Skip to Content

Monday, July 15th, 2024
لە شەهیدی ڕووناکییەوە بۆ شەهیدی تاریکی

لە شەهیدی ڕووناکییەوە بۆ شەهیدی تاریکی

Closed

 

 

دیمەنی فەرمانبەرێکی کارەبای قەڵادزێ بە لاشەیەکی بێگیانی سەر دارتەلێکی کارەباوە، ئینسان نوقمی تاریکە سەلاتێک دەکات وەک ئەوەی قەت ڕووناکیت نەبینیبێت. لە لایەن بەڕێوەبەری کارەبای قەڵادزێوە، ئەم قوربانییەی ناسەلامەتی شوێنی کار، وەک “شەهیدی ڕووناکی” ناودەنرێت. ناونیشانێک کە خودی قوربانی لە هەڵبژاردنیدا بە هیچ شێوەیەک بەشدار نییە. رووداوەکە بە پێێ سەرچاوە هەواڵییەکانی ڕۆژنامەی ڕووداو:” ئێواره‌ى دوێنێ یه‌كێك له‌فه‌رمانبه‌ره‌كانمان (حه‌سه‌ن محه‌ممه‌د عومه‌ر) له‌كاتى كاركردنیدا له‌گه‌ڕه‌گى ئاشتى شارۆچكه‌ى قه‌ڵادزێ ته‌زووى كاره‌با لێیدا و له‌سه‌ر عه‌مودى كاره‌با كه‌وته‌خواره‌وه‌‌ و گیانى له‌ده‌ستدا.”  لە درێژەی لێدووانەکانی بەڕێوەبەری کارەبای قەڵادزێدا:” ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌له‌سه‌ره‌تاى كاره‌كه‌یدا بووه ‌‌كه‌به‌سه‌ر عه‌موده‌كه‌كه‌وتووه و‌ویستویه‌تى خۆى ببه‌ستێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ناو ته‌له‌كاندا كاره‌با گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌‌ و كاره‌با لێداوه‌”، بە پێێ قسەکانی  بەڕێوەبەر:”حه‌سه‌ن پابه‌ندى سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كانى سه‌لامه‌تى بووه‌، (به‌دله‌و پێلاو و ده‌سته‌وانە)ی تایبه‌ت به‌كاره‌كەی بەکارهێناوە.” 

من هەرچەند لەم هەواڵە ورددەبمەوە، لەگەڵ قورسیی تراژیدیاکەدا، هەستدەکەم ئەوەی چارەنووسی حەسەن موحەمەد عومەر و مەرگی ئەو دەبووایە چی پێبووتینایە، بە نادیاری بە جێدەهێڵرێت. ئەوەیشی ئەم مەرگە لە ناو تاریکاییەکی گەورەدا نوقمدەکات، هەڵبژاردنی ناونیشانی :’شەهیدی ڕووناکی”ییە بۆ قوربانییەکی دیکەی ناسەلامەتی شوێنی کار لە کوردستاندا. 

 

سەرنجێک لە چەمکی شەهادەت

شەهید لە مانا دینییەکەیدا کە بزووتنەوە ناسیونالیستییەکانی عێڕاق و کوردستان و جیهانی عەرەب بە چەپ و ڕاستدا لەم و لەوێ دەنێن، بە کەسێک دەوترێت کە لە پێناو مەبەستێکدا دەچێتە پای مەرگ. هەڵبژاردنێکی بە ئاگاهانە لە پێناو ئەو ئامانجەدا کە کەسی شەهید هەڵیدەبژێرێت. جا ئەو هەڵبژاردنە غەزای کافرانە یاخود شەرەکانی ڕزگارکردنی نیشتیمانە. بۆ قوربانییەکانی رژێمی بەعس لە کوردستاندا، ئێمە شایەدی پلەو پایەی جۆراوجۆری چەمکی شەهادەتین کە دەربڕینەکانی لە چەشنی شەهیدی سەنگەر و ناسەنگەر، گێڕەرەوەی میژووەکەیەتی. بەڵام بۆچی هەڵبژاردنی کارێک کە ئینسان ئارەزوومەندانە هەڵیدەبژێرێت دەبێت وەک چوونە ناو بەرەکانی شەرەوە تەماشا بکرێت؟  بۆ دەبێ کرێکارانی رێگاوبان پێشمەرگە بن؟ شەهیدی ڕووناکی لە مەرگی کارمەندێکی کارەبادا، دەیەوێت چیمان پێبڵێت، ئایا لە هەڵبژاردنی شەهیدی کار و پێشمەرگەی ڕێگاوباندا ئێمە ڕووبەڕووی بەلاغەتێکی زمانەوانیانەی رووتین وەک ڕیزلێنانێکی سادە لەم گرووپانە، یاخود دەکرێ جیهانبینییەکی دیکە لە پشت ئەم دەربڕینە سادە و بێ خەتایانەوە بێت. ئەمە ئەو پرسیارانەن کە من لەم وتارەدا بەشوێنییانەوەم . 

حەماسە و زمانی کوردی

زمانی حەماسە لە کوردستان و عێراقدا هەمیشە زمانی شەر بووە.  چ بەعس و چ بزووتنەوە ناسیونالیستییەکانی کوردستان لە بەرهەمهێنانەوەی ئەم زمانەدا، کەمییان نەکردووە. ئاخاوتنی  حەماسەدارانە هەمیشە لۆژیک و عەقڵانییەتی تیادا بیهێزە. هێندەی ئەم زمانە لەگەڵ هەستەکاندا ئاخاوتندەکات، هێندە لەگەڵ عەقڵدا سەروکاری نییە. بۆیەش لە ڕوونکردنەوەی دیاردەو ڕووداوەکاندا، لە دەوری بابەت دەسوڕێتەوە و خۆی لە قەرەی نادات. ئەم زمانە لەسەردەستی گووتاری مانەوەی ناسیونالیزمی کورددا، سەرتاپای کۆمەلگا بارگاوی دەکات. گووتاری مانەوە هەمیشە هەلومەرجێکی لەشەردا ئامادەی پێویستە. 

ئەگەر لەم گۆشە نیگایەوە سەرنجی “شەهیدی رووناکی” کارەساتی گیانلەدەستدانی حەسەن موحەمەد عومەر بدەین، هەستدەکرێت ئەم پیاوە نێردراوەتە جەنگێکی گەورەوە کە تیایدا هێنانەوەی کارەبا مەبەستی سەرەکی بردنەوەی ئەم جەنگەیە. بەڵام کاتێک تاریکی زەفەر دێنێت، ئەو شەهیددەبێت و دەکرێتە شەهیدی ڕووناکی. تەماشاکردنی کارو بازاڕی کار لە گۆشەنیگای گووتاری مانەوەی بزووتنەوە ناسیونالیستییەکانەوە، فەرهەنگێکی زمانەوانیمان دەداتە دەست کە خاڵییە لەو چەمک و دەستەواژانەی پەیوەندی بە کار و چۆنێتی ڕێکخستنی ئەم چالاکییە گرنگەی ژیانەوەیە.  ئەویش  هەر لەبەر ئەو ڕاستییە سادە حاشاهەڵنەگرەی کە گووتاری مانەوە هێندەی لەسەر مانەوە لەبەرانبەر هەڕەشەیەکدا کار دەکات کە نەتەوە دووچاری بووەتەوە، کاری بەسەر خودی ژیانەوەوە نییە. جا ئەوەی ئەندامانی ئەم نەتەوەیە نانییان نییە، لە بێکارییاندا ڕوولەکوێ دەکەن،  هەلومەرجی کارەکانی ئەندامانی ئەم نەتەوەیە چۆنە، سەعاتکار لە چ ئاستێکدایە، سەلامەتی ژینگەی کار دەبێ چۆن بێت، وەک دراوێکی ئەزەلی و ئەبەدی بە ئایندەی رزگارکردنی نەتەوە سپێردراوە. بەڵام لە ژێر زەبرەکانی گووتاری مانەوەشدا، ئەو کاتانەی فشار و هەڕەشەکانی سەر نەتەوەی کورد لەو پەڕی تووند و تیژی خۆیدایەتی، کار و مەشغەڵەکانی ئینسانی کورد، بە هەمان ئەندازەی نەهامەتە سیاسییەکانەوە، لە شوێنی خۆیدایەتی. 

بەوەی گوتاری مانەوە کار لەسەر مانەوە دەکات کە گوایە مان لەژێر پرسیاردایە، هیچ وشەیەک لەسەر ژیان نادرکێنێ.  من هیچ کاتێک ئەو بەیانییەی سآڵی ١٩٨٠م بیرناچێتەوە کە تەقەی دەستڕێژی نێوان پێشمەرگە و لەشکری بەعس لە دەوروبەری شاری سلێمانیدا لە خەومان هەڵدەستێنێ، پاش چەند دەقیقەیەکی کەم باوکم دەرگای حەوشەی ماڵ دەکاتەوە و دەیەوێت بچێت بۆ سەر کار. کاتێک من بە چاوێکی پڕ لە پرسیارەوە لێیدەپرسم:’ باوە گیان بەم تەقەیە بۆ کوێ” ئەو لە وەڵامدا دەڵێ:” مەگەر دەتانەوێت ئێوارە نان نەخۆن”.  من کە لە وەڵامەکانی باوکم تێنەدەگەیشتم، قوڕگ پڕلە گریان، باوەشێکی پیادا دەکەم و خواحافیزی لێدەکەم. 

گوتاری مانەوە، مانەوە دەکاتە سەنتەری تێرامان و ژیان و هەر هەموو تۆڕە گرنگەکانی دەوری ژیان لە کار و خۆشەویستی و بێکاری دەکاتە دەرەوەی تێرامان و تێفکرین. بۆیەش زمانێکمان پێشکەشدەکات کە لە بەرانبەر هەموو چالاکییەکانی ناو ژیان و دەوری ژیاندا، خاوەنی دوو دێڕ نییە. لە زەمەنی دووبارە گێڕاندنەوەی ژیان بۆ ناو سیاسەت لە سەرەتای ڕاپەڕیندا، کاتێک بزووتنەوەی شورایی بە داخوازییەکانی ٣٥ سەعات کار و کرێ و بێمەی بێکاری دێتە سەر شانۆی سیاسەت، گوێچکەکانی کۆمەڵگای کوردیش کە بە زمانە گەورەکەی گووتاری مانەوە گۆشکراوە، سەختییەکی گەورە نیشاندەدات تا گوێی لە وتارێکی دیکە بێت کە لەناو ژیانەوە دەنگهەڵدەبڕێت. تەنانەت هەندێ لە نووسەرانی بزووتنەوەی پارێزەرانی گووتاری مانەوە هێندە دووردەڕۆن کە هۆکاری شکستی ڕاپەڕین دەگێرنەوە بۆ بەرزکردنەوەی شیعاری ٣٥ سەعات کار. 

بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە لای دووبارەگێرانەوەی چیرۆکی گیانلەدەستدانی حەسەن محەمەد عومەر کە نازناوی شەهیدی ڕووناکی پێدەبەخشرێت، هەستدەکرێت، گیانلەدەستدانی ئەم پیاوە لە جەرگەی جەنگێکدا بووە بۆ گێڕانەوەی ڕووناکی بۆ شارێکی تاریک. ئەو دەچێتە شەڕی ڕووناکی و لەم شەرەدا تاریکی زەفەری پێ دێنێت و شەهید دەبێت. ئەم چیرۆکە قاندراوە بەو چەمک و دەستەواژانەی گووتاری مانەوە لەسەری کاردەکات. شەر و دوژمنێکی دەرەکی کە تاریکییە، شەهیدبوون و قارەمانسازییەکی بێوێنە ئەگەرچی شەهید لە جەنگەکەیشدا دەدۆڕێت. بەڵام ئەوەی ئەم شەهیدی ڕووناکییە لە تاریکییەکی گەورەوە  دەئاڵێنێ، گێرانەوەی ئەم چیرۆکەیە بە چەمک و دەستەواژەکانی جەنگێکی هەمیشەییەوە. ئیتر تاوانبار کێێە کە تەقە لە شەهیدەکەمان دەکات، وەڵام حازربەدست لەبەردەستدایە. تاریکی. ئیتر ئەوەی کە :” ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌له‌سه‌ره‌تاى كاره‌كه‌یدا بووه ‌‌كه‌به‌سه‌ر عه‌موده‌كه‌كه‌وتووه و‌ویستویه‌تى خۆى ببه‌ستێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ناو ته‌له‌كاندا كاره‌با گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌‌و كاره‌با لێداوه‌” دەبێتە ڕستەیەکی بێ گیان و وەک پاساوێکی دەرەجە دوو، دوژمن دەکاتەوە بە دوژمنێکی دەرەکی. ئاخر ئەوەتانێ شەهیدەکەمان لەم جەنگەدا، تڕوتفاقی خۆی پێ بووە و لە نووکی پێوە تا تا تەوقی سەر چەکدار بووە بە “به‌دله‌و پێلاو و ده‌سته‌وانە”وە. بەوەی رزگارکردنی شار لە دێوی تاریکی چوارچێوەی کارتیاکردنی گوتاری مانەوەیە، هێشتا دوژمن لەسەر سەری کورد لانەچووە و ئەمجارەیان شەڕی کورد لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوەدا بۆ کرێکاران و فەرمانبەرانی کارەبا، رزگارکردنی میللەتە لە تاریکی و چوونە جەنگی تاریکییەوە، کەوایە گیان لە دەستدانیش لە جەنگێکی وادا ئینسان دەگەێنێتە پلەکانی شەهادەت لە پێناوی نیشتیماندا. ئیتر ئەوەی کە لە تاریکستانی ئیدارە و هونەری بەڕێوەبردندا چی بە کرێکار و کارمەندانی ئەم دامەزراوەیە دێت، پرسیاری کاکی بەڕێوەبەر نییە. تەنانەت بۆ کاکی ڕۆژنامەنووسیش کە هەواڵێکی وا دەگوێزێتەوە جێی پرسیار نییە کە چۆن کرێکار و کارمەندانی کارەبا دەخرێنە سەر عەموود تا کار بکەن بەڵام کەسێک ئاگای لەوە نییە کە ئەو هێلانەی کاری لەسەر دەکرێت دەبێ تەزووی پیادا تێنەپەڕێت تا کارکرن بەسەلامەتی ئەنجام بدرێت. کاتێک بەڕیوەبەری کارەبا ئاگای لەوە نییە کە بە عەموودەکانی شارەوە رۆژانە چەندەها کرێکار و کارمەندی کارەبا  هەڵدەگەڕین و کاردەکەن، ئیتر ئەوە بەپرسیارێتی ئەو و کەسانی دەوری ئەوە کە کارەبا بەو هێلانەدا نەڕوات. ئەوسا هەستدەکرێت بەڕاستی جەنگێک لە ئارادا نییەو شەهیدەکەمان لە شەهیدی ڕووناکییەوە دەکرێ ببێتە شەهیدی تاریکەسەلاتی نەزانینی ئیدارەکردن. کاتێک تەم و تاریکییەکانی دەووری شەر و شەهید و تاریکی و رووناکی دادەماڵرێن، هەستدەکرێت ئیمە هەم تاوانبارێکمان لەبەردەستدایە و هەم هیچ جەنگێکیش لە ئارادا نییە. ئەوسا هەستدەکرێت کاک موحەمەد نە شەهیدە، بەڵکو قوربانییەکی زۆر سادەیی نا سەلامەتییە لەسەر کار. 

بێگوومان دەکرێ بەشێکی زۆر لە خەلکی کوردستان لە بەکارهێنانی زمانی حەماسەدارانەی گووتاری مانەوەدا، بێئاگاهانە لە بەرهەمهێنانەوەیدا شەریک بن. بەڵام ئەوەمان لە بیر نەچێت کە ئەم گووتارە مەغزای سیاسی خۆی لە پشتەوەیە و بۆ دەسەڵاتی سیاسی گەورەترین کۆمەککەرە بۆ درێژەدان بە باڵادەستی گووتاری سیاسی خۆ.  ئاخر گۆڕینی سەرتاپای جومگەکانی ناو ژیانی ڕۆژانەی ئینسان بۆ جەنگێکی هەمیشەیی، وامان لێدەکات کە ژیان بە خۆشی و ناخۆشیەکانییەوە نە گەڕێتەوە ناو سیاسەت و لە داڕشتنی کولتورێکی زمانەوانی دیکەدا کە پەیوەندی بە دۆخێکی ناجەنگییەوە هەیە، بە زمانی جەنگ و دوژمنی هەمیشەییەوە ڕووداوەکان باس بکرێن. دۆخێک کە لە کەیسی گاینلەدەستدانی حەسەن موحەمەد عومەردا بە ئاشکرا دەرکەوتەکانی دیارە. 

بەکر ئەحمەد

20120915

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.