
دۆكتۆر مارف خه‌زنه‌دار قه‌ڵه‌مێك ئه‌ده‌بی لێ ده‌چۆڕێته‌وه
گه‌رچی من به‌دره‌نگه‌وه مارف خه‌زنه‌دارم ناسی، لێ په‌یوه‌ندیم زۆر خۆش بوو له‌گه‌ڵی و هه‌موو مانگێك دووسێجار ده‌چوومه خزمه‌تی. له دانیشتنه‌كانمان هه‌میشه باسی ئه‌ده‌ب و ئه‌دیب و نووسین و نووسه‌رانمان ده‌كرد، جاروباریش ده‌هاته سه‌ر سیاسه‌ت و ره‌خنه‌ی توندی لێده‌گرتن و پێی وابوو سه‌رانی كورد هێشتا له مشوورخواردنی وڵات و سیاسه‌تكردندا ساوان.
هه‌موو جارێك كه ده‌چوومه خزمه‌تی كتێبێكی به ده‌سته‌وه‌بوو، زۆر خاكی و بێ فیزبوو، هه‌میشه زمانی رێز و دڵسۆزی به‌كار ده‌هێنا، وه‌ختێك ده‌رگای بۆمان ده‌كرده‌وه پێش هه‌موو شتێك ته‌ماشای ده‌سته‌كانمانی ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بزانی رۆژنامه‌یه‌ك، گۆڤارێك، كتێبێكی نوێمان بۆ نه‌هێناوه! له دوای هه‌موو دانیشتنێكیش گه‌شتێكی به نێو كتێبخانه گه‌وره‌كه‌یدا پێ ده‌كردین، به‌م ته‌مه‌نه وه‌ك عاشقێكی سوتاو كتێبه‌كانی پێ ده‌ناساندین، هێنده به‌تاسه‌وه بۆ كتێبه‌كانی ده‌ڕوانی وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مینجاره سه‌ر به كتێبخانه‌كه‌یدا ده‌كا!
من له پێشه‌كی ئه‌و دیمانه‌یه‌ی كه له گه‌ل مامۆستا مارف دا كردوومه، نووسیمه: (سه‌ر له ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ بۆ یه‌كه‌مینجار به‌دیده‌نی پڕۆفیسۆر دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار شادبووم، كه‌بینیم هه‌رچوارده‌وری به كتێب گیرابوو، زۆر به‌زه‌حمه‌ت له نێو ئه‌م هه‌موو كتێبه جێگه‌یه‌كم بۆ دانیشتن كرده‌وه، خاتوو “سه‌عدیه”ی خێزانی وتی: ماڵ و خزم و كه‌س و نان و ئاو و هه‌ناسه‌مان بووه به كتێب، ئه‌وه ده‌بینن مه‌تبه‌خه‌كه‌شمان هه‌مووی بووه به كتێب (كتێب، كتێب، كتێب). زۆر لام سه‌یر بوو كه‌سێك دوای نووسینی نزیكه‌ی (60) كتێب و سه‌ده‌ها لێكۆڵینه‌وه‌و وتار، دوای ته‌مه‌نێكی دوور ودرێژ كه‌چی ئه‌و هه‌ر ده‌خوێنێته‌وه، دڵم كه‌وته ترپه ترپ، شه‌رم دایگرتم و به‌زه‌ییم به‌خۆم داهاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی هێندێك له‌م شه‌رمه‌زاریه‌م قه‌ره‌بوو بكه‌مه‌وه ده‌مم كرده‌وه‌و وتم: مامۆستا ده‌مه‌وێت دیمانه‌یه‌كت له‌مه‌ڕ گه‌وره‌یی كتێب و نووسین و خوێندنه‌وه له‌گه‌ڵ دا سازبده‌م. به‌ڵام ئه‌و به‌پاساوی سه‌رقاڵی ویستی خۆی له‌م باسه بدزێته‌وه، وه‌لێ منجڕی من وای كرد دكتۆر داواكه‌م قه‌بووڵ بكات، به‌ڵام به‌مه‌رجێ پرسیاره‌كانی بۆ بنووسم و دوای ماوه‌یه‌ك وه‌ڵامم بداته‌وه.
پاش وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سنووسی وه‌رامه‌كان بۆم ده‌ركه‌وت دۆكتۆر به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر بایه‌خی به‌پرسیاره‌كانداوه).
هه‌میشه ده‌می من پڕبوو له پرسیار، له باره‌ی ئه‌ده‌ب، شاعیران، مێژوو، نووسه‌ران و نووسنیان، ڕێزمان و رێنووسی كوردی …تاد، ئه‌ویش به‌بێ ماندووبوون و شه‌كه‌تی زۆر به وردی وه‌رامی ده‌دامه‌وه. له میانه‌ی سه‌ردانه‌كانم چه‌ندان پرسی گرنگ و بایه‌خدارمان ورووژاند، له‌وانه:
زمانی كوردی
پێی وابوو له ئێستادا كه‌سانێك هه‌ن زمانی كوردی‌یان شێواندووه، هه‌میشه وشه‌ی بیانی په‌لكێشی نێو زمانی كوردی ده‌كه‌ن. به نموونه ده‌یگوت ئێستا له جیاتی وشه‌ی (رسمی)، وشه‌ی (فه‌رمی) به كارده‌هێنن، له كاتێكدا ئه‌م وشه‌یه هیچ دۆستایه‌تیێكی له گه‌ڵ زمانی كوردییدا نیه. ده‌یوت هه‌رچه‌ند وشه‌ی (ڕسمی) له عه‌ره‌بی داخزیوه‌ته نێو زمانی كوردی، به‌ڵام ده‌ست له ملانی بووه و ده‌قی له گه‌ڵ خواردووه، ئیتر تازه پێویست ناكات وشه‌یه‌كی دیكه‌ی بیانی له جیاتی دابنێرێت.
ده‌یگوت پێم سه‌یره خه‌ڵك وشه‌ی (ئیش)یان هێنده له سه‌ر زمان خۆشه، له كاتێكدا توركییه و وشه‌ی (كار)یشمان هه‌یه! له باره‌ی هه‌ردوو وشه‌ی (وه‌ڵام) و (وه‌رام)، پێی وابوو (وه‌رام) راسته و (وه‌ڵام) به هه‌ڵه هاتووه.
تازه كتێبێكم به ناوی (خۆشه‌ویستیی نیشتمان) له عه‌ره‌بییه‌وه وه‌رگێڕابوو، له بری وشه‌ی (الخاتمه) وشه‌ی (ده‌ره‌نجام)م به كار هێنا بوو، كه بینی تووڕه بووه وتی: ماده‌م وشه‌ی (ئه‌نجام)ت هه‌یه چ پێویست ده‌كا(ده‌رنجام)ی فارسی به كاربهێنی!
مه‌سعوود محه‌مه‌د
دیاره پێشتر له كتێب و نووسراوه‌كانی خۆیدا ره‌خنه‌ی له مه‌سعوود محه‌مه‌د گرتووه، به‌ڵام ده‌یوت عه‌للامه بوو، به‌ڵامَ كه‌س تێی نه‌گه‌یشت! ده‌یگوت كه كتێبه‌كانی ده‌خوێنییه‌وه زۆر سه‌خت و تووندن، زۆر به زه‌حمه‌ت له مه‌به‌ستیان تێ ده‌گه‌یت، هێندێجار واهه‌ست ده‌كه‌یت (شه‌عوه‌زه) ده‌خوێنیه‌وه، سه‌ختی عیباره‌ته‌كه‌ی وایكردووه خوێنه‌ری كتێبه‌كانی كه‌م بن، هه‌روه‌ها ده‌یوت: نووسراوه‌كانی مه‌سعوود محه‌مه‌د مه‌تنن پێوستیان به شه‌رحه!
ره‌خنه‌شی له‌و كه‌سانه ده‌گرت كه ئێستا به شان و باڵی هه‌ڵده‌ده‌ن، ده‌یوت هه‌ر ئه‌وانه‌ش بوون پێشتر دژایه‌تییان ده‌كرد!
سه‌ید قوتب
رۆژێك گوتی ده‌زانی من سه‌یید قوتبم زۆر خۆش ده‌ێت و به‌رده‌وام حه‌زده‌كه‌م كتێبه‌كانی بخوێنمه‌وه، به‌راستی ئه‌دیبێكی گه‌وره بووه، من به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ده‌كه‌ن خۆشم ده‌وێت، ئه‌وه‌ی نووسینه‌كانی بخوێنێته‌وه تێده‌گات ئه‌م پیاوه چ (عیملاق)ێك بووه، ته‌ها حسێن و سه‌ید قوتب له ئاستی یه‌ك دان، لێ سه‌ید بیروباوه‌ڕێكی ئایینی توونتری هه‌بووه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌ێنێت كه نووسینه‌كانی فه‌رامۆش بكرێن.
ده‌یوت زۆرجار كه كتێبه‌كانیان ده‌خوێنمه‌وه گه‌ر تێشیان نه‌گه‌م هه‌ر حه‌زده‌كه‌م به‌رده‌وام بم له سه‌ریان.
شیعر و شاعیران
ئه‌و باوه‌ڕی وابوو شیعری ئێستا به‌ره‌و گاڵته‌جاری ده‌ڕوات، هه‌رچی قیت ده‌بێته‌وه دیوانێك چاپ ده‌كات، بێئه‌وه‌ی نیشانی هیچ كه‌سێك بدات، بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرسینه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ بكرێت، ئه‌مه‌شی ده‌خسته ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كه ڕێگه به‌م پاشاگه‌ردانییه ده‌ده‌ن. ده‌یوت هێندێجار شیعری هێندێ شاعیری لاو ده‌خوێنمه‌وه هه‌ست ده‌كه‌م له زمانێكی دیكه دزراوه! زمانی نووسینی شیعری ئێستا كرچ و كاڵه، زیاتر یه‌خه‌ی عه‌شقی بێ مه‌عشووقیان گرتووه!
دۆكتۆر مارف له ڕوانگه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی گه‌وره‌ترین خزمه‌تی كردووه، شاعیر و هۆنیارانی كوردی له چوارچێوه‌ی حه‌وت به‌رگی قه‌به خستوونه‌ته ڕوو، به زمانێكی ساده و بێ گرێوگۆڵ له سه‌ریان دواوه. له نووسین و كۆكردنه‌وه‌ی شیعر و ژیانی شاعیران ماندووبوونی زۆری كێشاوه، به پشوویێكی درێژ توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن بۆ خۆی تۆمار بكات. دۆكتۆر مارف هه‌میشه له باسی شیعر و شاعیران هێمای بۆ ئه‌م زنجیره كتێبه‌ی خۆی ده‌كرد، ده‌یگوت زۆرجار شتێك ده‌خوێنمه‌وه كه چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا نووسیمه‌وه زۆر پێی دڵخۆش ده‌بم. ئه‌و ده‌یگوت گه‌لێ نووسه‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌وه له من ده‌گرن كه دیوانی شاعیرانم به شێوه‌یه‌كی سۆفیگه‌ری شه‌رح كردووه، به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به گوێره‌ی ئاره‌زووی ئه‌وان راڤه‌یان بۆ بكه‌م، شاعیرانی كۆن هه‌موویان مه‌لا و فه‌قێ بوون، له حوجره گه‌وره بوون و هه‌میشه لایه‌نه ئایینییه‌كه زاڵ بووه به‌سه‌ر شیعره‌كانیان، سته‌مێكی گه‌وره‌یه گه‌ر ئێستا له‌م لایه‌نه‌وه دایانڕنێنین. ده‌یوت ده‌بێ شه‌رحی حاڵیان بكه‌ین و پێ له بیر و باوه‌ڕی خۆمان بنێین، نه‌ك بۆ ئاره‌زووی خۆمان بیانگونجێنین.
له‌باره‌ی هه‌ژار موكریانی ره‌خنه‌ی زۆر بوو، ده‌یوت ئێمه زۆر دۆستی نزێكی یه‌ك بووین، هاتووچۆیی یه‌كترمان زۆر ده‌كرد، به‌ڵام به داخه‌وه دواتر هه‌ژار كه‌سێكی سپڵه و بێ ئه‌مه‌ك ده‌رچوو!
نازانم هۆی چی بوو له گه‌ڵ دۆكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوولیش كۆك نه‌بوو، هه‌رچه‌ند پرسیارم له‌م باره‌وه لێ كرد وه‌رامی نه‌دامه‌وه!
دیاره ناكۆكی نێوان ئه‌دیب و نووسه‌ران ریشه‌یه‌كی قووڵی هه‌یه، هێندێكیان ئاسایین و هێندێكیشان نائاسایین، زۆرجار ناكۆكی نێوان شاعیران بووته سه‌رچاوه‌ی به‌هره و ده‌یان شیعریان دژ به‌یه‌ك دانه‌وه، نووسه‌ر و توێژه‌ران له‌به‌ر بوونی ناكۆكی نێوانیان زۆرجاری كانی به‌هره‌یان ته‌قیوه‌ته‌وه و چه‌ندان كتێبیان دژ به‌یه‌ك نووسیوه، كه خوێنه‌ران زۆر حه‌ز له‌م جۆره نووسینانه ده‌كه‌ن، واده‌زانم ئه‌مه‌ی دۆكتۆر مارف و مه‌سعوود و محه‌مه‌د و عیزه‌دین مسته‌فا و هه‌ژار موكریانیش هه‌ر له‌م شێوه بووه.
له باره‌ی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن پرسیارم لێی كرد، وتی كه‌سێكی رۆشنبیره و نووسینه‌كانی خۆشن، به‌ڵام وه‌سوه‌سه‌ی زۆریش له نووسین باش نییه!
مامۆستا مارف ته‌واو له دڵی من جێگه‌ی گرتبوو، گه‌ر نه چووبامه لای به ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌كرد، وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی وه‌رامی ده‌دامه‌وه نه‌ك پرۆفیسۆر و ئاكادیمییه‌ك، ئه‌م ساده‌ییه‌ش بوو منی كه‌مه‌ندكێش كرد و له ماوه‌ی نزیكه‌ی دووساڵ توانیم زۆرترین سه‌ردانی بكه‌م .
به بیستنی كۆچی دوایی ئه‌و ته‌واو شڵه‌ژام، ئه‌م دۆسته خۆشه‌ویست و ئه‌ده‌ب دۆسته‌شم له كیس چوو، ئه‌م خه‌زنه‌یه‌ی كه ته‌ژی بوو له ئه‌ده‌بیات و زمانی كوردی و سه‌رچاوه‌ی متمانه پێكراوی پرسیاره‌كانی من بوو ، به سه‌رمدا داخرا.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا
تێبینی: له ژماره‌ی نوێی گۆڤاری (نووسه‌ری نوێ) بڵاوكراوه‌ته‌وه