Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024

بەیاننامەى ناڕەزایى دژى تیرۆركردنى بێگەردى رۆژنامەنووس

Closed
by April 22, 2008 ژنان

  بەڕێزان:
 • سەرۆكى هەرێمى كوردستان
 • سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان
 • سەرۆكى حكوومەتى هەرێمى كوردستان
 • وەزارەتى ناوخۆ
 • وەزارەتى داد
 • وەزارەتى مافى مرۆڤ
 • وەزارەتى هەرێم بۆ كاروبارى ژنان
 • سەندیكاى رۆژنامەنووسانى كوردستان
 • سەندیكاى رۆژنامەنووسانى جیهان
 • بەڕێوەبەرایەتى بەدواداچوونى توندوو تیژى دژ بەژنان
 • سەرجەم رێكخراوەكانى ژنان و ئافرەتان
 • سەرجەم كەناڵەكانى راگەیاندن
 • سەرجەم رێكخراوە مرۆڤ دۆستە ناوخۆیى ونێودەوڵەتییەكان
 
 شەوى 18\19ى نیسانى 2008 بێگەرد حسێن ژنە رۆژنامەنووس لە هەفتەنامەى گوڵان بەدەستى هاوسەرى پێشووى لە ماڵى خۆى لە گەڕەكى ئارى شارى هەولێر دواى چوار جار هەڵكوتانەسەرى و هەڕەشەى كوشتن و دەستدرێژى كردنە سەرى و لێدانى بەچەقۆ ، پاش مانگێك لەتۆماركردنى سكاڵا دژى هاوسەرى پێشویى (محەمەد مستەفا حەمەدەمین ) لە لاى پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتى بەدواداچوونى تووندوتیژى دژ بە ئافرەتان بەشێوەیەكى دڕندانەو نامرۆییانە تیرۆركرا. لە كاتێكدا كەلە 18\1\2008 بەرەسمى بێگەرد لەهاوسەرەكەى جیابۆتەوە و ماڵ و تەنیا كچەكەشى لێسەندووەو نەیهێشتووە بیبینىَ تا 18\2\2008 ، كە بەرامبەر بە بڕى 600 دۆلار كچەكەى فرۆشتۆتەوە دایكى و پاش ئەمەش وازى لێنەهێناوەو هەڕەشەى لیكردووە گەر نەگەڕێتەوە لاى دەیكوژێت و چوار جار بە مەبەستى كوشتن هەڵى كوتاوەتە سەرى لە ماڵەكەى و هەمووجارەكانیش بێگەرد پۆلیسى لەم هەڕەشەو تووندوتیژیانە ئاگاداركردۆتەوە ، چەند جارێك بۆ خۆ شاردنەوە ماڵى گواستۆتەوە تا جارى چوارەم لەگەڕەكى عەردى مەلایان لە رۆژى 15\3\2008  چۆتە ماڵى و دواى دەستدرێژیكردنە سەرى ، دووچەقۆى لێداوەو راستەوخۆ بێگەرد پۆلیسى لەمە ئاگادار كردۆتەوەو كێشەكەى بردۆتە بەردەم دادوەرو، دادوەر رەوانەى بەڕێوەبەرایەتى بەدواداچوونى دژ بە ئافرەتانى كردووە تا فەرمانى دەستگیركردنى بكوژ دەربكەن ، بەڵام وەك ئەوەى بكوژ ساحر بێت نەتوانراوە دەستگیر بكرێت و ئێستاش تا ئامادەكردنى ئەم ناڕەزایى نامەیە تاوانبار ئازادە ، لە هەمان كاتدا بكوژ  پێشینەو دۆسیەى تاوانى كوشتنى هەبووەو پۆلیسیش لەمە ئاگاداربووەو رێوشووێنى پێویست بەقەد گەورەیى ئەو مەترسییەى لە سەر ژیانى ئەم ژنە هەبووە نەگیراوەتە بەرو پۆلیس چاوەڕوانى بێگەرد بووە شوێنى تاوانباریان بۆ دەست نیشان بكات . ئەمەش گەورەترین بىَ باكییە بەرامبەر ئەو تووندوتیژیانەى دەرهەق تاكى مێینەى ئەم كۆمەڵگەیە دەكرێت . وێڕایى ئەمە راگەیاندنەكان و سكرتارییەتى ئافرەتانیش   كێشەكەى بێگەرد ئاگادار بوون و تەنانەت گۆڤارى گوڵانیش ،كە دۆسییەكى تایبەتى بە كێشە كۆمەڵایەتییەكان وژنانى هەیەو دەیان چیرۆكى كوشتن وپێشێلكارى بە مافى ئافرەتى تێدا بڵاو دەكرێتەوە ، هەڵوێستێكیان بۆ كێشەكەى ئەم ژنە رۆژنامەنووسە نەبووە ،كە كارمەندیان بووە . ئێمە لەم تاوانەدا كەمتەرخەمى پۆلیس وراگەیاندن بەرامبەر پرسى ژن و جیاكارى لە یاسادا بە هۆكار دەزانین ، بەتوندى ئەم تاوانە مەحكووم دەكەین  ، داواكارین تاوانبار بەسزایى توند وەك تیرۆرستێك بگات . چیتركوردستان نەبێتە مۆڵگەى ژنكوژان .
 گرووپى داكۆكى كردن لە مافى رۆژنامەنووسى مێینە
 20 \4\ 2008
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.