیرۆك
پێش ئه‌وه‌ی باسی ئه‌و كوڕه بكه‌م، كه ئێستا به‌دواییدا دهگهڕِێین، پێی گوتم؛ ئه‌گه‌ر نه‌مكه‌یته پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ناو چیرۆكه‌كه‌ت، تكایه ناوم مه‌هێنه…باوكیم ده‌ناسی، ئه‌وه نه‌ك هه‌رمن، به‌ڵكو ته‌واوی دانیشتوانی شار‌و ته‌واوی ئاواییه‌كانی ده‌وروبه‌ریش وه‌ك گه‌وره‌ی خۆیان و به‌ڕێزه‌وه لێیان ده‌ڕوانی….ئه‌و نالی ناس و مه‌حوی ناس و خۆی به موریدێكی مه‌وله‌وی داده‌نا… گوتبووی؛ یه‌كه‌م رۆژ كه گه‌یشتمه قۆناغی ناوه‌ندی و لهناوپۆلداو له‌كاتی هاتنه ژووری مامۆستای جوگرافیا، كه هه‌موومان له‌به‌ری هه‌ڵساین، رووی له‌من كردوو پێی گوتم؛ ئه‌وه بۆ هه‌ڵناستی، گوتم؛ هه‌ڵساوم جه‌ناب، له‌پشتی رهحلهكهوه خۆم خشانده ته‌نیشتی رهحلهكهو راوه‌ستام، كه‌زانی باڵام هه‌رئه‌وه‌نده‌یه، كه ئه‌و ده‌یبینی له‌جێی خۆی تهریقبووهوهو داوای بوردنی كرد. له‌و رۆژه‌وه له‌به‌رچاوی مامۆستا‌و خوێندكاره‌كان باڵای ده‌كرد و گه‌وره ده‌ینواند… ئه‌و هه‌رچه‌نده قه‌دێكی كورتی هه‌بوو، به‌ڵام له‌ناو چاكه‌ت و پانتۆڵه هه‌میشه ئوتوكراوه‌كان و به‌ستنی بۆینباخه ساده‌كان شیك ده‌ینواند. له‌وه‌ته‌ی به‌بیرم بێت و بینیبێتم، سیدارێكم به‌سه‌ریه‌وه بینیوه، كه دواتر زانیم له‌باپیره گه‌وره‌یه‌وه بۆی به‌جێمابوو، ئه‌و كه‌سێكی زۆر رێزداربوو له‌گه‌وره‌یی و خۆشه‌ویستی بهبابهشێخ ناویان ده‌هێنا، ئه‌گینا له بنه‌ڕه‌تا ناوی مسته‌فا بوو، باوكم كه هاوته‌مه‌نی ئه‌وبوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌یخوێندبوو، ده‌یگوت؛ جارێكیان پیاوێك له‌پایته‌خته‌وه هات، سه‌ره‌تا پێش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هیچ فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومی بكات، سه‌ردانی بابه‌شێخی كرد… بابه‌شێخیش هه‌واڵی بۆچه‌ند دۆستێكی ناردبوو، كه له دانیشتنه‌كه‌دا ئاماده‌بن، یه‌كێك له‌وانه‌ش من بووم، ئه‌و میوانه پێده‌چوو پله‌یه‌كی باڵای هه‌بێت له حكومه‌ت و حزبدا، زۆر به‌ڕێزه‌وه له‌گه‌ڵ بابه‌شێخ ده‌ئاخڤی و ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێك گوێم لێ‌بوو به مسته‌فا به‌گ ناوی هێناو ئێمه‌ش ئه‌وانه‌ی له‌وێ بووین هه‌موومان سه‌یری یهكتریمانكردو سه‌یری بابهشێخمانكرد، پێمان سه‌یربوو كه ئه‌وه چه‌ندین ساڵه ئێمه نه‌مانزانیوه ئه‌و پیاوه له بنه‌ڕه‌تدا ناوێكی دیكه‌ی هه‌یه…میوانه‌كه به‌پێداگرییه‌وه ده‌یگوت؛ فه‌رمانم پێیه، ئه‌مجاره جه‌نابتان بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌خه‌ینه لیسته‌كه‌مانه‌وه، به‌ڵام بابه‌شێخ ئه‌و فه‌رمانه‌ی ره‌تكرده‌وه و به‌میوانی گوت؛ رهنجتكێشاوه و له‌دووره‌وه هاتوویت تاكو فه‌رمانی سه‌رۆكم پێبگه‌یه‌نی، من ئه‌گه‌ر خه‌ڵكه‌كه داوام لێنه‌كه‌ن هه‌رگیز ئاماده‌نیم به‌پاڵپشتی سه‌ره‌وه هیچ پۆستێك وه‌ربگرم.
ئه‌وه‌تا ده‌بینن ئه‌مڕۆ پێش دیارنه‌مانی دڵشادی كوڕی بابه‌شێخ كه خۆی به‌جێگره‌وه‌ی باوكی داده‌نا، دوو كه‌سێتی جیاواز هه‌ستپێده‌كه‌ین… دڵشاد كوڕێكی كه‌ڵه‌گه‌ت بوو، به‌خێرایی پله وه‌زیفییه‌كانی ده‌بڕی، له‌ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی كورتدا، به‌و هیوایه‌ی خۆی گه‌یشت، كه‌زۆر مه‌به‌ستی بوو، ئه‌ویش چوونه پشت مێزێكی گه‌وره‌بوو، به‌ڵام هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژی دانیشتنی له‌پشتی مێز، كه قه‌دو باڵاكه‌ی نه‌یده‌هێشت سه‌رنج له‌مێزه‌كه‌ی به‌رده‌می بدرێت، هه‌ستمان به‌دابه‌زینی كێشی ده‌كرد… یه‌كه‌م رۆژبوو لای ژنه‌كه‌ی گوتبووی؛ خه‌مت نه‌بێت، ئه‌گه‌ر كار وابڕوات له‌ماوه‌ی ساڵێكدا و له‌ساڵیادی ئه‌و رۆژه‌ی كه چوومه‌ته پشتی مێزه گه‌وره‌كه‌وه، ڤێلایه‌كی به‌دڵی تۆمان ده‌بێ و كام ئۆتۆمۆبیلی مۆدێل نوێشه ده‌خه‌مه ژێرم… له‌هه‌مووی سه‌یرتر سه‌د رۆژ به‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌م پۆسته‌یدا تێنه‌په‌ڕیبوو، كێشی ئه‌وه‌نده دابه‌زیبوو، كه به‌ئاسته‌م له‌پشتی مێزه‌كه‌و سه‌ر كورسیه‌كه دیاریده‌دا، هه‌رچه‌نده له‌ڕووی سامانه‌وه زۆر دهوڵهمهندببوو، به‌ڵام رۆژبه‌ڕۆژ ئه‌و پیاوه له‌كه‌می ده‌دا، ئه‌وه‌تا ئێمه له‌ساڵیادی دامه‌زراندنیدا به‌هه‌موومان به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێین، پشت مێز و ژێر كورسی و ناو قه‌له‌مدان و چهكمهزهكان نه‌ما به‌دواییدا نه‌گه‌ڕێین، كه‌چی ئه‌و نادۆزینه‌وه. له‌پڕ له‌نێو ئاپورهكهدا یه‌كێك به‌ده‌نگێكی گڕه‌وه كه‌هه‌ر له‌ده‌نگی بابه‌شێخی ره‌حمه‌تی ده‌كرد گوتی؛ بێهوده‌یه به‌دواگه‌ڕانی، بگه‌ڕێنه‌وه سهركارهكانتان، پێده‌چێ بووبێته ئاو و به‌ناو درزی دیواره‌كه‌دا چووبێتهخوار.
17/ 8/ 2012 هه‌ولێر