لە ڕۆحی ئافرەتا …دلۆڤان عەلی
جەستەی شەکەتم پارچە پارچەیە
من هەموو شتێکم لە تۆدا ئەبینم
ئەمهەوێت هەموو ڕۆحمت نیشاندەم
جێی زامەکانی جەستەم ببینە
دڵم بۆتە یەک پارچە لە ئاگر
تۆ سەیرکە چ عەجەب خوێنم لێ ئەچۆڕێتەوە
جەستەی شەکەت و ماندووم هەدا نادا
ئای چ ژانێکی تاسەرە ساڕێژ نابێت
من لە ڕۆحی ئافرەتا
ئەبم بە دڵخۆشترین پیاوی دنیا
بە ماسکێکی ترەوە ئەڕوانمە ژیان
من چی لەم پیاوبونەی خۆم بکەم
کە ناتوانم لە سوچێکی ژیاندا ئاسودە بژیم
من ئیرەیی بە تۆ ئەبەم
ئا ئا بە تۆی ئافرەت
کە تۆ خوناوی شەفەقی بەیانیانت هەیە و
من دەستێکم هەیە تەنها بۆ کوشتن
کە تۆ ئەتوانی لە زمانی پاساریەکان بدوێی و
من بەس ئەتوانم لە باسی کوشتن و شەڕدا بدوێم
تۆ ڕوانینێکی میهرەبانت هەیە و هەموو شتێک ئەبینی
بەهەشت
عەدەم
جوانیەکان
تەنانەت خواش ئەبینی
منیش ئەوەی ئەیبینم
ژن کوشتن و
پێکانی دڵی مرۆڤەکان و
بیابانێکی دور و درێژی تینوو
هیچ جوانیەک نابینم هیچ
ژیان لەگەڵ مەحاڵدا گەمەیەکی ئەستەمە
من ئەمهەوێت بێمە نێو جەستەی تۆ
هەناسەیەکی خۆتم بەرێ و هیچی تر نا
تۆسقاڵێک میهرەبانی بخەرە دڵمەوە
باوەکو تۆ جوان بۆ ژیان بڕوانم و بە قاقا پێبکەنم
گەر تۆ میهرەبانی خۆتم بەیتێ و بمخەیتە ڕۆحتەوە
من ناهێڵم دوعاکان دووبارە ببنەوە
پۆستەرەکانی مردن هەمووی ئەدڕێنم
پەنجە ئەکەم بە چاوی ئەوانەدا کە ژن ئەکوژن و نازان ژیان بە ئافرەتەوە جوانە
من ئەمهەوێت لە ڕۆحی تۆدابم
تا جوانیەکان ببینم و ژیان ببینم و هەموو شتێک ببینم
من ئەمهەوێت لە ڕۆحی تۆدابم
دلۆڤان قەڵادزەیی