Skip to Content

Monday, May 20th, 2024
گرووپی کەرکوك و گۆڕینی چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی

گرووپی کەرکوك و گۆڕینی چەمکی ناسنامەی نەتەوەیی

Closed

 

 

 

فرە کەلتووری، فرە نەتەوەیی، فرە زمانی، لەو رەگەزانەن کە رۆڵێکی گرنگیان لە پێگەیاندنی ئەدیبانی “گرووپی کەرکوك”دا بینی. لەناو ئەو گرووپەدا کورد هەبوو؛ یوسف حەیدەری، زوهدی داوودی، محێدین زەنگەنە، سەڵاح فایق… کلدۆ ئاشوور؛ سەرگۆن پۆڵس، جان دەمۆ، قەشە یوسف سەعید… عەرەب؛ فازڵ عەزاوی، جەلیل قەیسی، ئەنوەر غەسانی، موئەیەد راوی… تورکمان؛ قەحتان هورمزی… بەڵام ئەم جۆرە دابەشکردنە لەسەر بنەمای نەتەوەیی، بۆ کەسانێك لە شارێکی کۆزمۆپۆلیتیی وەکو کەرکوك دا پەروەردە بووبن، کارێکی هێندە ئاسان نی یە. گەر پێستی هەر کامێك لەو گرووپە هەڵدەیتەوە چەندین نەتەوەو رەگەزو کەلتووری جۆراوجۆر ئەدۆزیتەوە. بۆ نموونە، جەلیل قەیسی؛ باوکی عەرەب و دایکی کوردو ژنەکەی ئەرمەنی بوو و لە گەڕەکێکی تورکمان دا ئەژیان. جەلیل هەموو زمانەکانی کەرکوکی ئەزانی. موئەیەد راوی؛ باوکی عەرەب و دایکی ئاشووری بوو و ژنەکەی کوردە. هەموو زمانەکانی کەرکوك بە نووسین و خوێندنەوەو ئاخاوتن بەپاراوی ئەزانێ، لەبەر ئەوەی لە قوتابخانە کوردی یەکانی دەوروبەری کەرکوك مامۆستا بووە. ئەنوەر غەسانی؛ دایکی عەرەب و باوکی بەرەگەز تورك بووە، ئەویش بەهەمان شێوە هەموو زمانەکانی ئەزانی. لە ئیمەیلێکدا بۆی نووسیم:”ئەکرێ ناسنامەی نەتەوەیی خۆم بە عەرەب و کوردو تورکمان و شتی دیش بناسێنم”. ئەنوەر گەلێ شیعری بۆ کورد نووسیوە؛ شێخ مەحمود و شەقڵاوەو… فازڵ عەزاوی؛ عەرەبی و تورکمانی.. ئەدیبە کوردەکانی ناو گرووپەکەش، بەهەمان شێوە، هەموو زمانەکانیان ئەزانی.

 ئەوەی جێی پرسیار بوو لەلام و هەمیشە بیرم لێ ئەکردەوە ئەوە بوو، ئاخۆ ئەدیبانی گرووپی کەرکوك، رۆژانە کە بەیەك ئەگەیشتن، زمانی ئاخاوتنیان چی بوو؟. ئەم پرسیارەم لە زوهدی داوودی کرد، وتی: بە هەموو زمانێك ئەدواین. لە عەرەبی یەوە ئەمانگۆڕی یە کوردی، ئنجا ئەمانکرد بە تورکمانی، بێ ئەوەی بەخۆمان بزانین. بێگومان، لە دوا سەردانما بۆ ئەڵمانیا، ئەمەم بەچاوی خۆم بینی، کاتێ نوورەدین ساڵحی و زوهدی داوودی، کە هەردووکیان کوردن، بە تورکمانی ئەدوان، کە بابەتێکی دی هاتە پێشەوە، کردیان بە کوردی، پاشان کردیانەوە بە تورکمانی. کاتێ لەگەڵ فازڵ عەزاوی دا یەکیان گرتەوە چاکو چۆنییان بە تورکمانی کرد، پاشان کە باسی ئەدەبیات هاتە پێشەوە کردیان بە عەرەبی. .. 

جگە لەم زمانانە،  بەهۆی نزیك بوونیان لە کۆمپانیای نەوتەوە، هەموو خۆیان فێری زمانی ئینگلیزی کرد، کە رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە گەشە پێدانی ئەدەبەکەیان و ئەو نوێخوازی یەی لەشیعرو چیرۆك و شانۆی عێراقی دا هێنایانە ئاراوە. هەندێکیان راستەوخۆ لەو کۆمپانیایەدا کاریان ئەکردو لەگەڵ ئینگلیزەکان تێکەڵ بوون؛ جەلیل و ئەنوەر. هەندێکیشیان کەسوکاریان لەو کۆمپانیایەدا کاریان ئەکرد؛ برایەکی سەرگۆن و باوکی موئەیەدو کەسوکاری جان. سەرگۆن بەو رۆمانانەی “کتێبی گیرفان” Pocket Book خۆی فێری ئینگلیزی کرد کە کرێکارە ئینگلیزەکانی کۆمپانیای نەوت پاش خوێندنەوەیان فڕێیان ئەدان، ئەنوەر پۆڵسی برای سەرگۆنیش ئەیهێنانەوە ماڵ. سەرگۆن و هاوڕێکانی، وەك ئاشکرایە، بەهۆی خوێندنەوەی ئەدەبی جیهانی بە زمانی ئینگلیزی و، بەهۆی کاریگەرییان بە “گرووپی بیتنیکس”، یان نەوەی بیت Beat Generation؛ ئاڵن گینسبێرگ و جاك کێرواك و لۆرەنس فرلەنگێتی و ئەوان ، توانییان لە شەستەکان دا رووی ئەدەبی عێراقی بگۆڕن لە کلاسیکەوە بۆ مۆدێرن. جۆرێکی نوێیان لە پەخشانە شیعر داهێنا جیاواز بوو لەوەی گۆڤاری” شعر”ی ئەدۆنیس و یوسف ئەلخال و ئونسی ئەلحاج و ئەوان… گرووپی کەرکوك لەڕاستی دا چەمکی ناسنامەی نەتەوەییان گۆڕی و چەمکێکی نوێ و ئەفسووناوییان داهێنا کە ئاڵتەرنەتیڤی ئەو چەمکە کۆنە نی یە، بەڵکو چەمکێکی ئینسانی یە. فازڵ عەزاوی لە کتێبی “الروح الحیة – جیل الستینات في العراق”دا خاڵێکی دیمان بۆ روون ئەکاتەوە لەبارەی ئەو بیروباوەڕە ئینسانی یەی گرووپی کەرکوكی تیادا گۆش کرا، ئەڵێ: “لەبەر ئەوەی لە مناڵییەوە بە گیانی برایەتی پەروەردە بووین و فێر کراین تەنیا باوەڕ بە تاکی مرۆڤ بهێنین بێ گوێدانە پاشینەی نەتەوەیی یان ئایینی یاخود چینایەتی کە پێمان وابوو ئەو رەگەزانە تەنیا ڕێکەتن و هیچ ناگەیەنن، وای بۆ ئەچووین کە حیزبی بەعس حیزبی عەرەبە، پارتی حیزبی کوردانە، تۆرانی حیزبی تورکمانە، ئێمەش ئەمەمان بەهیچ جۆرێك بۆ قەبووڵ نەئەکرا، بەڵام حیزبی شیوعی بە بۆچوونی ئێمە تەمسیلی یەکێتی عێراقی ئەکرد؛ جیاوازی نی یە لەنێوان موسڵمان و کرستیان، یان عەرەب و کوردو تورکمان لەلایەك، لەلایەکی دیش لەسەر ئاستی عەرەبی و جیهانی دا جیاوازی نی یە لەنێوان گەلێك و گەلێکی دی و نەتەوەیەك و نەتەوەیەکی دیدا”، بۆیە پەیوەندییان بە حیزبی شیوعی عێراقی یەوە کرد.                            

ئازاد ئەحمەد – بەریتانیا

 

 

لە چەپەوە: فازڵ عەزاوی، زوهدی داوودی، نووسەر، بەرلین 18/12/2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.