
لۆگۆس: فەلسەفەی یاسا و دادپەروەریی …1
بنەماکانی یاسا
یاسا له هه‌موو کۆمه‌لگایه‌ک و ولاتێکدا ئه‌وه‌نده له‌گه‌ڵ ژیان و بیری مرۆڤدا تێکه‌ڵ بووە کە مەحاڵە هیچ که‌سێ هه‌بێ بیر‌و بۆچوون و وێناندنێکی خۆی بۆ کۆزانی یاسا نه‌بێ. حوکمی یاسا، یه‌کسانی به‌رامبه‌ر یاسا، پاراستنی مافه‌کانمان به یاسا، سزادانی تاوانباران به یاسا، هتد ئه‌مانه چه‌ند زاراوه‌یه‌کن که رۆژانه له ئاخاوتندا دووباره ده‌بنه‌وه. له ولاتانی خاوه‌ن حوکمی دیمۆکراتی چه‌سپاودا یاسا له هه‌موو کون و که‌لێنێکی ژیاندا ئاماده‌یه. یاساییبوون و قبوڵکردنی یاسا شتێکه که نه‌ک هه‌ر جێی ناره‌زایی نییه به‌لکو مه‌رج و بنه‌مایه‌کی خواستراوی کۆمه‌ڵگای شاریی دیمۆکراتییه. خه‌ڵک پێوه‌ندی و ته‌نانه‌ت ماف و ئازادیی و پیرۆزییه‌کانیان له یاسادا ده‌بیننه‌وه. بۆیه ته‌نانه‌ت له کۆمه‌لگای حیزبیی بنەماڵەیی بەربەریی بێ داد و یاسای ئێمه‌شدا هاواری خه‌لک بۆ پیاده‌کردن و سه‌لماندنی یاسا ده‌بیسترێ. هه‌ر مرۆڤێک تۆزێ ورد بیر بکاته‌وه و بیه‌وێ هۆکاره‌کانی ئه‌و گرنگییه‌ی یاسا ده‌ستنیشان بکات، ره‌نگه به بێ ئه‌وه‌ی هیچ کتێبێک له سه‌ر یاسا بخوێنێته‌وه، بگاته ئه‌م ئه‌نجامه گرنگانه:
1. یاسا مانای رێکخستن و ئیداره‌ی کۆمه‌ڵ و ژیانی هاو-وڵاتانه. به بێ یاسا ئاژاوه‌و بێسه‌روبه‌ریی دروست ده‌بێ و ئه‌سته‌مه کاری ئیدارەی حکومه‌ت و خه‌لک به رێک‌وپێکی به‌رێوه بچێ.
2. یاسا مانای ئه‌وه‌یه هیچ هاو-ولاتێک هه‌قی ناخورێ چونکه یاسا هه‌یه که ده‌توانێ په‌نای بۆ به‌رێ تا هه‌قی خۆی وه‌رگرێته‌وه.
3. یاسا ماف و ئازادییه‌کانی هاولاتییان وه‌کو یه‌ک ده‌پارێزێ و ده‌رفه‌تی یه‌کسانیان بۆ دابین ده‌کات و هه‌موو وه‌ک یه‌ک بەرپرسیارن بەرامبەر یاسا له که‌تن و ده‌ستدرێژی و تاواندا.
4. یاسا سه‌لامه‌تی هاولاتی و ئاسایشی کۆمه‌ڵ و ولات ده‌پارێزێ.
5. یاسا مانای به‌رپرسیارێتی و هه‌ستکردنی تاکه بەرامبه‌ر کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ل به‌رامبه‌ر تاک. مانای وایه که چۆن مافمان هه‌یه ئه‌رکیشمان بەرامبه‌ر یه‌کتر و کۆمه‌ل و چاکه‌ی گشتیی له‌سه‌ره.
له‌م چه‌ند بیرانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌رک و ده‌وری یاسا سێ بنه‌مای سه‌ره‌کی ئاشکرا ده‌بن که یاسا له سه‌ریان بنیاتنراوه: 1. بنه‌مای یان پرینسیپی دادپه‌روه‌ریی 2. بنه‌ما یان پرینسیپی یه‌کسانی به‌رامبه‌ر یاسا 3. بنه‌ما یان پرینسیپی به‌رپرسیارێتیی
به‌بێ ئه‌و سێ بنه‌مایانه نه‌ک یاسا کار ناکات به‌لکو یاسا نییه. مه‌رج و پاکانه‌ی یاساییبوونی تێدا نامێنێ. به‌لام دیاره گرنگترین پرینسیپ داپه‌روه‌ری یه. وه‌ک قه‌دیس ئۆگستین وتوویه‌تی ‘یاسای نادادپه‌روه‌ر یاسا نییه.’
‘Non videtur esse lex quae justa non fuerit’: St. Augustine I, De Libero Arbitrio, 5; Aquinas, Summa Theologica, Qu. xcv, Arts. 2, 4.
له‌م سێ پرینسیپانه ده‌توانین بڵێین پرینسیپێکی تری چواره‌میش دروست ده‌که‌ن که بریتییه له ره‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌ی یان عه‌قڵی گشتی کۆمه‌ڵ له یاسادا. مرؤڤ گیاندارێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه و به ته‌نیا له کۆمه‌لدا لاواز‌و نه‌کاره. به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی هه‌ر کۆمه‌لێک له پێوه‌ندیی ساغ و هاوکاریی و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌لایه‌تی دایه. عه‌قڵی به کۆمه‌لی مرۆڤ ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌ی له ئیراده‌یه‌کی گشتیدا بۆ رێکخستنی هاوکۆکیی پێوه‌ندییه‌کان ده‌نوێنێ، ئه‌م ئیراده گشتییه‌ش سه‌ره‌تا خۆی له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا ده‌رده‌بڕێ که ده‌ستووره ئه‌وسا له‌و یاسایانه‌وه که په‌رله‌مان وه‌ک نوێنه‌ری خه‌لك له جیاتی خه‌لک و به هێزی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان ده‌ریان ده‌کا.
فه‌لسه‌فه‌ی یاسا
فه‌لسه‌فه له دوو وشه‌ی[ فیلۆ] به مانای حه‌ز یان خۆشه‌ویستی و [سۆفیا] به مانای حیکمه‌ت، ژیریی، زانین پێکهاتووه. مانای وشه‌که حه‌زبوونه له گه‌ڕان به دوای زانیندا: وه‌ک دۆزینه‌وه، فێربوون، پەندلێوەرگرتن، قووڵبوونه‌وه و ئه‌وسا زانین ده‌رباره‌ی زانین. واته له فه‌لسه‌فه‌دا چه‌ندێتیی زانین خۆی له خۆیدا گرنگ نییه به‌لكو چؤنێتییه‌که‌ی گرنگه: چۆن ئه‌وه ده‌زانین که ده‌یزانین، چۆن ده‌زانین که ئه‌وه‌ی ده‌یزانین زانینه ده‌رباره‌ی شتێک، یان زانینیكی راسته، یان مانای هه‌یه، یان ماناکانی دروستن، یا ئامانجی هه‌یه و ئامانجه‌کان دروست و مۆرالین. چۆن ده‌توانین له رێگای ئه‌و مانایانه‌وه له خۆمان و له گه‌ردوون و له‌مه‌به‌ستی بوون و نه‌بوونمان بگه‌ین؟ له کێشه‌ی فه‌لسه‌فه‌دا دوو بیربه‌ند [ئیشکال] دروست ده‌بێ:
1. ئێمه ته‌نیا له رێگای وشه‌وه ده‌توانین باسی شته‌کان بکه‌ین یان زانین به‌رهه‌م بێنین
2. ته‌نیا له ڕێگای وشه‌شه‌وه ده‌توانین له‌و زانینه بکۆلینه‌وه که به‌رهه‌م هاتووه. واتە راستیی وشە تەنیا بە وشەو راستیی زانین تەنیا بە زانینی زیاتر ساغ دەکرێتەوە، بۆیە پرۆسەی فەلسەفە کۆتایی کراوەی هەیەو بنبەست نییە، بێ سنوورە، بێ کۆتایی یە.
ئه‌گه‌ر فه‌لسه‌فه به دیسیپلینێک دانێین که له سه‌رووی دیسیپلینه‌کانی زانگه‌ریی تره‌وه‌یه، به‌و مانایه‌ی که ده‌خوازێ لێیان بکۆڵێته‌وه و مانا‌و مه‌به‌سته‌کان و چییه‌تییه‌کانیان بزانێ، ئه‌وا دیسان فه‌لسه‌فه ته‌نیا له رێگه‌ی چۆنێتی به‌کارهێنانی وشه‌وه ده‌رباره‌ی وشه‌کانی تری زانینداری دیسیپلینه‌کانی تر، ده‌توانێ سنووره‌کانی کایه‌ی زانگه‌ریی (ئیپستیمۆلۆجی) خۆی جیا بکاته‌وه‌و لۆجیکی هێزی لێکۆلینه‌وه‌ی خۆی دابمه‌زرێنێ. ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌بێ که ئاخاوتنی تایبه‌تی خۆی له رێگای بنسازکردنی (ستراکتووریکردنی) بڕگه‌کانی زانگه‌ری تایبه‌تیکراوی خۆی، به‌رهه‌م بێنێ. ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌بێ زۆر له‌و وشانه‌ی فه‌لسه‌فه به کاریان دێنێ جیا بن و تایبه‌ت به خۆی بن. جیاکردنه‌وه‌شیان هه‌ر له رێگای وه‌سفکردن یان روونکردنه‌وه‌ی ماناکانیان یان مه‌به‌سته‌کانیان، وه‌ک خۆی یان به فروانکراوی یان ته‌سککراوه‌یی، به وشه‌ی تر ئه‌نجام ده‌درێ. واته جیاکردنه‌وه‌ی وشه‌یه‌ک و تایبه‌تییکردنی ته‌نیا به به‌کارهێنانی له رسته‌دا ده‌بێ، به پێناسه‌کردنی به وشه‌ی تر. لێره‌وه پرسی پێناسه‌کردن شوێنێکی سه‌ره‌تایی گرنگی له دیسیپلنی فه‌لسه‌فه‌دا داگیرکردووه. پێناسەکردن پرینسیپی سەرەتایی فەلسەفەیەو بە بێ ئەوەی هێچ ئاخاوتن و گوتارێکی فەلسەفی دروست چێ نابێ.
فه‌لسه‌فه وه‌ک وتمان خولیاکەی گه‌ڕانه به دوای زانیندا یان چییه‌تی و حه‌قیقه‌تی شته‌کان و مانا ئه‌بستراکت و مۆرالییه‌کانیان بۆ ژیانی مرۆڤ و ئه‌ودیوی ژیانی مرۆڤ. ئامرازی ئه‌و خولیا‌و پشکنینه بێسنوورو بێکۆتاییه‌ش عه‌قڵه. که‌واته فه‌لسه‌فه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه عه‌قڵ وه‌ک ئامرازی بیرکردنه‌وه‌و شیکردنه‌وه و یه‌کلاکردنه‌وه، تا ئه‌و ئاسته‌ی بۆی بکرێ، وه‌ک شێوازێکی تایبه‌تی کاری خۆی، ده‌ناسێنێ. بۆیە ئه‌گه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی عه‌قڵیی ئامرازی بیرکردنه‌وه بێت، وشه‌کان ئامرازی ده‌ربرینی ئه‌و بیرانه‌ن. . وشه‌کان ده‌بی ئه‌و مانایه بده‌ن که مه‌به‌سته. بۆ ئه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه بتوانی گه‌شه بکات نابێ وشه‌کان لای هه‌ر نووسه‌رێکی دواتر مانایه‌کی جیاواز بده‌ن به ده‌سته‌وه. بۆیە ئەوەی وەک گرنگترین دامێنی دروستکردنی فەلسەفە دەرکەوت دامەزراندنی کۆزانە سەرەکییەکانی فەلسەفە بوو لە فەلسەفەی یۆنانییدا. کێشەی هەرەگەورەش کە بەرەو رووی فەلسەفەناسە گەورەکانی ئیسلام وەککیندی و فارابی و ئیبن سینا بۆوە بەکارهێنان و هەلبژاردنی ئەو وشەو کۆزانانەی لە زمانی عەرەبی یان فارسی‌دا دەتوانی بە تەواوەتی ناوەرۆک و جەوهەری کۆزانە یۆنانییەکان بگوێزێتەوە .
دیاره ئه‌م بۆچوونه دروسته تا ئه‌و ئاسته‌ی جه‌خت له سه‌ر بوونی مانای روون و دیار بۆ وشه‌کان له ئاخاوتنی فه‌لسه‌فیدا ده‌کەین. به‌لام لێکدانه‌وه‌ی جیاوازی وشه‌و کۆزانه‌کان لای هه‌ر نووسه‌رێکی دواتر، شتێکه ناتوانرێ سنووری بۆ دابنرێ. راستییه‌که‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی فه‌لسه‌فه به هۆی ئه‌و هه‌راو ناکۆکیی و جه‌ده‌لانه‌وه دروستبووه که له سه‌ر مانای وشه یان راستتر پێناسه‌کان و کۆزانه‌کان له هه‌موو قۆناغیکی پێشکه‌وتنی مێژوویی‌دا هه‌بوون. زۆربەی سیستمی فەلسەفیی فەیلەسەفە گەورەکان وەک زەردەشت، ئەفلاتون، ئەرستۆ، کانت، هیگل، هایدیگەر،دێریدا هتد بەهۆی دامەزراندنی فەرهەنگی زمانی فەلسەفی تایبەتی خۆیانەوە دروست بوون بەلام ئەمە مانای وا نییە کە لە پرسە سەرەکییەکاندا زمان و زاراوەی هاوبەشیان نەبێ یان دابڕانێکی تەواو گەورە هەبێ.
بەلام دیارە هەر لە سەرەتای لە دایکبوونی فەلسەفەوە کۆمه‌ڵه زاراوه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیی وه‌ک دیسیپلینێکی عه‌قڵانی دروستبوون و پێناسه‌یان بۆ کراوه‌و بوونه به‌شێک له ستراکتووری زمانه‌وانی فه‌لسه‌فه. زاراوه‌کانی وه‌ک بوون، مادده، سروشت، جه‌وهه‌ر، فۆرم، ناوەڕۆک، دیاردە، رۆح، ماددە، هۆ، دیاله‌کتیک، لۆجیک،هتد به‌شیکی بنچینه‌یین له دامه‌زراوه‌ی بیری فه‌لسه‌فی. بۆیه کاتێک باسی فه‌لسه‌فه‌ی یاسا ده‌که‌ین ده‌بێ ئاگاداری ئه‌و سنووره عه‌قلییانه بین که پیناسه‌کانی فه‌لسه‌فه‌و پێناسه‌کانی کۆزانی یاسایی کۆ یان جیاده‌کاته‌وه. میکانیزمی پێناسه‌کانی فه‌لسه‌فه لۆجیکن. که ئه‌ویش له سه‌ر بنچینه‌ی دیاله‌کتیکی [تێگه‌یشتن و شیکردنه‌وه‌ی جیاوازی و ناکۆکی ناوه‌وه‌یی و دەرەوەیی] ماناکان دامه‌زراوه، به ئامانجی گه‌یشتن به کۆزانی گشتی و ستانداردیی ده‌رباره‌ی ئه‌و پرس و پێناسانه‌ی به‌تایبه‌تی له رووی مۆرالییه‌وه بۆ ژیانی مرۆڤایه‌تی گرنگن. دیارە یاسا‌و عەقڵ و فەلسەفە هەر لە سەرەتاوە پێوەندییەکی نزیکیان هەبووە، ئەم پێوەندییە لە وشەو کۆزانی [لۆگۆس] دا ، کە بابەتی ئەم ئاخاوتنە دەبێ، بە قووڵیی و فروانی جێی بۆتەوە.
راستیی، ده‌گه‌رێمه‌وه بۆ ئه‌و بیربه‌ندییه زمانه‌وانییه‌ی له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م بۆ کرد. گه‌ر بمانه‌وێ یاسا وه‌ک دیسیپلینێکی زانیاریی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنین ده‌بێ ئاخاوتنی یاسایی بتوانێ زمان و زاراوه‌و ستراکتووری زانگه‌ریی تایبه‌ت و جیاکه‌ره‌وه‌ی خۆی دابمه‌زرێنێ. ره‌نگه فه‌لسه‌فه‌ی یاسا له‌مه‌دا یاریده‌ده‌ر بێ. بۆ نموونه له زمانی ئاسایی رۆژانه‌دا ده‌شێ گله‌یی له برایه‌ک یان براده‌رێک بکه‌ی که که‌مته‌رخه‌مه. ‘که‌مته‌رخه‌میی’ مانای باوی دیاری هه‌یه. به‌لام گه‌ر وه‌ک کۆزانێک بۆ ناساندنی که‌تنێکی یاسایی وه‌ک ‘که‌مته‌رخه‌میی’ دکتۆرێک به‌رامبه‌ر نه‌خۆشێک، یان دایه‌نێک به‌رامبه‌ر به مناڵێک، یان مامۆستایەک بەرامبەر خوێندکارێک، یان وەزیرو وەزارەتێک لە ئەرک و کارەکانی بەرامبەر خەلک، هتد به‌کاری بێننین پێویستیمان به دیاریکردنی مانایه‌کی ستانداردیی وردتر و گشتی هه‌یه، مانایەک کە ناوەرۆکی یاسایی بگرێتەوە. چۆن پێناسەیەکی ستاندارد بۆ کەمتەرخەمیی دەکەین کە ئەم هەموو رەوشانە کۆ بکاتەوە؟ “شیکاری فه‌لسه‌فی کۆزانێک، له کاتێکدا به‌کار‌هێنانه ئاساییه‌که‌ی فرامۆش ناکات، که ده‌کرێ خاڵیکی گرنگی ده‌ستپێکردن بێت، به ته‌نگ ئه‌وه‌وه‌یه بۆ نموونه وه‌لامی ئه‌وه بداته‌وه: چ شتێک هه‌یه ده‌رباره‌ی هه‌موو که‌یسه‌کانی (که‌مته‌رخه‌می) که وایان لێده‌کا له ژێر یه‌ک کۆزان کۆیان بکاته‌وه‌و لێره‌وه هه‌مان وشه بۆ هه‌موویان به‌کار بێنێ؟ ئامانجه‌که به کورتی ته‌نیا تێگه‌یشتنی وشه‌کان نییه به‌لکو تێگه‌یشتنی ئه‌و پراکتیسانه‌شه که ئه‌م وشانه‌یان تێدا به‌کاردێ یان به‌هۆی ئه‌وانه‌وه پلانیان بۆ کێشراوه.”[ ل 3. به‌کارهێنانی وشه و کۆزان به شێوه‌یه‌کی دروست له ئاخاوتن و دۆکیۆمێنتی یاساییدا به تایبه‌تی گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه، زۆر جار به‌لایه‌کدا که‌وتنی كێشه‌یه‌کی گرنگی ژیان و مه‌رگ یان مافی جه‌وهه‌ری گرۆیه‌ک یان کۆمه‌لێک یان تەنانەت گەلێک پێوه‌ندی به دروستیی داڕشتن یان ئه‌وسا تێگه‌یشتن و ته‌فسیری کۆزان و وشه‌کان و کۆئاخن و نیازه‌کانی پشتییانه‌وه هه‌یه. ده‌وری فه‌لسه‌فه‌ی یاسا سه‌رنجدان و پشکنینی وردی کۆزانه‌کان و ماناکه‌یان و کۆئاخنه‌کانیانه زۆر جار به داڕشتنه‌وه‌ی عه‌قلانی کۆزانه‌کان یان راستکردنه‌وه‌یان یان ره‌خنه‌لێگرتنیان که ئالۆزیی و نادیاریی و تاریکییان تێدا بێ به جۆرێ که ده‌شێ مه‌ترسی له سه‌ر پرسی داد‌و ئه‌مانه‌تی یاسایی دروست بکه‌ن. به‌لام دیاره بواری فه‌لسه‌فه‌ی یاسا به‌تایبه‌تی به پێوه‌ندی به بیره‌کانی دادپه‌روه‌ریی و یه‌کسانییه‌وه زۆر له‌مه فراوانتره. پرسه گرنگه‌کانی فه‌لسه‌فه ده‌رباره‌ی چییه‌تی و چۆنێتیی بوونی هه‌ر دیارده‌یه‌کی به‌رچاوو به‌رزه‌ینی مرۆڤایه‌تی، له بواری تێگه‌یشتن و شیکردنه‌وه‌ی بنچینه‌و ده‌وری یاسا له کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا خۆیان ده‌نوێنن.