تۆ و شەراب
كارۆخ فەهمى…….
هەوڵدەدەم لە سوورایی شەرابەكەدا وێنەت بەرجەستە بكەم، هەوڵێكى بێهودەیە، تۆو شەراب هەرگیز كۆنابنەوە، هەناسەم تێكەڵەیەكە لە دووانە ئۆكسیدو كهول، هەراسانت دەكاو دوور دەكەویتەوە لێم. تۆ نازانى ئەوە چاوە رەشەكانى ئەوە منى بۆ لاى تۆ پەلكێشكردووە، هەمیشە شەراب بڕیاردەدا ئاخۆ دەبێ بتبینم یان نا. كارى من لێرەدا ئەوەیە هەردووكتان ئاشت بكەمەوە. وابكەم ئەو هێندە تۆی خۆشنەوێو تۆش ئەوەندە لەدەستى رانەكەیت، تۆ نازانى ئەو پەیوەندیانەى شەراب دەستى تێیاندا نیە چەندە كەموكوڕی پێوەدیارە، رەنگە مەستى دەستێكى گەورەى هەبێ لە بەرەو پێشبردنى ئەوینە پڕ لەترسو شەرمەكان.
لە نێوان تۆو شەرابدا نوێژی بەیانى هەیە، لەنێوان تۆو مەستى مندا مەولود هەیە، وتارى هەینى هەیە، ترس لە تاریكىو شەو هەیە، لەنێوان منو ترسەكانى تۆدا تكانى ئابروو هەیە، سووتانى گڵۆپى بەردەرگا هەیە. تۆ بۆمن جگەلە خۆشەویستێكى بێ هاوتا، نموونەیەكى باشیت تا كارت لەسەربكەم، تۆ بۆمن وەك تاقیگەیەك وایت، بۆ شیكردنەوەى ئەم كۆمەڵگا بیمارە، ئەو كۆمەڵگایەى پڕە لە سمێڵی گەورەوگەمژە، پڕە لە شەش مەتر پشتوێن، پڕە لەو دەمانچانەى كە لە ئاهەنگەكاندا سەر چۆپی دەگرن، واتە لەیەككاتدا تۆ دوو رۆل بۆ من دەبینیت، یەكێكیان ئەوەیە كە لەگەڵ دەركەوتنتدا ئیدى ئەژنۆلەرزینو دڵە خورپەم خۆش ناكاتەوە، ئەوەیتریشیان رەنگە گونجاوبێت بە كەرەستەكانى دەستى بزیشكێكى بچووێنم كاتێ نەشتەرگەریەك ئەنجام دەدات. بەهۆی تۆوە من ئاشنا دەبم بە برینو نەخۆشیەكانى ئەم نیشتمانە. لەتۆوە تێدەگەم كەى ئەم میللەتە سكى ژان دەكا، سەرى دێشێ، دەڕشێتەوە، كەی كچەكانى دەبێ بمرن. لەتۆوە هەست بەژانى هەموو مێیینەكان ئەكەم، لەتۆوە زەلیلى كچانى ئەم خاكە دەبینم.
دەبێ هەبێ، رێگایەكیتر شك نابەیت بۆ گەیشتن بە لێوارى تووڕەبوون، تووڕەبوون بەشێكە لە رەوشتى ئەوانەى دڵیان وەك كوانووەكەى (بەهجەت) سەهۆڵبەندانە، ئەوانەى لەم ژینەدا جگە لەڕق چیدى فێر نەبوون، درۆیەكى گەورەیە (تێكچونە لەگەڵ یارێو ئاشتبوونەوە زۆر خۆشە)، ئیدى بوارێك نیە بۆ تێگەیشت لە پێچەكانى توڕەبوونێكى دەستكرد.
لەنێوان شەرابو ئیمانى تۆدا هەزاران میل رێگا هەیە، لەنێوان تۆو مزگەوتدا، ئەنیەو بەڕماڵدا بۆشایی نیە. دەبینى چاوەكەم، ئیدى كێ هەیە بتوانێ ئەهوورامەزدا فێری خوێنڕشتن بكا؟ وابكا ئەهریمەن بەبۆنى مێلاقە.. نەخشەكانى سەر باڵی پەپوولەیەكى پاییزە سەرسام بێت؟ كۆنابنەوە.. تۆو مەستى من، منو دەست نوێژە تەڕەكانى تۆ، تۆو شەراب، شەرابو قاپی مزگەوت. كۆنابنەوە.. سەركەشییەكانى منو ترسەكانى تۆ، مەیلەكانى منو خەونەكانى تۆ، من بۆ باخچەیەك دەگەڕێم پڕ لەگوڵی ئەوین، تۆ لەشاقامێك دەگەڕێی بمانباتەوە بۆ سەر جێ نووستنەكان. بێهودەیە گەڕانەوە بۆخەونو بەدەستەوە گرتنى خەوننامەكان. بێهودەیە پاڕانەوە بۆماچ، بێهودەیە رامان لەباران بارینو پیاسە درێژەكانى ئێوارە. ئەمرۆ لەهەموو كات زیاتر هەست بە پووچی دەكەم، دڵم لە زەوییە بەیارەكانى ئەم بەهارە زیاتر عەوداڵی نمە بارانێكە. گوڵم پێدەچێ خودا منو زەوى فەرامۆش كردبێ، دەنا بۆ دەستێكى دڵنیاكەرەوە بەسەرمدا ناهێنرێ. هەموو ئەوانەى ژیان وەك دۆزەخ سەیر دەكەن خودا لەبیرى كردوون. دەردى گەورەى مرۆڤ ئەوكاتە دەست پێدەكا كە هەستدەكا ئیدى بێبەشە لە نوورى خوداوەند، ئازار ئەوكاتەیە كەئیدى ئێمە لەزاكیرەى خودا دانین.
من شەرابم پتر لەبەر ئەوە خۆشدەوێ كە لەتۆ دەچێ. تۆو شەراب سێینەى منن لەگەڵ كتێبدا. لەرەنگدا، لە كاریگەریدا، لە خۆشەویستیدا. زۆرجار جیاوازى ناكەم لە نێوان لێوى تۆو لێوى كاسە، رەنگى پێستى تۆ رەنگى شەرابە لە ئێوارەدا، هەردووكتان وادەكەن ئازارەكان سوكتر دەركەونو بەرگەى سەختیەكانى ژیان بگرم. هەردووكتان تاریكو پەنهان، پڕ لە گڕو ژیان، پڕ لە نەرمونیانىو روانینى شاعیرانە. تەنیا جیاوازییەك لەنێوان تۆو شەرابدا ئەوەیە كە ئەو دواى ماوەیەك كاریگەرى نامێنێیو بەسەر دەچێ، وەلێ تۆ هەمیشە لە نوێبوونەوەداى، ئەگەر مەستى شەراب كاتێكى دیاریكراوو تێپەڕبێ، مەستى ئەوینى تۆ هەمیشەییو جاویدە.
لەپڕ نامەیەكى تۆ گیرفانم رادەتەكێنێو بیركردنەوەكانم پەرتدەكا، دەیكەمەوەو دەبینم پرسیار بارانتكردووم (كارە چی دەكەى؟ كێت لەگەڵە؟ لەكوێی؟ دانیشتووى یان بەپێوە وەستاوى؟ بیر لەچی دەكەیەوە؟ سەیرى چیتكردووە؟ بۆم بنووسە، دڵم تووندە با واهەستبكەم لەلاى تۆم..) پاش كەمێك شلەیەكى سوورو كەمێك تاڵ بە گەروومدا دەچێتەخوارەوە، نازانم تۆی یان شەراب.