Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
فیلمێك له‌ده‌رگای به‌یه‌كدادانی شارستانییه‌ته‌كان ده‌دات

فیلمێك له‌ده‌رگای به‌یه‌كدادانی شارستانییه‌ته‌كان ده‌دات

Closed
by September 17, 2012 گشتی

 

 

له‌گه‌ڵ وروژاندن‌و هه‌ڵایسانی ده‌نگی ناڕه‌زایی موسڵمانان له‌ هه‌ندێك وڵاتی ئیسلامی دژ به‌ پرسی به‌رهه‌مهێنان‌و نمایشكردنی فیڵمی Innocence of Muslims (به‌ڕائه‌تی موسڵمانان)، دژ به‌ سیمبۆڵ‌و په‌یامبه‌ری ئیسلام، راسته‌وخۆ كه‌لكه‌ڵه‌ی بینیی فیلمه‌كه‌ دایگرتم‌و حه‌زمكرد ئه‌گه‌ر به‌كورتیش بێ‌ بۆچونێكم هه‌بێ‌ له‌سه‌ر ئه‌م پێشهات‌و رووداوه‌ نوێیه‌، بۆیه‌ بڕیارمدا جیاوازتر له‌و خه‌ڵكانه‌ به‌دواداچوون بكه‌م كه‌ به‌ر له‌ بینین‌و دڵنیابوون له‌ جۆر‌و شێواز‌و چۆنیه‌تی رووداوه‌كه‌ هه‌ر زوو كه‌وتنه‌ هێرشكردن‌و سوكایه‌تیكردن به‌لایه‌نی به‌رامبه‌ر، هه‌وڵمدا هه‌ر چۆنێك بێ‌ بتوانم فیڵمه‌كه‌ ببینیم، تا دواجار نزیكه‌ی 14 خوله‌كم له‌ فیلمه‌كه‌ ده‌سكه‌وت‌و به‌وردی سه‌یرم كرد.

ئه‌م فیڵمه‌ كه‌ به‌زمانی ئینگلیزیی به‌رهه‌مهێنراوه‌، له‌ئێستادا جیهانی ئیسلامی هه‌ژاندووه‌‌و وایلێكردووه‌ به‌چه‌ندین شێوازی جیاواز گوزارشت له‌ ناڕازیبوون‌و بێزاری بكرێت، هه‌ر له‌ كوشتنی بالیۆزه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ وڵاتی لیبیا‌و گه‌مارۆدان‌و په‌لاماردانی چه‌ند باڵیۆزخانه‌یه‌كی ئه‌مریكی له‌چه‌ند وڵاتێكی ئیسلامیه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ خۆپیشاندانی نوێژكه‌ر‌و موسڵمانان له‌چه‌ند وڵاتێكی جیاجیای ئیسلامیدا،  له‌ راستیدا دوای بینینی ئه‌م به‌شه‌ی فیڵمه‌كه‌ به‌ كورتی بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ زۆر بێمانایانه‌ سوكایه‌تی به‌ پێغه‌مبه‌ر‌و ئایینی ئیسلام ده‌كات، نابه‌رپرسیارانه‌ به‌ حیساب مێژووێكی گێڕاوه‌ته‌وه‌‌و ده‌یه‌وێ‌ هه‌قیقه‌تی مێژوویی له‌پێناو خزمه‌تكردنی شارستانیه‌ت‌و مرۆڤایه‌تیدا بخاته‌ڕوو!!، هه‌ڵبه‌ته‌ زۆر كورتبینانه‌‌و هه‌رزه‌كارانه‌ بابه‌تێكی وروژاندووه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ماڵوێرانی‌و كوشتنێكی زۆری ئینسان به‌دوای خۆیدا بێنَێت، بێ‌ ره‌چاوكردنی دۆخی سیاسی‌و كۆمه‌لایه‌تی‌و ته‌نانه‌ت ئابورییش له‌ جیهاندا، كه‌ بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌وڵی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ نه‌گیرێته‌به‌ر، ره‌نگبێ‌ واتا‌و مه‌غزای دیكه‌ به‌دوای خۆیدا بهێنێته‌ سه‌ر خوانی ئه‌وانه‌ی كه‌ مێژووێكه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌دوای ته‌صفیه‌ی حیساباتی ئایینییه‌وه‌ وێڵن. 

فیڵمه‌كه‌ به‌ هه‌ر پێوه‌رێك‌و له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌یر بكرێ‌، له‌لایه‌ك ناكه‌وێته‌ نێو قاڵبی ره‌خنه‌گرتن‌و به‌رهه‌مهێنانی هونه‌رییه‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ده‌شێ‌ به‌ یه‌كێك له‌و كارانه‌ دابنرێت كه‌ زیان به‌بارودۆخی ژیاری‌و پرسی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌‌و ئایینه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، زۆر به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئاقیبه‌تی نمایشكردنی ئه‌م فیڵمه‌ جۆرێكی دیكه‌‌و شێوازێكی تری توندڕه‌وی‌و به‌یه‌كدادان به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت, كه‌ ره‌نگه‌ ئاكامه‌كه‌ی زۆر خه‌مناك‌و كاره‌ساتئامێز بێ‌.

ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی نادینییانه‌ بۆ رووداوی به‌رهه‌مهێنان‌و نمایشكردنی فیڵمه‌كه‌ بكه‌ین،  ده‌بێ‌ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان بیبه‌ستینه‌وه‌ به‌و كه‌شه‌ سیاسییه‌ی كه‌ هێزه‌ دینییه‌كان به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێ‌ بیهێننه‌ پێشه‌وه‌‌و ئاوێته‌ی ژیانی رۆحییانه‌ی كۆمه‌ڵگای بكه‌ن، مه‌به‌ستمه‌ بڵێم نمایشكردنی فیڵمه‌كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ ساڵیادی په‌لاماره‌كه‌ی 11ی سێپتێمبه‌ردا، هه‌وڵێكی دیكه‌ی تێكه‌ڵكردنی دیین‌و سیاسه‌ته‌ به‌ دیوه‌كه‌ی تریان، دیوی دژایه‌تی خۆرئاوا بۆ ئیسلام یاخود فه‌نده‌مێنتالیزمی مه‌سیحیی دژ به‌م ئایینه‌، واته‌ ده‌كرێ‌ لێره‌دا هیچ جیاوازییه‌ك نه‌بینین له‌ نێوان هێزێكی توندڕه‌ویی ئایینی كه‌ به‌ ناوی بزاڤێكی ئیسلامیی شاراوه‌وه‌ كاری تێكده‌رانه‌ بكات، له‌گه‌ڵ هێزێكی دیكه‌ی فه‌نده‌مێنتاڵیستی نائیسلامی كه‌ مه‌به‌ستییه‌تی شه‌ڕێكی سیاسییانه‌ به‌ناوی ئایین یاخود كه‌لتوری خۆرئاوا دژ به‌ ئیسلام به‌رپابكات، له‌راستیدا فیڵمه‌كه‌ نزیكمان ده‌كاته‌وه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌‌و نزیككه‌وتنه‌وه‌ له‌ تیۆر‌و بیروڕاكانی په‌یوه‌ست به‌ ململانێ‌‌و به‌یه‌كدادانی شارستانیه‌ته‌كان، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌شێ‌ پێمانوابێ‌ راسته‌وخۆ خزمه‌ت به‌ هێزه‌ توندڕه‌وه‌ شاراوه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت.

بێگومان ده‌زانین كه‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌‌و شێواز‌و سكێچێكی گونجاو بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی مه‌ڵتی كه‌لچه‌ریی‌و فره‌ ئایینیی، یان دوای ئه‌وه‌ی دنیا گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ده‌بێ‌ مرۆڤایه‌تی له‌ژێر سێبه‌ری په‌یامێكی یونێڤرساڵییدا، بتوانێ‌ به‌یه‌كه‌وه‌ژیان‌و جیاوازیی قه‌بوڵ بكات‌و له‌ شه‌ڕی وێرانكاریی دووركه‌وێته‌وه‌ كه‌ پێشتر به‌ده‌ستییانه‌وه‌ ناڵاندبووی، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌‌و په‌یماننامه‌یه‌ك داڕێژرابێ‌ تێیدا ئاماژه‌دراوه‌ به‌ رێزگرتن له‌ موققه‌ده‌سات‌و بیروباوه‌ڕه‌ ئایینییه‌ جیاجیاكانی جیهان، واتا ده‌شێ‌ پێمانوابێ‌ كه‌ رێزگرتن له‌ موققه‌ده‌سات‌و بیروڕا ئایینییه‌كانی مرۆڤ مه‌رجی سه‌ره‌كیی بووه‌ بۆ هێنانه‌كایه‌ی ئاشتیی جیهانیی‌و به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی مرۆڤایه‌تی. بۆیه‌شه‌ له‌هه‌ر رووداو‌و وه‌رچه‌خانێكدا ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ بیروڕای ئایینییه‌وه‌ هه‌بووبێت راسته‌وخۆ ته‌ئكیدكراوه‌ته‌ سه‌ر مه‌رجی رێزگرتن، وه‌ك گه‌ره‌نتی‌و زامنی به‌رده‌وامی به‌یه‌كه‌وه‌ژیان. ته‌نانه‌ت له‌ده‌ركردنی بڕیاره‌ سیاسییه‌ چاره‌نوسسازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و دامه‌زراندنی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و داڕشتنی جاڕنامه‌ی جیهانی مافی مرۆڤدا، زۆر به‌زه‌قی ئاماژه‌ به‌م بابه‌ته‌ دراوه‌‌و وه‌ك یه‌كێك له‌ خاڵه‌ جه‌وهه‌ریی‌و پڕ بایه‌خه‌كان وێناكراوه‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر بڕیاری سیاسیی جیهانیدا كه‌ هه‌مووكات بیروباوه‌ڕه‌ ئایینییه‌كان Religious beliefs، له‌ دانوستانه‌ سیاسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا له‌به‌رچاوگیراون.

هه‌ڵبه‌ته‌ كه‌ باسی سه‌رهه‌ڵدانی گرفت‌و رووداوێكی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌كرێ‌ هه‌ر ده‌بێ‌ پرسی كاردانه‌وه‌كانیش تاووتوێبكرێت‌و بخرێته‌ به‌رباس، له‌راستیشدا ئه‌وه‌ی وا ده‌كات كاردانه‌وه‌ی خراپ به‌دوای خۆیدا بێنێت، بایه‌خ‌و گرنگی ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ كه‌ سوكایه‌تی پێكراوه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ گرنگ نه‌بووایه‌ كێشه‌كه‌ش به‌و ئاسته‌ ته‌شه‌نه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام لێره‌دا تێبینیكراوه‌ كه‌ تاكو ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش هه‌ندێك له‌ كارانه‌وه‌كانی دژ به‌م فیڵمه‌ له‌ روانگه‌یه‌كی هاكه‌زاییانه‌وه‌ ئه‌نجامدراون، به‌و مانایایه‌ی كه‌ به‌بێ‌ دیراسه‌كردن‌و به‌دواداچوون حوكمی پێشوه‌خته‌ له‌سه‌ر كێشه‌كه‌ ده‌درێت، ئه‌گه‌ر نا ده‌ركردنی فیڵمێك له‌لایه‌ن كه‌سانێك یاخود كۆمپانیایه‌كی وڵاتێكی كراوه‌‌و فره‌ كه‌لچه‌ری وه‌ك ئه‌مریكادا چ په‌یوه‌ندی به‌ باڵیۆز‌و پاسه‌وانانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌م وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌؟!! بۆچی ده‌بێ‌ ئه‌وان به‌ ژیان باجی كارێك بده‌ن كه‌ دوور‌و نزیك په‌یوه‌ندی به‌ خودی ئه‌وانه‌وه‌ نه‌بووه‌؟، ئه‌م شێوازه‌ی كاردانه‌وه‌یه‌ رووداوی كوشتنی نووسه‌ری ناوداری میسری (فه‌ره‌ج فۆده‌)مان بیرده‌خاته‌وه‌، وه‌ختێ‌ له‌ ساڵی 1992 له‌سه‌ر تێڕوانین‌و بۆچونه‌ كراوه‌كانی خۆی له‌ نێو كتێبه‌كانیدا به‌ده‌ستی توندڕه‌وێكی سه‌ر به‌رێكخراوێكی جیهادییه‌وه‌ كوژرا، له‌م رووداوه‌دا كۆمیدیاكه‌ لێره‌وه‌ بوو كاتێك كه‌ دادوه‌ر له‌ بكوژه‌كه‌ ده‌پرسێت بۆچی ئه‌م نووسه‌ره‌ت كوشت؟بكوژه‌كه‌ له‌وه‌ڵامدا وتبووی چونكه‌ كافر بوو، پاشان دادوه‌ر پرسیویه‌تی له‌كام له‌ كتێبه‌كانیدا بۆت ده‌ركه‌وت فه‌ره‌ج فۆده‌ كافره‌؟ بكوژه‌كه‌ له‌وه‌ڵامدا وتبووی من خوێنده‌وار نیم!!!

لێره‌دا له‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوی له‌م شێوه‌یه‌ نزیكده‌بینه‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ‌ به‌وردی هه‌ڵسه‌نگاندن‌و خوێندنه‌وه‌ بۆ دیارده‌‌و تێڕوانینه‌ ئایینییه‌ دیاریكراوه‌كان بكه‌ین، ده‌بێ‌ ژیرانه‌تر مه‌ترسییه‌كانی سوكایه‌تیكردن یاخود هاتنه‌ئارای پشێوی ئایینی، له‌به‌رچاوبگیرێن.

له‌راستیدا هه‌ڵه‌ی ئه‌و كاردانه‌وانه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌ده‌ركردنی فیلمێكی ساده‌ مێژووی ته‌واوی خۆرئاوا ده‌خرێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌!!! واته‌ زۆر به‌ئاسانی ئه‌و چاكه‌یه‌ی خۆرئاوا به‌ مرۆڤایه‌تی به‌خشیوه‌ به‌ته‌نها رووداوێكی بچووك له‌بیرده‌كرێ‌، دیاره‌ كه‌ خۆرئاوا به‌هه‌موو ئه‌و كه‌موكورییانه‌یشی كه‌ هه‌یه‌تی‌و هه‌یبووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی نائیسلامیش بێت به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان‌و له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێكی جیاوازدا خزمه‌تی به‌ ئایینی ئیسلامیش گه‌یاندووه‌ جا به‌ ویستی خۆی بووبێت یان دوور له‌ ئیراده‌ی خۆیه‌وه‌، ئه‌م هه‌قیقه‌ته‌ مایه‌ی نكۆڵیی لێكردن نییه‌، هه‌روه‌ك چۆن نابێ‌ نكۆڵی له‌و راستییه‌ش بكرێ‌ كه‌ ئایینی ئیسلام زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ به‌ ته‌نها فیلمێك بكه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ئه‌م راستییه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ئینتیما‌و بیروباوه‌ڕه‌وه‌ نییه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و واقیعه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌دان ساڵه‌ ئایینێك ره‌گی داكوتاوه‌، نزیكه‌ی یه‌ك ملیار‌و پێنج سه‌د ملیۆن كه‌س له‌ دانیشتوانی گۆی زه‌وی په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، له‌م رووداوه‌دا بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ ده‌ركردنی ته‌نها فیلمێك خه‌ڵكانێك راسته‌وخۆ‌و له‌ غیابی لێبورده‌ییدا، بێئاگایانه‌ ده‌بن به‌ سه‌ربازی قاعیده‌‌و رێك وه‌ك ئه‌م رێكخراوه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌!!! ده‌شێ‌ خاڵی جه‌وهه‌ریی له‌ هه‌ڵه‌ی كاردانه‌وه‌كاندا ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ بێت كه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كه‌دا هاتۆته‌پێشه‌وه‌.

 

Previous
Next