
گه‌ر له میلله‌ته‌که‌ی خۆمان ڕای پێچه‌وانه‌مان پێ قبووڵ نه‌کرێت!
گه‌ر له میلله‌ته‌که‌ی خۆمان ڕای پێچه‌وانه‌مان پێ قبووڵ نه‌کرێت!
چۆن ده‌توانین بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کانی تری نیشته‌جێی کوردستان
به‌کوردستانی بوونیان بۆ ده‌سته به‌ر بکه‌ین؟!…..
خالید ئه‌حمه‌د ئاسنگه‌ر…….
بۆ ئه‌وه‌ی ڕوحی شه‌هیدانمان شاد بكه‌ین، بزه بخه‌ینه سه‌ر لێوی منداڵانیان فرمێسكی له چاوو قه‌تیسماوی ژنانی مێرد به‌ناو ئه‌نفالكراو بسرینه‌وه،هه‌نیسكی لهقورگدا ماوی، كیمیا خواردهكان ئارام بكه‌ینه‌وه،گڕی بابه گوڕگوڕ بهكڵپهتر بكه‌ین و ماده‌ی 140 کاڵتر نه‌بێته‌وه،وویژدانی خۆمان ڕاحه‌ت بكه‌ین و شه‌و به‌ئارامی چاو لێكبنێین.
فه‌رموون با به‌گیانێكی خۆنه‌ویستانه و پێشمه‌رگانه، رێز و خۆشه‌ویستی به‌سه‌ر یه‌كتری دا ببارێنین و به‌زمانی گوڵ ، خۆمان ڕا بهێنین له هۆکانی ڕاگه‌یاندن ڕاسته‌وخۆ پێ سانسۆر، دوور له زمانی (پێج و په‌نا) له‌سه‌ر دیالۆگی كراوه (شفاف).
دوور له ترس و سۆزی کوێرانه و به‌یه‌کتردا هه‌ڵدان ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بدۆزینه‌وه. به‌كردار ڕووبه‌ڕوی هه‌موو ئه‌و هۆكار و ئه‌گه‌رانه ببینه‌وه كه بوونه كۆسپ له‌به‌ر ده‌م یه‌ك پارچه‌یی خاکی كوردستان.
که دڵه‌ڕاوکێ ومه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ی نه‌ک هه‌ر بۆ کورده‌کان به‌ڵکو بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه و ئه‌تنیه جیاوزه‌کان که له ناوچانهکه ده‌ژین دروستکردوه. هێشتاش نه‌چووه و بچێت ده توانین کارێکی وابکه‌ین که گه‌ل و نه‌ته‌وه‌کانی تریش به‌تاسوقه‌وه شانازی به هاووڵاتی بوونی کوردستان بکه‌ن،ژێر ئاڵای تاکه تاقیکردنه‌وه‌ی هه‌رێمی ڤیدڕاڵ له ناوچه‌که‌دا .
با هه‌موو به‌یه‌كه‌وه ده‌ست له‌مست و قوه‌ت له‌خوا، به ڕه‌خنه‌ی بنیات نهرانهوه بێ ته‌وهین و بێ رێزی کردن به هیچ كه‌س و لایه‌نێك. سه‌ره‌تا له‌خۆمانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین ئه‌وجا به هه‌ست بهمهسئوولیهت كردنه‌وه رێگا بگرین له‌هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه مافیان بهخۆداوه كه به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبایه‌تی فه‌ڕز بکه‌ن به‌سه‌ر یه‌ك پارچه‌ی خاكی كوردستان و میلله‌ت وحوكمهتهكهماندا. با هیچ حزبێک میلله‌ته‌که‌مان به‌قه‌رزداری خۆی نه‌زانێت ! چونکه ئه‌و حزبانه له‌ڕۆڵه‌کانی ئه‌م میلله‌ته‌ن و به‌نان و به‌رگی هه‌ر ئه‌و میلله‌ته‌ش به‌ئه‌مڕۆ گه‌یشتوون.
له سایه‌ی شه‌ڕی خۆکوژی چه‌ندین ساڵه‌ی ئه‌م دوو حزبه، هه‌موومان تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند بووین. بۆیه پێک هاتنه‌وه و ئاشت بوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو حزبه بوو به مایه‌ی خۆشحاڵی هه‌موانمان. مافی هه‌رتاکێکی ئه‌م میلله‌ته‌یه ئه‌م پڕۆسه‌یه به هی خۆی بزانێ و پێێ قبووڵی نه‌کرێت که یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌م دوو حزبه ببێته مایه‌ی خه‌فه‌قان و رێگا گرتن له ئازادیه مه‌ده‌نیه‌کان. به واتایه‌کی تر بڵێین نابێ ڕێگا بده‌ین ( کوچک له ئاگر گه‌رمتر بێت!!)
سه‌ره‌تا به‌ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو پێشمه‌رگه و ئه‌ندام و كادیری هه‌ردوو لایه‌نی ده‌زانم ، قۆڵی جوامێری و چه‌له‌نگی لێههڵكهن، یه‌كتر قبووڵ بكه‌ن، دوای له‌یه‌كتر حاڵی‌بوون. به‌به‌رنامه‌ی تۆکمه هه‌ڵوێست وه‌رگرن و یاخیبن له‌هه‌ر ئه‌ندامێکی سه‌ركردایه‌تی یا مه‌كته‌بی سیاسیه‌کی که‌خۆیان به به‌رزتر ده‌زانن له (میلله‌ت ،حوکمه‌ت، په‌ڕلمان ، ده‌ستوور و یاسا زانکۆ…هتد. که‌ده‌بێته مایه‌ی په‌راوێزکردنی هه‌موو بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ وچالاکیه جه‌ماوه‌ری و مه‌ده‌نیه‌کانن. بۆیه پێویسته فه‌رمانه‌كانیان ڕه‌د بكه‌نه‌وه. به‌تایبه‌ت پهڕلمانتێران که هه‌ڕ چه‌نده کاندید کراوی حزبه‌کانیانن. به‌ڵام پێویسته خۆیان به نوێنه‌ری میلله‌ته‌که‌یان بزانن پێش حزب و ڕێکخراوه‌کانیان. چونکا به‌رژوه‌وه‌ندی به‌رزی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی زۆر به‌رزتر و پر مه‌سئولیه‌ت تره له به‌ر ژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبایه‌تی.
گه‌ر به یه‌ک لیست دابه‌زینی دوو حزبه سه‌ره‌کیه‌که له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یمان بێت؟ بۆ ده‌بێت گردبوونه‌وه‌ی حزبه کوردستانیه‌کان له‌به‌ره‌یه‌کی ئۆپۆزیۆن مایه‌ی نیگه‌رانی و مه‌ترسی بێت ؟!
به‌ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موو حزب و ڕێکخراوه کانی ده‌زانم که کار بکه‌ن بۆ هه‌ر چی زوو ده‌رچوونی یاسای حزبه‌کان. بۆ ئه‌وه‌ی له میزانیه‌ی حکومه‌ت بودجه‌یان بۆ دیاری بکرێت. به‌ئازادی و بێ وا به‌سته‌یی وه‌ک به‌ڵانسێک به‌ره‌یه‌کی فراوان پێک بهێنن. له‌و هه‌موو پاوانکاری و غموزیهتهی که خه‌ریکه به‌ر چاوی خه‌ڵک لێڵ ده‌کات ڕزگاریان کات.
بۆ دوو حزبه‌که‌ش باشتره که ڕێگر نه‌بن له دروست بوونی ئۆپۆزێۆن له‌به‌ره‌یه‌کی نیشتمان په‌روه‌ری کوردستانی‌دا. چونکا بێ منافه‌سه‌ی شه‌ریفانه ژیان به‌ره‌و پێش ناچێت. پێویسته حزبه ڕاو بۆ چوونه لێک جیاوازه‌کان له‌ئه‌و په‌ڕی عیلمانیه‌وه بۆ ئه‌و په‌ڕی ئیسلامی یان چه‌پ لێک نزیک ببنه‌وه و ئۆپزێۆنێک له سنوری به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌یمان دا پێک بهێنن. به‌مه‌رجێک به‌ڕاده‌ی ده‌نگه‌کانیان ته‌نها له په‌ڕلمان دا به‌شداری بکه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه ڕه‌قیبن له‌سه‌ر به‌دیهێنانی داواکاریه‌کانی میلله‌ت. وا ڕه‌وایه ڕیگای له هیچ لایه‌ن و که‌سێکی نیشتمان په‌روه‌ر به‌شداری کردن له پڕۆسه‌ی سیاسی کوردستان ته‌سک نه‌کرێته‌وه به هۆی ئینتمای حزبی. دروشمی بریقه دار و بی ناوه‌ڕۆک له ئامانجه به‌دی نه هاتووهکانمان دوورترمان دهختاوه و گه‌له‌که‌شمان بێزارتر ده‌کات.
هه‌ر شه‌كاوه‌بێت ئالای به‌رزی كوردستان
یه‌كگرتوو تربێت حوكمه‌ت و خه‌ڵكی كوردستان
هۆڵندا/ لاهای، 04. 17. 2008