
به‌سه‌ر باڵی سیمورغه‌وه
هێمن خورشید
من له گه‌رمیاندا له دایكبووم، تا ته‌مه‌نی بیست ساڵانیش، جگه له دوو جار، كه هیچیان هه‌شت ڕۆژیان تێنه‌په‌ڕاندووه، له‌و ده‌ڤه‌ره ده‌رنه‌چووم. كه‌چی نازانم بۆ هه‌میشه حه‌زم له كه‌شوهه‌وای به‌فراوی و سه‌رما و تۆفه؟!
زۆر ئاشنای گه‌رمیانیم هه‌ن، له سه‌رما بێزارن، گه‌رچی گه‌رمای هاوینی گه‌رمیانیش تاقه‌تپڕووكێنه، وه‌لـێ هێشتاش گه‌رمیانی هه‌ر گه‌رمیانییه، زیاتر له‌گه‌ڵا گه‌رمادا ئاشنایه‌تی هه‌س تا باوبۆران. لـێ نزانم ئه‌من چه‌وا گه‌رمیانیم و ڕقی دنیام له گه‌رمایه؟ گه‌رمیانیم و له‌ناو به‌فردا غه‌رقم بم، ئاهێكم له ده‌مۆ نایه؟!
من و ئه‌و هاوڕێ پزیشكه‌م، یه‌كه‌م مانگی ساڵا له پێنجوێن پێكه‌وه بووین، كاتی زۆر خۆشمان به ده‌مه‌ته‌قێ و ته‌ماشاكردنی فیلم و فێربوونی زمانه‌وه به‌سه‌ر برد، بۆ مانگی دواتر ئه‌و ڕۆیشت و من له هه‌مان شوێن مامه‌وه، شه‌وێكیان زه‌نگی بۆ لێدام و دوای سڵاو و هه‌واڵپرسین كه‌وتینه سه‌ر یادكردنه‌وه‌ی مانگی پێشوو، كه چه‌ند خۆشمان به‌سه‌ر برد و له‌و جۆره باس و خواسانه. له‌پڕ وتی: ئه‌ی تۆ بۆ نایه‌ی بۆلای من, من تا ساڵێكی تر لێره ده‌مێنمه‌وه، وتم: له كوێ؟ وتی: بالیسان!
ڕاستتان بوێت، تا ئه‌و ساته‌ش ته‌نها له‌ڕێگه‌ی میدیاوه ناوی ئه‌و شوێنه‌م بیستبوو، ئاگادار بووم به‌ر كیمیاباران كه‌وتووه, هه‌ر ئه‌وه‌نده و ئیتر ته‌واو. له‌و دۆسته‌م پرسی: شاخ و باخ و به‌فر و شینایی تێدایه؟ وتی: به‌ڵـێ، دڵنیام به دڵت ده‌بێ. وتم: ده‌ی وه‌ڵا گه‌ر بكرێت، بۆچی نایه‌م!
ئه‌م قسانه سه‌ره‌تای ڕۆیشتنم بوو بۆ بالیسان، كه دوایی بوو به وێنه‌یه‌كی وا له خه‌یاڵمدا، كه تا ده‌مرم نه‌سڕێته‌وه، ئاخر ژیان له‌و ناوچه‌یه ده‌رگایه‌ك بوو بۆ ناسینی ده‌ڤه‌رێكی نوێ كه ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌بوایه تا هه‌تایه بۆم نه‌ده‌لوا ده ڕۆژ تیایدا بمێنمه‌وه، خۆ ڕه‌نگه هه‌ر نه‌شمدیبا، هه‌روه‌ها بووه هۆكاری ناسینی ڕووخسارگه‌لێكی نوێ، شاره‌زابوون له شێوه قسه‌كردنێكی جودا له‌وه‌ی له‌وه‌وبه‌ر ده‌مزانی و شاره‌زای بووم .
له ژیانمدا، جگێ یاسام بۆ خۆم داناوه و پێڕه‌وییان لێده‌كه‌م, یه‌ك له‌وانه: (قه‌ت له شتی نوێ مه‌ترسه، هه‌ر هه‌نگاوێك له ژیاندا هه‌ڵیده‌گریت، ئه‌وه‌ی دوای خۆیت پێده‌ڵێت)، ئه‌وه‌ی تێبینیم كردووه، زۆر كه‌س له گه‌شتكردن، شتی تازه‌كڕین_به‌تایبه‌ت گرانبه‌ها وه‌كو خانوو و ماشێن_، ژنهێنان و شووكردن ده‌ترسن، وه‌ختێكیش كه لێی ده‌پرسی: بۆ ده‌ترسی؟ ده‌ڵـێ: ” بڕیاردان وا ئاسان نییه، من چوزانم دوای ئه‌وه چی ڕووده‌دات!”، ڕاستت گه‌ره‌كه، ئه‌م جۆره له بیركردنه‌وه، كۆت ده‌خاته ملی مرۆڤ، وای لێده‌كات هه‌تا ماوه هه‌ر ئه‌وه بێ كه هه‌بووه و بستێ نه‌چێته پێشه‌وه .
بڕیارمدا بڕۆم بۆ ناحیه‌ی بالیسان، دواجاریش چووم، پێویست ناكا سه‌ری خوێنه‌ر به‌و ورده‌كارییانه‌وه بئێشێنم .
نیوه‌ڕۆی 5/4/2009 پێم خسته سه‌ر خاكی بالیسان. مرۆڤ كه بۆ یه‌كه‌مجار ده‌چێته شوێنێ, هه‌ستێكی غه‌ریبی سه‌راپا وجودی داده‌گرێ, من بۆ یه‌ك ساتیش هه‌ستم به نامۆیی نه‌كرد, هه‌ركه له‌و جێیه دابه‌زیم بۆنێكم به‌سه‌ردا هات ناخمی بزواند، ئێستاش دوای نزیكه‌ی سێ ساڵا و له كاتی نووسینی ئه‌م دێڕانه‌دا، هه‌مان بۆن هاته‌وه به‌سه‌رما .
بیرم نایه قه‌ت له‌وه‌وپێش به‌هاری وام له ژیانمدا بینیبێت، هه‌ر یه‌كێك له ئێمه له مێشكی‌دا له منداڵییه‌وه وێنه‌یه‌كمان بۆ به‌هه‌شت كێشاوه، وێنه‌كه‌ی خه‌یاڵی منداڵیی من له‌و دیمه‌نه‌وه نزیكبوو كه یه‌كه‌م ڕۆژی ته‌مه‌نم له بالیسان چاوم پێكه‌وت.
بالیسان وه‌ك به ناوه‌كه‌یدا دیاره دۆڵه، كه‌مێكیش ته‌ریك و چۆڵه. جارجار هه‌ستێك مرۆڤی ئه‌و شوێنه داده‌گرێت، جودایه له هه‌ستی غه‌ریبی، شتێكی تره. وا هه‌ستده‌كه‌یت ده‌نگت ناگات به هیچ كوێی ئه‌م دونیا به‌رینه، یان وه‌ك بڵێی له جێگه‌یه‌كی زۆر دووری زه‌ویدا ده‌ژێیت و كه‌س ئاگای لێت نییه، نازانم من بۆ خۆم هه‌ستێكی وا زۆرجار هێرشی بۆ دێنام، تا هه‌نووكه‌ش باوه‌ڕ ناكه‌م له‌وه‌وه بێت كه خه‌ڵكی ئه‌وێنده‌ر نه‌بووبێتم، وای بۆ ده‌چم خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ئه‌و دۆڵه‌ش جارجار هه‌ستێكی له‌و جۆره سه‌ریان لێبدات.
زۆری پێنه‌چوو له‌و ناوچه‌یه، ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵا زۆر كه‌سدا په‌یدا كرد. من له مه‌ڵبه‌نده ته‌ندرووستییه‌كه‌ی ئه‌وێ (شه‌هید شێخ سلێمان) ده‌وامم ده‌كرد، هه‌ر له‌ناو مه‌ڵبه‌نده‌كه‌شدا خانوویه‌كی گچكه هه‌بوو، پانزه ڕۆژی ده‌وامی خۆم، ماڵی من بوو، ئه‌ودوای مانگه‌كه‌ش یان ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ گه‌رمیان، یاخود ده‌چوومه ناو یه‌كێك له‌و شوقانه‌ی به ته‌نیشت مه‌ڵبه‌نده‌كه‌وه بوو، له‌وێش سوكه ماڵێكم بوو.
ڕه‌نگه وه‌همێك بێت بۆ خۆمم دروستكردبێت، به‌ڵام هه‌ستمنه‌كرد كه‌س له‌وێ ڕقی لێم بێت، به پێچه‌وانه‌وه وام ده‌بینی خۆشه‌ویستی هه‌مووان بم، له‌وه‌شدا ته‌ماشای دڵی خۆمم ده‌كرد، ساڵا و نیوێك له‌وێ بووم، سه‌رباری غه‌ریبی و دووریم له زێدی خۆمه‌وه، كه نزیكه‌ی پێنج كاتژمێر ڕێگا بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ی تاقه كچه‌كه‌مان (بارین) به مانگ نه‌ده‌بینی، چونكه له گه‌رمیان لای دایكم جێمانهێشتبوو، هێشتا ئاماده بووم ساڵا و نیوێكی تریش له‌وێ بم، نه له كه‌ش و هه‌وای ده‌ڤه‌ره‌كه و نه له خه‌ڵكه‌كه وه‌ڕس ده‌بووم، نه‌ك وه‌ڕس نه‌بووبووم، به‌ڵكو تا ده‌هات زیاترم خۆشده‌ویستن .
دابڕان ناخۆشترین ساتی ژیانه، هه‌میشه بیرده‌كه‌مه‌وه له‌وه‌ی چه‌ند سه‌خته له ساتێك‌دا هه‌رچی دۆست و ئاشنات هه‌یه جێبهێڵیت و جارێكی تر نه‌یانبینیته‌وه، یان تا مردن یه‌ك دوو جارێك به میوانی بیانبینیت، وه‌لـێ دوایه‌ش به خۆم ده‌ڵێم: ده‌ی بۆ ژیان جگه له دابڕان مانایه‌كی تری هه‌یه؟!
من ناتوانم هه‌فته‌یه‌ك له شوێنێكدا بژیم و له‌گه‌ڵا ده‌ورووبه‌ردا تێكه‌ڵا نه‌بم، زۆریش سه‌رم له‌و كه‌سانه سوڕده‌مێنێ كه نه‌ك هه‌فته‌یه‌ك، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ساڵێكیش له جێگه‌یه‌كدا بژێن، جگه له سڵاوكردنێكی ڕۆتینی، قسه له‌گه‌ڵا كه‌سدا ناكه‌ن، ئه‌وانه چتۆ مرۆڤێكن؟
خه‌ڵكی خۆمان پزیشك یان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن (دوكتۆر) به كائینێكی جودا ده‌زانن، چاوه‌ڕێ ناكه‌ن وه‌ك ئه‌وان بێت، ته‌نانه‌ت خاوه‌ن پیشه‌كانی تریش وه‌ك مامۆستایان و ئه‌ندازیاران و. . . هتد، پزیشك به گه‌وره ده‌بینن، گرفته‌كه له تێڕوانینی خه‌ڵكیدا نییه، كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌م ڕوانینه وایكردووه خودی پزیشكه‌كانیش بڕوا بكه‌ن كه ئه‌وان شتێكی ترن، بۆیه هه‌میشه دووره‌په‌رێزن و كه‌م تێكه‌ڵی خه‌ڵكی ده‌بن، من بازم به‌سه‌ر ئه‌م قۆناغه‌دا دا‌وه و جێمهێشتووه، نامه‌وێت بڕوا به قسه‌ی خه‌ڵك بكه‌م، خۆم خۆم باش ده‌ناسم، بنیاده‌مێكم وه‌ك ئه‌و دوای خه‌ڵكی. ئه‌گه‌رچی ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنه‌ی من سه‌ره‌تا لای خه‌ڵك نامۆیه، وه‌لـــێ زۆر نابات له‌گه‌ڵیدا ڕادێن، له بالیسانیش هه‌روا بوو، زۆری نه‌برد له ته‌ك هه‌موو كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه، كارگوزار و پاسه‌وان‌و پۆلیسه‌كانیشدا بووین به دۆست، دۆستی نزیك .
ئێستا دوای ساڵا و نیوێك له دابڕانی نێوانمان، هه‌میشه ئه‌وان لوتف ده‌رهه‌ق به من ده‌نوێنن و زۆر جار زه‌نگم بۆ لێده‌ده‌ن، منیش به ده‌ستخۆم نییه (بالیسان) به شوێنی دووه‌مم ده‌زانم، گه‌رچی بێگومانم له‌وه‌ی ناتوام جارێكی دی بگه‌ڕێمه‌وه و له‌وێدا بژیم، وه‌لـێ هه‌ر به شوێنی خۆمی ده‌زانم، هه‌ركه هه‌واڵێك ده‌رباره‌ی دۆڵی بالیسان و خۆشناوه‌تی ببیستم، ڕاده‌په‌ڕم و سه‌راپا ده‌بم به گوێ، خۆشناوه‌تیم خۆشده‌وێت، خۆشه‌ویستییه‌كی جودا له‌ناوچه‌كانی دی .
منێك كه ته‌مه‌نم له سه‌رووی سی ساڵییه‌وه‌یه و له گه‌رمیاندا له دایكبووم، تا ئێستا ناوی گونده‌كانی گه‌رمیانم به باشی له‌به‌ر نییه و زۆریانیشم هه‌ر نه‌دیون، كه‌چی دێ به دێی خۆشناوه‌تی گه‌ڕاوم، وێنه‌م تێدا گرتوون و هه‌میشه‌ش له خه‌یاڵمدان، له شكارته‌وه ده‌رده‌چی بۆ بالیسان، ڕێیه‌ك به‌لای ده‌سته ڕاستدا به‌ره‌و ناو شاخه‌كان ده‌ڕوا ئه‌و دێیانه‌م گشت بینیوه له (دواوه)ه‌وه بۆ (بێكێل)، بۆ (بێتواته) تا ده‌گات به (هه‌رته‌ل) و (زێوه) و (هه‌رمك). . . له (شیره‌ی خواروو) و (شیره‌ی سه‌روو)ه‌وه بۆ خۆران و به‌و به‌ریشدا (چیوه‌ی خواروو) و (چیوه‌ی سه‌روو)، له مێرگه‌سه‌ره‌وه تا (ده‌راش) هه‌تا (تووتمه) و (بالووكاوا) و (بێرۆ) و (خه‌تێ) تا (ئه‌شكه‌فته) و (هه‌رووته كۆن)… له پشتی بالیسانه‌وه (كانی به‌رد) بگره تا (شێخ وه‌سان). له‌لای ده‌سته‌چه‌پیشه‌وه دێیه‌ك هه‌بوو دێی (مام باپیر)ی شاعیر بوو، به ناوی (گوندی بێراوا).
ئه‌و گوندانه‌ی ناوم هێنان، سه‌ری هه‌موویانم دا‌وه و وێنه‌م تیایاندا گرتووه و هه‌نار و هه‌نجیر و ترێی زۆرێكیشیانم خواردووه .
زۆر قه‌رزاری میرگه‌سه‌ر و ئه‌و دۆستانه‌ی ئه‌وێنده‌رێم، خۆران زۆریان لوتف ده‌رهه‌ق نواندووم، چای چیوه‌م زۆر نۆش كردووه، هه‌نجیر و هه‌ناری شیره‌م زۆر خواردووه .
دۆڵی بالیسان شوێنێكی زۆر دڵگیره، ساڵا و نیوێك له‌وێ ژیام ئه‌وه‌ی كه‌م به‌رچاوم ده‌كه‌وت شه‌ڕكردن بوو، وه‌ختێكیش شه‌ڕێك ڕوویدابا، جنێودانم زۆر نه‌ده‌بیست، گه‌رچی پێشتر وام بیستبوو، خه‌ڵكی (خۆشناو) كه دانیشتوانی وێنده‌رێن زۆر تووڕه‌ن و زوو هه‌ڵده‌چن، كه‌چی ئه‌وه‌ی به چاو دیتم، ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ی ساده و دڵپاك بوون، تا ئێستاش ئاكاری گوندیان تێدا ماوه، زوو باوه‌ڕ به شتان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵا غه‌ریبه‌ش زۆر باشن. وه‌ختێ كه ده‌ڵێم (بالیسان) مه‌به‌ستم گشت ناوچه‌كه‌یه، نه‌ك ته‌نها ئه‌و جێیه‌ی لێی بووم .
بالیسان به شاخی گه‌وره و زه‌لام چوار ده‌ور دراوه، له ئه‌فسانه كۆنه‌كانی هه‌ندێ وڵاتی وه‌ك (چین)دا هاتووه كه شاخ جێگه‌ی خواوه‌نده‌كانه، ته‌نانه‌ت یه‌كه‌م ئیمپراتۆری چین به‌ناوی (ینگ ژینگ) كه دواتر ناوی خۆی گۆڕی بۆ (شی هوانگ دی) گه‌شتی تایبه‌تی بۆ شاخه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌كرد و ژیانی خۆی له‌سه‌ر گابه‌ردی زه‌لام ده‌نووسییه‌وه، تا به نه‌مری بمێنێته‌وه، ئه‌و نه‌یده‌زانی مانه‌وه‌ی ناو به نووسینی سه‌ر به‌رد نییه، مێژوو بۆ خۆی دڵێكی هه‌س كه‌سه چاكه‌كان به نه‌مری له خۆیدا حه‌شار ده‌داتن، بالیسان شاخی به هه‌یبه‌ت ده‌وریان دابوو، ڕۆژانی هه‌وروهه‌ڵا دیمه‌نێكی فره دڵڕفێن دروستده‌بوو، وه‌ختێ هه‌وره‌كان داده‌به‌زینه نێوان خه‌ره‌نده‌كانه‌وه، بنیاده‌میان به ته‌واوی مه‌ست و حه‌یران ده‌كرد، من له‌وێ له مانای (ته‌می سه‌رخه‌ره‌ند) گه‌یشتم .
ڕۆژانی به‌فر بارینیش، كه به داخه‌وه ئه‌و ساڵه‌ی من له‌وێ بووم كه‌مێك باری، تا بڵێی شاعیرانه بوو، نازانم بۆ له كاتی به‌فر باریندا مرۆڤ حه‌ز به فڕین ده‌كات؟
به‌هاری بالیسان وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێدا، ڕێك له به‌هه‌شت ده‌چوو، هه‌ڵبه‌ت به‌هه‌شتێك كه له خه‌یاڵدانی مندا له مناڵییه‌وه حازره. له بالیسان كۆمه‌ڵـێ مامۆستا‌م ناسی، هه‌ندێكیان له هه‌ولێره‌وه و هه‌ندێكیشیان له كۆیه‌وه هاتبوون و جگێكیشیان دانیشتووی ناو بالیسان بوون، دۆستایه‌تییه‌كی وامان له نێواندا په‌یدابوو نه‌ك ئێستا، له‌و بڕوایه‌دام تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له ژیاندا بین به‌رده‌وام ده‌بێت .
دوانزده شوقه بۆ پزیشكان و كارمه‌ندانی مه‌لبه‌نده‌كه دروستكرابوون، زۆرێك له‌و كارمه‌نده ته‌ندروستییانه‌ی له‌وێ بوون له شوێنه‌كانی تره‌وه هاتبوون، هه‌ندێكیشیان هه‌ر خه‌ڵكی بالیسان خۆی بوون، ئه‌و ساڵا و نیوه‌ی له‌وێ بووم، له‌گه‌ڵا یه‌كتردا به‌ڕاده‌یه‌ك بووبووین به دۆست، ئیستاش هه‌روه‌خت یه‌كێكیانم بیرده‌كه‌وێته‌وه، ته‌زوویه‌ك به له‌شمدا دێت و چاوم به فرمێسك ته‌ڕ ده‌بێت، من ئێستاش و تا مردنیش قه‌ت قه‌ت ئه‌وانم بیرناچی، به خزمێكی زۆر زۆر نزیكیان ده‌زانم، بۆ كه‌س هه‌یه بتوانێت حاشا له كه‌سوكاری خۆی بكات؟!
ئێستاش كه به‌فر ده‌بارێت یه‌كێك له‌و دۆستانه‌ی ئه‌وێم ڕاست ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌كات، ئاخر ئه‌و ده‌یزانی چه‌نده عاشقی به‌فر بارینم .
بۆیه ناوی كه‌س ناهێنم، نه‌وه‌ك یه‌كێكم له بیر چێ و ئه‌وانی دی دڵیان زوویر بێ، ده‌نا هه‌موویان هه‌میشه میوانی خه‌یاڵا و دڵمن .
له‌ناو خودی بالیساندا و له‌و دێیانه‌ی ده‌وروبه‌ریشدا چه‌ند خوێندكارێكم ناسی، هه‌یانبوو له ئاماده‌یی بوون و هی واشیان هه‌بوو له زانكۆ ده‌یانخوێند و به میوانی ده‌گه‌ڕانه‌وه ناو دێكه، هێنده یه‌كترمان خۆشده‌ویست باس ناكرێت.
من ده‌مارێكی مه‌لاییشم تێدایه، له هه‌ر كوێ بم له‌گه‌ڵا مامۆستایانی ئاینییدا په‌یوه‌ندییه‌ك دروست ده‌كه‌م، له بالیسان مامۆستای زێده ئازیزم براده‌ر بوون، هه‌ندێجاریش به‌تایبه‌تی به‌ره‌و چیوه ده‌كه‌وتمه ڕێ بۆ ده‌مه‌ته‌قێی زانستیی كن مه‌لایان .
له چه‌ند مه‌ولووددا به‌شدار بووم، ده‌نگی ده‌ف و زایه‌ڵه‌ی (مه‌ولایه سه‌ڵی) په‌ڕه‌ی دڵیان وا بڕیوم، وا له ناخمدا جێگیر بوون، هه‌تا مردن بیرم ناچن.
كتێبخانه‌یه‌كی گچكه له بالیساندا هه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ی دڵم پێی خۆش بوو نه‌بێته‌وه، ئه‌و پیاوه‌ی به‌ڕیوه‌ی ده‌برد هه‌م عاشقی كتێب بوو و هه‌م كۆكردنه‌وه‌ی مێژوو و به‌سه‌رهاتی ده‌ڤه‌ره‌كه. خوایه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بالیسان چه‌ند به‌سۆز و میهره‌بان بوون .
تا له‌وێ بووم ماشینێكم هه‌بوو، ڕۆژێ باش بوو دوو ڕۆژ خراپ، ئه‌و وه‌ستایه‌ی له مێرگه‌سه‌ر زوو زوو ئیشم ده‌كه‌وته لای، هه‌ر ته‌نها وه‌ستایه‌ك نه‌بوو، برایه‌ك بوو . .
باجێكانی نه‌خۆشخانه‌م قه‌ت بیرناچن، چه‌نده (بارین)یان خۆشده‌ویست…
خۆزگه ده‌متوانی گشت مانگێ جارێ ده‌چووم بۆ بالیسان، به‌ناو دێ‌دا هه‌ڵده‌گه‌ڕام به‌ره‌و سه‌رێ، له‌وێشه‌وه غلۆر ده‌بوومه‌وه بۆ خوار به‌ره‌و شێخ وه‌سان . . .
خۆزگه ده‌متوانی گشت مانگێ ته‌نها ساتێ له‌ناو دیوه به‌ره‌و لای گۆڕستانه‌كه به لۆژه‌لۆژ ده‌كه‌وتمه ڕێ، سه‌رمای زستان له رزی وه‌گیانم ده‌خست، بۆنی گولینكی به‌هار مه‌ست و حه‌یرانی ده‌كردم، له گه‌ڵاوه‌رینی پاییزانه‌ی دره‌خته‌كانم وردده‌بوومه‌وه، تیشكی خۆری هاوینان جه‌سته‌می خاو ده‌كرده‌وه .
خۆزگه ده‌متوانی هه‌موو مانگێ به‌یانیانێ، نیوه‌ڕوانێ، مه‌غریبانێ، سه‌رێكی مزگه‌وته‌كه‌م ده‌دا و دوو ڕكات نوێژم تێیدا ده‌كرد .
خودایه ته‌مه‌ن چه‌ند كورته ، هه‌ر دوێنێ بوو من له بالیسان دابه‌زیم، كه‌چی ئه‌وا بوو به سێ ساڵا!
• نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته هه‌ژده مانگ له ناحیه‌ی بالیسانی ده‌ڤه‌ری خۆشناوه‌تی، پزیشك بووه. ئه‌مه به‌شێكه له‌و ورده خه‌یاڵانه‌ی جارجار سه‌ر له مرۆڤ ده‌ده‌ن و ناچاریده‌كه‌ن یادداشتیان بكات.
• ئیمه‌یلی نووسه‌ر: Hemnxurshid79@gmail.com