
خه‌می زمان … ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
له دواژماره‌ی حه‌فته‌نامه‌ی ڕووداودا(221ی دووشه‌ممه 23/7/2012) گوتارێکم له‌مه‌ڕ زمانی کوردییه‌وه به ناوی”یاسایه‌ک بۆ زمانی کوردی نه‌ک بۆ شێوه‌زار” له نووسینی مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان سددیق خوێنده‌وه. دووراودوور ئاگاییهکم له‌مه‌ڕ هزر و نووسینه‌کانی مامۆستا سددیقهوه هه‌یه و ده‌زانم ئه‌و یه‌کێکه له‌و ڕووناکبیره ده‌گمه‌نانه‌ی کورد، که په‌رۆشێکی هه‌میشه‌یی بۆ ژینگه، فه‌رهه‌نگ، بارهێنان و په‌روه‌رده، هزر، کشتوکاڵ، له‌شساغی، ئایین، خێزان و ته‌واوی بواره‌کانی دیکه‌ی ژیان له وڵاته‌که‌ی خۆمان و ئه‌م به‌شه‌ی جیهاندا هه‌یه. دیاره زمانیش به‌شێکه له خه‌مه‌کانی مامۆستا و ته‌واوی ئه‌وانه و ئه‌و په‌رۆش و گرنگیدانه‌ی ئه‌و و خه‌مه‌کانی، شایسته‌ی ڕێز و پێ‌زانین و ده‌ستخۆشی و سوودلێوهرگرتنن.
ئه‌وه‌ی مامۆستا له‌مه‌ڕ ڕه‌وشی زمانی فرانسی و عه‌ره‌بییه‌وه و په‌رۆشه‌کانی فرانسییه‌کان و عه‌ره‌ب و خه‌می ئه‌وان و کاریگه‌ریی ته‌کنۆلۆژیای نوێ و ئینته‌رنێت و زمانی ئینگلیزی له‌سه‌ر زمانه‌کانیان، زۆر ڕاسته. ئه‌و خاڵانه‌شی مامۆستا ئاماژه‌ی پێکردوون: کۆچی عه‌ره‌بی عیراق بۆ کوردستان، بوونی کۆمپانیای بیانی له کوردستان، خوێندنگه‌ی ئه‌هلی و تایبه‌ت له کوردستان و شۆڕشی نوێی مۆبایل و ئینته‌رنێت و فه‌یسبووک و ته‌واوی ئه‌وانه هه‌موو ڕاست و دروستن.
ته‌واوی نووسینه‌که‌ی مامۆستا سددیق قسه و باسێکی زۆر هه‌ڵده‌گرێ و ده‌کرێ له زۆر ڕووه‌وه وه‌ک بنه‌مایه‌ک بۆ تێمای جیاواز سوودی لێ وه‌ربگیرێت. یه‌ک خاڵی نووسینه‌که‌ی مامۆستا بۆ من له هه‌مووان زیاتر جێی ڕامان و لێوردبوونه‌وه‌یه و ده‌کرێ پتری له سه‌ر بگوترێ، نه‌ک وه‌ک ڕه‌خنه، به‌ڵکه ته‌نیا وه‌ک په‌ره‌پێدانی باسه‌که. مامۆستا ده‌ڵێ:”پێویسته هه‌موومان هه‌موو هه‌ستیارییه‌کی ناوچه‌یی و شێوه‌زاری وه‌لابنێین، چونکه پرۆژه یاسای پاراستنی زمانی کوردی، باسکردن نییه له زمانی ستاندارد و زاڵکردنی شێوه‌زارێک به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا، به‌ڵکو که ده‌ڵێین زمانی کوردی واته هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی زمانی کوردی، چونکه ئێستا کاتی پاراستنی زمانی کوردییه به هه‌موو شێوه‌زاره‌کانییه‌وه له به‌رانبه‌ر هه‌ژموونی زمانه بیانییه‌کانی دیکه‌دا”.
ئێمه ئه‌گه‌ر ئاوڕ له مێژوویه‌کی نه‌ک زۆر دوور ته‌نانه‌ت نزیکی باشووری کوردستان بده‌ینه‌وه، ده‌بینین هه‌رگیز زمانی کوردی به ڕه‌وشێکی هێنده خراپی وه‌ک ئه‌مه‌ی ئێستادا تێنه‌په‌ڕیوه. من دڵنیام له‌وه‌ی، که مامۆستا سددیق زۆرباشتر له‌من ئاگاداری ئه‌وه‌یه. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر زمانی کوردی‌دا هاتووه قه‌یرانه و قه‌یرانێکی گه‌لێک مه‌زنه و پرۆسێسێکه بۆ وێرانکردن و له‌نێوبردنی زمانی کوردی و نه‌هێشتنی وه‌ک یه‌ک زمان. له سه‌رده‌می ڕێژیمێکدا(به‌عس)، که له ڕووی سیاسییه‌وه، گه‌لێک نه‌هامه‌تی به‌سه‌ر گه‌لی کورد و باشووری کوردستاندا هێنا، هه‌رگیز له ڕووی زمانه‌وه، ئه‌وه‌ی به سه‌ر کورددا نه‌هێنا، که ئه‌مڕۆ له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورد خۆیه‌وه به سه‌ر زمانی کوریدا هاتووه و دێت. ڕێژیمی به‌عس، که باسی له زمانی کوردی ده‌کرد و به ڕه‌سمیی ده‌یناسی، باسی زمانه کوردییه‌که‌ی میرنشینی بابان و نالی و مه‌حوی و حوکوومه‌ته‌که‌ی شێخ مه‌حموود و کۆماره‌که‌ی قازی موحه‌ممه‌د و زمانی گۆران و عه‌لائه‌ددین سه‌ججادی و مه‌سعوود موحه‌ممه‌د و هه‌ژاری موکریانی و هێمن و شوکور موسته‌فا و مه‌لا جه‌میلی رۆژبه‌یانی و ئه‌و زمانه ڕه‌سمییه‌ی ده‌کرد، که له ده‌سپێکی 1900ه‌کانه‌وه زمانی ڕۆژنامه و گۆڤار و خوێندنگه و کۆڕی زانیاری کورد و هه‌موو بواره‌کانی دیکه بوو، ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و کۆمه‌ڵێک له‌و بێزمان و زماننه‌زان و زماننهناسانهی له ده‌وری خڕ بوونه‌وه، پرۆژه‌ی له‌تله‌تکردنی زمانی کوردی‌یان پێیه. له 1991 به دواوه، که ئیدی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌رێمۆکه‌ی کوردستان که‌وته ده‌ستی کورد خۆی، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک، که خۆ به زمان‌زان ده‌زانن، هه‌ریه‌که‌و به بیانوو و پاساوێکه‌وه، کار له سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن، هه‌موو شێوه‌زارێکی زمانی کوردی، ببێته زمانێکی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌وان، که باسی شێوه‌زارێک ده‌که‌ن، ناوی زمانی لێده‌نێن. بۆ نموونه ده‌ڵێن: زمانی هه‌ورامی، زمانی سۆرانی، زمانی کرمانجی و…ئه‌وان ئه‌و زمانه کوردییه‌ی، که ته‌نانه‌ت سه‌ددام حوسه‌ین به کوردی ڕه‌وا ده‌بینی، به شێوه‌زارێک ناو ده‌به‌ن و پێیانوایه به‌کاربردنی ئه‌و زمانه و باسکردنی وه‌ک زمانی ستانداردی کورد، کرده‌یه‌کی شۆڤینیستییه. زمانی کوردی، وه‌ک چه‌ند شێوه‌زارێکی جیاواز، وه‌ک ئه‌وه‌ی تێکده‌رانی زمانی کوردی ده‌یانه‌وێت، له هه‌مبه‌ر هه‌ژموونی زمانانی بیانی‌دا، هه‌رگیز خۆی ڕاناگرێ و له‌به‌ین ده‌چێ، که ئه‌وه پرۆژه‌ی جووت‌ستاندارد و فره‌ستاندارد و تێکده‌رانی زمانی کوردییه. ئێستا هه‌روا وشه و ده‌سته‌واژه‌ی بیانییه، له لایه‌ن کۆلکه خوێندووی کورده‌وه، خۆی ده‌کات به نێو زمانی کوردی‌دا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕێگرێک بۆ به‌کاربردنیان دابنرێ. ئێستا وشه‌گه‌لی: پاکێج، په‌یج، سیتی، ئیمێرجینسی، ڤیترێنێر و ڤیترێنهری، ستێپ، شۆو، کلیپ، ستایڵ، فۆرم، سه‌نته‌ر، مۆڵ، مارکێت، سوپه‌رمارکێت، مینی مارکێت و سه‌دانی دیکه، شوێنی وشه‌گه‌لێکی کوردی ده‌گرنه‌وه، که له زمانی کوردی‌دا هه‌ن. له سه‌ر که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆن، که‌متر نووسینی کوردی ده‌بینرێ، وشه‌گه‌لی: سپۆرت، نیووز، ئیکۆنۆمی، پۆلیس، کاڵچهر و ده‌یانی دیکه، نه‌ک هه‌ر به تیپی لاتینی، به‌ڵکه به زمانی ئینگلیزی ده‌نووسرێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌م کوردستانه وڵاتێکی ئینگلیزی زمان بێت. ئێستا عه‌ره‌بێک، تورکێک، فرانسییهک، ڕووسێک یا که‌سێکی سه‌ر به هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه، بێته کوردستان و بیه‌وێت زمانی کوردی فێر بێت، له دهۆک و سلێمانی و ته‌وێڵه، سێ جۆره کوردیی جیاواز فێر ده‌کرێ، له کاتێکدا ده‌بوو، یه‌ک جۆر فێر کرابا. ئه‌و زمانه کوردییه‌ی، که مامۆستا سددیق پێی ده‌نووسێ و ئه‌م زمانه کوردییه‌ی من ئه‌م دێڕانه‌ی پێ ده‌نووسم، ئه‌و زمانه‌یه، که ده‌بوو به یاسا بپارێزرێ و وه‌ک زمانی کوردی بژمێردرێ – وه‌ک له سه‌رده‌می به‌عسدا چۆن بوو- و هه‌موو شێوه‌زاره‌کانی دیکه وه‌ک پاڵپشتێک و سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ ئه‌م زمانه ته‌ماشا کرابان، نه‌ک وه‌ک زمانی جیاواز. ئه‌م زمانه کوردییه، زاڵبوون و به تۆبزی سه‌پاندنی شێوه‌زارێک نییه به‌سه‌ر شێوه‌زاره‌کانی دیکه‌دا، به‌ڵکه له ئه‌نجامی پرۆسێسێکی دوورودرێژ و مێژوویه‌که‌وه گه‌یشتووه‌ته ئه‌مڕۆ و ئه‌م ئاسته. ئه‌وانه‌ی باس له زمانی هه‌ورامی، زمانی سۆرانی، زمانی کرمانجی، زمانی که‌ڵهوڕی و زمانی زازا ده‌که‌ن، جیاوازی له نێوان زمان و شێوه‌زاردا ناکه‌ن و هه‌ر ده‌ڵێی باس له زمانگه‌لی سۆمالی، چینی، ئه‌رمه‌نی یا شتێکی دیکه ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی چوار ساڵی 1970-1974دا و له سایه‌ی حوکوومه‌تی به‌عسدا بۆ یه‌کیه‌تیی زمانی کوردی و پاراستنی و ستانداردکردنی کرا، له سایه‌ی بیستویه‌ک ساڵی حوکوومه‌تی کوردستان و کورد خۆیدا، هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و تێکدرا و ڕووخێنرا. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له کوردستاندا ڕووده‌دات، زمانی کوردی به‌ره‌و له‌نێوبردن و کورد به‌ره‌و له‌تبوون ده‌بات. وشه‌ی کورد، ئه‌گه‌ر ڕه‌وش وه‌ک ئێستا بڕوات، نامێنێت و له‌بری کورد، زازا، کرمانج، سۆران، هه‌ورامی، که‌ڵهوڕ و هه‌ر که‌چه هۆز و خێڵێکی کورد، بۆ خۆی ده‌بێته نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ. سیاسه‌ت و نه‌خشه و به‌رنامه‌ی خوێندن و خوێندنگه‌کانی کوردستان، له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی نابه‌رپرس و بازرگان و کۆمه‌ڵێک مشه‌خۆره‌وه به ناوی شاره‌زا و ڕاوێژکار، نۆره‌یه‌کی هه‌ره‌خراپ له بارهێنان و فێرکردن و پێگه‌یاندنی زارۆک و نه‌وه‌ی نوێ‌دا ده‌بینن. له‌بری ئه‌وه‌ی زارۆکی کورد له‌پاڵ زمانه کوردییه‌که‌یدا و دوای یه‌ک دوو ساڵی خوێندن، فێری زمانانی عه‌ره‌بی و فارسی و تورکی کرابا، ئه‌مڕۆ له پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییه‌وه و ته‌نانه‌ت له باخچه‌ی منداڵان و دایه‌نگه‌وه، فێری زمانی ئینگلیزی ده‌کرێ، که ته‌نێ دوورخستنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی کورده له فه‌رهه‌نگی وڵات و نه‌ته‌وه‌گه‌ل و ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ری کوردستان و سه‌رسامبوونه به فه‌رهه‌نگێک، سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی فه‌رهه‌نگه‌کانی جیهان پهیامیهتی. ته‌واوی ئه‌و ده‌ستگا و بوارانه‌ی، وه‌ک: فێرگه و خوێندنگه و زانستگه و میدیا به هه‌موو به‌شه‌کانییه‌وه و ئه‌کادیمیای کوردی و زۆری دیکه‌ش،که ده‌بوو پارێزگاری زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی بکه‌ن، ئه‌مڕۆ ئه‌وانن، که نۆره‌ی تێکدان و له‌تله‌تکردنی زمانی کوردی و سڕینه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردی، به به‌رنامه و نه‌خشه و پێزانینه‌وه جیبه‌جێ ده‌که‌ن و ئه‌نجام ده‌ده‌ن. شێوه‌زار له هه‌موو جیهاندا و له‌وه‌تی مرۆڤ هه‌یه، تایبه‌ته به مرۆڤ خۆیه‌وه وه‌ک و تاک و گرۆیه‌ک، که ئه‌و شێوه‌زاره به‌کار ده‌به‌ن، لێ زمانی ستاندارد، هی جڤاکه و زمانێکه ته‌واوی خوێندن و نووسین و میدیا و قانوون و ئه‌ده‌ب و هه‌موو بواره ڕه‌سمییه‌کان ده‌گرێته‌وه، زمانی ده‌وڵه‌ته. بوونی زمانێکی ستاندارد بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک، پرۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه و بناخه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه. وڵاتێک، که له یه‌ک نه‌ته‌وه پێکهاتبێ، ناکرێ له یه‌ک زمانی ستانداردی پتر هه‌بێت. له هه‌موو جیهاندا وایه. ئه‌گه‌ر له یه‌ک زمانی ستانداردی زیاتر هه‌بوو، هیچ جۆره هه‌ستێکی یه‌ک نه‌ته‌وه‌یی و یه‌ک خاکیی و یه‌ک فه‌رهه‌نگیی له نێو ئه‌و وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌دا نامێنێت. بوونی یه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌یی و ستاندارد بۆ هه‌ر وڵات و نه‌ته‌وه‌یه‌ک بنه‌مای دیموکراتی و یه‌کسانییه، چونکه هه‌موو تاکه‌کانی نێو ئه‌و وڵات و نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگه‌یه، ده‌توانن به ئاسانی و بێ کێشه، بیروڕای خۆیان، به یه‌ک زمان و وه‌ک یه‌ک ده‌ربڕن و له‌یه‌کدی تێبگه‌ن. نه‌بوونی یه‌ک زمانی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ربه‌ست و ڕێگره له‌به‌رده‌م دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا. به‌کاربردنی کۆمه‌ڵێک شێوه‌زار و کردنیان یا هه‌وڵدان بۆ کردنیان به زمان له هه‌ر وڵاتێک‌دا، بێجگه له تیکدانی یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه، خه‌رج و مه‌سره‌ف و ئه‌رکێکی یه‌کجار زۆری تێده‌چێت و بارگرانییه‌کی زیاد و ناپێویسته بۆ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌موو تاکه‌کانیشی. کورد ئه‌مڕۆ زمانی ستاندارد و نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌یه و وا پتر له سه‌د ساڵێکیشه له باشووری کوردستاندا، زمانێکی ڕه‌سمییه، ئیدی ئه‌م سهرلهخۆتێکدان و ماڵی خۆ وێرانکردنه چییه، که له‌م وڵاته‌دا ڕوو ده‌دات و ده‌سه‌ڵاتی کوردستانیش، خۆی لێ که‌ڕ کردووه و چ ههنگاوێکی جیددی نانێت، بۆ بڕینه‌وه‌ی ئه‌م باس و گه‌ڕه‌لاوژه‌یه! زمانی کوردی هی هه‌موو کورده، ته‌واوی جڤاکی کورد و گشت تاکه‌کانی. ته‌واوی کورد به‌رپرسه له زمانی کوردی و ئه‌رکی ته‌واوی کورده، که به‌ته‌نگ زمانی کوردییه‌وه بێت و به شێک له په‌رۆشه‌کانی خۆی بزانێت و قسه‌ی له سه‌ر بکات و هه‌وڵی پێشخستنی بدات. بێده‌نگبوون له ئاست ئه‌وه‌ی به سه‌ر زمانی کوردی‌دا دێت، ناپهرپرسیاریهتییه و هه‌ڵاتن و خۆدزینه‌وه‌یه له مه‌زنترین ئه‌رکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌مڕۆ زمانی کوردی ئه‌تک ده‌کرێ و ئاوه‌ڕووت ده‌کرێ. بریا پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوی ئه‌نفال بکرێت، خه‌ڵکانێکی دڵسۆز و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتوو و لێوه‌شاوه‌ی وه‌ک مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان سددیق، کراوه‌تر و ڕوونتر و ڕاشکاوانه‌تر، کاتێکی باشی خۆیان ته‌رخان ده‌کرد، بۆ لێکۆڵینه‌وه و قسه‌وباس له باره‌ی زمانی کوردییه‌وه و بوێرانه‌تر قسه‌کانی خۆیان ده‌کرد.
27/7/2012
*ئه‌م وتاره وه‌ک به‌دواداچوونێک بۆ وتارێکی مامۆستا عه‌بدوڕڕه‌حمان سددیق، که له حه‌فته‌نامه‌ی ڕووداودا بڵاوکرابووه، نووسیم. به باشم زانی هه‌ر له ڕووداودا بڵاو ببێته‌وه، به‌ڵام ڕووداو له ماڵپه‌ڕه‌که‌یاندا و به ناته‌واوی، دایانبه‌زاندووه و له حه‌فته‌نامه‌که‌دا بڵاویان نه‌کردووه‌ته‌وه.