
یاسین بانیخێڵانیی لە وەڵامی پرسیارێکدا
ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی کورت:
له سه‌رەتای مانگی یه‌کی ئه‌مساڵدا 2012 واته پێش هه‌شت مانگ هاوڕێیه‌کی ئازیزم له یه‌کێک له گۆڤارەکانی کوردستان کار دەکات، پرسیارێکی ئاڕاسته کردبووم، که بۆ ته‌وەرێک بوو له‌سه‌ر وتارەکانی مامۆستایانی ئاینی ده‌رباره‌ی فه‌تواو دەستوەردانهکانییان له ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی…. منیش له وەڵامدا بۆم نووسی، که له ساڵی 1998ەوە هیچ چاوپێکه‌وتنێکم ئه‌نجام نه‌داوەو ئه‌نجامیشی نادەم، چونکه به ڕاستی متمانه‌م به چاوپێکه‌تن نه‌ماوە، له‌به‌رئه‌وه‌ی قسه‌کانت وەک خۆی ناگه‌یه‌نن، بۆیه دەستم ناوە به ڕووی زۆر ڕۆژنامه‌و گۆڤارەوەو هاوڕێی بهڕێزەوە، به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێنی پێدام، که وشه به وشه نووسینه‌که‌م وەک خۆی بڵاوی بکه‌نه‌وە، منیش هێندە ڕێزی ئه‌و برادەرەم له‌لا بوو نه‌متوانی دڵ و قسه‌که‌ی بشکێنم، وەڵامی پرسیارەکهیم دایه‌وە، لێ به داخه‌وە ئه‌و به‌ڵێنه‌که‌ی نه‌برده سه‌رو تا ئه‌مڕۆ ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی من بڵاو نهکرایهوە… بۆیه حه‌ز دەکه‌م لێرەدا به بێ ئه‌وەی ناوی ئه‌و گۆڤارە بهێنم وەک خۆی به ته‌نها پرسیارەکهو وەڵامه‌که‌ی خۆم بڵاو بکهمهوەو له دوای ئه‌م چاوپێکهوتنهوە بڕوا ناکه‌م جارێکی تر وەڵامی هیچ ڕۆژنامه و گۆڤارێکی تر بدەمهوە، چونکه ئێستا دونیا ئه‌وەندە کراوەیه دەتوانین له هه‌ر پهنجهرەیهکهوە خۆمان بمانوێت هاوار بکه‌ین و قسه‌ی خۆمان بکه‌ین، له‌گه‌ڵ ڕیزی زۆرم بۆ ئه‌و هاوڕێ ئازیزە….
فه‌رموون ئه‌مه پرسیاره‌که‌ی ئه‌و وه‌ڵامه‌که‌ی منه
………………………………..
پرسیار: مامۆستایانی ئاینی له وتاری رۆژی ههینییانهوە بێت یان وەکو یه‌کێتی زانایانی ئیسلام و لیژنه‌ی فه‌تواکه‌ی، دەست دەخه‌نه ناو ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداری و سیاسی خهڵکهوەو خۆیان له‌سه‌رو په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و حکومه‌ت و یاساکانیانهوە دەبینن، بۆچی دەستدەخهنه ناو هه‌موو ئه‌و کایه جیاوازانه‌وە، ئه‌وەی ئه‌وان تا ئێستا کردوویانه بۆچی کردوویانه؟
وه‌ڵام: پێم وابێت پرسیاره‌که به‌م شێوه ببوایه‌ت باشتربوو: کێ وای له مامۆستایانی ئاینی کرد مینبه‌ری مزگه‌وته‌کان بکه‌نه شوێنی فه‌توا؟، کێ زه‌مینه‌ی له‌باری بۆ مامۆستا‌و زانایانی ئیسلام خۆشکرد مزگه‌وت ببێته جێگایه‌ک بۆ هێرشکردنه سه‌ر ماف و ئازادی مرۆڤه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی؟ کێ بوون ئه‌وانه‌ی دینیان وه‌ک هه‌ر کایه‌یه‌کی تری کۆمه‌ڵایه‌تی به حیزبی کرد؟ کێ له پشت ئۆرگانیزه‌کردنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافه‌وه‌یه، له کاتێکدا ئه‌و وه‌زاره‌ته پێویست بوو کاروباری ئاینی ڕیکبخات نه‌ک ده‌ستوه‌ردات له‌کاروباری حیزبی، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی؟ ئه‌مه چ شه‌رمێکی گه‌وره‌یه له‌کاتێکدا ئه‌م دێڕانه‌م ده‌نووسی چاوم به‌م هه‌واڵه، که‌وت که مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی (به‌رێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی پێشووی وه‌زاره‌تی ئهوقافو كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری ئه‌وقاف به‌به‌رپرسیار ده‌زانێت له‌دیارنه‌مانی نزیكه‌ی دوو ملیۆن دۆلاری حاجیانی هه‌رێمی كوردستان.) هه‌روه‌ها کێ ئه‌و هه‌له‌ی دا به مامۆستا‌و زانایانی ئاینی له‌بری ڕاگه‌یاندن و کادیره حیزبییه‌کانی ناو ڕاگه‌یاندنه‌کان وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و مزگه‌وته‌کان بکه‌نه شوێنی بڕیار‌و فه‌تواو چه‌ندین پرسیاری تر….؟ ئه‌گینا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره زۆر ئاسانه، که بزانین مامۆستا‌و پیاوانی ئاینی بۆچی ده‌ستده‌خه‌نه ناو ژیانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئیدارییه‌وه، بگره ژیانی تایبه‌تی خێزانه‌کانیش، له‌هه‌ر که‌سێک له‌م دونیا بپرسیت نیازی پیاوه ئاینییه‌کان له ده‌ستخستنه‌ناو ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه له پێناو چ ئامانج و مهبهستێکدایه ده‌توانێت به ئاسانی وه‌ڵامت بداته‌وه، بۆیه من ده‌ڵیم: باشتره بپرسین ئه‌و هێزانه کێن زه‌مینه بۆ ده‌ستوه‌ردانی مامۆستایانی ئاینی خۆش ده‌که‌ن ده‌ست نه‌ک هه‌ر له‌کاروباری حکومه‌ت و یاساکان بگره له‌هه‌ڵسوکه‌وتی ڕۆژانه‌ی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگاش وه‌رده‌ن؟ تۆ ده‌زانی ئافره‌تی ئێمه له کاتی خۆ گۆڕیندا، ده‌بێت سنوری جل له‌به‌رکردنی خۆی بزانێت، که ئه‌مه سه‌ره‌تاییترین مافی هه‌رکه‌سێکه بخوازێت چ جلێکی پێخۆشه ئه‌و جله له‌به‌ر بکات. قاچی چه‌ند ئافره‌تیان به تێزاب سوتاند، چه‌ند دوکانی مه‌یفرۆشتن و مهیخانهیان ته‌قانده‌وه‌و سوتاند، تۆ ده‌زانیت له ووڵاتی ئێمه‌دا نووسه‌رێک بیه‌وێت چیرۆک، شیعر یان ڕۆمانێک بنووسێت پێویسته بیرکردنه‌وه‌ی سنوردار بکات و له‌گومانه‌کان قوڵ نه‌بێته‌وه، به کوردییه‌که‌ی ده‌بێت عه‌قڵی له قاڵب بدات، بیرم دێت چه‌ند ساڵێک له‌مه‌و به‌ر مۆدیلی فتوا ده‌رکردن بوو له‌سه‌ر گۆرانیبێژه‌کان.
پێش ماوه‌یه‌ک ڕۆمانی (له ئاوێنه‌یه‌کدا له نهێنییه‌کدا)ی یۆستان گارده‌ر که هه‌م مامۆستای ئاین و فه‌له‌سه‌فه‌یه خوێنده‌وه، که ڕۆمانێکه له‌سه‌ر گومانێکی قوڵ له تێکسته دینییه‌کان سه‌باره‌ت به خوڵقاندنی مرۆڤ و دونیا نووسراوه، له دیالۆگێکی ئاریل ی فریشته له‌گه‌ڵ سیسیلیا ده‌ڵێت: (یان قه‌شه‌کان هه‌ڵه‌ن یان خودا)، هه‌روه‌ها دوای سه‌ده‌یه‌ک له ڕاگه‌یاندنی مه‌رگی خودا له‌لای نیتشه میکا ڤالتاری له ڕۆمانی سینۆهه‌دا شێوازی مردنی خودا له ڕێگای خۆبه‌خشینی مینا به خوداکه‌ی له کرێتا به خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت، ئایا ئێمه ده‌توانین به کورتیش بێت بڵێین به مامۆستایه‌کی ئاینی پشتی برۆت چاوه، ئه‌وه به ته‌نها زانا‌و مامۆستایانی ئاینی نین له‌پشت فه‌تواو ده‌ستدرێژی و دهمدرێژییهکانهوهن، به‌ڵکو ئه‌و لایه‌نانه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی خۆی نه‌سوتێت هێزو لایه‌نی تر ده‌کات به مه‌قاش، ئه‌و ڕوداوه‌ی ئه‌م دواییه‌ی بادینان هه‌مان کاره‌ساتی ساڵانی پێشووه، که هێزه سیاسییه‌کان پیاوان و مامۆستایانی ئایینیان وه‌ک چه‌کێک دژی لایه‌ن، گروپ و هێزه جیاوازه‌کانی ناو کوردستان به‌کارهێناوه! له‌هه‌ر ووڵاتێکدا یاسایه‌ک نه‌بێت سنور بۆ هه‌ر ده‌ستدرێژی و دهمدرێژییهکی هێزه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دابنێت، بێگومان وه‌ک کوردستانی لێدێت.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی ئه‌وان خۆیان له‌سه‌رو یاسا‌و په‌رله‌مانه‌وه ده‌بینن، من به پێچه‌وانه ده‌ڵێم: ئه‌وه یاساکانی کوردستان و په‌رله‌مانه ئه‌و مافه‌ی به‌وان داوه بڕیار له‌سه‌ر سه‌رجه‌م کایه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا بده‌ن، تۆ ده‌زانیت سه‌رجه‌م یاساکانی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌ریعه‌ت داڕێژراوه! ئه‌و ده‌ستوره‌ی، که خه‌ڵکی کوردستانی هێنایه سه‌ر شه‌قام و ده‌سه‌ڵات گوێی لێنه‌گرتن و به په‌له‌پڕوزێ ئیمزایان کرد، له (ده‌روازه‌ی یه‌که‌م- بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کان- مادده‌ی 6 ده‌ڵێت:” بنه‌ماکانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کیی یاسادانانن” پاشان له‌هه‌مان ماده‌دا به‌ندی یه‌که‌م ده‌ڵێت:” نابێ یاسایه‌ک دابندرێت ناکۆک بێت له‌گه‌ڵ حوکمه نه‌گۆڕه‌کانی ئیسلام”) جارێک هه‌ر له ڕووی داڕشتنی زمانییه‌وه له‌و دوو ڕسته‌دا پێنج هه‌ڵه‌ی زه‌ق هه‌یه، کهنامهوێت بچمه ناو ئه‌و باسه‌وه، به‌ته‌نها ده‌مه‌وێت باس له‌یه‌ک خاڵی گرنگ و مه‌ترسیدار بکه‌م ئه‌ویش “حوکمه نه‌گۆڕه‌کان” ئه‌مه ده‌زانیت به‌تایبه‌تی له یاسادا مانای چی؟ ئه‌مه ئه‌و یاسایه، که له‌م سه‌رده‌می پێشکه‌وتن و گۆڕینی جیهانه‌دا به دونیای دیگیتال تۆ به‌یاسای خێڵه‌کانی نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بی پێش 1500 ساڵ کار بکه‌یت و بیربکه‌یته‌وه‌و بڕیار بده‌یت، بۆیه من پێم وایه ئه‌وه مامۆستایانی ئاینی و مه‌لاکان نین پێ له‌به‌ڕه‌که‌ی خۆیان زیاتر ڕاده‌کێشن، هێنده‌ی ئه‌و هێزو ده‌سه‌ڵاته سیاسییانه‌یه دین وه‌ک چه‌کێک به‌کار ده‌هێنن بۆ به‌هێزکردن و پێگه‌ی زیاتری خۆیان له‌ناو کۆمه‌ڵگادا، که زیانی ئه‌مه مێژوو وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه.
له ڕۆژئاوا دوای جیاکردنه‌وه‌ی دین له ده‌وڵه‌ت به مانا فه‌لسه‌فی و زانستییه‌که‌ی چیتر ئه‌و حیزب و هێزه سیاسییانه‌ی به‌ناوی ئایینی مه‌سیحییه‌ته‌وه به‌شداری پرۆسه سیاسییه‌کان بوون ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی باشترکردنی ژیانی خه‌ڵک و په‌ره‌پێدانی دیموکراسی بوون نیو هێنده کاریان بۆ پیاوانی کڵێساو دین نه‌کردووه، چونکه له‌وه تێگه‌یشتوون، که ده‌بێت ئه‌وان خۆیان له‌گه‌ڵ گۆڕانکارییه‌کاندا بگونجێنن نه‌ک پێچه‌وانه‌که‌ی، به‌ڵام له کوردستان ته‌واو پێچه‌وانه‌یه، وا له‌خه‌ڵک کراوه خۆی بگونجێنێت. من جارێک له ڕه‌مه‌زاندا له کوردستان بووم، که‌شێکی وا خوڵقێنراوه پیاو شه‌رم ده‌کات به ڕۆژو نه‌بێت، بڕوام پێبکه ئه‌و که‌شه به‌و شێوه به‌رده‌وام بێت ڕه‌نگه مه‌سیحییه‌کانیش له ڕه‌مه‌زاندا ڕۆژو بگرن، تۆ قه‌ت له‌خۆت پرسیوه میدیاکان چ پێشبڕکێیهکیانه له‌سه‌ر پێشکه‌شکردنی به‌رنامه‌ی که‌یف و خۆشی له‌و مانگه‌دا؟ درووست‌کردنی ئه‌و جۆره که‌شانه له میدیاکانه‌وه حه‌ز و چێژی خه‌ڵک ده‌وروژێنێت، که ئه‌مه زۆر ترسناکه.
من له کۆتاییدا هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم: پێویسته ده‌ستور هه‌موار بکرێته‌وه‌و یاساکان مه‌ده‌نی بکرێن و له قهیدو به‌ندی شه‌ریعه‌ت بکرێنه ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه، که ئێمه دژی ئاینین، به‌ڵکو پێش خه‌ڵک خزمه‌ت به ئاین خۆی ده‌کات، ئایین بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه زۆر پێویسته له کاتێکدا، بازاڕی نوشته‌نووسه‌کان له پزیشکه‌کان گه‌رمتره، له کاتێکدا هێشتا زۆرێک له خه‌ڵکی ئێمه خورافه‌ی له زانست پێ ڕاستره، ئه‌مه‌ش نابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاینی ئیسلام زۆرینه‌ن ئیتر ئه‌و کولتوره به زۆر به‌سه‌ر هه‌موو کۆمه‌ڵگادا بسه‌پێنرێت، کۆمه‌ڵگای ته‌ندرووست ئه‌و کۆمه‌ڵگا نییه له‌سه‌ر زۆرینه‌و که‌مینه ڕهنگڕێژکرابێت، به‌ڵکو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه له‌سه‌ر ڕیزگرتن له‌مافه‌کانی خه‌ڵکی ناو کۆمه‌ڵگا به‌بێ هیچ جیاوازیی ئه‌تنی و ئاینی دامه‌زرابێت، تۆله‌رانس (یه‌کترقبوڵکردن وه‌ک خۆی) بۆ ئێمه زۆر گرنگه، چونکه ته‌نها ئه‌و ده‌توانێت کۆتایی به رق و کینه بهێنێت له‌ناو کۆمه‌ڵگادا، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت ئه‌وا پێویسته خه‌ڵکی عێراق هه‌موو مل بدات و بچێته ژێرباری کولتور‌و مه‌زهه‌بی شیعه‌کانه‌وه چونکه زۆرینه‌ن.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ مامۆستا‌و زانایانی ئاینی ده‌یکه‌ن و هێزی سیاسی گه‌وره له پشتیانه‌وه‌یه، ئه‌وه‌یه کوردستان بکه‌نه ئه‌فغانستانی سه‌رده‌می تاڵیبان، ده‌یانه‌وێت گه‌لی کورد نوقمی ناو جه‌هل و خورافه بکه‌ن و تا ڕاده‌یه‌کیش سه‌رکه‌وتووبوون، تاکه ڕێگایه‌کیش بۆ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه ئه‌وه‌یه: ئێمه وه‌ک ڕۆشنبیران و نوسه‌ران هێزی خۆمان له‌وه‌دا کۆبکه‌ینه‌وه ده‌سه‌ڵات ناچار بکه‌ین، ده‌ستور بگه‌ڕێنێته‌وه په‌رله‌مان و جارێکی تر هه‌موار بکرێته‌وه، چونکه ده‌ستورێکی زۆر کاڵ و کرچه هه‌ر له ڕووی زمانه‌وانییه بگره تا ده‌گاته ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی، ئه‌وه‌ی له‌پشت په‌سه‌ندکردن و نووسینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستوره‌وه بوو ته‌نها بیری له‌یه‌ک خاڵ و به‌رژه‌وه‌ندی ده‌کرده‌وه، له‌کاتێکدا ده‌ستور بۆ سه‌رجه‌م دانیشتوانی ووڵاتێک ده‌نووسرێت به‌سه‌رجه‌م پێکهاته‌کانییه‌وه، پێویسته ده‌ستور له به‌رژه‌وه‌ندی تاک به تاکی ناو کۆمه‌ڵگا بنووسرێت و خزمه‌ت به سه‌رجه‌م خه‌ڵک بکات نه‌ک ته‌نها گروپ و هێزێکی دیاریکراو.