
دۆزینه‌وه‌ی خود له شیعردا
خوێندنه‌وه‌ی شیعری (مۆبایله‌كه‌م وه‌ك پشكۆ له خوێنه‌كه‌مدا ده‌كوژێنمه‌وه)ی پشتیوان عه‌لی
شیعر چییه؟ له ئێستادا به چ جۆره تێكستێك ده‌وترێت شیعر؟ ئایا شیعر چ پێناسه‌یه‌ك به‌سه‌ریدا ده‌بڕێت و ده‌كرێت پێناسه بكرێت، یان ژانرێكی به‌ده‌ره له پێناسه و هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ پێناسه‌كردنی شیعر بێجگه له هه‌وڵدان بۆ نزیكبوونه‌وه له ماڵی شیعر هیچی تر نییه. هاوكات ده‌كرێت بپرسین بۆ هه‌ندێك شیعر چێژبه‌خشه و هه‌ندێك شیعری تر بێزاركه‌ره؟ یان بۆ هه‌ندێك تێكستی شیعریی لامان ده‌مێننه‌وه و هه‌ندێكی تر ته‌نها له كاتی خوێندنه‌وه‌یدا به‌ری ده‌كه‌وین و دواتر ده‌سڕێنه‌وه؟
ئایا شیعر ته‌نها ده‌بێت به‌رهه‌می هه‌ست و سۆز بێت، یان فیكریش ئاماده‌یی هه‌بێت تێیدا؟ ئه‌گه‌ر فیكر ئاماده‌یی له شیعردا هه‌بێت، ئایا هه‌ست و سۆز و ئیقاع و ریتم نابنه قوربانی؟ ئه‌گه‌ر ده‌بنه قوربانی ئه‌ی شیعره جوانه‌كان له‌چی پێكهاتوون. بێگومان ده‌كرێت بێ‌سنوور پرسیاری تر له‌مه‌ڕ شیعر بخه‌ینه‌ڕوو ، به‌ڵام ره‌نگه پێناسه ریزكردن نه‌مانگه‌یه‌نێته هیچ مه‌نزڵگه‌یه‌ك، بۆیه باشتره خۆمان بۆ چنگكه‌وتنی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره سادانه‌ی سه‌ره‌وه ئاماده بكه‌ین.
بێگومان شیعر ناتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرسیاره‌كانی مرۆڤ بێت، هه‌ر بۆیه مرۆڤ په‌نای بۆ داهێنانی ژانری تری ئه‌ده‌بی و رێگه‌ی تری گوزارشتكردن بردووه و به‌رده‌وامیش به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ی تردا ده‌گه‌ڕێت. هه‌ربۆیه شیعر ته‌نها له توانایدایه هه‌ندێك له پرسیاره‌كانی مرۆڤ وه‌ڵامداته‌وه و زۆرجار زیاد له‌و رۆڵه‌ی وه‌كو ژانرێك له‌سه‌ر شانییه‌تی ده‌یگرێته ئه‌ستۆ، بۆیه زۆرجار زیانی جۆراوجۆری به‌ركه‌وتووه. بۆنموونه زۆر ته‌وزیفكردنی فیكر له‌نێو شیعردا دواجار به زیانی شیعرییه‌ت و خودی شیعر ته‌واو ده‌بێت. هاوكات زاڵكردن و ره‌نگدانه‌وه‌ی (گوتاری شۆڕشگێڕی) له شیعردا دیسان به زیانی شیعر كۆتایی دێت، به‌و پێیه‌ی هه‌میشه گوتاری شۆڕشگێڕی به‌رئه‌نجامی قۆناغێكه و ره‌نگه پاش چه‌ند ساڵێك، یان تێپه‌ڕبوونی ئه‌و قۆناغه ئه‌و ده‌قه شیعریانه ئه‌و هێزه‌ی پێشوویان له‌ده‌ست بده‌ن. ئه‌ی چۆن هه‌ندێك ده‌قی شیعر له یۆنانه‌وه گه‌یشتووه به ئێمه و تا ئێستاش هه‌ر چێژبه‌خشه و نه‌مردووه؟
بێگومان ئه‌مه نهێنی شیعره؟ كاری شیعر دۆزینه‌وه و كه‌شفكردنی ئه‌و نهێنییه‌یه، یان ههوڵدانییهتی بۆ گه‌یشتن به‌و نهێنییه، كه ره‌نگه هه‌ندێكجار مه‌رج نییه بدۆزرێته‌وه، هاوكات شیعر كاركردنه له‌سه‌ر كێشه خودییه‌كانی ئینسان. ئه‌و تێكستانه‌ی نه‌مرن و تا ئێستا توانای خوێندنهوهییمان هه‌یه ئه‌و تێستانه كه (مرۆڤ) تێیدا سه‌نته‌ره و كێشه خودییه‌كانی مرۆڤ تێیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه.
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له باسه‌كه دوور نه‌كه‌ومه‌وه ئه‌م نووسینه هه‌وڵێكه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه و هاوكات خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێكی (پشتیوان عه‌لی) به‌ناوی (مۆبایله‌كه‌م وه‌ك پشكۆ له خوێنه‌كه‌مدا ده‌كوژێنمه‌وه) كه له ژماره (73)ی گۆڤاری هه‌ناردا بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌م شیعره جیا له شیعره‌كانی تری ئه‌م شاعیره ده‌كرێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵی خستنه‌ڕووی چه‌ند لایه‌نێكی ئه‌ده‌م.
له شیعره‌وه بۆ نائومێدی
ره‌نگه باشتر بێت له‌و پرسیاره‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین كه شیعر له كوێی ژیاندایه و مرۆڤ چی له شیعر ده‌وێت؟ یان بۆ ئینسان شیعر ده‌نوسێت؟ ئه‌گه‌ر شیعر نه‌بێت، ژیان چۆن ده‌بێت؟ له‌راستیدا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه زۆر گرنگ و قورسن. هه‌ر بۆیه ره‌نگه به‌ئاسانی وه‌ڵام نه‌درێنه‌وه. ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه شیعر زیاتر گوزارشتكهره له چركه‌ساته‌كانی نائومێدی مرۆڤ. ئه‌گه‌رچی ده‌یان ده‌قی شیعری بۆ ده‌ربڕینی ئاسووده‌یی مرۆڤه‌كان نووسراوه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا به ملیۆنان ده‌قی تر هه‌یه، كه هه‌موویان لێوان لێ‌ون له نائومێدی و ئه‌و چركه ساتانه‌یان نووسیوه‌ته‌وه، كه مرۆڤ نائومێده له ژیان و ده‌وروبه‌ر.
شاعیری پۆله‌ندی شیمبۆڕسكا له چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت: “دواجار من خه‌ریكم ژیان ده‌كه‌م، ده‌بینم، ده‌بیستم، هه‌ست ده‌كه‌م و سه‌راسیمه ده‌بم. ئه‌گه‌ر شتێك ئازارم بدات، له‌باره‌یه‌وه شیعر ده‌نووسیم. رازی شیعر نووسینی من له‌مه‌دایه”. ئه‌گه‌ر له‌م قسه‌یه‌ی (شیمبۆرسكا) وردبینه‌وه ده‌بینین شیعر كاتێك دێت، كه ئازار ئاماده‌یی هه‌یه. بۆیه دوانه‌ی (شیعر) و (ئازار) هاونشینن و پێكیشه‌وه ئاوێته ده‌بن. له‌باره‌ی نه‌مری شیعریشه‌وه (شیمبۆرسكا) ده‌ڵێت: “شیعر هه‌رگیز نامرێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌میشه شتانێك هه‌ن، كه جگه له شیعر ناتوانی به شتی‌تر دهریانببڕی.
له شیعری كلاسیكه‌وه تا ئێستا به‌رده‌وام نائومێدی ئاماده‌ییه‌كی ته‌واوی له‌نێو شیعری كوردییدا هه‌بووه و هه‌ریه‌كه له نالی و مه‌حوی نموونه‌ی ئه‌و شاعیره نائومێدانهن، كه به‌شی هه‌ره زۆری دیوانه‌كه‌یان بۆ نائومێدی ته‌رخان كراوه. هاوكات له‌شیعری نوێشدا له‌گه‌ڵ هاتنه ناوه‌وه‌ی ده‌یان تێمای تر ئه‌م نائومێدییه به‌رده‌وامی هه‌یه تا لای (حه‌مه عومه‌ر عوسمان) ده‌گاته ترۆپك و له‌دیوانی (له‌غوربه‌تا)دا مانیفێستی ره‌شبینی خۆی تۆمار ده‌كات. له ئێستادا شیعری نه‌وه‌ی نوێ به‌ده‌ر نییه له‌و نائومێدییه‌ی كه درێژكراوه‌ی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی پێشوو و هاوكات ژیانی ئێستای نه‌وه‌یه‌كه، كه نائومێدی به‌رۆكی به‌رنادات. ئه‌گه‌ر (پشتیوان) وه‌كو نموونه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه وه‌ربگرین كه نائومێدی له‌خوێنیاندایه و له‌وێوه ده‌بێته شیعر، ده‌بینین له‌م شیعره‌دا نائومێدی ده‌نووسرێته‌وه و هه‌ر له یه‌كه‌م دێڕه‌وه ئه‌وه بۆ خوێنه‌ر به‌یان ده‌كرێت، كه ئه‌و تا دوا ئاست نائومێده.
شاعیر له ده‌ستپێكی شیعره‌كه‌دا ده‌نوسێت:
ئیدی ته‌واو
وه‌ك چۆن ئه‌مڕۆیه‌ك هات
رۆژێكیش دێ په‌نجه‌ره‌كانم به كراوه‌یی ئه‌خه‌مه سه‌ر پشت
له دوو ریانێكدا پڕ به سینه‌م مردن هه‌ڵده‌مژم
رۆژێك دێت هه‌ردوو گوێم به‌تاریكی بئاخنم.
له یه‌كه‌م دێڕه‌وه شاعیر كۆتایی خۆی و ترۆپكی نائومێدی به‌یان ده‌كات، كه ئه‌مه‌ش لای من په‌ڕینه‌وه‌یه‌كی نوێیی نائومێدییه له‌رێی شیعره‌وه. په‌ڕینه‌وه‌یه‌ك كه پێشتر لای (به‌رزان هه‌ستیار) له شیعری (ئێواره‌یه‌ك بۆ خۆكوشتن)دا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه ئه‌مجاره (نائومێدی) به فۆرمێكی نوێ و به وێنه‌ی نوێوه و لای شاعیرێكی نوێ و نه‌وه‌یه‌كی نوێ خۆی مانیفێست ده‌كات. نه‌وه‌یه‌ك دنیا له‌به‌رده‌میدا كراوه‌یه. به‌ڵام ژیان له‌به‌رده‌میدا داخراوه. نه‌وه‌یه‌ك هیچ به‌خته‌وه‌ری ناكات و هه‌ست ده‌كات بۆته بار به‌سه‌ر ژیانه‌وه. وه‌ك چۆن پاڵه‌وانی فیلمی (ده‌ریا له ناوه‌وه-The Sen Inslde) كه پاڵه‌وانێكی ئیفلیجه و بڕیاری خۆكوشتن ده‌دات. پاڵه‌وانی ئه‌م فیلمه هه‌ست ده‌كات بۆته بار به‌سه‌ر ژیانه‌وه و هیچ سوودێكی، نه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه نییه، به‌ڵكو باره به‌سه‌ر خێزان و برا و كهسهكانییهوه. (رامۆن) ناوی پاڵه‌وانی ئه‌و فیلمه، بۆیه بڕیاری هه‌ڵبژاردنی مردن ده‌دات، چونكه ته‌نها به‌سه‌ر زیندووه و لاشه‌یه‌كی مردوو و بێههستی هه‌یه. له‌م شیعره‌ی پشتوانهوه ته‌واو رووبه‌ڕووی (رامون)ی پاڵه‌وان ده‌بینه‌وه، كه نه‌وه‌یه‌ك هه‌یه خۆی به زیاده ده‌زانێت به‌سه‌ر كۆڵی ژیانه‌وه، بۆیه بڕیاری مه‌رگی خۆی ده‌دات، یان مه‌رگ به‌ته‌واوی ئاماده‌یی له‌م ده‌قه‌دا هه‌یه.
یه‌كێك له جوانییه‌كانی ئه‌م تێكسته ئه‌وه‌یه كه هه‌ر له دهستپێكهكهوه شاعیر دوا نوقته‌ی ژیانێك داده‌نێت، كه ئه‌و تێدا ده‌ژی و خوێنه‌ر به‌ری ده‌كه‌وێت، كه شاعیر چیدی نایه‌وێت له‌و ژیانه‌دا بمێنێته‌وه. بۆیه ئه‌م په‌ڕینه‌وه‌یه‌ی (پشتیوان) له‌رێی شیعره‌وه بۆ نائومێدی ئه‌گه‌رچی به‌ده‌ر نییه له‌و پێشینانه‌ی خستمانه‌ڕوو، به‌ڵام ده‌كرێت وه‌كو مانیفێستی نه‌وه‌یه‌كی نوێی نا‌ئومێد بیخوێنینه‌وه، كه ئه‌م نه‌وه‌یه وه‌كو (رامون) خۆیان به‌بار به‌سه‌ر ژیانه‌وه ده‌بینن.
وێنه‌كانی خۆكوشتن
وێنه‌كانی خۆكوشتن له شیعری كوردییدا وێنه‌گه‌لێكی زۆرن. ره‌نگه نه‌توانین ئاماژه به (هه‌موو، یان به‌شی هه‌ره زۆریان بكه‌ین)، به‌ڵام لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌كی هه‌ر دیار باس ده‌كه‌ین و دواتر ده‌چینه لای شیعره‌كه‌ی (پشتیوان) و به‌رهه‌مهێنانی وێنه‌كانی خۆكوشتن له‌م شیعره‌دا.
مه‌حوی نموونه‌ی ئه‌و شاعیرانه‌یه، كه به راسته‌وخۆی هه‌ستی خۆكوشتنی له شیعردا ده‌ربڕیوه و له چه‌ند شیعرێكدا ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌مه ده‌بینین. ره‌نگه دیارترین نموونه، شیعری (كه دیم ئاڵۆزه چاوی)بێت. كه لێره‌دا دوا به‌یتی شیعره‌كه وه‌كو نموونه‌یه‌ك لێوه‌رده‌گرین:
به‌خۆكوشتن نه‌جاتی خۆ بده (مه‌حوی) وه‌كو فه‌رهاد
له زۆری قاهرهمانی عیشق ئه‌فه‌ندم هه‌ر ئه‌جه‌ل به‌شته
له‌م به‌یته شیعره‌وه هه‌ستی (خۆكوژی راسته‌وخۆ) لای مه‌حوی ره‌نگده‌داته‌وه، كه ئه‌م خۆكوژییه له شیعری نوێ‌دا لای (حه‌مه عومه‌ر عوسمان) دیسان به‌هه‌مان راسته‌وخۆی ئاماده‌ییه و به‌تایبه‌ت له‌شیعری (خۆكوشتن)دا. هاوكات ئه‌م هه‌ستی نامۆیی و نائومێدییه له شیعری نوێ‌دا تۆختر ده‌بێته‌وه و له دوای راپه‌ڕیندا لای (به‌رزان هه‌ستیار) به‌ته‌واوی ره‌نگده‌داته‌وه‌و به‌تایبه‌ت له به‌شی هه‌ره زۆری ده‌قه‌كانی نێو كۆمه‌ڵه شیعری (گوناهه‌كانی دڵنیایی) كه به‌هه‌مان شێوه‌ی (مه‌حوی و حه‌مه عومه‌ر عوسمان) شاعیر هه‌ستی (خۆكوژی راسته‌وخۆ)ی ده‌ربڕیوه.
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له باسه‌كه دوور نه‌كه‌ومه‌وه ده‌مه‌وێت لێره‌وه باس له وێنه‌كانی خۆكوژی بكه‌م لای (پشتیوان). لای ئه‌م شاعیره وێنه‌كانی خۆكوژی ته‌واوی ئه‌م شیعره‌یان داگیر كردووه و هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌هه‌مان شێوه‌ی شاعیرانی سه‌ره‌وه (خۆكوژی راسته‌وخۆ) ده‌بینرێت، به‌ڵام وێنه‌ی ناراسته‌وخۆی خۆكوژیشی تێدا ده‌بینرێته‌وه، كه لێره‌دا ده‌مه‌وێت وێنه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌م:
به‌ر له‌وه‌ی باس له وێنه‌كانی خۆكوژی بكه‌م حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه به‌و زه‌مینه‌سازییه شیعرییه بكه‌م، كه شاعیر بۆ میوانداری خۆكوژی په‌یڕه‌وی كردووه هه‌ر له یه‌كه‌م دێڕه‌وه كه ده‌نوسێت (ئیدی ته‌واو)، كه یه‌كه‌م زه‌مینه‌سازییه بۆ ئه‌و نائومێدییه قوڵه‌ی له‌م شیعره‌دا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه. هه‌روه‌ها له شوێنێكی تر ده‌نوسێت (به‌م نزیكانه كوژرانم شێوازی خۆی وه‌رده‌گرێت). پاش ئه‌م رسته‌یه به چه‌ند دێڕێك یه‌كه‌م وێنه‌ی خۆكوشتن ده‌ده‌كه‌وێت، كه له‌م دێڕه‌دا ده‌یبینینه‌وه (پێویست بوو له كوژانهوهكانی سه‌رم به‌ئاگابیت). ئه‌گه‌ر به وردی له‌م وێنه‌یه وردبینه‌وه تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین شاعیر وێنه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆی خۆكوژی كێشاوه. (كوژانه‌وه‌ی سه‌ر) وێنه‌یه‌كه خوێنه‌ر له‌به‌رده‌م خۆیدا راده‌گرێت.
وێنه‌ی دووه‌م له‌م دوو دێڕه شیعره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت: (ئه‌مجاره گه‌ر ویستم بمرم / خۆم به بورج و تاوه‌ره‌كانی تۆ ئه‌پێوم) ئه‌م وێنه‌ش وێنه‌یه‌كی راسته‌خۆی خۆكوشتن ده‌نوسێته‌وه، به‌و پێیه‌ی شاعیر خۆی مردنه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت.
وێنه‌ی سێیه‌م ئه‌و كاته به‌یان ده‌بێت، كه شاعیر ده‌نوسێت: (كه دڵ دوایین لێدانی خۆی ئاوارهكرد) ئه‌م وێنه‌یه‌ش دیسان شاعیر له‌به‌رده‌م وێنه‌یه‌كی ناراستهخۆی خۆكوژیدا رامان ده‌گرێت. به‌هه‌مان شێوه‌ی وێنه‌ی چواره‌م كه شاعیر ده‌نوسێت (سه‌رم رۆژه‌كانی خۆی ناژی/ به‌گشتی من ئاله‌تێكی باشم بۆ له‌بیرچوونه‌وه). به‌ڵام ئه‌وه‌ی له دوا وێنه‌دا ده‌ده‌كه‌وێت وێنه‌یه‌كی راسته‌وخۆی خۆكوژییه، به‌ڵام شاعیر دان به‌وه ده‌نێت، كه هه‌موو ئه‌م خۆكوژیانه فیزیكییه و كه له دوا دێڕدا ده‌نوسێت (خه‌ڵكی له‌رێی چه‌قۆیه‌كه‌وه/ من له‌رێی… باس له خۆكوژی ده‌كه‌م)
له‌م پێنج وێنه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا كه له‌م شیعره‌دا ده‌ستنیشانمان كرد، به‌ته‌واوی هه‌ستی خۆكوژی راسته‌وخۆی و ناراسته‌وخۆی ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه، به‌ڵام وه‌كو شاعیر له وێنه‌ی پێنجه‌مدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه ته‌واوی ئه‌و وێنانه باسكردنه له خۆكوژی، نه‌ك جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌كه. واته وه‌كو ره‌زا به‌راهه‌نی ده‌ڵێت: “شیعر پردێكی وشه‌یه له‌نێوان چاوی نابینا و چاوی بینادا”. ئه‌م شاعیره‌ش توانیویه‌تی له‌رێی پیشاندانی ئه‌م پێنج وێنه‌یه ئه‌و پرده وشه‌یه دروست بكات و لێره‌دا شاعیر چاوه بیناكه‌یه و موته‌له‌قی (وه‌رگر/ خوێنه‌ر) ئه‌و چاوه نابینایه‌یه، كه له‌رێی ئه‌م شیعره‌وه پردێك له وشه دروست بووه و ئه‌ویش به‌ر ئه‌و دنیایه ده‌كه‌وێت.
دۆزینه‌وه‌ی خود له شیعردا
بۆ ده‌سپێكی ئه‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌م دیسان ئاماژه به قسه‌یه‌كی (ره‌زا به‌راهه‌نی) ده‌كه‌م له‌سه‌ر شیعر كه ده‌ڵێت: “شیعر له سروشت باڵاتره، باڵاترییهكهی له‌مه‌دایه، كه ئه‌گه‌ر سروشت شتێكی واقیعی و قابیلی گرتن بێ، ئه‌وا شیعر شتێكه هه‌م قابیلی گرتنه و هه‌م قابیلی نه‌گرتن. هه‌م واقیعییه و هه‌م ناواقیعی، هه‌م موجه‌ڕه‌ده و هه‌م ناموجهڕهد”. ئه‌گه‌ر له‌روانگه‌ی ئه‌م پێناسه‌یه‌وه ئه‌م شیعره‌ی پشتیوان بخوێنینه‌وه ئه‌وا ده‌بینین ئه‌وه‌ی شاعیر به‌رهه‌می هێناوه شتێكه هه‌م واقیعه و هه‌میش فه‌نتازی. بۆیه ئه‌م جۆلانهكردنهی شاعیر له‌نێوان ئه‌م دوو دنیایه‌دا توانیویه‌تی هێزێكی تایبه‌تی به ده‌قه‌كه ببه‌خشێت.
ئهدۆنیش له كتێبی (ده‌قی قورئان و ئاسۆكانی نووسین)دا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی خۆی به شیعره‌وه ده‌نوسێت:
“شیعرم بریتییه له من، له كه‌سێتیم. ئه‌ز به بێگه‌ردی شاعیرم. هه‌روه‌ها من یه‌كێتی وشه و ژیانم. مه‌حاڵه مرۆڤ ببێته شاعیر، ئه‌گه‌ر له‌نێوان ئاخاوتن و ژیانیدا، یه‌كێتی دانه‌مه‌زرێنێت. من باوه‌ڕم به شاعیرێك نییه كه ژیانی شتێك و شیعریشی شتێكی تر بێت”.
ده‌كرێت له ئێستادا له‌ژێر رۆشنایی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی (ئه‌دۆنیس) به شیعره‌وه بپرسین ئایا ئه‌م نه‌وه‌یه خۆیان بریتین له شیعر، یان نا؟ بێگومان به وردبوونه‌وه له به‌شێكی ئه‌م نه‌وه‌یه ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه، كه شیعری نه‌وه‌ی نوێ توانایه‌كی سه‌یری تێدایه بۆ خۆنووسینه‌وه. بۆیه ره‌نگه له رووی ته‌كنیك و زمانی شیعرییه‌وه شیعری كوردی نه‌وه‌ی نوێ هیچ هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆی نه‌نابێت كه شایسته‌ی باسكردن بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه لای من بۆته جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌وه‌یه كه ئه‌م نه‌وه نوێیه توانایه‌كی زیاتریان هه‌یه بۆ نووسینه‌وه‌ی خود له‌نێو شیعردا و هه‌تا زیاده‌ڕه‌ویی نییه ئه‌گه‌ر بڵێین له ئێستادا جۆرێك له دۆزینه‌وه‌ی خود له شیعردا لای ئه‌م نه‌وه نوێیه سه‌ریهه‌ڵداوه و به‌رده‌وامیش تۆختر و تۆختر ده‌بێته‌وه. (پشتیوان) نموونه‌ی ئه‌و نه‌وه‌یه‌یه كه له شیعردا بۆ بوونی خۆی ده‌گه‌ڕێت، یان بوونی خۆی له‌نێو سنگی وشه‌دا ده‌نووسێته‌وه. له‌م ده‌قه و له چه‌ند ده‌قێكی پێشووتری ئه‌م شاعیره‌دا من به‌ته‌واوی هه‌ستم به‌م حاڵه‌ته كردووه. به‌جۆرێك هه‌ست به توانه‌وه له‌نێو وشه‌كاندا ده‌كرێت. یان وه‌كو (ربیع جابر) دۆخی ئه‌م توانه‌وه‌یه له قۆناغێكی فراوانتردا پیشان ده‌دات و ده‌نووسێت:”نووسه‌ر له كتێبدا ده‌توێته‌وه و ون ده‌بێت”. بێگومان ونبوونی نووسه‌ر له‌نێو وشه‌كاندا شتێكی نوێ نییه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی نوێیه خولقاندن و چێكردنی ژیانێكی تره له‌نێو وشه‌دا و نه‌فره‌تكردنه له‌و ژیانه واقیعییه‌ی هه‌یه. نووسه‌رانی پێشوو ژیانی خۆیان ژیاون و لهشیعرهكانیشیاندا تواونه‌ته‌وه.
(پشتیوان) كه‌له ده‌سپێكی شیعره‌كه‌دا ده‌نووسێت (ئیدی ته‌واو) ئیتر ئه‌مه خاڵی كۆتایی ژیانێكی داناوه و بڕیاردانێكه بۆ ئه‌وه‌ی له ژیانێكی نوێ‌دا كه سوچ و كه‌له‌به‌ره‌كانی وشه‌یه له‌وێدا بژی. ئه‌و ژیانه‌ی شاعیر له‌م ده‌قه‌دا هه‌ڵیبژاردووه. ته‌واو ژیانێكه وێران. وێرانییهك، كه دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه مه‌حاڵ بێت. بۆیه هه‌ر له‌ڕێی ئه‌م نائومێدی و گه‌ڕانه به دوای ژیانێكی تردا پرسیاری بوون و ژیان خۆی مانیفێست ده‌كات. له‌باره‌ی تهزیفكردنی پرسی مه‌رگ له شیعردا له چاوپێكه‌وتێكدا له (مه‌حمود ده‌روێش) ده‌پرسن و ئه‌ویش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت:
“له‌شیعری مندا، ره‌نگه پرسیاری مه‌رگ په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵی هه‌بێت به ره‌هه‌ندی میتافیزییكهوه. دوو جۆر روانین بۆ مه‌رگ هه‌یه: یه‌كه‌م روانینێكی ئایینی كه ده‌ڵێت: مه‌رگ گواستنه‌وه‌یه له نه‌مانه‌وه بۆ نه‌مری و له فانه‌وه بۆ مانه‌وه، له دونیاوه بۆ ئاخیره‌ت. روانینهكهی تریش یاخود روانینه فهلسهفییهكه، مه‌رگ به جۆرێك له وه‌رگۆڕان له حاڵه‌تێكه‌وه بۆ حاڵه‌تێكی تر (الصیروره) داده‌نێت و ژیان و مردنیش وه‌ها ده‌بینێت، كه دوو شتی پێكهوهیین له دیالیكتیكێكی زه‌مه‌نیدا”.
ئه‌وه‌ی (پشتیوان) ده‌یه‌وێت به‌رهه‌می بهێنێت، یان له شیعره‌كه‌یدا هه‌ستی پێده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه، كه مه‌رگ، یان پرۆسه‌ی خۆكوشتن وه‌كو جۆرێك له وه‌رگۆڕان ده‌بینێت له حاڵه‌تێكی پڕ له نائومێدییه‌وه بۆ حاڵه‌تێكی تر كه چێكردنی ژیانه له‌نێو وشه‌دا و ئیختیاركردنی جۆرێك له ژیانی تره. هه‌ر بۆیه ئه‌م ده‌قه رامانده‌كێشێت و په‌لكێشی نێو دنیای خۆیمان ده‌كات. هه‌ر ئه‌م ره‌هه‌نده‌ی گواستنه‌وه‌یه‌یه له حاڵه‌تێكه‌وه بۆ حاڵه‌تێكی نوێ خوێنه‌ر وا لێده‌كات دێڕ دوای دێڕ له‌گه‌ڵ شیعره‌كه‌دا به‌رده‌وام بێت و ده‌ست به‌رداری ده‌قه‌كه نه‌بێت، كه دواجار خودێكی شیعری له‌نێو ده‌قه‌كه‌دا به‌ر خوێنه‌ر ده‌كه‌وێت، یان ده‌توانین بڵێین ئه‌م بۆچوونه‌مان ته‌واو كۆكه له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی (به‌ختیار عه‌لی) كه ده‌ڵێت: “شیعر هونه‌ری دروستكردنه‌وه‌ی دونیایه”. بۆیه (پشتیوان)یش ده‌یه‌وێت له‌رێی شیعره‌وه دونیایه‌كی نوێ بخولقێنێت، كه ئارامی به رۆحی ببه‌خشێت.
به‌ر له كۆتایی
یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی تا ئێستا لای من جێی پرسیاره ئه‌وه‌یه تا ئێستا ئه‌م نه‌وه نوێیه نه‌یانتوانیوه ببنه خاوه‌نی زمانێكی نوێ و تایبه‌ت به خۆیان، كه گوزارشتی پێبكه‌ن. ئه‌و زمانه ده‌ربڕینه‌ی لای ئه‌م نه‌وه نوێیه هه‌یه زیاتر له‌ژێر سێبه‌ی نه‌وه‌كانی پێشووتردایه. بێگومان ئه‌مه تاڕاده‌یه‌كی كه‌م و ته‌مه‌نێكی كورتی نووسین مه‌عقولییه‌تی تێدایه. به‌ڵام به‌رده‌وام بوونی ئه‌م سێبه‌ره به‌سه‌ر ئه‌زموونی شاعیره‌وه زیان به داهاتووی ئه‌زموونی شیعری ده‌گه‌یه‌نێت و سیماكانی له‌نێو سیما شیعرییه‌كانی تردا ناناسرێته‌وه. (پشتیوان) له‌و شاعیرانه‌یه كه له‌م ده‌قه‌وه و له چه‌ند ده‌قێكی پێشترییه‌وه ده‌یه‌وێت سیمایه‌كی تایبه‌ت به تێكسته‌كانی ببه‌خشێت. سیمایه‌ك كه بۆن و ره‌نگی خۆی پێوه بێت. بێگومان ئه‌م هه‌وڵه و ئه‌م سه‌ره‌تایه به‌لای منه‌وه گرنگه، به‌و پێیه‌ی شاعیر وشیار بێت به‌وه‌ی پێویسته رێگای خۆی بدۆزێته‌وه.
ئارام سدیق
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی سوودیان لێوه‌رگیراوه:
*دیوانی مه‌حوی، كۆكردنه‌وه‌ی و لێكدانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس و محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم، چاپخانه‌ی كۆڕی زانیاری كورد 1977.
*ئه‌دۆنیس، ده‌قی قورئان و ئاسۆكانی نووسین، وه‌رگێڕانی: ئومێد عوسمان، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای موكریانی 2008
* مه‌حمود ده‌روێش، هه‌ڵدانه‌وه‌ی ده‌فته‌ره‌كانی شیعر و سیاسه‌ت-گفتوگۆ، وه‌رگێڕانی جه‌مال غه‌مبار، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای سه‌رده‌م 2006
*پشتیوان عه‌لی، مۆبایله‌كه‌م وه‌ك پشكۆ له خوێنه‌كه‌مدا ده‌كوژێنمه‌وه-شیعر، گۆڤاری هه‌نار ژماره (73) ساڵی 2012، له بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی.